Skip to Content

Saturday, August 13th, 2022

به‌ختی شارێک …. به‌ندی عه‌لی

Closed
by July 4, 2011 هۆنراوە

 .. 2011

به‌ختی چاوڕه‌شی ئه‌م شاره‌ ، قه‌ترانی ئه‌شکی لێ ئه‌تکێ
ساڵ نیه‌ گوڵدانی دڵی ، به‌زیخی زوخاوێ نه‌شکێ

باوه‌شی پڕ سۆزی واڵای ، خه‌م و ناڵه‌ی غه‌ریبانه‌
که‌چی هه‌ر تیری ئه‌غیاره‌ ، سنگی ئه‌کات به‌نیشانه‌

کانییه‌کی سازگاری ڕوونه‌ ، بۆ هه‌موو ڕێبوارێکی ڕێ
وه‌لێ هه‌ر ده‌ستی ڕێبواره‌ ، به‌ردی به‌دکاریی تێ ئه‌گرێ
 
ئه‌وه‌نده‌ی خۆر به‌خشنده‌یه‌و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وریش خۆنه‌ویست
به‌ڵام حه‌رفێکی ئینسافی .. له‌له‌بزی ئه‌شرافێ نه‌بیست

سروه‌ی شه‌ماڵێکی نه‌رمه‌ ، روحی مناڵ ئه‌لاوێنێ
مه‌خابن هه‌ر کوڕی میره‌ ، هه‌نگی روحی ئه‌سوتێنێ

دره‌ختێکه‌ هه‌میشه‌ سه‌وز ، پڕ هێلانه‌ی میهره‌بانی
وه‌لێ هه‌ر چۆله‌که‌ی هاره‌و ئه‌یوه‌رێنێ .. گه‌ڵاکانی

به‌حوکمی قودره‌تی قادر ، ته‌بعی ئه‌م شاره‌ هه‌ر وایه‌
چاوی سووری هیچ والیه‌ک ، به‌به‌ژنی به‌رزی هه‌ڵنایه‌

ئه‌ی موسافیر ئه‌گه‌ر پێتنا به‌خاکێکاو .. زریکانی
بزانه‌ میوانی شه‌وی ، مه‌زارستانی سه‌یوانی

له‌به‌ختی چاوڕه‌شت ئه‌فسوس ، ته‌کێی عیشقی جاویدانی
ئه‌ی دڵی بیماری هه‌موو خه‌مزاده‌کان .. سلێمانی

Previous
Next