
تۆ‌و باران لە یەک ئەچن… شوان عوسمان
که دائه‌به‌زیت لەو ئاسمانە ته‌ڕم ئه‌که‌ی و
که ته‌ڕیش ئه‌بم ،
له‌و دانەبه‌زین وناچۆڕانەوەی خۆمدا ،
لە خۆم ئهبهزم و
له‌سه‌ره‌خۆ گلۆر ئه‌بمه‌وه بۆلای خۆت…
ئه‌بمه ئاو‌و به قه‌دو باڵات دائهچۆڕێم و
له بن ئەو کهوشانەی وێنەی مانگیان تێدا ئەبینم ،
من نامێنم و
خۆم نابینمەوە…
بزر ئه‌بم و وەکو کلۆیەک شەکر لە ناو ئاوی رۆحتدا ،
ئه‌توێمه‌وه …
تاوی به‌تاوی زیکری ئه‌و تاوهبارانانهت ،
تاوم ئه‌ده‌ن و
هەناسەم له قاف هەڵئهکهن و
ئه‌مخه‌نه دەمی تێنوووی تنۆکێک و
له چاوه‌کانت خڕم ئه‌که‌نه‌وه…
تا خه‌مێک له دڵتدا نه‌بارێنم ،
ده‌ست له‌ره‌حمه‌تی ئه‌و بارانهت ،
هه‌ڵناگرم..
بار ناکه‌م و به ئاسانیش دانابارم ،
من دەمێکە بە تەقەتەقی ئه‌و ئاشه ئاو لێبڕاوه ،
راهاتووم ،
هه‌رگیز چاوەڕێ مەبە ئەو ئاشە وازوو به‌تال که‌م ،
تا به ئاوی حه‌یاتت ته‌ڕ نه‌بمه‌وه‌و
جەستەی بە برێشکە بووم تەڕ نەبێتەوە…
لە شەو بەراتێکی ،
شەولەبانی ئەو مەنفایە ،
بێسەروبەرەم ،
بەراتی هه‌یاران ومهیارانی تۆم ،
لێ باری…
چ بارینێک بوو ئەو بارانە…
کە تۆش هاتی وەکو ئاوی باران باری ،
خێرت هێناو بەخێر هاتی ،
بەرەکەتی هەردوو دونیاشم بە سەر ،
داباری….
لە نێوان تاڵە مووە رەش و
تاڵە قاوەییەکانت…
حەزی قاوەیەکی تاڵ و
بۆنێکی فنجانێکی سوتاو ،
لە مێشکم ئەدا …
وەکو زەرگەتەیەکی ناوەخت ،
تارای شەوەزەنگم لەتوپەت ئەکات و
خۆر لە دەمکەلێکی پرچت ،
به پێدزهوه سه‌ر دەردێنێ…
به‌و شنە بەرەبەیانهوه مه‌ستم ئەکات ،
لێوەکانت…
که له بەرەبەیانێکی ناچاوانواڕی ،
پێکەنینێکتدا خۆر‌ت لەو ئاسمانەی خۆت ،
گزنگی لۆمن هێنا ،
به‌و خۆره‌تاوه‌وه بارانت ته‌شریف و
موژدەی ته‌ڕکردنی جەستەو
شوشتنی رۆحی منی داهێنا….
من هەر ئەوەندە ئەزانم ،
لەگەل یەک، وەکو دوو تنۆکی جۆتمانی تەریو ،
بووینە یەک دلۆپ…
بە پێچەوانەی هاوکێشەکانی جەبرو ریازیات…
کە یەک لەگەل یەک ئەبن بە دوو….
ئێمە دوومان کردەیەک…
لاولاوی تەمەنمان بەیەکەوە ئاڵان و
هەموو شتەکان بهیهکهوهلکان….
تەنانەت سێبەرەکانیش ،
هەریەکە لەگه‌ل یەکتر قەرەقەرانێی رازیان ،
ئالوگۆڕ کرد‌و
جووت بوون و
کەوتنە دەستبازی یەکترو
بە دوای تارمایی یەکتریش ،
عاشقانه لە ماچی هەموو لەتێکی بەژنی یەکتر ،
ئەگەڕان….
تۆ بە خوێنی رۆح ودڵم ،
چرای شهوهزهنگت هەڵکرد…
بەو چراخانەش دڵت ئاوی نەخواردەوە ،
شەپۆڵت دا‌و
منیشت بە هەمان تاسەو
تەزوو …
خستە بەردەم شەڕی دەریاو
تەوژممان لرفەی شه‌پۆڵه‌کانی ئەبەزاندو
یەکەیەکەیانی لەت ئەکرد…
لەو بەلەمەی گەمەی شەرو
مەلەوانی مانەوەمان..
ئەگەر هەناسەمان له سه‌ر یەک وه‌ته‌ری مۆسیقادا ،
سەمای نەکردایە ،
سەوڵیشمان بەیەک هه‌ناسه‌و
بە یەک ئاراستە ،
بە یەکتاو تاوی نەبردبایه….
بێگومان هەرگیز لەو سەفەرەمان ،
بە مەنزلێکی لەنگەر بوون ،
نەئەگەیشتین…
خەتای من نەبوو ،
لە ساتی هەلکوڵانماندا ،
پەیڤم لە ئاست ترپەترپی دڵ و
بڵقەبڵقی خوێنینم ،
گەرم وگوڕ نەبوو…
زاری پیاوەتی منێکی پیاو ،
کاول بێت کە ئه‌و رهشاوهی به گه‌روومدا ،
شۆڕ کرده‌وه…
قەدەری تاڵه ژێیەکانی گەرووم بوو ،
بە حەیرانێک رانەهاتبوون ،
کە بێ پەرواو بێشەرم و
بە ئیرادەوە بلێت ،
خۆشم ئەوێی…
ئاخر ژن و باران ،
ئەو رەحمەتە ته‌ڕو سەوزەن ،
کە لە مەزاری پیاوچاکێکی به‌خته‌وه‌رو
سەرکەسک ئەچن ،
لە سۆزی تەڕو
رەحمەتی عیشقی تەڕتر ،
وشک نابن….
بۆیە دەخیلتم …
ئەی باران…
ئەی ژن….
هاتوومەتە بەر قاپیتان ،
تا مرازم حاسل کەن و
بمبەخشن….
من کە ئێستا لە بەردەبازی ئەمڕۆکه نا ،
له‌وانه‌ی دوێنێکەمە ،
ساتمە ئەکەم و
هەلئەنگوێم…
خۆزگە ئەخوازم کات بوەستێت و
زەمەن بمگەڕێنێتەوە باوەشی ئەو ساتانەی ،
لە دەفتەری زاکیرەدا نەماون و
بەسەرچوون…..
تا دەرفەتێکی دیکە لۆ خۆم بقۆزمەوە ،
هەلێکم ببێت و
زاری رێکەوتێکم لە کیس نەچێتەوە…
من بێ‌ئاگا بووم ،
بێئاگاییش هەر ئەوە نیە سەخۆش بیت و
کاڵفام بیتەوە ،
من کاڵفام بووم له به‌رامبه‌ر مەستی ئه‌وینت ،
من هەرئەوە بووم لە زمانی بێدەنگی ،
ژن وباران بێ خەبەر بووم…
ئێستا من وباران ،
ئەوەندە بە یەکەوە چووین ،
مووێکمان بە نێواندا پیاسە ،
ناکات…
تۆش بۆ من ئەو پارچە زەویە ،
تێنووە بووی ،
بە بارانێک لە ئەوین تەڕم ئەکردی….
لە نێوان تۆ‌و ئاسمانی منیش ،
بارانێک نەبوو ،
نامەی دڵنەواییمان لە نێوان بگۆڕێتەوەو
تەڕمانکاتەوە…
ئەی باران دە وەرە ،
تا زووە بە یەکترمان تەڕکەو
گوناهەکانمان داشۆرەو
بە سەر برۆی پەڵکەزێڕینەی ،
سەرچاوی تنۆکە دڵتەڕەکانت ،
بە یەکمان بگەیەنەوە…
من بە بێ بارانی ئەوەوە ،
ناتوانم لە تۆ تێبگەم…
بە بێ تۆش نازانم ،
چۆن لە خۆم تێبگەم…
کە باران نەبوو ،
خۆشمان بە بێ باران ،
نابین و
وشک ئەبین و
ئەمرین…..
با لەو بارانەوە دەرسی رەهێل و
دابارین فێر بین…
تا یەکتر فێرکەین لەبەردەم رەهێلی یەکە ،
قژی ئەمڕۆکەمان بە بارانی یەکتر تەرکەین…
رابردوومان بروسکە باران کەین ،
تا هەورێک لە ئاسمانی سەر سەرمان ،
دابەزێ و
ئاسمان وزەویمان ،
پڕکات لە شێی شێتی و
شەیدایی بوون…
تەمومژی سەرخۆشی و
سەودا بوون بە تەراتێنیکی تەڕ بوون….
تێرتر تەڕمان کاتەوەو
دونیامان بەر شەپۆل ورەهێلی ،
ئەو بارانە سەرشێتە کات…
کە هیچ چەترێک ناتوانێت ،
رێ لەو دابارین و
گریانی ئەو هەوری عیشقە بگرێت ،
جێ لەو تێک ئاڵانەی ماچ و
لستنەوەی خوناوێکی سەر لێو ،
بگرێت….
١٤-١-٢٠١١
هۆلەندە دێلفت