ڕێگایی سێ یه‌م …. گه‌یلان عبدالله
ئه‌و كوڕه بیست و سێ ساڵه، شه‌رابی پێسته، موو زه‌رده، عه‌ینه‌ك له چاوه‌ی (به بینینی، سیمای مرۆڤ سامی یوسفی بیر ده‌كه‌ویته‌وه) پێشنیاری هاوسه‌ر گیری پێ دام. به‌ڵام وه‌ك خۆی گوتی له گه‌ڵ چه‌ندین ژن‌دا خه‌وتوه و چوبێته هه‌ر شارێكه‌وه یه‌كه‌مین شتی كه ئاشنایی بووه، ده‌رگایی مه‌لهاكان بوون.
دوو جار خه‌ریك بوو ده‌به ئاوه‌كه‌ی ده‌ستم، بكێشم به سه‌ریدا ( ئاخر ئه‌و قسانه‌ی به جۆرێك له هه‌ست كردن به‌شانازیه‌وه گوت، وه‌ك ئه‌وه‌ی جۆرێك له به مۆدێرن بونی تێدا ببینێت) به‌ڵام خۆمم كۆنترۆڵ كرد‌و كاتێك هه‌ستام جوابم نه‌دایه‌وه.
وتم:” هه‌فته‌ی داهاتوو له هه‌مان شوێن جوابت ده‌ده‌مه‌وه”
یه‌كه‌مجار ئه‌وم له شه‌وێكی هاویندا له‌و شه‌قامه بینی، كه به كهسنهزاندا تێ ئه‌په‌رێت. ئه‌و ده‌مه، من كالاكانم گرتبو بهدهستهمهوهو چێژم له سه‌یر كردنی بلاجیكتۆرهكان ، له ته‌ڕ بونی قاچم به هۆی ئاوی سه‌ر چیمه‌نی نێوان شه‌قامه‌كه‌وه ئه‌بینی. ( ئه‌مه بیركردنه‌وه له ساده‌یی خۆشمی به مێشكمدا هێنا، كه هێنده ساده‌م ئه‌م شتانه ئه‌توانن چێژم پێ ببه‌خشن !)
هێنده له ناو خه‌یاڵه‌كانمدا قوڵ بوبمه‌وه، بیرم نایه‌ت چۆن سه‌یاره مۆدێل تازه‌كه‌ی ڕاگرت و به‌ره‌و لام هات. ئه‌مه یه‌كه‌م جارم بوو، ببینم شۆفێرێك سه‌یاره‌كه‌ی ڕاگریت به‌ره‌و لام بێت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی سایه‌قه هه‌رزه‌كار و حهشهریهكان، بیریان بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو، كچێك له‌و كاته‌ی شه‌ودا، به‌ته‌نها له شهوێنێكی وا دا له دهرهوهبێـت، هه‌میشه بهكوِریان زانیوم و تیشك هاوێژی سه‌یاره‌كانیان بێزاریان نه‌كردووم.
هه‌ر كه سه‌رم به‌رز كرده‌وه، بینیی كورێكی له‌و شێوه‌یه توشی ڕچهڵهكینی كردم.
پێش ئه‌وه‌ی له ماڵ بێمه ده‌ره‌وه، زۆر حه‌زم له گریان بوو، به‌ڵام هه‌رچیم كرد نهم توانی بگریم. هه‌ر شه‌وێك حه‌زم له گریان بووبێت، به‌دزیه‌وه ماڵم جێ هێشتوه، بۆ ئه‌وه‌ی شتێكی تر وه‌ك به‌دیلی گریان بدۆزمه‌وه. شتێك تا چێژی بهتاڵبونهوهم پێ ببه‌خشێت.
ده‌زانم لاتان سه‌یره، له شارێكی وه‌ك ئه‌م شاره‌ی ئێمه‌دا، كچێك له‌م ته‌مه‌نه‌ی مندا، كه هێشتا نه‌گه‌شتوه‌ته ده‌یه‌ی دوه‌می ته‌مه‌نی، قژی له پشته‌وه ببه‌ستێت و تی‌شێرت و كاله و كابۆی كوڕانه له به‌ر بكات و شه‌وان بۆ شكاندنی شوشه له ماڵ بچێته ده‌ره‌وه. شوشه‌ی بیبسی كۆكا كۆلا و شوشه‌ی سه‌وزی بیره، كه به‌كار هێنهرهكانیان دوای خواردنه‌وه‌یان له جامی سهیارهكانهوه فرێیان ئه‌داو، دواتریش منداڵان میزیان تێ ده‌كرد. منیش بهتاڵبونهوهم له شكاندنی ئه‌و شوشانه ده‌بینیه‌وه.
به‌ڵام ئه‌مه سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه نیه. مرۆڤ له ژیانیدا توشی گه‌لێك روداو ده‌بێت، كه زه‌حمه‌ته بتوانێت سه‌ره‌تاكانیان ده‌ستنیشان بكات. من هه‌رگیز نهم توانیه‌وه بزانم سه‌ره‌تای روداوه‌كانی ئه‌م چیرۆكه بۆ كه‌ی دهگهرێـهوه. زۆرجار هه‌ستم كردوه، كه هیچ یه‌كێك له چیرۆكه‌كان سه‌ره‌تایه‌كی تایبه‌تیان نیه، به‌ڵكو هه‌موویان به‌ستراون به سه‌ره‌تای له دایك بونه‌وه. مرۆڤ توشی هه‌ر كێشه‌یه‌كی تازه ببێت، ئه‌وا سه‌ره‌تای كێشه‌كان په‌یوه‌ندیان به كۆمه‌لێك كێشه‌ی كۆنه‌وه هه‌یه. هه‌تا ئه‌گه‌ر زۆریش جیاواز بن، ئه‌وا هه‌ر ده‌زویه‌كی قایم و باریك هه‌یه (كه بۆ بینیی پێویستمان به ورد بونه‌وه‌ی زۆر ده‌بێت ) به كێشه كۆنهكانهكانیهوه ده‌به‌ستێته‌وه.
بیرمه ئه‌و شه‌وه كه هێشتا به پێوه وه‌ستا بوو سه‌یری ده‌كردم، وتی : ” پێویستت به یارمه‌تی هه‌یه ؟ ” ئه‌م قسه‌یه‌ی دوای ئه‌وه كرد كه چه‌ند جارێك لێوی جوڵا، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌نگێك له ده‌میه‌وه بێته ده‌ر ( ئه‌مه ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست كردم، كه ئه‌و قسه‌یه، ئه‌و قسه‌یه نه‌بوو كه یه‌كه‌م جار ویستی به منی بڵێت. به‌ڵكو له‌و چه‌ند چركه‌یه‌دا ئه‌و قسه‌یه چه‌ندین جار له مێشكی دا گۆِڕانی به‌سه‌ردا هاتوه)
“نا سوپاس”
چه‌ند كۆرێكی سه‌یره، ئه‌وه‌تا ئه‌لێم پێویستم نیه، كه‌چی ناشڕوات ! به‌لام كه به زۆربه‌ی كوڕان بهراواردم كرد، تێگه‌شتم سه‌یر نه‌بوو، (له راستیدا گه‌ر برۆشتایه سه‌یر بوو). دواتر وتی “ئه‌كرێت دانیشم ؟” جوابم نه‌دایه‌وه. به‌لام داش نیشت. چاوه‌كانی له ژێر عهینهكهكهوه گه‌ش به‌ڵام گه‌مژانه دیار بوون.
هه‌ستم به په‌شیمانی كرد، له‌وه جوابم نه‌دابوه‌وه
وتم : “شه‌وانی هاوین چێژێكی زۆرم پێ ئه‌به‌خشێت. تۆش وایت ؟”
وتی من :”چێژ له سه‌فه‌ر وه‌ر ده‌گرم، سه‌فه‌ر بۆ هه‌موو جیهان. ئاواتمه وه‌ك قه‌رج بژیم، نیشتیمانم نه‌بێت و هه‌موو دنیاش نیشتیمانم بێت. گه‌ر بتوانم 30 ساڵی تر بژیم و هه‌ر پێنج مانگ له شارێكدا بم، ده‌توانم له‌م ماوه‌یه‌دا 864 شار ببینم “
هه‌ستم به‌نزیكی كرد لێیه‌وه.
” به‌ڵام سه‌فه‌ر وردبونه‌وه ئه‌كوژێت، باوكم له ته‌مه‌نی پیریدا ده‌ی گوت: “چونكه لادێكه‌مان بچوك بوو، هێنده له مرۆڤه‌كانی ورد بووبوومه‌وه، سه‌یری چاویانم بكردایه ده‌مزانی بیر له چی ئه‌كه‌نه‌وه”. ئێمه بۆ ناسینی هه‌ر دره‌ختێك، هه‌ر گولێك، هه‌ر منالێك، پێویستمان بهساڵانێكی زۆر ده‌بێت. ئێمه زۆر كه‌م ده‌ژین، گه‌ر عومری نوحیشمان هه‌بێت ناتوانین شارێك بناسین”
دیسان هه‌ستێكی ناخۆش دایگرتم. هه‌ستێك وه‌ك ئه‌وه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی بۆچونه‌كه‌م له هی ئه‌و نه‌چێت درۆم له گه‌ڵ خۆم كرد. ئاخر خۆشم له منالیه‌وه خولیای سه‌فه‌ر سه‌رمایه
به‌ده‌م داگرتنی عهینهكهكهیهوه، وتی: به‌م شه‌وه چی ئه‌كه‌یت له ده‌ره‌وه ؟
به‌بێ عه‌ینه‌ك چاوی له منداڵێك ده‌چوو. هه‌ستم كرد گه‌ر زیاتر سه‌یری چاومبكات، ڕه‌نگه بزانێت كێشه‌م چیه. (به‌ڵم نابێت بزانێت) نامه‌وێت ئه‌و كێشانه باس بكه‌م، كه بونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی حه‌زم له گریان بێت. زۆرمان هه‌نێك كێشه‌ی هه‌یه كه هه‌رگیز باسیی ناكات. ئه‌و كێشانه له ئازاری قورگ ئه‌چن. هه‌ر هه‌وڵدانێك بۆ قیژاندن له تاو ئازار، ئازاری زیاتری به‌دواوه ئه‌بێت.( بۆیه منیش بۆ كه‌سی ناگێرمه‌وه)
ته‌نها هێنده هه‌یه، هه‌نێك جار كێشه‌كه وه‌ك كێشه‌ی ئه‌قڵ ئه‌بینم. تێده‌گه‌م گه‌ر مرۆڤ هێنده بیر نه‌كاته‌وه، ئه‌توانێت وه‌ك ئه‌وانه‌ی له جامی سهیارهكانهوه شوشه‌كان فرێ ئه‌ده‌ن، ژیانێكی گه‌مژانه، به‌ڵام ئارامی هه‌بێت. هه‌نێك جاریش به پێچه‌وانه‌وه بۆ نه‌بونی ئه‌و بڕه پێویستهی ئه‌قڵی ئه‌گێڕمه‌وه، كه ژیانێكی جوان و ئارامم به مرۆڤ ئه‌به‌خشێت.
له بری ئه‌وه‌ی جوابی بده‌مه‌وه “ئه‌ی تۆ بۆ له ده‌ره‌وه‌یت”م گوت ؟
وتی: “دوو هه‌فته‌یه له ئه‌ڵمانیا گه‌ڕاومه‌ته‌وه. پێش كه‌مێك له گه‌ڵ ئه‌و كچه‌كه قسه‌م كرد، كه دایكم به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بیهێنم بۆی دۆزیبومهوه. به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌لێك مه‌رجی سه‌یری هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ته سه‌یر مه‌به‌ستم له‌وه نیه، تاكه كچه كه ئه‌و داوهكاریانهی هه‌بێـت. به‌لكو سه‌یر بوو چونكه زه‌واج، چ پێویستی به‌م مه‌رجانه‌یه ؟ مه‌رجه‌كانی حه‌ڤده دانهبون. له‌وه‌وه بگره، كه نابێت حه‌فر له قژم بده‌م، تا ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌مان به‌رزترین بینای ئه‌و شوێنه بێت كه لێی ده‌ژین.
پێم گوت ئه‌م مه‌رجانه بۆ ؟ گوتی تا بزانم منت خۆش ده‌وێت ؟ گوتم به‌ڵام من یه‌ك مه‌رجم هه‌یه، تۆ بۆم جێ به‌جێ كه. تا بزانم منت خۆش ده‌وێت.
وتی چیه ؟
وتم ده‌بێت واز له مه‌رجه‌كانی خۆت بێنیت.
هه‌ردووكمان ده‌ستمان كرده پێكه‌نین، به‌ڵام من زوتر كۆكیم و خۆم كۆنترۆڵ كرده‌وه.
دوای هه‌فته‌یه‌ك تێپه‌رین به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌دا، كه ویستم ده‌به‌ی ئاوه‌كه بكێشم به سه‌ریدا، له هه‌مان كافتریا بینیمه‌وه. به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا، گه‌شتمه قه‌ناعه‌تێك، كه ده‌بێت یاریه‌كی له گه‌ڵ بكه‌م. له‌م یاریه‌دا وه‌ڵامی راست رێگای سێ یه‌مه. به‌ڵام خودایه ڕێگای سێ یه‌م چیه ؟ خۆشم نای زانم.
كورته‌ی یاریه‌كه ئه‌وه‌یه، من حیكایه‌تێكی درۆینه‌م دروستكرد. به‌شێوه‌یه‌ك كه له ته‌مه‌نی شازده ساڵیه‌وه، له‌گه‌ڵ كورێكی هاوپۆلی خۆمدا، په‌یوه‌ندیه‌كی عاشقانه‌م دروست كردوه. رۆژ له دوای ڕۆژ پهیهوهندیهكه به‌ره‌و هه‌ڵكشان ڕۆشت. دوای ئه‌وه‌ی گه‌شته لوتكه و چه‌ند جارێك موماره‌سه‌ی سێكسی تێكه‌وت، وه‌ك چۆن پهیهوهندیهكه نه‌ی توانی له لوتكه زیاتر سه‌ركه‌وێت (ئه‌م قسه‌یه مه‌حاڵ و بێ مانا بوو) به‌ڵك و هه‌ر له لوتكه‌ش نه‌مایه‌وه‌و به‌ره به‌ره به‌ره‌و ئاستێكی نزم كشایه‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ك ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان به‌یه‌كه‌وه نه‌ماوه.
ئه‌وه گرنگ نیه باوه‌ڕ به چیرۆكه‌كه ده‌كات یان نا، ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر بڕوای پێ نه‌كات ئه‌وا جوابی هه‌ڵه ئه‌داته‌وه. وای بۆ چوم وه‌ك هه‌موو كه‌سێكی ساده، سه‌ره‌تا بیری بۆ ئه‌م دوو ڕێگایه ده‌چێت.
یه‌كه‌م: رازی نابێت و په‌شیمان ده‌بێته‌وه. (ئه‌م ریگایه هه‌ڵه‌بوو. چۆن حه‌قی به‌خۆی داوه كه ئه‌م كاره بكات، ئه‌ی بۆ ئه‌و حه‌قه بهمن نادات؟)
دووه‌م: رازی ده‌بێت و به كێشه‌ی نازانێت (ئه‌م رێگایه‌شیان هه‌ڵه‌یه، هه‌رگیز بیرم له‌وه نهكردوتهوه كه شوو به پیاوێكی هێنده بێ غیره‌ت بكه‌م)
كاتێك چیرۆكه‌كه‌م بۆ گێرایه‌وه، هه‌ستم كرد خه‌ریكه له یاریكه تێ ئه‌گات. روومه‌ته‌كانی به‌ره‌و سوور بونه‌وه رۆشتن. سیمای وه‌ك كه‌سێكی نه‌خۆش، ده‌سته‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك نه‌بن له ئه‌و له سه‌ر مێزه‌كه كه‌وتن. دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌بێ ده‌نگی تێپه‌ڕی، هه‌ردووكمان یه‌كترمان جێ هێشت. ( به‌ڵام ئێستا كه بیر له‌و رۆژه ده‌كه‌مه‌وه، خه‌ریكه ده‌گه‌مه بڕوایه‌ك گه‌ر عه‌ینه‌كه‌كه‌ی نه‌بوایه، ڕه‌نگه رێگایی سێ یه‌مم له چاویدا ببینیایه)
گه‌یلان عبدالله