دیمانه له‌گه‌ڵ دکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر
د. كه‌مال مه‌زهه‌ر
لای من مێژوونووس ده‌بێ ئه‌وه‌ی له‌بیر بچێته‌وه سه‌ربه‌كام نه‌ته‌وه‌یه، سه‌ر به‌كام حیزبه
دكتۆركمال مه‌زهه‌ر مێژوونووسێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده، خاوه‌نی دوو دكتۆرایه، كتێبه‌كانی له‌مه‌ڕ مێژووی كورد بێ ئه‌ندازه بایه‌خدارن، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌به‌ریتانیا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان بووه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌رشیفی مێژووی كورد، به‌ڕاستی پیاوێكی زۆر مه‌شڕه‌ب خۆش و روِوخسار ئارام بوو. ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌نجی منی ڕ‌اكێشا گریانه بهجۆشهكهی بوو له بیركه‌وتنه‌وه‌ی”مه‌سعوود محه‌ممه‌د”. ئیسماعیل ته‌ها كههاوڕێیهتی ده‌كردم له‌م گفتوگۆیه‌دا گوتی: له‌ڕێز وگه‌وره‌یی ئه‌م پیاوه شه‌رم دایگرتم.
دیمانه: حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مێژووی كورد هه‌ڵه و ناته‌واوی زۆری تێدایه، سه‌ره‌تا له‌به‌ند و بالۆره وه‌رگیراوه، واته كه‌سێكی ئه‌كادیمی وه‌ك جه‌نابت نه‌بووه مێژووی كورد له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه بنووسێته‌وه، لێكدانه‌وه‌ی جه‌نابت بۆئه‌مه چی یه؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: دیاره مه‌به‌ست له‌به‌ند و بالۆره فۆڵكلۆری كوردی یه، پێویسته بزانین نه‌ك ههرمێژووی كورد به‌ڵكو گشت نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان كه‌ده‌رفه‌تی ته‌واویان بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتووه ڕۆڵه دڵسۆزهكانیان خه‌ریكی نووسینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی مێژووبن، ده‌بینین هه‌موو ئازار و ناسۆریهكانیان له فۆڵكلۆری ڕابردووی گه‌له‌كه‌یان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، له‌هه‌قیقه‌ت دا فۆڵكلۆر به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن داده‌نرێت بۆههڵسانگاندنی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش له‌نێو كورد گه‌لێ كه‌س هه‌وڵی داوه بۆنووسینهوه و توێژینه‌وه‌ی مێژوو، كه‌سێكی وه‌ك “محمد ئه‌مین زه‌كی به‌گ ” كه‌م نیه، به‌رهه‌مه‌كانی یه‌ك له یه‌ك نایابترو چاكترن، هه‌رچه‌ند ئه‌مین زه‌كی به‌گ كۆلیژی سه‌ربازی ته‌واو كردبوو، به‌ڵام هه‌ست كردن بهبهرپرسیاریهت وای لێ كرد خامه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ مێژوو بخاته گه‌ڕ.
هه‌روه‌ها به‌درخانیه‌كان بۆخزمه‌تكردنی مێژوو كه‌م نین، كه‌سێكی وه‌ك “بله شێركۆ” كه ناوی خوازراوی “جه‌لاده‌ت به‌درخانه” له‌ساڵی 1930 كتێبێك ده‌نووسێ به‌ناوی (ماچی الكرد وحاچره). هاوكات كه‌سانی دیكه‌ی دڵسۆزیش هه‌بوون له‌پێناو خزمه‌تكردنی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یان كه‌مته‌رخه‌میان نه‌كردوه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: كاتێ سه‌رنجی مێژوو ده‌ده‌ین و به‌وردی ده‌یخوێنینه‌وه ده‌بینین زۆر له‌مێژوو نووسان ئایدۆلۆژی خۆیان به‌سه‌ر مێژوودا زاڵكردووه، تۆ وه‌ك مێژوو نووسێك تاچه‌ند توانیوته خۆت له‌م باسه ڕزگاركه‌ی؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: له ڕاستیدا من زانستی مێژووم به‌قووڵی خوێندووه، سه‌رچاوه‌ی زۆر ڕه‌سه‌ن و قووڵم له‌م بواره له به‌رده‌ست دا بووه، لای من مێژوونوس ده‌بێ ئه‌وه‌ی له‌بیر بچێته‌وه سه‌ربه‌كام نه‌ته‌وه‌یه، سه‌ر به‌كام حیزبه، ده‌بێ زۆر بێ لایه‌نانه مێژوو بنووسێته‌وه. دواتر ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه‌س نیه نه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه، من هه‌میشه له‌مه‌دا په‌نا ده‌به‌مه به‌ر قسه‌یه‌كی لینین كه‌ده‌ڵێ: (من لایعمل لایخگئ) ته‌نها ئه‌وكه‌سانه هه‌ڵه ناكه‌ن كه هیچ كارێك ئه‌نجام ناده‌ن!.
من بڕوام وایه مێژوونووس ده‌بێ له‌سه‌روی ئایدۆلۆژیا بێت، به‌ڵام ده‌بێ ئایدۆلۆژیاش دارده‌ستێكی گه‌وره‌بێ بۆ لێكدانه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی مێژوو، چونكه ئایدۆلۆژیا له‌م مه‌یدانه‌دا كه‌م نیه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: د. علی وه‌ردی له وته‌یه‌كی دا ده‌ڵێ “گه‌ر مێژوو ههربریتی بێت له‌وه‌سف و پێداهه‌ڵدان نه‌خوێندنه‌وه‌ی زۆرباشتره! ” تۆ هه‌ست ناكه‌ی زۆربه‌ی مێژووی كورد له‌م چوارچێوه‌یه قه‌تیس كراوه؟
كمال مه‌زهه‌ر: خوالێخۆش بوو د. علی وه‌ردی مێژوو نووسێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه، ئه‌و دهبهرگهی كه له‌ژێر ناوی (لمحات من تأریخ العراق الجدید) نووسیویه‌تی زۆربهنرخن. من خوالێخۆشبووم چه‌ند جارێك بینوه، زۆر كه‌سێكی قووڵ بوو، ئه‌و پێی وایه مێژوونووس كه‌وتوه‌ته ژێر هه‌ستی ئایینی، یان ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیای تایبه‌تی خۆی، به‌ڵام دیسانه‌وه پێت ده‌ڵێمه‌وه، میژوونووسیش تاكێكه له‌مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ری، بێگومان هه‌مووكارێكیش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: له‌مێژوودا نزیكه‌ی (42) میرنشینمان هه‌بووه، ئه‌وان له‌جیاتی یه‌كگرتن وبرایه‌تی هه‌رخه‌ریكی پێكداپژان و یه‌كتر كوشتن بوون، له‌سه‌رده‌می ئه‌وان كورد ئۆخه‌یه‌كی له‌خۆی نه‌كردوه، پێت وانیه له نێوچوون و ڕِووخانی ئه‌وان كارێكی باش بوو؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: میرنشینه كورده‌كان له‌بزاڤی كوردایه‌تی دا ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه. ئه‌و ئه‌ورووپایه‌ی كه‌ئێمه ئێستا زۆر بهپێشكهوتووی ناوده‌به‌ین ڕۆژێك بووه میرنشینه‌كانیان ڕۆلێكی گه‌وره‌یان بینیوه له‌به‌ره‌و پێشبردنی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یان.
له مێژووی ئێمه‌دا به‌شێك له میرنشینه‌كان زۆر پێشكه‌وتووبوون، له‌نێویان دا هه‌یه تۆپی دروست كردوه، نیمچه سه‌ربه‌خۆبووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژگار گۆڕاو ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌و پێش چوو، خۆری میرنشینه‌كان ئاوابوو، ئیتر دووای ئه‌وان نه‌وه‌ی ئه‌م میرنشینانه به‌شێوازێكی دیكه ڕۆڵی خۆیان بینی.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: به‌ڵام بۆچی كوردیان به‌گژیه‌كدا بردووه؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: میرنشینه‌كان هه‌ریه‌كه وخۆی ویستوویه‌تی تاقه فه‌رمانڕه‌وا بێ له‌ناوچه‌كه، له‌ئه‌وروپاش هه‌ر وابووه، ئه‌مه دیارده‌یه‌كی مێژوویی زۆر ئاسایییه، له‌بیرمان نه‌چێ لایه‌نه باشه‌كانی ئه‌وان گه‌لی زۆرترن له لایه‌نه خراپه‌كانیان.
ئێمه نابێ به‌سه‌رنجی سه‌ده‌ی ئێستا بۆئه‌وان بڕوانین، ده‌بێ له‌هه‌موو ڕووداوێك بار‌و دۆخی كات وشوێن بگرینه پێش چاو، گومانت نه‌بێ ئه‌وان پردێك بوون بۆپهرینهوهی ئه‌م قۆناغه، تۆسهیركه ڕۆژێك له‌ڕۆژان كۆیلایه‌تی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌بووه، كه‌چی ئێستا ئێمه گاڵته به‌كۆیلایه‌تی ده‌كه‌ین، كۆیلایه‌تی (العبودیه) كههاتوهجێگهی (المشاعیهالبدائیه)ی گرتوه‌ته‌وه، بۆئه‌م كات هه‌نگاوێكی زۆرگهورهبووه. بۆیه پێوسته ئێمه هه‌ل ومه‌رجی زه‌مان و مه‌كانی ئه‌وكات بخوێنینه‌وه، بارودۆخی ئه‌وكات بخه‌ینه به‌ر چاو.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: گهربۆنێومێژووی ڕابردوومان بگه‌ڕێینه‌وه زیاتر ده‌بینین مێژووی سیاسی و سه‌ربازییمان نووسراوه‌ته‌وه، مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی پشت گوێ خراوه؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: مێژوو ده‌بێ بایه‌خێكی قووڵ به‌دوو لایه‌ن بدات یه‌كه‌م: لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی دووه‌م: لایه‌نی ئابووری. چونكه گه‌ر كۆمه‌ڵا نه‌بێ ئابووری نابێ، كاتێك كۆمه‌ڵ و ئابووری به‌یه‌كه‌وه ته‌فاعولیان كرد ئینجا سیاسه‌ت دروست ده‌بێت، سیاسه‌ت به‌بێ ئه‌م دووانه محاڵه سه‌ربگرێ.
گه‌ر ته‌ماشای به‌رهه‌مه‌كانی من بكه‌ی ده‌بینی به‌شی یه‌كمیان بریتیه له‌په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كان له‌ساڵی ئهمهندهوه بۆساڵی ئه‌وه‌نده…تاد.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مێژوو بریتیه له‌هه‌موو چركه‌ساته خۆش وناخۆشهكانی مرۆڤ، به‌ڵام ئایا نووسینه‌وه‌ی مێژوو (مواقف)ه یاخود هه‌ڵهێنجانی به‌شێك لهڕووداوهكانه؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: لێره‌دا مێژوونوس ده‌بێ زۆر بێلایه‌ن بێ، گه‌ر وانه‌بوو بابه‌ته‌كه‌ی هیچ نرخی نابێ، مێژوونووس موڵكی گشتی یه ده‌بێ خۆی له‌په‌ڕگیری بپارێزێ، نابێ چاوله كه‌م و كورتی بپۆشێ، جهسووربێ و نابێ بترسێ، گه‌رمێژوو هه‌ر وه‌سف و پێداهه‌ڵدان بێ هیچ كه‌ڵك وسودێك نادا به‌ده‌سته‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌گی به‌گ ده‌ڵێ:” كاتێ ئیسلام هات كورده‌كان ڕوانییان كه بینیان موافیقی تهبعیتیان به‌ئاسانی قه‌بووڵیان كرد” ئیسلام و كورد تاچه‌ند له گه‌ڵ یه‌ك هاوته‌ریبن؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: ده‌بێ ئه‌وه بێنینه پێش چاو كاتێ ئیسلام هات ده‌وڵه‌تی میدی ڕووخابوو، كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌بوو، ئیسلامه‌تیش هه‌نگاوێكی گه‌وره‌بوو بۆبهرهوپێشچوونی كورد، بۆیه كورد بوه‌ته یه‌كێك لهكۆڵهگه هه‌ره‌سه‌ره‌كیه‌كانی ئیسلام. له‌مێژوودا گه‌لێك له‌زاناو ڕه‌هبه‌ره دڵسۆزه‌كانی ئیسلام كورد بوون، كه‌سێكی وه‌ك سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی كه‌م نیه بۆ ئیسلام، ئه‌وه‌ته شه‌ڕی خاچ په‌رستان ده‌كات و جیهانی ئیسلامی قوتاردهكات له‌ده‌ستی گاوره‌كانی جیهان.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: له‌كوردستان چه‌ند گۆڕێك هه‌یه به‌ناوی گۆڕی ئه‌سحابه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ناوده‌برێن، له مێژوودا ئه‌مه هیچ بنچینه‌یه‌كی ڕاستی هه‌یه؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: له‌م باره نموونه‌یه‌كی مێژوویی زۆرله بارهه‌یه، خالیدی كوڕی وه‌لید پێشهواێكی گه‌وره‌ی ئیسلامه، بابانیه‌كان كه‌هه‌موویان ڕه‌نگ سپی وچاوشینن، ده‌ڵێن ئێمه له‌نه‌وه‌ی خالیدی كوڕی وهلیدین ئه‌مه له كاتێكدا خالیدی كوڕی وه‌لید پێی نه‌كردوه به‌خاكی عێڕاق دا، له‌لاێكی دیكه هه‌رچی نه‌وه‌ی خالیدی كوڕی وه‌لید هه‌بووه به‌په‌تا كۆچی دواییان كردوه . خه‌ڵك ئیسلامه‌تیان لا خۆشه‌ویست بووه و خۆیان پێ هه‌ڵداوه‌ته‌وه، بابانیه‌كان كه وتویانه ئێمه نه‌وه‌ی خالیدی كوڕی وهلیدین خه‌ڵك ڕێزی زیاتری گرتوون.
زۆرجار په‌ڕۆكێك بهسهرگۆڕێكهوه ده‌بینین ده‌ڵێن ئه‌وه گڵَكۆی فلان ئه‌سحابه‌یه، له‌كاتێك دا ئه‌و سحابهیه كوردستانی ههرنهبینیوه!!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: له‌باره‌ی “مه‌لای خه‌تێ”مشت ومڕێكی زۆرهه‌یه، به‌شێك له‌مێژوونووسان مه‌لای خه‌تێ به شۆڕشگێڕ و خه‌باتكارێكی گه‌وره له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌شێكی تر بهخیانهتكاری ناوده‌به‌ن، تۆ وه‌ك مێژوونووسێك له‌م نێوه‌نده‌دا چی ده‌ڵێی؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: ده‌وه‌ڵڵاهی مه‌لای خه‌تێ یه‌كێك بووه لهپێاوه هه‌ره گه‌وره‌و دڵسۆز‌و وردبینه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، خوالێخۆشبوو مه‌سعود محه‌مه‌د جوانترین نووسینی له‌سه‌ر مه‌لای خه‌تێ نووسیوه، بێ قه‌زابی مه‌لای خه‌تێ چۆن خیانه‌ت له‌كورد ده‌كات؟!! ئه‌و كوردی لهكێشیهكی گه‌وره ڕزگاركرد، مه‌لای خه‌تی بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئاوڕێكی ڕه‌حمه‌ت له‌كورد بدرێته‌وه، چۆن ئه‌م ته‌رزه پیاوه گه‌ورانه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی واگه‌وره!!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مامۆستا جه‌نابت له‌یه‌كێك لهچاوپێكهوتنهكانت باس له‌كۆمه‌لێك بهڵگهنامهدهكهی له‌سه‌ر”مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی” گه‌ر بكرێ ڕۆشنای زیاترمان پێ بده‌ی؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: مه‌لای گه‌وره ناوی خۆی به‌خۆوه‌یه، كه‌سێكی زۆرگه‌وره‌یه، زۆر دڵسۆز بووه، مه‌لیك فه‌یسه‌لی یه‌كه‌م به‌قه‌د دنیایه‌ك به‌مه‌لای گه‌وره موعجه‌ب بووه، جارێك مه‌لیك فه‌یسه‌ل به‌مه‌لای گه‌وره ده‌ڵێ: قوربان گه‌ر ڕێگه‌م بده‌ی سێ مانگی وه‌رزی هاوین دێم له‌خزمه‌ت جه‌نابت زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنم!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا:ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌كوڕی مه‌لای گه‌وره مه‌سعود محمه‌د؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: بڕوابكه كه‌م كه‌س له‌دنیا هه‌بووه وه‌ك مه‌سعود محه‌مه‌د زمانی عه‌ره‌بی بزانێ.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: دۆستایه‌تیت چۆن بووه له‌گه‌ڵی دا؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: هه‌میشه بهبراگهورهی خۆمم داناوه، نزیكترین و خۆشه‌ویسترین كه‌سی من بوو، دڵسۆزی وامان زۆركه‌م بووه، شیوعیه‌كان به‌دژایه‌تی مه‌سعود محه‌مه‌د كه‌وتنه هه‌ڵه‌یه‌كی زله‌وه، مه‌سعود محه‌ممه‌د ماركسی به‌یه‌كێك له‌فه‌یله‌سوفه هه‌ره‌گه‌وره‌كانی دنیا داناوه، له‌هه‌مان كات ڕه‌خنه‌ی له‌بیری شیوعیه‌ت گرتووه. “عهزیزمحهمهد” سكرتێری حیزبی شیوعی بێ حیساب سه‌رسامه به مه‌سعود محه‌مه‌د، ئه‌مه ده‌قی قسه‌ی ئه‌وه: ( جه‌ماعه‌تی ئێمه زوڵمیان له مه‌سعود محه‌مه‌د كرد) مه‌سعود محه‌مه‌د گاڵته‌نیه!! له كۆڕی زانیاری كورد له‌به‌غدا ئه‌وانه‌ی ڕۆڵی هه‌ره‌گه‌وره‌یان بینی له‌دارشتنی زاراوه‌ی كارگێڕی كوردی دووكه‌س بوون: یه‌كه‌م: مه‌سعود محه‌مه‌د دووه‌م: هه‌ژارموكریانی.
ئه‌م دووانه تاكوسهعات یانزه‌ی شه‌و له‌كۆڕی زانیاری ده‌مانه‌وه، ئه‌و زاراوانه‌ی كه ئێستا نه‌وه‌ی نوێ به‌كاری ده‌هێنن كردوكۆش و شه‌ونخونی ئه‌وانه.
باسێكتان بۆبگێڕمه‌وه: دكتۆرئیبڕاهیم كمال كۆچی دوای كرد، له‌چله‌ی ماته‌مینی ده‌بوو كۆڕی زانیاری كورد وتارێك بخوێنێته‌وه، كێ ده‌بێ بیخوێنێته‌وه؟ هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ وتمان مه‌سعود محه‌مه‌د، له وتاره‌كه مه‌سعود محه‌مه‌د هێندێك ئایه‌تی قوڕئانی به‌كارهێنا، عه‌بدوڕه‌زاق موحییه‌دین سه‌رۆكی كۆڕی زانیاری عێڕاق خۆی پێنه‌گیرا و سێ جار وتی: ” بارك الله فیك، بارك الله فیك، بارك الله فیك”. ئینجا وتی” لولاعلمی بأیات ژكر الحكیم لكان یصعب علیّ أن أفرق بین كلام الله سبحانه وتعالی، وبین كلام سید الخگیب” واته: گه‌ر زانیاریم له‌سه‌ر ئایه‌ته‌كانی قوڕئان نه‌بوایه نه‌مده‌توانی جیاوازی له‌نێوان ئایه‌ته‌كانی قوڕئان و قسه‌كانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د دا بكه‌م. وای ئه‌مه چ بلیمهتێكه!! پیوسته په‌یكه‌رێكی زۆرگه‌وره بۆمهسعوود محه‌ممه‌د بكه‌ین، ئاخر ئهمهگاڵتهنیه!! (له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م به‌سه‌رهاته دكتۆر كمال مه‌زهه‌ر ده‌ستی كرد به‌گریان، ئه‌وه‌نده به‌سۆز گریا ئێمه‌شی به گریان خست، له‌ڕێگه‌ی فرمێسكه‌كانیه‌وه به‌ئێمه‌ی ده‌وت من ناتوانم وه‌سفی پیاوێكی وه‌ها مه‌زن و باڵابكهم).
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مام جه‌لال و كاك مه‌سعود بارزانی دووكاره‌كته‌ری نێو مێژوون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كاری زۆرباشیان كردوه، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی ستراتیژیشیان كردوه، ئه‌وان ئێستا له‌كوێی مێژوودان؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: ئێستا من بست به بست باڵا ده‌كه‌م كهدهبینم په‌یوه‌ندی كاك مه‌سعود و مام جه‌لال باشه، به‌ڵێ ئه‌وان كهوتوونهههڵهی زۆرگه‌وره، به‌ڵام ده‌رسیان له‌هه‌ڵه‌كانیان وه‌رگرتوه، به‌دووبه‌ره‌كی ته‌نها دووژمن دڵخۆش وسوودمه‌ند ده‌بێ، من وا تهسهوڕدهكهم ئێستا مام جه‌لال له كوڕه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ مه‌سعودبارزانی دڵسۆزتره، هه‌میشه ده‌لێم ئه‌مڕۆمان له‌دوێنێ باشتره، دڵنیاشم به‌یانیمان له ئه‌مڕۆ باشتر‌و ڕووناكتر ده‌بێ.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا : مامۆستا حه‌زده‌كه‌ین بزانین له‌م ته‌مه‌نه‌دا سه‌روكارت چۆنه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: ته‌مه‌نم 72دووساڵه، ئێستاش شه‌وو ڕۆژ خه‌ریكی خوێندنه‌وه و نووسینم، ڕۆژانه ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان ده‌خوێنمه‌وه، هه‌روه‌ها ئێستا سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆمم، ناوم ناوه: (له‌په‌راوێزی كوردایه‌تی دا، له‌بیره‌وه‌ریه‌كانی كمال مه‌زهه‌ر).
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: فه‌یله‌سوفان هه‌ریه‌ك به‌جۆری باسی فهلسهفهوحیكمهتی مردنیان كردوه، ئێستا تۆلهمردن ده‌ترسی؟
كه‌مال مه‌زهه‌ر: خوا ده‌یزانی قه‌ت سڵم له‌مردن نه‌كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م بژیم بۆئه‌وه‌ی زیاتر خزمه‌ت بهنهتهوهكهم بكه‌م، ژیانم بۆئه‌وه ده‌وێ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌می پێ بكه‌م.