شه‌قامی باڵنده‌كان … بورهان ئه‌حمه‌د
ناوقه‌دی پرده‌كه بووه‌ته رووانگه‌ی رووانینه‌كانت , په‌یوه‌ندی هه‌نگاوه قه‌یره‌كانی تۆ‌و ئه‌رزی ئه‌م پرده په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكانه‌یه, له‌گه‌ڵ گه‌وره بوونتا گه‌وره بوو, ئێستا ڕێك له ناوه‌ڕاستیا وه‌ستاوی, ده‌ستت به كه‌مه‌ری شیشی قه‌راغه‌كانیه‌وه گیر كردووه ,له كه‌فی مه‌چه‌ك و بازووی كه‌ناری لاوازی ئه‌ڕوانی و له شین بوونی شینایی كاڵی روومه‌تی و لێوی ته‌نكی زه‌وییه‌كه‌ی خوارێوه‌ی وورد ئه‌بێته‌وه.
له بیرته منداڵ بووی چه‌نده‌ها جار ئاو وه‌كو ئه‌سپێكی كه‌حێل به‌سه‌ر ئه‌م پرده‌وه ده‌یحیلاند , زیاتر له جارێك له‌گه‌ڵ باوكتدا به سه‌ریا تێپه‌ڕیوون و تا قووله پێتان ئاو بووه, له بارودۆخێكی ئاوهاداپێویستی خولیاكانی خۆت وڕامانه‌كانت ئه‌كه‌ونه جموجۆڵێكی ناسروشتییه‌وه, هه‌نگ ئاسا هه‌ر دیمه‌ن و جوڵه‌یه‌ك به‌شێكی تایبه‌ت له قووڵبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌نجه‌كانت بۆخۆی ده‌بات. هه‌نووكه ته‌ماشات به‌ره‌و شه‌قامی باڵنده‌كان سه‌فه‌ری كردووه, ئه‌و شه‌قامه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ره‌وژوور پیایدا هه‌ڵكشێی شان راستی (قه‌ڵا)یه‌و شان چه‌پیشی ئاوی (خاسه), جارجارێك ده‌نگی قیژه‌ی ریشۆڵه‌یه‌ك گوێی بیستنت رائه‌كێشێت و ئه‌تباته‌وه سه‌ر پاشماوه‌ی كه‌لاوه‌كانی هه‌ناسه‌ی لاوێتیت, ئاسمانی ئه‌م پرد‌و ئاوه ته‌نكه‌ی ئێستا قه‌ت نه‌وره‌ست به‌سه‌رێوه نه‌دیوه, وه‌كتریش ته‌ماشاو بیستنت به رێشكه‌و پێشكه‌ی هاواری هه‌زاره‌ها نه‌وره‌س ئاوێته ده‌بێت, گه‌لێ جار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتدا له‌م شه‌قامی باڵندانه ڕیشۆڵه‌تان كڕیوه , تۆ ـ نا ـ ئه‌وان به ده‌رزه‌ن ده‌یانكرێ و هه‌ر له‌وێدا ریشۆڵه فرۆشه‌كه سه‌ریانی له له‌شیان جیا ده‌كرده‌وه و لاشه‌كانیانی بۆ ده‌خستنه نێو یه‌ك دوو نایلۆنی ڕه‌شه‌وه, سه‌ر بچكۆڵه‌كانیشیان بۆ خوار پرده‌كه تووڕ هه‌ڵده‌دران, له زۆر بۆنه و ئاهه‌نگی تایبه‌تی خۆیاندا ئه‌و براده‌رانه‌ت داوه‌تی خواردنه‌وه‌یان ده‌كردی, تۆش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژگارانه كه‌م مه‌یلی خواردنه‌وه‌ت هه‌بوو, به‌ڵام هه‌رگیز دڵت به‌رایی نه‌ئه‌دا ئه‌گه‌ر بۆ تاقه جارێكیش بێت گۆشتی ریشۆڵه‌كان مه‌زه‌ت بن. هه‌ر به‌رێ و ره‌سمی باوكت كه له جارانی زووی منداڵی تۆدا ده‌یهێنای بۆ ته‌ماشای باڵنده‌كان, ئه‌وه‌تا تۆش زۆربه‌ی رۆژانی هه‌ینی سه‌ر له به‌یانیان ده‌ستی دوان له كچه‌كانت ده‌گری و ده‌یانهێنی بۆ سه‌یر كردنی باڵنده‌كان , ئه‌و باڵندانه‌ی كه به‌یانیان پێده‌كه‌نن , نیوه‌ڕوان ده‌گرین, ئێواران فرمێسكه‌كانیان ده‌به‌ن بۆ جۆگه‌له‌ی باریك باریك و تێكه‌ڵ به ئاوه ته‌نگ و قه‌وزه گرتووه‌كه‌ی خاسه ده‌بێت, شه‌وانه‌ش رۆحی ئه‌فسوناوی تۆ ده‌فڕێت و ده‌چێته ئه‌وێنده‌ر , ئه‌شكی زووڵاڵی ئه‌و باڵندانه له ئاوی لێڵ و پاكی ئه‌وێ جیا ده‌كاته‌وه, ئه‌مه چ ده‌سه‌ڵاتێكه بۆ جیا كردنه‌وه‌ی فرمێسك له ئاو له هزری تۆدا خه‌ست بووه‌ته‌وه..!!؟ئه‌مه سیحری چ توانایه‌كه له گیانی تۆدا هه‌یه بۆ ریز كردنی ئینجانه‌كان هه‌ر یه‌كه‌و لایق به سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كه‌ی خۆی!!؟
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرده‌دا كه‌مێك له دارشه‌قی پیاوه پیره‌كه رائه‌مێنێ, به قه‌باره‌ی ته‌مه‌نی هه‌ناسه‌دانێك له كووتاڵی شۆره بووی سه‌ر قه‌برغه‌ی را ستی لاوێكی قۆڵ بڕاو وورد ده‌بێته‌وه, له ناكاوێكدا..!هه‌رزۆرله‌ناكاو ..! ژنێك به چه‌شنی گوڵێك گه‌ڵاكان زیندانییان كردبێ, سوپایه‌ك گه‌ڵا گه‌مارۆیان دابێت, گه‌ڵای سه‌رپۆش و گه‌ڵای گۆره‌وی و گه‌ڵای ده‌ستكێش و گه‌ڵای………و گه‌ڵای… و ..و..و .. پێت سه‌یر بوو..! گه‌ڵاش ببێته سانسۆر, گه‌ڵاش ببێته ره‌قیب به‌سه‌ر جوانیه‌وه. له‌مانه‌ش سه‌یر تر..!ئه‌مانه له دنیای ئێمه‌دا چه‌ند خێرا‌و ئاسایی گوزه‌ر ده‌كه‌ن ,چ ویستگه‌یه‌كی ته‌مه‌ن كورتن له شه‌قامه‌كانی رووانینماندا,وێستگه‌یه‌كی تر ڕاتده‌گرێ,چوارگۆشه‌ی دایكێك وسێ منداڵ ده‌خه‌یته‌نێوخانه‌كانی كۆكردنه‌وه‌و لێده‌ركردن و لێكدان و دابه‌ش كردن, هیچ ئه‌نجامێكت چنگ ناكه‌وێ ناوی بنێی ژماره, له‌به‌ر خۆته‌وه ده‌ڵێی:(ئاخر ئه‌مانه تا كه‌ی بێ ژماره بمێننه‌وه). به‌ڵام ئه‌فسووس كه‌س گوێی له ده‌نگت نییه,ئه‌وجا تێده‌گه‌ی له دنیای ژماره‌كاندا زۆرترین ژماره ده‌بن به هه‌ڵم,لافاو ده‌یانبا , ده‌بن به ژێر بوومه‌له‌رزه‌وه , ده‌بنه‌خۆراكی سه‌راب و وون ده‌بن. دوای ئه‌مه مۆڵه‌تێكی تر به ماتماتیكی بیر كردنه‌وه‌ت ئه‌به‌خشی ,ده‌بینی هێڵه‌كانی چوار گۆشه‌كه سه‌ره‌ڕای رێك و راستییان ,وه‌لێ هیچ گۆشه‌یه‌ك نایانگرێته خۆ و به یه‌كتر ناگه‌ن, له داخا ده‌كه‌وێته سه‌رزه‌نشكرنی خۆت و دارماڵ ده‌بێت له گله‌یی و گومان و نیگه‌رانی, بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مۆكه‌یه‌ك دڵنه‌وایی بخه‌یته‌وه به‌ر گیانت ,به‌ژێر لێوه‌وه به خۆت ده‌ڵێی (ئاه ..من چه‌ند قوتابییه‌كی ته‌مه‌ڵم), به‌و ده‌ستووری وورد بوونه‌وه‌یه‌ی چاوه‌كانی تۆ له‌سه‌ری راهاتوون نیگاكانت به‌ره‌و خواره‌وه‌ی پرده‌كه ئه‌كه‌وێته گه‌شت, له‌وێدا له‌نگه فرۆشه‌كانت به روونی لێوه دیاره.
له‌سه‌ر پرده‌كه‌دا (با) یه‌ك له خۆر ئاواوه هه‌ڵئه‌كات, نیازێتی له‌مه‌كی سه‌برو ئارامیت بمژێ , گه‌مه به پرچه لووله‌كه‌ت ده‌كات, تۆ به زكماك پرچت به ئازاره‌كانه‌وه لوولی خواردووه, ئیدی تازه باوه‌ڕ ناكه‌ی بتوانی خۆت به‌رانبه‌ر خه‌مه گه‌وره‌كان خاو بكه‌یته‌وه ,(با) یه‌كه به گه‌رده‌لوولێكی كه پاڵپشت ده‌كرێت و به‌ته‌مایه كتێبه‌كانی ده‌ستت بڕفێنی و بیانكاته خۆراكی ئاوه لێڵه‌كه‌ی خاسه, به‌ڵام تۆ توندوتۆڵ‌تر ده‌ست به كتێبه‌كانه‌وه ده‌گریت و قایمتر به سینگته‌وه ده‌یانگوشی. له پڕێكدا, هه‌ر زۆر له پڕدا ..بروسكه‌یه‌ك له ناوچه‌وانت داده‌گیرسێت ,وا هه‌ست ده‌كه‌یت به‌م چێشته‌نگاوه ئه‌ستێره‌یه‌كی باڵدار داده‌به‌زێته خواره‌وه وله ته‌وقی سه‌رتدا ده‌نیشێته‌وه, هه‌ر به‌و نیشته‌وه‌یه وازت لێناهێنێ , قه‌باغی كه‌لله‌ی سه‌رت لا ده‌بات و بۆ چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك كاسه‌ی سه‌رت ده‌كاته هێلانه‌ی خۆی ,به‌و چه‌ند خوله‌كه به زمانی تیشكه‌كانی له‌قه‌د دیواری حوجره‌ی سه‌رتدا ده‌نووسێت (تۆ پیاوی پشت مێزوو ئه‌ودیو جامخانه‌ی زه‌ره‌نگه‌ره‌كان نیت, بۆ ئه‌وه نه‌خوڵقاوی به‌به‌ر چاوته‌وه حه‌رفه‌كان تێكه‌ڵ به قورقۆشم و مسه‌كان بكرێن و فڕێ بدرێنه‌نێو بۆده‌قه‌ی سووتمانی بیر چوونه‌وه‌وه‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا زمانت به‌ناخرۆشان بسپێری, نه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م پرده بمێنیته‌وه..؟ هه‌موو ته‌مه‌نی تۆ به‌شی په‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر ئه‌م پرده‌دا ناكات , هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرده‌دا بوو خوێنی وشه‌كانی كه‌ناریای عاشق و كوكوختی بێ گوناه.. و.. كڵاوكوڕه بێ وه‌یه‌كانی تۆ تێكه‌ڵ به خوێنی باڵنده‌كانی تر كران , له بیرته له سه‌ره‌تای پرده‌كه‌دا بووی هه‌ر تاقه ده‌نگێكت شك ده‌برد, به‌رده‌وام توینێتیتی به ئاوی دڵنه‌وایی ده‌شكاندوو بێ ده‌ربڕینی چۆرێك سكاڵاش, هه‌میشه حه‌رفه دڵنه‌رمه‌كانی خۆی وه‌ك دانه‌وێڵه بۆ چۆله‌كه برسییه‌كانت رۆ ده‌كردو به فرمێسكه گه‌رمه‌كان گوڵه شه‌وبۆ تینووه‌كانتی ئاو ده‌دا, راسته تۆ شه‌كه‌ت و ماندووی, به‌ڵام هه‌رگیزاو هه‌رگیز نابێت بێزار بیت, بڕۆ… مه‌وه‌سته.. ئاوڕ له قسه بێ حیكمه‌ته‌كانی باڵایان مه‌ده‌ره‌وه, سنگت پڕ بكه‌ره‌وه له عه‌تر تا ده‌گه‌یته ئه‌وسه‌ر ویقاری گوڵ و ئه‌وپه‌ڕی شكۆی خوێن, برۆ هه‌ر هه‌مان ده‌نگه له‌سه‌ر پرده‌كه چاوه‌ڕێت ده‌كات, تا ئه‌و مه‌ئموری باخچه‌و سه‌رپه‌رشتكاری گوڵه‌كان بێت, مه‌ترسه, رۆحی خۆی بۆ په‌یڤینی مه‌له‌كانی تۆ ده‌خاته سه‌ر په‌رشت, چونكه هه‌ر ئه‌و ئه‌شكه‌نجه ِره‌سه‌نه‌كان و گریانه شارستانیه‌كه‌ی تۆ ده‌ناسێت, تۆش چاك چاك ده‌زانیت ئه‌گه‌ر گوڵزاره‌كانی هه‌ناسه‌و عه‌تره‌كانی گه‌رووی ئه‌و نه‌بوایه, ئێستاكه شه‌قامه‌كان, گومه‌زیی مزگه‌وته‌كان و سه‌ربانی كه‌نیسه‌كان, سه‌رپاكی ته‌لی كاره‌بای شاره‌كه‌ت پڕ ده‌بوون له‌مه‌له سه‌ر لێشێواوه‌كانی تۆ. بڕۆ هه‌ر ئه‌و بێ پێچ وپه‌نا به‌شداری هه‌ڵمه‌تی رزگاركردنی باڵنده‌كانت ده‌كات)
تانهۆ له ناوقه‌دی پرده‌كه‌دای, وه‌لێ له‌م سه‌رو ئه‌و سه‌ری پرده‌كه گوێت له ده‌نگێكی نوورانی ده‌بێت و بانگت ده‌كات, به هه‌مان ریتم و هه‌مان فۆنێك رسته‌یه‌ك دووباره ده‌كاته‌وه. ته‌ماشای كه‌سه‌كه‌ی ئه‌و سه‌ر پرده‌كه‌و ئه‌م سه‌ر پرده‌كه ده‌كه‌ی ,ده‌بینی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناوقه‌د پرده‌كه‌دا هه‌ر هه‌مان كه‌سه, به هه‌مان باڵای خه‌مه‌وه, به هه‌مان پرشنگی نووره‌وه, به هه‌مان ده‌ره‌وشانه‌وه‌ی ئومێده‌وه, كه‌مێك ده‌شڵژێیت .دووكۆتری سپی كه پێده‌چووله‌كێشه‌ی قه‌فه‌سه‌كان ده‌ربازیان بووبێت ,به‌نزمی وبه‌پرتاوبه‌ته‌كتا فڕین,هه‌رئه‌وه‌بووخۆیان نه‌ده‌كێشابه‌سنگ وده‌م وچاویخه‌ڵكه‌كه‌یسه‌رپرده‌كه‌دا ,دڵنیایی وئارامییان پێت به‌خشییه‌وه, هێور ده‌بیه‌وه, پێت سه‌یره كه‌سایه‌تیه‌ك له سێ شوێنی جیاوازی رووبه‌ری پردێكدا وه‌ستابن و هه‌مان وێرد دووباره و سه‌د باره بكه‌نه‌وه, هه‌رسێكیان به‌ره‌و رۆشنایی ده‌نگه‌كه ده‌كه‌ونه رێ , كه پێیان وایه كۆشی حه‌قیقه‌ته بۆ ئارام بوونه‌وه‌ی ته‌نیایی ئه‌وان و دڵنیایی به‌خشینه به ملیۆنه‌ها ئه‌ستێره بێداره‌كانی ده‌روونیان,
هه‌ر پێكیشه‌وه؛ (راسته من ماندووم به‌ڵام مه‌حاڵه بێزاربم)…ملیاره‌ها باره ده‌كه‌نه‌وه.
2001
بورهان ئه‌حمه‌د
Burhanahmad57@yahoo.com