بۆچی له كه‌ركوك پزیشكه‌كان ده‌كرێنه ئامانج..؟
بێگومان ئازاردان‌و توندوتیژیی نواندن به‌رامبه‌ر هه‌ر ئینسانێك به پێوه‌ری هه‌موو یاسا‌و عورفێك ده‌چێته خانه‌ی تاوانه‌وه‌و پێویسته ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی سزا بدرێت. تاوانی رفاندن، یه‌كێكه له‌و تاوانانه‌ی كه به پێی یاسای عێراقی به تیرۆر ئه‌ژمار ده‌كرێت، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستی سیاسی ئه‌نجام بدرێت.
هه‌رچه‌نده دیارده‌ی رفاندن له‌دوای پرۆسه‌ی روخانی به‌عسه‌وه، بوه‌ته دیاره‌ده‌یه‌كی باو‌و له‌لایه‌ن گروپ‌و بانده مافیایی‌و تیرۆرستییه‌كانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌هه‌موو شاره‌كانی عێراقدا پیاده‌كراوه‌و به مه‌به‌ستی تاڵانچێتیو چهتهگهرییو پاره بهزۆرسهندن، چه‌ندین هاوڵاتی بێتاوانو سڤیلیان كردوه‌ته قوربانی ئامانجه گڵاوه‌كانیان، ته‌نانه‌ت له ههندێكجارو حاڵه‌تدا ئه‌و مافیا‌و تیرۆریستانه زۆر بێ بهزهییو خوێنساردانه، دوای ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆریان له كه‌سوكاری رفێندراوه‌كه سه‌ندوه، كه‌چی قوربانیه‌كه‌یان تیرۆركردوهو به جه‌سته‌ی ساردهوهبوویی راده‌ستی كه‌سوكاریان كردوه‌ته‌وه.
ماوه‌یه‌كه ئه‌م دیارده‌یه بوه‌ته جێگای نیگهرانیو دڵه‌راوكێی دانیشتوانی شاری كه‌ركوك، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی دوو پزیشكی ناوداری شاره‌كه‌و منداڵی پزیشكێك رفێندران.
بێگومان مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها كارگه‌رییه‌كانی توێژی پزیشكان‌و كارمه‌ندانی بواری ته‌ندروستیی ناگرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م تاوانه زه‌نگێكی مه‌ترسیداره بۆ هه‌موو پێكهاته‌و چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له‌لایه‌ن ده‌زگای پۆلیس‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی دییه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، گروپ‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك (نه‌قشبه‌ندی‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و ئه‌نسار سوننه‌و پاشماوه‌كانی بهعسو..) به مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس‌و تۆقاندن‌و چاندنی تۆوی دوبه‌ره‌كی له‌نێو ریزه‌كانی خه‌ڵك‌و به‌ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی مادی بۆ تیرۆریستان، ئه‌م تاوانانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، جگه له‌وه‌ی توێژی پزیشكان به‌هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه، سامانێكی فكری‌و زانستیی نهتهوهییو نیشتمانیی گرنگن، كه تیرۆریستان هه‌ستیان به‌م گرنگییه كردوه‌و مه‌به‌ستیانه گڵۆڵه‌ی ره‌وشی ته‌ندروستیی ئه‌م وڵاته به‌ره‌و خراپترین دۆخ گلۆر بكه‌نه‌وه‌و له‌هه‌مو توانا فكری‌و زانستییه‌كانی دایماڵن.
هه‌روه‌ها به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی سیاسی، تیرۆریستان ده‌یانه‌وێت، له‌ده‌رفه‌تی جۆرێك له بێزاریی خه‌ڵك له هه‌ندێ ره‌فتاری نه‌خوازراوی به‌شێك له پزیشكان بقۆزنه‌وه‌و واینیشانبده‌ن كه ده‌یانه‌وێت به‌رگری له خه‌ڵك بكه‌ن به‌رامبه‌ر پزیشكان، به‌مه‌ش جۆرێك له‌هاوسۆزی بۆخۆیان دابینبكهنو توێژی پزیشكان له سۆزی خه‌ڵك دابڕن.
به‌تایبه‌ت كاتێك پزیشكان بڕیاری مانگرتنیاندا، خه‌ڵكانێكی زۆر نیگهرانو بێزاربون، كه به بۆچونی ئه‌و چاودێره كه نه‌ویست ناوی بهێنرێت، له به‌رژه‌وه‌ندی پزیشكاندا نه‌بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه سه‌ندیكای پزیشكان پاش رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزگا‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، مانگرتنه‌كه‌یان شكاند.
پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بكرێت كه رفاندنی پزیشكان هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك له كۆنه ئه‌فسه‌ره‌كانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه، كه ئه‌مه‌ش هێمایه‌كی پرسیار‌و گومانی له‌لای خه‌ڵكی دروستكردوه؟! كه ئه‌ركی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه، وه‌ڵامی ئه‌و گومان‌و پرسیارانه‌ی دانیشتوانی شاری كه‌ركوك بده‌نه‌وه.