سەگەکەم برسییهتی…. فەرهاد کەریم
خووم پێوە گرتووە لە کۆتایی دوا رۆژی کارم لە هەفتەدا، خۆشۆردنێکی درێژخایەن و تراشینی ردێن و کورتکردنەوەی سمێل، بە کورتییهکەی ئەو کۆیلایەتییهی تێیکەوتووم لە خۆم دابماڵم و ببمەوە خۆم، بە جلوبەرگێکی ئاسایی کە نە زۆر پەرداغ و نە شڕ و شەپڕێو، دوورکەومەوە لە رۆتینیات و چەند کاتژمێرێک لەگەڵ خۆمبم و ئامێز لە خۆمدەم، لە چێشتخانەیەک خۆمی فەرامۆشکراو و نیگەران ئاشتکەمەوە لەگەڵ خۆم، دەرفەتێک بدۆزمەوە لەگەڵ خۆم بێمە گۆتن.. کاربکەم لە سەر ئەو وشانەی لێمکەوتن و ئەو رستانەی بە خێرایی هاتینەگۆتن، ئای کە سەرقاڵم بە خۆمەوە، لە هەفتەیەکدا رۆژێک خۆمی من خۆمم، لە هەر شەقامێکدا پارچەیەکی شکاوی جوانیی خۆمم دیتبێ توند توند خۆمم گرتوە نەبادا هەمووی خۆم لە من بکەون و بزربم، دیسانەوە سەرقاڵبم بە خۆمەوە و دیار نەمێنم و هەموو جوانییهکانم لێبکەون. ئای کە ماندوومە و سەختە لە دوای خۆگەڕان و دۆزینەوەی خۆم، هاوارێکیش نەبم لە ناو گەرووی خۆم.
– ئەرێ ئێستا خۆم لە کێندەرێ و من لە کێندەرم؟
لەو ولاتە ئەو دێرە زۆر باوە کە دەرگهی ماڵهکەت دەکەیتەوە بە هاوسەرەکەت یان دەزگیرانە خۆشەویستەکەت دەڵێی (هانی ئەم هۆم)* هەنگوین لە ماڵم، بە خوێندنەوەیەکی قووڵ، پەیام و واتای زۆر جوان دەدا.. بەڵام بازرگانە نەخۆش و دژ بە مرۆڤایەتی و ژیان و جوانیی، ئەوانەی دەستیان هەمیشە لە گیرفانەکانی مرۆڤدایە، ئەو دێرە جوانەشیان گوو تێکرد بۆ ریکلام و پروپاگەندەی بازرگانی، بە دەسکارییهکی کەم گۆڕیویانە (مەنی ئەم هۆم)** پارە لە ماڵم، ئەوه ریکلامی قومارخانەکانە کە (کەسینۆ)ی پێدەڵێن لێرە، تۆ سەیرکە چۆن قومارت لە بەرچاو جوان دەکەن.. خۆدەشزانن چ زیانهکیش لە مرۆڤ دەدەن، گوو دەکەنە ئهمڕۆ و سبەی و ژیان و خێزان.. ئاڵوودەبووەکان دەگەنە ئاستی خۆکوشتن و تڕین لە ئاسمان.
– گووم کردە ئەو گۆتە کوردییەی دەڵێ: (پارە پالەوانە)، نووسەرێکی گەورەی رووسیش دەڵێ: (پارە هەموو شتێکە تەنها خوا نییه). راست دەکا لای مرۆڤی نەخۆش و نەخوێندەوار و هیچ لە بار..
– لە ژێر ئەو ریکلامەی (مەنی ئەم هۆم) نزیک لە ماڵهکەم، ئەو ریکلامە لە زۆر شوێن دەکەوێتە بەر چاو لە ناو شار و تا لە نزیک گوند و پەرستگا و باڕ، کە بەرزییهکەی چوار مەترە و پانییهکەشی دوو مەتر دەبێ – کە هەرگیزاو هەرگیز ئەو وێنەیەم لە بیرم ناچێتەوە و لە بەرچاوم ون نابێ، گەنجێک لەگەڵ سەگەکەی لە ژێر ئەو ریکلامە دژ بە مرۆڤایەتی و ناشرینەدا پارچە مقەبایەکی بەرزکردبۆوە و لێی نووسیبوو: (سەگەکەم برسییهتی، یارمەتی)، خۆ هەر هزری پشت ئەو ریکلامەیە کە مرۆڤ بۆتە هەموو شتێک تەنیا نەبۆتە مرۆڤ بە واتا و رووە جوانییهکەی مرۆڤ. ئیدی ئەو هەموو تڕینەت لە چییه مرۆڤ. (گووێکی خەستت بۆ گیراوەتەوە، ئەو گووەش ئاوی زۆر دەوێ مرۆڤ).
– خۆشیان دەڵێن لە نێوانی کەسێکی ئاسایی و لانەوازێک داوە مووێکە، گۆتەیەکیدی (بەخێربێی بۆ ناو بەلەمەکە) یان (لە ناو هەمان بەلەم داین)، زۆر گۆتەی دیکهش، مەبەستەکە لە ناو ئەو بەلەمە بچووکە و ئەو دەریا گەورەیە و بەو شەپۆڵه شێت و هاروهاج و تووڕەییهی هەموو شتەکانی ناوی، دەبێ لەو ململانێیەدا بەرگریی بکەی بۆ مانەوە، هەی تڕحێێێو لەو جۆرە مانەوەیە، لە سێبەرت ژیان خۆشە و ژیان جوانە خۆش مرۆڤ..
– ئاڵوودەبوومە بە ئازار چەشتن، ئەو وێنانەی دەیانبینم و لە ناوی دەژیم وەک مرۆڤبوونم ئازارم دەدا، من بۆ ژەمێک چوومەتە چێشتخانە، زەنگم بۆ لێدرا..
– بەلێ کاک عەزۆی بۆڕیچی لە چێشتخانەمە و گوو دەخۆم.. نا فەرمووی؟
+ گێبدێ؛ بۆ ئەو گووەی تۆ.. دەزانم حەزت لێیەتی.. منیش هەموو رۆژ دەیخۆم.. ئێستاش بۆنی گووم لێدێ..
– بۆ ئەو جارەش قازمەت لە بۆڕیی گووی داوە و بە دەموچاوتدا تهقیتەوە؟
+ نا براکەم.. ئەوڕۆ بۆ ئەو تەرەسەی خۆمان – ش – کارم کرد، بە کورتییهکەی بۆڕی و کۆنترۆڵی ئاوی باخچەکەی بۆ چاکەم.. خۆ باخچەکەشی تەنیا بە باخچە ناچێ – وردە بەردە و سێ چار داری لە خۆی ناشرینتر و وشکتر ئاو بێنە و دەست بشۆ -، لە دەرگهم دا.. دەرگه کرایەوە.. بۆنی گووم لۆ هات، چووم بۆ ئاودەستەکەیان میزێک بکەم.. هاوار بە حاڵـم چ ببینم.. میزیشم بیرچۆوە.. زۆر نەمابوو بڕشێمەوە… منیش بە (ش)م گوت: (ئاودەستەکەشت تێکچووە بۆ قسە ناکەی؟)، له وهڵامدا پێیگوتم: (نا برا تێکنەچووە.. بەڵام خهرجیی پتر له پێویست باش نییه، بە منداڵهکانم گۆتییه ههر رۆژهی تهنیا یەک جار فلاش بەکار دێنن ئەویش پێش نوستن، بۆ ئەوەی ئاو خهرج نەکەین..)، هەر بۆ زانیارییتان (ش) یەکێکە لە ملیۆنێری دۆلاریی لەو ولاتە، زووتر زوڕناژەنی پارتێک بووە لە ولات.. بەڵام لە پیسکەیی ناسراوە و دەنگی دایتهوه، پسپۆر لە پارەکۆکردنەوە و قەلۆش و گەدا بۆ خەرجکردن، بە هەر شێوازێک بێ گرنگ نییه.. خۆی داوێتە ناو ئاگر بۆ دۆلارێک.. هەموو رێگهیەکی یاسایی و نایاسایی گرتۆتەبەر، رەوشتیش لای ئەو یەک دۆلار ناهێنێ و… ئیدی، کاکە گیان گەر جارێکیتر بۆ (ش) کار بکەم تکایە بمخەرە ناشرینترین رستەوە هەر بە ناوی خۆشمەوە، گەر بێدەنگ بین با گووی ئاوەدستەکەی و هزری (ش)یش کە لە گووش پیسترە نۆشی گیانی هەموومان بێ، با ئیدی وازت لێبێنم چونکه گوو دەخۆی.. کاتێکی خۆش.
– + هاهاهاهاها هاهاهاه…
– (مردن تۆ لە کوێی ژیان کوشتمی)***.
_______________________________
* (هانی ئەم هۆم): (honey I’m home).
** (مەنی ئەم هۆم): (money I’m home).
*** گۆرانییهکەی هونەرمەند (کامەران عومەر)ه.
Farhad4Hamad@yahoo.com