Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
باخچه‌یه‌كی قه‌فه‌سی، وه‌رزێك له‌ ته‌نهایی

باخچه‌یه‌كی قه‌فه‌سی، وه‌رزێك له‌ ته‌نهایی

Closed
by July 10, 2011 ئەدەب

1
له‌نێو باخچه‌یه‌كی په‌مه‌یی ده‌ریادا
له‌نێو شه‌پۆلێكی سه‌رشێتی به‌ربادا
له‌ناو په‌رداخێك له‌ تریفه‌ی
به‌جێماوی سێبه‌ری به‌رهه‌تاوی ئاودا
بۆت ده‌گه‌ڕێم
تاكو ناسكترین وشه‌ی نووری وه‌رزت
له‌خوێنی به‌فر
بۆ بكه‌مه‌ باخێك له‌قه‌فه‌سی
سه‌فه‌ری ته‌نهایی
تاكوو په‌لكه‌زێرینه‌یه‌كی به‌هاروو
گۆمێك  له‌سه‌مای ره‌نگاڵه‌یی ئاوو
گوڵاڵه‌یه‌ك له‌تیشكی هه‌تاو
بكه‌مه‌ دیاری دڵشكاوی سیمای
په‌نجه‌ره‌ی رۆحت
تاكوو دڵته‌نگی خه‌می باران و
كڕێوه‌ی شه‌رابی سووری
به‌فری زستان‌و
په‌پوله‌ی هیوای بیرباته‌وه‌
2
بۆت ده‌گه‌ڕێم
له‌ نێو په‌رچه‌می فریشته‌ی
شه‌وه‌زه‌نگی ڕۆحما
له‌نێوكۆرپه‌ی گوڵێكی جوان
به‌ پێده‌شتی دڵما
ده‌گه‌ێنمه‌ نێرگزی پایزی
هه‌ڵوه‌ریووی سووتان‌و
شانۆی ڕوناكی كازیوه‌ی  به‌ربه‌یان
تاكوو مه‌ستی ببه‌خشێته‌
ده‌روازه‌ی دڵی رووبارت
3
بۆت ده‌گه‌ڕێم
له‌نێوو داگیرسانی تیشكی مۆمێك و
له‌نێوو كتێبێك  له‌ته‌می ئێواران و
له‌نێوو ده‌شتی وه‌رزی جه‌سته‌ی پڕگریان و
تیشكی شانه‌ی سه‌مای
نه‌رمی به‌ره‌ به‌یان
تاكوو  گه‌ڵایه‌ك له‌ چیمه‌نی
سنه‌وبه‌ری ره‌نگی  سه‌وزو
سه‌رمای چه‌پكێك له‌كوڵمی سوور
به‌وێنه‌ی زه‌رده‌په‌ڕ ده‌كرێته‌وه‌
4
بۆت ده‌گه‌ڕێم
له‌نێوو نیگای  به‌هه‌شتێكی وون بوودا
له‌نێوو زه‌ریایه‌كی به‌لم داپۆشراوی
سه‌رهه‌ڵگرتوودا
كه‌پڕ بێت له‌ ئازاری ماچی گه‌ڵاو
كۆچی مانگه‌ شه‌وی پایزو
قه‌ده‌ری په‌ژاره‌ی
چه‌پكه‌ گیایه‌كی سه‌وز
به‌هه‌ناسه‌ی تاساوی
ژیانێكی غه‌مگین
وه‌ك په‌پوله‌ی سه‌مای نێوان خۆرو
ته‌می سپی ئاسمان
گوڵه‌كانیش پێ‌ نازانێ‌
ده‌ریا چۆن سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ
5
بۆت ده‌گه‌ڕێم
له‌نێوو باخچه‌یه‌كی زه‌ردی غه‌ریبی
كه‌ ژیان تێدا بێهوده‌یه‌و راده‌چڵه‌كێ
له‌نێوان سه‌فه‌ری چاره‌نوس و
چڵی تریفه‌ی مانگدا
هه‌واڵی ئه‌ستێره‌ی بێ كه‌سی
چرۆی رۆحم هه‌رناپرسێ
هه‌رئه‌وكاته‌ ده‌بمه‌ خه‌ونی سه‌وزی
ڕێبوارێكی ئاواره‌و ماندوو
كه‌شتیه‌كی ده‌ریا له‌ چۆڵی و
دره‌ختێكی ته‌ره‌ی سوتاوی پایزو
خه‌یاڵی سه‌رشێتی مه‌ستی
شمشێری ناو خوێنی دڵم
ده‌بنه‌ سه‌فه‌رێك ته‌نهایی
6
ئه‌ی نه‌سیمی ڕۆحی من
ئه‌ی دره‌ختی په‌رچه‌م ئاڵۆزاوی
گه‌ڵا وه‌ریوه‌كانی دڵته‌نگی
كاتێ‌ ڕۆژو وه‌رزه‌كانی
شه‌قامی ساڵ دڵته‌نگ ده‌بن‌و
ئاوێنه‌ی دڵیان تێك ده‌شكێ‌
مه‌رگیش به‌ئه‌سپایی
له‌نێوو تابوتێكی سپی
له‌سێبه‌ری په‌ڵه‌ هه‌ورو
بێزارده‌بێ
مه‌لی باڵشكاوی شعر
وه‌رزی ره‌نگاوره‌نگی
په‌نجه‌ره‌ی سپی ده‌بینێ ؟

7
بۆت ده‌گه‌رێم
وه‌كوو ئاوێنه‌ی قه‌ده‌ری روی خۆم
وه‌كوو مۆمی دڵ به‌خه‌نده‌و
زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌جێماوی زامی به‌سیۆم
كاتێ‌ ئاسمان په‌رژینی خۆی
واڵا ده‌كاو
جوانی نیگا ناناسێته‌وه‌
سێبه‌ری گه‌ڵایه‌ك ده‌بینم
كه‌وتۆته‌ سه‌ر زه‌وی پرچی ته‌مه‌ن
هه‌رئه‌وكاته‌ ماچه‌كانی رابردوو
پڕده‌بن له‌ شه‌پۆلی ده‌ریا و
لێزمه‌ی باران توڕه‌و
دۆزه‌خێك له‌ سپیه‌تی به‌فر
8
بۆت ده‌گه‌رێم
ئێواره‌یه‌ك تاڤگه‌ی چۆڕاوگه‌ی
ته‌ڵخ ده‌بینم
به‌وێنه‌ی كۆشكێكی
ده‌رگای ژوورێكی تێكشكاو
به‌وێنه‌ی په‌رچه‌مێكی سپی ئاڵۆزكاو
به‌وێنه‌ی كه‌شتیه‌كی ون بوو
لاپه‌ڕه‌ی شه‌پۆله‌كانی  هه‌ڵده‌داته‌وه‌
كه‌پڕه‌ له‌ڕۆحی ته‌ڵخ و
دووڕیانێكی سه‌هۆڵبه‌ندان ‌و
ره‌نگاو ڕه‌نگ له‌خه‌مێكی بێده‌نگی
9
چه‌ند بگه‌رێم
ده‌بمه‌وه‌ په‌پوله‌یه‌كی ناسك
فه‌رامۆش به‌ ته‌مه‌نی باخچه‌یه‌كی ڕه‌ش
شكاو به‌شووشه‌ی خه‌ون
ده‌بمه‌ چركه‌ی گزنگی به‌یانی
ده‌بمه‌ تنۆكێ  له‌باران
ده‌بمه‌ چۆڕاوگه‌ی زستان ‌و
خونچه‌ی پشكوتووی
چوار وه‌رزی ساڵی دابڕان

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.