ئارامبه هاملێت له شێتی ئۆفیلیا هه‌ڵمژه
أ
نیشته‌جێبوون له خه‌ون
1
پێخاوسه بێ كڵاوه‌كان ،
پۆشاكیان له ره‌نگی بارووت ، له شوێنی چاویاندا .. چاڵ !
شه‌كسپیر : ئه‌م جۆره پیاوانه له ده‌ورتدا چی ده‌كه‌ن ؟
2
بۆشاییه‌ك .. ته‌ویله‌ی مه‌ڕ وماڵاته .
شار له بۆڕییه‌كانی چیمه‌تنۆ راكشاوه .
گالیسكه‌یه‌ك له هه‌وره‌وه دێته خوارێ : بیبه هاملێت :
پیاسه‌یه‌كی سه‌ر روبار بكه ،
پیاسه‌یه‌ك له‌و ئاسۆیه‌ی كه شانی به‌سه‌ر ئاخه‌كانی تۆ داداوه‌ته‌وه .
پیاسه‌یه‌ك له ده‌وری ئه‌و منارانه‌ی ده‌سته‌كانی كردۆته‌وه
تا ده‌ستی ئاسمان بیگرێت .
تارماییه‌كان ، له شه‌قامه‌كاندا ده‌جوڵێنه‌وه :
وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ساره‌كان یان له‌و به‌ردانه‌وه بێن :
كه خواوه‌ندێكی بێ ناو تیایاندا نیشته‌جێ یه .
3
خه‌ون ده‌بینم /
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریای ناوه‌ڕاست بم .
نه‌وره‌سێك به شوێن ماسییه‌كدا ، به‌ره‌و قوڵایی هه‌ڵدێر ده‌بێته‌وه ،
پێده‌چێت زۆری بڕیبێ و نه‌گه‌ڕێته‌وه .. بێگومان :
پاش كه‌مێكیتر سه‌ر ئاو ده‌كه‌وێ ..
ئه‌وسا من شوێنه‌كه‌ی خۆمم گۆڕیوه :
نامه‌وێ به مردوویی بیبینم .
4
خه‌ون ده‌بینم /
سه‌ده‌فێك ، قوتویه‌ك قه‌وزه‌ی هه‌ڵگرتووه ،
سه‌ده‌فێكیتر له ئۆفیلیا ده‌چێ ، ناشێ ده‌نگی هاملێت بێ ،
ئه‌وه‌ی ده‌یبیستم ؟
( من هیچ نیم .. كه‌س نیم :
من ته‌نیا گواره‌یه‌كم له گوێی هه‌ساره‌یه‌كی نێره‌مووكدا )
هێلكه شه‌یتانۆكه هه‌ردوو قۆچی له شێوه‌ی چارۆكه به‌رز كردۆته‌وه ،
كه‌فێك ، له مه‌ودای نێوان قۆچه‌كانی : كورت و درێژ ده‌بێته‌وه .
( ته‌نیا ونبوو ، ده‌توانێ خۆی بناسێت ) ئه‌و ده‌نگه‌ی گوێم بۆ گرتبوو ، وایگوت .
( ونبوون دوڕ و مه‌رجانی منه ) شاعیر ده‌ڵێ .
( حه‌وزی شیعر ، هێنده‌ی ئاو تێدا نییه ، به‌شی خونچه‌یه‌ك بكات )
ئه‌مه‌یان سه‌ده‌فێك گوتی : شێوه‌ی له ئۆفیلیا ده‌چوو .
5
خه‌ون ده‌بینم /
له به‌نده‌رێكی نێوان ده‌ریای ناوه‌ڕاست و باكور ،
له ژێر ئاسمانێكی ره‌نگ ماشوبرنجیدا
كه‌زی شه‌پۆلێكی ماشوبرنجی مه‌له ده‌كا و ده‌له‌نگێته‌وه ،
له هه‌ورێك كه ئه‌ویش مه‌له ده‌كا له‌ناو كڵاوێك به هه‌زاران كونه‌وه .
له ژێریدا .. هه‌میشه له ژێریدا :
عه‌تری گوڵه ژاڵه به پێیه‌كانی ( با ) ده‌كه‌وێ .
نه‌وره‌سه‌كان له شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تی منیان بیر مابێ .
هه‌وریش گه‌ردنی ئه‌وانی ده‌كرده نوێن .
دیوارێك له چیمه‌نتۆ ، ده‌ریا ده‌شارێته‌وه ،
له پشته‌وه‌یدا ، ئاسۆیه‌ك خه‌ریكه ده‌خنكێ ،
به‌ردێكی ره‌ش : به‌ڵام به‌ردێك له ئاگر ،
ئاگرێك له فه‌له‌ك ، نه‌ك له زه‌وی .
( سه‌ر دوایی دێت ، به‌ڵام یاده‌وه‌ری ده‌مێنێته‌وه ) به‌رد ئاوای گوت .
شه‌كسپیر :
هه‌ر به‌راستی ، تۆ لێره‌وه رابوردی ؟ !
( ب )
نیشته‌جێبوون له ماڵی واقیع
1
ژورێكی ته‌نگ ، له هۆتێلێكی فراوان .
له ژوره‌كه‌ی ته‌نیشتمه‌وه گوێم له ده‌نگنوسانی دراوسێكه‌مه ،
ئاخۆ ئه‌ویش ، هه‌ناسه‌دانه‌وی سه‌رینه‌كه‌م ده‌بیستێ ؟
سه‌رینه‌كه‌م به‌ر مشاری یاده‌وه‌ری ده‌كه‌وێت ،
دوكه‌ڵكێشی هزره تیژڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر چرپاكه‌م گڕ ده‌گرێ ،
وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاوزێك بم له زه‌نگی بۆشایی ، كه ده‌ستی ( با ) ده‌یژه‌نێ .
2
لێره .. له له‌نده‌ن ( رۆح ) م بینی :
ژنێك بوو : نیوه‌ی له ئاو و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی له ئاگر .
هاملێت : ده‌ستت بخه‌ره نێوانی هه‌ردوو نیوه‌وه و
ئه‌و ژنه‌ت بیربێته‌وه كه خۆشیویستی .. ئه‌رێ بۆنی له بۆنی مێژوو ناكات ؟
له تۆ ده‌پرسم هاملێت :
ئه‌رێ ئاو ره‌گی هه‌یه ؟
یان ره‌گیی ، ره‌گی ئاگریشه ؟
من عاشقی ئه‌م جۆره پرسیارانه‌م ، كه پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵام وه‌رگرن :
خۆیان ده‌گۆڕن .
3
له قاوه‌خانه‌دا /
پیره‌مێردێك : به سه‌ری به‌رانه‌كێوییه‌كی نه‌خۆش ده‌چێت .
پیره‌مێردێكیتر : له‌ناو كتێبه پیرۆزه‌كه‌یدا خه‌وتووه .
پرسیاره سه‌رگه‌ردانه‌كان دێن و ده‌چن :
ئه‌و هێزه چییه ، كه جیهان نابینێت ،
به‌ڵام ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت ؟
4
قاوه‌كه‌ت بخه ئه‌ولاوه و شتێكی تر بخۆره‌وه ..
( به یارمه‌تی خوا ، له كه‌ناره‌كانی هیدسۆن و تایمز
ئاوی ژیان ده‌به‌ین ، تا له دیجله و فورات و
هه‌موو روباره‌كانی جیهان هه‌ڵبقوڵێت )
– جه‌نگێكه له دژی ئاو و دره‌خت ،
له دژی گلگامێش و هۆمیرۆس ،
له دژی باڵنده و روخساری منداڵه‌كان .
– هه‌وا له‌سه‌ر قامیشێك باركراوه كه ناوی زه‌وییه و، ده‌نووزێته‌وه .
– له زه‌مانێكداین ، كه پارچه‌ی ته‌قه‌مه‌نی سه‌رزاره‌كی ده‌یڵێته‌وه ،
– گڕكانه‌كان فه‌زاشیان گرتۆته‌وه .
– وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م دایكه / ئاسمان :
وه‌ك داگیركه‌ران ده‌ڵێن : به هیچ تێر ناخوا ،
بێجگه له ته‌رمی رۆڵه‌كانی نه‌بێت .
– ئه‌رێ پێویسته باوه‌ڕ بكه‌ین :
كه مووشه‌كی پێغه‌مبه‌رانه هه‌یه ،
كه شارستانێتی ته‌نیا له پاشماوه‌ی ئه‌تۆم له دایك ده‌بێت ؟
– خه‌ریكه خه‌مه‌كانمان ،
نینۆكیان له جه‌ستی ئه‌ستێره ده‌چه‌قێنن .
– زه‌مینێك ، له ئاگردا مه‌له ده‌كا و
مرۆڤه‌كانیش داری سه‌وزن .
– به شوێن ژیاندا ده‌گه‌ڕێین :
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نادۆزینه‌وه ، بێجگه له غوباری ئه‌تۆم .
– دواین گوڵمان خسته سه‌ر قه‌بره‌كان .
بۆ كوێ ده‌ڕۆین ؟
خودی رێگاش ، باوه‌ڕی به هه‌نگاوه‌كانمان نه‌ماوه .
5
له شه‌قامه‌كانی له‌نده‌ندا ، پاشماوه‌ی لاهوت ، به‌رد ده‌نه‌خشێنێ :
وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌سیه‌ته‌كانی به‌رد ، به ئاو بنووسێته‌وه .
شه‌قامێكه / وه‌ك ئه‌وه‌ی پاڵتۆیه‌ك بێت و
گه‌رمبوونه‌وه ، تاكه په‌یامی نه‌بێ .
شه‌قامێكه / مانگێك به‌سه‌ریه‌وه مه‌له ده‌كا و
خه‌ریكه ده‌بێته كولێره .
له‌نده‌ن / كانوونی دووه‌می 2006 ، خۆر بۆته بیژه‌ری ته‌له‌فزیۆنیی ،
ئه‌ستێره‌كانیش رۆژنامه‌ن .. هیچ هه‌واڵێك له‌لای عه‌ره‌بانه‌وه نایه‌ت :
بێجگه له هه‌ژاری و كوشتن .
لێره‌ش هه‌روه‌ها ، خه‌ڵك : رۆژیان به دابه‌ش كردنی ئاسمان ده‌ست پێده‌كه‌ن و
زه‌وی ته‌نیا بریتییه له كه‌وچكێك .
6
له له‌نده‌ن ، واقیع چه‌شنی مه‌یمونێكی سوور ، به شانمدا هه‌ڵده‌گه‌ڕا .
نه‌شده‌ویست بزانم بۆ ؟ ئه‌و نه‌شئه‌یه ده‌یبردم كه له هه‌ڵمی مادده به‌رز ده‌بۆوه ، ئه‌و مادده‌یه‌ی كه شه‌كسپیر له مانه‌وه و گه‌شتیدا ، متمانه‌ی پێ هه‌بوو .
گوتم با بچمه ئۆكسفۆرد . له زانكۆی ئۆكسفۆرد به بیرما هات ، له‌گه‌ڵ كه‌مال ئه‌بودیب ، دووباره شۆڕببمه‌وه بۆ دۆزه‌خی ( سان جۆن كۆلیج ) و، ئه‌و ئاسمانه ببینمه‌وه پارچه پارچه‌ی بۆته ژووری به‌تاڵ ، كه ته‌نیا ئه‌و قه‌سیدانه‌ی لێیه ، كه‌وا تۆزی مێژوویان له‌سه‌ردا نیشتووه . پێم باشبوو له هه‌مان ده‌فره‌كه‌ی هاملێت بخۆمه‌وه ، تا ببێته كوپه‌یه‌ك بۆ له‌خۆگرتنی تێكه‌ڵه‌یه‌كی نێوان شێتی و خۆشه‌ویستی ، كه‌چی هیچی تێدا نه‌بوو بیخۆمه‌وه ، بێجگه له میسكێك جارێك له خه‌وندا تامم كردووه ، له لێوی ژنێك شێوه‌ی له ئۆفیلیا ده‌چوو . ئێواره ، گه‌ڕامه‌وه له‌نده‌ن : به ماشێنێكی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆ ، كه‌سی نه‌هێشت رابوورێت و نه‌یخاته قوڕگییه‌وه ، باوه‌شی بۆ هه‌مووان واڵا بوو ، ده‌ینه‌ڕاند وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بازێكی گه‌وره بدات و به‌ر دیواره‌كانی ئاسۆ بكه‌وێ . له به‌رانبه‌ر دانیشتبووم و نه‌متوانی له پێشیدا وشه‌یه‌ك بڵێم ، حه‌ز و ئاره‌زووشم نه‌بوو كتێبێك بكه‌مه‌وه و ئه‌و هه‌را و زه‌نایه‌ی پێده‌ركه‌م كه دیواری راكردوو له ژێرزه‌مینی كات ده‌ینایه‌وه . ئه‌و پیره‌ژنه ، داپیره‌می بیر هێنامه‌وه كه چووبووه حه‌ج و بێجگه له به‌هه‌شت ، باوه‌ڕی به هیچ نه‌بوو .
7
له چێشتخانه‌یه‌كی ئیتاڵی نانی ئێواره‌مان خوارد : كه هیچ شتێك نه‌یده‌به‌سته‌وه به ده‌ریای ناوه‌ڕاست : غه‌سان شربل ، عه‌بدولوه‌هاب به‌درخان ، عه‌بدولڵا ئه‌سكه‌نده‌ر ، مسته‌فا زێن ، و من .
باسمان له‌و باڵنده عه‌ره‌بیانه كرد ته‌نیا له ئاسۆی گولله و چه‌قۆدا له شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن . باسمان له‌و عه‌ره‌بانه كرد نه‌ماون ، ته‌نیا له ناو كتێبان نه‌بێ .
شه‌كسپیریش لێمانه‌وه دوور نه‌بوو . له نزیكمان بوو ، سه‌رقاڵی ئه‌و خوێنه بوو كه له شانۆكه‌ی ده‌چۆڕا . هات و له مێزێكی ته‌نیشتمانه‌وه دانیشت : ده‌ستی كرده باسكردنی پاڵه‌وانه‌كانی ، باسی هونه‌ره‌كه‌ی كه ئێستاش كاروباری ئه‌م جیهانه نمایش ده‌كا .
– ئۆفیلیا ، ( پۆشاكه‌كه‌ت له ئاوی عه‌ره‌بدا مه‌له ده‌كا ) شه‌كسپیر گوتی .
( عه‌ره‌بیش له ئاوی هیدسۆن و تایمزدا مه‌له ده‌كه‌ن ) ئه‌مه *حه‌بارێك گوتی
كه تۆڕ ئابلۆقه‌ی دابوو ، چه‌كێكی تریشی نه‌بوو ، بێجگه له مه‌ره‌كه‌ب .
– شه‌كسپیر ، چه‌ند ساڵ له‌سه‌ر ئه‌م ته‌خته‌یه‌دا زیندوو ده‌مێنین ؟
– ته‌نانه‌ت توانای قسه‌شمان نه‌ماوه .
– قسه‌ش كه‌وتۆته ده‌ستی خودا .. یارمه‌تیان بده ئه‌ی به توانا .
نه‌متوانی ئۆفیلیا له ناو پێڵوه‌كانمدا به ئاگا بهێنم كه له‌گه‌ڵیدا سه‌ر ئاو كه‌وتبوو ، به‌یه‌كه‌وه ته‌نانه‌ت باوه‌شمان به‌و ئاوه‌شدا كردبوو ، كه تیایدا خنكا . له پۆشاكه‌كه‌یدا : ئه‌ستێره و ده‌ریاچه و دۆڵه‌كانیش هه‌بوون .
– به‌ڵام ئۆفیلیا دیانا نییه .
دیاناش نابێته شاژن .
* تێبینی / حه‌بار cuttle fish/ گیاندارێكی ئاوییه و له ( فه‌رهه‌نگی زانیاری ) دا ناوه كوردییه‌كه‌ی به ( مه‌ره‌كه‌ب وه‌شێن ) هاتووه ، ئاوێكی ره‌ش ، له شێوه‌ی مه‌ره‌كه‌ب ده‌رده‌دات و بۆ وێنه‌كێشان به‌كار ده‌هێنرێت .
( ج )
هاید پارك
1
– نه‌وت بخوێننه‌وه ، وه‌ك ئه‌وه‌ی سوره‌تی سه‌رده‌م بێ .
– وه‌ك ئه‌وه‌ی وێنه‌ی سه‌رده‌م بێ .
– رۆنی به‌رد ، خوێنبه‌ربوونی برینه له جه‌رگی زه‌مین ،
هه‌وه‌سی زه‌ویێكی سكپڕه ، خوێنێكی ره‌شه .. سه‌وزه ، ناوه‌ڕۆی ئاژه‌ڵ و رووه‌كه له گه‌یینێكدا كه هه‌وا ناناسێت ، شه‌رابی هه‌موو جۆره ته‌رمێكه .
– سڵاو له شۆڕشی پیشه‌سازی و
داوه‌شینیش بۆ كه‌مته‌رخه‌میی په‌راسووه‌كانی .
– وڕێنه‌یه‌كه له ئاوی عه‌قڵ مه‌له ده‌كا . كۆیلایه‌تییه‌كه بۆته په‌رستن .
– نه‌وت پیسكه‌رێكی گه‌ردوونییه ، له جووڵه و له گه‌رمایی و له روناكیی .
– له دڵ و له مێشك .
– به‌سه‌ر هه‌موو شته‌كانه‌وه كراوه‌ته پاشا.
– بێزه‌وه‌ره ، له دیمه‌ن و له ده‌ستلێدان و له بۆنیشدا .
– ئه‌ده‌بیی قیڕه .
– دۆزینه‌وه ، ده‌ستنیشانكردن ، هه‌ڵكۆڵین ، ده‌رهێنان ، هه‌ڵگرتن ، چاككردن ، كۆگاكان ، بۆڕیه‌كان ، ئه‌ستێركه‌كان ، به‌رمیله‌كان ، پاڵاوتن ، خاوێنكردنه‌وه ، دڵۆپاندن ، مازووت ، زه‌یت ، غاز ، كیرۆسین ، دابه‌شكردن ، فرۆشتن ، وێسته‌گه‌كان ، مزه‌خه‌كان ، ته‌پوتۆزه‌كان ، سۆنده‌كان ، ته‌نه‌كه‌كان ، گۆمه‌كان ، تانكیه‌كان ، بزوێنه‌ره‌كان ، كۆڵه‌گه‌كان .
– به‌ره‌و هه‌ناسه هه‌ڵمژین .
– به‌زه‌ییتان بێته‌وه به بۆنه‌كانی جیهانی كشتوكاڵی فه‌وتاو .
– رۆشنبیریی قیڕ :
وێنه‌گرتن ، سینه‌ما : فرناند لیژیێ ، ئه‌دوارد هۆبه‌ر .
رۆمان : دۆس باسۆس ، فۆكنه‌ر .
شانۆ : برێخت ، بیسكاتۆر /
نه‌وت پاڵه‌وانی داستانه‌كانه .
– ئه‌رێ شیعر له كوێیه ؟
– نه‌وت : زه‌ویناسی ، كیمیا ، فیزیا ، زینده‌وه‌رزانی ، زانستی ئاژه‌ڵ ،
، زانستی پزیشكی ، ده‌رمانسازی ، زانستی ژینگه‌ی ده‌ستكرد ، ئابووری سیاسی ، زانستی دارایی ، جوگرافیای سیاسی .
نه‌وته نه‌وت : سۆمه‌ر و بابله .
كه‌شتی نوحه .
تۆفانه .
ئه‌سفالتۆیه .
– فۆرمه‌كانی تێگه‌یشتن و هه‌سته ،
كه نه ئه‌فلاتون و نه قوتابیه‌كانی یه‌كه‌می زانیویانه .
خودی هیراقلیتیش نه‌یناسیوه .
وه‌رزه‌كانی هه‌ست كردنه له ناو ئاماژه كانزاییه‌كان .
– بایۆلۆژیای مادده‌یه ، زانستی مانای ده‌ستكرده ،
جیهان جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه پێی ده‌گوترێت بزوێنه‌ری ئامێریی ،
تاریكی و روناكییه له‌یه‌ك پۆشاكدا ، كۆتایی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌كانه ،
سه‌رفرازی .. سه‌رفرازی .
– ئه‌و : ئه‌ستێره‌كانی له كێگه‌ی ئاسماندا چاند .
– به‌م گه‌ردوونه بڵێن : خۆی له نێوان په‌نجه‌كانتاندا ده‌رباز بكات .
– خودی هاواریشتان پڕیه‌تی له لۆچ .
– شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه گه‌یشت .
– گه‌شتیاره‌كان دانه‌به‌زین .
– گۆڕان و بوونه كورسی .
– ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم مه‌جاز نییه .
– ئه‌ی جیهان : بڕۆ و ببه به خه‌ڵووز .
( د )
په‌ڕاگه‌نده
1
له شه‌قامه‌كانی له‌نده‌ندا ، شه‌كسپیر به ته‌نیشمه‌وه رێی ده‌كرد .
( چۆن له گۆڕه‌كه‌یدا هه‌ڵساوه‌ته‌وه ؟ ) كه‌سێك لێمی پرسی كه باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد .
ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی عه‌ره‌بدا ژیا بێت ، ره‌نگه پێش ئه‌وه‌ی له دایك بووبین .
ئه‌رێ تۆ سه‌ره‌تای رێگای .. یان كۆتاییه‌كه‌ی ؟
ئه‌رێ تۆ كۆتایی سه‌ره‌تایت .. یان سه‌ره‌تای كۆتایی ؟
گاڵته‌جارییه .. كڵێساكان ، مناره‌كان : له هه‌راوزه‌نای مادده‌وه به‌رز بوونه‌ته‌وه ، له‌ناو فنجانی قاوه‌دا هه‌ن ، له‌ناو پیاڵه‌ی چادا ، له‌ناو كڵاو و ده‌سه‌سڕه‌كانیش .
– له چاره‌نووس ببه‌وه ، دوودڵ مه‌به : له هه‌موو وشه‌یه‌كدا كه ده‌یدركێنیت ، ته‌ڵه‌یه‌ك بۆ ئاسمان بنێوه . توڕه به وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌كسپیر بیت . كێن ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی ، سه‌ره‌كان به روبار تێده‌گه‌ن و ده‌یڕننه‌وه و ماڵه‌كانیان پێ ده‌ڕازێننه‌وه ؟
2
شه‌كسپیر ، دوور له عه‌ده‌تی خۆی ، خه‌ریكه په‌تی ئاره‌زوو ده‌گرێت ،
له‌و كاته‌ی كه چاودێری ئه‌و سیحرانه‌ی ده‌كرد له كه‌مه‌ری ژنانه‌وه ده‌ڕژا .
ژنێك چه‌شنی زار غلۆ ده‌بۆوه ،
وه‌ك ئه‌وه ده‌چوو ، تازه له ده‌ستی چاره‌نووس ده‌ربازی بووبێ .
3
له‌نده‌ن :
دوو مه‌مكی گه‌وره‌یه ،
مه‌مكێكیان پاره شیری ده‌داتێ ،
مه‌مكێكیان له ده‌ستی خوایه .
4
ئاسمان ، به ده‌سه‌سڕی هه‌ور ، روخساری داپۆشیبوو ،
كاتێك ئه‌م ئێواره‌یه رۆیشتم بۆ شوێنێك له له‌نده‌ن ،
تاوه‌كو چێژ له بینینی سه‌رده‌مانێك ببینم ،
كه به ماندووێتی به گالیسكه‌كانی مێژوو ، دێن و ده‌چن .
ئه‌وه شه‌وه چه‌قۆكانی هه‌ستی خۆی تیژ ده‌كاته‌وه .
دانیشتین / ئه‌و و ئه‌م و من ، له قاوه‌خانه‌دا ، كتوپڕ شه‌كسپیر هاته لامان :
گوتی ( ئه‌ی نامۆكان ، براكان ، ده‌مه‌وێ گوێتان لێبگرم )
دواتر به گوێماندا چرپاندی :
( رۆژ ، زۆربه‌ی كات :
كوڕێكی زۆڵه ، بۆ خۆری دایك )
5
خه‌ون ببینه / له هه‌مان ئه‌و به‌نده‌ره‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ،
كه‌شتیه‌كان له ناخی ئاودا ده‌رده‌هاتن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شه‌پۆلێكی سووره بێن و ئه‌و كه‌شتیه‌وانانه رایكێشن كه هه‌ساره‌كانی رێكه‌وت رایكێشاون .
ئه‌و خه‌ونی نه‌ده‌بینی : گوایه ده‌بینێ ، یان ده‌خوێنێته‌وه ، یان ده‌نووسێت ،
نه‌خێر ، به‌ڵكو ده‌ریا بوو ، ده‌ریا ، ده‌ریا .
منیش پاڵتۆیه‌ك شك نابه‌م ، تا به جه‌سته‌ی ئه‌م به‌نده‌ره‌ی داده‌م .
6
سبه‌ینێ ،
له ده‌ربه‌نده‌كانی رۆحدا ،
شه‌پۆلی مادده كه‌ف ده‌كا .
7
خه‌ون ببینه / شوێن ته‌نگ و تیشك فراوان ده‌بێته‌وه .
عه‌ره‌ب ، له غوباری ئه‌مریكیدا هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه ،
سێبه‌رێكیش نییه .
ئه‌رێ ئه‌و خۆرانه له كوێوه دێن كه هه‌موو سێبه‌ره‌كان هه‌ڵده‌لووشن ؟
( ه )
گۆرانی
له‌نده‌ن / ئه‌مڕۆ له هه‌ناومدا جۆللانه‌یه‌كت هه‌یه له شێوه‌ی كاتژمێرێكی مه‌زن ،
رازی تۆقین ، ده‌ستی به‌سه‌ر میله‌كه‌یدا گرتووه ،
به‌ڵام من گه‌شته‌كه‌م هه‌ر ته‌واو ده‌كه‌م ،
به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر پرسیار كردن .
حه‌زم بۆ زانینی حاڵم ئارام نابێته‌وه .
ئارام به ، جه‌سته‌كه‌م / له ته‌نیشت هاملێت دانیشه و
له شێتیی ئۆفیلیا هه‌ڵمژه .
*
چرپا مۆمێكی دیكه‌یه .
به‌ڵام نیۆن كاریگه‌ری له‌سه‌ر نوستن هه‌یه .
ئه‌وه‌تا ده‌مگرێ و بۆ خۆییم ده‌با ، ده‌بێ چیبكه‌م ؟
چی له‌و ئاسنه بكه‌م كه یاده‌وه‌ریم له پشته‌وه‌یدا هه‌ڵكوڕماوه ؟
( به كۆرپه‌له‌یی شه‌پۆلێكی بێ ئارام بووم )
ئه‌مه دایكم پێی‌گوتم .
ئارام مه‌به‌وه ئه‌ی شه‌پۆلی هه‌ناوم .
( چی له مردووه / زیندووه‌كانم بكه‌م ؟ )
ئه‌مه‌م گوت له‌و كاته‌ی جه‌سته‌ی له باوه‌ش گرتبووم ،
وه‌ك ئه‌وه‌ی گێژه‌ڵۆكی فه‌وتان بێت ،
بۆ خۆتم ببه ئه‌ی گێژه‌ڵۆك .
*
ته‌نانه‌ت له كاتی نووستنیشمدا ،
شه‌پۆله‌كان له ده‌ورمدا هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه ،
من ئه‌و جه‌سته / كه‌شتیه‌م :
كه رێگره‌كان ، هه‌ناوم تاڵان ده‌كه‌ن ،
كێڵگه‌یه‌كه تیایدا خواوه‌ند و ئه‌سپه‌كانی به‌ڕه‌ڵا ده‌بن ،
تیایدا باڵنده‌كان له‌سه‌ر سفره داده‌نیشن ،
مامزه‌كان له‌به‌ر هه‌یوان داده‌نیشن :
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و خێزانانه‌ی كه تیایدا ئه‌ندامم .
به‌ڵام ، بۆچی ئاسمان ته‌نیا قه‌فه‌س به‌رهه‌م دێنێت ؟
باشه ، ده‌بێ زه‌مین چیبكا ؟
شیعری : ئه‌دۆنیس
و : ته‌ڵعه‌ت تاهیر