چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”…9
سەرەنجام
سه‌ره‌نجام كۆی ئه‌و تێڕوانینانه‌ی سه‌ره‌وه (وه‌رگۆڕان)ێكی به‌رجه‌سته و راشكاو به‌سه‌ر بزاڤی کۆمونیزمی كلاسیكیی داده‌هێنێ و له ئاكار و نێوه‌رۆكدا هزرێكی نوێی کۆمونیستی لێ وه‌به‌رهه‌مده‌هێنێ، ئه‌و هزره‌ش خۆبه‌خۆ بزاڤێكی رامیاریی و رێكخراوه‌یی به‌دوادا دێ كه له‌سه‌ر بنه‌ما بنچینه‌ییه فه‌لسه‌فیی و هزرییه‌كانی جیهانبینیی ماركسیزم داده‌مه‌زرێ ل.47
دواجار وەڵامی ئەو پرسیارەم وەرگرتەوە، کە لەبەر ناڕۆشنی پێشنیارکردنی خودی “هزری نوێی کۆمونسیتی” لە بابەتەکاندا بە دووجۆری جیاواز لە سەرەنجامدا سەرەتاتکێمان لەتەکدا دەکات، کە هەندێك جار وەك بزووتنەوەیەکی بەکردەوەی ئامادە قسە دەکات و هەندێك جار وەك بزاڤێکی لەباری لەدایکبوون و پێگرتندا خۆی نیشان دەدات، بەڵام بەم سەرەتاییەی سەرەنجامەکە، دەردەکەوێت، کە مەبەست لە “هزری نوێی کۆمونیستی” کۆمەڵێك سەرخەتن، کە خودی نووسەر دەیانخاتە ڕوو. کە بڕیارە وەرگۆڕان به‌سه‌ر بزاڤی کۆمونیزمی كلاسیكیی دا بهێنن. بەڵام چۆن، لە کاتێکدا کە خودی ئەم “هزرە نوێیەی کۆمونیزم” خۆی له‌سه‌ر بنه‌ما بنچینه‌ییه فه‌لسه‌فیی و هزرییه‌كانی جیهانبینیی ماركسیزم دادەمەزرێنێتەوە، کە بە نۆرەی خۆیان هۆکاری شکستخواردنی بزاڤەکانی تا ئیستا بوون؟ لە وەها بارێک‌دا چۆن دەتوانێت پەیامی وەرگۆران و بەدەستهێنانی سەرەنجامی دیکەمان پێبدات؟
ئه‌و وه‌رگۆڕانه تازه‌یه هێنده‌سه‌راپاگیره ته‌نانه‌ت بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی هزره نوێیه به‌رهه‌مهاتووه‌كه‌شی – كه له‌نێو یه‌كێتییه‌كی ناپارتیی گه‌شه‌ده‌كا و ده‌ڕسكێ – شێوه‌ی رێكخراوبوونی پارتیی ده‌گۆڕێ و له‌سه‌ر بنچینه‌ی (ده‌سته‌به‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی) و به شێوه‌ی کۆمونەه‌یی رێكخراوی ده‌كا، ئه‌و رێكخراوبوونه‌ش له یه‌كگرتنێكی چینایه‌تییانه‌ی گشت ئه‌و کۆمونیستانه‌پێكدێ كه‌راسته‌وخۆ له‌ئه‌نجامی ململانێی خودی ناكۆكییه‌كانی نێوان كار و سه‌رمایه کۆمونیزمیان وه‌ك هزر و رامیاریی بۆ گۆڕینی سیسته‌م و گه‌یشتن به‌قۆناغی ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تیی – كه‌چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ی تێدا بنه‌بڕ ده‌بێ – هه‌ڵبژاردووه ل.47
لێرەدا دیسانەوە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراوی پارتیی، ڕێکخراوی تەنیا کۆمونیستەکانە، کە نووسەر بە “دەستەبەندیی کۆمەڵایەتیی” نێویان دەبات. پرسیار: ئایا ناکۆمونیستەکان لە کوێی ئەو دەستەبەندییە کۆمەڵایەتییەدا جێگیر دەبن یا دەوەستن؟
هەروەها وەك پەرەگرافەکانی دیکە شۆرش و ئەرکی گۆڕینی کۆمەڵگە بە ڕێکخراوەی کۆمونیستە هزرنوێیەکان دەبەستێتەوە. پرسیار: ئایا ڕۆڵی چین و توێژە بندەستە ناکۆمونیستەکان و ڕێکخراوە خەباتکارەکانیان لەو پەیوەندەدا چی دەبێت؟
هه‌روا به‌توندییش پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌داده‌گرێ كه پێویسته کۆمونیسته‌كان – له‌هه‌ر ناوچه‌و وڵات و سه‌رزه‌مینێكی ژیاندا هه‌ن – به‌پێی تێڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندییه‌چینایه‌تییه‌كانی چینی كرێكاران و ته‌واوی چه‌وساوان پێویستییبوونی یه‌كێتییه‌كی کۆمونیستی بۆ ئه‌و شوێنانه‌بسه‌لمێنن.. بۆ یه‌كده‌نگیی و هاوكاریی و هاوخه‌باتییش به‌بایه‌خپێدانێكی زۆر و به‌كرده‌وه‌له نێوان گشت یه‌كێتییه‌كان (یه‌كێتی گشتیی کۆمونیستی جیهانیی) دابمه‌زرێنن بۆ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تییكردنی خه‌باتی کۆمونیستی له‌سه‌ر ئاستی تێكڕای جیهان. ل.48
ئەی خودی یەکێتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان ڕۆڵیان چی دەبێت؟ ئایا جیاوازی ئەم بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنەی کۆمونیستە هزر نوێیەکان، لەتەك سەرکرایەتییەك کە دوو سەدە کۆمونیستە هزر نانوێیەکان پاگەندەیان بۆ کرد و بەزۆری پۆلیس و پاژنەی ئاسنینی لەشکر بەسەر کرێکاراندا سەپاندنیان، چییە؟ ئایا سەرکرایەتی کۆمونیستەکان واتای بنکرایەتی ناکۆمونیستەکان ناگەیێنیت؟ ئایا کرێکاری بنکردایەتی (جێبەجێگەری فەرمانی سەرکردان) دەتوانێت لە سایەی هەبوونی سەرکردایەتی کۆمونیستەکاندا ئازاد بێت؟ ئایا دەکرێت پاساوی ئەو سەرکردایەتییە بزانین و ڕەگە سروشتییەکانی لە هزری ئازایخوازی و کۆمەڵگەی سۆشیالیستیدا، کە بریارە کەس سەروەری کەس نەبێت، پەیدا بکەین؟
هزری نوێی کۆمونیستی وه‌ك وه‌رگۆڕانێكی مه‌زن داهێنانێكی مێژووكردی بابه‌تییه‌و له منداڵدانی ناكۆكییه چینایه‌تییه‌كان و كێشمه‌كێشمی خۆساغكردنه‌وی بزاڤێكی راسته‌قینه‌ی کۆمونیستی له‌دایكبووه‌و خۆشی به‌درێژه‌پێده‌ری هه‌مان بزاڤ ده‌زانێ، وه‌لی له‌ئه‌نجامی لادان و خۆخه‌ریككردنی ئه‌و بزاڤه به‌كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی لابه‌لا و رۆتینیی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی له‌لایه‌ك و نه‌گونجان و هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك ناكۆكیی خۆی له‌گه‌ڵ هزری کۆمونیستی راسته‌قینه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانی چینی كرێكاران زه‌حمه‌تكێشان له‌لایه‌كیدی كه‌ببوونه‌كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی سروشتییانه‌ی خۆی.. سه‌ره‌نجام به‌شێوه‌یه‌كی نائاسیی رووه‌و هه‌ڵدێر بۆوه، ئا هه‌ر له‌و سه‌روبه‌ندانه‌دا هزری نوێی کۆمونیستی وه‌ك هێڵێكی گشتیی و جوایه‌زی ئه‌و بزاڤه‌له‌هه‌ردوو رووی رامیاریی و رێكخراوه‌یی و به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ بنچینه‌و پێكهاته سه‌ره‌كیی و ڕەسەنه‌كانی ماركسیزم و به‌ره‌چاوكردنی بارودۆخی به‌رده‌وام له‌گۆڕاندای كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیی له دید و بۆچوونێكی تازه‌و به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی هوورد و زانستییانه‌ی چه‌مك و كاركرده کۆمونیستیه‌كان هاتۆته‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه و خۆی به ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌رگۆڕانه سه‌راپاگیرییه ده‌زانێ كه هه‌ر ئێستا سه‌رله‌به‌ری جیهانی ته‌نیوه‌ته‌وه. ل48
دواجاریش، کە “هزری نوێی کۆمونیستی” خۆی بە وەرگۆڕانێکی مەزن پێناسە دەکات، کەچی خێرا خێرا پابەندی بە مارکسیزم وەك ئایدیۆلۆجیایەك دووپات دەکاتەوە. ئەمە خۆبەخۆ ڕەتکردنەوەی وەرگۆڕانە. هەرچەندە نێوی ئایدیۆلۆجیا بە ئاشکرا نابینین، بەڵام کاتێك بنەمای سەرەکی هزرێكی تازە مارکسیزم بێت، ئیدی چۆن دەتوانێت، پایە بنەڕەتییەکانی کۆمونیزمی مارکسیستی ڕەت بکاتەوە، کە دەوڵەت و دیکتاتۆری و پارت و دەستەبژێر و ڕێکخستنی هیرارشی و ڕابەری کۆمونیستەکانە؟
تا ئەم ساتە، کە من ئەم دێرانە دەنووسم، هیچ دەستە و گروپێکی کۆمونسیت- مارکسیست ناناسم، کە ئەو بنەمایانەی مارکسیسزم ڕەت بکەنەوە، بێجگە لە کۆمونیستە سۆڤیەتیستەکان، کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا هاوشانی ئەنارکیستەکان ڕەخنەی ڕادیکاڵیان لە بۆلشەڤیزم گرت و [ ئەوان نەك ئەنارکیستەکان]، لێنینزم و ئیزمەکانی پڕۆ بۆلشەڤیکیان بەجۆریك لە لادان لە مارکسیزم ناساندیان و پارتیان ڕەتکردەوە.
دوا وشە، هیوادارم نووسەر بە گیانێکی ئازادیخوازانە و سۆشیالیستانەوە ئەم سەرنجانەم لێ وەربگرێت و ئەمە ببێتە سەرەتای گفتوگۆ و ڕەخنەگرتنێکی ڕادیکاڵ و بتوانین بە گشت لایەکمانەوە بەستەلەکە ئایدۆلۆجییەکانی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی بشکێنین و بە ڕەخنە لەخۆگرتن و لەیەکترگرتن، ناڕۆشنییەکانی یەکدی ڕۆشن بکەینەوە و لاوانی سۆشیالیست لە لاساییکردنەوە و دەرخکردنی دەقەکان وەرگێڕین و هزر و ئایدیا سۆشیالیستییەکان بگێڕینەوە ناوجەرگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە بری مامۆستایی و وانەوتنەوە، پرسیار لە خۆمان بکەین و لە دەروونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکاندا و لە دەربرینی هەر تاکێکی پەنادەستی سۆشیالیستماندا لە دووی وەلامەکان بگەڕێیین و پێمانوانەبێت، پرسیارەکان وەڵامی یەکجارەکییان وەرگرتووەتەوە، بەڵکو بە چاوی ڕەخنەوە و بە ڕەخنەگرییەکی وێڕانگەرانەوە، وەڵامە دۆگماکان تێکبشکێنین و لە کۆڕ و کۆمەڵ و گروپە کاریی و کۆمەڵایەتییە لۆکاڵییەکانماندا سەرلەنوێ بیانخەینەوە ڕوو و پێکەوە لە بەرەنجامی کار و خەباتی ڕۆژانەدا، لە دووی وەڵامەکانیان بگەرێین. هەروا هیوادارم توانیبێتم، چەند پرسیارێك لای خوێنەری بەدەربەست بەجێبهێڵم و ئەو پردەم دروست کردبێت، کە لەتەکمدا بکەوێتە گفتوگۆ و ڕەخنە و سەرنجی خۆی ئاراستەی ناڕۆشنییەکانی ناو ئەم سەرنجانەی منیش بکات.
* ئەم بابەتە لە 24ی سێپتەمبەری 2010 دا نووسراوە و لە ئێستادا (12/06/2011) پاکنووس و بۆ بڵاوکردنەوە ئامادە کراوە. شایانی باسە، پێشتر لەتەك نووسەردا (پرس‌وڕا)م کردووە، هەر چەندە بابەتەکانی ناو پەرتووکەکە پێشتر وەك زنجیرە بابەتێك بڵاوکراونەتەوە، نووسەر پێی باش بوو پاش بڵاوبوونەوەی پەرتووکەکە، منیش دەست بە بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانم بکەم. بەداخەوە لەبەر هاوکاتبوونی بڵاوبوونەوەی پەرتووکەکە و سەرهەڵدانی زنجیرە ڕاپەڕینەکانی باکووری ئەفریکا و خۆرهەلاتی ناوین، نەمپەرژایە سەر بلاوکردنەوەی و ئەرك و سەرقاڵی لەپێشتر هاتنە پێش و پێویستربوونی خۆیان بەسەرمدا سەپاند.
خوێنەرانی هێژا، ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون. بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن: http://emrro.com/goranuwergoran.htm