Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هێلانە جێماوەکەی حاجی!

هێلانە جێماوەکەی حاجی!

Closed
by July 12, 2011 گشتی

لە گەرمەی شەڕی ناوەخۆدا هەموومان دەزانین، کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بە دڕندەترین و نا مرۆڤانەترین شێوە لەگەڵ دارو بەردو تەیرو بوونەوەرەکان و رۆڵەکانی یەکتریانداو ئەوانی تردا هیچ نەما نەیکەن، بگرە لە رووخانی تەلارو بەتاڵانبردن و کوشتن و ناوزڕاندن و تا گەیشتە ئەوەی چاویان بەرایی نەهات لە ساڵی ١٩٩٤ پەلەوەرێکی جوانی ئەم شارەیان تیرۆر کردو لە خوێنیان گەوزاند!
ئەو حاجییە جوانە لە منارەی مزگەوتەکەی خانەقای ناو بازاڕی هەولێردا هێلانەیەکی لەمێژینەی چێکردبوو. لە یادەوەریی و زەینی نەوەکانی چلەکان و پەنجەکان و شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکاندا هێشتا شەقەی باڵەکانی لە ئاسمانی ئەو شارەدا جمەی دێت، وەکو ئەوەی لە چاوەڕوانی هاتنەوەیدا بن! وەکو ئەوەی لە کۆڵانە قوڕاوییەکانەوە کوڕە داماوەکانی شار دەمەو عەسرانێک سەر بۆ ئاسمان هەڵبڕن، لە جیاتی تۆپ و هاوەنەکانی لق و شیراتۆن و ناو ماڵە وەزیرەکان و تۆپخانەی عەینکاوە، حاجی دەبینن سڵاوی عەسرانەیان بۆ دەنێرێت. وەکو ئەوەی کوڕە پێشمەرگەکانی نیشتمان لە شاخەکانەوە دەمەو بەیانیان لە چاوەڕوانی حاجین سڵاوی پڕ ئومێدی هەولێریانەیان بۆ بهێنێت، وەکو ئەوەی منداڵە لاسارەکانی گەڕەکە میللیەکان بە دەم گۆرانییەوە سەر بۆ جوانی حاجییەوە دادەنەوێنن!  ئەمانە ئەو رۆژانە بوون کە هێشتا حاجی گوللەی وێڵی ئەم دوو حیزبەی بەر سینگ نەکەوتبوو، بەسەر ئەو مەملەکەتەوە ئومێد بەخشی نەوەی ئەم شارە بوو. وەکو ئەوەی تا ئێستاش هەر لە چاوەڕوانیدا بین ئومێدێکی دیکە بەسەر ئەو مەملەکەتە وێرانبووە لە رووی کەلتوریی و شوێنەوارناسییەوە لەگەڵ شەقەی باڵەکانی خۆیدا بێنێتەوە!
ئەو حاجی لەقلەقە جوانە یەکێک بوو لەو ١٩ جۆرەی حاجی لەقلەقی دونیادا، میراتێکی گەورەی شاری هەولێر بوو، هەولێرێک جگە لە قەڵاو منارەکەی، جگە لە سەفین و خانەقاو سەیداوەو باداوەو کوران و تەیراوەو محەلەی عەرەبان و تەعجیل و کۆڵانە کۆنەکانی قەیسەری، ئەو تەیرە جوانە بە سیماو چاوە جوانەکانی و دەنووکە درێژەکەیەوە سیمبۆلێکی گەورەی ئەو شارە بوو. 
هەردوو حیزبی کوردی لەماوەی شەڕی ناوەخۆدا لە قەتل و عام و بێسەرو شوێنکردنی رۆڵەکانی کوردو زیاتر خزمەتکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر هیچ سوودێکیان لە پێشکەوتنی ئەزموونی دەوڵەتی کوردیەوە نەخستە پێشەوە، بەڵکە زیاتر هەنگاوەکانی دوای راپەڕینیان بەرەو دواوە گەڕاندەوە. ئەگەر راپەڕین خاڵی وەرچەرخانی ئەزموونی کوردی بێت، ئەوا شەڕی ناوەخۆ بەربادبوونی ئەزموونەکانیەتی هەر لە باشوورە تا دەگاتە پارچەکانی دیکە نیشتمان. پارتی و یەکێتی بە لەباربردنی ئەزموونەکانی باشوورو دەرەنجامەکانی لەمڕۆدا بەروبوومەکەی بۆتە گەندەڵییەکی گەورە، سەرباری ئەوەش بوونە هۆکاری پێشدەستی دەوڵەتانی داگیرکەری ناوچەکە لە کوشتن و تیرۆری رۆڵەی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

haji-Koya

ئەگەر لە سەردەمی شەڕی ناوەخۆدا کەسانی ناسراوی گەلەکەمان وەک نموونەی دکتۆر محەمەد باجەلان و دکتۆر سەڵاح هەورامی و ئەبو نەسیر و رەئوف کامیل .. هتد، بوونە قوربانی ئەو جەنگە سەپێنراوە نەگریسە. هەموومان لامان رون و ئاشکرایە کە ئامانجەکانی ئەم جەنگە ماڵوێرانە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارو دەوڵەتە هەرێماتییەکانی ناوچەکە بوو، ئەم حاجی لەقلەقەش لە نێوانی سواری تفەنگەکانی یەکێتی و پارتیدا هێلانە جوانەکەی بە وێرانی و بە چۆلی لەسەر منارەی ئەم مزگەوتەوە لە زەینی ئەو شارەدا جێهێشت. دەبێ ئەوە بیر خوێنەر بێنمەوە کە شەڕی ناوەخۆ لە بنەڕەتدا شەڕی جیاوازی بیرکردنەوەی نەوەکان نەبوو، شەڕی قبووڵ نەکردنی هاوڵاتییە جیاوازەکانی نیشتمان نەبوو، بەڵکو تەنها شەڕی قێزەوەنی کەسی تۆڵەسێن و قیناوی و نەرسیس بە دەسەڵات بوو.
ئەگەر لەمڕۆدا لە نزیک هێلانە چۆل و جێماوەکەی حاجییەوە سەعاتی لاساییکەرەوەی لە جۆری بیگ بین دابنرێ، یان نافورەو گۆڕەپانێکی بێگیان دروست بکرێت. پێم وانییە هەولێر ئەم جوانییە سروشتییەی خۆی لەبیر بکا، پێشم وانییە هەولێر بتوانێت سەربردەی گەرمیان و کوێستانی ئەم حاجی لەقلەقە لەبیر بکات، پێشم وانییە بەو فەوزایە لە ئاوەدانکردنەوەی شاردا کۆی دەسەڵاتی کوردی بتوانێت ئازارو مەینەتییەکانی پاشماوەکانی شەڕی ناوەخۆ لە زەینی ئەم شارە بسڕێتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.