دیمانه له‌گه‌ڵ م. عه‌بدوڵڵاحه‌سه‌ن زاده
م. عه‌بدوڵڵاحه‌سه‌ن زاده:
باشترین كوردی په‌تی له‌لای پیره‌ژن و پیره پیاوی لادێ ده‌س ده‌كه‌وێت، له قوتابخانه و زانكۆ كه‌س فێری كوردی نابێت، به‌ڵكو له بیریشی ده‌چێته‌وه!
مامۆستا عه‌بدوڵڵا حسن زاده نووسه‌رێكی وشه ناسك و وه‌رگێڕێكی زمان پاراوه، نووسراوه‌كانی ئه‌و سیخناخن له گوزارشتی ته‌ڕ و خۆشكهڵهی كوردی، ئه‌و یه‌كێكه له‌و نووسه‌ره سه‌ركه‌وتوانه‌ی توانیویه‌تی له بواری نووسین دا سیحر بئافرێنێت. دوای ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌نته‌رنێته‌وه پرسیاره‌كانم بۆ ڕه‌وانه‌كرد، ئه‌و خۆی له‌م باسه دزیه‌وه به پاساوی ئه‌وه‌ی شایه‌نی ئه‌م جۆره پرسیارانه نیه و پێویسته كه‌سی لێهاتوو وه‌ڵامیان بداته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بۆوه مایه‌ی ڕازی بوونی من، شه‌وێك له ماڵی تایبه‌تی خۆی به خزمه‌تی گه‌یشتم، دوای تكا و موجامه‌له‌یه‌كی زۆر قه‌بووڵی گفتوگۆكه‌ی كرد، وه‌لی به خه‌نده و پێكه‌نینه‌وه گوتی: كوردهواری ده‌ڵێن” گه‌ر كه‌چه‌ڵ به تۆبزی بنێرنه مازووان له دارێ هه‌ڵناڕوانێ”.
دیمانه: حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: وه‌ك ئاشكرایه جه‌نابت شاره‌زایێكی باشت له رێنووسی زمانی كوردی هه‌یه، چه‌ندانجار بانگهێشت كراوی بۆ دیاریكردنی زمانێكی ستاندارد بۆ نووسین، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا ئه‌م خه‌ونه له مێژینه‌ی به‌شێك له زمان‌زان و نووسه‌رانی كورد نهترووكاوه، به بۆچوونی تۆ ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: به بۆچوونی من پرسیاره‌كه‌ت دوو داخوازی هه‌ڵده‌گرێت، ڕێنووس شتێكه و زمانی ستانداردیش شتێكی دیكه‌یه، له باره‌ی رێنووسی زمانه‌وه ڕه‌نگه كه‌م و كوڕیمان هه‌بێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك كاركراوه، گه‌ر هه‌موویان بچنه‌وه سه‌ریه‌ك رێنووسمان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش ده‌بێت، گهرفتهكه ئه‌وه‌یه: ئه‌و نووسرانهی ده‌نووسن كه‌متر گوێ به ڕێنووس ده‌ده‌ن، ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ی له كوردستان ده‌رده‌چن كه‌متر هه‌ڵه‌بڕ و جوانكردنی ڕێنووسیان پێوه دیاره.
مامۆستا جمال عه‌بدول شتێكی جوانی نووسیوه له سه‌ر ڕێنووسی كوردی، پێشكه‌شی ئهكادیمایای كوردستانی كردووه، به ره‌ئی من گه‌ر ئه‌مه په‌سند بكرێت گرفتی ڕێنووسمان زۆر كه‌مده‌بێت.
له باره‌ی ڕێزمانیشه‌وه ئه‌وانه‌ی خۆیان به شاره‌زا ده‌زانن- هه‌ڵبه‌ت من خۆم به شاره‌زا نازانم- ده‌توانن گفتوگۆی چڕ و پڕی لهبارهوهبكهن، به‌ڵام مهسهلهیێكی گرنگتر ئه‌وه‌یه: كه ئایا ڕێنووس په‌یوه‌ندی به زمانی ڕسمییهوه هه‌یه یان نا؟ به باوه‌ڕی من ده‌بوو زمانی ڕسمی بۆ وڵات زه‌مانێكی زوو بیری لێكراباوه و بڕیاری له سه‌ر درابایه.
له كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌ستنیشانكردنی زمانی ڕسمی به‌شداربووم، له نێو كۆبوونه‌وه‌كه شیعرێكی حاجی قادری كۆییم به نموونه هێناوه:
به‌م چه‌شنه‌یه(صه‌رف)ی عیشقبازی
(موسته‌قبه‌ل)ی كه‌متره له مازی
گوتم به داخه‌وه ئێمه ڕابردوومان باشتره له ئێستا، ده‌یان ساڵه زمانی كوردی ڕێڕه‌وێكی باشی بۆخۆی دروست كردوه، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه ده‌یشێوێنن. ئێستا ته‌له‌فزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامه، به چه‌ند زمانێكی له یه‌ك جیا په‌خش ده‌كرێن، به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ ڕاكێشانی خه‌ڵكه بۆ خۆیان، هه‌رچه‌ند ده‌زانم به‌مه خۆم خوێن تاڵ ده‌كه‌م.
له وانه‌یه خه‌ڵك حه‌زبكات به شێوه‌زاری گه‌ڕه‌ك و تیره‌ی خۆی قسه بكات و منداڵه‌كانیان بخوێنن، به‌ڵام ده‌بێت زمانی ڕسمی له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌وه بێت، خوێندن به زمانی زگماك نه‌ك به شێوه‌زاری زگماك هه‌قێكی هه‌موو میلله‌تانی سه‌ر زه‌وییه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: به‌ڵام مامۆستا ئایا له‌مه‌دا زۆریینه ڕه‌چاو ده‌كرێت، یان كه‌میینه ؟ یاخود پێوهرێكیدیكه بۆ ئه‌مه له به‌رچاوده‌گیرێت؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: نه‌خێر له دروستبوونی زماندا هیچ كاتێك زۆریینه و كه‌میینه ڕه‌چاو ناكرێت، هێندێك ڕووداویدیكه هه‌ن كه زه‌مینه بۆ ئه‌مه ده‌ڕه‌خسێنن، جاری واهه‌یه ئابوورییه، گه‌لێجار سیاسییه، زۆرجاریش ئایینیه…تاد.
وه‌ك پێشتر گوتوومه و ده‌یڵێمه‌وه بۆ نموونه: بۆ به هێزبوونی زمانی عه‌ره‌بی كه زمانی قوڕه‌یش بوو دوو هۆی سه‌ره‌كی ده‌ستیان وه‌ده‌سی یه‌ك داوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌زاره ببێته زمانی هه‌موو عه‌ره‌ب. یه‌كه‌م هۆ: ئایینیه، كاتی خۆی بوتخانهی كه‌عبه هه‌بووه له سه‌رده‌می جاهیلیه‌ت خه‌ڵك ڕوویان تێكردوه، هاوكات به رۆخ ئه‌مه‌شه‌وه هۆی دووه‌م كه ئابوورییه پشگیری ده‌كات، بازاڕی عوكاز كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه خه‌ڵك بۆ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی ڕووی تێده‌كه‌ن و باسی عه‌شیره‌ت و تیره‌ی خۆیان ده‌كه‌ن به‌زمانێك كه ئه‌وان به‌زمانی ڕسمی خۆیان دایانناوه، ئیتر ئه‌وان واز له زمانی كۆڵان و عه‌شیره‌تی خۆیان ده‌هێنن.
دیاره هه‌موو میلله‌تانی دنیا پێش ئه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌بێت هه‌ستی زمانیان هه‌بووه. گه‌لێ كه‌س پێیان وایه زمانی عه‌ره‌بی بۆیه هێنده پڕ به‌لاغه‌ته چونكه قوڕئان به‌م زمانه هاتووه، به‌ڵام ئه‌مه ڕاسته‌خۆ پێچه‌وانه‌یه، له‌ڕاستیدا قورئان به‌زمانی عه‌ره‌بان هاتووه. ئێستاش عه‌ره‌ب شانازی به زمان و ئه‌ده‌بی جاهیلیه‌ته‌وه ده‌كه‌ن كه پێش ئیسلام به سه‌دان ساڵ ئه‌م زمانه هه‌بووه. زمانی كوردیش له قۆناغه‌كانی مێژوودا ئه‌م هه‌وڵانه‌ی داوه، سه‌رنج بده كاتێك له ناوچه‌ی هه‌ورامان ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بره‌وی پێده‌درێت خه‌ڵك له هه‌موو ناوچهكانیدیكه ڕوویتێدهكهن و ئاواتیان ئه‌وه‌یه زمانی ته‌كیه و خانه‌قا فێربن. شاعیری گه‌وره‌ی كورد مه‌وله‌وی خه‌ڵكی شاره‌زووره كه‌چی شاكارێكی زۆر مه‌زن و گه‌وره به شێوه‌زاری هه‌ورامی ده‌خولقێنێت. نموونه‌یه‌كی دیكه له هه‌ردوو كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هه‌ركاتێك بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی گیرسابێته‌وه له‌و شوێنه گیرساوه‌ته‌وه كه به زاراوه هه‌ڵه‌كه ئێمه پێی ده‌ڵێین سۆرانی.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: بۆچی زاراوه‌ی (سۆران)ی هه‌ڵه‌یه؟
چونكه من باوه‌ڕم به دابه‌شكردنی زمان نیه، ناكرێ بڵێین زمانی سۆرانی و بادینی و هه‌ورامی… ئه‌مانه شێوه‌زارن ناشێ یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وانیتر بسه‌پێنین ئه‌وانه بنزاراوهن نه‌ك زمانی ڕه‌سمی كه له سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌یه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی وایكردووه ئه‌م زه‌روره‌ته پڕبایه‌خه جێبه‌جێنه‌كرێت دووشت بووه یه‌كه‌م: ده‌مارگیری خوێنده‌وارانمان. دووه‌م: بڕیاری سیاسی كه تاكو ئێستا له سه‌ر زمانێكی ستاندارد قراری خۆی نه‌داوه. من گوتومه زمانی رسمیمان هه‌یه به‌ڵام ده‌بێ لێیگهڕین و پێشی پێنه‌گرین، ژیان به‌ره‌و پێش هه‌نگاو ده‌نێ چه‌مك و وشه‌ی نوێ دێنه نێو زمانه‌وه به‌ڵام نابێ هه‌ركه‌سه‌و له‌لای خۆی وشه داتاشێت. دروستكردنی وشه پێوسته له رێگای ده‌سگاو پڕۆژه بێت.
دیاره بڕیاری سیاسی زمانی ستاندارد دروست ناكات، چونكه زمان خۆی له ڕه‌وتی مێژوویی‌دا دروست كردووه، به‌ڵام پێوسته بیچه‌سپێنێ، ده‌سه‌ڵات توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه بانگهێشتی پسپۆڕان بكات و له‌گه‌ڵیاندا گفتوگۆبكات بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجام دا زمانێكی ڕسمی دیاری بكرێت بۆ نووسین.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مامۆستا عه‌بدوڵڵا حسن زاده به پڕاكتیكی له گه‌ڵ سیاسه‌ت تێكه‌ڵاوه و به تیۆریش له گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و وه‌رگێڕان، واته كه‌متر قه‌ڵه‌می له‌باسی سیاسه‌ت كوتاوه ئه‌مه بۆچی؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: له وانه‌یه گرفته‌كه ئه‌وه‌بێت تۆ هه‌موو نووسینه‌كانی عه‌بدوڵڵا حسن زاده‌ت نه‌خوێندبێته‌وه، تۆ نه‌هاتووی نووسینه‌كانی عه‌بدولڵا حسن زاده بخوێنیه‌وه هاتووی وه‌رگێڕانه‌كانی عه‌بدوڵڵا حسن زاده‌ت خوێندوه‌ته‌وه، له‌مه‌ش ڕاست ده‌كه‌ی چونكه هه‌موو وه‌رگێڕانه‌كانی من جگه له “كورد و كورستان” ئه‌ده‌بین. به‌ڵام نووسینه سیاسیه‌كانی من له سه‌دا نه‌وه‌ت و هه‌شت به ناوی خوازراون، ئینجا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت نووسینه‌كانی من له سه‌دا هه‌شتا له باسی سیاسه‌ت ده‌دوێن، ته‌نها سه‌دا بیستی له باسی ئه‌ده‌بیاتدایه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: به‌ڵام ناوی خوازرا و له سه‌ر نووسینه‌كانت دا زیان به خوێنه‌ران ناگه‌ێنێت؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: ڕه‌نگه ئه‌مه چاك بێت، ڕه‌نگه ئه‌مه خراپ بێ، به‌ڵام من به‌م جۆره پێم‌خۆش بووه، له ڕادیۆ نزیكه‌ی چوار هه‌زار وتارم نووسیوه، له‌م چوارههزاره ته‌نها 30 تاكو 50 وتار ئه‌ده‌بین ئه‌وانی دیكه هه‌موویان سیاسین.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ناسری سوبحانی و ئه‌حمه‌دی موفتی زاده دووكه‌ڵه زانای كوردستانی رۆژهه‌ڵاتن، دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو له‌باره‌ی موفتی زاده ده‌ڵێت” دڵسۆزی وامان له نێو كورد زۆر كه‌م بووه، ئه‌و له‌لایه‌ك خزمه‌ت ده‌كات و ئێمه‌ش له لایه‌ك” جه‌نابت له باره‌ی ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه چی ده‌ڵێیت؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: زۆر حه‌زناكه‌م له باره‌ی ئه‌م دوو مامۆستایه قسه‌بكه‌م، به‌تایبه‌ت مامۆستا ناسری سوبحانی چونكه زۆر به‌كزی ده‌یناسم. دیاره ئه‌حمه‌دی موفتی زادهم له نزیكه‌وه ده‌ناسی، پیاوێكی زۆر ڕۆشنبیر و خوێنده‌واربوو، زانایه‌كی ئازابوو، له ده‌ورانی خۆی بابه‌تی به‌ناوی خۆی دژ به شای ئێران ده‌نووسی. له‌باره‌ی بیری سیاسی سه‌رده‌می خۆی له گه‌ڵ سیاسیه‌كان له یه‌ك هێڵ دانه‌بوو، ده‌یگوت” خودموختاری له گیرفانی خۆم دایه” به‌داخه‌وه له‌مه‌دا به ههڵهچووبوو، چونكه ئه‌به‌ده‌ن كۆماری ئیسلامی باوه‌ڕی به‌م جۆره شتانه نه‌بوو، به‌داخه‌وه دواتریش بهدهتسی ئه‌وان له نێوچوو.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: واته موفتی له ڕوانینی بۆ سیاسه‌تی ئێران به هه‌ڵه چووبوو؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: به‌ڵێ. ئه‌مه شتێكی بیرخستمه‌وه جارێك له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی حیزبی ده‌گه‌ڵ چه‌ند كاربه‌ده‌ستێكی كۆماری ئێران كۆبووینه‌وه، یه‌كێكیان گوتی” هه‌رچی له قورئاندا نه‌بێت نایده‌ین به‌كورد. من گوتم كێشه‌ی ئێمه له گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زی له سه‌ر سوننه‌ت و ئه‌ڕكانی ده‌سنوێژ نیه تاكو موڕاجه‌عه‌ی قوڕئان بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه مامه‌ڵه‌یه‌كی ترتان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین: هه‌رشتێك قورئان گوتی مه‌یده‌ن به‌كوردان مهماندهنێ،(به‌پێكه‌نینه‌وه). من پێم وایه قورئان جۆرا وجۆری مرۆڤه‌كان به ڕسمی ده‌ناسێنێت،(…. وجعلناكم شعوبا وقبائل….) لێره‌دا باسی خیلاف ده‌كه‌م نه‌ك ئیختیلاف، چونكه هی یه‌كه‌م به‌مانای جیاوازی دێت، هی دووه‌م به‌مانای ناكۆكی دێت.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا:جه‌نابت سه‌رده‌مێك مامۆستای ئایینی و سه‌رده‌مێكیش مامۆستای سیاسه‌ت، ده‌كرێ بپرسین هه‌ردوو چه‌مكی: ئایین، سیاسه‌ت لای تۆ چۆن لێكدانه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت ، ئه‌كرێ ئاوێته‌ی یه‌ك بكرێن، یان نزیك خستنه‌وه‌یان له یه‌كتر زیان به یه‌كتر ده‌گه‌ێنن؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: حه‌زده‌كه‌م بڵێم له هه‌ردووكیان من قوتابی بووم نه‌ك مامۆستا، هه‌رگیز ئیدیعای مامۆستایه‌تی ئه‌م دووانه‌م نه‌كردوه و ناشیكه‌م. من ئه‌ندامی حیزبێكم نه‌یاری ئه‌وه‌یه دین و سیاسه‌ت تێكه‌ڵاوی یه‌ك بكرێن، به‌ڵام ئه‌مه به‌م مانایه نیه كه‌سی سیاسه‌تمه‌دار ناتوانێ مه‌زهه‌ب و ئایینی هه‌بێت، یان ئه‌و كه‌سه‌ی ئایین و مه‌زهه‌بی هه‌بێت ناتوانێ سیاسی بێت، ئه‌م دوو ڕێبازه به‌یه‌كه‌وه هیچ ناتهبایێكیان نیه. من بۆ خۆم چه‌ند ساڵ فه‌قێ و مه‌لا بووم له هه‌مان كاتدا تێكۆشه‌رێكی سیاسیش بووم، به بێ بوونی هیچ هاودژیێك له نێوانیان، به پێچه‌وانه‌وه خوێنده‌واری مهلایهتم زۆرجار كۆمه‌كی ئه‌فكاری سیاسی كردووم، من گه‌ر له فهقێیایهتم نه خوێندبا خۆ خوێنده‌واریم نه‌ده‌بوو! كه‌واته ئه‌مانه له گه‌ڵ یه‌ك ناكۆك نین به‌ڵام نابێت سیاسیه‌كان ئه‌حكامی ئایینی بۆ موسڵمانان شه‌رح بكه‌ن كه هیچ ئاگایان لێنیه، تۆ كه زانیاریت به‌رامبه‌ر شتێك نه‌بێت پێوست ناكات به ناوی ئه‌رز و ئاسمان قسه‌بكه‌یت، به هه‌مان شێوه پیاوی ئایینی كه ئاگاداری سیاسه‌ت نیه لازم نیه خۆی تێهه‌ڵقورتێنێت.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: زۆرجار گوێمان لێده‌بێت ده‌ڵێن” هه‌موو میلله‌تانی موسڵمان سوودیان له ئایینی ئیسلام وه‌رگرتووه ته‌نها كورد نه‌بێت” به بۆچوونی تۆ ئه‌مه تا چه‌ند ڕاسته؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: ڕه‌نگه ئه‌م سوود وه‌رنه‌گرتنه بۆ به‌دبه‌ختی كورد بگه‌ڕێته‌وه، هه‌ر بیر و ئایدۆلۆژیایه‌ك كه دێته پێشه‌وه هه‌موو میلله‌تان مافی خۆیانه وه‌ریبگرن، چونكه دواجار ئه‌مه ده‌بێته میراتی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام له نێو كورد ئایدۆلۆژیا خراپ به كارهێندراوه، بۆ نموونه كۆمه‌نیستێكی كوردی پێی وابووه گه‌ر بڵێ كوردم ئابڕۆی ده‌چێت! موسڵمانی كوردی واهه‌بووه پێی وابووه گه‌ر بڵێ كوردم ئیمانی له‌ق ده‌بێت. به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه موسڵمانی خوێنده‌وار ده‌توانێ به گوێره‌ی ئه‌حكامی دین میلله‌ته‌كه‌ی به‌ره‌و پێش به‌رێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێك له بیر و عه‌قیده‌كه‌ی بدات. هه‌روه‌ها ده‌توانرێت له هه‌ر یه‌ك له قوتابخانه‌كانی:(ماركیزم- لیبڕالیزم- سۆسیالیزم) سوود وه‌ربگیرێت بۆ به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵگا. به‌ڵام پیاده‌كردنی شتانێك كه پێوستیمان پێیان نیه له وانه‌یه دووچاری سه‌رێشه‌و گیر‌و گرفتمان بكاته‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه تۆش وه‌ك مام هه‌ژارو مه‌سعود محه‌مه‌د و ئه‌وانی دیكه یاداشت و بیره‌وه‌ریه‌كانت بنووسیه‌وه؟ بێگومان یاداشت و بیره‌وه‌ریه‌كانی كه‌سێكی وه‌ك جه‌نابت بۆ ئێمه خه‌رمانه‌یه‌كی پڕئه‌زموون ده‌بێت؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: زۆرجار له‌مباره‌وه پرسیارم لێكراوه و وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه، له‌ڕاستی دا دووشت بووینه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌من بیره‌وه‌ریه‌كانم نه‌نووسمه‌وه، یه‌كه‌م: من عاده‌تێكی خراپم هه‌بووه، بیره‌وه‌ری ڕۆژانه‌م نه‌نووسیوه‌ته‌وه بۆیه ئێستا ڕووداوه‌كانم له زاكیره‌دا تێكه‌ڵ بوون. دووه‌م: به‌شێك له بیره‌وه‌ریه‌كانی من هیچ بایه‌خێكی بۆ خه‌ڵك نیه، وه‌ك: خه‌ڵكی كوێی و له كوێبووی و دۆڵمه‌ت پێخۆشتره یان قبوڵی…تاد. به‌شه‌كه‌ی دیكه مه‌سه‌له سیاسیه‌كانن، له ڕاستی دا ناتوانی وه‌ك ڕوویانداوه بیانخه‌یته سه‌ر كاغه‌ز، دیاره ئه‌مه بۆ من زۆر ناخۆشه به‌شێكیان بنووسمه‌وه و خۆشم له به‌شه‌كه‌ی تر ببوێرم، له‌م ماوانه له‌دیمانه‌یه‌كدا پرسیارێكیان لێكردم گوتم حه‌زناكه‌م له‌م باسه بدوێم. به‌هه‌رحاڵ ئێستا دۆستێك له ڕێگای گفتۆگۆ له گه‌ڵم دا ده‌یه‌وێت یادگاریه‌كانم تۆماربكات و بیانخاته سه‌ر كاغه‌ز.
حهیدهرعهبدوڵڵا: خوێنه‌ری كوردی به خوێندنه‌وه‌ی دوو لاپه‌ڕه یان نووسینی وتارێك غرور ده‌یگرێ و واده‌زانێ هه‌موو شته‌كان له خواروی ئه‌ون، تۆ ئه‌مه به نه‌خۆشی و ئافاتی خوێنده‌وارانی كورد له قه‌ڵه‌م ناده‌یت؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: له‌كۆنه‌وه واباوه كه منداڵ له قوتابخانه شتێك فێربوو، واده‌زانێت ئیتر كۆتایی به هه‌موو زانستێك هێناوه، نازانێ تازه سه‌ره‌تایه و هێشتا ڕێگای زۆری ماوه بیبڕێت، مرۆڤ تاكو زیاتر فێربێت ئینجا ده‌زانی كه هیچ نازانێ، چونكه بیری به‌ره‌و ده‌ریای له بن نه‌هاتووی زانست ده‌ڕوا، دیاره ئه‌م دیارده‌یه تایبه‌ت به خوێنه‌ری كوردنیه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژماره‌ی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانمان له ژماره‌ی خوێنه‌ران زیاترن. گه‌ر خوێنه‌ری جددی له كوردستان حیساب بكه‌ین له 500كه‌س ده‌رناچێت، كه‌چی له‌م لاوه به‌لانی كه‌م 10000نووسه‌رمان هه‌یه، ئه‌مه شتێكی زۆرخراپه، له‌مه سه‌یرتر ئه‌وانه‌ی كه ده‌نووسن ده‌گه‌ڕێن ته‌نها وتاره‌كه‌ی خۆیان ده‌خوێننه‌وه، كاتی خۆی خوێنه‌ر پتربوون چونكه بڵاوكراوه كه‌متربوون، ڕۆژانه كه ده‌چمه ژووری كاركردنم ڕۆژنامه و گۆڤارێكی زۆرم بۆ ده‌هێنن زۆرجار لێمده‌پرسن خوێندونتهوه؟ ده‌ڵێم نه‌خێر ژماردوونم! من فیریای عینوانهكانیش ناكه‌وم. من پێم باشه ئه‌م شاڵاوه به‌ربڵاوه‌ی ڕۆژنامه‌كان چڕبكرێته‌وه، له جیاتی ئه‌م هه‌موو ڕۆژنامه‌یه‌ی ڕۆژانه ته‌نها یه‌ك دوویه‌ك ده‌ربچن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ئامانج ڕۆشن، بێگومان به‌مه فیكری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیمان شكڵ ده‌گرێت.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: سه‌رباری ئه‌و پێشكه‌وتنه گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی دا هاتووه كه‌چی ئێستاش عه‌قڵی به‌شێك له مرۆڤه رۆشنبیره‌كان وزه له خورافات وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نیه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: دیاره (ئه‌ودیوسروشت) له‌گه‌ڵ مرۆڤ له دایك بووه و له‌گه‌ڵیشی ده‌چێته گۆڕ، (فرانسۆمیتران) پیاوێكی یه‌كجار گه‌وره‌بوو، یه‌كێك بوو له ڕێبه‌ره ده‌گمه‌نه‌كانی دنیا، به‌رده‌وام خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌بوو، كاتێك بۆ ده‌وری دووه‌می سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوه دیمانهێكیان له‌گه‌ڵ كرد پرسیارێكیان لێ‌كرد گوتی ئه‌مه وته‌ی فلانه نووسه‌ره له فلان كتێب. گه‌ر دیمه‌نێكی بچكۆڵانه‌ی ته‌له‌فزیۆنیان نیشان بدایه ده‌یگوت: ئه‌مه له فلان فیلمه و ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووسهكهی فڵان وفڵانه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو زیرهكیهش ده‌چێته لای فاڵچیێك بۆ ئه‌وه‌ی فاڵی بۆ بگرێته‌وه! له‌زاتی مرۆڤ ئه‌م مه‌یله هه‌یه، په‌یوه‌ندی به زانست و پێشكه‌وتنه‌وه نیه، فه‌لسه‌فه‌ی خوڕافی له مرۆڤ دا نامرێت، هه‌موو ئاده‌میزادێك هه‌ستی په‌رستنی تێدایه، هه‌یه بوتڵی ئاره‌ق ده‌په‌رستی، هه‌یه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ، هه‌یه نیشتیمان ونه‌ته‌وه‌كه‌ی…تاد.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: به قسه‌ی تۆ بێت عه‌قڵ و زانست په‌یوه‌ندییان بهیهكهوهنیه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: ئه‌م دووانه هێندێجار یه‌كده‌گرن و هێندێجاریش دژبه‌یه‌ك ده‌وه‌ستن، كاتی خۆی له ئێران شیعرێكیان ده‌گوت:
ملا شدن چ أسان
عقل شدن چ مشكل
واته: بوونه مه‌لا چه‌ند ئاسانه ، عاقڵبوون چه‌ند گرانه!.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: زۆرجار لێره‌وله‌وێ گوێمان لێده‌بێت به‌شێك له نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانمان ته‌نها به‌شان و باڵی ئه‌دیب و نووسه‌رانی كۆن هه‌ڵده‌ده‌ن و نه‌وه‌ی نوێ به هیچ كلۆجێك به داهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێن نازانن، به بڕوای تۆ ئه‌مه به هه‌ڵه‌داچوون نییه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: من پێم وایه ده‌بێ ئه‌مانه ئاشت بكرێنه‌وه، هیچ كامیان به ڕه‌ها نه‌گیرین، میلله‌تێك ڕابردووی نه‌بێت حاڵی نیه، گه‌ر حاڵی نه‌بوو ئاینده‌شی نیه، كه‌واته نابێت ڕابردومان بڕوخێنین ئێستاش به هیچ بگرین، دیاره ههقیقهتێكیش هه‌یه ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبده‌م: هه‌تا خوێنده‌واری زیاتر بێت شاعیر كه‌متر ده‌بێت.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ئه‌مه چۆن و بۆچی؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: كاتێك خه‌ڵك نه‌خوێنده‌وار بوو شیعر له هه‌موو شتێك زیاتر له گه‌ڵ بیر و هزر ده‌س له ملان ده‌كات، بۆیه بره‌وی پێده‌درێت، هه‌ر بۆیه شاعیر زۆر ده‌بن، به‌ڵام له دوایی دا ته‌نها مومتازهكان ده‌مێننه‌وه ، ئێستاش گه‌ر به‌هه‌زاران كه‌س شیعر بنووسن به دڵنیایی له دوایی دا ته‌نها نایابه‌كانیان ده‌مێننه‌وه، بۆ نموونه: من ئێستا عه‌بدوڵڵا په‌شێوم پێ شاعیره‌كی زۆر گه‌وره‌یه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: هه‌رچه‌ند له پێش ئه‌م دیمانه‌یه‌دا گوتت من زۆر ئه‌هلی موتاله‌عه نیم، به‌ڵام ئێمه زۆر به‌م قسه‌یه ڕازی نین چونكه نووسراوهكانت شتێكی تر ده‌ڵێن؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: نا، من ئه‌مه زۆر به‌ڕاستی ده‌ڵێم، به‌بیرمه د. قاسملو گله‌یی لێده‌كردم ده‌یگوت زۆر ناخوێنیه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ژینگه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌من تێیدا په‌روه‌رده‌بووم، له هه‌موو سه‌رده‌می فهقێیایهتم دا تاقه كتێبێك نه‌بووه بیخوێنمه‌وه ، به‌ڵكو زۆرجار كتێبی ده‌رس خوێندنیشم له كه‌سێكی تر وه‌رده‌گرت، ئه‌مه به ته‌وازوعه‌وه ناڵێم به‌ڵكو به‌واقیع حاڵیه‌وه ده‌یڵێم.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ئه‌ی ئه‌م كوردییه په‌تیه پاراو و ناسكه‌ت له وه‌رگێڕانی كتێبه‌كان له كوێ هێناوه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: نازانم پاراو و ناسكه یان نا، به‌ڵام ئه‌م كوردیهم له پێره‌ژن و پیره‌مێردان وه‌رگرتووه باشترین كوردی په‌تی له‌لای پیره‌ژن و پیره پیاوی لادێ ده‌س ده‌كه‌وێت. له قوتابخانه و زانكۆ كه‌س فێری كوردی نابێت، به‌ڵكو له بیریشی ده‌چێته‌وه. كوردی په‌تی ، فارسی ڕه‌سه‌ن، عه‌ره‌بی ئه‌صیل له نێو ئه‌وانه‌دایه كه خه‌ڵكی عادی و ساده‌ن. منیش له گوند پێگه‌یشتووم و گه‌وره‌بووم ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆر بووه له سه‌ر پژانی زمانم.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: خه‌ون و خۆزیاكانی عه‌بدوڵڵا حسن زاده زۆرن، له به‌شێكیان ده‌سی شووتوه و بۆ به‌شكه‌ی تریش ده‌روێشانه كارده‌كات، ده‌كرێ بزانین ئاواته‌كانی تۆ چین؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: دیاره ئاواته‌كانی من زۆرن، گه‌وره‌ترین ئاواتم ئه‌وه‌یه: میلله‌تی كورد بگاته ڕێزی میلله‌تانی دنیا. ئاواتێكێ دیكه‌م ئه‌وه‌یه: میلله‌تی كورد گه‌ر بۆ ته‌جروبه‌ش بێت چه‌ند ساڵێك برایه‌تی تاقی بكاته‌وه! دیاره ئه‌م برایه‌تییه ڕێگای ئامانجه گه‌وره‌كان ته‌خت ده‌كات.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: هێندێ نووسه‌ر و شاعیر و سهیاسهتمهداری گه‌وره له میژووی كوردا هه‌ڵكه‌وتوون، حه‌زده‌كه‌ین له زمانی جه‌نابته‌وه هه‌ریه‌كه و به‌چه‌ند وشه‌یه‌ك پێناسه بكرێت؟
*قازی محه‌مه‌د:
گولێك بوو له سه‌حرا ڕووابوو. گوڵ له سه‌حرا ڕووان دوومانای هه‌یه: یه‌كه‌م: گوڵ به ده‌گمه‌ن نه‌بێت له‌سه‌حرا ناڕوێت. دووه‌م: به‌داخه‌وه ئه‌م گوڵه‌ی سه‌حرا زوو ههڵپڕوكا و ژاكا.
*عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو:
كه‌سێك بوو بۆ وه‌ختێ پێوست بوو نه‌ژیا، ئه‌و پیاوی ئێستابوو، له ده‌ورانی خۆی خهساربوو.
* مام هه‌ژار موكریانی:
خزمه‌تێكی زۆری به زمان و ئه‌ده‌بی كوردی كرد، له‌مباره‌وه ده‌بێ هه‌موو كوردێك خۆی به قه‌رزاری هه‌ژار بزانێت.
* هێمن ی شاعێر:
– هێمن شاعیرێكی ناسك خه‌یاڵی زۆرگه‌وره بوو.
*مه‌سعوود محه‌ممه‌د:
یه‌كێ له ده‌گمه‌ن بیریارنی كوردبوو، به داخه‌وه هه‌م نه‌ناسراو هه‌م قه‌دری نه‌گیرا.
*مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس:
مه‌لایه‌ك بوو دین و دنیای تێكه‌ڵ به‌یه‌ك كردبوو، پێشه‌نگی مه‌لایانی چه‌رخی خۆی بوو، خزمه‌تێكی یه‌كجار زۆری به فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی خۆی كرد.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه پێشتر له رۆژنامه‌ی رووبه‌ر بڵاو كراوه‌ته‌وه.