هەڵەبجە بەتەنیا جێمەهێڵن….. ئارێز سمكوَ حوسێن
ڕوَژى 16ى ئازارى ساڵى1988 ، دەمژمێر یازدەى پێش نیوەڕوَ ، لەكاتێكدا كە خەڵكى سیڤیڵى هەڵەبجە خەریكى ژیانى ئاسایى خوَیان بوون ، فڕوَكە بێبەزەییەكانى ڕژێمى توَتالیتارى بەعس ، شارى هەڵەبجەیان ژار بارانكرد و ، زیاتر لە پێنج هەزار كەسی بێتاوان تێیدا شەهید و هەزارانیتر بریندار وئیفلیج بوون ، ئەمەش بەبیانووى ئەوەى كە ڕژێمى ئێران سنوورەكانى بەزاندووە و ، گەریلاكانى كورد چوونەتە نێو شار ، لەكاتێكدا ئەم بیانووانە نابێت ئێمەئەرخەیان بكات ، چونكە دەزانین هەر خەڵكى هەڵەبجە بوون كە ڕوَژى13/5/1987 لە گەڕەكى كانیى ئاشقانەوە لە ڕژێم ڕاپەڕین و، سەداى ڕاپەڕین لە مزگەوتەكانەوە ڕادێرا ، بوَیە ڕژێم لەوە گەیشتبوو كە خەڵكى هەڵەبجە هەردەم یاخیانە بەڕەنگارى زوَردارى و سەركووتكردن دەبنەوە ، دیارە ژاربارانكردنى هەڵەبجەى وەك توَڵەیەك بوَ خەڵكەكەى بە درووست دەزانى، ئیدى ئەمە یەكەم كارى توَقێنەرى بەعس بوو بەرانبەر بە گەلى كورد ، بوَ ئەوەى خەڵكى كورد چاوشكێن بكات ، زوَر بێبەزەییانە كەوتە گیانى خەڵكى سیڤیڵى ئەم شارە ، وەك شایەت عەیانەكان دەیگێڕنەوە كاریگەرى ئەم ژارانە هێند بەتین دەبێت ، كە بریندارەكان لەسەرەمەرگیاندا كەوتبوونە سەما كردن و گوَرانى گووتن ، ئەمەیە سەردەمى تەكنوَلوَژیا و زانیارى ، كە مروَڤەكان هێند بێنرخ دەكات !.
ئەمەى تا ئێرە باسمان كرد ، چوَنیەتى ژاربارانكردن و ڕووخاندن و شەهیدكردنى هەڵەبجە بوو ، وەلىَ ئەمە گرینگە لە جیاتى ئەوەى هەردەم سەیرى دواوەمان بكەین و، بوَ شەهیدەكانمان بگرین با سەیرى بەردەممان بكەین و ، خزمەتى زیندووەكانى كەس وكارە شەهیدەكانى هەڵەبجە و گشت شەهیدانى كوردستان بكەین ، لە جێى ئەوەى تەنیا فرمێسكى تیمساحى بوَ هەڵەبجە بڕێژین ، با هەندىَ بەبەزەییانە سەیرى زیندووەكانیان بكەین ، با دەسەڵاتى كوردیش لە جێى سازكردنى سیمینار و كوَنفڕاس بوَیان ، هەڵبستێت بە ڕوَنانەوەى ، نەكا ئەم تەنیاییەى هەڵەبجە جارێكیتر خەڵكەكەى بخنكێنێت.
من لێرەدا بەپێى ئەزموونى خوَم لە هەڵەبجە دەدوێم ، نەك لە دوورەوە و تەنیا بوَ نیشاندانى سوَز ، ئێستا من لەم باسەمدا نایمە سەر گرینگى سەفەرو كتێب بوَ لاوانى ئەم نیشتمانەى خوَم ، كە چەند پێویستە بوَ شارەزابوون وخوَ ڕوَشەنبیركردنیان ، ئاخر قسە زوَر هەڵدەگرێت ، چونكە دەبینین دەسەڵاتى ئێمە ، نەك هەر ئەم شتانەى بوَ لاو فەراهەم نەكردووە بەڵكو ڕێگاشى لێگرتووە ، ئەوە نییە بێبەشى كردوون و هەموویانى بەند كردووە ، بەهەمەحاڵ ، من لە منداڵیەوە گوێم لە ئازار و مەینەتیەكانى هەڵەبجەو بووە، گەلىَ خەونیشم پێوە دیووە ، ئەمە بەرلەوەى بیبینم ، جاران كە خەونەكانم كە بەهەڵەبجەوە بینیبێت ، ئەوە سووتان و هەڵاتن و ژارباران و قیژەو زریكەى منداڵانیش بەشداربوونە لە خەونەكەدا ، هەر بەبیستنى هەڵەبجە مەرگ وكارەساتم دەكەوتەوە یاد، بە هوَى یادێكى ماتەمینى كە پارساڵ ، بەڕێوەبەرایەتى ڕوَشەنبیرى هەڵەبجە بوَ ماموَستاى كوَچكردوو(ئەكرەم عەنەبى) یان ڕێكیانخستبوو ، لەگەڵ كوَمەڵێك ماموَستا وخوێندكارانى زانكوَى سەلاحەددین چووین بوَ هەڵەبجە ، بوَبەشداریكردن لەم ئێوارە ماتەمینیە ، بەڵىَ دواجار هەڵەبجەى سرووشت وشارەزووى بەهەشتى كوردستانم بینى ، لىَ چوَن بەبریندارى ، ئاخر وا هێشتا بوَنى ژارى لێدێت و، دەناڵێنێت بەدەم ئازارەوە ، بەڵىَ چووم بوَ زێدى گوَران و ئەحمەدى جاف ، سەرەتا من نەمدەزانى هوَى چییە كەوا لاوى هەڵەبجە بوَ ئەوەندە خوَپیشاندان دەكەن و ئەوەندە ڕقیان لەدەسەڵاتە ، ئەوان هەردەم لەگەڵ دەسەڵات وبەرپرسانى حكوومەت لە ململانىَ دان بوَ سەندنى مافە ڕەواكانیان ، بەڵىَ كەهەڵەبجەم بینى ئینجا بوَم دەركەوت كە چەندە فەراموَش كراوە ، لەوە گەیشتم كەچەندە لەمەرگەوە نزیكە ، بەبینینى تووشى شوَك هاتم وسەرم سوڕما كە چوَن ئەم شارە ئەوەندە بىَ خزمەت و پشتگوێخراوە لەلایەن دەسەڵاتى كوردیەوە ، لەكاتێكدا هەڵەبجەیەك كە هێندەى هەموو شوَڕشەكانمانمان زێتر ئێمەى كوردى بەجیهان ناساندووە ، ئەو هەڵەبجەى یەكێكى وەكو گوَرانى تێدا لەدایكبووە ، كە پێویستەهەموو كوردێك شانازى پێوەبكات ، بەر لەبینینى واى بوَ چوو بووم دەبىَ لاوى ئەم دەڤەرە ئەوەندە بىَ ئەمەك بن كە زات بكەن موَنەمێتى شارەكەیان بسووتێنن ؟ لەگەڵ ئەوەشدا من بڕام بەسووتاندن وكارى توندوتیژى نییە بوَ چارەسەركردنى كێشەكان ، لىَ سووتاندنى موَنوَمێت كە دەسەڵات دروستى كردووە و، لاو هەڵدەستن بەسووتووكردنى كوَمەڵك مانا دەدات ، كە لەڕووى كوَمەڵناسیەوە هەڵگرى چەندین چەمكى مانابەخشە ، زوَر پێم سەیر بوو دواى نوَزدە ساڵ كیمیانارانكردن و، شانزە ساڵ ڕزگاركردنى كەچى هەتا ئێستا وێرانەو كەلاوەیە ، ئەوەى جێگاى سەرنجى من وهاوڕىَ هەولێریەكانم بوو ، ئەوەبوو كە بوَیەكەمجار بوو شوێنێك ببینین كە ئەویش فوللكەى عومەرى خاوەربوو ، كە هاوڕىَ هەڵەبجەیەكانمان ئەوشوێنەیان لەلا موَنوَمێتى هەڵەبجە بوو، نەك ئەوە موَنەمێتەى كە دەسەڵات دروستكردووە ، ئەو هاوڕێانمان دەیانووت كە دەسەڵات بوَ دەروَزەكردنى سوَزى دەرەو و ، شاردنەوەى شوێنە وێرانەكانى هەڵەبجە و، لەبەر وەفدەكانى بیانى موَنوَمێتیان هەندىَ لەدوورى شار دروستكردووە.
ئێستە ئەوەى گرینگە ، دەسەڵات دەبىَ لەوە تێبگات هەڵەبجەیەكان گشتیان چاوەڕێى ئەوەن كە ئیترئەم شارەیان چیتر فەراموَش نەكرێت و، ئێمەش دەڵێین بائیتر هەڵەبجە تەنیا جێنەهێڵین، نەكا حەنین بیكوژێت و زەریا شەپوَڵى بوَبهێنیت و، زریان بیكێڵێت و مانگەشەو بیفڕێنێت .
arezhazez@yahoo.com