پرسی ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا !
تائێستا پرسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌کوردستاندا ، به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی، له نێوان 2 گرووپدا گیری خواردووه:
یه‌که‌میان : ئه‌وانه‌ن که ئه‌م پرسه به شێوازێکی عاتیفی و بێ گوێدانه بارودۆخی بابه‌تی و خۆیی وله‌مپه‌ر و بنه‌ما و پێویستی وکات و سه‌رده‌م دێننه ئاراوه .
لایه‌نگرانی ئه‌م ڕه‌وته وه‌کوو هێزی سیاسی و نووسه‌ر زۆر جار، به‌تایبه‌تیش که پرسی ده‌وڵه‌تداری له شوێنێکی دنیادا هاتبێته ئاراوه، وه‌کوو جیابوونه‌وه‌ی ته‌یمووری ڕۆژهه‌ڵات یا خوارووی سوودان، ئه‌مانیش سۆز و هه‌ستیان جووڵاوه و بێبه‌شی “کورد” له‌ده‌وڵه‌ت بزواندوونی و ناڵه‌یه‌کیان لێهه‌ڵساوه و پاشان دامرکاونه‌ته‌وه.
دووه‌میشیان : ئه‌و هێزه سیاسیانه بوون که نه‌ک به‌پێی بڕوایان به پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا و بێئه‌وه‌ی خه‌یاڵی وا له‌مێشکیاندا بزاوتبێت و ته‌نها بۆ مه‌رامێکی سیاسیی مایکافیلیانه و زۆر جاریش بۆ پاشقولگرتن و ڕاکێشانی سۆزی خه‌ڵکی ساده، له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کان یا لهبۆربۆرێنێکی حیزبی بێتامی ناوخۆییدا، یادی ئه‌وه‌یان هاتۆته‌وه که کورد” مافی ده‌وڵه‌تی هه‌یه” نه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به‌رنامه و پلان و نیازێکی له‌وجۆره‌یان هه‌بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان و مه‌سعوود بارزانی به‌تایبه‌تی و یه‌کێتی نیشتیمانیش جاروبار، بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازاتێک له‌تورکیا یا له‌سه‌روبه‌ندی دابه‌شکردنی پۆسته‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، یا له‌کێبڕکێی ناوخۆیی خۆیاندا نموونه‌ی ئه‌وم جۆره‌ن له لایه‌نگرانی ” مافی ده‌وڵه‌ت بۆ کورد” .
دامه‌زراندنی ده‌وه‌ڵه‌ت نیشانده‌ری ئاستێکی دیاریکراو( به‌رز )ه له گه‌شه و پێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری و سیاسی له‌ناو گروپێکی ئهسنی یا میلله‌تێکدا. له‌ولاشه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه، واتا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، بڕیارێکی سیاسیی و هه‌ڵبژاردنی ڕێیه‌کی پڕ لهدژواری و مه‌ترسیه به‌تایبه‌تی به‌په‌یوه‌ند به که‌یسی ده‌وڵه‌ته‌وه له کوردستاندا.
له‌ئێستادا و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر ههنگاوێکی به‌کرده‌وه بهاوێژرێت، ئه‌بێ ئه‌و ڕاستیه بزانین که بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی کوردستان فاکته‌رێکی نێگه‌تیڤه له‌به‌رده‌م پرسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌کوردستاندا. ئه‌م فاکته‌ره له قۆناغه جیاوازه‌کاندا به‌رهه‌م دێته‌وه و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی وه‌کوو خۆی قوت ده‌بێته‌وه.
هاوزه‌مانیش و هێنده‌ی ئه‌ویش گرنگ مه‌سه‌له‌یه‌کی تره.
من پێموایه داننان به‌وه‌ی که گه‌لی کورد یا خه‌ڵکی کوردستان مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه پێشمه‌رجێکی پێکهێنانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته خۆیه‌تی.
بۆ مه‌به‌ستی دیققه‌تی زانستیانه‌ش گه‌لی کورد ڕێژه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان پێکدێنێت بێئه‌وه‌ی هێشتاش، به‌بڕوای من، ئه‌وه پاساو بێت بۆ لکاندنی ئاوه‌ڵناوی “ده‌وڵه‌تی کوردی” به‌و دیارده‌یه‌وه.
پیموانیه که‌س ئه‌و خه‌یاڵه له‌سه‌ری دابێت که هه‌ر ئێستا و ئێستهرهم ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا دابمه‌زرێت.
قۆناغی ئێستا، به‌ناچاری نه‌ک خواهیشت، قۆناغی وه‌رگرتنی ئه‌و پسوولهیهیه: خه‌ڵکی کوردستان، له‌سوریا، عێراق، ئێران و تورکیا مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه. وه‌رگرتنی ئه‌و (ماف) ه پاسپورتێکی یاسایی وفهرمیه بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی دواتر بۆ که‌ناری ده‌وڵه‌تداری ڕاستی. من لێره‌دا خۆم ده‌بوێرم له‌و باسه‌ی که ئاستی گه‌شه‌کردنی سیاسی و که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی کوردستان له‌و 4 شوێنه‌دا جیاوازن له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و جاروبار چۆنایه‌تیشه‌وه و ته‌نها پێداگری له‌سه‌ر تێرمه یاسایی و حقوقیهکهی مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بۆ پێکهاته‌ی کوردستان و کورد له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌که‌م.
هێشتا نه له ئاستی هیچ یه‌ک له‌و 4 ووڵاته‌دا، نه له‌ئاسته‌کانی وه‌کوو جامیعه‌ی عه‌ره‌بی یا نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کاندا و نه‌ک ته‌نانه‌ت له‌ناو بازنه‌ی ته‌سکتری هێزه سیاسیه زۆروزه‌به‌نده‌کانی ئه‌م ووڵاتانه‌دا، به‌عێراقیشه‌وه، بێ دوودڵی و به‌ڕۆشنی ، ئه‌م مافه بۆ کورد نهسهڵمێنراوه. گه‌ر له‌م بواره‌دا مه‌سه‌له‌که له‌گه‌ڵ گه‌لی فه‌له‌ستیندا به‌راوورد بکه‌ین جیاوازی و بایه‌خی ئه‌م فاکتهرهمان ڕۆشنتر بۆ ده‌رئه‌که‌وێت. سه‌رباری ئاڵۆزی و سه‌ختی و دژواریه‌کانی به‌رده‌م پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی، به‌ڵام ئه‌وان له‌وبواره‌دا له خاڵێکی به‌هێزتره‌وه تێههڵئهچن. له‌ساڵی 1974 به‌دواوه کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ،به‌ئیسرائیلیشه‌وه، دانی ناوه به‌مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین.
لێره‌وه هه‌ر هه‌وڵێکی ڕاستی بۆ هێنانه‌ئارای پرسی ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا یا سه‌ربه‌خۆیی( نه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ چونکه ده‌وڵه‌ت خۆبه‌خۆ سه‌ربه‌خۆیه ) به‌شێوه‌یه‌کی جیددی و دوور له‌گه‌مه‌ی سیاسی بێتامی حیزبایه‌تی، به‌سه‌ر ئه‌م پێشمهرجهدا تێپه‌ڕ ئه‌بێت . که‌س ناتوانێت له‌مڕۆدا به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه که مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان هه‌یه‌تی، نکۆڵی له‌بایه‌خی دانپیانان یا ژێرپێنانی ئه‌م مافه بۆ کورد یا بۆ هه‌ر پێکهاتێکی تری ئه‌سنیکی له‌جیهاندا بکات.
به‌ڵام دیاره مه‌سه‌له‌ی “مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت” شتێکه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت خۆی شتێکی تره و ناکرێ ئیتر له‌یه‌که‌میاندا بچه‌قیت. ئه‌وی یه‌که‌م ناتوانێت ببێت به‌به‌دیل بۆ دووه‌میان. په‌ڕینه‌وه له قۆناغی یه‌که‌مه‌وه بۆ دووه‌م به‌ناچار یانی ده‌رگیربوون له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ده‌رهاویشته و داده‌ی نوێ که له‌یه‌که‌میاندا نه‌بوون.
هه‌ر بۆ نموونه مه‌سه‌له‌ی خاک باس بکه‌ین.
له‌هه‌موو گفتوگۆکانی کورد و هێزه سیاسیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و چه‌کداریی کوردی له عێراقدا، ته‌نانه‌ت کاتی پرۆژه‌کانی ئۆتۆنۆمی له ساڵانی 1970، 1974، 1984 و 1991 یشدا هه‌میشه مه‌سه‌له‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که یاسای ئۆتۆنۆمی ئه‌یگرێته‌وه ئه‌بوو به‌گرێ کوێره. له‌پشتی ئه‌وه‌وه یه‌ک ڕاستی گرنگ خۆی حه‌شاردابوو: ئه‌بێ دیار و مه‌علووم بێت که ئه‌م یاسایه چ ناوچه‌یه‌ک و دانیشتوانی کام ناوچه‌ی جێۆگرافی له عێراق ئه‌گرێته‌وه. یاسای ئۆتۆنۆمیی کوردستانی عێراق، کورد و تورکمان و ئاسووری و کلدانی و عه‌ره‌بی دانێشتووی ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌گرته‌وه که له‌یاساکه‌دا وه‌کوو (ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی کوردستان) دانی پێدا ئه‌نرا و له‌هه‌مان کاتدا هیچیه‌ک له‌و کوردانه‌شی نه‌ئه‌گرته‌وه کهلهبهغداد، بۆ نموونه، دائه‌نیشتن و ڕه‌نگ بێ ڕێژه‌یان پێنجیه‌کی ژماره‌ی هه‌موو کوردی عێراقیش ببێت. به‌و مانایه ئه‌بێ دیار و ڕۆشن بێت که سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌ڕووی جوغرافیا و خاکه‌وه چ مانایه‌کی هه‌یه.
گه‌ر له تێرم و پێشمه‌رجه یاسایی و حقووقیهکان بگوزه‌رێین گرنگترین پێشمه‌رجی سیاسی چین؟
ڕه‌نگ بێ زیاده‌ڕۆیی نه‌که‌م گه‌ر بڵێم چه‌مکی نیشتیمانی بوون و توانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له بۆته‌ی ئینتیمای نیشتیمانیدا یه‌کێک له‌و پێویستی و پێشمهرجانهیه که ئێستا له ئاستێکی سه‌ره‌تایی و لاوازدایه. هێنده‌ی حکوومه‌ته ناوه‌ندیه‌کانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا پشکیان بووه لهکاڵکردنهوهی ئه‌و مۆرکه هێنده‌ش باڵی کۆنسێرڤاتیف و ته‌قلیدی بزوتنه‌وه‌ی کوردی و به‌تایبه‌تی حیزبه دیموکراتیه کوردستانیه‌کان ڕۆڵیان هه‌بووه له‌م بواره‌دا. ده‌سه‌ڵاتی خێزانی سه‌رۆک عه‌شیره‌تێکی وه‌کوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی له ساڵی 1946ه‌وه تا ئێستا به‌سه‌ر چاره‌نووس و بڕیاری سیاسیی به‌هێزترین هێزی سیاسیی ناو گۆڕه‌پانی کوردستان و فه‌رمانڕه‌وایی کوڕ و باوکێک له‌و مێژووه هه‌ستیار و پڕ ئاڵوگوڕهدا خۆی ناکۆکه له‌گه‌ڵ ساده‌ترین چه‌مک وبه‌ها نیشتیمانی و مۆدرێنهکاندا.
بۆیه سه‌رتۆپکی پردی سیاسیی په‌ڕینه‌وه له قۆناغی مافی هه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ قۆناغی دوای ئه‌و بریتیه له توانه‌وه له بۆته‌ی ئینتیمای نیشتیمانی له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستاندا. له‌م ڕووه‌وه گه‌ر له‌ناو عه‌ره‌بی عێراقدا په‌تای تائیفیه‌ت شێوازی مه‌زهه‌بی و ئاینی و دابه‌شبون به‌سه‌ر شیعه و سووننه‌ی به‌خۆوه گرتبێت که یه‌کێک له قێزه‌ونترین ده‌رهاویشته‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌وێیه، پێموایه، بۆ نموونه ، سۆرانی و بادینی، که یه‌کێک له به‌رهه‌مه‌کانی مودێلی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی هه‌ردوو حیزبه و به‌تایبه‌تی پارتی ژیله‌مۆکه‌ی ئه‌بووژێنێته‌وه، ئه‌و شێواز و فۆرمه‌یه که تایفیه‌ت له کوردستاندا، به‌تایبه‌تی دوای خامۆشکردنه‌وه‌ی زنجیره ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌م دواییانه ، به‌خۆوه‌ی ده‌گرێت.
هێنده‌ی ئه‌و فاکته‌ره‌ش گرنگ له‌باری سیاسیه‌وه مه‌سه‌له‌ی داهاتووی مه‌سه‌له‌ی کورد له عێراقه له کورتماوه‌دا. گه‌ر چاری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له چوارچیوه‌ی فیدرالیهکدا بێت به ماف وده‌سه‌ڵاتێکی لۆکا‌ڵی پانوپۆڕهوه ئه‌وا پرسی ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا گۆژم و تینێک به‌خۆوه ئه‌گرێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش دیوی تاڵی ئه‌و پرسه ئه‌بێت.
هه‌ر لێره‌وه‌ش خاڵێکی تر خۆی ئه‌سه‌پێنێت.
مۆدێلی حکوومه‌تی کوردستان تا ئێستا له‌ناو هێژیمۆنیی حیزب و ده‌سه‌ڵاتداره‌تی خانه‌واده‌ی سه‌رۆکه‌کان و گه‌نده‌ڵیدا خه‌ریکه ده‌خنکێ و که‌مترین مۆرکی نیشتیمانی و سیستمی مۆدرین به‌م دهسهڵاتدارهتیهی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ماوه. ئه‌و ده‌سکه‌وته گرنگه‌ی مێژوویه‌کی میلله‌تی کورد و خه‌ڵکی کوردستان خه‌ریکه ده‌بێ به‌بارێکی قورس به‌سه‌رشانی هه‌مان میلله‌ته‌وه. به‌کورتی مۆدیلی حکوومه‌تی هه‌رێم، له‌ئاکامی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستاندا له کام که‌نار ئه‌گیرسێته‌وه و چ سیستمێکی سیاسی و ئیداری له کوردستاندا به‌رقه‌رار ئه‌کرێت، به‌تایبه‌تیش کام ده‌ستوور بۆ ڕێکخستنی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی وبه‌ڕێوه‌بردن له هه‌رێمدا جێگیر ئه‌کرێت، ئه‌توانێ به باری پۆزه‌تیف یا نیگهتیفدا، ڕۆڵی کارا بگێڕێت به ئاقاری خاوکردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له درێژماوه‌دا و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنی بۆ قۆناغێکی مێژووی درێژ و ئه‌مجاریان به‌هۆی فاکته‌ری ناوخۆییه‌وه بۆ یه‌که‌مین جار ، یا به‌پێچه‌وانه‌وه دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی خه‌مخۆری نیشتیمانی ئه‌توانێ تینێکی به‌هێز ببه‌خشێ به‌و ڕه‌وته و چه‌ندین فرسه‌خ له خه‌ونه‌وه به‌ره‌وه واقیعیه‌ت ته‌کانی پێبدات.
حوزه‌یرانی 2011
+ تێبینی:
ئه‌م وتاره پێشتر له هه‌فته‌نامه‌ی هاووڵاتی ژماره 744 ڕێکه‌وتی 29/6/2011 له دۆسیه‌ی : پرسی ده‌وڵه‌ت له باشووری کوردستان بڵاوبۆته‌وه.