قه‌یرانی سیاسی لوبنان و وێکچواندنێک له‌گه‌ڵ عیراقدا..
دارا مه‌حمود….
لوبنان که‌له‌ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که‌شدا به‌تاکه وڵاتی دیموکراسی ناوده‌برێت. زۆرجار وه‌ک ئه‌زموونێک له‌م ڕووه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. که‌به‌ڕاستیش ئه‌زموونێکی بایه‌خداره. به‌ڵام چۆن ئه‌زموونێک، و چۆن بایهخدارییهک..؟ ئایا ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوو که شایسته‌ی دووبارهکردنهوهبێت. یانیش به‌پێچه‌وانه‌وه، واتا ئه‌زموونێکی سه‌رنه‌که‌وتوو، به‌ڵام پڕ لهپهندو عیبره‌ت..؟
له‌کاتێکدا پتر له64 ساڵ به‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆبوونی لوبناندا تێپه‌ڕده‌بێت. و له ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه تا ئه‌مڕۆ که جیهان قه‌یرانی هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌ک کۆماری لوبنان ده‌بینێت هه‌رگیز ئارامی و سه‌قامگیریی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه. ترۆری سه‌رکرده حزبی و حکومییه‌مان، کوده‌تای سه‌ربازیی، شه‌ڕی ناوخۆ، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی… سیمای به‌رده‌وامی بارودۆخی سیاسی و سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی بوون و تا ئه‌مڕۆش هه‌روا به‌رده‌وامه.
به‌ڵام چما لوبنان که وڵاتێکی دیموکراته ناتوانێ چاره‌سه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه ببینێته‌وه‌و فاکته‌ره‌کانی ئه‌و قه‌یرانه له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن..؟
دیاره که فاکته‌ره‌کانی قه‌یرانی سیاسی لوبنان یه‌کێک و دووان نین. و به‌شێکیان فاکته‌ری ده‌ره‌کین که په‌یوه‌ندییان به‌کێشه‌ی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیله‌وه هه‌یه‌و به‌شێکی تریشی دیرۆکییه که‌ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان سووریا‌و لوبنان. و ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕای پێگه‌ی جیۆپۆلیتیکی ئه‌م وڵاته… به‌ڵام گشت ئه‌مانه فاکته‌ری بنه‌ڕه‌تی کێشه‌کانی ئه‌م وڵاته نین. و له‌زۆر حاڵه‌تدا خۆیان ده‌ره‌نجامن و له‌به‌رده‌وامی کێشه‌کاندا جارێکی‌تر ده‌بنه‌وه بهفاکتهر. که‌واته ڕیشه‌ی کێشه‌کان له‌شوێنێکی تردایه کهناوخۆییه. و ئه‌ویش شێوازی دابه‌شبوونی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فه‌گه‌رییه.
تایه‌فه‌گه‌ریی، سیسته‌می دیموکراسی ئه‌م وڵاته‌ی وه‌ها له‌باربردووه و تووشی بنبه‌ستی کردووه. که هه‌رله‌سه‌ره‌تای سه‌ربه‌خۆبوونییه‌وه تائه‌مڕۆ ئاسووده‌یی و ئارامی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه. هه‌رئه‌مه‌شه خۆشکه‌ریی زه‌مینه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ره‌کی و شه‌ڕوکێشه ناوخۆییه‌کانه.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه، ته‌نیا پێشه‌کییه‌ک بوو بۆلێدوان له باری سیاسیی عیراق و پێشبینییه‌کانی داهاتوو. چونکه واپێده‌چێ که ئه‌زموونی سه‌رنه‌که‌وتووی لوبنان له‌دیموکراسیدا، جارێکی‌تر له‌عیراق دووباره بێته‌وه.
دیاره ئێمه یه‌که‌مین که‌س نین که‌باس له‌مه‌ترسی شێوازی دابه‌شبوونی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای تایهفهگهرییهتی له‌عیراقدا ده‌که‌ین. به‌ڵکو ئهمهبابهتێکه ڕۆژانه باسی لێوه‌ده‌کرێت. به‌ڵام دیده‌کان یه‌کجار جیاوازن. هێزه ناسیۆنالیست و عروبییهکان تایهفهگهرییتی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه، لهودیدهوه که جۆراوجۆری قبوڵ ناکه‌ن. و له‌ڕاستیدا ههربهجۆرێکی تر خوازیاری چه‌سپاندنی تایهفهگهریین. به‌ڵام له‌بری چه‌ند تایه‌فه، ته‌نیا ئه‌لته‌رناتیڤی یه‌ک تایه‌فه پێشکه‌ش ده‌که‌ن که له‌سه‌ر بنه‌مای سڕینه‌وه‌ی بهرامبهرو ئه‌وی تر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. و به‌واتایه‌کی تریش گێڕانه‌وه‌ی هه‌مان سیسته‌می به‌عس و یانیش شتێکی له‌وجۆره‌ی به‌که‌مێک جیاوازییه‌وه.
هه‌روا هێزه مه‌زهه‌بییه‌کانیش هه‌ربه‌هه‌مان شێواز. به‌ڵام له‌جێگای تایهفهگهریێتی ئه‌لته‌رناتیڤه‌کانی وه‌ک: مه‌رجه‌عییه‌ت، شه‌ریعه‌ت، مه‌رکه‌زییه‌تی ده‌سه‌ڵات… ده‌خه‌نه‌ڕوو که‌ئه‌مانه‌ش نه‌ک هه‌ر چاره‌سه‌ریی نین به‌ڵکو شیوازێکی تری تایهفهگهریین.
لایه‌نی کوردیش گه‌رچی ئه‌لته‌رناتیڤه‌کانی له‌وانه‌ی پێشوو جیاوازه. به‌ڵام له‌ئاکامدا ههرپهرهپێدهریی تاتهفهگهرییه. ئه‌ویش له‌سه‌رئه‌م دیده دامه‌زراوه که: له‌عیراقدا چی ده‌بێ باببێ! و گرنگ ئه‌وه‌یه که کورد قه‌واره‌که‌ی پارێزراوبێت، پاراستنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ش ته‌نیا به‌مه ده‌بێت که کورد لهههڵنژاردنهکاندا، و له‌پێناو په‌رت نه‌بوونی ده‌نگه‌کان هه‌میشه به‌یه‌ک لیست به‌شداریی بکات و کوردانیش هه‌میشه ته‌نیا ده‌نگ به‌و لیسته بده‌ن..!
ده‌بێ ئه‌مه‌ش بڵێین که گه‌رچی عیراق له بواری به‌دیموکراسی بووندا هه‌نگاوی باشی هه‌ڵێناوه‌ته‌وه. به‌ڵام دیموکراسی پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه، و ڕاوه‌ستان و گه‌شه‌نه‌کردن بۆخۆی به‌واتای شکه‌ستی دیمهکراسییهو. بۆیه عیراق به‌م دابه‌شبوونه تایهفهگهرییهوهی چیتر ناتوانێ په‌ره به‌و پرۆسه‌یه بدات که‌له‌سه‌ر ڕێگای دیموکراسی ده‌ستی پێ‌کرد.
ئیتر هه‌روه‌ک چۆن لوبنان له‌کێشه‌یه‌ک ده‌ربازی ده‌بێت. و دووچاری کێشه‌یه‌کی تر ده‌بێت و چۆن قه‌یرانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار کۆتاییش دێت به‌ڵام قه‌یرانه‌کانی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و میلیشای حزبوڵڵا و شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات… کۆتای‌یان نایه‌ت. عیراقیش هه‌روا.
زۆرکه‌س و لایه‌ن له‌گه‌ڵ هێوربوونه‌وه‌ی باری ئاسایش و شکه‌ستی لایه‌نه‌کانی سه‌ربه ئه‌لقاعیده شیرینی سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری ده‌به‌خشنه‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چن. ئه‌دی ده‌بێ چ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ میلیشیاکانی سوپای مه‌هدیدا ، که‌ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ژێر عه‌بای ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌نجامیانداوه له‌هی گروپه‌کانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده که‌متر نه‌بوون، بکرێت..؟ و ئه‌دی ده‌سه‌ڵاتی مافیایی پارت و گروپهجۆربهجۆرهکانی شیعه چۆن کۆنترۆڵ ده‌کرێت. و پاشان به‌چ میکانیزمێک ڕووبه‌ڕووی ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ره‌کییه‌کان که لهقۆناغێکیهوه ده‌چنه قۆناغێکی تر‌و شێوازگه‌لی تری ده‌ستێوه‌ردان ده‌ستپێده‌که‌ن، ببینه‌وه..؟
ئیتر له‌بارودۆخێکی وادا وه‌ستانی شمشێری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و شه‌ڕی ناوخۆ‌و هه‌میشه به‌سه‌ر ملی خه‌ڵی عیراقدا ده‌بن و ئاکامه‌کانیش به‌مجۆره‌ی خواره‌وه ده‌بن:
1- نه‌هێڵانی بواری هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌م خه‌ڵکیدا. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ی له هه‌ر پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا، خه‌ڵکی عیراق به‌هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه، پێشوه‌خت به‌سه‌ریدا سه‌پاوه که‌یه‌ک لایه‌ن هه‌ڵبژێرێت. ئه‌مه‌ش به‌واتای شکهستپێهێنان و له‌باربردنی دیموکراسی و له‌باشترین حاڵه‌تی خۆیدا له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی دیموکراسی لوبنان به‌ولاوه شتێکی تر نابێت، که ڕۆژانه ده‌یبینین چی به‌سه‌ر هاتووه..!
ئیتر بۆ نموونه لهههرههڵبژاردنێکی داهاتوودا و تا ئاینده‌یه‌کی دووری نادیار، خه‌ڵکی کورد ناچاره ته‌نیا ده‌نگ بۆ لیستی کوردی بدات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و هێزهکوردییه ده‌سه‌ڵاتدارانه دژی دیموکراسیش بن. ئه‌مه لایه‌نه‌کانی شیعه‌و سوننه‌ش ده‌گرێته‌وه. دیاره خۆ من ناخوازم ئه‌مه بڵێم که به‌شێوه‌یه‌کی گرده‌بڕ کورد ده‌نگ بۆ لیستی کوردی نه‌ده‌ن. به‌ڵکو ده‌خوازم بڵێم کاتێک بواری جیاکردنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردن له نێوان باش و خراپ، باش و باشتر، خراپ و خراپتر، دیموکرات و نادیموکرات… له‌ئارادا نه‌بێت ئیتر باسکردن له‌دیموکراسی کارێکی بێهوده‌و بێ بایه‌خه.
2- به‌رده‌وامی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. ئه‌مه‌ش ده‌بێته کارێکی حه‌تمی و پێویست و هه‌رلایه‌نه له‌پێکهاته تایهفهگهرییهکان بۆئه‌وه‌ی پارسه‌نگی هێز به‌لای خۆیدا بشکێنێته‌وه په‌نابۆ لایه‌نێک ده‌بات. شیعه بۆ ئێران. سوننه بۆ عه‌ره‌بستانی سعودی و هێزه ناسیۆنالیستییه عه‌ره‌بییه‌کان. و کوردیش بۆ ئه‌مه‌ریکاو یانیش هه‌رلایه‌نێکی تر کهپێێوابێ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌پارێزێت. و له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر، ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌و بۆچوونانه‌ی کهدهبێژن فڵانه یان فیساره لایه‌ن نابێ دۆستایه‌تی ده‌ره‌کی هه‌بێت.. بێواتان. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه حه‌تمین. کورد ئه‌گه‌ر پشتیوانی ده‌ره‌کی لێ ببڕێت له‌لایه‌ن هێزهههرێمی و نێوخۆییه‌کانی عیراقه‌وه، تۆزی بهبادهکرێت. هه‌روا سوننه‌ش له‌به‌رانبه‌ر هێرشی شیعه‌گه‌ریی که‌زۆرینه‌ی خه‌ڵکی له‌پشته، له ته‌واوی پێگه گه‌وره‌و بچووکه‌کانی بێبه‌ری ده‌کرێت و شیعه‌ش به‌هه‌مان شێوه بۆ ئه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانه‌که‌دا ته‌نیاو بێکه‌س نه‌مێنێته‌وه، له‌نێوان ئه‌مه‌ریکاو ئێران‌دا یاری په‌تپه‌تێن ده‌کات.
ئه‌مه‌ش به‌ڕۆڵی خۆی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی کێشه‌ی ناوخۆی عیراق، سنووره‌کانی خۆی ده‌ربازبکات و په‌لوپۆ به‌هه‌ر چوارلادا بهاوێژێت. چونکه کێشه‌که به‌وه سنووردار نابێت که ههرتایهفهیه دژی تایه‌فه‌کانی تر سه‌نگه‌ربه‌ندی بکات، به‌ڵکو دژی ئه‌و لایه‌نه ده‌ره‌کیانه‌ش که‌پشتیوانی له‌هه‌ریه‌ک لهوانهدهکهن. و تاوای لێدێت که‌کێشه‌ی تایه‌فه‌و یانیش به‌گشتی خه‌ڵکی عیراق ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه‌و کێشه‌و ململانێێهک دیته ئاراوه که نێوان هێزهدهرهکییهکانه. به‌واتایه‌کی تر شه‌ڕێک به‌رۆکی خه‌ڵکی عێراق ده‌گرێت که‌ئیتر شه‌ڕی ئه‌وان نییه. که‌چی ئه‌وان باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن دهبنهسووتهمهنی و له‌ڕاستیدا واشی لێهاتووه‌وه ڕۆژانه به‌چاوی خۆمان ده‌بینین.
3- ئه‌گه‌ری لهتو په‌تبوونی وڵات. ئه‌م لهتوپهتبوونهش، مه‌رج نییه به‌واتای درووستبوونی چه‌ند ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆبێت. به‌ڵکو لهتوپهتبوونێکی له‌سه‌ر شێوازی لوبنان. که یه‌ک وڵاتی له‌توپه‌ته.
زۆرکه‌سی کورد له‌دیدێکی ناسیۆنالیستی ته‌سکه‌وه پێێان وایه له‌توپه‌تبوونی عیراق حه‌تمه‌ن به‌سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد کۆتایی دێت. که دیدو خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه‌و. مه‌رج نییه ئه‌نجامێکی وای لێ بکه‌وێته‌وه. و من وه‌ک پرێنسیپێک دابه‌شبوونی عیراق به‌چاره‌سه‌ریی کۆتایی ده‌زانم و کوردیش مافێکی بنه‌ڕه‌تی و ڕهوهای خۆیه‌تی که‌وه‌ها ئامانجێکی له‌پێش چاوان بێت. به‌ڵام وه‌ها پێشهاتێک ده‌بێ له‌ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی سیاسی سرووشتییه‌وه به‌دیبێت. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زۆرتریش دبێ بڵێێن دابه‌شبوونێکی سروشتی ته‌نیاو ته‌نیا کاتێک ده‌بێت که زۆربه‌ی لایه‌نه غهیرهکوردییه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، یان لانیکه‌م لایه‌نه به‌هێزه‌کان سودییان له‌و دابه‌شبوونه پێبگات. یانیش هیچ نه‌بێت زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن. ده‌نا ئهوئهگهره له‌پێش چاوانه که عیراق له‌توپه‌ت بێت و کوردیش هیچی پێ نه‌بڕێت. به‌ڵکو له‌بری سه‌ربه‌خۆیی، ئاژاوه، ناسه‌قامگیریی، تهوهربهندیی، و ته‌نانه‌ت توندوتیژیش بێته‌ئاراوه..
ئه‌م ڕۆژانه زۆر باس له ڕێکخراوه‌کانی ناوبراو به (صحوه)، له‌عیراقدا ده‌کرێت. و ئاشکرایه له‌ڕێگای ئه‌م ڕێکخراوانه‌وه گورزی کوشه‌نده ئاراسته‌ی ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده‌و هاوپه‌یمانه‌کانی کراوه. به‌ڵام کاره‌کان به‌مه کۆتای‌یان نه‌هاتووه. ئه‌م ڕێکخراوانه له کۆمه‌ڵه خێڵێک به‌ولاوه شتێکی تر نین. چه‌نده نیشتمانپهروهربن و به‌ته‌نگ چاره‌نووسی وڵاتهکهیانهوهبن، هێشتا ئه‌وان خێڵه‌کین و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی خێڵ ڕه‌فتارده‌که‌ن و به‌ناسنامه‌ی خێڵ ده‌چنه ناو پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه‌و هێشتا ئه‌م خێڵانه به‌ته‌واوی خۆیان ساغ نه‌کردۆته‌وه که‌چی باس له دروستکردنی میلیشیاو سوپای تایبه‌ت به‌خۆیان و پله‌وپایه‌و ده‌ستکه‌وتی مادی وه‌ک مووچه‌و پاداشت و خه‌ڵات ده‌که‌ن. بۆیه مامه‌ڵه‌کردنێکی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا کارێکی ئاسان نییه. چونکه جێجه‌جێکردنی خواسته‌کانیان به‌واتای دروستبوونی چه‌ندان ده‌وڵه‌تۆکه له‌ناو ده‌وڵه‌تی عیراقدا‌و ڕهتکردنهوهشیان به‌واتای یاخیبوونی دووباره‌یان و گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی ده‌ستپێک. و ئیتر ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا ڕووده‌دات چه‌سپاندنی هه‌رچی زۆرتری تایه‌فه‌گه‌رییه. ئه‌مه‌ش به‌واتای چه‌قین و به‌بنبه‌ستگه‌یشتنی دیموکراسیی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م کێشمه‌کێشه ئاڵۆزانه‌دا پتر سه‌رنجی ئێمه بۆلای خۆی ڕاده‌کێشێت. ئهوبارودۆخهیه که‌کوردی پێدا تێده‌په‌ڕێت. و له‌سه‌ر چه‌ند ئاست پێویست به‌لێدوانه:
1- هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رسنووری نێوان عیراق و تورکیا‌و کێشه‌ی پ ک ک، جارێکی تر ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لمانده‌وه که ئه‌مه‌ریکا ده‌کرێ سوود به‌کورد بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام له‌ئاکامدا ئه‌و لایه‌نه نییه که‌پشتی پێ ببه‌سترێت و ئایندهی له‌سه‌ر بنیات بنرێت. به‌ڵکو ده‌وڵه‌تێکه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ڕه‌فتارده‌کات و هه‌میشه‌ش هه‌روه‌ها بووه. ئیتر که‌سێک تائێستا له‌م ڕاستییه نه‌گه‌یشتبێت، بالێرهبهدوا تێبگات. لهحسابکردنی ئاینده‌دا، ئهوئهگهرهش له‌به‌رچاوان بگرن که‌ده‌کرێ ئه‌مه‌ریکا پشتیان تێبکات.
2- کورد ده‌بێ له نێوان ڕێگای به‌دیموکراسیبوون و پاشگوزبوونهوه له‌دیموکراسی یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت. ئه‌مه‌ش شتێک نییه به‌دروشم و قسهولێدوان ساغ بێته‌وه به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌فتارو پراکتیک به‌دیار ده‌که‌وێت. و چاوبه‌سته‌کی هه‌ڵناگرێت. به‌رپرسیارێتی درووستبوونی قه‌یرانی سیاسی له‌عیراقدا ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی کوردیش چونکه یه‌کێکه لهبنیاتنهرانی ئه‌و سیسته‌مه هه‌ڵه‌یه.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که ئایا له‌کاتێکدا سه‌قامگیریی سیاسی و ئارامی و له‌ئاکامیشدا دیموکراسی له عیراقدا، له‌خه‌ون و خه‌یاڵیک به‌ولاوه شتێکی تر نه‌بێت، و له‌سه‌ر ئاستی نزیک چاره‌سه‌رییه‌ک به‌دی نه‌کرێ. ده‌کرێ کورد له‌چوارچێوه‌ی سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا هه‌نگاو به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی دیموکراسی هه‌ڵێنێته‌وه..؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسه‌دا ده‌ڵێین، گه‌رچی تائه‌وکاته‌ی کوردستان به‌شێکی دانه‌بڕاو ده‌بێت له‌عیراق، بێ هیج گومانێک عیراقێکی ناسه‌قامگیرو شێواو له‌زۆربه‌ی ئاسته‌کاندا کارده‌کاته سه‌ر هه‌رێمی کوردستانیش. به‌ڵام ئاستی ئازادییه‌کان، کۆنترۆڵکردنی گه‌نده‌ڵی، ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌کان، چه‌سپاندنی عه‌داله‌ت، ڕێزگرتن له‌یاسا… له‌توانادان له‌چوارچێوه‌ی سنووری هه‌رێمدا په‌ره‌یان پێبدرێت. به‌دیهاتنی ئه‌مه‌ش مه‌رجێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌خوازێت ئه‌ویش ده‌ستبه‌رداربوونی دووهێزی سه‌ره‌کی واتا پارتی و یه‌کییه‌تی له حکومه‌تی هاوبه‌شه. و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنێکی به‌هێزو ڕاسته‌قینه. کهزامنی له‌ناوبردنی مۆنۆپۆلکردنی ده‌سه‌ڵات، و له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌کایه‌ی شه‌فافیه‌ت ده‌بێت. بێگومان ئه‌مه‌ش ئاماده‌کردنی زهنیه‌ت و خۆڕاهێنان له‌سه‌ر قبوڵکردنی شکه‌ست له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌خوازێت و پێویسته هه‌رله‌ئێستاوه تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو، کارله‌سه‌ر ئه‌مه بکرێت. ئه‌گه‌ر کورد لێره‌به‌دوا هه‌وڵ بۆ خوڵقاندنی هێنانه‌کایه‌ی وه‌ها هه‌لومه‌رجێک نه‌دات، قسه‌کردن له‌سه‌ر دیموکراسی کارێکی بێهوده ده‌بێت.
3- هاوپیمانیتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه جۆربه‌جۆره‌کاندا، پێویستی به پێداچوونه‌وه‌یه. و شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته که کورد له‌هه‌ر هاوپهیمهنێتییهکدا به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بگه‌ڕێت. واتا له‌گه‌ڵ کێهه لایه‌نه‌دا پتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پارێزراوبن، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاوپه‌یمانێتی گرێ بدات. به‌ڵام زۆریش گرنگه که‌بتوانین به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمان ده‌ستنیشان بکه‌ین. ئه‌مه به‌و واتایه‌یه که ئێمه بۆبه‌رژه‌وه‌ندی ته‌نیا له‌و دیده‌وه نه‌ڕوانین که له ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا چیمان ده‌ستده‌که‌وێت. به‌ڵکو بۆ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی عیراق و کوردستان زۆرگرنگه که بگه‌ڕێێن بۆ ئه‌و هێزانه‌ی که پتر پابه‌ندی دیموکراسین. و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ هێزێکی به‌هێزی وا له‌ئارادا نه‌بێت، باکورد ببێته ناوک و بنیاتنه‌ری ئه‌و هێزه. چونکه ئایندهی کورد و گه‌لانی عیراق به‌ده‌ست هێزه مه‌زهه‌بی و تایهفهگهرییهکانهوه.. ڕه‌ش و تاریکه.
له‌م ڕۆژانه‌دا قسه‌وباسی ژیرلێوانهوه و هه‌ندێک جاریش به‌ئاشکرا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه بابه‌تێکی به‌ڕواڵه‌ت له‌یه‌ک جیاوازی وه‌ک: قه‌یرانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندی، درووستبوونی هاوپه‌یمانێتی نوێ، پێداچوونه‌وه به پێكهاته‌ی حکومه‌ت و ئه‌گه‌ری درووستبوونی حکومه‌تێکی تر، پێداچوونه‌وه به ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زایری ساڵی 1975ی نێوان عیراق و ئێران، ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان عیراق و تورکیا… و هیتر ده‌کرێت. و گشت ئه‌مانه‌و به‌تایبه‌تیش به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌گه‌ری گۆڕانکاریی له‌سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادا، که ڕه‌نگه دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆتایی ئه‌مساڵی ئه‌م وڵاته ڕووبدات، نه‌ک هیچ چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی عیراق له ئاسۆوه به‌دی ناکرێت، به‌ڵکو چه‌ندان قه‌یران و کێشه‌ی چاوه‌ڕواننه‌کراوی تر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
بارودۆخی عیراق، هیچ بوارێکی تێدا نابینرێت تا به ئایندهی ئه‌م وڵاته خۆشبین بین. ئه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌یه. لهقهیرانێک ده‌ربازی ده‌بێت و چه‌ندان قه‌یرانی تر به‌رۆکی ده‌گرن. ئه‌مه‌ش لازیمه‌ی ئه‌م سیسته‌می ده‌سه‌ڵاته‌یه. و ئیتر یان ده‌بێ مل بۆ ئه‌م واقیعه که‌چ که‌ین. و ڕازی بین که به‌شێک بین له‌وڵاتێک که‌هیچ کات ئارامی و سه‌قامگیریی به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت. و یانیش به‌جدی و ڕاستگۆیانه هه‌وڵی تێکشکاندنی سیسته‌می تایه‌فه‌گه‌رێتی و هه‌وڵدان بۆ خوڵقاندنی هه‌لومه‌رجێک که بواری هه‌ڵبژاردن، له‌سه‌ربنه‌مای پابه‌ندبوون بهدیموکراسییهوه له‌ئارادابێت بده‌ین.