Skip to Content

Wednesday, August 17th, 2022

هەولێریەکان و پشێویەکانی ئازادی

Closed
by July 28, 2011 گشتی

وشەی ئازادی  جادوویەکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، جادوویەک نازانین کەی و چۆن لەچرکەساتێکدا ڕاومان دەکات، ئازادی مانای جەنگێکی ئەبەدیە لەبەرامبەر دنیای ناوەوە و دەرەوەی خۆمان، بێگومان لەبەرامبەر بوونی خۆمان وەک مرۆڤێک کەتاوەکو مردن لەگەڵ پرسی وجودی خۆماندا لەکێشەداین. مەرج نییە هەمیشە (ئازادی گشتی) ڕێگەیەک بێت بۆ (ئازادی خود)ی تاک، بەڵام مەرجە ئازادی وەک فەزایەکی گشتی بوونی هەبێت. کێشەی مرۆڤ لەگەڵ ئازادیدا چەندە کێشەیەکی وجودیانەیە، چەندە خودگەرا وسوبێکتیڤە، ئەوەندەش کێشەیەکی گشتیە. بەتایبەت کاتێک ئازادی دەبێتە چارەسەر بۆ ئەو پشێویە گەورەیەی ڕۆحی مرۆڤی غەمبار کردووە، ئازادی لەم ئاستەدا چەندە گەیشتنە بەژیانێک بەڕۆحێکی ئاسودەوە، ئەوەندەش مرۆڤ ئازار دەدات. فەیلەسوفێکی وەک (سڵاڤۆ ژیژاک) ئازادی بەئازاریکی گەورە تێدەگات، دەڵێت : (ئازادی مانای ئەوە نییە لەهەودا بفڕیت، مانای ئەوە نییە لەنێوان دووجۆر شیرینیدا یەکێکیان هەڵبژێریت، ئازادی مانای بڕیاردانی گرانە لەمەڕ ژیان، ئازادی شتێکی بەئازارە…). بەهەقەت وایە، ئەوانەی ئازادن ئەوانە لەهەمووان زیاتر لەبەرامبەر دنیای ڕیاڵدا ئازار دەچێژن. لەم دەروازەیەوە دەتوانین لەم مرۆڤە نوێیە تێبگەین کەلەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەردەم تفەنگەکانی دیسپۆت ودیکتاتۆریەتدا ڕادەوستێت، دەکوژرێت و زیندانی دەکرێت و نانبڕاو دەکرێت وگوشاری کۆمەڵایەتی دەخرێتە سەر وهیلاک دەکرێت، لەبەرئەوەی (پشێوی ڕۆحی) بەدەست دیسپۆت ودیکتاتۆریەتەوە ئەوەندە گەورەیە، کەبۆ ڕزگار بوون لەو پشێویە ڕۆحیەی بڕیاردەدات، یان دەبێت ئازاد بێت، یان دەبێت بمرێت . باشتر وایە بمرێت وەک لەوەی کۆیلە بێت. 
لەتێوەرەی پشێویەوە باس  دیکاتۆریەت و دیسپۆت و گەندەڵی بکەین، دەڵیین، کەدیسپۆت  سوستمێک بینادەکات، کەبیرمەندیکی وەک سڵۆتێردایک بە(سوستیمی پشێوی Stress-System) ناویدەبات، ئەم دەزگا گەورەیە وەها لەمرۆڤەکان دەکات بەچەندەها شێوە لەو پشێویە بەئازارە دووربکەونەوە، کەدەزگای دەوڵەتی وسوستێم وەگەڕی خستووە. بێگومان ڕێگەی یەکەم لەڕێگەی گوێڕایەڵی وملکەچی وئامادەباشی خزمەتکردنی سوستمی کۆمەڵایەتی وسیاسی وئایدۆلۆژیەوەیە، سڵۆتێردایک ئەمەی ناو ناوە (ملکەچی بۆ پشێوی ). بەڵام بەڕای سڵۆتێردایک شۆڕش لەدژی تۆرانیەت، مانای ڕاهاتنە لەگەڵ پشێویدا، خۆهەڵدانە بۆ نێو جەرگەی پشێوی وچاوبڕینە لەچاوی، ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ پشێویدا هاوتابن و لێی ڕانەکەن، نەبەملکەچی ونەبەخۆڕازیکردن بەواقیعی حاڵ ڕازین، بەڵکو بڕیاریانداوە لەپشێوی ئازادبن، شۆڕش بکەن ودژی بوەستنەوە. ئەم چوونە نێو پشێویەوە  وکارکردنە لەنێو پشێوی وکاریگەریە لەسەری، مانای شۆڕشکردنە لەدژی دیکتاتۆریەت، بێگومان سڵۆتێردایک ئەمەی ناوە دژوەستانەوەی پشێوی. سڵۆتێردایک پێی وایە( شۆڕشەکان هەڵدەگرسێن، کاتێک چرکەساتی هەمووان دەگاتە ئاستێکی سەختی وەها، کەکۆمەڵگە هەڕەمەکی، جارێکیتر هاوسەنگبوونەوەی پشێوی خۆی تاوتوێ بکاتەوە، دەگاتە دەرئەنجامێک کەوجودی خۆیان لەگەڵ ملکەچبوون بۆ پشێوی گرانتر دەکەوێت لەسەریان وەک لەدژایەتیکردنی، لەخراپترین باردا  وەها حسابدەکرێت، مردن باشترە وەک لەوەی بۆ ئەبەد کۆیلە بیت ..)
بڕوانە: Sloterdijk, Liberalismus gegen die Tyrannei des Realen, Tagesspiegel 10.04.2011 Peter 
پشێوی تەنها خراپی باری ئابووری بینای ناکات، بەڵکو کۆی ئەو کەش وهەوا گشتیە دەیخاتە ڕۆحی مرۆڤەوە کەکۆمەڵگە تێدا دەژی، مرۆڤ تەنها بەدووی ناندا ناگەڕێت، بەڵکو لەگەڵیشیدا بەدووی کەرامەت وفەزای ئازادی وەهادا کەتاکڕەویتی خۆی تێدا فەراهەمبکات. دیارە ئەم ئیشکالیەتە ئەوەندە ئاڵۆزە، کەدەتوانین لەم گوتارەدا تەنها باس لەوە بکەین  کەپابەندە بەکردەی ئەو ڕۆحە گشتیەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی جوڵاندووە، ئەو ڕۆحە گشتیەی کەبەڕای من وەها بەئاسانی ئارام نابێتەوە، تاوەکو هۆکارەکانی پشێوی خۆی فڕێنەداتە دەرەوەی مێژووی خۆی، بەئاسانی دەتوانین لەوە تێبگەین، کەخۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هاوکێشەیە پراکتیزە دەکات، بەوەی کەمیللەتانی ئەم ناوچەیە بوونەتە خاوەنی هۆشمەندیەکی نوێ کەچیدی سیاسەتی کۆنینە توانای ژیانی نییە لەگەڵیدا، بەپێچەوانەی ئەوەشەوە، چیتر ئەم سیاسەتە دیسپۆت وگەندەڵانە توانای ئەوەیان نەماوە لەسەر کەمانچەی ملکەچکردنی کۆمەڵگە بۆ پشێوی ئاواز دانێن.  لەمیسر ڕۆژ بەڕۆژ ئەم ئەزمونە قوڵتر وهەمەلایەن وپلورالیەتێکی بەرهەمهێناوە کەسیاسەتی ملکەچکردووە بۆ داواکاریەکانی. لێرەوە ئۆپۆزسیۆنەکان وتەنانەت حکومەتە تازەکانی دوای ڕووخانی حکومەتە دیسپۆتەکان تەنها یەک ڕێگەچارەیان هەیە، ئەویش گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئەو ڕۆحە نوێیە، کۆلکتیڤەی، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشاوەتەوە. ئەم مرۆڤەتازەیە تینووە بۆ گۆڕینی سەرجەم ژیانی خۆی لەهەموو بوارەکاندا، لەبەرئەوە دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەوە وامەزندەبکەین کەتەنها بەچەند ڕێکەوتنێک لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن وحکومەتدا، ئەم مرۆڤە نوێیە سنووردار بکرێت. لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا جۆرێک ژیانی نوێ هاتۆتە نێومانەوە، ژیانێک کەچوارچێوەکانی لای خۆشمان نادیارە، بەڵام لەگەڵیدا دەژین، بەمانای داوای ئازادی دەکەین بۆئەوەی تۆبۆگرافیای ژیانی ئازاد بدۆزینەوە. ئەم جۆرە ژیانە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی لەحەڤدەی شوباتەوە سەرەتاکانی خۆی ڕاکێشاوە، وەک ئەو خێوەی کۆمۆنیزم  وەهایە کەمارکس وئەنگلس لەمانیفێستدا بانگەشەیان بۆکرد کەبەسەر ئەوروپادا دەسوڕێتەوە. بەهەقەت وەهایە، ڕاستە خۆپیشاندانی سەرای ئازادی بڵاوەی پێکرا، بەڵام سێبەر و خێوی ئەوان بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە. سیاسەت بەگشتی دەبێت لەو ڕۆحە نوێیە تێبگات، دەنا هەموو دیالۆگێک مایەپووچ دەبێتەوە.
(هایدگەر)  باسی لە(خوڵقاندنی زەمەن) کردووە، ئەم خوڵقاندنە چرکە ساتێکی  بوونگەراییە، تێدا مرۆڤ (خودبوونی) خۆی لەزەمەنیکی نوێدا دەۆزێتەوە، ئەم هێڵکاریەی نێوان بوون و زەمەن، لەڕۆحێکی کۆلکتیڤدا (دەستەجەمعی) وەریبگرین، ئەو هەقیقەتە هەستپێدەکەین کەخۆپیشاندانەکان، خۆی لەخۆیدا خوڵقاندنی زەمەنێکی نوێ بوو، لەم فەزا نوێیەدا لەسەرای ئازادی ئەکتەری نوێی سیاسی وئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی وئاینی نوێمان بینی کەتەعبیریان لەخۆیان کرد. چیتر پیرێژنەکانی ئێمە، ئەوانە نەمابوون بۆ بەختی ڕەشی نەوەکانیان بگرین، بەڵکو هاتنە سەرجادە وچوونە نێو سەنگەرەوە لەدژی ناعەدالەتی وستەمی هیرارکیەتی حیزبایەتی لەکوردستاندا. مەلا گەنجەکانمان نەک هەر دژایەتی عەلمانیەکانیان نەکرد، بەڵکو هاتن خاڵی هاوبەشیان دۆزیەوە ولەگەڵیاندا خەباتیان کرد، لێرەوە من پێموایە وشەی (خەباتکردن)  چەندە ماناکانی خۆی لەم ساڵانەی دوایدا ونکردبوو، چەندە ئەم وشەیە لەگەڵ دنیای پۆست مۆدێرندا بۆتە مۆدێلێکی بەسەر چوو، ئەوەندە ئەم وشەیە جارێکیتر  بازی هەڵدایە نێو ژیانی ئێمە ولەخۆیشاندانەکاندا نوێبۆوە. ئەم خەباتگێڕە نوێیانە زەمەنێکی تریان خوڵقاندووە، زەمەنیک هێشتا تێدا دەژین، لەبەر ئەوە گەڕانەوە بۆ زەمەنی سیاسی و کلتوری پێش حەڤدەی شوبات مەحاڵە.
بەدیوێکی تردا پێدەچێت لەکوردستانی ئێمەدا ئەم فیگورە نوێیە خەباتگێڕە لەلۆکالدا گیری خواردبێت وبازهەڵنەداتە ناوچەکانی تری کوردستانی باشوور، ئەمەش کێشەی دروستبوونی ئەم زەمەنە نوێیەیە.  لەم خاڵەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی بەردەوام هەمووان لەقسەکردن لەسەری خۆمان دەدزینەوە، ئەویش ئەوەیە، بۆچی خۆپیشاندانەکان هەولێری نەگرتەوە؟، بۆچی هەولێر نەجوڵاو خۆپیشاندانی نەکرد؟ دیارە بەشێکی زۆرمان خۆمان بەو ڕستە سیاسیە ڕازیدەکرد کەهەولێر لەژێر ستەمیکی گەورەی پاراستندا دەناڵێنێت و پارتی بەدەستێکی ئاسنین ئەو شارەی خەفەکردووە.  ئەم قسەیە بەشێکە لەهەقیقەت، بەڵام هەمووی نییە. دیوێکی دیکەی هەقیقەتەکە ئەوەیە گەر شارێک بیەوێت ڕاپەڕێت، خۆپیشاندان بکات، پرس بەکەس ناکات ولەهیچیش ناترسێت. نمونەی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لەدژی بەعس باشترین نمونەیە، بەڵام لەڕووداوەکانی ئەم دوایەدا، بەپێچەوانەی ئەزمونی میسر و تونس و سوریاو لیبیا، شارەکانمان دابەشبوون بەدووبەش، بەشێک لەسەرجادەکان دژی گەندەڵی خۆپیشاندانی کرد و بەشێکیش تەنانەت نەک  وەک شار، بەڵکو نوخبەی ڕۆشنبیرانی شارەکەش ڕۆڵی تەماشاکاریان هەبوو. تەنانەت نوسینی گوتارو پشتگیری ڕۆشنبیرانی هەولێر شەرمنانە وسەیر بوو، ئەمە ئەو هەقیقەتەیە، کەدیوێکی تاڵی خۆپیشاندانەکانی کوردستان بوو. لەسەر ئەم تەماشاکارە شەرمنانە دەسەڵاتی کوردی گەمەی خۆی کرد، بەتایبەت پارتی لەڕووی سیاسیەوە ئەم خۆپیشاندانەی خستە سەرشانی خراپی حکومەتی یەکێتی وباشی حکومەتی خۆی لەهەولێر. هەرچەندە ئەم گەمەیە ناتوانێت ڕێگربێت لەو زەمەنە تازەیەی کەخۆپیشاندان لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی، بەڵام لەهەمانکاتیشدا تراژیدیای ئۆپۆزیسیۆنیشی وەدەرخست کەئۆپۆزیسیۆنیکی تاڕادەیەک لۆکالیە وتوانای جوڵاندنی شەقامی شارەکانی تری نییە. ئەم خاڵە چەندە نێگەتیڤە، ئەوەندەش ئەوە دەسەلمێنێ کەخۆپیشاندان لەدەرەوەی ئۆپۆزسێۆن ڕوویداوە ولەدیالۆگیشدا هەردوولا، ئۆپۆزیسیۆن ودەسەڵاتیش بەرامبەر ئەو ڕۆحە نوێیەن، ئەو خێوە نوێیەن، کەبەسەر سیاسەتدا دەسوڕێتەوە وهێورنابێتەوە تاوەکو پشێویەکەی دانەمرکێتەوە.
لەم پێچی تێورەی پشێویەدا (سڵۆتێردایک) پێیوایە کە سوستێمە (دیسپۆتە مامناوەندی) و میانڕەوەکان دەتوانن بەردەوامی بدەن بەخۆیان، چونکە خەڵکان دەتوانن بەرگەی ئەو پشێویە بگرن کەگران لەسەریان ناکەوێت، وەک لەشۆڕشکردن لەدژی!، لێرەوە هۆشمەندی گشتی هەولێریەکان ئەو لیستەی لەگەڵ خۆیدا تاوتوێکردووە، بەوەی خۆپیشاندان گرانتر دەکەوێت لەسەریان  وەک لەسلێمانی. هەولێر نەک هەر پێویستی بەشوێنێک هەیە بۆ ئازادی کەبەندە لەگوتارێکدا داوای چوار مەتر زەویم بۆکردبوو، بەڵکو پێویستی بەدۆزینەوەی زەمەنی خۆی هەیە، زەمەنێک چیتر ڕانەکات لەپشێوی بەڵکو خۆی هەڵداتە نێو پشێویەوە. تراژیدیای خۆدوورخستنەوە لەپشێوی لەڕێگەی خزمەتکردنی سوستێمی پشێوی  کاتێک ڕوودەدات، کەدیسپۆت مامناوەندیە، بەمانای بەسەرێک ئازادیت لێ زەوتدەکات، بەڵام لەسەرێکی ترەوە شتێکت پێدەبەخشێت کەبەرگەی پشێوی بگریت، ئەم هاوکێشەیە لەئەوروپادا لەدەوڵەتی کۆمەڵایەتیدا خۆی بەرجەستە دەکات، بەوەی سوستیمی بیمەی بێکاری و سۆسیال هێورکەرەوەی ئەو قەیرانە قوڵەیە کەبێکاری ودڕندەیی کاپیتالیزم هێناویەتە ئاراوە. ئەمڕۆ ئەوەی شۆڕش بکات بەمۆدێلێکی کۆنی تێدەگەن، نەک هەر لەکوردستان، بەڵکو لەهەموو دنیادا، دنیای تازەی ئێمە بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕاهاتنی مرۆڤەکانە لەسەر ڕاکردن لەپشێوی، بەمانای ملکەچکردن بۆ پشێوی. ئەم پشێویە ڕۆحیە گەورەیە کەسوستێم دروستیدەکات، لەباری مامناوەندیدا ئەوەت پێدەڵێت: کەئازاد بیت کێشەکانت ئالۆزتر دەبێت، ئازارەکانت زیاتردەبێت وەک لەوەی ئێستا.. لەبەرامبەر ئەوەدا جۆرێک بەخشینت پێدەبەخشێت کەڕازیبیت بەو سوستێمە. ئەزمونی پارتی لەگەڵ ناوچەی بادیناندا، بەتایبەت شاری دهۆک لەم خاڵەدا خۆی بینیەوە کەبەدرێژایی شەڕی ناوخۆ ئەم شارە بێدەنگ ونابەشدار بووە لەڕووداوەکان، لەبەرئەوەی پشکی شێری گومرگ وسوودەمەندیەکانی ئابڵۆقە لەسەر هەولێر وسلێمانی بەرئەوان کەوت، لەوێ شارەکان هێمن بوون وئازووقە لەچاو شارەکانی تری کوردستاندا لەنرخیکی سەودا کراودا بوو، ئەمە جگە لەو سنوورەی زاخۆ  کاسبی بۆ هەموویان دۆزیبۆوە. لەبەرامبەر ئەوە سلێمانی لەو زمەنەدا لەبەردەم کەڵبەکانی سێ گەمارۆدا دەیناڵاند، من پێموایە پارتی ئەم ئەزمونەی لەدهۆک  گوازتەوە بۆ هەولێر ولەگەڵ هەڵڕژانی پارەی نەوت، ئیدارەی پارتی لەهەولێر پراکتیزەی کرد. لەبەر ئەوە سەیر نییە کەسەرانی پارتی خۆپیشاندانەکانی سەرای ئازادی بەکێشەی  ئیدارەی سلیمانی یەکێتی لەقەڵەم بدات وهەوڵبدات لەو ڕەهەندە  ئازادەی ڕووتیبکەنەوە.. ئەوەی ترسی منە لەدیالۆگەکانت نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات  ئەوەیە، کەئەم دیالۆگە لەناوەڕاستدا بوەستێت، بەمانای ئێمە لەبەردەم ئەوەدابین، لەجیاتی گۆڕانکاری ڕادیکاڵی، یان کارکردن بۆ ئەو جۆرە گۆڕانە، سیاسەتی ئیداری کوردستان لەدیسپۆت بگۆڕین بۆ دیسپۆتی مام ناوەندی، لێرەوە هاوڵاتیەک دروست دەبێت کە بۆ زەمەنێکی دوورو درێژ لەگەڵ ئەم سوستێمی پشێویە هەڵدەکات، وەک چۆن هەولێریەکان هەڵیانکردووە، بەڵام بۆ ئازادبوون زەمەنێکی ترمان دەوێت، بێگومان ئەو زەمەنە گرانتر دەکەوێت لەسەر گۆڕانی ڕادیکاڵی، چونکە تائەو کاتە ئەم کەش وهەوا  گەرمەی لەدایکبوونە نوێیەی ڕۆژهەڵات، لەنێو گرفتە بەئازارەکانی ئازادیدا دەکەوێتە کێشەوە، ئەوسا  دیسپۆتی مامناوەندی هەناسەیەکی تر دەدۆزێتەوە بۆ خۆی، چونکە ئەوانەی لەگەڵ دیسپۆتدا دەژین و بەرەنگاری نابنەوە، چیتر توانای بەرگەگرتنی ئازاری ئازادیان نامێنێت..         

Previous
Next