نەفسبەرزیی ئیڵیتی کورد، بۆ پارە!
پاره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیی به‌شێکه له‌خولیای زۆرینه‌ی مرۆڤه‌کان له شارستانییه‌ته کۆن و نوێکاندا. پاره، ئه‌و ماتێریاڵه ئەفسووناوییهیه، که هێز و ده‌سه‌ڵات، ده‌داته مرۆڤ و له‌زۆر بواریشدا ئازادیی و ده‌ستکراوه‌یی و سه‌رفرازیی شه‌خسیی لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌باری دارایی و ئابوورییه‌وه، ژیانی له‌بار بێت، له‌باری فیکریی و سایکۆلۆژییشهوه گه‌شه ده‌کات و ئاسووده‌یی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنێت و هه‌ندێجار، داهێنانیش ده‌کات.
به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان و داتاکانی مێژوو ده‌رکه‌وتووه که زۆرترین ژماره‌ی مرۆڤه‌کان حه‌زیان لهپارهیه، جگه له‌ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر که‌م نه‌بێ، به‌ڵام گرینگ‌ترین شت له حهزلێبوونی پاره‌دا، ئه‌وه‌یه چۆن په‌یدای ده‌که‌یت و له‌سه‌رحیسابی چیی پەیدای دەکەیت؟ هه‌روه‌ک چۆن سۆسیۆلۆجیست و فه‌یله‌سووفی ئاڵمانیی جۆرج سیمێل George Simmel پێیوایه کاتێک پاره، بازرگانیی و ره‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵ ،زیادیان کرد له‌سه‌ر حیسابی مۆراڵی مرۆڤ، به‌های تاک که‌مده‌بێته‌وه. یاخود وەک مارکس لەسەر چاوبرسییەتیی و پارە دەڵێ” هەموو رێسا کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندیی نێوان تاکەکان، بەهۆی پارەی کاشەوە دەخورێنەوە،وەک چۆن چاوبرسییەتییavarice پلوتۆیPluto بە هەسارەی زەوییەوە شەتەک داوە”. ئه‌م باسەش له‌سه‌ر تەوەرەی پارەو چاوچنۆکیی دۆزه ده‌کات.
ئەم وتارە بەشوێن پێناسەی پارەوە نییە وەک ناوەندێکی ئاڵوگۆڕ لەنێوان شمەک و پێداویستییەکاندا، یاخود وەک خەزێنەی بەهاو یەکەی کرێدت و حیساباتی دارایی، بەڵکو زیاتر جەخت لە کۆنتێکستی سوسیۆ-ئابووریی و سۆسیۆ-کو‌لتووریی پارە دەکاتەوە. پاره وه‌ک “حه‌قیقه‌ت”، له‌ژیانی رۆژانه‌ماندا خۆی سه‌پاندووه. ئه‌مه له‌سه‌رده‌می پێش فه‌یله‌سووفه‌کانی یۆنانه‌وه وا هاتووه تا به باوه‌ڕی باوی ئیکۆنۆمیسته‌کانی هه‌نووکه ده‌گات. باوه‌ڕی باو ئه‌وه‌یه، هه‌ر پاره‌یه به کۆیله‌ت ده‌کات و هه‌ر بە پاره‌شه‌وه سه‌ردار ده‌بیت. له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌وه ناشیرین‌ترین و سامناکترین دیارده‌ی پاره، ئه‌وه‌یه ده‌توانێ چاره‌نووسی تاکه‌کانی مرۆڤ وته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌کیش به‌دیوه نێگه‌تیڤه‌که‌یدا وه‌ربچه‌رخێنێ. بهدهربڕینهکهی شه‌کسپیر، پارە، له‌شفرۆشێک و گه‌وادێکی گشتییه و هه‌موو تاک و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان به‌کاری ده‌هێنن. هاوکات ده‌توانێ له‌شێوازی سه‌رمایه‌گوزاریی و کاڵای زۆر و خزمه‌تگوزاریی و پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدانه‌وه بۆ لای که‌می عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی به دیوه پۆزه‌تیڤه‌که‌یدا بیبات.
مه‌رجیش نییه هه‌موو خۆشیی و کامه‌رانیی و عیزه‌ت به‌رزییه‌ک له‌ڕێی پاره‌وه به‌ده‌ست بێت. زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌رۆژئاوا کار ده‌که‌ن و پاره په‌یدا ده‌که‌ن، بۆ بژێوی ژیانی خۆیان خه‌رجی ده‌که‌ن. هه‌موو ته‌مه‌نیان کار ده‌که‌ن، خانوویه‌ک به‌قه‌رز له‌بانکه‌کان ده‌کڕن، ئۆتۆمبیلی جوان به‌قه‌رز ده‌کڕن، گه‌شتوگوزار ده‌که‌ن و زۆربه‌ی کاتیش ره‌چه‌ته‌ی ئاو و کاره‌باو ته‌له‌فۆن و شاره‌وانیی به‌زه‌حمه‌ت ده‌ده‌ن. له کۆی پرۆسێسی ژیان و بارزگانیی و کارکردن‌دا به‌شێوه‌یه‌کی خۆش ده‌ژین. له‌ڕۆژئاوا پاره‌کۆکردنه‌وه‌ی زۆر و راکردن به‌دوای پاره‌دا، کاری ئیڵیێتێکی کەمی چاوچنۆک و هه‌ندێ سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌یه، له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆرینه‌ی خه‌ڵک پاره‌ی بۆ خۆشیی ژیانی واقیعی خۆی ده‌وێ.
به‌پێچه‌وانه‌وه له جیهانی رۆژهه‌ڵاتییدا، پاره که‌ڵه‌که ده‌کرێ، به‌پاره راوی به‌هاو مۆراڵی خۆیان ده‌که‌ن، زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌کان ( به‌کوردیشه‌وه) به‌رده‌وام خه‌ریکی پاره کۆکردنه‌وه‌ین و هه‌رگیزیش به‌باشیی پێی ناگه‌ین. ئه‌م وتاره له هه‌وڵی ورووژاندنی پرسیارێکی ساده‌دایه، ئێمه‌ی کورد به‌گشتیی و ئیڵیتی کورد بەتابیەتیی ،بۆچیی ئه‌وه‌نده حه‌زمان لهپارهیهو هیچیشمان دیار نییه. مه‌به‌ست له‌هیچ، لێره‌دا، سامان و دارایی نییه، به‌ڵکو هیچ پێشکه‌وتن و کارێکی مرۆیی و خزمه‌تگوزارییه‌کی ئه‌وتۆی لێ به‌رهه‌م ناهێنین. به‌تایبه‌تتر، بۆچیی سیاسییه‌کانمان، پیاوه ناسراوه‌کانمان، ئیڵیته جۆراوجۆره‌کانی جڤاکی کوردیی هێنده حه‌زێکی زۆر چڵێسانهیان بۆ پاره هه‌یه؟
وته‌یه‌کی به‌ناوبانگی فۆربێس (Bertie C Forbes) ی سکۆتلاندیی هه‌یه که ده‌ڵێ” ئه‌و که‌سه‌ی میلیۆنێک له‌سه‌ر حیسابی ویژدان و مۆراڵی خۆی په‌یدا ده‌کات، دۆڕاوه”. ئه‌م تێڕوانینه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ماتێریالیستبوونی سه‌رکرده سیاسییه‌کانی کورد و هه‌ندێ له بارزگانه گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی کورددا به‌راورد بکه‌یت، ئه‌وان نه‌ک له‌سه‌ر حیسابی ویژدان و مۆڕاڵ و ئێسیکی( ethic)ی خۆیان پاره که‌ڵه‌که ده‌که‌ن، به‌ڵکو له‌سه‌ر حیسابی مۆراڵ و وعیزه‌تی نه‌فسی گه‌له‌که‌یان، شکۆی نه‌ته‌وه‌که‌یان و نیشتمانەکەیان ………..تاد به ناشیرین‌ترین شێوه پاره‌یان کۆکردووه‌ته‌وه.
گه‌لی کورد له‌سه‌رده‌می به‌عسدا قوربانییه‌کی زۆری دا، زۆری چه‌شت به‌ده‌ست جه‌ورو جه‌به‌روتی به‌عسه‌وه، رژێمی به‌عس هه‌موو رێگایه‌کی گرته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد، تاکی کورد له به‌های مرۆیی و مۆراڵیی، دابماڵێ……… بۆ ئه‌وه‌ی له شۆڕشه‌کان و راپه‌ڕینه‌کان و ده‌نگه ناڕازییه‌کان دووری بخاته‌وه. به‌عس هه‌موو شتێکی ده‌کرد، به‌ڵام ته‌واو سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، چونکه نه‌یتوانی عیزه‌تی نه‌فسی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بکڕێ….. نەیتوانی ئیڵیتی کورد رام بکات، وێڕای سه‌دان هه‌زار جاش و داتاشراوه جۆراوجۆرەکانی جاشییەتیی، به‌ڵام هێشتا هه‌موو جاش و کورده به‌عسییه‌کانیش، که‌رامه‌تی مرۆیی خۆیان و ویژدان و مۆراڵی خۆیان بۆ پاره، به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی له ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردییدا هه‌یه به‌ته‌واویی نه‌دۆڕاندبوو، جگه له ژماره‌یه‌کی زۆر که‌میان نه‌بێت.
راسته ئه‌وه جێگه‌ی تێڕامانێکی قووڵه بۆچیی زۆرینه‌ی پیاوی کورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕێ پاره یان پسووله‌یه‌کی مۆڵه‌تی 14 رۆژیی سه‌رده‌می جاشییه‌تیی ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه مرۆییه‌و داشۆرین لهبههاو مۆڕاڵی مرۆییان قبوڵ ده‌کرد؟ به‌داخه‌وه له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردییدا ئه‌م به‌ها مرۆیی و مۆڕاڵ و ئێسیکهی تاکی کورد له ژێر مهنگهنهیهکی زۆرخراپتر له‌وه‌ی به‌عسدایه. به‌هۆی کولتووری پاره‌په‌یداکردن و نه‌ریتی بازرگانه سیاسییه‌کانی کورده‌وه، زۆرینه‌ی ئیڵیتی کورد بوونه به ئۆبجێکتێک به‌دوای پاره‌ی زیاتر‌و زیاتردا راده‌که‌ن و ملی خۆیان و کەسوکاری خۆیان و خه‌ڵکی تریش بۆ ده‌فته‌ره دۆلارێکی ئه‌مێریکیی ده‌شکێنن.
به‌بڕوای من یه‌کێک له فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌وه‌ی له‌ڕابردوو و لهههنووکهشدا، کورد به‌هیچ نه‌بووه، ئه‌م عیشقی پاره‌یه‌یه له مۆخی سه‌رکرده‌کان و رابه‌ره خێڵه‌کیی و ده‌ره‌به‌گ و میره کورده‌کاندا به‌درێژایی مێژووی کۆن و نوێ گه‌رای خستووه. ئه‌گه‌ر له‌شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه وه‌ک خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی گرینگ له نێوان عوسمانیی و سه‌فه‌وییه‌کانه‌وه سه‌یری مێژووی پیاوه ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی کورد بکه‌ین له‌هه‌موو پارچه جیاوازه‌کانی کوردستانی ئێستادا، هه‌میشه هه‌ر کۆمه‌ڵێکیان یان چه‌ند دانه‌یه‌کیان که‌مێک لاسارییان کردبێ به چه‌ند تووره‌که پاره‌و خشڵ و زێڕێک، به‌چه‌ند رهوه ئه‌سپ و رانه مه‌ڕێک، رامکراون و ده‌ستبه‌رداری داواکانیان بوونه‌و ته‌نانه‌ت بوونه به مورتهزیقهش دژ به‌لایه‌نێکی تر. جگه له‌چه‌ند که‌سانێکی زۆر زۆر که‌م نه‌بێت.
له‌بڕوای کێدا بوو، به‌شێک له‌م سه‌رکرده سیاسییانه‌ی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، ئه‌وه‌نده عاشق به‌پاره و سه‌رمایه کۆکردنه‌وه بن؟ له کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا کێ بیری له‌وه ده‌کرده‌وه، ئه‌م سیاسییانه خۆیان و کوڕه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانیان، مه‌کته‌ب سیاسیی حیزبه‌کانیان و کادیره سیاسییه باڵاکان و عه‌سکه‌رییه موتهرهقییهکانیان به‌و راده‌یه شێت و شه‌یدای پاره ببن و له‌ناو جیهانی گه‌نده‌ڵییدا نغرۆ ببن؟ به‌عه‌قڵی کێدا ده‌چوو ئه‌مانه له‌تاو پاره‌و پۆست و ده‌سه‌ڵاته لۆکاڵییه‌که‌ی خۆیان، که‌رکوک له‌سه‌ر یه‌که‌مین مێزی قومارکردن ( ئه‌وان پێی ده‌ڵێن گفتوگۆی دیپلۆماسیی و مادده‌ی 140) بدۆڕێنن؟ دۆڕاندنەکەش بەهۆی پارەو دەسەڵاتە لۆکاڵییەکەیانەوە بووەو تەنیاش لەخزمەتی خۆیاندا بووە.
من بە بڕوایه‌ک گه‌یشتوومه، ئیڵیتی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست ئه‌سته‌مه له‌سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه هه‌بێت، به‌ئه‌ندازه‌ی ئیڵیتی کورد حه‌زی له‌پاره هەبێت و نەفسی بۆ پارە بەرز بێت ! هەمان بۆچوون بۆ زۆرینه‌ی کوردیش دروستە، ئه‌گینا له‌ناو پتر له 25 تا 30 میلیۆن کورددا ئه‌گه‌ر سێ میلیۆنیش هه‌بێ نهفسبهرزو خاوه‌ن عیزه‌تی نه‌فس و که‌رامه‌تیان بۆ پارە شکۆدار بێت، هه‌ر که‌مینه ده‌بن. بڕوا ناکه‌م هیچ سیاسییه‌ک له‌ناو نه‌ته‌وه‌کانی تردا هه‌بێ شانی بگاته دامێنی سه‌رکرده کورده‌کان، له نۆستاڵژیا بۆ پاره‌داریی و چڵێسیی له پارهخڕکردنهوهدا، مه‌گه‌ر لەناو دیکتاتۆره‌کانی ئه‌مێریکای باشوور‌و وڵاتانی عه‌ره‌بیی و دیکتاتۆرەکانی سەر بەکامپی سۆڤێتی جاران بوونیان هەبووبێت.
ئایا له‌ناو ئه‌و دوو حیزبه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردییدا، سه‌ت نەفەر ماون به‌دوای بیروباوه‌ڕو پره‌نیسیپی سیاسیی ته‌نانه‌ت حیزبه‌که‌یه‌وه بێت؟ بێگومان زۆر ئه‌سته‌مه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و له‌شکره زۆره‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگر له پیاوه‌کانی حیزب، هه‌موویان پێش ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی حیزب بن، گوێڕایه‌ڵی پاره‌ن. ئه‌و هه‌موو سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه ناودار و نووسه‌ره گه‌ورانه‌و ئه‌کادیمییه شههادهدارانهی کوردستان، زۆرینه‌یان به‌پاره مته‌قیان لێبڕاوه. کوردستان هه‌رچییه‌کی لێ بێت، ئه‌وان باکیان نییه، چونکه پاره‌یان هه‌یه‌و له پاره‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵیی موسته‌فیدن، کەپارەی خەڵکی ئاسایی کوردستانەو ئەو دوو حیزبە دەستیان بەسەردا گرتووە.
له‌ڕووی ئه‌نسرۆپۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییه‌وه ئه‌وه ساغبووه‌ته‌وه که بوونه‌وه‌ری مرۆڤ به‌سروشتیی برسییه بۆ هه‌موو شتێک به‌ڵام چاوچنۆک نییه. ئه‌و هه‌زاران لێکدانه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وانه له‌وه ناچێ هیچیان کورد له‌خۆ بگرن. به‌بڕوای من کورد زۆرینه‌ی چاوچنۆکهو که‌مترینی برسییه. کورد پاره‌ی هه‌بێ غه‌می هیچیتری نییه. له‌کاتێکدا ده‌بووایه کاتێ پاره‌ی هه‌بووایه‌و ژیانی لهخۆشگوزهرانییدا بووایه، ئه‌وسا تاکه‌کان و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه‌کانی، بیریان له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌که‌یان بکردایه‌ته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه کورد تا پاره‌ی هه‌بێ، گورکه خه‌وتووه‌که‌ی ناخی تاکه‌کانی دڕتر ده‌بێت و ئیڵیتەکەیشی چاوچنۆکتر ده‌بێ.
شه‌ڕی ناوخۆ وا باوه له‌نێوان چه‌ند حیزب و لایه‌نێکی سیاسیی، یان خێڵ و تیره‌و ناوچه‌ی جیاوازدا روو بدات، به‌ڵام له‌ڕاستییدا شه‌ڕێکی کو‌لتووریی و مێژووییه له بزاڤی کۆمه‌ڵایه‌تیی چڤاکه جیاوازه‌کاندا. ده‌کرێ بڵێین به‌کرده‌وه کورد ماوه‌یه‌که شه‌ڕی ناوخۆی به‌جێهێشتووه، به‌ڵام له‌ناو خودی زۆرینه‌ی تاکه‌کانیدا، چاوچنۆکیی و ئێره‌ییه‌کی قێزه‌ون خه‌وتووه. ئه‌م ئێره‌ییه که له‌کورده‌وارییدا به حه‌ساده‌ت رۆیشتووه، تا هه‌نووکه‌ش له‌ناو زۆرینه‌دا بره‌وی هه‌یه. جوتیارێک حه‌ز ناکات نهێنیی ره‌نێوهێنانی خۆی بهجووتیارێکی تر بڵێ، بازرگانێک نایه‌وێت هیچ بازرگانێکی تر شتی لێوه فێر بێت، خوێندکارێک چاوی به‌رایی نادات که‌سی تر له‌و زیره‌کتر بێ، سیاسییەکیش هەرگیز ئامادە نییە گوێ لەخەڵکانی تر بگرێ چونکە خۆی بە عەنتەر دەزانێ و ………..تاد.
له‌ڕووی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، سیستمی ژیان وای له تاکی مرۆڤی کۆن کردووه که به‌سروشتیی لێوان‌لێو بێ له سووکوچرووکیی(vice ) و چاوبرسییه‌تیی(gluttony) و به‌خیلیی( envy) و چڵێسیی- له‌ڕاده‌به‌ده‌ر( lust) بۆ پاره………… به‌ڵام ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه پێش خست، ئه‌و بازرگانانه بوون که پاره‌یان ده‌دا به سکۆلاره‌کان و به توێژه‌ره‌وه‌کان تا وه‌رچه‌رخان له خۆپه‌رستییه‌وه بۆ خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تیی بگۆڕن. لاهووتییهکانیش مه‌به‌ستیان بوو، که پاره‌داره‌کان، لهخواشهوه نزیک بن و په‌یامی مرۆڤایه‌تیی خۆیشیان نه‌دۆڕێنن.
چاوچنۆکیی( Greed) ماددیی له زۆر دۆخدا پێشکه‌وتنی لێکه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام له وڵاتانی رۆژئاوا، ئه‌م چاوچنۆکییه بووه‌ته پیشه‌ی ئیڵیتێک که سه‌رمایه‌و بازاڕ هه‌ڵده‌سوڕێنن، پرۆژه‌و خزمه‌تگوزاریی باشتر له‌وانیتر پێشکه‌ش ده‌که‌ن. قسه‌یه‌کی ئینگلیز هه‌یه، ده‌ڵێ “بۆچیی جووله‌که زۆر حه‌زی لهپارهیه؟” وه‌ڵامه‌که‌ی له‌وه‌دا دهبینێرێتهوه، چونکه خزمه‌تگوزاریی پێوه ده‌کات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیشی به‌کاری ده‌هێنێ. به‌ڵام له رۆژئاوا به‌گشتیی، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌کتریشدا پێشبڕکێی بکه‌ن، ئەوساش خۆشگوزه‌رانیی و کار بۆ خه‌ڵکیی دابین ده‌که‌ن. زۆرینه‌ی خه‌ڵک له رۆژئاوا که ده‌کرێ بڵێی چینی مامناوه‌ندو چینی کرێکار‌و خاوه‌ن کاری بچووکن، پاره‌و پوول بۆخۆشگوزهرانیی و رهفاهیی خۆیان به‌کار ده‌هێنن، چونکه له تێکڕای ته‌مه‌نی مرۆڤێکی ساغدا ده‌یانه‌وێ به ئاوات و ئامانجه فه‌ردییه‌کانی خۆیان بگه‌ن و تواناکانیان بۆ خزمه‌تی خۆیان و کۆمه‌ڵ به‌کار بهێنن. ئه‌مه رێک به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه له‌ناو رۆژهه‌ڵاتییه‌کان به‌گشتیی و ئێمه‌ی کوردیش به‌تایبه‌تیی.
ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه پێگه‌یشتوون، به ئایکۆنی چاوه‌زار ” الحسود لا یسود” درێژه به که‌ڵه‌که‌کردنی سامانه‌کانیان ده‌ده‌ن، بێئه‌وه‌ی بڕوایشیان به میتۆده ئایینییه‌که‌ی هه‌بێ. ئه‌وه جیا له‌وه‌ی به‌شێکی زۆر لهسهرمایهکانیان ده‌نێرنه ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی( چونکه نه هه‌رێمی کوردستان به‌وڵاتی خۆیان ده‌زانن، نه ده‌شیانه‌وێ خزمه‌تێک بکه‌ن) ، دیاره ئه‌مه‌ش کولتووری سه‌رمایه‌داره زه‌به‌لاحه سیاسییه‌کانی پارتیی و یه‌کێتییه، رژاوه‌و، ئه‌وانیش پێی تێدهخشێنن.
ئه‌م کولتووری حه‌زی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره بۆ پاره، به‌هه‌ر نرخێ بێت په‌ڕیوه‌ته ناو کورده‌کانی تاراوگهشەوە.، به‌شێکی زۆری ئه‌و کوردانه‌ی له پارچه‌کانی کوردستانه‌وه به وڵاتانی رۆژئاوادا بڵاوبوونهوهتهوهو بوونه به چڤاکی کورد له تاراوگه، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر چاوبرسییانه، ئه‌وه‌ی له‌کورده‌وارییدا پێی ده‌گوترێ پیسکانه، پاره کۆده‌که‌نه‌وه. ده‌کرێ بڵێین ده‌یان هه‌زار کورد هه‌ن له‌وڵاته جیاوازه‌کانی رۆژئاودا له به‌شی زۆری خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئه‌و وڵاتانه به پاره‌و ئه‌کاونتی بانک و موڵکوماڵ ده‌وڵه‌مه‌ندترن. به‌ڵام له‌ڕاستییدا زۆر زۆر هه‌ژارترن.
راسته ئه‌و پارانه، به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌یه و لهسهرمایهگوزارییدا به‌گه‌ڕیان خستووه، که‌چیی زۆربه‌یان نه‌خۆیان و نه منداڵه‌کانیان خێری لێ نابینن، به‌شێک له‌مانه له‌رۆژئاوا به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ژین ، که مرۆڤی په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ری کوردستان باشتر ده‌ژیان و بۆ خه‌رجییه‌کانی ژیانی خۆیان دهستبڵاوتر بوون. ئه‌م کولتووره خراپه‌ی پاره کۆکردنه‌وه‌یه، کولتووری چاوچنۆکیی و تێرنهخواردنه ، کولتووری باوی کوردستانه. هه‌نووکه له‌کوردستان، شه‌هامه‌ت و پیاوچاکیی و پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و …………….تاد به‌ژماره‌ی ده‌فته‌ره دۆلارهکانهوه به‌ستراوه، چه‌ندت زیاتر هه‌بێ ئه‌وه‌نده عاقڵتر و کامڵترو به‌کولتووری پیاوسالارییهکهش پیاوتریت! جا گرینگ نییە بەهەر رێگەیەک پەیدا کرابێت.
بەداخەوە ئەو سیاسیی و ئەکادیمسیت و رۆشنبیرانەی لە هەندەرانەوە بۆ کوردستان گەڕاونەتەوە، بەشێکیان وەک مورتەزیقەی دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و داوا رەواکانیان دەکەن، هۆکارەکەیشی ئەوەیە بەپارە کڕدراون . هاوکات، زۆرینەی ئەو ئیڵیتە سیاسیی و رۆشنبیرانەی لەهەندەرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، زۆر چاوبرسییتر و زۆر تێرنەخۆرتر لەوگرووپە سیاسیی و نووسەرو رۆشنبیرەی ناوخۆی کوردستان داکۆکیی لەگەندەڵییەکانی دەسەڵات دەکەن و هەڵپەی ژیانی شەخسیی خۆیان لەسەر حیسابی بودجەی نیشتمانیی و خەڵکی کوردستان دەکەن.
کولتوورێک و خوویه‌کی خراپ یه‌خه‌ی تاک تاکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی گرتووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ند بێ به‌هه‌ر نرخێک بێت. ده‌یه‌وێ ئیش نه‌کات، خۆی ماندوو نه‌کات، ئه‌وه‌نده له‌شی خۆی خۆش ده‌وێ. که‌چیی هه‌ر ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت. هه‌روه‌ها ئاماده‌ش نییه به‌شێوه مۆدێرنه‌که‌ی، مێشک و هزرو تواناکانی خۆی به‌کار بهێنێ و پاره په‌یدا بکات. به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی مشه‌خۆر ده‌رچووه، ده‌یه‌وێ وه‌ک حازریی بێته به‌رده‌ستی و بێباک له‌وه‌ی کێ ده‌یداتێ و بۆچیی وه‌ریده‌گرێ؟ ئه‌مانه به‌شێکی پێوه‌ندیی به‌و سیستمه داگیرکارییه‌ی سه‌رده‌می به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی کوردییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام به‌شێکیشی پێوه‌ندیی به هزری تاکی کورد و ئاگاییه‌وه له‌هه‌مبه‌ر پاره‌دا هەیە. لەمەشدا هەر ئێڵیتە هەندەرانییەکەی کورد بەشی شێری بەردەکەوێت.
بەچەند نموونەیەک کۆتایی بەم بابەتە دەهێنم، کورد خەڵکی ئیڵیتی زۆرە، لە سیاسیی و ئەکادیمیی و رۆشنبیر و دەوڵەمەند و نووسەر…….تاد، بەڵام زۆرینەی رەهایان بەپارە مڕکراون. ئایا ئەو هەموو نووسەرو شاعیر و سیاسیی بەناو سەربەخۆو ئەکادیمیستی خاوەن شەهادە و …..تاد لە ئاست ئەو هەموو موکەساراتانەی دەسەڵاتی کوردیی، زمان لەدەمیاندا ئەمدیو و ئەودیو دەکات؟ ئایا ئەمە جگە لە بەرژەوەندیی و سەرکزکردن بۆ پارە شتێکی تر هەیە؟ کاتێ وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌ستبه‌رداری پۆسته ره‌مزییه‌که‌ی نابێ که یه‌کێتیی قوتابیانی پارتیی، گۆڵمهزیان به قودسیه‌تی وه‌زیر کرد، کێ هه‌یه بڵێ جه‌نابی وه‌زیر بۆ دڵسۆزیی کورد و نه‌ته‌وه‌که‌ی، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته نه‌بوو؟ کێ هه‌یه بیسه‌لمێنی جگه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆی زیاتر شتێکی تر هه‌یه؟
راستە، ئابووریی سیاسیی، گرنگترین پایه‌ی ته‌ندروستیی و به‌هێزکردنی دێمۆکراسییه. هەنووکە لەناو رایەڵی ئابووریی سیاسیی‌دا، گه‌نده‌ڵیی سیاسیی Political corruption له کوردستانی عێراقدا هه‌موو پێوه‌ره سیاسیی و یاساییه‌کانی خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی تێدایه. لای که‌م خۆیان له فۆرمه جیاوازه‌کانی گه‌نده‌ڵیی له‌چه‌شنی : خاتر و خوایشت patronageو خزمخزمێنه nepotism و غوڵامه‌کانی- ده‌سه‌ڵات cronyism و دزینی- پاره‌ی راسپێردراو Embezzlement، هه‌ڵلووشینی-پاره graft، پاره سه‌ندن – به تۆبزیی Extortion له بازرگان و کۆنتراکتچییهکان و دزینی سامانی نیشتمانیی و بودجەی نیشتمانیی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره سیاسیه‌کانه‌وه تێدایه.
بەکورتییەکەی ئه‌و پاره زۆره‌ی خەڵکی کوردستان له‌به‌رده‌ست سیاسییه‌کانی کوردستاندایە، هه‌مووی بۆ داوه‌شاندن و گه‌وجاندن و رەزیلکردن و جه‌ڕاندنی که‌رامه‌تی مرۆیی تاکی کورد به‌کار ده‌هێنرێ نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. بەتایبەتییش بۆ بەمورتەزیقەکردنی بەشێکی بەرچاو لە ئیڵیتی کورد بەکار دەهێنرێ. گەندەڵی لەکوردستاندا بە ئاستێکی ئەوەندە خراپ گەیشتووە، چارەسەرکردنی بەبێ گۆڕینی ئەو سیستمە سیاسییە ناشەفافە، هەرگیز بەشوێنێک ناگات. عەشق بۆ پارەش بەڕادەیەکی ئەوەندە سامناک تەنیوەتەوە، وەک شێرپەنجەی لێهاتووە، تا دێت ناواخنی تاکەکان دەخواتەوە و سیستمی سیاسییەکەش ئەوەندەی تر گەندەڵتر دەکات. لەم نێوەندەشدا، ئەوە خەتای کەسی ئاسایی کورد نییە کە بەو شێوەیە رەزیل دەکرێ، بەڵکوگوناهی سەرەکیی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی کورد و ئیڵیتە سیاسییە مشەخۆرەکەی کورد دەگەڕێتەوە. تا ئەو شوێنەی کورد خاوەنی ئیڵیتێکی لەم چەشنە بێت کە ئەوەندە بۆ پارە نەفسی بەرز بێت، هەلومەرجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کو‌لتووریی کوردستان خراپتر دەبێ باشتر نابێ.