سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات‌و جه‌ماوه‌ر…به‌شی سێیه‌م
– كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه..
– په‌شێوی ده‌روونی..
– سزادانی به‌كۆمه‌ڵ..
– ژیان له‌شێوه‌ی مه‌رگدا..
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
(زاراوه‌ی تۆتالیتا‌ر له‌وشه‌ی لاتینی (Totus) به‌مانای (هه‌موو) وه‌رگیراوه، له وشه‌دا به‌مانای (گشتگیر)و (هه‌مه لایه‌نه)بوونه‌و له‌سیاسه‌تدا به‌و رژێمانه ده‌گوترێت كه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌یان هه‌بێت:
1-چاودێری ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ن و كه‌لێن و قوژبنه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
2-قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌لایه‌ن حزبی ده‌سه‌ڵاتدراوه.
3-نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره چاودێرییه‌كی دیموكراتی كۆمه‌ڵگه.
4-په‌نابردن بۆ تیرۆر بۆ سه‌ركوتی هه‌رجۆره نه‌یاری و دژایه‌تییه‌ك.
5-باڵاده‌ستی تاكه كه‌سێك له هه‌ره‌می حزب و ده‌وڵه‌تدا.
6-هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی كۆمه‌ڵگا به‌پێی ئایدۆلۆژیای حزبی.
7-كه‌ڵك وه‌رگرتن له هه‌موو هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌پێناوی ئامانجه‌كانی حزب و ده‌وڵه‌ت و له‌ناوبردنی سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كه‌س)( )
كه‌وابێت سیستمی تۆتالیتا‌ر هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ خه‌سڵه‌تی تایبه‌تییه كه له‌هیچ سیستمێكی سیاسی تری دیكتاتۆریشدا نییه، بۆیه قسه‌كردن له‌سیستمی تۆتالیتاری نه‌ك هه‌ر ئاسان نییه، به‌ڵكو ئێجگار قورسه‌و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و هه‌بووه، ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بێت گه‌ر بڵێین: مه‌حاڵه بتوانین باسی بكه‌ین، یان بیناسێنین.
بۆیه ناكرێ رژێمی تۆتالیتا‌ر به‌ساده‌یی پێناسه بكرێ و هه‌روا بخرێته نێو ئه‌و پۆلێنكردنه ته‌قلیدییه‌ی فكری‌و سیاسییه‌وه كه رژێمه‌كان دابه‌شده‌كه‌ن به‌سه‌ر: (سته‌مگه‌ر، ئۆتۆكرات، دیكتاتۆری، دیموكراتی و په‌رله‌مانی و… هتد)، چونكه رژێمی تۆتالیتا‌ر رژێمێكی ئاڵۆزه‌و فره ئه‌دگاره، پشتئه‌ستووره به به‌رهه‌مه‌كانی زانستی مۆدێرن، هونه‌ری بیرۆكراتییه‌تی كارگێڕی، به‌گه‌ڕخستنی هۆكانی راگه‌یاندن، وروژاندنی سۆزی میللی، ئاراسته‌كردنی ئامڕازه‌كانی بانگه‌شه‌ی ئایدۆلۆژی و به‌ئه‌فسانه‌كردنی كێشه سیاسییه‌كان…، هه‌روه‌ك چۆن به‌وردی كار له‌سه‌ر پاوانكردنی بواری ئابووری و په‌روه‌رده‌یی و رۆحیه‌تی مێژوویی و لۆجیكی زانستیی و فه‌لسه‌فه‌ییش ده‌كات( ).
سیستمی تۆتالیتا‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه بچووك بكاته‌وه بۆ ئاستی خۆی، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا خۆی زه‌به‌لاح بكاته‌وه بۆ ئاستی گه‌وره‌یی كۆمه‌ڵگه.. ده‌یه‌وێت بڵێت: من كۆمه‌ڵگه‌م و كۆمه‌ڵگه‌ش منم.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سیستمی تۆتالیتاریدا، كه باسكردن و ناساندنی وه‌ك خۆی ئاسان نییه، به‌ڵام ده‌كرێ وه‌ك سیستمێكی سیاسی تر (توێكار- تشریح)ی تیابكرێت و له‌پێكهاته‌و جومگه جیاجیاكانی بكۆڵرێته‌وه.
به‌گشتیی (ده‌وڵه‌ته تۆتالیتاره‌كان به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له زیندان و ده‌زگاكانی پۆلیسی نهێنی حكومه‌ته‌كه‌ی، خۆیان به‌هێز ده‌كه‌ن و به‌گرتنه‌به‌ری شێوازی تیرۆر‌و ترساندن و تۆقاندن رێگا له‌هه‌ر جۆره باس و ره‌خنه‌یه‌ك ده‌گرن و له‌بری چاكسازی، خه‌ریكی په‌ره‌پێدانی گه‌نده‌ڵی و ده‌ركردنی یاسا‌و بڕیاری وشك و توندوتیژ ده‌بن.
لایه‌نگرانی تۆتالیتاریزم به‌رله‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرن به‌ده‌سته‌وه، له رێگه‌ی خۆپیشاندانی به‌ربڵاوو لافی رزگاری و چاكسازی لێده‌ده‌ن و خۆیان به‌لایه‌نگری بنه‌ماكانی دیموكراسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی كه جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌گرت، هه‌موو هه‌وڵ و بزافێكی دیموكراسیانه‌و ئازادیخوازانه سه‌ركوت ده‌كه‌ن و رێگا له‌هه‌ر جۆره باس و ره‌خنه‌یه‌ك له‌سه‌ر سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری خۆیان ده‌گرن( ).
زیاتر له‌مه‌ش (تۆتالیتاریزم ته‌نها ماشێنیێكی سه‌ربازی نییه كه له هه‌وڵی یه‌كڕه‌نگكردنی هه‌موو كه‌رته میللی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌وڵه‌تییه‌كاندا بێ، به‌ڵكو هه‌میشه جێگۆڕكێ به‌كه‌رته‌كان ده‌كات و رێگه نادا غروری ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت غروری ملكه‌چ بوون بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ناخی هیچ كه‌سێكدا چه‌كه‌ره‌بكات، رژێمێكه ته‌نها له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیدا دڵڕِه‌ق نییه، له‌گه‌ڵ پێڕه‌وانی خۆشی‌دا دڵره‌ق و توند ره‌فتاره‌و رۆحیه‌تی هه‌ستكردن به‌گوناه و تاوان له‌ناخیاندا ده‌چێنێ…)( )
ئێستار ره‌وایه بپرسین: ئایا پێگه‌ی تاك له‌سایه‌ی سیستمێكی ئاوهادا له‌كوێدایه؟ مرۆڤ له رووی سایكۆلۆژی و رۆحییه‌وه له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاریدا چ جۆره مرۆڤێكه؟ ژیان به‌مانا مرۆڤیی و فراوانییه‌كه‌ی چ مانایه‌كی ده‌بێت؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیاری تر.. بێگومان ئه‌م پرسیارانه له‌هه‌ناوی خۆیاندا وه‌ڵامیشیان هه‌ڵگرتووه چونكه مێژووی حوكمی هه‌ریه‌ك له سیستمه تۆتالیتاره‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه به‌های مرۆڤ له‌سایه‌ی ئه‌م سیستمانه‌دا له‌هه‌ر كاڵایه‌ك هه‌رزانتر بووه…
یه‌كێك له سیما دیاره‌كانی سیستمی تۆتالیتا‌ر له‌ده‌ستدان و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌و ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كانه، واته تۆتالیتاره‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌ده‌ن كه كۆمه‌ڵگه خاوه‌نی هیچ ئینتیمایه‌ك نه‌بێت جگه له ئینتیما بۆ خۆیان، تاكه‌كه‌سیش به‌نه‌مان و له‌ده‌ستدانی ئینتیمای بۆ كۆمه‌ڵگه، له‌كه‌سێكی چالاك و ئاراسته‌كاره‌وه ده‌بێته كه‌سێكی ملكه‌چی ئاراسته‌كراو، كه ئه‌مه دیارترین ئامانجی هه‌ر سیستمێكی تۆتالیتاره.
سیستمی تۆتالیتا‌ر به‌وه له‌هه‌ر سیستمێكی تر جیاده‌كرێته‌وه كه رژێمێكی له راده‌به‌ده‌ر مه‌ركه‌زییه، به‌ڵام ئه‌م مه‌ركه‌زی بوونه‌ی له ئه‌نجامی یه‌ك ریزی كۆمه‌ڵگه‌وه به‌ده‌ست نه‌هێناوه، به‌ڵكو له لێكترازان و پارچه پارچه‌بوونی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه دروستبووه.
(بزووتنه‌وه تۆتالیتاره‌كان زیاتر پێویستیان به هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌ت هه‌بوو كه تیایدا جه‌ماوه‌ر پارچه پارچه‌و لێكترازاو بێت، تا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری بێ بونیاد دروستبێت.. ئه‌و حاڵه‌ته‌ش له‌به‌راوردكردنی نازیزم و بۆلشه‌فیزم به‌ته‌واوه‌تی رونده‌بێته‌وه كه له دوو هه‌لومه‌رجی دوو وڵاتی زۆر جیاوازدا سه‌ریان هه‌ڵدابوو… كاتێك ستالین له‌پێناوی ئه‌وه‌ی دیكتاتۆری شۆڕشگێڕی لینین به رژێمێكی ته‌واو تۆتالیتا‌ر بگۆڕێت ناچاربوو به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستكرد كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌ردیله‌یی بخولقێنێت، كه‌چی هه‌لومه‌رجێكی مێژوویی له‌ئه‌ڵمانیا رێگه‌ی له‌به‌رده‌م نازییه‌كان خۆشكرد بۆ ئه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌تی تایبه‌تی به‌خۆیان دروستبكه‌ن)( ).
رژێمی تۆتالیتاری كار له‌سه‌ر په‌شێوی ده‌روونی تاكه‌كان و رووشانی كه‌رامه‌ت و بێ نموودكردنی به‌های هاووڵاتییان ده‌كات.. واتا له‌پێش كوشتنی جه‌سته، رژێمی تۆتالیتاره‌كان هه‌وڵی كوشتنی سایكۆلۆژیاو به‌های مرۆڤ ده‌ده‌ن..
مرۆڤ به هه‌موو پێكهاته ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كه‌ی بچووك ده‌بێته‌وه بۆ ته‌نها ژماره‌یه‌ك!
(رژێمی تۆتالیتا‌ر كاتێ دێته سه‌ر حوكم هه‌میشه په‌یمانی سه‌قامگیركردنی دۆخی وڵات ده‌دا به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و په‌یمانه‌ی خۆی جێبه‌جێناكاو وڵات له‌دۆخێكی ناجێگیرو نائاسایی به‌رده‌وامدا ده‌هێڵێته‌وه،ـ واته هه‌رگیز رێگه نادات هه‌ستكردن به‌ئارامی و كۆتایی هاتنی باری نائاسایی له ناخی خه‌ڵكیدا بچه‌سپێنێ)( ).
ئه‌وه‌ی واده‌كات كه مرۆڤ له‌تاكێكی چالاك و خاوه‌ن به‌هاوه بگۆڕدرێت بۆ تاكێكی مجرۆی بێ گیان و بێ كاریگه‌ر، ئه‌و میكانیزمه‌ی كه سیستمی تۆتالیتا‌ر له كۆمه‌ڵگه په‌یڕه‌وی ده‌كات كه بریتییه له داخستنی هه‌موو ده‌روازه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا، كاتێكیش ده‌روازه‌كان به‌ڕووی كۆمه‌ڵگه‌دا داده‌خرێت، ده‌وڵه‌ت و ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مانا مرۆییه‌كه‌ی له‌به‌ین ده‌چێت، ده‌وڵه‌ت زیاتر له‌شاره مێرووییه‌ك ده‌چێت و ئه‌ندامه‌كانیشی مێرووی زیان به‌خشن، له‌لای ده‌سه‌ڵاتداری تۆتالیتا‌ر، بۆیه پێویسته به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كۆنتڕۆڵبكرێن و سزا بدرێن.. له‌حاڵێكی ئاوهادا هه‌میشه ئه‌گه‌ری مه‌رگ بۆ مرۆڤ زیاتر ده‌بێت وه‌ك له‌ژیان، ته‌نها ئه‌وكه‌سانه شانسی ژیانیان ده‌بێت كه ببنه ئامراز، یان ئه‌ندامێك له جه‌سته میكانیكییه‌كه‌ی رژێمی تۆتالیتاردا.
ئه‌و كه‌سه‌ش ئه‌م رۆڵه نه‌گێڕێت، یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌وڵبدات له‌ده‌سه‌ڵات یاخی بێت، یان نه‌یاری بكات، ئه‌وا رژێم له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا زۆر‌و زه‌وه‌ندو ئاشكرا‌و نهێنییه‌كانه‌وه به توندترین شێوه سزای ده‌دات.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆشاییه‌كی گه‌وره له‌نێوان هاووڵاتیان و فه‌رمانڕه‌وای تۆتالیتاردا هه‌یه، بۆیه گومان و بێ متمانه‌یی رژێم له هاووڵاتیان له‌هه‌موو كات و شوێنێكدا و له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌سێكدا شتێكی ئاماده‌و هه‌ستپێكراوه، گومانلێكراوانیش تاك و چین و توێژێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو (له جیهانی تۆتالیتاردا توێژی گومان‌لێكراو سه‌رله‌به‌ری دانیشتوان ده‌گرێته‌وه.. مرۆڤی گومانلبێكراو به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی بۆیكراوه، كه‌سێكه توانای بیكردنه‌وه‌ی هه‌یه، به‌جۆرێك كه ره‌فتارێكی نموونه‌ییش مرۆڤ له گومانلێكردن دوور ناخاته‌وه، چونكه ئه‌و وزه مرۆڤانه‌یه‌ی وا له مرۆڤ ده‌كات بیربكاته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی بیر‌و باوه‌ڕی بگۆڕێت)( ).
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی كه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سایه‌ی سیستمی تۆتالیتاردا بژێت، ده‌بێت بیرنه‌كاته‌وه، چونكه بیركردنه‌وه سزای توندی له‌سه‌ره.
ئێستا ره‌وایه پرسیارێكی تر بكه‌ین! ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و میكانیزمانه چین كه رژێمی تۆتالیتا‌ر له رێگه‌یانه‌وه ده‌توانن مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه به‌مچه‌شنه كۆنترۆڵ و ده‌سته‌مۆو مجرۆ بكه‌ن؟ چی واده‌كات كه هه‌موو تاوانێك و سزادانێكی به‌كۆمه‌ڵ به‌بێده‌نگی زۆر به نهێنی له وڵاتادا به‌ڕێوه‌بچێت؟
مێژوو رژێمه تۆتالیتاره‌كان ئه‌وه ئاشكراده‌كه‌ن كه یه‌كێك له‌و میكانیزمانه بریتییه له هه‌بوونی (ده‌زگای پۆلیسی نهێنی) له وڵات‌دا.
(پۆلیسی نهێنی) له رژێمی تۆتالیتاردا كارێكی گه‌وره‌و خه‌ته‌رناكی له ئه‌ستۆدایه، چونكه ده‌زگایه‌كه زۆر به‌ئاسانی تۆمه‌ت ده‌خاته پاڵ هه‌ركه‌سێك كه ده‌سه‌ڵاتداری تۆتالیتا‌ر بخوازێت سزای بدات، جگه له‌مه‌ش ئه‌ندامانی ئه‌م ده‌زگایه نزیكترین كه‌سن له سه‌ركرده‌ی تۆتالیتاره‌وه، هه‌ر بۆیه جێگه‌و پێگه‌ی ئه‌م ده‌زگایه له‌سه‌رووی كاره‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه.
باڵاده‌ستی ئه‌م ده‌زگایه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه (بزووتنه‌وه‌ی تۆتالیتاری ته‌نانه‌ت پێشئه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات بگات، خاوه‌نی پۆلیسی نهێنی و ده‌زگای سیخوڕی بووه)( ).
هه‌ربۆیه رژێمی تۆتالیتا‌ر نه‌ك هه‌ر ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ده‌زگایه‌بێت و گرنگی پێنه‌دات، به‌ڵكو زۆربه‌ی ئامانجه‌كانی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌زگایه‌وه به‌دیده‌هێنێت كه دیارترینیان چاودێریكردنی جموجوڵی هاووڵاتیان و سیخورَیكردنه به‌سه‌ریانه‌وه، بۆیه كاتێك هاووڵاتیان هه‌ستده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه چاودێری ده‌كرێن، چاودێریكردنه‌كه‌ش چاودێرییه‌كی ناشه‌رعی و نائاساییه، بۆیه له‌لای خۆیانه‌وه تووشی دردۆنگی و ترس و گومانێكی زۆر له‌ده‌وروبه‌ر ده‌بنه‌وه‌و له‌وپه‌ڕی بێ متمانه‌یی و نادڵنیاییدا ده‌ژین… له‌ئاقار حاڵێكی ئاوهاداو بۆ خۆقوتاركردن له‌و پێشهاته‌ی كه هه‌یه، ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك ببێت به سیخوڕ به‌سه‌ر ئه‌ویتره‌وه، واتا (هه‌موو كه‌سێك سیخوڕێكی نهێنییه‌و هه‌موو كه‌سێكیش هه‌ست ده‌كات چاودێری ده‌كرێن. له‌هه‌لومه‌رجێكی له‌مجۆره‌دا هه‌موو پیشه‌یه‌ك زۆر مه‌ترسیدارو سه‌ره‌خۆره‌یه‌و باڵاكردن و كه‌وتنیشی سه‌رسامكه‌ره، هه‌موو وشه‌یه‌ك ناحاڵیبوونێك دروستده‌كات و خوێندنه‌وه‌ی دی بۆ ده‌كرێت)( )
لێره‌وه په‌شێوی و نائارامی باڵده‌گرێت به‌سه‌ر وڵاتدا‌و هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه له‌وپه‌ڕی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ناته‌ندروستیدا ده‌بن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌رچی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی، به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره‌كان پێویستییان به ده‌زگای سیخوڕی و هه‌واڵگری هه‌یه، بیانووی پێویستی ئه‌م ده‌زگایه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كییه نه‌ك ناوخۆیی.. به‌ڵام له رژێمی تۆتالیتاریدا ئه‌م ده‌زگایه له دژی هاووڵاتیانی ناوخۆی وڵات‌دا له‌كاردایه نه‌ك دوژمنێكی ده‌ره‌كی.
(هیلمه‌ر له‌ساڵی 1937 له‌وته‌یه‌كیدا بۆ فه‌رمانده‌یی گشتیی، له چوارچێوه‌ی شیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسانی هێزی پۆلیس له‌سه‌ر گریمانه‌ی بوونی شانۆی ئۆپراسیۆنی چواره‌م له حاڵه‌تی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگدا له ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، رۆڵی سته‌مكارێكی ئاسایی وازیده‌كرد، له‌هه‌مانكاتیشدا ستالین توانی گاردی بۆلشه‌فیكی كۆن به‌وه‌قایل بكات كه پێویستی به‌دانپیانان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌ترسی جه‌نگ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه یه‌خه‌ی به‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گرتبوو، بۆیه ده‌بوو وڵات له هه‌لومه‌رجێكی پڕ مه‌ترسی له‌و جۆره‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی كه‌سێكی سته‌مكاریشدا بێت به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه، به‌ڵام سیمای زه‌قی ئه‌م دوو لێدوانه ئه‌وه‌یه له‌كاتێكدا وتران كه ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له هه‌ردوو وڵاته‌كه‌دا به‌ته‌واوی له‌نێوبرابوون، ده‌زگای هه‌واڵگری نهێنی له‌كاتێكدا گه‌شه‌یده‌كرد كه به‌كرده‌وه هیچ جۆره ئۆپۆزسیۆنێك له‌ئارادا نه‌مابوو تا سیخوڕی به‌سه‌ره‌وه بكات)( ).
ئه‌گه‌رچی پۆلیسی نهێنی رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام توانای دیاریكردنی دوژمنی واقعی و وه‌همی نییه، چونكه ته‌نها رابه‌ر ده‌توانێت دوژمنی ئاینده دیاریبكات.
كه‌واته پۆلیسی نهێنی وه‌كو ئامڕازێك ته‌نها خواسته‌كانی رابه‌ر جێبه‌جێ ده‌كات.
(ئه‌ركی پۆلیسی تۆتالیتا‌ر ئاشكراكردنی تاوان نییه، ده‌بێ هه‌ركاتێك حكومه‌ت بڕیاریدا توێژێك له دانیشتوان ده‌ستگیربكات، ئاماده‌بێت خزمه‌ت بكات.
خه‌سڵه‌تی پۆلیسی نهێنی له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌وه‌یه كه تاكه ده‌زگایه به‌شداریی له نهێنییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی باڵا ده‌كات و له‌وه‌ش تێده‌گات له‌سه‌ر كام هێڵی سیاسی پێدابگرێت)( ) .
لێره‌وه له‌وه تێده‌گه‌ین كه ئه‌مجۆره پۆلیسه چ جۆره پۆلیسێكه، بۆ ئه‌وه دانه‌مه‌زراوه كه رێگه له‌تاوان و سه‌رپێچیكارانی یاسا بگرێت، یان كاری ئه‌وه نییه هاوكاریی ده‌زگاكانی تری ده‌وڵه‌ت بكات بۆ پته‌وكردنی ماناكانی هاووڵاتی بوون كه ببێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایش له وڵات‌دا به‌رجه‌سته بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتوان له‌سه‌روماڵ و كار‌و پیشه‌و ئاینده‌ی خۆیان دڵنیابن، نه‌خێر هیچێك له‌مانه نییه، به‌ڵكو جگه له‌ده‌زگایه‌كی ترسناك و سه‌ركوتكه‌ر كه له هه‌موو شوێنێك بوونی هه‌یه هیچی تر نییه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، (پۆلیس نه‌ده‌توانێت تاوان ئاشكرا بكات، نه‌ده‌توانێت تاوان دابهێنێت، نه‌ده‌توانێت هانی روودانی بدات، ئیدی لێره‌وه هه‌موو ده‌زگا نهێنییه‌كان به‌ته‌واوی ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بن)( ).
له رژێمی تۆتالیتاریدا كاتێك كه‌سێك به‌هه‌ر بیانوویه‌ك ده‌ستگیرده‌كرێت، له‌دوای ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر، یان به‌مه‌رگ ده‌ستپێردرێت، یان ره‌وانه‌ی ئۆردوگا زۆره‌ملێكان ده‌كرێن، ئۆردوگا زۆره ملێكانیش زیاتر له دۆزه‌خێك ده‌چێت، نه‌ك شوێنێك بۆ درككردنی هه‌ڵه.. كاتێكیش ئه‌و كه‌سه له‌ناو ده‌برێت، ئیدی باس و خواسی ئه‌و كه‌سه ده‌بێت له‌یاده‌وه‌ریی كه‌سوكاریدا بسڕێته‌وه‌و نه‌مێنێت.
چونكه (له وڵاته تۆتالیتاره‌كاندا هه‌موو شوێنێكی ده‌ستگیركردن كه پۆلیسی نهێنی به‌ڕێوه‌یده‌بات، ده‌بێته قه‌ڵایه‌كی له‌بیرچوونه‌وه‌و هه‌ركه‌سێكیش به‌ڕێكه‌وت رێی تێبكه‌وێت، هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌دوای خۆی به‌جێناهێڵێت كه ده‌لاله‌ت له بوونی بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ناونیشانه جه‌سته، یان گۆڕكێش بێت..)( ).
ژیان و مردنی ناو ئوردوگاكانی رژێمه تۆتالیتارییه‌كان هیچیان له‌ژیان و مردنی ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكان ناچن، چونكه دزێوی و ناشرینیه‌كانی ئه‌و ئۆردوگایانه له‌خه‌یاڵ به‌ده‌ره‌وه هه‌رگیز وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بووه په‌ی پێنابرێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ڕێكه‌وت له‌و ئۆردوگایانه نه‌مردوون و ماون، له‌توانایاندا نییه چیرۆكی ژیانی خۆیان به‌ته‌واوی بگێڕنه‌وه، چونكه خۆشیان ناتوانن بڕوا به‌ئه‌زموونی رابردووی خۆیان بكه‌ن.. (وه‌ك ئه‌وه‌ی داستانی ئه‌ستێره‌یه‌كی دی بگێڕنه‌وه، چونكه له‌جیهانی زیندووه‌كاندا هیچ كه‌سێك زانیاریی له‌سه‌ر ژیان و مردنی زیندانییه‌كان نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌دایك نه‌بووبن…)( ).
له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه، ئۆردوگاكانی مه‌رگ، هه‌ر ته‌نها جێگایه‌ك نه‌بوو بۆ سزادانی نه‌یاره‌كانی رژێمی تۆتالیتا‌ر، به‌ڵكو ئه‌وێ (ئۆردوگاكانی مه‌رگ) وه‌ك كارگه‌یه‌ك بۆ ده‌ستكه‌وتی ئابووری به‌كارده‌هێنران، چونكه گیراوه‌كان رۆژانه‌و له‌راده‌به‌ده‌ر كاری قورس و تاقه‌ت پڕوكێنیان پێده‌كرا، به‌تایبه‌تی له‌كاتی كه‌مبوونه‌وه‌ی هێزی كار له‌وڵاتدا، كاروباری گیراوه‌كان قورستر‌و توندتر ده‌بوو.
به‌درێژایی مێژوو، رژێمه سته‌مكاره‌كان به‌دوورخستنه‌وه سزای نه‌یاره‌كانی خۆیانیان داوه، به‌ڵام ئه‌و دوورخستنه‌وه‌یه هه‌رگیز دابڕاو نه‌بووه له كۆمه‌ڵگه‌و ئاوه‌دانی، ته‌نانه‌ت له‌قۆناغی كۆیلایه‌تیش، كۆیله‌كان له‌دیدو چاوی هاوچینه‌كانی خۆیان شوێن بزر نه‌ده‌كران.. وه‌ك ئامرازێكی كار به‌های كه‌سێكی خۆیان هه‌بووه‌و وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی دارایی‌ش نرخی دیاریكراویان هه‌بووه، به‌ڵام گیراوه‌كانی ئوردوگاكانی مه‌رگ، جیاواز له‌كۆیله‌كان، هیچ به‌هایه‌كی مرۆیی و ته‌نانه‌ت داراییشیان نه‌بوو، چونكه له‌لایه‌ك له ڕووی ژماره‌وه زۆر بوون، له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌ئاوه‌دانی و كۆمه‌ڵگه ته‌واو دابڕابوون، ئیدی ده‌بوو نه‌كۆمه‌ڵگه حیسابێكیان بۆ بكات و به‌هایان بۆ دابنێت، نه‌خۆشیان ئیراده‌یان هه‌بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌ها!
له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه له‌سایه‌ی سیستمی تۆتالیتاردا، هه‌موو شتێك مانای راسته‌قینه‌ی خۆی ون ده‌كات و هیچ شتێك رۆڵی ئاسایی خۆی نابینێت… به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌ر شتێك زیاتر بێ بایه‌خ و بێ شكۆیه مرۆڤه، چونكه مرۆڤ له‌سایه‌ی سیستمی تۆتالیتاردا یان ده‌بێت بكوژرێت، یان ده‌بێت خاڵی بێته‌وه له‌به‌ها ئه‌خلاقی و سایكۆلۆژیی رۆحی و مرۆییه‌كان، وه‌كو سه‌گه‌كه‌ی بافلۆف ته‌نها به‌پاڵنه‌ری غه‌ریزه‌كان بجوڵێت.. ئه‌مه‌ش دوائامانجی هه‌رسیتستمێكی تۆتالیتاره به‌رامبه‌ر به مرۆڤ پێده‌گات!
سه‌رچاوه‌كان:
(1) فه‌رهه‌نگی سیاسی، ئاماده‌كردنی زاهیر محه‌مه‌دی و یاسین حاجی زاده، هه‌ولێر، 2006، ل109-160.
(2) د. شاهۆ سه‌عید، زنجیره لێكچه‌ری فكری سیاسی هاوچه‌رخ، زانكۆی سلێمانی، كۆلێژی یاسا‌و رامیاری، به‌شی رامیاری، 2008-2009، ل 63.
(3) فه‌رهه‌نگی رامیاری نیگا، ئاماده‌كردنی و وه‌رگێڕانی ئازاد وه‌ڵه‌د به‌گی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپخانه‌ی رۆشنبیری، هه‌ولێر، 2005، ل 144-145.
(4) د. شاهۆ سه‌عید، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل 63.
(5) هانا ئارێنت، بنه‌ماكانی تۆتالیتاریزم، وه‌رگێڕانی حه‌مه ره‌شید، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، 2007، ل88.
(6) د. شاهۆ سه‌عید، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 72.
(7) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل 300-301.
(8) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل285.
(9) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل301.
(10) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل287.
(11) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل293.
(12) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل296.
(13)هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل309.
(14) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه، ل326.