
وڕێنه ….. دادیار ئازاد
من هه‌واڵی ئه‌وه‌م نه‌بیستبوو و هێشتاش هیچ كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن به چڕی نه‌پڕژابووه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، من له ڕێگه‌ی روخساری ئه‌و و ئاوازی وشه‌كانییه‌وه هه‌ستێكی ناخۆشم لا دروست بوو، به چه‌ند ڕسته‌یێكی كورت، زوو دركم به‌وه كرد، كه‌وا دیسان له ئاسمانی سنوره‌كانماندا ئۆكسجین وه‌غه‌ری كردووه و گولله و دوكه‌ڵ، وه‌كو هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی سنوری نه‌خشه‌ی سه‌ر كاغه‌زه‌كان گه‌مارۆی تۆپۆگرافیای خاكێكی له ئه‌تڵه‌س به‌ده‌ریان داوه. ئه‌و له پێش ئاڵایێكه‌وه، كه ره‌نگی سه‌وز له سه‌ره‌وه و سوریش له‌لای خواره‌وه بوو وه‌ستابوو، وه‌ك وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به توندی و توڕه‌ییه‌وه سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كاره‌ی كرد و به كارێكی نامرۆڤانه‌ی وه‌سف كرد. لێره‌وه هه‌ڵوێسته ده‌موده‌سته‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و دێره پڕ له توڕه‌ییه‌كان، بوو به سه‌ردێڕی به‌شێك له ڕاگه‌یاندنه‌كان و ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌ستبه‌جێیه‌یان به‌رز نرخاند، ئه‌وشتان لێناشارمه‌وه هه‌ندێك له ڕاگه‌یاندنه‌كانیش ته‌سلیم به بێده‌نگی بوون و بگره له‌ولاشه‌وه به پشت به‌ستن به یاسا و ڕێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی وا، كه هیچ ماف و هه‌لومه‌رجی كوردی له ناوچه‌كه‌دا له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، ره‌وایه‌تییان به كۆماری ئیسلامی ده‌دا…
ئه‌وان نا به‌رپرسانه گوێیان به به‌یاننامه‌كه و خه‌وزڕانی نیوه‌شه‌وی منداڵێك و گریان و ماڵوێرانی مرۆڤه‌كان و لانه شێواوی گیاندار و ئاژه‌ڵه‌كانیش نه‌دا، دڵی پیره‌ژنێكی ده‌م به دوعا و ده‌ست له ئاسمانیشیان خۆش نه‌كرد و بڵێت ئۆخه‌ی دوعاكانم گیربوون! نه‌خێر ئه‌وان به‌رده‌وام و گوندیش وێرانتر و چۆڵتر ده‌بوو و بۆنی ته‌نیایی و بێكه‌سی و غه‌دریش، ده‌ستی نابووه بینی هه‌موو ئه‌و هه‌ودایانه‌ی، كه به ژیانه‌وه گرێیدابوون.
لێ ڕۆژی دواتر هه‌ركه هه‌واڵی به‌ركه‌وتنی چه‌ند مه‌ڕ و بزنێك، سووتانی خه‌رمان و ڕه‌زی چه‌ند گوندێك بڵاوبووه‌وه، حكومه‌تی زێتر توڕه‌تر و نیگه‌رانتر كرد و ئه‌مجاره‌یان به گوزارشت و واتایێكی دیكه، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هاته سه‌ر شاشه و هێند به گوڕوتینه‌وه وشه‌كانی له ده‌م ده‌هاتنه ده‌ره‌وه ده‌توت، زه‌نگه‌ته‌ی شانه لێتێكدراون و زۆر به یه‌قینه‌وه ده‌یوت ئه‌مه به كێشه و شه‌ڕی خۆمان ده‌زانین و ده‌بێت كۆماری ئیسلامی سنورێك بۆ ئه‌م كاره دزێو و ئابڕۆبه‌رانه‌ی دابنێت و ئێمه له ئاست ئه‌و هێرٍش و تۆپبارانه بێده‌نگ نابین و به شێواز و ڕێگه‌ی جیاجیا هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرین، ئێمه نامانه‌وێت پشت له براكانمان بكه‌ین و مانه‌وه‌مان بخه‌ینه سه‌ر پشتی قه‌ده‌ر و قسمه‌ت و نسیب، ئه‌مرۆ بارودۆخێك له ناوچه‌كه‌دا هاتۆته پێش، كه ده‌بێت له ده‌ستی نه‌ده‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه وه‌كو ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوایانه‌ماندا، كه تایبه‌ت بۆ ئه‌م بابه‌ته گرنگ و هه‌ستیاره كردمانن، به جدی باسمان له‌و پێشهات و گۆڕانكارییانه‌ی ناوچه‌كه‌دا كردووه و هه‌مووشمان هاوسۆز و یه‌كده‌نگین و ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێت بۆ برایانمان له ڕۆژهه‌ڵات و باكور و ڕۆژئاوا ده‌یكه‌ین..! ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من به چاوی سه‌یره‌وه سه‌یری ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌ی ده‌سته‌ڵاتم كرد، چونكه پێشتریش چه‌ند دۆخێكی هاوشێوه‌ی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا، كه له‌سه‌ر سنوردا هه‌یه، هاتۆته پێش و هه‌ڵوێستی ده‌سته‌ڵاَت تێیدا نادیار و هه‌ست پێنه‌كراو بووه..!
ڕۆژیك دوای ئه‌م هه‌ڵوێسته، به لاوك و لاوانه‌وه‌ی ئه‌و دایكه‌ی، كه شه‌ونخونی وه‌ك تارمایی به‌سه‌ر چاوانییه‌وه دیار بوو، زانیم كه شتێكی خراپ ڕوویداوه‌وه دڵم خورپه‌ی كرد، له‌به‌ر قوڵپه‌ی گریان و نزا و توكی ژنه‌كانی ده‌وروبه‌ری باش له‌و ناوه حاڵی نه‌ده‌بووم كه زووزوو له ناو لاوكه‌كه‌دا دووباره ده‌بووه‌وه: (شوان، شه‌یدا، شه‌ماڵ،…) بوو نه‌مزانی؟! به‌ڵام ئیدی ئه‌وه ئاماژه‌یێك بوو، كه به ده‌ستی كۆماری ئیسلامی خوێنی ئیسلامێكی بێ گوناح ڕژاوه‌وه و جه‌رگی دایكێكی ئیسلام سووتاوه… به‌رگه‌ی بینینی ئه‌م دیمه‌نه‌م نه‌گرت، ویستم لای بده‌م، خوا خێری وه‌زاره‌تی كاره‌با بنوسێت زوو فریام كه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دیمه‌ن و ده‌نگی لاوانه‌وه‌كه كاریگه‌رتر و به‌رزتر ده‌هاته به‌ر بینایی گوێ و په‌ردی چاومه‌وه! له‌خۆم ده‌پرسی: بۆچی ده‌بێت ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به خوێن باجی هه‌بوونی خۆی بدات؟ بڕواناكه‌م له‌و ساته‌دا له من په‌ستتر و توڕه‌تر هه‌بووبێت، مه‌گه‌ر ته‌نێ ئه‌و وته‌بێژه نه‌بێت، كه به ناوی هه‌ر دوو سه‌ركرده‌كه و ده‌سته‌ڵاتی كوردییه‌وه، هاته په‌یڤین و له په‌سیوی وشه‌وه سه‌نگه‌ر و هێڵی سووری بۆ كۆماری ئیسلامی دانا و ڕاشكاوانه وتی ئێره ئه‌م شوێنه‌یه، كه تێیدا سیاسه‌ت ڕه‌واجی نامێنێت و و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلله‌ت شوێن به هه‌موو ئایدۆلۆژیا و به‌رژه‌وه‌ندییێكی تایبه‌ت له‌قده‌كات، له ئێستاوه به كردار سنورێك بۆ ئه‌م كرده‌وانه‌یان داده‌نێین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش قونسڵخانه و سه‌رجه‌م كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیان ده‌نێرینه‌وه ئه‌و دیو و تا كۆتایی به تۆپباران و هێڕشه‌كانیان نه‌هێنن و قه‌ره‌بووی زیان پێكه‌وتووانیش نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌وا ناهێڵین پێ بنێنه‌وه سه‌ر ئه‌م خاكه و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵیاندا ئاسایی ناكه‌ینه‌وه.
بێگومان ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه پێشتریش ئه‌وان ئێمه‌یان له‌وه‌دا دڵنیاكردۆته‌وه، كه “مومكین نییه و قبولیش ناكه‌ین سنوره‌كانی ئێمه پێشێل بكرێن! ته‌نانه‌ت ئاماده‌نین له خوێنی پشیله‌یێكیشمان خۆشببین!”. به‌خۆم وت هه‌ڵوێستی مه‌ردانه و بوێرانه، سه‌ره‌تایی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییێكی نوێ دێنێته كایه‌وه، هه‌رواش بوو، هێنده‌ی نه‌برد بازرگان و كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ر و كرێكارانی ئێران، كه جۆرێك به‌رژه‌وندییان له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه، گردبوونه‌وه و ده‌نگی ناڕه‌زاییان له به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌یاندا هه‌ڵبڕی و كۆماری ئیسلامیییان ناچاركرد، دوای به تۆپباران بهێنێت و بیر له ڕێگه‌چاره‌ی دیكه بكاته‌وه. زۆرجار له هه‌ندێك هاوڕێم بیستووه، كه جاری وا هه‌بووه خه‌ونیان بینیوه و دواتریش خه‌ونه‌كه‌یان وه‌كو خۆی هاتۆته جێ! به‌دبه‌ختییه‌كه‌ی من له‌وه دایه، بیرم نایه‌ت خه‌ونێكم بینیبێت و دواتریش هاتبێته جێ، بۆیه دڵنیام ئه‌م خه‌ونه‌شیان (كه بۆ ئێوه‌م گێڕایه‌وه) هه‌روا ده‌بێت.
دادیار ئازاد
27/7/2011- ڕواندز