تابلۆیه دڕنده‌كان …. مامكاك
ئه‌م تابلۆیانه هه‌رگیز له هیچ گه‌له‌رییه‌ك ڕێگه‌یان نه‌دراوه هه‌ڵبواسرێن و نیشان بدرێن.
ئه‌مانه وه‌ك هیچ وێنه‌یه‌كی دیكه نین؛ چونكه هونه‌رمه‌ندان نه‌یان كێشاون!
به‌ڵام هێشتا له هه‌موو تابلۆیه‌كی دیكه سه‌رنج ڕاكێشتر و به‌هادارترن.
تابلۆیه‌كان
ڕه‌نگی تابلۆیه‌كان – له ڕه‌نگی ئه‌نییه له ترسا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی منداڵان هه‌ڵێنجراوه.
فرچه‌ی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار – له قامكه قژه ده‌سكه‌نه كراوه‌كانی ئه‌و كیژۆڵه نامرادانه‌ن، كه له به‌نده تاریكه‌كانی ڕژێمی سه‌ددام له بری باوك و برایه‌كانیان، هه‌رامه، به دیل گیراون…
خامه‌كی تابلۆیه‌كان :- تابلۆیه‌كان له سه‌ر ئاسۆی گه‌شی ئاینده‌یێكی ڕووناك نیگار كێشراون.
ده‌ست ڕه‌نگینه شێوه‌كاره‌كان:- په‌نجه قوتكراوه ناسكه‌كانی كچۆڵه چاوگه‌شه‌كان تابلۆیه‌كانیان وێنه كێشاوه..
سكێچ
ئه‌و گوڵه‌ی ڕه‌گی له لێواری جۆبارێكدا بكوتێ، بێگومان گه‌ڵایه‌كانی ناسك و خونچه‌كانی گه‌شاوه ده‌بن..
پۆرترێت: نامه‌ی كچه كوردێكه له زیندانێ نووسیویه‌تییه‌وه:-
باوه..
هه‌ر تۆی جێی شانازیم، ئابڕووی نه‌چووم،
سه‌ری به‌رزی ڕووه و دوژمن نه‌وی نه‌بووم.
هه‌ر تۆی..باوه.
تۆ، تۆ دڵۆپه ئاوونگێكی له ناو پێڵووم قه‌تیسماوی، بۆم نالوێ به سه‌ر كوڵمه‌مدا داڕسێ.
تۆ زاخێكی له ناخ قوڕگم جه‌نه‌ت گرتووه؛ لێم ناگه‌ڕێی نه‌ختێك بگریم!
باوه، باوه..
تۆ شیاوی ده‌سته‌كانت ماچ بكه‌م و ناوت بێنم، یادت هه‌رده‌م بكه‌مه‌وه. به‌و یاده خۆش و ناخۆش و شیرین و ترش و تاڵانه‌وه و به هیوای ڕۆژی ئازادی، جه‌مه‌دانییه‌كت بۆ بهۆنمه‌وه، كڵاشێكت بۆ بچنم، كیسه‌یه‌كی كری تازه‌ت بۆ تووتن و دارجغاره و په‌ڕی بافره‌ت بۆ بدرووم..
باوه، به هه‌ق تۆ باوكێكی لێهاتووی؛ كه‌م كه‌س هه‌نه وه‌ك تۆ بكه‌ن!
تۆ به خوێنی گه‌شی دلـَی گه‌وره‌ت كفن بۆ ژێرده‌ستی ڕۆڵه‌كانت ده‌درووی!
باوه…
تابڵۆ 1
باوه…
ئێوه هێشتا سفت و سوێی جه‌سته ماندووه‌كانتان دانه‌مركابووه‌وه،
تێر خه‌وی خۆشی به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌وی ئازادی نه‌ببوون،
له زیخ و چه‌وی به نوێژی ئه‌وان هه‌ردان ڕانه‌هاتبوون،
به‌ڵێ، ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێك بوو سێبه‌ری چه‌تری سامی ئێوه له سه‌ر سه‌رمان ته‌نكه‌ی كردبوو،
كه …
لانه‌كه‌ت، وه‌ك به‌رخێكی له ڕان جێماو، ڕه‌وه گورگێكی برسی له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆیاندا!
له ده‌رگاوه‌ڕا دوو – دوو وێكڕا هاتنه ژوورێ..
له په‌نجه‌ره‌كانه‌وه‌ڕا لووله‌ی تفه‌نگه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی ناو ماڵێ كرد.
له هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ڕا غه‌ڵبه‌غه‌ڵبیان په‌یدا بوو؛
له كۆڵانێوه‌ڕا (له‌ك قیف، له‌ك قیف) ده‌نگی گه‌یشته باره‌گای خوداوه‌ند و،
به قوربانی خوابم! … وه جواو نه‌هات!
دابارینه سه‌ر ماڵه‌كه‌ت…
تابڵۆ 2
هه‌ی ئافه‌رین له‌و چاوانه‌ی له چاوی باز تیژتر، گه‌شتر، له مۆڵه‌ق مان و نه‌ترووكان!
سه‌د ئافه‌رین له‌و دڵانه‌ی له دڵی شێر چه‌سپاوتر و توندتر به‌رخوردار بوون… یه‌ك دۆخ مانه‌وه و نه شله‌ژان!
تابڵۆ 3
كاره‌بایان له ماڵێ لێ بڕیبووین،
شاڵاویان هێنا بووه سه‌رمان،
هێشتا چوزه‌ی هیوای ئێوه باوه، له ناو ترس و تۆقاندنیان، شكۆفه‌ی دا.
لێیان ببووینه تۆپێك قین،
به گڕكانێكی ژێر زه‌مین.
ده‌بێ نه‌مرم؟
باوه ئه‌و ڕۆژه ببینم، سه‌رهه‌ڵده‌ینه‌وه و ئازادبین؟
تابڵۆ 4
باوه… هااااااواااااار…..
به كه‌زییان منیان به دووای خۆیاندا ڕ‌اكێشا.
جنێوی پیس، وه‌ك ڕه‌وشتی به‌دی خۆیان، به دایكم دا.
دوو په‌نجه‌یان له دوڕ چاوی كوڕه قۆزه‌كه‌ت ڕاده‌كرد،
كابرایه‌كیان، وه‌ك دڕنده؛ هه‌ر وه‌خت بوو دیده‌كانی شێركۆ ده‌ركا.
كه ئه‌و له خوا نه‌ترسانه، شیرینیان دیت، سپی و په‌مبه و خورت و تورته، كراسیان له جه‌سته‌ی لادا!!!!
هاااااواااااار باااااااااااوه!
تابڵۆ 5
ئه‌فسه‌رێكیان به‌و پۆستاڵه پیسه قوڕاوییه‌ی خۆی، هه‌تا گرتی، شاپێكی له قه‌ده‌مخێر دا‌و به‌ری داوه!
باوه، باوه… قه‌ده‌مخێرمان!
ئه‌و ناسكۆڵه
ئه‌و به‌رخۆڵه
ئه‌و دوو ساڵییه نه‌رم و نۆڵ و خڕ و خۆڵه…
ئۆخه‌ی، باڵا گه‌ردانی بم، ڕاست هه‌ستاوه!
تابڵۆ 6
له‌به‌ر باران
ڕووه و سه‌هۆڵبه‌ندی زستان
هه‌ر به به‌رگی ته‌نكی خه‌وتن، ڕایان گرتین!
یه‌كه یه‌كه بانگیان كردین.
ڕق ببوه دۆزه‌خه گڕێك، له‌و كڕێوه ناهه‌مواره، پله، پله، گه‌رمی جه‌سته‌ی هه‌وراز بردین!
تابڵۆ 7
تاك، تاك، له هه‌موانیان پرسین:-
“ناوه چوارینه‌كه‌ت چییه؟ باوكت؟ دایكت؟ مامه‌كانت؟ خاڵۆكانت؟ خوشك و برا و مێردی خوشك و براژن و برای وانیش؟!
لێیان پرسین ناوی دوو كه‌س له براده‌ری هه‌ر یه‌كێكمان چییه، كار و پیشه و شوێنی گوزه‌رانی ئه‌وان كوێیه؟
گاوه‌ك پێمان پێده‌كه‌نین.
ده‌مێك سه‌ریان لێ باده‌داین.
كاتێك لێمان ده‌بوونه گڕ، خۆزگه‌یان ده‌خوارد ده‌سووتاین.
تروسكه‌ی خراپه‌كاری له چاویان چه‌خماچه‌ی ده‌دا!
به‌ڵام ئێمه بووینه چاوی مار و قه‌ت نه‌نووقاین.
تابڵۆ 8
هه‌وار و مه‌نزلگه‌ی تۆیان، له دایكم پرسی، باوه گیان.
ئه‌ویش هێشتا لێوه‌كانی نه‌ترازا بوون،
كه به‌سێ هرسی زه‌به‌للاح، دایانه به‌ر زلله و شاپان!
ڕاسته كه خۆی كه‌وته خوارێ؛ به‌ڵام، دایكم سه‌ری، هه‌رده‌م به تۆ به‌رزی، شۆڕنه‌كرد و به ڕاشكاوی، پێی گوتن:
– “له ڕێگایه، دره‌نگ و زوو ده‌گاته جێ.”
پرسیان:- “كه‌ی؟؟”
تیچاوێكی دایكانه‌ی پڕ سۆزی دایه ئێمه و تێی گه‌یاندین كه‌ی باوكمان دێته‌وه ماڵ…
كه بێیته‌وه، خۆر ده‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌هێنی و شه‌وی ڕه‌شیان ڕاده‌ماڵی!
تابڵۆ 9
نه‌یانپاراستین!
بابه گیان…
ده‌ستی خۆیشیان له ئێمه‌مانان نه‌پاراست!
پاشان ، باوه، خواگیرانه لێكیان كردین!
كاتی هاوێركردنمان بوو.
شێركۆ و دلێریان ڕاپێچ كرد.
له‌به‌ر جه‌رگ سووتانی خۆی،
دایكم ته‌مای بوو بگریێ!
دلێر سه‌یری كرد و گوتی:-
“دایه! ئه‌گه‌ر زستان زه‌وی دانه‌ڕزێنێ،
به‌هار گوڵێك ناپشكوێنێ.
دایه… دایه:
تا له ئاسۆ كه‌ڵێ دیار بێت هه‌زار هه‌زار گورگی برسی ئه‌ژنۆی هیوام ناله‌رزێنێ!”
تابڵۆ 10 یه‌ك ڕه‌نگه
سڵاو له‌و به‌نده تاریكه‌ی ئیمڕۆ دلێری برام له‌وێ، یادی چوارده‌م ساڵوه‌گه‌ڕی هاتنه دنیای ده‌كاته‌وه.
لێره‌ش چاومان له دیارییه‌كه، با ئه‌مجاره بۆ هه‌موان بێ.
با دیاری ئه‌مجاره‌تان گۆلمێك گڵ بێت.
له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی له سێبه‌ری ئازادی‌دا، جۆلانه‌ی ئاسووده‌ییتان، بێخه‌م، تێیدا هه‌ڵواسیوه..
له‌وێ بۆمانی هه‌ڵێنجه.
تابڵۆ 11 باڵنده‌یه‌كی سپی
باوه…
شۆڕه سواری ڕێگای دووری هات و نه‌هات،
ئه‌گه‌ر نووچه‌ی ئێمه‌ت بۆ هات؛
گوتیان:-
“ڕۆڵه‌كانت به‌ندن، ….. دیلن، ………… به ده‌ستی دوژمن زه‌لیلن.”
ئێمه ته‌نیا هه‌ر به جه‌سته زیندانینه.
ته‌رم به‌ندین.
مه‌چه‌ك له كۆت داڕزاوین.
باوه، نانی پڕ له كڕو و نیسكه شله‌ی پڕ له خوێمان ده‌رخوارد ده‌ده‌ن،
ناهێلن خزم و دۆستان و براده‌رانمان ببینین،
هه‌ر ڕۆژ یه‌ك جار پێشا و ده‌كه‌ین،
سێ سێ، چوار چوار له سه‌ر یه‌ك په‌تووی ده‌خه‌وین!
تا به‌یانی بۆمان ناكرێ هیچ كه‌له‌كه گۆڕی بكه‌ین.
سه‌رمامانه،
…………برسیمانه،
……………………..له دنیای خۆش داپچڕاوین.
ڕێ ناده‌ن له هیچ كولانكه‌یه‌ك تروسكه‌یه‌كی ڕووناكی بێته ژوورێ،
ده‌لاقه‌كانمان لـێ ده‌گرن!
ئه‌گه‌ر بێت و له ده‌ستیان بێ،
“با” ی خواشمان لـێ یاساغ ده‌كه‌ن!
به‌ڵام، باوه…
به ساقه‌ت بم… له‌به‌ر ئێمه، نه‌كه‌ی، نه‌كه‌ی،
وره‌ی به‌رزت قه‌ت به‌رنه‌ده‌ی!
چونكه ئێمه هه‌ست و نه‌ست و بیر و باوه‌ڕمان لاتانه!
ئه‌و باڵنده سپیه جوانانه‌ی، وان له سه‌رتاندا ده‌گه‌ڕێن
باوه، ئه‌وان فیكری ئێمه‌ن.
له‌گه‌ڵتانن. هه‌ر چالاكییه‌ك ئێوه ده‌یكه‌ین
مێداڵێكی سه‌رفیرازی بۆمان دینن،
به ملی یه‌كه یه‌كه‌ی زیندانیانی هه‌ڵده‌واسن.
تابڵۆ 12 خۆفرۆشان
ڕۆژێك هێنده “به‌دله” سه‌وزی قه‌ڵه‌و قه‌ڵه‌و هاتنه ناومان،
گوتیان:- (هاتووین ڕێگای ڕاستیتان نیشان ده‌ین!)، به‌ڵكو (الرئیس القائد) به – خێرا خۆی – ده‌تانبووری!
ده‌نا، ئێمه ئه‌تك ده‌كه‌ن!!
یه‌كسه‌ر شۆخێك لێیان هاته وه‌ڵام: –
“ئێمه هه‌موو باش ده‌زانین، ڕێگه‌ی ڕاست ڕێی ئازادی یه.
ئێمه ئێوه‌ش باش ده‌ناسین؛ په‌لبڕ ئێوه‌ن.
كاولكاری ئه‌م وه‌ڵاته‌ن.
ئێوه چاوساغی دوژمنن.
هه‌ی ڕیسوا بن؛ هاتوون ئێمه ڕیسوا بكه‌ن؟!
هاتنی ئێوه بۆ ئه‌م زیندانه تاریكه، ناو – زڕانه.
بۆ ئێوه ئابڕوو نه‌مانه!
هێمای دوو بست پانی پشت ملتانه!”
ده‌می (چاره‌نووسیان) به‌ستا و ئێتر هه‌رگیز ببڕای ببڕ، بۆ زیندانیش، نه‌هاته‌وه!
تابڵۆ 13 جه‌نگێكی دی
پۆلیسێكی
بۆری موو سیس،
برۆ پانی،
كه‌پوو فشی،
“سمێڵ هه‌ر وه‌كوو كلكه گا”،
كتومت ده‌تگوت ئه‌ڕژه‌نگه،
له كه‌له‌نی ده‌رگاوه‌ڕا سه‌ری لێمان هێنا ژوورێ، پاشان گوتی:- “كێ زلێخه؟”
دایكم گوتی:- “منم.”
پۆلیسه‌كه دایه قاقای پێكه‌نینێ!
به‌زه‌ییم به دایكمدا هات! سه‌د خه‌یاڵم هاته سه‌ری!
ده‌یبه‌ن!
وه‌ك ئه‌و كچه قاره‌مانه، نایهێننه‌وه؟!
یا…
…پۆلیسه‌كه وه‌كو ده‌عبایه‌ك مڕاندی:- “دوێ شه‌و، مێرده‌كه‌تیان به دیلی گرت …. له شه‌ڕ گیرا.”
هه‌موو گێتی، به یه‌ك چركه، داته‌پیه سه‌ر سه‌ری هه‌موان!!
تابڵۆ 14 كورد گوتوویانه: نه‌شیری حوشتر، نه دیداری عاره‌ب…
چاره‌ی پۆلیس له چوار چێوه‌ی كونی ده‌رگا، ئیمڕۆش لێمان هاته ژوورێ!
ئه‌ی خودایه!
دیداری ئا ئه‌م كابرایه،
……………………. وه‌ك عه‌زابی دۆزه‌خ وایه!
له زیندان و كۆیلایه‌تی سه‌خت تره؛ خۆی به‌ڵایه،
ئااااااخ، خودایه!
تابڵۆ 15
پۆلیسه‌كه پاش چه‌ند ڕۆژێك خۆ ونكردن، ڕۆژێك هاته‌وه (سه‌ردانمان).
له ناو كونه چكۆڵه‌كه‌ی ده‌رگاوه‌ڕا، لێی مڕاندین:-
“چه‌ند ڕۆژێكه،
له‌به‌ر خاتری ئێوه،
خۆم لێتان لا ته‌ریك ده‌گرم. زۆر زگم پێتان ده‌سووتێ.”
– “……!”
– “بۆ هیچ ناڵێن؟ بۆ وه‌ڵامم ناده‌نه‌وه؟ ده بڵێن بۆ!؟”
من گوتم:- “ئم.”
وتی:- “سێ چوار ڕۆژ پاش دیلكردنی، باوكتیان نارده ژووره‌كه.”
– “……؟”
–
تابڵۆ 16 (الغرفه)
سه‌ری خۆمم برده بن گوێی پوور (خه‌زاڵ)ێ.
باوه، باوه …
پووره خه‌زاڵ دایكی سێ لاوی شه‌هید و بزرێك و دووانی وه‌كوو ئێوه وایه.
لۆكه وه‌ك قژی ئه‌و سپیه!
ده‌شێ بڵێم:- “لوقمان له‌و فێر حیكمه‌ت ده‌بێ.”
گوتم:- “پله! غورفه چییه؟”
هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا.
ده‌تگوت ده‌یوێ هه‌موو هه‌ناسه‌كانی ژینی ئاینده‌ی بكاته یه‌ك!
وه پێش زه‌مان كه‌وێ و خۆی ئازاد كا.
سه‌ری خستمه سه‌ر سینه‌ی خۆی.
به په‌نجه پرچی داهێنام.
گوتی:-
“كچم، مزگێنیت لێ!
(غورفه) جێی كه‌ڵه مێردانه!
له‌وێ، هه‌رسێ كوڕم له ئوتو دران، تپله‌كانیان بڕینه‌وه،
نینۆكی پێیان هه‌ڵكێشان، چاویان كۆڵین.”
هۆ خه‌ڵكینه…
باوه‌شی پووره خه‌زاڵێ چه‌ند گه‌رم بوو!
دڵی چه‌ند به گوڕ لێی ده‌دا!
نه‌غمه‌ی ده‌نگی هێدی هێدی گڕی ده‌گرت!
گوتی:-
“كیژم،
له‌وێ كوڕه چكۆڵه‌كه‌م پله‌ی شه‌هیدی لـێ سه‌ندن.
له‌وێ، ئه‌و له خوا یاخییانه، حه‌بی میزهێنه‌ریان دایه
ئینجا نێركیان به‌ستاوه تا شه‌هید بوو.”
هۆ، هۆ … باوه،
“به‌ندێ به‌عسیا به‌نده‌كا گه‌له گرانه” —— دڵێ مه له‌و به‌ندانه پڕی ژانه.
پلكه خه‌زاڵ، باوه، گوتی:-
“ڕۆڵه، من باوكت ده‌ناسم، ئه‌و مێرخاسه.
شه‌هید بوونیش پاداشتی به‌رزی یه‌زدانه.
ته‌نیا ده‌یدا به‌و سه‌روه‌ره‌ی كه شه‌یدای چاوی ئاسمانه!”
تابڵۆ 17
پۆلیس گوتی:- “باوكت له په‌یژان ده‌خرێته خوارێ.”
تابڵۆ 18
پۆلیس گوتی:- “چوار په‌راسووی لێ شكاوه.”
تابڵۆ 19
پۆلیس گوتی:- “له سه‌ر شووشه‌ی شیر و پێپسی و بیره و وێسكی دایده‌نیشێنن.”
تابڵۆ 20
پۆلیس گوتی:- “ئیمڕۆ چواره له سه‌ر كورسییه‌كی بزمار كوته و له ناو به‌فراو به‌ستراوه‌ته‌وه.”
تابڵۆ 21
پۆلیس گوتی:- “سه‌ری باوكتیان تاشیوه.
له به‌رزایی نۆ میترانڕا، دڵۆپ دڵۆپ، ئاو ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌ری.
په‌ككو! باوكت، كه‌لله ڕه‌ق و ماڵ وێرانه!
ده‌ڵێی زمان له نێو لغاویدا نییه!
ته‌نیا هه‌ر شه‌ش ناوی داوه.”
توخوا باوه!
خوێن له ناو ده‌مارم مه‌یی!
تابڵۆ 22
پۆلیس گوتی:- “ئیمڕۆ، باوكت ئه‌شكه‌نجه‌ی له سه‌ر هه‌ڵگیرا.”
گوتم:- “ئۆخه‌ی!”
پۆلیس گوتی:-
“ئاخر چونكه ئه‌مری ئیعدام درا.”
تابڵۆ 23
دایكم، دایكم!!
یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ت سه‌یری كردین.
له‌رزی لـێ هات!
هه‌ژا، هه‌ژا؛
لیوی دایكم كه‌وته ته‌تڵه،
به‌م لادا هات و به‌و لادا چوو!
پاشی ده‌مێك یه‌ك دۆخ وه‌بوو.
ده‌ستی خسته سه‌ر شانی من.
شیرین و قه‌ده‌مخێریشی له ئامێز گرت.
ئاگام لێی بوو؛ له ناخیه‌وه‌ڕا ده‌كوڵا.
ژنانه! دانی به خۆی گرت.
ڕووی تێكردین و پێی گوتین:-
“به‌رخی نێر بۆ سه‌ربڕینه. ئه‌وا ئه‌و چوو؛ ئینجا ئێستا نۆره‌ی ئێوه‌یه كوڕینه.”
هۆ، هۆ، باوه…
دایكم، دایكم… پێی نه‌گوتین (هۆ كچینه!)
تابڵۆ 24
زستانمان ئه‌وا به سه‌ر برد.
له دژی وان، خۆمان ڕاگرت و نه‌مردین.
جا هاوینه، وا به بن ئاره‌قه كه‌وتین.
بۆنمان ناخۆش.
هه‌موو له‌ڕ بووین.
شه‌نگمان له‌به‌ردا بڕاوه.
به ناو له ده‌وری ده‌فری نان گرده ده‌كه‌ین.
ده‌نا، خۆمان فریو ده‌ده‌ین.
زه‌وقی خواردنمان نه‌ماوه!
تابڵۆ 25
ئه‌رێ باوه،
له‌به‌ر چی كات لێره هێنده ته‌وزه‌له؟
بۆ ڕۆژ لێره هێنده درێژه و شه‌ویش هه‌رگیز نابڕێته‌وه؟
تابڵۆ 26
سێ هه‌زار و هه‌شت سه‌د و چوار سه‌عاتی دوور و درێژه،
لێره دیلین!
نه مافی مرۆڤی جیهان،
نه مافناسان
نه ئیسلامان
كه‌سمان له سه‌ر نه‌هاتووه‌ته قسه!
كه‌س به‌رگری ناكا لێمان.
تابڵۆ 27
باوه…
ئه‌ڕژه‌نگه ماڵ میراته‌كه، زوو بوو، هه‌واڵی بۆ هێناین:
– “ئیمڕۆ سبه‌ی ئازاد ده‌بن.”
گوتمان:- “بۆچی؟”
– “سڵاو له گیانی باوكتان.”
گشت حه‌په‌ساین!!
به‌ڵام هیچ كه‌سمان نه‌گریاین.
تابڵۆ 28
دڵم ته‌نگه! دڵم ته‌نگه!
زۆر حه‌ز ده‌كه‌م تێر تێر بگریم.
تابڵۆ 29
له سه‌ر نووكی په‌نجه‌كانمان ڕاده‌وه‌ستاین،
له كه‌لێنی شیشه پۆڵایینه‌كانی په‌نجه‌ره زۆر به‌رزه‌كانڕا،
سه‌یری ئه‌وانه‌مان ده‌كرد، بۆ سه‌ردانی زیندانیه ئاساییه‌كان بوو ده‌هاتن..
جاری وا بوو به بیانووی ئه‌وانه‌وه پێویستیمان له بۆ ده‌هات!..
ئه‌مجاره‌یان هاوسێیه‌كی ڕاسته‌قینه؛ هاته لامان.
كه‌مێك خۆراك، ده‌ستێك جل و به‌رگی خاوێن، خواردنیشی بۆ هێنا بووین.
خواردنه‌كه،
باوه باوه،
مزگێنیشی ده‌گه‌ڵدا بوو!!
نامه‌یه‌كی تێدا ته‌قه‌ت هه‌ڵگیرا بوو.
به په‌له لێكم هه‌ڵوه‌شاند، ده‌ستنووسی شێركۆم ناسیه‌وه!
له نامه‌كه‌یدا نووسیبووی:- “ئه‌م كولیكه‌ی ده‌گه‌ڵ ئه‌م نامه ده‌ینێرم، دیارییه؛ باوكه بۆتانی ناردووه.
به‌ری سێ ڕۆژ له بناری كێوی قه‌ندیل چنیویه‌تی و پێشكێشی ئێوه‌ی كردووه!”
تابڵۆ 30 ده‌نگی ئازادی
ئه‌مڕۆ فره ئاسووده بووم،
له كه‌ژاوه‌ی بووكینه بووم.
له سووچێكی تاریك، تاریك، لێی ڕاكشام
هێدی هێدی سوڵتانی خه‌و
پێڵووی گرتم،
خه‌وم لـێ كه‌وت
له خه‌ونێدا، عه‌رشی خوام دی
وه‌ك بیابان
پاك، پاك، قه‌شه‌نگ، وه‌لـێ چۆل بوو…
له‌و خه‌ونێدا
له بن سیبه‌ری عه‌رشی خوا
خه‌ونم بینی:
خه‌ونم به ئازادییه‌وه دیت،
باوه … به خوا، له‌و خه‌ونه‌دا
زیندان نه‌بوو،
قه‌فه‌ز نه‌بوو،
هه‌موو ئینسانێك ئازاد بوو
من ئازاد بووم.
هه‌ولێر
26/6/1982
– خامه‌ك – قوماش، پارچه، كووتاڵ.
– جه‌نه: گڕوگرتن، ڕق، تووڕه‌بوون، منداڵ جه‌نه ده‌گرێ.
– كر: مه‌ره‌زی چنراو.
– كه‌زی : په‌لكه، پرچ.