ئایا ئێمە بارزانیمان ناسیوە؟… شاخەوان عومەر سلێمان
مەبەستم بەهەشتى بارزانى گەورەیە، ئەو كەسەى خاكەڕایى و بێفیزیى و خۆنەویستى كردبوویە پێشمەرگەیەكى ئاسایى و جەنگاوەرێكى سادەی بەرەكانى شەڕى بەرگریكردن لە راستى و رەوایەتى كێشەى نەتەوەیەك، زۆر جار گومان دەكەم و شكم لەسەر لاێشاوى راو بۆچوون و قسە و تێفكرینى ئەوانە هەیە كە لە كەسیەتى و شوناسى ئەو سەركردەیە دەدوێن، ئاخۆ بەڕاست ئەو سنفەو تاقمانە لە قوڵایى تێگەیشتنەكانەوە سەركردەی مێژووى مەلامستەفا یان ناسیوە، یان بىَ خوێندەوەى ژیانى خۆى و سەردەركردن لە سەربوردە و بەسەرهاتەكانى تەمەنى، تەنیا بەبیستنى ناو ناوبانگ و دیتن و گوێبیستبوونى بەرنامەیەكى رادیۆى یان تەلەفزیۆنى و كۆكردنەوەى چەند زانیاریەكى كەمى بچووك، بەو هەگبە بەتاڵ و حاڵیبوونە هەژارەوە دێن لەسەر گەورەیى و شكۆیى ئەو سەركردەیە هەڵدەدەنىَ.
یاخود ئەمانە هیچیان نین، بەڵكو مەرام و مەبەستێكى دیاریكراو لەپاڵ هەوڵى لەو جۆرە هەیەو ئەوانەى باریان لێژە و كانیاوى ئاویان لەناو حیزب و حكوومەت وشك و برینگە، گەرەكیانە بە ناوهێنان و پیاداگوتن و میكاژكردنى مێژووەكەى سفرەیەكى چەور و رازەوە بۆخۆیان و مناڵ و كەس و كاریان دروستبكەن، (( دیارە بەرێزەوە ئەو رایانە دەخەینە دەرەوەى ئامانجى نووسینەكەمان كە بەویژدانەوە و دوور لە هیچ نیاز و مەقسەدێكى تایبەتى لەسەر بارزانى دەدرێن، چونكە ئەوانەش هەن وەكو نواندنى هەڵوێستێكى ئەخلاقى و ویژدانى دەیانەوێت ژیانى ئەو سەركردەیە بخوێننەوە))، بەڵام مخابن بۆ ئەوانەى بەتەنیا و تەنیا لە یەكى سێى هەموو ساڵێك بارزانیان بیردەكەوێتەوە و بەدوو دێرە شیعر یان نووسینى كورتە پەخشانێك، یاخود بڵاوكردنەوەى وتارێك گوزارشت لەو زاتە مەزنەدەكەن .
پێم وایە هێشتا ئێمە زۆر زۆرمان ماوە تا بارزانى بناسین و لێى تێبگەین، ماناى تێگەیشتن فرەرەهەندە و چەندان لق و پۆپ و كەڵى دیكەى ماناو مەبەستى ترى لێدەبێتەوە، جارێك پێش هەمووشتێك تۆ ناتوانیت بڵێیت من كەسێكم ناسیوە گەر نەتوانیبێت لە سەدا بیستى خەسڵەت و رەوشت و خوو و ئاكارى ئەو كەسایەتیە بخوازیت، گەر ئەوەندە پێى سەرسامیت و غەزەل و بەیتى شیعرى بۆ دەهۆنیەوە، ناكرىَ بڵێین ئێمە كەسێكمان ناسیوە گەر شوێنپێ هەڵگرى رێبازەكەى نەبین و سیفات و تەیبعەتەكانى لەخۆماندا رەنگپێنەدەینەوە نازانم، گەر ئەوانەى بانگەشەى شەیدابوون و موریدى شۆڕشى بارزانى دەكەن لە ناخەوە و بەدڵ بۆى دڵسۆز و شكستەدڵن پێویست ناكات هێندە باس و خواسەكانى خۆیان بەناوى پیرۆزى بارزانى زەخرەفەبكەن، بەڵكو هێندەى باسى جوامێرى، مێرخاسى و دلێرى و لێبوردەیى و نموونەیى ئەو دەكەن باشترە خۆیان بكەنە پەیڕەوى كارى ئەو چەمكانەو واز لەهەندێك جوڵانەوە و رەفتاربێنن كە دوور و نیزك بارزانى گەورە پێ نەناسراوە و حەزى پێنەبوون.
شتێكى ئاشكرایە ناو ناوبانگى بارزانى رۆشتوە و لە هەموو شوێن و گەل و نەتەوە و ناخ و دڵى گشت كەسێك بوونى هەیەو ئەوەى لە میانى تەمەنى پێشمەرگایەتیش كردوویەتى گەورەترین بەڵگەى جاویدانیەتى، بۆیە گەرچى نیەتى بەشێكى زۆرى ئەوانەى لەسەر بارزانى دەنووسن پاكن و لە سۆنگەى دانپیانانى ویژدانیەوە لە بارەیەوە قسەدەكەن، بەڵام چونكە ئێستا ئەو لە ژیاندا نەماوە و كوڕەكەشى كە جەنابى سەرۆكى هەرێم كاك مەسعودە باڵاترین دەسەڵاتى هەیە، رەنگە هەر شتێك گەر لەو سیاقەوە بدیترێت بچێتەخانەى مەرایكردن و خۆبردنەپێش و خۆ خۆشەویستكردن.
گەر ئێمە دەمانەوێت بەماناى وشەو بە واقیعى بارزانى و مێژوو و كەلتورەكەى بناسین ، دەشبێت بایى ئەوەندە ئامادەیمان تێدا هەبێت دەستبەردارى خودشەیدایى و بەرژەوەندى پەرستى و چڵێسى و هەل پەرستى خۆمان بین، جورئەت بكەین و غیرەتمان هەبێت كە لەسەر خۆمان ئیعتیراف بكەین و بە ئاكارە خوار و خێچ و بەدەكانماندا بچینەوە، ئەوەندەى ئێمە لەسەر بارزانى زانیومانە هەرگیز بۆ سامان و رابواردن و كەیف و سەفاى شەخسى خۆى هەوڵى نەداوە، ئەو وەك جارێكیان مەسعود عەبدولخالق دەڵێت ( بارزانى لە هەموو وێنەو فیلمە دیكۆمێنتیەكان بە یەك پۆشاك و یەك جل و بەرگ و بەستایڵێك دەردەكەوت كە زۆر سادەبوون، خۆ ئەویش دەیزانى هەرجارە و بە مۆدێل و بەرگێكى شیك وتازە بەرچاوكەوێت، تەنانەت گەر بەروخسار پێوانەى ئەومان كردبا واتدەزانى تەنیا پێشمەرگەیەكى سادەیەى نەخوێندەوارە، بەڵام بڕۆن ئەو نامانە بخوێننەوە كە بارزانى بۆ ستالین و چەرچڵ نوسیویەتى بزانن ئەو كابرایە چەندە لە عومقى مێژوو و سیاسەتى رۆژگار بەڵەد بووە)).
گەلان و خەڵكانى وڵاتان كە نیازپاكى و خۆشەویستى خۆیان بۆ رابەر و پێشەواكانیان دەدەبڕن ناچن، لە رۆژنامەو تەلەفزیۆنەكان و راگەیاندنەكانى دیكە مەدح و سەناو ستایشى بكەن ، یان وەك شیعەكان شین و شەپۆڕیان بۆ بگێڕن، ئەوان دێن شارێك، یان پەیكەرێك یاخود زانكۆیەك بەناوى سەركردەكەیان دەكەنە وە و ئەو شوێنەش بۆ خزمەت و بەرژەوەندى گشتى كۆمەڵگاكەیان بەكاردێنن، لێرەوە پرسیار ئەوەیە دەبێت كەى بێت ئێمەش فێرى رێزلێنانى سەركردەكانمان بین؟
Shakawan77@yahoo.com