Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەشفرۆشیی لەنێوان قەدەغەکردن و کۆنترۆڵکردندا.

لەشفرۆشیی لەنێوان قەدەغەکردن و کۆنترۆڵکردندا.

Closed

هەفتەنامەی “ئاوێنە” ئەم باسەی ورووژاند، باسی لەشفرۆشیی، ئارگیومێنتی دژبەیەک   زۆر لەخۆ دەگرێ. بەدڵنیاییەوە ئاوێنە ئازایەتیی کرد ئەم بابەتەی ورووژاند، چونکە گرینگییەکی کولتووریی و ئەخلاقیی زۆری هەیە. هاوکات گرینگتر لە هەموو شت ئەوەیە نەفەسی ئیسلامییەکان و چەپەکان و لیبراڵەکان و دیندارەکان و عەلمانییەکانی کورد ئەوەندە درێژ بێت کە بتوانن بە دیبەیت و ئارگیومێنت ئەم بابەتە ببڕێننەوە، نەک بە هەڕەشەو ئیلحاد و تەکفیر و فەتوای فەندەمێنتالیستەکان لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە نەک بەسووکایەتییکردن بە ئایین و بە سیمبوڵە دینییەکان و ورووژاندنی مۆتیڤی خەڵکی ئاسایی و عەوام و حەماسی دژ بەیەکتری،درێژە بەم باسە بدرێ.
پێشەکیی، هەرکەسێک یەک زەڕە لۆژیکی هەبێ، ئەوە دەزانێ کە لەشفرۆشیی ( تایبەت بەژنان، چونکە هۆمۆسێکشواڵی پیاوانیش بابەتێکی ترە) چارەسەری  یەکجاریی وبنبڕ ناکرێ، بەڵکو ئەم مەسەلەیە بەپێی یاسای مەدەنیی کۆنترۆڵ دەکرێ. لەشفرۆشیی” یەکێکە لە کۆنترین پیشەکانی مرۆڤ” و پێویستە پراگماتییانە و ریالیستییانە و زانستییانە لێی وردببینەوەو لایەنە مۆراڵیی و ئێسیکیی و ئایینییەکەی دەمارگیرمان نەکات.  هیچ ئیمپراتۆرێک، هیچ ئایینێک بە ئایینی ئیسلامییشەوە، هیچ خەلیفەیەکی ئیسلامیی ( راشییدین ، ئەمەویی،عەباسیی و عوسمانییەکان)، هیچ دیکتاتۆر و دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی، تەنانەت ئێران و تاڵیبان و سعودییەی عەرەبییش، هەورەها دیکتاتۆرییەتە کۆمۆنیستییەکانیش نەیانتوانیوە لەشفرۆشیی بنەبڕ بکەن، یاخود تەنانەت کەمیشی بکەنەوە. دیارە مەبەستم لە کۆنترۆڵکردن ئەوەیە جڵەوی ئەم بابەتە لەدەست کۆمەڵ و دەسەڵات و یاسا نەچێتە دەرەوە. گرنگیی بەیاساییکردنی لەشفرۆشیی نابێ هەر لەچوارچێوەی ئایین و مۆراڵەوە سەیر بکرێ، لەوان گرینگتر تەندروستیی و ئاساییشی کۆمەڵ و مافی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکانیش دەبێ لەبەرچاو بگیردرێن.
لەڕاستییدا ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەی قووڵ و چڕوپڕ لەبواری تیۆریی و مەیدانییدا هەیە. هاوکات پێویستیی بە هۆشیارییەکی زۆر مۆدێرنانەو مرۆییانە هەیە، هەروەها باکگرواندێکی بەهێزی لە تۆلێرانس و مەعریفەو شارەزایی لەبواری مافی مرۆڤ و ئازادیی تاکدا، لە  تاک تاکی کۆمەڵ و لەبزوتنەوەی ژنان دەخوازێ. لەشفرۆشیی بووەتە بازرگانییەکی قێزەون لەدنیادا و هەزاران تۆڕی مافیایی لەسەرتاسەری دنیادا خەریکی ئەم بیزنسە چەپەڵەن و ساڵانە هەزاران ژن و کچ دەبنە قوربانیی دەستی مافیاکان و دەیان هەزاریش  بەکۆیلەی خاوەنەکانیان بوونە. وێڕای گەورەیی قەبارەی ئەم بازرگانییە ستەمکارانەیە، لەم وتارەدا تەنیا هەوڵدەدەم لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی بەڕەسمییکردنی کاری لەشفرۆشیی بەپێی یاسا لەهەرێمی کوردستاندا بەچەند خاڵێک باس بکەم.
هەروەک ڤیکتۆر هوگۆ بڕوای وایە کە کۆیلایەتیی لە شارستانییەتی ئەورووپادا کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵکو هێشتا ژن کۆیلەیە و ناوی ئەو کۆیلەیەش “لەشفرۆشە”. لەڕووی سۆسیۆئابوورییەوە ئەمە راستە، زۆربەی بازاڕو هەلی کار تا هەنووکەش لەدەست پیاواندایە، رێژەیەکی زۆری ژنانیش لەباری ئابوورییەوە پەنا بۆ لەشفرۆشیی دەبەن.  گرفتەکە هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئایا چارەسەری یەکجاریی دەکرێ ، وەک دۆکترینی کۆمۆنیستەکان و ئیسلامییەکان و موحافیزە فەناتیکەکان، ئایدیۆلۆژییانە داوای دەکەن؟ تەنانەت وەک ئەوەی هوگۆ خۆیشی داوای بنەبڕکردنی کۆیلایەتیی بە دیوە مۆڕاڵییەکەیدا دەکات، ئایا واقیعییە؟  کۆمۆنیستەکان دەڵێن، ئەمە یەکێکە لە سەقەتییەکان ومەینەتییەکانی سیستمی سەرمایەداریی، ئیسلامییەکانیش ئەمە بە فەساد و زینا و گوناهێکی گەورە دەزانن و بەبازاڕو  مۆڕاڵی رۆژئاوایی تێدەگەن و خۆیان لە مێژووی لەشفرۆشیی نەبان دەکەن. هەروەک لەسەردەمی زێڕێنی ئیسلامییشدا نەتوانراوە چارەسەر بکرێ. موحافیزەکانیش لەهەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان پێیانوایە ئەمە بەرەڵاییەو مۆراڵی مرۆڤ تێک دەدات و دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێ. لەڕاستییدا چ ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیی و چ ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیی جگە لە فانتەسیی ئایدیۆلۆژیی، هەرگیز نەتوانیویانە و نەدەتوانن لە جەوهەری مێژوویی و کولتووریی و ئابووریی بابەتەکە بگەن.
لایەنە نێگەتیڤەکانی لەشفرۆشیی:
1. هێزو بیروباوەڕە فەندەمێنتالیستە دینییەکان و کۆنسێرڤەتیڤەکانی کۆمەڵ، کە زیاتر ئەخلاقییانەو لاهووتییانە بۆ بابەتەکە دەچن، پێیانوایە هێرشە بۆسەر مۆراڵی کۆمەڵگاو بەهای مرۆڤ و ئێسیکی مرۆڤ دادەبەزێنێ. دیارە ئەم هێزانە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوە و فۆبیایەکی خراپیان لە بابەتەکە هەیە.
2. بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی لەڕێی جووتبوونەوە دەگوازرێنەوە و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی خێزانەکان.
3. بازرگانییکرن بە ژنانەوە، بەتایبەتیش مەترسی ئەوە هەیە کە باندەکانی مافیای لەشفرۆشیی، کچانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ بهێننە ناو بازرگانییەکەوە. ئاودیوکردنی ژنانی وڵاتانی دراوسێی  هەرێمی کوردستان و چەوساندنەوەیان لەلایەن پیاوە مافیاکانەوە.
4. رووتێکردنی سەدان و هەزاران لەشفرۆش لە ئێران و عێڕاقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات پیاوانی برسیی بۆ سێکس لە ئێران و ناوچەکانی عێراقەوە بە لێشاو بۆی دەکشێن و مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی هەرێم دروست دەبێ.
 لایەنە پۆزەتیڤەکانی بەڕەسمییکردنی لەشفرۆشیی:
1. خولیای کاری سێکس بۆ زۆرێک لەگەنجانی سەروو ١8 ساڵ تا تامەنی پەنجاکانی پیاوان  خاڵیی دەبێتەوە و ئەم تابووە( سێکس) ی لێ نابێتە دێوەزمە و تەرکیزی بۆ سەر ژیان و بەرنامەکانی خۆی چڕتر دەکاتەوە. بەمەش راستەوخۆ رێژەی ( دایک، خوشک، ژن) کوشتن لە کوردستان کەمتر دەبێتەوە، چونکە بەشێک لەو کەبتە سێکسییەی، هزرو ژیانی نێر دادەگرێ، دەرفەتی خاڵییکردنەوەی بۆ دابین دەبێ و ئەو گەڕە لە کچان و ژنان دەبێتەوە کە  پیاوان بەخۆشەویستی درۆو ساختەکاریی دەیانەوێ راویان بکەن. هاوکات بەشێک لەو پێوەندییە سێکیسییە نهێنییانەی هەن کە پیاوان بەس بۆ سێکس دەیانبەستن، بەرەو کزبوون دەچن و پێوەندیی خۆشەویستیی و لەیەکگەیشتن و بەتەنگەوەهاتن، جێگەی پێوەندیی سێکسیی دەگرێتەوە.
2. ژنانی لەشفرۆش ئازادانە، کۆنترۆڵی ژیانی خۆیان دەکەن و دەتوانن لەدەست مافیاکان و باندەکانی لەشفرۆشیی( بەیارمەتیی رێکخراوەکانی ژنان ) بێنە دەرەوەو هەست بە ئینسانبوونی خۆیان بکەن.
3. پشکنینیی پزیشکیی بۆ ئەوانەی لەشفرۆشیی دەکەن و بەکارهێنانی کۆندۆم لەلایەن کڕیارەکانیانەوە، مەترسیی گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی سێکسەوە بڵاو دەبنەوە، زۆر کەم دەبنەوە. دەکرێ بە یاسا ئەمە بە ئیجباریی بکرێ و ئاماری لای کەمی راستیی لەشفرۆشەکان ریکۆرد بکرێ. ئەمە سەلامەتیی و تەندروستیی ژنان و پیاوان بەگشتیی دابین دەکات.
4. بەشێکی زۆر لەو ژنانەی ئەو کارە دەکەن، کەمێک لەباری ئابوورییەوە گوشارەکانی سەریان کەم دەبێتەوەو مافیاکانی پیاو، وەک پێشووتر نایانڕوتێننەوە.
5. لە هەلومەرجێکی ئارامدا کە ژیانیان مسۆگەر بێت و دەستی هەڕەشەی خەڵکیان نەگاتێ، دەکرێ لەڕووی خود ئاگایی و خۆ پەروەردەکردنەوە بەشێکی زۆری ئەو ژنانە بگەڕێنەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی و لەو بیزنسە دوور بکەونەوە.
لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، لەشفرۆشیی یان بەڕەسمیی ناسراوە و شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە، یاخود لەباری یاساییەوە ئەوانەی ( چ ژن و چ پیاو) خەریکی کاری سۆزانیین وەک تاک و بۆ خۆشیی و لەززەتی خود، رێگریی لێ ناکرێت. سارا قادر لە ئاوێنەدا، ئاماژەیەکی بە نموونەی تورکیی و ئێرانیی دابوو لەسەر لەشفرۆشیی، کە وەک کرێدتێک شایانی باسکردنە. لە تورکیا، حکومەت ئیسلامییە و ئەمڕۆ لەئاستی دنیاشدا رائیدی زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامییە، کەچیی نەهاتووە رێگریی بۆ لەشفرۆشیی دروست بکات، بەڵکو بەپۆلیسی حکومەتی ئیسلامیی، پارێزگاریی لە لەشفرۆشخانەکان دەکات بۆ ئەوەی ئاژاوە دروست نەبێ و ژنەکانیش دەستدرێژیی فیزیکیی بۆ سەریان نەکرێت.
کرۆکی ئارگیومێنتەکە ئەمە دەبێ. هەنووکە لە شارەکانی کوردستاندا، بەسەدان شێوازی نامرۆیی، لەشفرۆشیی هەیە. بەشێک لەسیاسییەکان و بەرپرسە باڵاکانی کوردستانیش تێوەگلاون و بازرگانییەکی زۆر دڵڕەقانە بەژنانەوە دەکرێ. ئەو سەدان و هەزاران ژنەی تووشی ئەم کارە نەگریسە بوونە، بە هەڕەشەو ریسواکردن و فەتوای مامۆستایانی ئایینیی، نە دەستبەرداری ئەو لەشفرۆشییە دەبن، نە کەمیش دەبنەوە. بە پێچەوانەوە ژمارەیان زیاتر دەبێ و بێڕەحمانەتر لەلایەن پیاوانەوە دەچەوسێنرێنەوەو بارزگانییان پێوە دەکرێ. درێژەدان بەمشێوەیەی لەشفرۆشیی، بەشاردنەوە و چاوداخستن لە ئامارە تۆقێنەرەکان، جگە لەدرۆیەکی گەورەی فەندەمێنتالیستەکان و موحافیزەکان نەبێ شتێکی تر نییە. چارەسەر ئەوەیە کە بە یاسا لەشفرۆشەکان بپارێزرێن، ئازادییان بۆ دابین بکرێ و کاری لەشفرۆشییش بەپێی یاسا رێک بخرێ و کۆنترۆڵ بکرێ.
هەروەک ئەنجێلا کارتەری رۆماننووس دەڵێ” لەشفرۆش کە تەحقیر دەکرێ بەهۆی نیفاقی تێگەییشتنی زۆرینەوەیە، کاتێ ریالیستانە سەرمایەی خۆی دەقەبڵێنێ، نەک بەفڕوفێڵ و ساختەکاریی ژیان بەسەر بەرێت”. ئەو پێیوایە ئەو سەرڕاستییەی لەشفرۆش هەیەتی لەچاو کارە چەوتەکانی پیاوە زاڵم و مافیاکان و ئەو قانوونانەی داکۆکیی لە پیاوان دەکات، زۆر شەرافەتمەندانەترە. لە مێژووی کۆن و نوێدا چەندین تەجروبەی فاشیلی چارەسەرکردنی لەشفرۆشییمان هەیە. لە مێژووی ئیسلامدا ، زۆر لەمێژە بە دەیان شێوازی جۆراوجۆر هەوڵدراوە ئەم بابەتە بنەبڕ بکرێ، تازەترین نموونەی ئەم فەشەلە لە ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبییدا دەردەکەوێ. لە مێژووی نوێشدا، دیکتاتۆریەتیی بۆڵشەفیزم لە سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و چایینەدا ( چین) لە چارەسەری ئەم مەسەلەیەدا بەو پەڕی فەشەل گەیشتن. بە دڵنیاییشەوە هیچ شارێ نییە لەم دنیایەدا لەشفرۆشیی تێدا نەبێ، تەنانەت شار بەبێ لەشفرۆشیی هەر بوونی نییە، بە هەرێمی کوردستانەکەی خۆیشمانەوە، هەنووکە لەشارەکانی کوردستان، ئەم بازرگانییە بێڕەحمانەیە بەردەوام لەپەرەسەندندایە، بۆیە پێویستە سنوورێکی بۆ دابنرێ، بە کۆنترۆڵکردنی نەک بە قەدەغەکردنی وەهمیی و فانتەسییانە. 
بەپێچەوانەوە لە ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوادا ئەم بابەتە، کەم تا زۆر ئینسانییتر و مۆدێرنانەتر کۆنترۆڵ کراوە.  لەکۆتاییدا،  گرینگە حکومەتی هەرێم بەڕەسمیی ددان بە بوونی لەشفرۆشییدا بنێ و بیر لە کۆنترۆڵکردنی بکاتەوە. راستە ئاستی هۆشیاریی خەڵک و کولتووری تۆلێرانس و مۆدێرنیزم لەکوردستاندا لەمپەری زۆر گەورەی لەبەردەمدایە، بۆیە تەنیا بەڕەسمییناسینی لەشفرۆشیی بەس نییە. نموونەی کۆنترۆڵکردنی لەشفرۆشیی لە تورکیا یەکێکە لەنموونە سەرکەوتووەکانی لەشفرۆشیی لە جیهانی ئیسلامییدا. حکومەتی هەرێم دەتوانێ لەڕێگای بەڕەسمییکردنی لەشفرۆشییەوە بەپێی یاسا کۆنترۆڵی ئەم بابەتە کەمێک بکات و سنوورێک بۆ ئەم بازرگانییە دابنێ.  لەکۆتاییدا لەگەڵ هەری ئەندەرسندا Harry Anderson دەڵێم” ئایا ئێستا کاتی بەیاساییکردنی لەشفرۆشیی نییە؟”
حەقیقەتە مێژوویی و زانستییەکان، داتاکانی لێکۆڵینەوە و ئامارە کۆن نوێکان، جەخت لەبەردەوامیی لەشفرۆشیی دەکەنەوە. هیچ هێزێک نییە وناتوانێ لەشفرۆشیی بنەبڕ بکات. دەتوانرێ لەخەیاڵی ئایدیۆلۆژییانەدا قەدەغە بکرێ، بەڵام بەنهێنیی و نیمچە نهێنیی پەرە دەستێنێ. کەسێک ئەگەر پێیوایە هەژاریی، دەکرێ بنەبڕی یەکجاریی بکرێ، مەگەر لەئەستێرەیەکی تردا بژی؟ چونکە مێژوو سەلماندی بنەبڕ ناکرێ، بەڵکو کەمدەکرێتەوەو کۆنترۆڵ دەکرێ. هەروەک لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا، چەمکی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، ئاستی هەژاریی زۆر هێناوەتە خوارەوە. بەبەراورد بە وڵاتە کۆمۆنیستیی و دیکتاتۆرییە تۆتالیتارییەکان و وڵاتانی مەزهەبیی و وڵاتانی گەشەکردوو……………تاد. هەموومان، تاک تاکی مرۆڤ، لەشفرۆشین، هەریەکەمان شوێنێکمان یان توانای شوێنێک لە لەشولارمان دەفرۆشین. بۆیە پێویستە بەچاوی بێڕێزییەوە سەیری پیشەی لەشفرۆشیی نەکرێ، ئەوەی لەشفرۆشیی دەکات، سەرەنجام مرۆڤەو هەلومەرجی ژیان و بازاڕ رەتاندوویەتی بۆ ئەو بازاڕە، تەنانەت ئەگەر بە ئارەزووی خۆیشیان بێ، هەر نابێ تەحقیر بکرێن،  بەم پێودانگانە  بەیاساییکردن و کۆنترۆڵکردنی لەشفرۆشیی لەکوردستاندا، قازانجەکانی، لە زیانەکانی زۆرترن.

ئەم بابەتە، لە ژمارە ( ٢٨٦) ی ئاوێنەدا بڵاو بووەتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.