گه‌شته‌که‌ی ئانا کارێنینا له مۆسکۆوه بۆ ریگا
ماوه‌یه‌ک بوو له مۆسکۆ ده‌ژیام، ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌که‌ی خۆم بکه‌م، هه‌ر له‌وێشه‌وه چووم بۆ شاری ریگا، تا ده‌رباز بم و وه‌ک په‌ناهه‌نده‌یه‌ک خۆم بگه‌یه‌نمه ئه‌وروپا.
هێنده له مۆسکۆ مابوومه‌وه به ئاسانی هه‌موو شوێنێکم ده‌دۆزییه‌وه، به تایبه‌تی شانۆکان که به‌سه‌ر شه‌قام و کۆڵان و پانتاییه‌کانی شاری مۆسکۆ دا بڵاوبوونه‌ته‌وه و ژماره‌یان ئێجگار زۆره.
یه‌کێک له شه‌وه سارده‌کانی مانگی دوازده بلیتێکی شانۆی (مخات) ده‌کڕم و ده‌چمه ژووره‌وه، له‌ناو ڕووسه‌کاندا و له یه‌کێک له ریزه‌کانی پێشه‌وه‌ی شانۆکه‌دا، به تامه‌زرۆییه‌وه له شوێنه‌که‌ی خۆم داده‌نیشم.
شانۆی (مخات) شانۆ کۆنه‌که‌ی ستانیسلاڤیسکییه و ئه‌م شه‌و له هه‌وڵێکی هونه‌ریدا رۆمانه گه‌وره‌که‌ی تۆڵستۆی”١٨٢٨_١٩١٠ ” ( ئانا کارێنینا) بۆ شانۆ ئاماده‌کراوه و به‌پێی ترادیشون و رێبازه‌که‌ی ستانیسلاڤیسکی نه‌مایش ده‌کرێت.
نه‌مایشه‌که به‌پێی رۆمانه‌که و به شێوه‌یه‌کی ورده‌کاری به‌رجه‌سته‌ی واقیعێکی ئه‌رستۆکراتی و کۆمه‌ڵگه‌ی رووسی له سه‌ده‌کانی هه‌ژده‌دا ده‌کات و ئه‌کته‌ره‌کان به ریتمێکی خاو و ناخۆش و بێزارکاره‌وه ڕووداوه‌کانی رۆمانه‌که ده‌که‌نه شانۆنامه‌یه‌کی ته‌قلیدی و وه‌ک فیلمێکی ره‌ش و سپی پێشکه‌شی ده‌که‌ن.
هیچ تێناگه‌م، رۆمانه‌که‌شم له‌وه‌وبه‌ر نه‌خوێندۆته‌وه و کاره‌کته‌ره‌کان ناناسمه‌وه، کچه جوان و جلوبه‌رگه قه‌شه‌نگ و گرانبه‌هاکانی به‌ریان، بۆ من و له‌م نمایشه‌دا وه‌ک تارماییه‌کی نادیار وان.
هه‌ندێک له زمانی رووسی فێربووم، ده‌توانم رسته‌ی کورت، وشه و ده‌سته‌واژه‌ی رووسی به‌کاربهێنم و که قسه‌ش ده‌که‌ن لێیان تێده‌گه‌م، به‌ڵام هیچیان له‌م نه‌مایشه‌دا ناناسمه‌وه و هه‌موو زمانه‌که، مۆسیقای ده‌نگه‌کان و ئاخافتنی ئه‌کته‌ره‌کان به گوێی من نائاشنان و تێییان ناگه‌م. خودی شانۆنامه‌که‌ش هیچ چێژێکم پێنابه‌خشێت.
( ئانا کارێنینا ) له‌م ساته‌دا له‌سه‌ر زوربه‌ی شانۆی شار و هه‌رێم و ناوچه جیاوازه‌کانی رووسیادا نه‌مایش ده‌کرێت، ئه‌فیشی ئه‌م نه‌مایشانه و ئانا کارێنینا به قه‌د دیوار و رووکاری شانۆکان و له‌سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌کاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه و له‌وه ده‌چێت هه‌موو رووسیا وه‌ک عاشقێکی ناکام و دڵشکاو به دوای ئانا کارێنینا و عه‌شقێکی بزربوودا بگه‌ڕێن.
• ریگا/ 1992
شه‌وێکی تاریکی زستان، به پاسێکی پڕ له په‌ناهه‌نده و خێزانی رووسی، به ترس و دڵه‌خورپێ و چاوه‌ڕوانی و هیوایه‌کی زۆره‌وه، له مۆسکۆوه ده‌ڕۆم بۆ شاری ریگا.
هه‌موو شه‌وه‌که نائارام، له په‌نجه‌ره‌کانی پاسه‌که‌وه ته‌ماشای تاریکییه ره‌شه‌که‌ی ده‌ره‌وه ده‌که‌م، وه‌ک ئه‌وه‌ی له پشته‌وه، له ناو تاریکییه‌که‌دا نهێنییه‌ک خۆی حه‌شاردابێت و منیش بمه‌وێت ئه‌و نهێنییه‌م بۆ ده‌رکه‌وێت. جار جاره رووناکییه‌کی کزی ئۆتۆمۆبیلێکی تیژڕۆی تر که به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ئێمه و له‌وبه‌ری جادده‌که‌وه ده‌ڕوات، بۆ ساتێک ئه‌و تاریکییه ئه‌نگوسته‌چاوه ده‌بڕێت.
له‌گه‌ڵ کازیوه‌ی به‌ره‌به‌یان ده‌گه‌ینه سنوور و پاسه‌که‌مان راده‌گرن، سه‌یری پاسپۆره‌ته ته‌زویرکراوه‌کانمان ده‌که‌ن و به بزه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێزه‌وه لێمان ده‌ڕوانن.
به جوڵانه‌وه‌یه‌کی خێرا، وه‌ک ئه‌وه‌ی له خه‌ونێکی خۆش به‌ئاگایان هێنابمه‌وه، ته‌ماشایه‌کی چوارده‌وری خۆمان ده‌که‌م و به‌بێ بیرکردنه‌وه و به شێوه‌یه‌کی خۆکرده په‌نجا دۆلارێک له گیرفانم ده‌ردێنم و ده‌یخه‌مه ده‌ستی سه‌ربازه سورفله‌که‌ی به‌رده‌مم.
به‌بێ دوودڵیی و به خێرایی دۆلاره‌که‌م لێ وه‌رده‌گرێت، به سیمایه‌کی مردووه‌وه سه‌یرێکم ده‌کات، تاوێک به‌بێ ئه‌وه‌ی چاو بتروکێنێت لێم ورد ده‌بێته‌وه و پاشان پاسپۆرته‌که‌م ئه‌داته‌وه ده‌ست و ئاماژه‌یه‌کی پاسه‌که ده‌کات.
خێرا و به‌رله‌وه‌ی په‌شیمان بێته‌وه یان سه‌ربازه‌کانی تر به‌م دیمه‌نه شانۆییه بزانن، ده‌چمه‌وه پاسه‌که و له‌سه‌ر جێگه‌که‌ی خۆم داده‌نیشم، هه‌ست ده‌که‌م جه‌سته‌م بچو‌ک بۆته‌وه و ده‌مه‌وێت تا زووه شۆفێره‌که بڕوات. ده‌گه‌ینه ریگا و له ته‌رمیناڵی پاسه‌کان داده‌به‌زم، جانتاکه‌م کردووه به شانمدا و به‌بێ هیچ پلانێک چه‌ند هه‌نگاوێک ده‌چمه پێشه‌وه، ده‌چمه ناو ته‌رمیناڵه‌که‌وه و یه‌که‌م شت که چاوم ده‌که‌وێته سه‌ری، ئه‌فیشێکی گه‌وره‌ی شانۆنامه‌ی ( ئانا کارێنینا ) یه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئانا کارێنینا له چاوه‌ڕوانی ئێمه‌دا بێت تا پێکه‌وه بۆ که‌نارێکی نادیار و ئارام هه‌ڵبێین.
• بیست ساڵ دواتر
– گه‌ڕانه‌وه بۆ ریگا/ 2011
به پێچه‌وانه‌ی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه، له فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی گه‌وره و مۆدێرنه‌وه دێمه ده‌ره‌وه، هه‌مان کات و هه‌مان که‌ش و هه‌وا و هه‌مان ( من ) به‌ڵام له بارودۆخێکی تردا، به هه‌نگاوی دڵنیاوه ده‌چمه ئه‌و ته‌کسییه‌وه که ده‌مگه‌یه‌نێته ئوتێله‌که‌م.
شاری ریگای پایته‌ختی لێتلاند داده‌نرێت به گه‌وره‌ترین وڵاتانی باڵتیک و له ناوه‌ڕاستی شاره‌که‌دا، شارێکی دێرین وه‌ک شانه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م شاره، له سه‌رده‌مه دێرینه‌کانی چاخی ناوه‌ڕاسته‌وه، به شێوه ئۆرگیناڵییه‌که‌ی خۆی ماوه‌ته‌وه1.
شاره‌که بریتییه له کۆمه‌ڵێک کڵێسا‌ی کۆن، خانووبه‌ره‌ی سه‌رده‌مه جیاوازه‌کان، پردی بچو‌ک که هه‌ندێ له گه‌ڕه‌که‌کانی ئه‌م شاره پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ریگا و ئه‌م شاره دێرینه‌ی ناوجه‌رگه‌ی شار ته‌نها له ڕووی خانووبه‌ره و کۆڵانه باریک و ته‌سکه‌کانییه‌وه، سیما و بنه‌ماکانی چاخه‌کانی ناوه‌ڕاستی نه‌پاراستووه، به‌ڵکو ئه‌و ئه‌تمۆسفێره گه‌رم و ئاهه‌نگئامێز و پشێوییه‌ی سه‌رده‌مه دێرینه‌کانی پێوه دیاره، له هه‌مانکاتدا بووه‌ته شارێکی مۆدێرن، به‌شێک له ئه‌وروپای یه‌کگرتوو و کۆسمۆپۆلیتیک2.
به یه‌کێک له کۆڵانه‌کاندا ده‌ڕۆم، له دووره‌وه گوێم له ناڵی ئه‌سپه که به‌سه‌ر رێگه به‌ردینه‌که‌دا، به‌پێی ریتمێکی سه‌ربازی ده‌ڕوات، گوێ راده‌گرم و چاوم ده‌نووقێنم، وا ده‌زانم گه‌ڕاومه‌ته‌وه چاخه‌کانی ناوه‌ڕاست. که له سه‌ری یه‌کێک له کۆڵانه‌کانه‌وه ده‌چمه ده‌ره‌وه، ده‌که‌ومه نێو هاتوهاواری ئه‌و خه‌ڵکه زۆره‌ی که له گۆڕه‌پانه‌که‌ی به‌رده‌م یه‌کێک له کڵێسا کۆنه‌کاندا دێن و ده‌چن. هه‌ر له‌م گۆڕه‌پانه‌دا هونه‌رمه‌ندی گه‌ڕۆک، سێرکه‌وان، گۆرانیبێژ و مۆسیقاری سه‌رشه‌قامه‌کان چه‌ندین نه‌مایشیان خوڵقاندووه و خه‌ڵکیان له ده‌وری خۆیان کۆکردۆته‌وه3.
له‌م ناوچه دێرینه‌ی شاری ریگادا چه‌ندین کڵێسا‌ی گه‌وره، به تاوه‌ری به‌رز و رازاوه‌وه به‌رزبوونه‌ته‌وه، له هه‌موو کۆڵان و ناوچه و گۆڕه‌پانێکدا کڵێسایه‌ک هه‌یه و مێژووی دروستکردنی هه‌ندێکیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سیازده‌یه‌م و نوێترینیان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا دروستکراوه و ئه‌مه‌ش به ڕوونی قۆناخه‌کانی هونه‌ری خانووبه‌ره‌مان بۆ ده‌ستنیشان ده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌م کڵێسایانه هێماگه‌لی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م شوێنانه‌ن وه‌ک ناوه‌ندێکی گه‌وره‌ی ئایینی و سیاسی، دووپاتی ئه‌وه‌ش ده‌کاته‌وه که پیاوه ئاینییه‌کان له‌م شوێنانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها سیاسی/ ئاینیی خۆیان پیاده‌کردووه.
ریگا هه‌ر به کڵێسا دێرینه‌کانی به‌ناوبانگ نییه، به‌ڵکو ئه‌م شاره یه‌کێکه له‌و شاره ده‌گمه‌نانه‌ی که چه‌ندین خانووبه‌ره و کۆشکی دێرینی سه‌رده‌م و سه‌ده جیاوازه‌کانی تیایه و بوونه‌ته سیمایه‌کی شارستانی و ئاوه‌دانی4.
به‌ناو حه‌شاماته‌که‌دا ده‌ڕۆم، ده‌چمه کۆڵانه‌که‌ی ئه‌وسه‌ره‌وه و به‌ره‌و خوار ده‌بمه‌وه، له‌پڕ له سه‌ری ئه‌وسه‌ری کۆڵانه‌که‌وه دێمه ده‌ره‌وه بۆ ناو گۆڕه‌پانێکی بچوکتر و خۆم له‌به‌رده‌م خانووبه‌ره‌یه‌کی ئێجگار جوان‌دا ده‌بینمه‌وه، ئه‌م کۆشکه که له‌لای راسته‌وه به ڕووی ده‌ریا گه‌وره‌که‌ی ئه‌م شاره‌دا به‌رزبۆته‌وه، به ماڵی سه‌ر ڕه‌شه‌کان ناوزه‌د کراوه و له ساڵی 1334 دا رۆنراوه. ئه‌م شوێنه بۆ به‌زم و که‌یفی بازرگانه ئه‌ڵمانه‌کان ته‌رخانکراوه و ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی له‌م کۆشکه‌دا گێڕدراوه، شێوه‌یه‌کی ره‌مه‌کی و کێوی له‌خۆ گرتووه و هه‌موو جۆره به‌ربه‌سته ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌سایه‌تییه‌کانی بڕیوه و شه‌و و رۆژ له‌نێو قاقای پێکه‌نین، باده‌نۆشی، سه‌ما، جووت بوون و رشانه‌وه‌دا بزربوون5.
ده‌چمه ئه‌و هۆڵه گه‌وره‌یه‌وه که سه‌رده‌مانێک شانۆی ئاهه‌نگه کێوییه‌کان بووه، هه‌ر له‌م هۆڵه‌دا پێشوازی له میوانه‌کان: سه‌رکرده سه‌ربازییه‌کان، سیاسه‌تمه‌داران، بازرگان و هونه‌رمه‌ندان کراوه، ریشارد ڤاگنه‌ر و فرانس لیزیت چه‌ندین جار سه‌ردانی ئه‌م خانووبه‌ره‌یه‌یان کردووه و له‌م هۆڵه‌دا کاره هونه‌رییه‌کانیان پێشکه‌ش کردووه.
له‌ژێرزه‌مینه تاریک و شێداره‌که‌ی ئه‌م کۆشکه‌دا، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌ده دێرینه‌کانی مێژوویان به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه و به شێوه‌یه‌کی مینیاتری دروستکردووه. که به پێپلیکانه‌که‌دا ده‌ڕۆمه خواره‌وه وا هه‌ست ده‌که‌م هه‌موو خانووبه‌ره‌که هه‌ناسه ده‌دات، هه‌ست ده‌که‌م هه‌ناسه‌م ته‌نگ ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگگێڕه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه دێرینانه‌دا هه‌ناسه ئه‌ده‌م، هه‌ناسه بۆ ئه‌وان ئه‌ده‌م و ئه‌وانیش له تاریکییه‌که‌وه، له‌نێو په‌نا و په‌سار و له ژێرزه‌مینه‌که‌وه، له‌و شوێنانه‌ی که نابینرێن، چاوه زه‌قه سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانیان تێبڕیوم، ده‌میان نوقاوه و به بێده‌نگیی هاوار ده‌که‌ن.
دیواره‌کان ده‌له‌قێن، ئه‌رزه‌که جیڕه جیڕی دێت و مرۆڤی پیر و په‌ککه‌وته به ددانی رزیو و پیسه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌فی لالغاوه و مه‌رگی سه‌ر روخساریان نه‌سڕیبێت ده‌رده‌که‌ون. بۆنی گڵ و شێداری و که‌ڕو ده‌مباته‌وه بۆ سه‌رده‌مانێکی دێرین، بۆ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ ئه‌و رۆژه‌ی لێره‌وه، له ریگاوه به ترس و دڵێکی پڕ له هیواوه ده‌رباز بووم.
به شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ده‌ڕۆم و دوای به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه، ده‌گه‌مه‌وه لای پێپلیکانه‌کان، به خێرایی و به‌رله‌وه‌ی هه‌وا شێداره‌که، بۆنی بارووت و دیمه‌نی که‌فی لاده‌می مردووه‌کان هه‌ناسه‌م لێ ببڕن، سه‌رده‌که‌ومه سه‌ره‌وه.
تیشکی رۆژه‌که‌ی ده‌ره‌وه له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه هاتۆته ژووره‌وه و فیگوری جیاوازیان له‌سه‌ر دیوار و ئه‌رزه‌که دروستکردووه و که‌شێکی ئارام و ژوورێکی گه‌رم و بێده‌نگ باوه‌شم بۆ ده‌کاته‌وه.
• سه‌رله‌نوێ ئانا کارێنینا
– نه‌مایشێکی نو‌ێی ئانا کارێنینا له ریگا
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا رۆمانه کلاسیکییه به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری رووسی تۆڵستۆی (ئانا کارێنینا) که له ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا نووسراوه، به شێوازێکی مۆدێرن و له دیدێکی دراماتۆرگی تۆکمه‌دا به شانۆکراوه و له‌سه‌ر زوربه‌ی شانۆ گرنگه‌کانی ئه‌وروپا به به‌رده‌وامی نه‌مایش ده‌کرێت. له ستۆکهۆڵم، له به‌رلین، له مۆسکۆ و ئێستاش له‌سه‌ر شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی ریگا6.
ئانا کارێنینا چیرۆکێکی خۆشه‌ویستی، په‌یمان، په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری، خیانه‌ت، بێوه‌فایی، ئیره‌یی، دڵپیسیی، مه‌رگ، کۆمه‌ڵگه و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌رستۆکراتی ده‌خاته نێو کێشه‌یه‌کی ئاکاری و که‌سایه‌تییه‌کان رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردن، یاخیبوون، چاره‌نووس و ئاکامه‌کانیان ده‌کاته‌وه.
ئانا کارێنینا ژنێکی شۆخه، بڕوایه‌کی پته‌وی به که‌سایه‌تی خۆی هه‌یه، به سه‌ربه‌ستی له پانتاییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌جوڵێته‌وه و پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی گرنگی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌ست به بێزاری و ناخۆشی ژیانی هاوسه‌رگیری خۆی و تاکڕه‌وی مێرده‌که‌ی (ئه‌لێکسی کارێنینا) ده‌کات، به‌ڵام هه‌ست به به‌ختیارییه‌کی درۆزنانه ده‌کات و قاییله به‌و ژیانه‌ی خۆی.
ئانا کارێنینا له یه‌کێک له ئاهه‌نگی سه‌ما کردنه‌کانیاندا له‌گه‌ڵ (ئه‌لێکسی فرۆنسکی) که ئه‌فسه‌رێکی پله‌به‌رز و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته، سه‌ما ده‌کات، ئه‌و سه‌مایه ده‌بێته ده‌سپێکی خۆشه‌ویستی و ته‌نگژه‌یه‌کی ده‌روونی و گێژاوێکی ئاکاری. ئانا کارێنینا له تاریکییه‌کانی هه‌ست و سۆزدا بزر ده‌بێ و هه‌موو رۆمانه‌که‌ش، وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی ئه‌و عه‌شقه به مه‌رگی ئانا کارێنینا کۆتایی پێدێت.
ئانا کارێنینا ده‌که‌وێته ناو عه‌شقێکی گه‌وره‌وه، هه‌موو ژیانی خێزانی و منداڵه‌که‌ی و به‌ختیاریی و پله‌وپایه‌ی خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی وه‌لا ده‌نێت و بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستییه ده‌ژی، ئانا کارێنینا له فرۆنسکی- دا ئه‌و ژیانه رۆمانسییه ده‌بینێت که خه‌ونیان پێوه ده‌بینێت. ئانا کارێنینا له گه‌ڕان به‌دوای به ختیاریی و عه‌شقێکی ره‌هادا ناچار ده‌بێت له نێوان خۆشه‌ویستی و جگه‌رگۆشه‌که‌یدا فرۆنسکی هه‌ڵبژێرێت، به‌مه‌ش نه‌ک ته‌نها دڵیشی و رۆحیشی له‌ده‌ست ئه‌دات، به‌ڵکو به ده‌ستبه‌رداربوونی مێرده‌که‌ی و جگه‌رگۆشه‌که‌ی هیچ به‌ختیارییه‌ک، هیچ عه‌شقێکی ره‌هاش له‌گه‌ڵ فرۆنسکیدا نادۆزێته‌وه.
تۆڵستۆی رۆمانه‌که‌ی به‌م وته‌یه پێشکه‌ش ده‌کات ( هه‌موو خێزانه به‌ختیاره‌کان له‌یه‌ک ئه‌چن، به‌ڵام خێزانه به‌دبه‌خت و چاره‌ڕه‌شه‌کان هه‌ریه‌که به شێوه‌یه‌ک به‌دبه‌خت و چاره‌ڕه‌شن.7)
تۆڵستۆی به چوار ساڵ رۆمانی “ئانا کارێنینا”ی نووسیوه، جاری وا هه‌بووه به چه‌ندین مانگ نه‌چووه‌ته‌وه سه‌ری و هه‌ر بیری لێکردۆته‌وه، له‌یه‌کێک له یاداشته‌کانیدا نووسیویه‌تی (سه‌ر له نوێ خه‌ریکی نووسینی ئانا کارێنینام، که بێزارکار و دوورودرێژ و رۆژانه‌یه، له خوا ده‌پاڕێمه‌وه هێز و ووزه‌م پێ ببه‌خشێت تا به زووترین کات بتوانم ته‌واوی بکه‌م . . . خۆزگه که‌سێکی تر له بری من هه‌بووایه تا ئانا کارێنینای بنووسیایه)
گه‌ر ئانا کارێنینا له‌سه‌ر شانۆی مه‌کسیم گۆرکی له به‌رلین چه‌مکێکی ئه‌زموونکاری و ئه‌ڤانگاری له‌خۆگرتبێت، ئه‌وه له مۆسکۆ ده‌بێته ریالیزم و وێنه‌یه‌کی ده‌قاوده‌قی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مان بۆ به‌رجه‌سته ده‌کات، له ئۆپسالای سوێد زیاتر ده‌بێته شێوازێکی تجریدی و فۆرمێکی ساکار په‌یوه‌ندییه ئه‌ڤیندارییه به‌هێزه‌که‌ی ئانا کارێنینا و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه ئاڵۆزه‌کان و کۆمه‌ڵگا ئه‌رستۆکراتییه‌کان به ساکاریی، به‌ڵام به تێگه‌یشتنێکی قووڵه‌وه به‌رجه‌سته ده‌کات.
ریژیسۆری لێتلاندی میخایل گرۆزدۆن له‌سه‌ر شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی لێتلاند پارسه‌نگێکی هونه‌ری له‌نێوان چه‌ندین شێوازدا ده‌دۆزێته‌وه و زیاتر دیقه‌ت ده‌خاته سه‌ر هونه‌ری نواندن و داماڵینی توێژاڵه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان، به‌م شێوه‌یه‌ش شانه گرنگ و سه‌ره‌کییه‌که‌ی رۆمانه‌که، له زه‌مه‌نێکی تر و به شێوازێکی مۆدێرن ئه‌دۆزێته‌وه. ئه‌م ریژیسۆره دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که چۆن شانۆ ده‌توانێت گوێ له کتێبێک بگرێت و ژیانێکی تازه‌ی پێببه‌خشێت8.
• نه‌مایشه‌که
سێ ده‌رگا به ته‌نیشت یه‌کتره‌وه، له قووڵاییه به‌تاڵه‌که‌ی شانۆکه‌دا و به‌رامبه‌ر به بینه‌ران دانراوه، کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان له ده‌رگاکانی لای راست و چه‌په‌وه دێنه ده‌ره‌وه، ده‌چنه ژووره‌وه و هه‌ندێک جار کاره‌کته‌ره‌کانی تر له پشته‌وه، له داڵانه تاریکه‌کانه‌وه ده‌بینرێن، به خێرایی ده‌ڕۆن و هه‌ر به خێراییش له‌چاو ون ده‌بن، جاری واش هه‌یه کاره‌کته‌ره‌کان به‌ر له هاتنه ژووره‌وه‌یان، له ده‌رگاکانه‌وه ده‌رده‌که‌ون و وه‌ک چاودێر‌ێک سه‌یری رووداوه‌کان ده‌که‌ن.
گۆڕانکاری دیمه‌نه‌کان خێرایه، له‌چاوتروکانێکدا شانۆکه ده‌بێته هۆڵی کۆشکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئه‌رستۆکراتی و له هه‌موو ده‌رگاکانه‌وه، که‌سایه‌تییه‌کان دێنه سه‌ر شانۆ، تێکه‌ڵاوی یه‌کتر ده‌بن، سه‌مایه‌کی ته‌قلیدی، به‌ڵام به شێوازێکی نوێ ده‌که‌ن و ده‌روازه‌یه‌کی مۆدێرن بۆ رووداوه‌کان ده‌که‌نه‌وه و ئاهه‌نگێکی سه‌ما و ریتمئاسا په‌یوه‌ندییه‌کانی ئانا کارێنینا له جووڵه‌یه‌کی بازنه‌ییه‌وه به کاره‌کته‌ره‌کانی تر و به رووداوه‌کانیشه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
هه‌ر له‌م ئاهه‌نگه‌دا و به جوڵه‌یه‌کی تری تیژ، ئانا کارێنینا ئاراسته‌کانی سه‌ماکه ده‌بڕێت و له بارودۆخێکی ناراسته‌وخۆدا، ده‌سپێکی په‌یوه‌ندییه‌کانی، هه‌ڵوێسته جیاوازه‌که‌ی و رووکاره پێچه‌وانه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کات.
ریژیسۆری شانۆنامه‌که کاره‌کته‌ره سه‌ربازه‌کان، به کورسی وه‌ک هیماگه‌لی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی، له دیدی چه‌ند جوڵانه‌وه‌یه‌کی دیسپلین ئاسا و خێراوه به‌کارده‌هێنێت: بۆ نموونه ده‌بنه ده‌روازه‌ی هه‌ندێک له رووداوه‌کانی دوای خۆیان، هه‌ر ئه‌و کورسییانه دواتر ده‌بنه وێنه‌ی شانۆیی و به چه‌ندین فۆرم و شێوازی هێماگه‌لی جیاواز، گوزارشت له پێگه‌ی ئانا کارێنینا و ئه‌لێکسی فرۆنسکی ده‌که‌ن. کورسییه‌کان ده‌بنه گه‌مه‌یه‌کی ئێستاتیکی و له‌هه‌مانکاتدا ئامرازێکی گوزارشتئامێز و هێماگه‌لێکی به‌رده‌وام و ریژیسۆر ده‌یانکاته هێڵێکی کاریگه‌ر و له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی به شێوازی جیاواز ده‌بینرێن و دیمه‌ن و رووداوه‌کان به یه‌که‌وه ده‌به‌ستنه‌وه.
نه‌مایشه‌که به دیمه‌نێکی ئێستاتیکی و تابلۆیه‌کی شانۆیی به‌رجه‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌که‌ی نێوان ئانا کارێنینا و ئه‌لێکسی فرۆنسکی ده‌کات: ئانا کارێنینا له‌سه‌ر کورسییه‌ک قاچی درێژ کردووه بۆ فرۆنسکی که له‌سه‌ر چۆک له‌به‌رده‌میدا دانیشتووه، فرۆنسکی هێدی هێدی به جوڵانه‌وه‌یه‌کی سه‌مائاسا قه‌یتانی پووته درێژه‌که‌ی ئانا کارێنینا ده‌کاته‌وه، ئانا کارێنینا له‌گه‌ڵ راکێشانی گرێی هه‌ر قه‌یتانێکدا، چێژی جووت بوون و چوونه ناوه‌وه‌ی یه‌کترمان بۆ ده‌خوڵقێنێ. دیمه‌نه‌که ده‌گاته ترۆپک که ئانا کارێنینا دوای دا‌که‌ندنی پووته‌کانی به ته‌نها و به جه‌سته‌کی پڕ له حه‌ز و شه‌هوه‌ت و مووچڕکه‌ی جووت بوون و ئۆرگازمه‌وه به‌ره‌و ده‌رگاکه‌ی ناوه‌ڕاست، به کۆمه‌ڵێ جووڵه‌ی تێکشکاوه‌وه ده‌ڕوات.
له دیمه‌نێکی راسته‌وخۆدا و له چاره‌سه‌رێکی دراماتۆرگییانه‌ی شیکاریدا، ریژیسۆر پێنج له که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کان، بۆ نموونه ئانا کارێنینا، ئه‌لێکسی کارێنینا (مێرده‌که‌ی)، ئه‌لێکسی فرۆنسکی …. به‌رامبه‌ر به بینه‌ران و له پێشه‌وه‌ی به‌رده‌می شانۆکه‌دا به‌ڕیز داده‌نێت، ئه‌م کاره‌کته‌رانه دیدی خۆیان له نێو رووداوه‌کانه‌وه بۆ بینه‌ران ده‌گێڕنه‌وه، دیمه‌نه‌که‌ش به چۆڵکردنی شوێنه‌که بۆ ئانا کارێنینا و ئه‌لێکسی فرۆنسکی کۆتایی دێت. بۆ چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه گه‌وره‌یه له‌سه‌ر شانۆ و گۆڕینی دیمه‌نه‌کان، رووداو و شوێنه‌کان، فۆندێکی ره‌ش به بارستایی پانتایی شانۆکه دێته خواره‌وه و پشته‌وه و قووڵایی شانۆکه له به‌شی پێشه‌وه داده‌بڕێت. به‌م ته‌کنیکه ساکاره ئاراسته‌ی رووداوه‌کان ده‌گۆڕێت و پاڵێکی خێراش به ته‌مه‌نی کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه ده‌نێت و بازنه‌ی قووڵبوونه‌وه و به‌ره‌وپێشه‌وه چوونه‌کانیش فراوانتر ده‌کات.
یه‌کێک له دیمه‌نه جوانه‌کانی تر ئه‌وه‌یه که ئانا کارێنینای ماندووی عه‌شق و خۆشه‌ویستی، ئانا کارێنینای ته‌نها و تێکشکاو له‌ناو کۆمه‌ڵێ سه‌رینی گه‌وره‌ی سپی‌دا که‌وتووه، هه‌ندێک جار ته‌نها سه‌ری، هه‌ندێک جار نیوه‌ی جه‌سته‌ی، یان ده‌ستێکی به‌ده‌ره‌وه‌یه و دیمه‌نه‌که له‌وه ده‌چێت، ئانا کارێنینا به به‌رزاییه‌وه، له ئاسمانه‌وه و له‌سه‌ر فه‌رشی هه‌وره‌کاندا، وه‌ک فریشته‌یه‌کی نه‌خۆش راکشابێت و له‌وێوه بڕوانێته ئه‌و کۆمه‌ڵگا نایه‌کسان و بێ به‌زه‌ییه‌ی که ئه‌و‌ی تێدا ده‌ژی.
ریژیسۆری شانۆنامه‌که و به‌پێی چه‌مکه‌کانی هونه‌ری گێڕانه‌وه و له چه‌ندین دیمه‌ن و شوێندا، کاره‌کته‌رێک له کاره‌کته‌ره‌کان جیاده‌کاته‌وه، دایانده‌بڕێت و بۆ ساتێک ده‌یانکاته حیکایه‌تخوان و هێڵه جیاوازه‌کانی رۆمانه‌که، له سۆنگه‌یه‌کی دراماتیکیدا کورت ده‌کاته‌وه.
ئانا کارێنینا له سه‌ره‌تاکانی دیمه‌نی یه‌که‌مدا جلی ره‌شی له‌به‌ردایه، له ناوه‌ڕاستی شانۆکه‌وه، که وه‌ک عاشقێکی بێ په‌روا و تینوو ده‌رده‌که‌وێت، جلی سپی له‌به‌ر ده‌کات و له دیمه‌نی به‌ره‌و کۆتاییشدا سه‌راپای جله‌کانی ده‌بێته سوورێکی زه‌ق و له دوا دیمه‌نیشدا، که هه‌موو شتێک له‌ده‌ست ئه‌دات و کۆتایی به سه‌فه‌ری عه‌شقه‌که‌ی دێت، وه‌ک دیمه‌نی یه‌که‌م ده‌چێته‌وه ناو جلوبه‌رگه ره‌شه‌که‌یه‌وه.
ریژیسۆری شانۆنامه‌که که هه‌ر خۆیشی تێکسته‌که‌ی له رۆمانه‌که‌وه ئاماده‌کردووه، دیمه‌نه‌کانی سه‌ره‌تا و کۆتایی له ده‌روازه‌ی هۆڵه گه‌وره‌کانی ماڵی ئه‌رستۆکراته‌کانه‌وه، له‌گه‌ڵ ریتمی سه‌ما و مۆسیقا و کات به‌سه‌ر بردنه‌کاندا، له دیدی کاره‌کته‌ره‌کان و بارودۆخی دو‌ێنێ و ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ی رووداوه‌کاندا، به یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
له دوا دیمه‌نه‌کانی نه‌مایشه‌که‌دا ریژیسۆر، ئانا کارێنینا به ته‌نها له پێشه‌وه‌ی شانۆکه داده‌نێت و به‌هۆی دیوارێکی شورائاسای ره‌شه‌وه له تێکڕای ژووره ئه‌رستۆکراتییه‌کان، له جیهانی ئاهه‌نگ و سه‌ماکانی داده‌بڕێت، له‌ودیو دیواره‌که‌وه سه‌ما به‌رده‌وامه و ژیان رێچکه‌ی ئاسایی خۆی وه‌رگرتووه، له‌مدیویشه‌وه ئانا کارێنینا وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و جیهانه تووڕدرابێته ده‌ره‌وه، به ته‌نها دانیشتووه، له‌م دیمه‌نه‌دا له پشت شوراکه‌وه ته‌نها قاچی سه‌ماکه‌ره‌کان ده‌بینین و گوێمان له ته‌په‌ی پێ و قاقای پێکه‌نینیانه.
دوا چرکه‌ساته‌کانی نه‌مایشه‌که و سه‌فه‌ره‌که‌ی ئانا کارێنینا به ته‌نها و له ویستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رێکدا کۆتایی پێدێت، ئانا کارێنینا هه‌موو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان، ته‌نانه‌ت شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژیانیش به‌جێیانهێشتووه، له ویستگه‌یه‌کی چۆڵ و به ته‌نها له‌سه‌ر کورسییه‌کی ره‌قوته‌ق، له ساته‌کانی مه‌رگدا له‌چاو ون ده‌بێت. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌نها کورسییه‌ک و ویستگه‌یه‌کی سارد و چۆڵه.
له‌گه‌ڵ چه‌پڵه‌ڕێزانی بینه‌ران و چوونه ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که، ده‌چمه ده‌ره‌وه، له‌ناو حه‌شاماته‌که‌دا بزر ده‌بم. به راسته‌رێگاکه‌دا ده‌ڕۆم و له‌ژێڕ ڕووناکیی گڵۆپی سه‌رشه‌قامه‌کاندا سه‌یری ئه‌و هه‌موو کچه لێتلاندییه ده‌که‌م و چه‌ندین ئانا کارێنینا ده‌بینم، چپه‌دوو قسه ده‌که‌ن و به چاوێکی پڕ له میهره‌بانییه‌وه پێده‌که‌نن و ده‌قریوێنن.
به‌ر له بیست ساڵ، وه‌ک په‌ناهه‌نده‌یه‌کی ته‌نها له ریگا بووم، به ترس و دوودڵییه‌وه هه‌نگاوه‌کانم ده‌نا، ته‌نها شوێنێکیش که ئێستا له یادم مابێت و ئه‌وسا بینیبم، گۆڕه‌پانی ئازادییه.
ئێستا وه‌ک ئه‌وسا به ته‌نها به‌رامبه‌ر په‌یکه‌ری ئازادی راوه‌ستاوم، هه‌ست به بێده‌نگیی و ته‌نهاییه‌کی ره‌ها، ته‌نهاییه‌کی بێده‌نگ و کوشنده ده‌که‌م. به‌ڵام له ته‌نهایی ناترسم. هه‌ست ناکه‌م ته‌نهام، به‌ڵکو هه‌ستێکی به‌هێزی ده‌روونیم بۆ ته‌نهایی هه‌یه: ترس و گومان له ته‌نهایی، تاسه و تامه‌زرۆیی بۆ بوونی ته‌نهایی، تووڕه‌بوون له ته‌نهایی، خۆشه‌ویستی بۆ ته‌نهایی، ره‌هه‌ندی ته‌نهایی و ته‌نهایی له‌گه‌ڵ خودی ته‌نهاییدا. زۆر جار به په‌رۆشه‌وه‌م بۆ ساته‌کانی ته‌نهایی و خۆم له سندوقێکی ته‌نهادا توند ده‌که‌م، دیوارێک له ته‌نهایی درو‌ست ده‌که‌م که که‌س نه‌توانێت پیایدا سه‌رکه‌وێت.
• مۆنۆمێنتێک بۆ ئازادی/ گۆڕه‌پانێک بۆ سه‌ربه‌ستی
گه‌لی لێتلاند مێژوویه‌کی خوێناوی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و شۆڕشی یه‌ک له‌دوای یه‌کی هه‌یه و ئه‌م سه‌ربه‌ستییه‌ی ئه‌مڕۆیان، ته‌قه‌لای به‌رهه‌ڵستی و جه‌نگێکی درێژه. ئه‌م گه‌له به‌هایه‌کی گه‌ور‌ه‌یان بۆ ئازادیی، بۆ سه‌ربه‌خۆیی و بۆ هێماگه‌له پیرۆزه‌کانی خۆیان هه‌یه و هه‌موو ته‌قه‌لایه‌ک مێژوویه‌که، هه‌موو به‌ردێک هێماگه‌لێکه، هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌ک پێداگرتنه بۆ سه‌ربه‌ستی و هه‌موو شه‌ڕێک سووربوونه له‌سه‌رگه‌ییشتن به مافه‌کانیان.9
گۆڕه‌پانی ئازادیی یه‌کێکه له‌م هێما پیرۆزانه‌ی ئه‌م وڵاته و له هه‌موو کاتێکدا، شه‌و و رۆژ خه‌ڵکی چه‌پکه گوڵی وه‌فا و سه‌ربه‌رزی له‌م گۆڕه‌پانه‌دا و له‌به‌رده‌م په‌یکه‌ری ئازادییدا داده‌نێن.
ئه‌م په‌رستگایه‌ی گۆڕه‌پانی ئازادی 42 مه‌تر به‌رزه و ئه‌وپه‌یکه‌ری ئافره‌ته‌ی که به شێوه‌یه‌کی ئه‌فسوونی به‌سه‌ر تاوه‌ره‌که‌ی ئه‌م مینیمیۆنته‌وه به‌رزبۆته‌وه، تاجه‌گوڵینکه‌یه‌کی به‌ره‌و ناکۆتا و پانتاییه نادیاره‌کانی ئاسمان به‌رزکردۆته‌وه، ئافره‌ته‌که‌ش به میهره‌بان، مرۆدۆست و سیمبوڵی ئازادی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت10. ئه‌م په‌یکه‌ره له ساڵی 1935 دا دروستکراوه و هێنده به پێناسه و مێژوو و ترادیشونی ئه‌م گه‌له‌دا رۆچۆته خواره‌وه، بووه‌ته شتێک له سه‌روو هه‌موو شته‌کانی تره‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی توندوتیژی داگیرکه‌ری سۆڤیه‌تیش نه‌یوێراوه لایبه‌رێت11.
پشت ده‌که‌مه ئافره‌ته میهره‌بانه‌که‌ی ریگا و به به‌رده‌می پاسه‌وانه‌کاندا ده‌ڕۆم، هه‌نگاوه‌کانم به‌سه‌ر شه‌قامه به‌ردینه‌که‌دا ده‌نگ ئه‌داته‌وه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی به هۆڵێکی چۆڵ و هۆڵدا بڕۆم. له به‌ری ئه‌وبه‌ره‌وه قووچکه‌ی تاوه‌رێک ده‌بینم که به پێوه وه‌ستاوه و زیاتر له سینۆگرافیای شانۆییه‌کی به‌رده‌وام ده‌چێت که ئه‌کته‌ره‌کانی بۆ هه‌تایه به‌جێیان هێشتبێت.
• تاوه‌ری بارووت
که ده‌گه‌مه به‌ر تاوه‌ره‌که و ده‌چمه ژووره‌وه بۆم ده‌رده‌که‌وێت یه‌کێکه له گرنگترین و کۆنترین مۆزه‌خانه‌کانی ریگا و به مۆزه‌خانه‌ی شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی لێتلاند ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت12.
ئه‌مه ته‌نها تاوه‌رێکه له کۆی ئه‌و هه‌ژده تاوه‌ره‌ی که له سه‌ده‌ی دوازده‌دا بۆ به‌رگریکردن له شاره‌که دروستیان کردووه، هه‌روه‌ها له‌م تاوه‌رانه‌دا بارووتیان درو‌ست کردووه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که به تاوه‌ری بارووت ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت13.
له دوای سه‌ربه‌خۆیی لێتلاند، ئه‌م تاوه‌ره کراوه به مۆزه‌خانه‌ی شه‌ڕ یان شۆڕش و به‌رجه‌سته‌ی مێژووه دوور و درێژه خوێناوییه‌که‌ی ئه‌م وڵاته ده‌کات. تاوه‌ره‌که له ناوه‌وه چه‌ندین نهۆمه، نهۆم له‌دوای نهۆم به شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه به‌رزده‌بێته‌وه و ساڵ له‌دوای ساڵ لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی ئه‌م وڵاته هه‌ڵئه‌داته‌وه. له یه‌که‌م نهۆم جه‌نگی یه‌که‌می جیهانییه و له دوا نهۆمیش وێنه‌یه‌کی پرشنگداری سوپای ئه‌مڕۆی ئه‌م وڵاته‌یه که به‌شێکه له سوپای ناتۆ و ئه‌وروپای یه‌کگرتوو و له شوێنه جیاوازه‌کانی دنیا، بۆ نموونه له ئه‌فغانستان و عێراق ئاماده‌ییان هه‌یه14.
له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا ئه‌و چه‌کانه‌ی به درێژایی مێژوو له شه‌ڕه‌کاندا به‌کارهاتووه، جلوبه‌رگی سه‌ربازی، جۆره‌کانی په‌یوه‌ندیی و لاسلکی، ئه‌فیش و وێنه‌ی پروپاگه‌نده، ئامرازه‌کانی به‌رگری و فریاگوزاری، وێنه، دۆکیومێنت، نامه، به‌ڵگه‌نامه، نه‌خشه، پێشانگا، جۆری خواردن و که‌لوپه‌له‌کانیان، جۆره‌کانی به‌ندیخانه و ئه‌شکه‌نجه، ره‌و و راکردن و فیلمی دۆکیۆمێنتی که له راڕه‌و و ژووره‌کاندا به به‌رده‌وامی پیشان ده‌درێت … هتد دانراوه15.
له مۆزه‌خانه‌ی شه‌ڕ دێمه ده‌ره‌وه، هه‌ستێکی قووڵی شه‌ڕ گه‌مارۆی ئه‌و ته‌نهاییه چڕه‌ی داوه که له ناوه‌وه‌مدا ده‌سوڕێته‌وه، به کۆڵانه باریکه‌که‌ی به‌رده‌می تاوه‌ره‌که‌دا ده‌ڕۆم، به‌لای پارله‌ماندا ره‌ت ده‌بم و ده‌چمه ئه‌و باخه سه‌وزه‌ی به لێواری که‌ناڵه بچوکه‌که‌ی ناوه‌ڕاستی شاردا ده‌ڕوات، خۆی هه‌ڵواسیوه. له‌م باخچه‌یه‌دا پێنج به‌رد به دیزاینێکی جوان بۆ یادی ئه‌و پێنج که‌سه‌ی که له سه‌ره‌تای پشێوییه سیاسییه‌کاندا و له ده‌سپێکی بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆییدا له 20 ی مانگی یه‌کی ساڵی 1991 دا له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سۆڤێته‌وه ده‌کوژرێن، دانراوه16.
له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ به‌رامبه‌ر به‌م به‌ردانه داده‌نیشم، به قووڵی لێیان ورد ده‌بمه‌وه، مێژوویه‌کی پڕ له خوێن، داگیرکردن و شه‌ڕیان تێدا ده‌بینم، له هه‌مانکاتدا هیوایه‌کی گه‌وره له چرکه‌ساتێکدا بووه‌ته به‌رد، وه‌ستاوه و بۆ هه‌تاهه‌تایه له زه‌مه‌نی ئازادی و قوربانی و ئاینده‌یه‌کی تردا چه‌قی به‌ستووه.
به‌دیار لاشه‌که‌ی
خۆمه‌وه
له ژوورێکی به‌ردیندا
وه‌ستاوم
من له‌وێ به سیمایه‌کی
به‌ردینه‌وه
مردم17.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ به‌ر خانووبه‌ره‌ی په‌رله‌مان، له‌ویێ په‌یکه‌ری قوربانییه‌کانی ئه‌و رۆژه چاوه‌ڕێم ده‌که‌ن. په‌یکه‌ره‌کان به ریز و به سیما به‌ردینه‌کانیانه‌وه له چاوه‌ڕوانی میوانه‌کانیاندان18. که لێیان ده‌ڕوانم، بۆ تاوێک هه‌ست ده‌که‌م له‌گه‌ڵم ده‌دوێن!
– له کوێوه هاتوویت؟
– ئێمه بووینه‌ته به‌رد، بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌تایه بژین.
– زه‌مه‌ن له له‌پی ده‌ستی مندا وه‌ستاوه.
– زه‌مه‌نی تۆ له کوێوه بۆ کوێ ده‌ڕوات.
– ده‌زانیت ئێمه ئاماده‌ی هه‌موو دانیشتنه‌کان ده‌بین.
– مه‌به‌ستی له دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مانه.
– مێژووی ئێمه مێژووی ئه‌م شاره‌یه.
– ئه‌ی مێژووی تۆ!
– مێژووی تۆ له کوێوه ده‌ست پێده‌کات؟
ماڵئاوایی له په‌یکه‌ره‌کان ده‌که‌م، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانم وه‌ڵامی ته‌نها تاکه یه‌ک پرسیاریشیان بده‌مه‌وه، ده‌چمه راڕه‌وه‌که‌وه، له ئاڵاکه‌یان ده‌ڕوانم و له ده‌رگای ئه‌و سه‌ره‌وه دێمه ده‌ره‌وه، به هه‌ستێکی خه‌مناک و به ته‌نهاییه‌کی بێده‌نگ تا هوتێله‌که‌م ناوه‌ستم19.
————————————————
په‌راوێزه‌کان
1. شاری ریگا له لیستی ئۆرگانی یۆنسکۆی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا، وه‌ک شآریکی دێرین و کو‌لتووریی جیهانیی تۆمار کراوه.
2. وڵاتانی باڵتیک: ئێستلاند، لێتلاند، لێتوان مێژوویه‌کی هاوبه‌شیان هه‌یه و خه‌ڵکی له ساڵه‌کانی دوو هه‌زاری به‌ر له له‌دایکبوونی مه‌سیحه‌وه له‌م ناوچانه‌دا جێگیر بوون. هه‌رچه‌نده ئه‌م سێ وڵاته له ساڵی 1991 دا سه‌ربه‌خۆ بوون، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌زموونه‌وه هاوبه‌ش و له یه‌کتره‌وه نزیکن، هه‌رسێکیان وه‌ک یه‌ک وڵاته‌کانیان داگیرکراوه، شاره‌کانیان خاپورکراوه، خه‌ڵکه‌که‌ی چه‌وسێنراونه‌ته‌وه و راگوێزراون. ئه‌م سێ وڵاته پێکه‌وه و وه‌ک یه‌ک بۆ سه‌ربه‌ستی و ئازادی هه‌وڵیانداوه و خه‌باتی هاوبه‌شیان کردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕ و داگیرکردنانه‌دا، توانیویانه زمان، کو‌لتوور، دابونه‌ریت و پێناسی تایبه‌تمه‌ند و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بپارێزن.
3. هه‌رچه‌نده یاده‌وه‌رییه‌کانی شه‌ڕ و داگیرکردن و کۆلۆنیکردنی ئه‌م وڵاته به هه‌موو شوێنێکییه‌وه دیاره، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌که و هه‌موو وڵاته‌که له گۆڕانکارییه‌کی به‌رده‌وامدایه و ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی که به ئازادی له دایک بووه و به سه‌ربه‌ستی گه‌وره بووه، رۆحێکی مۆدێرنی به‌م وڵاته به‌خشیوه.
4. شاری ریگا له ساڵی 1201 دا و له‌لایه‌ن قه‌شه‌یه‌کی ئه‌ڵمانییه‌وه به‌ناوی (ئه‌لبێرت) ناوێکه‌وه دروستکراوه و هه‌ر زوو ده‌بێته ناوه‌ندێکی گرنگی بازرگانی له‌نێوان وڵاتانی باڵتیک و ئه‌وروپادا.
5. هیتله‌ر ئه‌م خانووه‌ی له ساڵی 1941 دا تۆپباران کردووه، که روسیاش شاره‌که‌داگیر ده‌که‌ن، پاشماوه‌کانی ئه‌م خانووه به ته‌واوه‌تی ته‌خت ده‌که‌ن. له ساڵی 1999 دا و له یادی 800 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ریگادا، سه‌رله‌نوێ کۆپییه‌کی یه‌کاویه‌کی ئه‌م کۆشکه درو‌ست ده‌که‌نه‌وه و بۆ ئه‌م کاره‌ش هه‌موو خه‌ڵکی ریگا هاریکارییان کردووه له بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌م کۆشکه گه‌وره مێژووییه‌دا.
6. چه‌ندین شانۆی گرنگ له ریگا هه‌ن، له‌وانه شانۆی لێتلاندی نه‌ته‌وایه‌تی، نه‌مایشه‌کانیان به زمانی لێتی که زمانێکی تایبه‌تمه‌ند و سه‌ربه‌خۆیه و به هیچ شێوه‌یه‌ک له زمانی رووسییه‌وه نزیک نییه، پێشکه‌ش ده‌که‌ن. شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی رووسی که زیاتر به زمانی رووسی نه‌مایشه‌کانیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن. شانۆی نو‌ێی ریگا و چه‌ندین گروپی ئه‌زموونکار و شانۆی سه‌ربه‌ستی ده‌ره‌وه‌ی داموده‌زگا فه‌رمییه‌کان هه‌ن.
7. هه‌رچه‌نده تۆڵستۆی رۆمانی (ئانا کارێنینا) ی دوای رۆمانی (شه‌ڕ و ئاشتی) نووسیوه، به‌ڵام ئانا کارێنینای به یه‌که‌م رۆمانی خۆی ناوزه‌د کردووه: ئانا کارێنینا، کاره‌کته‌ره‌کانی، رووداوه‌کانی و هه‌موو ئه‌تمۆسفێره‌که‌ی زیندووه و له هه‌موو کات و شوێنێکدا ده‌ژی و له بزاڤێکی به‌رده‌وامدایه. ئه‌و پرسانه‌ی له‌م رۆمانه‌دا وروژاوه، تا ئێستاش چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامه‌کانیانین.
8. ئه‌م نه‌مایشه‌ی ئانا کارێنینا بۆ یه‌که‌مجار له‌سه‌ر شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی لێتلاند له 2/12/2010 دا نه‌مایشکراوه و من له گه‌شتێکی تایبه‌تمدا بۆ شاری ریگا له 11/3/2011 دا نه‌مایشه‌که‌م بینیوه.
9. ریگا له سه‌ده‌ی شازده‌دا له‌ژێڕ ده‌سه‌ڵاتی پۆڵۆنیادا ده‌بێت، پۆڵۆنییه‌کان دوای ئه‌ڵمانییه‌کان دێن و هه‌موو ناوچه‌که ده‌خه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. له ساڵی 1621 دا سوێد دوای شه‌ڕێکی درێژخایه‌ن ریگا له پۆڵۆنییه‌کان ده‌سه‌نێته‌وه و ده‌بێته کۆڵۆنی سوێد. سوێدییه‌کان به جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانی و پۆڵۆنی و رووسه‌کاندا که ئه‌م وڵاته داگیر ده‌که‌ن، قوتابخانه درو‌ست ده‌که‌ن، رێگه‌وبانه‌کان تازه ده‌که‌نه‌وه، رێگا به به‌کارهێنانی زمانه‌که‌یان ئه‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت ئیبجیلیشیان بۆ وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر زمانه‌که‌ی خۆیان. له ساڵی 1710 دا که ده‌سه‌ڵاتی سوێد له ناوچه‌که‌دا بێهێز ده‌بێت، سوپای رووسیا دێته ریگا وه‌و شاره‌که و وڵاته‌که به ته‌واوه‌تی داگیرده‌که‌ن. ساڵی 1710 ده‌بێته ده‌سپێکی دوو سه‌د ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رووسیا له ناوچه‌که‌دا. لێتلاند دوای شه‌ڕ و پێکدادانێکی زۆر و له ساڵی 1921 دا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست دێنن و له ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو جه‌نگی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانیدا سه‌ربه‌خۆ ده‌بن. له ساڵی 1940 دا سوپای یه‌کێتی سۆڤییه‌ت دێته‌وه و ریگای پایته‌ختی لێتلاند داگیر ده‌که‌ن، له ساڵی 1941 دا ئه‌ڵمانیای نازی، سوپای رووسی ده‌کاته ده‌ره‌وه و خۆیان ده‌ست به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا ده‌گرن، له ساڵی 1944 دا رووسیا سه‌رله‌نوێ ریگا داگیر ده‌کاته‌وه. مۆسکۆ به شێوه‌یه‌کی دڕندانه هه‌موو ئاساری ئه‌و بیست ساڵ سه‌ربه‌خۆییه‌ی ئه‌م وڵاته ده‌سڕێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی حکومه‌ته‌که‌یان له‌سێداره ئه‌دات، ئاڵاکانیان داده‌گرێت، سروودی نیشتمانییه‌که‌یان قه‌ده‌غه ده‌کر ێت و به ته‌واوه‌تی زمان و کولتووری ئه‌م وڵاته له زمان و کولتووری رووسیدا ده‌توێننه‌وه.
10. ئه‌و ئه‌ستێره سێ کوچکه‌ییه‌ی ئه‌م ئافره‌ته میهره‌بانه به‌سه‌ر ده‌سته‌کانییه‌وه به‌رزی کردۆته‌وه، گوزارشت له سێ ناوچه‌ی مێژوویی ئه‌م وڵاته ده‌کات. په‌یکه‌ره‌که له خواره‌وه و به‌هه‌ر چوار لادا، په‌یکه‌ر و فیگوری تری پێوه‌یه، ئه‌م په‌یکه‌ر و فیگورانه‌ش هێماگه‌لی رۆحیانه‌ت، کار، خێزان و به‌رگریکردن له نیشتمان ده‌کات.
11. ستالینییه‌کان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌یان له خه‌ڵکی ئه‌م شاره قه‌ده‌غه کردبوو که چه‌پکه گوڵ له‌سه‌ر ئه‌م مه‌زاره دابنێن. هه‌روه‌ها بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌م مینیۆمێنته، په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی (لینین) یان له‌به‌رده‌مدا دروستکردبوو.
12. ریگا مۆزه‌خانه‌ی زۆری تێدایه و هه‌موو شتێک مۆزه‌خانه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، هه‌ر بۆ نموونه: مۆزه‌خانه‌ی مێژووی ریگا، مۆزه‌خانه‌ی سه‌نگه‌ر گرتن، هونه‌ر، ئیشی ده‌ست و دیزاین، فه‌خفوری، فۆتۆگرافی، مێژووی ده‌رمان، ماتۆڕ، ئیتنۆگرافی، جوله‌که‌کانی لێتلاند، کۆلۆنیالیزم، مۆزه‌خانه‌ی لێتلاند بۆ هێزه داگیرکه‌ره‌کان، مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لێتلاند بۆ هونه‌ر، مۆزه‌خانه‌ی ئاژه‌ڵی لێتلاندی….. هتد.
13. بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی 1916 دا ئه‌م تاوه‌ره کراوه‌ته مۆزه‌خانه‌ی سوپا و به وێنه و دۆکیۆمێنت گوزارشت له ته‌قه‌لاکانی شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی و رووداوه‌کانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیی کردووه، که یه‌کێتی سۆڤییه‌ت له کاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ئه‌م وڵاته داگیر ده‌کات، ئه‌م شوێنه ده‌کاته مۆزه‌خانه‌ی شۆڕشی رووسی.
14. کۆنترین شته‌کانی ناو ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه، ئه‌و تۆپانه‌یه که له سه‌ده‌ی چوارده‌دا به‌کارهاتووه.
15. زیاتر له بیست ساڵه سه‌ربه‌خۆین، حکومه‌تی خۆمان هه‌یه و پاره رژاوه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه مۆزه‌خانه‌یه‌ک له کوردستان درو‌ست بکرێت و مێژووی چه‌وساندنه‌وه و داگیرکردنی کوردستان بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆمان بگیڕێته‌وه.
16. که‌له ساڵی 1985 دا گۆرباشۆف ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ده‌سته‌واژه‌ی (پێرێسترۆکیا) واته کرانه‌وه، ریفۆرم و گۆڕانکاری بووه دروشمی حکومه‌ته‌که‌ی. ئه‌م دروشمانه کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزو راسته‌وخۆی به‌سه‌ر وڵاتانی به‌ڵتیک- ه‌وه ده‌بێت. له‌پڕ مرۆ ده‌یتوانی به‌بێ ترس باسی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، باسی مافی چاره‌نووسی بکات و سه‌رله‌نوێ ئاڵا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان هه‌ڵبکه‌ن. له ساڵی 1990 دا ئێستلاند، لێتلاند و لێتوان به ئاشکرا باسی پلانی ئاینده‌ی خۆیان و جیابوونه‌وه‌یان له رووسیا و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌کرد. ئه‌و کوده‌تا کورته بێ ئه‌نجامه‌ی دژی گۆرباشۆف کرا، بووه هۆی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م وڵاتانه و له مانگی هه‌شتی ساڵی 1991 دا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند.
17. پارچه شیعرێکی خۆمه به سوێدی نووسیومه و له ساڵی 2006 دا له ستۆکهۆڵم بڵاوکراوه‌ته‌وه.
18. مه‌به‌ست له قوربانییه‌کانی ساڵی 1991 ه.
19. خانووبه‌ره‌ی په‌رله‌مان که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی به‌شه دێرینه‌که‌ی ریگا، له‌نێوان ساڵانی 1863 بۆ 1867 دا دروستکراوه و تا ئێستا بۆ چه‌ندین جار نۆژه‌ن کراوه‌ته‌وه. له سه‌ره‌تادا ئه‌م شوێنه بۆ کۆبوونه‌وه‌ی بازرگانه‌کانی ناوچه و هه‌رێمه‌کان به‌کارهێنراوه، له‌نێوان ساڵانی 1919 تا 1934 ده‌بێته په‌رله‌مان و له‌کاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، نازییه‌کان ده‌یکه‌ن به باره‌گای یه‌که سه‌ربازییه‌کانیان، به تایبه‌تی یه‌که‌ی هیتله‌ر که تایبه‌ت بووه به قه‌لاچۆکردنی قه‌ره‌ج و جووله‌که‌کانی ئه‌م وڵاته. که رووسه‌کانیش دێن، ده‌بێته باره‌گای سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییه‌ت له لێتلاند، له ساڵی 2001 ه‌وه، سه‌رله‌نوێ کراوه‌ته‌وه به پارله‌مانی ئه‌م وڵاته.