Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
گفتووگۆ لەگەڵ هونەرمەند تاهیرعەبدولواحید

گفتووگۆ لەگەڵ هونەرمەند تاهیرعەبدولواحید

Closed

هونەرى دۆکیۆمێنتى لەنێو واقیعى کۆمەڵایەتى ئێمەدا جێگەى گرنگیپێدان نەبووەو هونەرێکى نامۆ بووە

هونەرمەند (تاهیرعەبدولواحید ) لەدایک بوی ساڵی 1970 – شاری سلێمانیەو لەساڵی 1989وە بەبەردەوامی سەرقاڵی کاری هونەرییە لەبواری شانۆ وفیلمسازیدا.
سەرەتای کارکردنى تایەر لەبواری شانۆ و فیلمدا لەگەڵ ( تیپی نواندنی ئەزمەڕ)دا بوەو هەر لەوتیپە هونەریەدا لەزۆرینەی بەرهەمە شانۆییەکاندا بەشداربووە و ماوەى چەند ساڵێکیش سەرۆکى ئەو تیپە شانۆییە بووە و ئێستاش ئەندامى ( کۆڕى شانۆى با)یە .
ناوبراو زیاتر لە12 بەرهەمى شانۆیی هەیە وەک ئەکتەر و دەرهێنەرو بەڕێوەبردنی شانۆو بەڕێوەبەرى بەرهەم و تایبەتمەندیەکانی تر ، کاری سیناریۆو دەرهێنانیشى بۆ پێنج فیلمى  کورت و درێژ ئەنجامداوە، وەک ئەکتەریش لە دوو فیلمدا بەشداریکردووە و کارى مۆنتاژى بۆ سێ فیلم ئەنجامداوەK (خەڵاتی باشترین ڕوناکی ) لەڤیستڤاڵی کورتە فیلمی رۆشنبیری سلێمانى لەساڵى 2008 دا و لە فیلمى (نەورەس )دا بەدەستهێناوە.
ناوبراو جگە لەوەى لەرووى سیناریۆنووسین و  نواندن و دەرهێنانەوە رۆڵى گرنگى بینیوە، هاوکات شارەزاییەکى زۆریشى لەرەگەزە هونرەیەکاندا هەیە و یەکێکیشە لەو هونەرمەند و دەرهێنەرانەى، کە خاوەنى باگراوندێکى رۆشنبیرى و مەعریفییە و لەمبارەشەوە چەندین بابەتی هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری وەک نوزسین و وەرگێڕان لەرۆژنامەو سایتەکاندا  بڵاوکردۆتەوە.
تایەر عەبدولواحید لەماوەى رابردوودا کارى دەرهێنانى بۆ فیلمێکى دیکۆمێنتیارى ئەنجامدا بەناوى ( قەتران) کە کارێکى هونەرى جوان و شایستە بوو لەسەر ژیانى کولەمەرگى کرێکارانى کارگەى جگەەرى سلێمانى، ئەم فیلمە دیکۆمێنتیارییە مایەى تێڕامان و قسەکردنى رەزامەندى بینەران و دەستەبژێرى هونەرمەندان بوو، سەبارەت بەو فیلمەو هونەرى دیکۆمێنتیارى، گۆڤارى ئایندە ئەم دیدارەى لەگەڵدا ئەنجامدا.

پرسیار :  ڕووانینى تۆ چۆنە بۆ کارکردن لە فیلمى دۆکیۆمێنتیداء ئەو خەسڵەتء تایبەتمەندیانە چین کە دەبێت لەوجۆرە لە فیلمدا هەبن؟                                                             
    وەڵام: گەر بەوردی سەرنجێک بدەین لەسەرەتاکانی مێژوی سەرهەڵدانی هونەری سینەماو یەکەم وێنەی سینەمایی بەشێوەسادەکەی، ئەوا دەبینین کەئەو هونەرە بەشێوازی دۆکیۆمێنت سەریهەڵداوەو دەستیپێکردوە.ئەوکاتەی برایانی لۆمێر لەساڵی 1895دا یەکەم وێنەی جوڵاویان تۆمارکرد،کەدیمەنی هاتنەدەرەوەی کرێکارانی کارگەکەی باوکیان بو لەدەرگای کارگەکەوە. هەروەها وێنەی ئەو منداڵەی کەسێوێک دەخوات و …. هتد. ئەم وێنانەی برایانی لۆمێر بەسادەترین مانا دۆکیۆمێنتکردنی بەشێک و شێوەژیانێکە لەشوێنێکی دیاریکراودا، وێنەی ژیانی سادەو ئاسایی مرۆڤەکان بوە. لەئێستاشدا وردترین ئەوجیاکاریانەی کەفیلمی دۆکیۆمێنتی، لەشێوەکانی تری فیلم جیادەکاتەوە.ئەوەیە کە فیلمی دۆکیۆمێنتی پشت دەبەستێت بە خودی واقیع، لەدەستنیشانکردنی بابەت و جێبەجێ کردنیدا.بەو مانایەی تۆمارکردنی ڕاستەقینەی ئەوڕوداوانە بێت،کە لەنێو واقیعدا رویانداوە.یان تۆمارکردنی روداوەکانی نێو ژیانی مرۆڤەکان و ئەو شوێن و کاتانەی کەجێگەی تیڕامان و گرنگی پێدانن. بۆ بەرجەستە کردنی هەمو ئەمانەش،کەسایەتی دروستکەری ئەوجۆرە فیلمە دەبێت چەند بنەمایەکی سەرەکی هەیە لەبەرچاوی بگرێت، لەکاتی دروستکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتیدا. لەوانەش، چیرۆک و روداوی نێوفیلمەکەی حەقیقی بێت،دوور بێت لەهەر چنینێکی درامی و ئەدەبی.کەسایەتیەکانی نێوفیلمەکەی کەسانی حەقیقی بن و خۆی بەدوربگرێ لەکەسایەتی ساختەو دیمەنی ساختە.تەواوی ئەم روداوو چیرۆک و کەسایەتیە حەقیقیانەش،لەشوێنی حەقیقیدابن. کەڕوداوەکانی تێدا گوزەراوە یان دەگوزەرێ. بەڵام گەر دروستکەری فیلم ویستی فیلمێکی دۆکیۆدرامی دروستبکات، بۆ بنیادنانەوەی چیرۆکێ یان ڕوداوێک یان شوێنێک و کەسایەتیەک لەزەمەنێکی بەسەر چودا.ئەوا پێویستە بەشێوەیەکی راستگۆیانە، دوورلە ساختە و درۆ بونیادیان بنێتەوەو لەرێگەی فیلمەکەیەوە جارێکى تر بۆمان بگێرێتەوە. فیلمی دۆکیۆمێنتی وەک ئامانج بەدوای داهاتی مادی دا هەڵپەناکات وەک لەفیلمە فیکشن و ئەکشنەکاندا بەدیدەکرێت.بەڵکو ئامانجگەلێکی فێرکاری و مێژوویی و رۆشنبیری و ئینسانی و پاراستنی کەلەپوری هەیە.

پرسیار : بوونى بیرۆکەى کاریگەر تاچەند ڕۆڵى دەبێت لەسەرکەوتن ء ئاستى گرنگیپێدانى بینەر بۆ هەر فیلمێکى دۆکیۆمێنتى؟
وەڵام:   گەر فیلم ئەو پەپولە ڕەنگاوڕەنگ و سەرنجراکێشە جوانەبێت کە لەدواساتەکانی دورستکردنیدا بەرچاودەکەوێت و دەفڕێت.ئەوا بیرۆکەو سیناریۆى هەر فیلمێک دۆکیۆمێنت بێت یان هەرشێوازێکی تری فیلم، قۆزاخەی دروستبونی ئەو پەپولەرەنگاورەنگەیە.کەواتە دەستپێکی دورستکردنی هەرفیلمێک لەبیرۆکەوە سەرچاوەدەگرێت.دواتر بەقۆناغەکانی تری وەک سینارێۆ و جیبەجێ کردندا تێدەپەرێت تا دوا قۆناغەکانی تەواوکردنی ئەوفیلمە. لەکاری دۆکیۆمێنتیشدا سەرەتای پرۆسەی بەرهەمهێنانی بیرۆکە،لەلای نوسەری سیناریۆکە یان دروستکەری فیلمەکە پرۆسەیەکی عەقڵانیە.کەپەیوەستە بەهێزی خەیاڵ و خەیاڵدانیەوە. زۆر کاتیش پەیوەستە بەهەست و سۆزی ئەو کەسەی بیرۆکەکە بەرهەمدەهێنێت و دەینوسێت. بەتایبەت گەر ئەوەی بەرهەمیدەهێنێت لەقوڵایی تایبەتمەندی ئەو و بەریەککەوتنێکی تەواوی بێت لەگەڵ زانیاری و باکگراوندێکی ڕۆشنبیری و مەعریفی دا. لەدایکبونی بیرۆکە لەزیهنی خاوەن بیرۆکەدا،کەلەهەستکردینی ئەوەوەدێت بۆ گرنگیدان و تێڕامان و تێبینی کردن لەژینگەکەی دەوروبەری خۆی.بێگومان هەرئەو خۆشەویستی و باوەڕهێنانە گەورەیەشە، کەوادەکات کارلێکی ناوەکی دروستبکات لەگەڵ سایکۆلۆژیاو عەقڵ و دنیابینی ئەودا.هاوتەبا لەگەڵ فۆرماتی ئەوبیرۆکەیەی کەخەیاڵی دەوروژێنێت.لەژیانی ئەمڕۆشماندا،لەگەڵ سیاسەتی ڕاگەیاندنی کراوەو زۆربونی ئاڕاستە پێچەوانەکانی سیاسی،کۆمەڵایەتی،ئابورى لەنێوکۆمەڵگەکانداو، ئەوقۆناغە جەنجاڵەی کەجیهانی پێگەیشتوە کاری هونەرمەند قورستربوە. چیتر ناتوانرێ حەقیقەتەکان و دیاردەکان لەڕوانگەى جارانەوە ببینین. بوارێک نەماوە بۆ شاردنەوەى ڕاستیەکان و دیاردە ژیاریەکان لەخەڵکى. ئەمە جگە لەبەرەوپێشچونی خێرای زانست و دۆزینەوە نوێکان و پەیدابونی زۆرێک لەکەناڵە وێنەییەکان، کەڕوداوە کۆن و نوێیەکانمان بەبەردەوامى بۆ دەگوازنەوە. ئەم فشارە جۆراوجۆرانە مرۆڤیان ناچارکردوە، بیر لەژیان و دەوروبەرو لەم جیهانەو ئاراستە جۆراوجۆرەکانی بکاتەوە. ئەشێ ئەم حاڵەتەش بۆخۆی دەروازەیەکی باش بێت بۆ هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی چەندین بیرۆکەی جیاواز، کەبەریەککەوتنیان هەیە لەگەڵ زۆرێک لەڕوداو و چیرۆکەکانی ژیانی مرۆڤ. ئەمانە هەمویان زەمینەیەکى لەبارن بۆ کارپێکردنێکی هونەری، کە بەشێوەیەکی ئەفرێنەرانەو پڕبەها بەرهەم بهێنرێت لە زیهن و عەقڵ و خەیاڵدانی خاوەن بیرۆکەدا، دواجار تەواوی بیرۆکەکان بەتەنها لەژینگەو چواردەوری خۆمانەوە هەڵدەهێنجرێن، ئەو بیرۆکانەش زۆرجار لەنێو زیهنمانەوە سەرچاوە دەگرن. لەچاو تروکانێکدا دەبریسکێنەوەو تێدەپەڕن.پرسیارەکەش لێرەدا ئەوەیە،کەچۆن دەتوانین زیرەکانە ڕامیان بکەین.سەرباری ئەمانەش گرنگە ئەو بیرۆکانە، تەواو ئینسانی بن و لەکاتی بیرکردنەوە لەجێبەجێ کردنیاندا،ئەرکی هونەری و زانیاری بەخشین بە وەرگر و بینەر فەرامۆش نەکەین .

 پرسیار :  لەڕابوردو و لە ئێستاشدا لەلایەن هونەرمەندانء دامودەزگاهونەریەکانەوە،کەمتر گرنگى بەو جۆرە هونەرە دراوە. هۆکارى ئەمە چییە؟ ئایا پێتوایە ژینگەو  ژیانى کۆمەڵگەى کوردەوارى بەشى ئەوەندە بابەتى تێدانەبێت کە کارى دۆکیۆمێنتارى لەسەر بکرێت؟                           
                           
وەلام: گەر باس لەڕابوردو بکەین، لەڕوی گرنگیدان بەفیلمی دۆکیۆمێنتی و هونەری دۆکیۆمێنتسازیەوە.مێژوویەکی نامۆمان هەیە کە جیگەى ڕەزامەندى نییە. ئەمە لەکاتێکدایە گرنگیدانمان بەهونەری سینەماو فیلمسازی، بەهەمان شێوە نیمچەبەتاڵە. ئەمەش گەر کێشەیەک بێت،ناکرێت بەتەنها بخرێتە ئەستۆی چەند دەزگایەکی دیاریکراو.یان ئەوهونەرمەندە فیلمسازانەی کەتازە خەریکە، گرنگی ئەوبوارە هونەرییەیان لاپەیدادەبێت و کاری بۆ ئەکەن. بەڵکو کێشەکە لەوە قوڵتر و ئاڵۆزترە. بۆناسینەوەی ڕوخساری ئەم کێشەیەش، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ(زانستی کۆمەڵناسی) و (زانستی کۆمەڵناسی هونەر) لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا. من پێموایە ئاستی گرنگیدان و تێڕوانینی کۆمەڵگەکەمان، بۆ هونەر بەگشتی و هونەری سینەما بەتایبەتی، زۆرلاوازەو نەبۆتە کایەیەکی گرنگ لەژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا. هونەری سینەما تا ئەم ساتەش وەک مێژوو و بەهاو کاریگەریەکانی، لەسەر ژیان و مرۆڤ. تا ڕادەیەکی زۆر نائامادەیە لەلای بەشێکی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی. هۆکاری ئەمەش، نەبونی هوشیاریەکی کۆمەڵایەتی زیندوە بۆ هونەرو کەلتورو لەنێویشیدا هونەری دۆکیۆمێنتی. تائەم ئاستەش ئەمانە تەواوی کێشەکان نین. دواتر بەشێکی تری هونەرمەندانی فیلمساز بەرپرسن لێی.ئەوەشیان پەیوەستە بە چۆنێتی ناساندن و، ئاستی گرنگیپێدانی خودی هونەرمەندەکان خۆیان بۆ ئەو بوارەو ئاستی کاریگەری ئەوان لە سەر کۆمەڵگە، تا کومەڵگەش ئاوڕدانەوەی جیدی بداتەوە لەو هونەرە گرنگەو بەهەند وەریبگرێت لەژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا خۆیدا. هەمان ئەو کێشانەش بەشێوەیەک لەشێوەکان، لەنێو دەزگا هونەری و کەناڵە وێنەیییەکاندا بەدیدەکرێت. بۆ دروستبون و فۆرمەڵەبونی هوشیاریەکی دەستەجەمعی لەو جۆرەش.زەمەنێکى بەرچاومان پێویستە تا بگەینە ئەوئاستە لەڕێزگرتن،گرنگیدان بەهونەرو ئەوجۆرە لەهونەری فیلمسازى.دەستپێکی ئەمەش لە سەرەتای پەروەردەکردنی تاکی کوردیەوە، لەنێو خیزان و سیستمی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە سەرچاوەدەگرێت.بەداخەوە، ئێمە بەئێستاشەوە لەسەردەمێکدا دەژین کەلایەنی رۆحیمان فەرامۆشکردوە.نزیکین لەوەى کەهەستکردن بەجوانیمان تیا ئاواببێ و جوانیە ڕوکەشەکان، جێگەی جوانیە قوڵ و پڕبەهاو پڕماناکانی ژیانمان تیا داگیربکات. مرۆڤ لەم پێگەیەی ئێمەدا و لەم ساتانەیدا، بەقەیرانێکی قوڵی ڕۆحیدا تێدەپەڕێت. کێشەگەلێکى ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی،خودیەکان، مێشکی بەشێکی زۆری تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی قانگداوە. من واهەستدەکەم مانەوەى ئەم کێشانە بەهەڵپەسێردراوى و بەردەوامبونى ئەم حاڵەتە ناپەسەندە، پڕۆژەیەکی نەفرەتیە کەبەبەرنامە کاری بۆدەکرێ، لەپێناو هێشتنەوەو بەردەوامبونی ئەم ناهۆشیاری و تراژیدیایە کە دەست لەیەخەمان بەرنادات. ئێمە لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991وە بوارو زەمینەیەکی لەبارمان بۆ ڕەخسا، هەتا جوانی و هونەرو ژیان بەمانا حەقیقیەکەی لەگەڵ خۆماندا ئاشتبکەینەوە،دەستپێکی قۆناغێکی نوێبێت لەگرنگیدان بەژیانی کەلتوری و بیناکردنەوەی ڕۆحی ئینسانى کورد.بەڵام بەداخەوە، بەهۆی بێباکی و ناهۆشیاری بەناوسیاسیەکان و بەشێکی زۆری هونەرمەندان و ئەدیبان و ڕۆشنبیران، مرۆڤ لەم نیشتیمانەى ئێمەدا  هێندەی تر نامۆ و سەرقاڵکرا بەکێشەگەلێکی تاڵەوە. کەبراوەی یەکەم تیایدا دەبەنگی سیاسی بو و هەژاری ڕۆحی زیاتریشی لای تاکی کورد بەجێهێشت.
گرنگ. تاپێخوستی مافی کەس نەکەم، پێویستە بۆ مێژووش ڕێز لەهەوڵی تاکەکەسی خەڵکانێک بنێم. کەلەرابوردویەکی نزیکدا هەوڵیان بۆسازکردنی زەمینەیەک داوە، تا هونەری فیلمسازی دۆکیۆمێنتی بەشێوەسادەکەی نزیکبکەنەوە لەخەڵک. لێرەدا مەبەستم ئەوهونەرمەندانەیە کە وەک خەون و هەوڵى تاکەکەسى خۆیان،بێ هیچ هاندان و زەمینەیەکى گونجاوکاریان کردوە. یان ئەو هونەرمەندانەى کەلەنێو کەناڵە تەلەفزێۆنە حیزبی و نیمچەحیزبیەکانی کوردستاندا، پڕۆژەی دروستکردنی بەشی دۆکیۆمێنتیان پێکهێناوە.دەکرێـت ئەم هەنگاوەش پۆزەتیفانە بێت. بەڵام دواجار، نائاگایی و ناهۆشیاری خەڵکانێکی بڕیاردەر لەنێوئەوکەناڵانەشدا، وایکردوە کە وەک پێویست بیر لەو بوارە هونەریە نەکرێتەوە و کاری باشتری بۆ نەکرێت. بەداخەوە ئێمەی مرۆڤی کورد، تائێستاش گرنگیەکی ئەوتۆنادەین بەهونەرو پرۆسەی دۆکیۆمێنتسازی. تۆ بڕوانە، بۆنمونە گەرداوای دۆکیۆمێنتێکی باوەڕپێکراو بکەین لەسەر وردەکاریەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان، بەر لەهەزار ساڵ پێش ئێستا! ئەوا زۆربەدەگمەن سەرچاوەیەکمان دەستگیردەبێت. مەگەر، پەنا بەرینەبەر نووسین و دۆکیۆمێنتەکانی میژوونوسان و گەڕیدە ناسراوەکانى دەرەوەی کۆمەڵگەى خۆمان، کەبەم پێگە جوگرافیەى ئێمەدا گوزەرى کردووە. ئەمەش هیچ نیە جگە لەخەمساردی مرۆڤی کورد،بەرامبەر بە ژیان و ژینگەو ئەوساتانەى پیایدا تێپەڕیوەو، تیایدا ژیاوە لەڕوی دۆکیۆمێنتکردنەوە.ئێمە لەڕابوردو لەئێستاشدا پێویستمان بەپرۆسەو هونەری دۆکیۆمێنتی هەبوەو دەبێت. چونکە گەورەترین خەزێنەی بیرۆکە و کەرەستەکانی بیرکردنەوە بۆ کاری دۆکیۆمێنتی، ئەم کوردستانەی خۆمان بوەو دەبێت. تا مرۆڤ و ژیان و دیاردەکانیش، لەم گەردونەدا بەردەوامبن. ئەم هونەرە لەهەرپێگەیەکی دنیادابێت، خاوەنی گرنگی و کاریگەری خۆیەتی .

پرسیاری : هونەرى فیلمى دۆکیۆمێنتى، تاچەند دەتوانێت ڕۆڵى هەبێت لە ئاڕاستەکردن و ڕوانینى بینەردا بۆ هونەرى فیلمسازى و گرنگیدانى زیاتر بەو جۆرە لەهونەر؟ بەتایبەت ئەوجۆرە فیلمانەى وەک ئەم کارەى تۆ، کە لەبەشێکیاندا ڕاستەوخۆ لەژێى  سۆزدارى خەڵک دەدەن؟
                   
وەڵام: هەڵبژاردنی بابەتی فیلمە دۆکیۆمێنتیەکان، هێندەی پانتایی خودی ژیان خۆی پڕمەوداو فراوانن. تەنانەت، گەر دەرهێنەرێک بیەوێ فیلمێک دروستبکات و زۆرینەی ئەو بنەماو پێوانانە تێبپەرێنێت، کەگەورە دەرهێنەران و تیئۆرستانی بواری فیلمی دۆکیۆمینتی جەختیان لەسەر کردۆتەوە. ئەوا هێشتا زەمینەو هەلی ئەفراندن تیایاندا، گەلێک فەراهەم و زۆرن. ئەوەش پەیوەستە بە تێڕوانینێکی ووردو قوڵ، بۆ هەڵبژاردنی ئەو بابەتەی کەدروستکەری فیلمەکە دەیەوێت کاری لەسەر بکات و، چۆنیەتی ئەو شێوازەی کەپێی جێبەجێ دەکرێت و دروستدەکرێت. بێگومان بەلەبەرچاوگرتنی ئامانجە سەرەکیەکانی هەر فیلمێکی دۆکیۆمێنتی. دەرهێنەری فیلمیش، بۆ ئەوەی فیلمەکەی زانستی و مەدروس بێت. پێویستە بەر لەهەمو کەس خۆی بخاتە جێگەی بینەرو وەرگری فیلمەکەی، تا بزانێت ئاستی کاریگەری و وابەستەبونی ئەوانی تر لەگەڵ فیلمەکەی چۆن ئەبێت. لەڕوی هەست و سۆزو مانەوەی لەیادەوەریاندا. ئەمەش گرنگە،بۆ ئاشنابون بەسایکۆلۆژیای بینەر.لەڕوی پەیوەندی و کاریگەریەوە . یادەوەری مرۆڤ لەخۆیدا، زیاتر بەلای لەبیرچونەوەدا دەشکێتەوەو دەچێت.ئەمەش بەپێی تیئۆرەکەی (ئەبگینهاوس) کەدەڵێت. %75ی ئەو بابەتانەی کەفێریان دەبین، لەماوەی بیست و چوار کاتژمیر دوای فێربونیان لەیادەوەریمان نامێنێ. ئەو رێژەیەش، دەکەوێـتەسەر سروشت و رەگەزەوروژێنەرەکان و چۆنیەتی پیشاندانی ئەو بابەتەی کەدێتە یادەوەریمانەوە.
چونکە هەر رستەیەک و دیمەنێک، دەکرێت هەڵچونێکى سۆزدارى لەناوماندا بەجێبهێڵێت وەک بینەر و وەرگر.کاریش بۆ ئەوە بکات، کە بۆ زۆرترین ماوە لەیادەوەریماندا بمێنێتەوە. زۆرینەى توێژینەوەکانیش ئەوە دەخەنە روو،کە پیشاندانى لەسەرخۆو پڕ مانا،بۆ ئەو بابەتەى کە وەریدەگرین.زۆرتر دەمێنێتەوە لەیادەوەریماندا.هەروەها پەیوەندى و وابەستەبوونى رووداوەکانى ناو فیلمیش، هۆکارێکى ترن بۆ هاوکاریکردنى یادەوەرى بینەر و وەرگر.هەروەها گێڕانەوەیان لەناو یادەوەریاندا و دروستکردنى کاریگەرییە سایکۆلۆژى و سۆزدارى و عەقڵییەکان. دەرهێنەر و دروستکەرى فیلمیش، هەر کات بینەر و وەرگرى بەهەند وەرگرت. ئەوکات بەشێوەیەک فیلمەکەى دێتە بەر چاوى بینەر، کە کاریگەرى گەورە تیایدا بە جێدەهێلێت. بینەریش کەسایەتییەکە کە رۆشنبیرییەکى دیایکراوى هەیە، خاوەنى عەقڵ و هەڵگرى زیرەکى و تواناى خۆیەتى، رێگەش نادات سوکایەتى بەو زیرەکى و هۆشیارییەى بکرێت. هەر شتێکیش پێویستى پێى نەبێت. وەریناگرێت،پێى قایل نابێت. بینەر، گەر بە ئارەزووى خۆى نەبێت. هەرگیز ئەو بابەت و دیمەنانەى کە لەسەروى هەست و بیرکردنەوەى خۆیەوەن، کارى تێناکەن. چونکە، دەبێت ئەوە بزانن کە ئەو رەخنەگرێکى لەناو خۆیدا هەڵگرتوەوە. بەردەوامیش داواى چێژبینین و روونى دەکات لەناو فیلمەکاندا. ئەوهەڵوێست و بابەتانەى بەلاوە گرنگە، کە دەچێتە چوارچێوەى ئەزموونەکانى خۆی و گرنگى پێدانەکانى لە ژیانى رۆژانەیدا.

 پرسیار: لەم ماوەیەى رابوردودا، فیلمێکى دۆکیۆمێنتاریت بەناوى     ( قەتران) ەوە پیشاندا. وەک بینیمان بابەتى فیلمەکەت تایبەت بو بە میژووى کارگەى جگەرەى سلێمانى  و میژووى ژیانى بەشێکى بەرچاو لە کرێکارەکانى ئەو کارگەیە. بەتایبەت کریکارە ژنەکان. گرنگى هەڵبژاردنى ئەو شوێنە،ئەوچینەى کۆمەڵگە لاى تۆ لەچیدابو؟.ئایا بابەتى کاریگەرتر نەبوو کارى لەسەر بکەیت؟                                                          
                                            
وەڵام: وەک پێشتریش جەختم لەسەر کردەوە. شێوەى ژیانى مرۆڤەکان،تایبەتمەندى ئەم پێگەیەى ئێمە لەهەر کونج و کوچەو شوێنێکى ئەم ووڵاتەدا. خەزێنەیەکى گەورەى بیرۆکەو کەرەستەکانى بیرکردنەوەن، بۆدروستکردنى فیلمى دۆکیۆمێنتى و هەر پرۆژەیەکى ترى هونەرى و ئەدەبى و زانستى.تەنانەت، چیرۆکى ژیانى بەشێکى زۆرى مرۆڤەکانیشى. بەهەمان شێوە دەکرێت ببێتە بابەتى زیندو و سەرنج راکێش بۆ ئەو بوارانە.چونکە، ئەم پێگەیەى ئێمە بەدرێژایى ژیانى مرۆڤەکانى.پڕاوپڕبووە لەحیکایەت و رووداوو و چیرۆک و کێشە و بابەتە ئینسانییەکان. بەڵام ئەوەى گرنگە بۆ ڕامکردنى باشترین بیرۆکە و بابەت. عەقلڕو تێڕامانێکى وردە بۆ دۆزینەوەیان. وەک گرنگى پێدانى منیش، بۆ هەڵبژاردنى ئەو بابەتەى فیلمى دۆکیومێنتى (قەتران). بەر لە هەموو شتێک، ویستوومە ئەوە بخەمە روو. کە کارگەى جگەرەى سلێمانى، شێوەى مەملەکەتێکى تایبەتییە، ڕەنگدانەوەى واقیعى ژیانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسى مرۆڤەکانى ئەم شارەیە. واتە ئەم کارگەیە، بەشێکە لە یادەوەرى شارى سلێمانى و شێوە ژیانى کرێکارەکانى نێو ئەو کارگەیەیە. کە وەک پاڵەوانێکى حەقیقى نێو ژیان ژیاون.بۆیە گرنگە کەلە فەرامۆشکردن بپارێزرێت و لە رێگەى ئەم فیلمەوە تۆمارى بکەم.ئەوەى گرنگە بۆ من، وەک سینارست و دەرهێنەرى ئەو فیلمە. ئەوەیە کە بینەر، دواى بینینى فیلمى (قەتران) گەر بەلاى ئەو کارگەیەدا گوزەرى کرد.بێباکانەو بەهەمان هەستى پێش بینینى ئەو فیلمە تێنەپەڕێت. یادەوەرى بیگەڕێنێتەوە بۆ وردەکاریەکانى ژیان و مێژووى ئەو کارگەیە،ئەو مرۆڤانەى لەوێدا وەکو کرێکار کاریان کردوە و تا ئیستاش بەشێکیان ژیانیان لەوێدا دەگوزەرێت. نێوانى ئەو دارو دیوارانە کە پڕن لە حیکایەت و ڕوداوى تاڵ و شیرین و کێشەگەلێکى مرۆیی..قەتران فیلمێکى دۆکیۆمێنتى درێژە، کە بابەتى هەڵبژێردراو تیایدا مێژووى کارگەى جگەرەى سلێمانى و چیرۆکى ژیانى بەشێک لەکرێکارەکانى نێو ئەو کارگەیەیە.بەتایبەت کرێکارە ژنەکان، کە پێیەکیان لەنێو کارگەو پێیەکى تریان لەنێوماڵ و ژیانى ماڵدارى و خێزاندا بووە، کاریان کردووە.هەروەها روداوە جۆراوجۆرەکانى ژیانیان، هەرلەسەرەتاى دروستبونى کارگەى جگەرەى سلێمانى. تائەم ساتانەى کەتیایدا کارگەکە لەکارکەوتوەو بە چارەنوسێکى نادیاردا تێدەپەڕێت.ئەوەى گرنگە، تەواوى گێڕانەوەکان ڕاستین و دەستکردى خەیاڵ نین.کەئەمەش یەکێکە لەبنەما سەرەکیەکانى دروستکردنى هەر فیلمێکى دۆکیۆمێنتى.

پرسیار: زۆرێک لەوانەى فیلمەکەى تۆیان بینى، لەبینەران و هونەرمەندان بەکارێکى جوانء داهێنەرانە وەسفیانکرد. بەڵام دواتر لەڕوپەرى بلاوکراوەکاندا، بەر نوسینێکى ڕەخنەیی جیدى نەکەوتین سەبارەت بەو فیلمە. تۆ هۆکارى ئەمە بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟. ئایا نووسەرانى ئێمە توانایان نییە لەسەر ئەمجۆرە هونەرە بنووسن؟
وەڵام: بەرلەهەموشتێک، هیوادارم فیلمى (قەتران) توانیبێتى، جێگەیەکى لەیادەوەرى بینەران و وەرگرەکانیدا داگیرکردبێت، بەشێکى زۆر لە ئەرکە سەرەکیەکانى هەر فیلمێکى دۆکیۆمێنتى لەخۆگرتبێت و گەیاندبێتى و بیگەیەنێتە بینەرەکانى لە داهاتودا. سەبارەت بەوەى کە بۆ  دواى پیشاندانى ئەو فیلمە بەر هیچ نووسینێکى ڕەخنەیی نەکەوتین!ئەشێت بەشێکى پەیوەست بێت بەوەى، کە تا ئێستا ئەم فیلمە لەئاستێکى بەرفراواندا لەشارى سلێمانى و کوردستان و دەرەوەى کوردستاندا پیشان نەدراوەو نەبینراوە.بەشێکى تریشى، پەیوەستە بەلاوازى یان نەبونى بزاوتێکى ڕەخنەیی جیدى، کە هاوشانى کایە هونەریەکان و لەناویشیاندا کایەى فیلمسازى کە پێویستە ئامادەیی هەبێت.هۆکارى ئەمەش، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازى هۆشیاریەکى رەخنەیی پێویست، بۆ چۆنێتى نوسین دەربارەى کایە هونەریەکان و هونەرى سینەما و فیلمسازى.چونکە، ئەم هونەرە بەگشتى و هونەرى دۆکیۆمێنتى لەنێو واقیعى کۆمەڵایەتى ئێمەدا جێگەى گرنگیپێدان نەبوەو هونەرێکى نامۆ بوە.تائێستاش وەک پێویست  نەچۆتە نێو فەرهەنگى ژیانى ئێمەوە.کەدەشڵێم نوسینى ڕەخنەیی جیدى، مەبەستم ئەو جۆرەیە لە نوسین،کەبۆخۆى هونەرێکى سەربەخۆیە و قورسترین کایەو رێچکەیە بۆ دەستنیشانکردنى چۆنێتى تێگەیشتنمان،لەکارێکى هونەرى و دۆزینەوە و ئاشکراکردنى لایەنەنادیارەکانیەتى. پێشکەشکردنى لایەنى باش و خراپى پرۆژەیەکى هونەرى، یان دروستکەرو خاوەن دونیابینى ئەو پرۆژە هونەریەیە کە خوێنەران هیچ زانیاریەکیان لەسەرى نەبوە. هەروەها دروستکردنى بەراوردکارى و خستنەڕوى ڕوداوەجیاوازەکانە. لەنێوان بەرهەمە هونەریەکە و لایەنە رۆشنبیریەکانى تر، بۆ رۆشنایى خستنەسەر هەر شێوەیەک لەو لایەنەرۆشنبیریانە و لایەنى نەوعى ئەوبەرهەمەى کە باسى لیِوەدەکرێت و چەندین ئەرکى تر، کەهەرنوسینێکى رەخنەیی جیدى لەخۆى دەگرێت. بێگومان ئەوەش باکگراوندێکى مەعریفى و شارەزاییەکى هونەرى بەرچاوى دوێت.
پرسیار: گرەوى سەرکەوتنى ئەو کارەى تۆ لەچیدا بوو؟ دوواجار، پێمان بڵێ دەرهێنەرى کارى دۆکیۆمێنتیارى، دەبێت چۆن بنەماى سەرکەوتنى کارەکەى خۆى بدۆزێتەوە؟
وەڵام: هێشتا زووە، بۆ ئەوەى کەبڵێم کارێکی سەرکەوتومانکردوە. چونکە ئەم فیلمە وەک پێویست نەکەوتۆتە بەرچاوی بینەران . ئەوە بەجێدەهێڵم بۆ داهاتو و بۆچونی بینەرو وەرگرەکانی و بەریەککەوتنیان لەگەڵ فیلمەکە. گەر ئەم فیلمە وەک فیلمێکی سەرکەوتو ناسرا، ئەوا سەرکەوتویی ئەم فیلمە، دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری چیرۆک و روداوەکانی ئەو پاڵەوانانەی کەلەنێو فیلمەکەدان و ئەو ستافە خۆشەویستەی کەخۆبەخشانە کاریان لەگەڵداکردوم . دڵنیاشم دەرهێنەری فیلم، بەتەنها خۆی مایەی سەرکەوتنی فیلم نیە. چونکە سروشتی هونەری سینەماو فیلمسازی بەو شێوەیەیە، کەکارێکی دەستە جەمعیە و سەرکەوتن و خراپی هەر فیلمێک بەرپرسیارێتی ستافە. یەکەم هەنگاو بۆ بەدروستکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتی سەرکەوتو،لەهەڵبژاردنی بیرۆکەو کاریگەری ئەو بابەتەیە لەسەر مرۆڤ. کەواتە بەر لەهەمو شتێک، دەرهێنەر یان دروستکەری ئەوجۆرە لەفیلم، پێویستە راستگۆیانە بیربکاتەوە و بڕیاربدات و کار بکات. دیمەنەکانی حەقیقی بن. سەرباری ئەمانەش دەرهێنەری فیلم، ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە نەخەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتەکانی ترو تەواوی رەخنەگرەکان. هیچیان هاوتای فیلمێکی سەرکەوتو نین. لەروی پێشوازی لێکردنی خەڵکەوە. گەر تۆ توانیت فیلمێکی زۆر باش دروست بکەی، کەبگاتە ئەندازەی توحفەیەکی هونەری بەرز. بەڵام نەگاتە بینەرو خەڵک، ئەوا ئەو فیلمە  فیلمێکی شکست خواردوە.چونکە تۆ گەر فیلم بۆ جەماوەرو بینەران و مرۆڤەکان دروست نەکەیت، کەواتە چیتکردوە و بۆ کێت کردوە ؟ .

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.