Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
خاوەندارێتی بەسەر جەستەی ژناندا

خاوەندارێتی بەسەر جەستەی ژناندا

Closed
by August 7, 2011 ژنان

  هیچ شتێک خۆی لە خۆیەوە مانای نییە. شتەکان هەر ئەوەیکە ببنە جێی سەرنجی مێشک و کرداری مرۆڤانە، ئەوکات مانا پەیدا دەکەن. مانایەک کە ڕیشەی لە مێشکی هەڵسوڕاو و داهێنەری مرۆڤەکاندا هەیە. مرۆڤە کە مانا بە دەوروبەر، بە شتەکان، بە خود و بە مرۆڤەکانی تر دەبەخشێت. ژن و پیاویش هەروەها مانایەکی جیاواز بەیەک دەبەخشن و هەریەکەیان دەکەوێتە بەر شیکردنەوەیەکی جیاواز لەوی تر. بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەو مانایەیە کە بەهۆی پیاوەوە بۆ ژن دەکرێ. بۆچوون سەبارەت بە ژن و پیاو بەپێی ریزبەندی نێر و مێ، وە لە مانایەکدا کە بەهۆی پیاوەوە دراوە بە ژن لە درێژەی مێژودا، یان لە سەدە جیاوازەکاندا، لە فەرهەنگ و کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بە شێوەیەکی جیاواز، کە وەردەگیرێت، بە تەواوی ڕوون کراوەتەوە. بەڵام بە گشتی پەیوەندى گەلێکی قوڵ هەبووە. مەبەست لەو مانا هەڵبژێردراوە لەلایەن پیاوەوە، شی کراوەتەوە لەلایەن عەقڵەوە، جەستەوە، کەم توانایی مێشکی، وە ئەوەیکە عەقلی ژن لە منداڵدانیدایە و “لەلایەنی جەستەیی” و سێکسی، ژنی کردووەتە جێی بیر لێکردنەوە. لەلایەنی بیرکردنەوەوە (گیانلەبەرێکی هەستیار و جوان و ناسکتر لە بەرگی گوڵە). ئەوەی کە گرنگە ئەو مانا هەڵبژێردراوەیە لە لەلایەن پیاوەوە دراوەتە پاڵی. هەر بەو شێوەیەی کە وترا ئەم ئازادی بیر کردنەوەیە، دوولایەنەیە چونکە ئەو تایبەتمەندیە یەک لایەنەیەی لە دوو لایەنەکەی بەرجەستەتر دەکات، تایبەتمەندی زاڵبونە بەسەر پەیوەندی سێکسی نێوان ژن و پیاودا. زاڵبوون بەو واتایەی کە ژن لە چاوی زۆرێک لە پیاواندا، لە کرداری جەستەیی و سێکسی، “ئەوی تر” و “پەراوێز” خراوە. ژن “من حاکم” بوونی پیاو و “ئەوی تر” بوونی خۆی قبوڵ کردووە (جیا لە بزوتنەوە فیمینیستیەکانی ئەم دواییە کە هەڵقوڵاوی ئەو خۆ ئاگاە بوونەوەیەی ژنە بەو “ئەوی تر” بوونەی خۆی). لە پەیوەندی سێکسیدا ڕۆڵی ژن و پیاو بەپێی ریزبەندی بکەر و کرداری لەبەر چاو گیراوە. ئەم شێوە هەڵسوکەوتە دەتوانین لەنێوان ئاژەڵەکانیشدا ببینین. ئەم شێوە هەڵسوکەوتە غەریزیە لە نێوان ئاژەڵەکاندا بە پێچەوانەی مرۆڤەکان، نەگۆڕە. لەوانەیە بتوانین هۆکاری سەرەتایی بە بەرکار “مفعول” بوونی ژن، لە پەیوەندی سێکسیدا بە ( هێزی سەرچاوە گرتوو لە خاوەندارێتی تایبەت و ئابووری پیاو) وەرگیراو لە کۆمەڵگایەکی ئاژەڵی، پێکهاتەی جەستەیی و شێوەی کۆئەندامی زاوزێی ژنان ببەستینەوە. بەڵام شایستەیی خۆ تەسلیم کردنی ژنان و زاڵبوونی پیاو ڕیشەی لە هەلومەرجی جەستەیی ئەواندا نییە، سەدەی ئاژەڵی یان بازنەی ژیانی مرۆڤانەیی زۆر جیاوازترە. نەگۆڕی شێوەی پەیوەندی سێکسی لەنێوان ئاژەڵەکاندا بە بە گشتی کردنەوەی پەیوەندی سێکسی ژن و پیاو نییە. مانا گەلێکی کە لە درێژەی سەدەکاندا لەلایەنی بە “بەرکار” و “بە ئامراز کردنی ژنان”دا بەرەو پێش رۆشتووە و  ڕیشەی لە ناخی ژن و پیاودا داکوتاوە، ڕۆڵێکی گرنگتری گێڕاوە. ئەم شێوە هەڵسوکەوتە و ئەم ماناسازیە دەتوانێ بگۆِرێت. ئەگەر ژنان ڕۆڵی مانا بە گرنگتر لە ڕۆڵی شێوەی جەستەییان دابنێن، گۆڕانی ئەم شێوە داکوتراوە کردارە کۆمەڵایەتیە هاسان دەبێتەوە. دەتوانن بگەنە ئەو زانیاریەی کە ئەم مانایانە بوونەتە هۆی قبوڵکردنی ژێردەستەیی، لەخۆ بێگانە بوون، هەمیشەیی نەبوون و ڕاستیەکی ڕوداو. فیمینیستە ڕادیکاڵەکانیش دانیان بەوە داناوە کە لە نێوان ژن وپیاودا جیاوازی ژیان بوونی هەیە بەڵام لەگەڵ ئەم مانایەدا نین کە بەوە جیاوازی جەستەیش دروست دەکەن. ڕۆلی ژن لە پەیوەندی سێکسیدا بەگشتی لەگەڵ توانایی و ئیرادە و دەسەڵاتداری و زالبوونی پیاودا ناتوانێ بە واتای “بە بەرکار” بوون بێت و بە واتایەکی تر ناتوانێ لەگەڵی بێت. بیر بکەنەوە ((کوڕێک بە نیشانەی ئەوینداری، دەستی لە ملی کچێک کردووە)) ((زاوایەک کە بە مانای شۆفیری بوک، بوک (ئەو کچەی) کە بەڵێی پێ وتوە، لەگەڵ خۆی دەبات)) ((پیاوێک کە کات و ڕادەی پەیوەندی سێکسیەکە دیاری دەکات)) ((پیاوێک کە خۆی بە پارێزەری جەستەی ژنەکەی دەزانێت)) ((ئەو لایەنانەی کە خەریکی بازرگانی سێکسین)) ((کچانێک کە دەکەونە بەر دەست درێژی زارەکی، چاوەکی، تانە پێدادان)) ئەوانە هەموو وەبیر هێنەرەوەی چ مانایەکن؟ لەم ڕاستیانەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەتوانین چ پێناسەیەک لە “توانج پیادان” و دەستدرێژیە سێکسیەکان بکەین؟ جگە لەوەیکە پیاو دەسەڵاتداری پەیوەندیە سێکسەکانە و ژنیش ئازادی سێکسی-جەستەیی نییە. ماناگەلێکی وەک “ترشاو، با کردوو، بێ مشتەری” ئەو واتایە دەگەیەنن کە هێشتا کەسێک نەبووە تا بە شێوەیەکی قانونی ببێتە خاوەنی جەستەی کچەکە. ئەو نوکتە سێکسیانە و ئەو شێوە مانایەی  تێیدا بەکار هاتووە، کە لە نێوان کوڕاندا زۆر بەر بڵاوە، ژن بە تەواوی بە “بەرکار(مفعول)” نیشان دەدات. بە بەرکار بوونی ژن تەواو سەرچاوە گرتووە لە بکەری (فاعل) پیاوەوە. توندترین ڕادەی ئەم پەیوەندیانە دەستدرێژی سێکسیە و باوەڕی “ناموس پەرەستی” ئاستێکی بەربڵاوە کە ژن دەکاتە جێگای باسی سێکسی، لەوانەیە ئەوە باشترین پێناسەیەک بێت کە ئێمە ڕێنمایی دەکات بۆ بەرەو بە ئامراز کردنی ژن. هەروەها شێوەکانی هاوسەرگیری وەک “ژن هێنان (ژن کڕین)، دزین و بەزۆر وەرگرتنی ژن، سەیر کردنی کچ بە مەبەستەوە، وە دیاری و پێشکەش کردن کە لە سەدەیەکدا لە مێژووی ئێران باو بووە و ئێستاش بوونی هەیە دەتوانین بە ڕوونی بیبینین. لە سەردەمە کۆنەکاندا “ژنانیان وەک دیاری و تەنانەت وەک پێشکەش کردن پێشکەشی گەورەکانیان دەکرد. خودی ژنانیش هەروەها حەز و ئارەزویان بۆ پێشکەشی بە (وەلی نێعمەتەکان) پیشان دەدا”. ئەدەبیاتی ئێرانی و دەوروبەری پڕ بوون لەو نموونانە. ڕون و ئاشکرایە کە ئەدەبیات و پەروەردەی ئیسلامی، ئەم شێوە و جۆرە لە پەیوەندی سێکسی و جەستەییە گەشە، پەرە پێدەدا و دادەسەپێنێ. یەکێک لە واتاکانی ئیسلام ناموسە کە جەستەی ژن بە شێوەیەکی بەرێزانە و زیرەکانە بە موڵکی پیاو دەزانێت. حیجاب و پۆشش پارێزەری ئەم شتە گرانبەهایەیە. واتای ناموس دەگەڕێتەوە بۆ دوبارە بەرهەم هێنانەوەی ئەم بیرە کە جەستەی ژن وەک کاڵایەکی گرانبەهایە و پیاو دەبێ هەستێ بە پارێزگاری کردنی. “خوا”، یەکێک لە واتاکانی ناموس بەم شێوەیە باس دەکات “هاوسەر و ژنەکانی پیاوێک، وەک و دایک و خوشک و کچ” لەم پێناسەیەدا خاوەندارێتی پیاوان بەسەر ژناندا پێویست کراوە. مارەیی و  شیربایش دەتوانن هەر ئەم مانایە بگەیەنن کە پەیوەندی ژن و پیاو، وەک پەیوەندی کرێکار و خاوەنکار یان ئاغا و نۆکەر  دەچێ، بەو جیاوازیەی کە کچ نەک بەهێزی کار بەڵکوو بە جەستەی خۆی و تایبەتیترین شوێنی جەستەی، خۆی دەنێتە بەردەستی پیاو. لە یاسای 1108 ی ئێراندا هاتووە “ئەگەر ژنێک بەهەر بیانویەک نەیەوێت لەگەڵ مێردەکەیدا بمێنێتەوە یان پەیوەندی سێکسی هەبێت حەقی وەرگرتنی مارەییەکەی نییە” کەواتە ئەوە هەستەکانی پیاوە کە بۆتە جێی گرنگی پێدانە و ژنان ڕوخسارێکی وەک بەندە و ژێردەستە وەردەگرن.
  دەسەڵاتداران و پاشاکان، بۆ هێور کردنەوە و دامرکاندنەوەی جموجۆڵە کۆمەڵایەتیەکان، گرتنی پەیوەندی لەگەڵ هۆزەکانی تر، کچان و ژنانیان وەک ئامرازێک بەکار دەهێنا. زەماوەندی محەممەد کوڕی عبداللە لەگەڵ عایشە هەر بەو شێوەیە باس دەکرێت. پاشاکان ژن و کچانێکی زۆریان کردبووە ڕازێنەرەوەی حەرەمسەراکانی خۆیان. ئەو ژنانەیان نەک بەتایبەت بۆ سێکس بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایش و پاراستنی پلە و توانایی خۆیان بەکار دەهێنا واتە بە زەماوەند لەگەڵ کچێکی هۆزێکی تر هەوڵیان دەدا سەرەنجی ئە هۆزە بەرەولای خۆیان ڕابکێشن و ئەو هۆزە لە بیر و هێزی شۆڕش کردن دوورخەنەوە. مێژوو دەڵێ “ئەگەر ئەوینێک لە هاوسەرگیریدا هەبووبێ هەمیشە خۆشەویستی پیاو دیاریکەر بووە نەک هەستەکانی ژنەکە”. زاڵبوونی پیاو بەسەر جەستەی ژندا نەتەنیا بۆتە هۆی بە “بەرکار” بوون، بە ئامراز بوونی ژن و کۆنترۆڵ کردنی جەستەی لەلایەن خۆیەوە بەڵکوو هەستە سێکسیەکانیشی سەرکوت کراوە. باوەڕ وابووە لە پەیوەندی سێکسیدا ئەوە گرنگ نییە کە ژن بگات بە ئۆرگاسم و لوتکەی چێژ وەرگرتنی سێکسی هەڵبەتە بەو بیرەی کە هەندێک پیاو پێیان وابوو کە ژنانیش چێژی سێکسی وەردەگرن بەڵکوو ئامانج گەیشتنی پیاوە بە لوتکەی چێژی سێکسی و تێر بوون. بەڵام ئێستاکە کەسایەتی و هەستەکانی ژن ئاشکرا و ڕوون بۆتەوە و ناتوانرێ حاشای لێبکرێ و پشت گوێ بخرێت. مەرجی کچ بوونی “بوونی پەردەی کچێنی” ژن لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا لە هۆکارە بەربڵاوەکانی گۆێنەدانە بە هەستە سێکسیەکانی ژنان “کچ بوون ئەوەندە گرنگە کە تەنانەت زۆرکەس پێش هاوسەرگیری لای پزیشک بەڵگەی سەلماندنی کچ بوون وەردەگرن و لە زۆربەی شوێنیشدا ئەو بەڵای کچ بوونە “بوونی پەردەی کچێنی” بە کوشتنی کچ لەلایەن پیاوەکانی بنەماڵەیانەوە کۆتایی دێت (کوشتنی ناموسی). کوشتنی ژنان بە بیانوی ناموسەوە ڕەنگدانەوەی ئەو بۆچوونەیە لەلایەن دین و پیاوەوە کە ژن لەلایەنی جەستەیی و تەنانەت زمانییەوە بوونەوەرێکی بە تەواوی سێکسیە. شێوە جیاجیاکانی ڕێگە پێگرتن و دەست درێژیە سێکسیەکان سەرچاوە گرتووە لە بە”بەرکار” کردنی ژنان “بە بڕوای زۆرێک لە خاوەن ڕاکان هۆکاری موزاحیمەتە سێکسیەکان لە شوێنە گشتیەکاندا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە شێوەی پەروەردەی بنەماڵە بەجۆرێکە کە پیاوان، ژن وەک (ئۆبژەی سێکسی) چاولێدەکەن. “کاترین مەک کینۆن موزاحیمەتە سێکسیەکان بە سەرچاوە گرتوو لە بە ئامراز ئەژمار کردنی ژناندا دەبینێتەوە”. خەتەنەی ژنان نموونەیەکی تر لە (بە “ئۆبژە بوون”ی ژنانە) ئێستاکە زۆرێک لە ژنانی ئافریقایی بوونەتە کۆت و ژێردەستەی نەریتە کۆنەکان و خەتەنە سەبارەت بەوان بە کردەوە دەردێت. هەندێک لەو بیانو و هۆکارانەی کە بۆ خەتەنە کردنی ژنان دەهێنرێتەوە ڕەنگدانەوەی ئەو (“ئۆبژە”بوون گەرایانەیە. هۆکارگەلێکی وەک پاراستنی کچێنی کچانی گەنج تا کاتی شو کردن، کۆنترۆڵی خواستە سێکسیەکانی کچان تا پێش شو کردن و دڵنیا کردنەوەی مێردی داهاتوو لە لایەنى پاک بوونی کچەکەوە. لە یەکێک لە شارە بچووکەکانی هۆرمۆزگان بە ناوی بەندەری لەنگە ئێستاکەش کچان دوای 40 رۆژ خەتەنە دەکرێن. هەروەها نموونەی ئەو خەتەنەکردنانە لە شوێنگەلێکی وەک کوردستانیش دەکرێ ببینین. کچان لە درێژەی تێگەیشتنی کۆمەوڵایەتی سێکسی لەلایەن دایکی خۆیانەوە فێر دەبن کە چۆن دەبێ خۆیان بنێنە بەردەستی مێردەکانیان. ئێمە هەر ساڵە و لە هەموو شوێنەکانی دونیا بە تایبەت کوردستان و وڵاتانێکی وەک  ئێران و عێراق وڵاتانی عەرەبی و ئەفغانستان پاکستان و هیندستان و…، ئێمە ڕووبەروی جۆرەها لە توند و تیژی و خەتەنە کردن دەبینەوە کە بە بیانوی سونەت و داب و نەریت و ئایینەوە بەرانبەر بە ژنان دەکرێ.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.