کورده‌واری به‌ده‌م گۆڕانه‌وه له گێڕانه‌وه‌ی خه‌زنه‌داردا
د. مارف خه‌زنه‌دار (1930 _ 2010) له بواری چیرۆکدا سێ کتێبی بڵاو کردووه‌ته‌وه: ئه‌ڵه‌مان کوردی (1969 به‌غدا)(1) که بریتییه له حه‌ڤده کورته‌چیرۆک، له نێوان ساڵانی 1960 و 1968 دا نووسیونی. بووکه‌شووشه (1969 به‌غدا)(2) درێژترین کورته‌چیرۆکی نووسه‌ره، به‌هاری 1964 له لینینگراد نووسیویه‌تی و به‌ره‌و ڕۆژ (2006 سلێمانی)(3) که پێک هاتووه له کۆچیرۆکی ئه‌ڵه‌مان کوردی، بووکه‌شووشه و شازده چیرۆکی دیکه که یه‌کێکیان: (له پێناوی دڵپاکیدا،) 1952 نووسراوه(*) و ئه‌وانی دیکه‌یان له نێوان ساڵانی 1965 و 1984 دا نووسراون. چونکه له سه‌ره‌تای (به‌ره‌و ڕۆژ)دا ده‌ڵێت: (ئه‌م چیرۆکانه به‌شی زۆری به‌رهه‌می له‌م بابه‌ته‌من،) که‌واته هه‌مووی نین و بێجگه له‌م سی و چوار چیرۆکه، هی دیکه‌یشی هه‌یه.(**)
د. مارف خه‌زنه‌دار هه‌ر له ئایاری (1960)ه‌وه تا دێسه‌مبه‌ری 1984 که ده‌کاته چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک، به هه‌مان شێواز و ته‌کنیکگه‌ل نووسیویه‌تی و هێنده ڕاستگۆیانه تاکی کورد و کۆمه‌ڵی کورده‌واریی به‌سه‌ر کردووه‌ته‌وه، ده‌کرێت وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رنجی چیرۆکه‌کانی بدرێت و هه‌ندێک جار هێنده‌ی چیرۆک بوار بدات، که‌ڵکی له دیرۆکیش وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌یش بۆ خۆی جێی سه‌رنجه، هه‌رچه‌نده د. مارف زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی له هه‌نده‌ران نووسیوه، وه‌لێ شوێنی ڕووداوه‌کان کوردستانه، ئه‌م تێبینییه هه‌ر دوو چیرۆکی (بووکه‌شووشه) و (ئێوه قاره‌مانن) ناگرێته‌وه، که له یه‌که‌میاندا شوێن (لینینگراد)ی به سوپای هیتله‌ر گه‌مارۆدراوه و له دووه‌میشیاندا هه‌رچه‌نده شوێن هه‌ر ڕووسیایه، وه‌لێ بیری گێڕه‌ره‌وه که خودی نووسه‌ره، هه‌ر له کوردستانه. ئێوه قاره‌مانن، ناوه‌ڕۆکێکی هێنده ئینساندۆستانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه، شیاوی ئه‌وه‌یه وه‌ک نموونه‌ی چیرۆکی کوردی، به گه‌لان بناسێنرێت.
ئه‌وه زاده‌ی تامه‌زرۆیی بووه بۆ نیشتمان که چیرۆکه‌کان له غه‌ریبی نووسراون و باسی زێدی نووسه‌ر ده‌که‌ن. ئه‌وه وه‌ک ڕێسا وایه، نووسه‌ر که هه‌ست به نامۆیی ده‌کات، دووچاری گرژییه‌کی ده‌روونی ده‌بێت و بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی گرژییه‌که، غه‌یری نووسین هیچ نوایه‌کی دیکه‌ی پێ شک نایه‌ت، هانای بۆ ببات. تۆماس مان ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر ڕووداوێک لای که‌م پێنج ساڵی به سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیبێت، مه‌یکه به بابه‌تی چیرۆک! چونکه خه‌ڵکی وا ڕاهاتوون که باسی ئێستایان بۆ بکه‌یت، بڕوات پێ ناکه‌ن.) ڕه‌نگه د. مارف وێڕای نۆستالژیا بۆ وڵات، ئه‌و مۆچیارییه‌ی تۆماس مانیشی ڕه‌چاو کردبێت. ئه‌مانه بێجگه له‌وه‌ی تاراوگه وێستگه‌یه‌کی به‌پیته بۆ داهێنان، ئاخر هه‌میشه سه‌فه‌ر ئاسۆی دیتنمان به‌رینتر و ڕوونتر ده‌کات. ئاخۆ د. مارف به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بداته نووسینی کورته‌چیرۆک، هیچی له باره‌ی ته‌کنیکی نووسینی ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه‌وه، خوێندووه‌ته‌وه؟ پێ ده‌چێت ئه‌ویش وه‌ک یوسف ئیدریس، پشتی هه‌ر به سه‌لیقه‌ی خۆی قایم بووبێت و وای بۆ چووبێت که شاره‌زایی له بواری تیۆریدا، نابێته هه‌وێنی له دایکبوونی داهێنه‌ر.(4)
شێوازی چنینی چیرۆک لای د. خه‌زنه‌دار، به گشتی له (سه‌ره‌تا، گرێ و کۆتایی)دا، به‌و شێوه‌یه‌ی به دوای یه‌کدا دێن، خۆی ده‌بینێته‌وه، نه کات پاش و پێش ده‌خات، نه یاری به شوێن ده‌کات. ئه‌م سه‌رنجه بۆ (پێشوازیی خاوه‌نشکۆ) دروست نییه، ئاخر له‌و چیرۆکه‌دا، له ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌که‌وه، ده‌ست به گێڕانه‌وه ده‌کات. د. مارف چیرۆک به‌و شێوازه ده‌نووسێت که تێیدا گێڕانه‌وه، سنووری لۆگیک نابه‌زێنێت، لای ئه‌و چیرۆک زاده‌ی واقیعه ئه‌فسانه‌ی تێکه‌ڵ نا‌بێت. نزیکه‌ی هه‌میشه گێڕه‌ره‌وه، چیرۆکبێژی هه‌مووشتزانه، که‌سی یه‌که‌می بگۆیه و کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی چیرۆکه‌که‌یه. ته‌کنیکی (مۆنۆلۆگ)یشی به‌کار هێناوه، وه‌لێ نه‌ک به‌و جۆره‌ی له چیرۆکی شه‌پۆلی هۆشدا باوه، ئاخر له مۆنۆلۆگی ناوه‌کیدا که ته‌کنیکی زاڵی چیرۆکی شه‌پۆلی هۆشه، که‌سی سێیه‌م له نێوان گێڕه‌ره‌وه و وه‌رگردا نییه، بۆیه ئه‌و جۆره گێڕانه‌وه‌یه چونکه له ناخی کاره‌کته‌ره‌وه خۆڕسکانه هه‌ڵده‌قوڵێت، زێتر جێی متمانه‌ی خوێنه‌ره.
ئه‌گه‌ر چیرۆک دوو جۆری هه‌بێت، یه‌کێکیان وه‌ک ئه‌وانه‌ی گی دی مۆپاسان که به خاڵێک کۆتایی‌یان ده‌هات و ئه‌وه‌ی تریان وه‌ک چیرۆکه‌کانی چیخۆف که کۆتایییه‌کی کراوه‌یان هه‌بوو، ئه‌وا نزیکه‌ی هه‌موو کاره‌کانی د. خه‌زنه‌دار سه‌ر به جۆری یه‌که‌میانه. گێڕانه‌وه له کن ئه‌و، پشت به بیۆگرافیای نووسه‌ر ده‌به‌ستێت. به‌رهه‌مه‌کانی بازنه‌ی ڕیالیزم جێ ناهێڵن، ئیدی هه‌ر له ڕیالیزمی بێ که‌ناره‌وه، تا ڕیالیزمی ڕه‌خنه‌گرانه و ته‌نانه‌ت شۆڕشگێرانه‌یش. له فۆرمێکی هونه‌ریدا، بایه‌خ به چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی ده‌دات، خه‌باتی جووتیاران و کرێکاران به هێند وه‌رده‌گرێت و به گژ دابونه‌ریتی نامرۆڤانه‌دا ده‌چێته‌وه.
له چیرۆکی د. مارفدا، گرژییه‌ک هه‌یه که ئێمه‌ی خوێنه‌ر به نیگه‌رانی ڕاده‌گرێت و ناچارمان ده‌کات، دوای ڕووداوه‌که بکه‌وین، تا بزانین به کوێ ده‌گات. له چیرۆکی ئه‌ودا له ده‌نگی گێڕه‌ره‌وه‌دا، هۆشیارییه‌کی چڕ هه‌یه که باس له ته‌نیایی ئینسان ده‌کات. کێ له‌و کیژۆڵه‌یه ته‌نیاتره که گونده‌که‌یان کاول ده‌کرێت و که‌سوکاری ده‌کوژرێن؟ کێ له ئه‌ڵه‌مان کوردی ته‌نیاتره که له وڵاتێکی دواکه‌وتووی ژێرده‌سته‌دا، ئازار به ئاوه‌زی گه‌ییشتووه؟ کێ له‌وانه ته‌نیاتره که له سایه‌ی جه‌نگدا له برساندا ده‌مرن؟ کێ له قاره‌مانه‌کانی چیخۆف ته‌نیاتره؟ ببوورن گوتم قاره‌مان! یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی کورته‌چیرۆکی سه‌رکه‌وتوو، ئه‌وه‌یه (قاره‌مان)ی تێدا نه‌بێت، ئه‌وه نییه لای مۆپاسان، ژنێک که له ناچارییه‌وه سێکس ده‌فرۆشێت، لای تۆرگنێڤ، کۆیله، لای چیخۆف، کارمه‌ندێکی هه‌ژار، ده‌مرێت و که‌سێکی ده‌ست ناکه‌وێت، ڕازی خۆی بۆ بدرکێنێت و لای د. مارفیش، قوتابییه‌کی کڵۆڵه که له‌به‌ر ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رێکی دڵره‌قدا؟(5)
چیرۆکی کورت هه‌یه، هه‌ر له‌و شیعره ناسکانه ده‌چێت که ده‌که‌ونه خانه‌ی لیریکه‌وه و هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێکیان پێوه دیار نییه، هه‌یه له سه‌رگوتاری ئۆرگانی حیزبێکی نه‌ریتخوازه‌وه نزیکتره وه‌ک له ئه‌ده‌ب. به‌رهه‌می د. مارف نه له‌میان ده‌چێت و نه له‌ویان، ئاخر ئه‌و هه‌م ئازادی به کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌به‌خشێت و هه‌م پلانیش بۆ بونیاد و ڕه‌وتی کورته‌چیرۆکه‌کانی داده‌ڕێژێت. چیرۆک‌نووس هه‌یه که ده‌ست به نووسین ده‌کات، ده‌گاته جێیه‌ک بۆ خۆیشی سه‌رپرایزه، هه‌یشه پێشه‌کی چوارچێوه‌ی ته‌لاری چیرۆکه‌که‌ی ڕۆ ناوه، تووشی میوانی ناوه‌خت و ڕووداوی له‌ناکاو نا‌بێت. له نێوان ئه‌م دوو شێوازی نووسینه‌دا، د. مارف له دووه‌میانه‌وه نزیکتره.
شوێن لای د. خه‌زنه‌دار جێگه‌ی بایه‌خه، به‌ڵام شوێن به مانای شاری جه‌نجاڵ و باڵاخانه‌ی به‌رز نا، به‌و مانایه‌ی که له دیرۆکێکی ته‌ژی له ململانێ و ڕه‌سه‌نایه‌تی پێک هاتووه. له چیرۆکدا گرنگ ئه‌وه نییه، ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌ین، ڕووپه‌لێک بێت له دیرۆک، گرنگ ئه‌وه‌یه له ڕووداو بچێت. د. مارف نه ڕووداوی ڕاسته‌قینه ده‌نووسێته‌وه، نه مێژوو تۆمار ده‌کات، به‌ڵکوو ئیلهامیان لێ وه‌رده‌گرێت و ده‌یانکاته پاڵپشت بۆ چیرۆکه‌کانی. گێڕانه‌وه‌ی دیرۆک لای د. مارف زانست نییه، هونه‌ره، هونه‌ر به‌و مانایه‌ی کاتێک سه‌رگه‌رمی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێکی مێژوویییه، کاره‌کته‌ره‌کانی زاده‌ی خه‌یاڵن، وه‌ک له (بووکه‌شووشه)دا هه‌ستی پێ ده‌که‌ین و پێ ده‌چێت له‌و بواره‌دا، سوودیشی له ئه‌زموونی (واڵته‌ر سکۆت)ی ئینگلیز و (ئه‌لیکسه‌نده‌ر دۆماس)ی فه‌ره‌نسایی وه‌رگرتبێت. ڕه‌سه‌نایه‌تییش له کن ئه‌و، زاده‌ی به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌کی ڕاستگۆیانه‌ی کولتووری کورده‌وارییه، به لایه‌نه تاریک و ڕۆشنه‌کانییه‌وه. له چیرۆکیدا (سه‌فه‌ر)یش ئاماده‌یییه‌کی زۆری هه‌یه، ئیدی سه‌فه‌ری جووتیارێک بێت، له گوندێکه‌وه بۆ شار، وه‌ک له (ده‌روێش کاکه‌ڵڵا)دا وێنه‌ی کێشاوه، یان هی تێکۆشه‌رێک بێت، له به‌غداوه بێت بۆ هه‌ولێر، وه‌ک له (سه‌رینه‌بۆر)دا تۆماری کردووه، یان هی خوێندکارێک بێت له به‌رلینه‌وه بۆ مۆسکۆ، وه‌ک له (ئێوه قاره‌مانن)دا ژیانی پێ به‌خشیوه.
له (بووکه‌شووشه)دا، دوو چیرۆکبێژ هه‌یه: خودی نووسه‌ر که پشتی به بیۆگرافیای خۆی به‌ستووه و کچه‌ی هاوڕێشی که بیره‌وه‌رییه تاڵه‌کانی سه‌روه‌ختی دووه‌مین جه‌نگی دنیاگره‌وه‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه. ڕۆمانی کورت له بیستهه‌زار وشه‌یه‌ک پێک دێت، بووکه‌شووشه که درێژترین چیرۆکی د. مارفه، وه‌ک قه‌واره هێنده نییه که به ڕۆمانێکی کورتی له قه‌ڵه‌می بده‌ین. جیاوازییه‌کی دیکه‌ی نێوان چیرۆکی کورت و کورته‌ڕۆمان ئه‌وه‌یه، یه‌که‌میان باسی (ئه‌زموون)ێک و دووه‌میان باسی (ئه‌زمه)یه‌ک(***) ده‌کات، بووکه‌شووشه به‌م پێوانه‌یه‌یش، چونکه باسی ئه‌زموونی منداڵێکی له ترسی جه‌نگ هه‌ڵاتوو ده‌کات، هه‌ر ده‌که‌وێته خانه‌ی کورته‌چیرۆکه‌وه. (پیره‌مێرد و زه‌ریا)ی ئه‌رنست هه‌مه‌نگوای، له‌سه‌ر ئاستی دنیا، یه‌کێکه له کورته‌ڕۆمانه هه‌ر به‌ناوبانگه‌کان. کورته ڕۆمان چونکه سوود له ڕه‌گه‌زه‌کانی کورته‌چیرۆک و ڕۆمانیش وه‌رده‌گرێت، بۆیه خاوه‌نی جۆره شیعریبوونێکی تایبه‌ت به خۆیه‌تی.
به‌شێکی گرنگ له چیرۆکه‌کانی د. مارف به هه‌ق نموونه‌ی جوانی (ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاربوونه‌وه)ن، وه‌ک: بۆمبا و قوتابخانه، تفه‌نگ و ده‌مانچه‌ی شکاو. له یه‌که‌میاندا گوندێکی کوردستان خاپوور ده‌کرێت و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کوژرێن. له دووه‌میاندا سه‌روه‌ختی شۆڕشه، بۆ پێشمه‌رگه‌ی ماسی، هه‌م دێهات و هه‌م شار، ڕۆڵی ئاو ده‌بینن. لایه‌نی هه‌ره جوانی ئه‌و دوو چیرۆکه ئه‌وه‌یه، چیرۆک‌نووسی دووره‌وه‌ته‌ن، هێنده به سه‌ر بابه‌ته‌که‌یدا زاڵه، هه‌ر ده‌ڵێیت، له‌ناو ڕووداوه‌کانی شۆڕشدا ژیاوه و که‌سێکی وریا که به درێژایی شۆڕشی ئه‌یلوول پێشمه‌رگه بووبێت، غه‌فڵه‌تێک له‌و دوو چیرۆکه‌دا نابینێته‌وه.
له (خه‌نجه‌ر و قه‌ڵه‌م کامه‌یان؟)دا، خوێندکارێکی کورد خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینێت، زانکۆ له شاره‌کانی کوردستاندا هه‌بێت و له‌ژێر گوشاردا زانکۆی به‌غدا جێ ده‌هێڵێت و ده‌بێت به پێشمه‌رگه. له‌م چیرۆکه‌دا بۆ ڕسته‌ی شیعری بگه‌ڕێین نا‌ئومێد نابین: (زێی گه‌وره له‌به‌ر تیشکی زه‌رده‌ی خۆرئاوادا، وه‌کوو زنجیری زێڕ له‌ناو ته‌مومژدا ده‌له‌رییه‌وه.)(****) نێرگزفرۆش، وێڕای ئه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی فه‌رامۆش ناکات، چیرۆکێکه سه‌ر به ئه‌ده‌بی به‌رگری، پشتی به دیرۆک قایمه و ده‌مانباته‌وه بۆ کن به‌رده‌قاره‌مان که سیمبۆلێکه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه.(*****) له چیرۆکی (ئه‌مه‌یه ئه‌نجامی تاوانبار)دا، بۆ چاوترساندنی خه‌ڵک له ناوه‌ندی شاردا، ته‌رمی سێ پێشمه‌رگه فڕێ ده‌درێت. ئه‌وه جێی سه‌رنجه هه‌موو ئه‌و چیرۆکانه‌ی سه‌ر به ئه‌ده‌بی به‌رگرین، له‌دووره‌وڵاتی، له ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌ستی، سه‌ده‌ی ڕابردوودا نووسراون.
ڕه‌نگه هه‌ڵه نه‌بم، ئه‌گه‌ر بڵێم کورته‌چیرۆکنووس هاوزه‌مان پێویسته شاعیریش بێت، ئاخر پێویستی به‌وه‌یه توانای ڕاوکردنی چرکه‌ساته تیژتێپه‌ڕه‌کانی هه‌بێت، کورتبڕییه‌کی چڕ ڕه‌چاو بکات و تاقه وشه‌یه‌ک به خه‌سار نه‌دات. بووکه‌شووشه یه‌کێکه له‌و چیرۆکانه‌ی د. مارف که تێیدا هه‌ست به هه‌بوونی زمانێکی شیعری ده‌که‌ین: (شه‌پۆلی قژی درێژ له‌سه‌ر سینگه نه‌رمونۆڵه‌که‌ی شڵپوهوڕی بوو.) یان: (دڵۆپه ورده‌کانی ئاره‌قه، به شه‌وقی چراکه وه‌کوو مرواری ده‌دره‌وشانه‌وه.) نه‌ک له کورته‌چیرۆک ته‌نانه‌ت له ڕۆمانی کوردیش‌دا، به ده‌گمه‌ن تووشی ڕسته‌یه‌ک دێین، به درێژایی ته‌مه‌نمان له هه‌واری بیره‌وه‌ریماندا بمێنێته‌وه، ڕسته‌یه‌کی جوانی له چه‌شنی ئه‌مه‌ی دۆکتۆر مارف له‌سه‌ر زاری كچه‌ی قاره‌مانی بووکه‌شووشه‌وه ده‌یڵێت: (ئه‌گه‌ر به منداڵی مه‌شقی ڕۆییشتن نه‌که‌ین، ڕه‌نگه به درێژایی ژیانمان فێری ڕۆییشتن نه‌بین.) بووکه‌شووشه یه‌کێکه له‌و چیرۆکه ده‌گمه‌نانه‌ی که ده‌یخوێنینه‌وه، به جۆرێک دیلمان ده‌کات، به ته‌واوبوونی هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌که‌ین و پێمان خۆشه هه‌ر درێژه‌ی هه‌بێت.
د. مارف له بازنه‌ی گوند و پێوه‌ندییه فیودالییه‌کاندا گیری نه‌خواردووه، چیرۆکی هێناوه‌ته ناو جه‌رگه‌ی شاره‌وه و خه‌باتی نهێنیی تێکۆشه‌ران و خۆپیشاندانی خه‌ڵکی داوه‌ته به‌ر ڕووناکی. کاره‌کته‌ر لای ئه‌و هه‌ر پۆزه‌تیڤ نییه، ڕێ ده‌که‌وێت ته‌نانه‌ت که‌سانی خۆفرۆشیش بن، چیرۆکی (ئیشه‌که ناکا) کۆتایییه‌کی سه‌رنجڕاکێشی هه‌یه، کاتێک پۆلیسێک هه‌ست به ئازاری ویژدان ده‌کات و بڕیار ده‌دات، ده‌ستبه‌رداری ئیشه‌که‌ی ببێت. گۆڕانی کاره‌کته‌ر لای د. مارف، وه‌ک هه‌ڵتۆقینی قارچک له‌ناکاو ڕوو نادات، زه‌وینه‌ی بۆ خۆش ده‌کرێت و جێی باوه‌ڕی خوێنه‌ره، له چیرۆکی ئه‌ودا نه ڕێکه‌وت ڕۆڵی کاربڕ وازی ده‌کات، نه کۆتایی ده‌بێته مایه‌ی حه‌په‌سانی خوێنه‌ر. له (دایکێتی)دا، ئایشه‌خانی قاره‌مانی چیرۆکه‌که، دێته خه‌وی چیرۆکنووسه‌که‌وه، پێم وایه پێش د. مارف، هیچ چیرۆکنووسێکی دیکه‌ی کورد، بیری له‌وه نه‌کردووه‌ته‌وه که ده‌کرێت قاره‌مانی چیرۆک هه‌ست بکات غه‌دری لێ کراوه و خه‌و له چیرۆکنووسه‌که تاڵ بکات.
ئه‌وه جێی سه‌رنجه که لای د. خه‌زنه‌دار گه‌له‌ک جار گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان قوتابییه‌کی قۆناغی سه‌ره‌تایییه، که خودی نووسه‌ره و سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیه‌تی. که شوێنی ڕووداو هه‌ولێر ده‌بێت، کاره‌کته‌ره‌کان به دیالێکتی هه‌ولێر ده‌په‌یڤن، وه‌لێ گێڕانه‌وه به کوردییه، نه‌ک به شێوه‌زاری ناوچه‌یه‌ک. کاره‌کته‌رگه‌لی چیرۆکه‌کانی د. مارف سه‌ر به زۆربه‌ی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌وارین، ئیدی هه‌ر له ئاغا، مه‌لا، خه‌فیه، قوتابی، پێشمه‌رگه، خه‌باتگێڕی ناو شار، کارمه‌ندی میری و ده‌رۆزه‌که‌ره‌وه تا به چیرۆکنووسیش ده‌گات. گێڕه‌ره‌وه له (دڵ و نه‌ته‌وه)دا که کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی چیرۆکه‌که‌یشه، قوتابییه‌کی مێردمنداڵی هه‌ولێرییه، ده‌که‌وێته داوی عیشقی کیژۆڵه‌یه‌کی قه‌ڵاتییه‌وه و پشت به بیۆگرافیا ده‌به‌ستێت و خه‌یاڵی شاعیرانه‌ی نووسه‌ر، به‌رگێکی ڕۆمانتیکی به به‌ر چیرۆکه‌که‌دا کردووه. پێم وایه مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌وه‌ی بابی کیژۆڵه‌که له حه‌ج، که هێنده بایه‌خی پێ دراوه و وه‌ک چیرۆکێک وایه له ناو چیرۆکه‌که‌دا، پاژنه‌ی ئاخیلی ئه‌و چیرۆکه جوانه‌یه.
له ساڵی 1973 دا، دڵشاد مه‌ریوانی له نامیلکه‌یه‌کی چل لاپه‌ڕه‌ییی قه‌واره گچکه‌دا، که ناوی لێ ده‌نێت: (پێشوازیی خاوه‌نشکۆ و دوو چیرۆک‌نووس،)(6) هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ هه‌ردوو چیرۆکی (پێشوازیی خاوه‌نشکۆ)ی دۆکتۆر مارف خه‌زنه‌دار و (پێشوازی)ی (مه‌حه‌ممه‌د مه‌ولوود مه‌م) ده‌کات، ئه‌و دوو چیرۆکه هه‌مان ڕووداو، سه‌ردانی فه‌یسه‌ڵی دووه‌می پاشای عێراق بۆ هه‌ولێر، به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه. هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌ی مه‌ریوانی که له قازانجی چیرۆکه‌که‌ی خه‌زنه‌دار کۆتایی دێت، بریتییه له هه‌ندێک سه‌رنج و تێبینی سه‌رپێیی و ڕه‌نگه نه‌که‌ونه نێو خانه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه، ئاخر ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، مێژووی ئه‌ده‌ب، مێژووی فۆرمه ئه‌ده‌بییه‌کانه یان جیرار جێنییه گوته‌نی: دیرۆکی ئه‌ده‌ب، دیرۆکی کۆده ئه‌ده‌بییه‌کانه، ئه‌وا دڵشاد نه باس له فۆرمی ئه‌و دوو چیرۆکه ده‌کات، نه له هه‌وڵی لێکدانه‌وه‌ی هیچ کۆدێکدایه.
به پێچه‌وانه‌ی مه‌ریوانییه‌وه که به چیرۆکێکی سه‌رکه‌وتووی له قه‌ڵه‌م داوه، پێشوازیی خاوه‌نشکۆ له کن عه‌بدولسه‌مه‌د خانه‌قا (کارێکه هه‌ڵگری گه‌له‌ک خه‌وشه و ته‌ژییه له زێده‌ڕۆیی.)(7) یه‌کێک له خه‌وشه‌کانی ئه‌و چیرۆکه ڕه‌نگه ئه‌وه بێت که زێده‌ڕۆیی له خراپ نیشاندانی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌دا کراوه، ئاخر وه‌ک جه‌للادێکی سه‌رده‌می به‌عس، له‌وانه‌ی ئیشیان ئه‌شکه‌نجه‌دانی خه‌باتگێڕان بوو، وێنه‌ی کێشراوه. یه‌کێک له په‌یامه‌کانی ئه‌و چیرۆکه له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که: له هه‌ر شوێنێک مامۆستا له قوتابی بدات، له‌وێ شتێک نییه ناوی ئازادی یان دێمۆکراسی بێت. لایه‌نی هه‌ره جوانی ئه‌م چیرۆکه ئه‌وه‌یه، نووسه‌ر هونه‌رمه‌ندانه به ناخی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌یدا که خودی چیرۆکبێژه و قوتابییه‌کی دوا ساڵی سه‌ره‌تایییه، ڕۆ چووه و لێ گه‌ڕاوه خۆڕسکانه قسه‌ی دڵی خۆی بکات.
(عومه‌ر مه‌عرووف به‌رزنجی) پێی وایه، چیرۆکه‌کانی دۆکتۆر مارف خه‌زنه‌دار واقیعین، ژیانی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و که‌له‌پوووری نه‌ته‌وایه‌تی فه‌رامۆش ناکه‌ن، وه‌لێ له ڕوانگه‌ی ئه‌و باسکاره‌وه، وه‌سفی درێژ، لایه‌نی لاوازی هه‌ندێک له چیرۆکه‌کانی خه‌زنه‌داره، ئاخر چیرۆکی کورت له‌بری وه‌سفی درێژ، با وه‌سفه‌که هونه‌رمه‌ندانه‌یش بێت، هانا بۆ به چڕی نووسین و کورت‌بڕی ده‌بات.(8) خه‌وشی چیرۆکی ده‌روێش کاکه‌ڵڵا له کن به‌رزنجی ئه‌وه‌یه به وه‌سفێکی درێژ ده‌ستپێ ده‌کات، که‌چی خانه‌قا هه‌مان چیرۆک به نموونه‌یی له قه‌ڵه‌م ده‌دات و پێی وایه: (تابلۆیه‌کی هونه‌رییه و له‌سه‌ر عه‌رشی ڕه‌سه‌نایه‌تی ڕۆ نیشتووه.) له‌و چیرۆکه‌دا که نوستالژیایه بۆ ڕابردووی پاک و باسی پێوه‌ندیی نێوان گوند و شار ده‌کات، د. مارف شاره‌زایانه ناخی منداڵیشی خوێندووه‌ته‌وه.
له ڕوانگه‌ی (ڕه‌ئووف حه‌سه‌ن)ه‌وه زه‌مان له چیرۆکی (دڵداری قه‌ده‌غه نییه)ی د. مارف خه‌زنه‌داردا، درێژه، ئه‌وه‌یش له‌گه‌ڵ هونه‌ری کورته‌چیرۆکدا ناته‌بایه که پێویسته ڕووداوه‌کانی وه‌ختێکی کورتیان پێ بچێت.(9) ده‌شێت جوانترین لایه‌نی هونه‌ریی ئه‌و چیرۆکه، مه‌نه‌لۆگه‌که‌ی کاکه‌سوور بێت، ئه‌و وه‌خته‌ی چاوه‌ڕێی عه‌یشان ده‌کات و دیالۆگه‌کانیش هێنده لێزانانه داڕێژروان، ڕه‌نگه وشه‌یه‌کی زیادیان تێدا نه‌بێت و ته‌واو له قسه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانیش ده‌چن. د. خه‌زنه‌دار کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌م چیرۆکه‌ی له گۆڕاندا وێنه کێشاوه، گۆڕانێک که به هۆی هه‌لومه‌رجی نوێوه دێته ئاراوه و جێی بڕوای خوێنه‌ره. له هه‌ر چیرۆکێکی د. مارف ڕابمێنین، په‌یامێکی پێیه و شتێکمان پێ ده‌ڵێت، شتێک که به چیرۆک نه‌بێت، به هیچ ڕێگه‌یه‌کی دیکه ناگوترێت، ئاخر (چیرۆک ئامرازێکه بۆ گوتنی ئه‌و شتانه‌ی به شێوازی تر نایه‌نه گوتن.) بیری د. مارف هێنده فراوان و ئاسۆی به‌رده‌می هێنده ڕوون بووه، توانیه‌یه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری به ده‌م گۆڕان و گه‌شه‌کردنه‌وه، له چیرۆکه‌کانیدا جێ بکاته‌وه.
وه‌ک عه‌بدولسه‌مه‌د خانه‌قایش ئاماژه‌ی بۆ کردووه، ئه‌وه سه‌یر نییه که خه‌ڵکی ساکاری سه‌ر به گه‌لێکی بنده‌ستی بێ دۆست، دوژمنی دوژمنیان به دۆست بزانن.(10) بۆ ئه‌ڵه‌مان کوردی که که‌سایه‌تییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ک هه‌ر ساویلکه، ته‌نانه‌ت شێتۆکه‌یش بووه، ئاسایییه له دژی ئینگلیز، سه‌روه‌ختی دووه‌مین جه‌نگی جیهانگره‌وه، لایه‌نی ئه‌ڵمانیا بگرێت. ئه‌ڵه‌مان کوردی که له ئایاری 1960 دا نووسیویه‌تی و ده‌ستپێکی چیرۆکی د. مارفه و هه‌مان ناوی له یه‌که‌مین کۆچیرۆکیشی ناوه، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بووه. ئه‌و کاره هێنده هونه‌رییه، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌موو ڕه‌گه‌ز و مه‌رجه‌کانی چیرۆکی سه‌رکه‌وتووی تێدایه و ده‌شێت به مه‌به‌ستی فێربوونی چیرۆکنووسین، وه‌ک ده‌رس بخوێنرێت، له ڕاستی لام نه‌دابێت. ئه‌گه‌ر ئه‌ڵه‌مان کوردی خه‌وشێکی هونه‌ری تێدابێت، ئه‌وه‌یه نووسه‌ر له کۆتاییدا ده‌ڵێت: (نه ئه‌ڵه‌مان کوردی نازی بوو، نه خه‌ڵکه‌که، ته‌نیا ئه‌وه‌بوو ئینگلیزیان خۆش نه‌ده‌ویست.) بریا لێ گه‌ڕابا، خوێنه‌ر خۆی به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتبا.
د. مارف زه‌بروزه‌نگ و بابسالاری ده‌داته به‌ر ڕه‌خنه و ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که به هۆی جه‌نگه‌وه، تووشی ئینسان دێن و لێزانانه به‌رگی چیرۆک ده‌کاته به‌ر خه‌باتی نهێنیی ناو شار و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌یش که زێتر له شه‌ڕی پارتیزانیدا خۆی ده‌نوێنێت، فه‌رامۆش ناکات. خوێندن به زمانی کوردی، هێنده جێی بایه‌خی د. خه‌زنه‌داره، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێک جار ئه‌و بایه‌خپێدانه زۆره، به زیان له‌سه‌ر لایه‌نی هونه‌ریی چیرۆکی ده‌که‌وێت. (شیر دا لۆ داپیر دا) که چیرۆکێکی زۆر کورته و زه‌مان تێیدا ده‌یان ساڵه، زاده‌ی ژیاننامه‌ی نووسه‌ره، به ته‌کنیکی (فۆرمی من) نووسراوه و گێڕه‌ره‌وه وه‌ک شاگردێکی مارکس، خه‌ون به به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌وینه‌وه ده‌بینیت. د. مارف که ویستوویه‌تی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی بنووسێت، جێده‌ستی هه‌ر له هی مامۆستایه‌کی ئه‌و بواره ده‌چێت، وه‌ک به هه‌ردوو چیرۆکی: (کورد ته‌ڵاقی ناکه‌وێ) و (ئه‌حه که‌چه‌ڵ …)ه‌وه دیاره. له (جاشولکه‌که‌م)دا که سه‌رهه‌ڵدانی ئۆتۆمۆبیل کۆتایی به کاروان و کاروانچییه‌تی ده‌هێنێت، هه‌ر له‌وه ده‌چێت بۆ نووسینی ئه‌و کورته‌چیرۆکه‌ی، ئیلهامی له دۆن کیخۆته‌ی (سێرڤانتس)ه‌وه وه‌رگرتبێت.
د. مارف خه‌زنه‌دار هه‌رچه‌نده به پله‌ی یه‌که‌م باسکارێکی ئه‌کادیمیکه، به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌رک به به‌های بڵند و به ڕۆڵی کاریگه‌ری هونه‌ری گێڕانه‌وه ده‌کات و له‌و بواره‌یشدا خه‌زێنه‌یه‌کی ته‌ژی له (زێڕه‌چیرۆک)مان بۆ جێ ده‌هێڵێت، که به هه‌ق زایه‌ڵه‌ی هاواری خه‌ڵکی کوردستانه له پێناوی ئازادی‌دا و هه‌ڵگری په‌یامی قوربانییه‌کانی ده‌ستی چه‌وساندنه‌وه‌یه، په‌یامێک هانمان ده‌دات به گژ ئه‌وانه‌دا بچینه‌وه، که گه‌مه به ژیانی که‌سانی دیکه ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێی ترس و تۆقاندنه‌وه، وامان لێ بکه‌ن به پیرۆزیان بزانین.
2010. 12. 04
(1) د. مارف خه‌زنه‌دار، ئه‌ڵه‌مان کوردی، چاپخانه‌ی ئه‌سعه‌د 1969 به‌غدا.
(2) د. مارف خه‌زنه‌دار، بووکه‌شووشه، چاپخانه‌ی ئه‌سعه‌د 1969 به‌غدا.
(3) د. مارف خه‌زنه‌دار، به‌ره‌و ڕۆژ، کتێب‌فرۆشی سۆران، چاپخانه‌ی سیما 2006 سلێمانی.
(4) د. عبدالعزیز السبیل، مفهوم القصة القصیرة بین أراء النقاد و رؤی المبدعین.
(5) أنی إنرایت، القصة القصیرة الإیرلندیه فی العصر الحدیث، ترجمة: سامیة العطوط.
(6) دڵشاد مه‌ریوانی، پێشوازیی خاوه‌نشکۆ و دوو چیرۆک‌نووس، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین 1973 سلێمانی.
(7) عبدالصمد خانقاه، مجموعة أقاصیص کردیة لمعروف خزندار، ص 78 _ 93 الثقافة الجدیدة، عدد 14 حزیران 1970 بغداد.
(8) عومه‌ر مه‌عرووف به‌رزنجی، لێکۆڵینه‌وه و بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی (1925 _ 1969) لاپه‌ڕه‌کانی 146 تا 148 چاپخانه‌ی کۆڕی زانیاری کورد 1978 به‌غدا.
(9) ڕه‌ئووف حه‌سه‌ن، کرێکار و چیرۆکی کوردی، ل52 چاپخانه‌ی عه‌لاء 1982 به‌غدا.
(10) عبدالصمد خانقاه، مجموعة أقاصیص کردیة لمعروف خزندار، ص 78 _ 93 الثقافة الجدیدة، عدد 14 حزیران 1970 بغداد.
(*) له پێناوی دڵپاکیدا که د. مارف له 4ی نۆڤه‌مبه‌ری 1952دا نووسیویه‌تی و له کۆچیرۆکی به‌ره‌و ڕۆژدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه، زێتر له په‌خشانێکی هونه‌ری ده‌چێت وه‌ک له کورته‌چیرۆک، باس له بولبولێک ده‌کات که له پێناوی ژیاندنه‌وه‌ی گوڵێکدا، گیانی خۆی ده‌به‌خشێت.
(**) ڕه‌نگه د. مارف له ناوه‌ڕۆکی (ئه‌ڵه‌مان کوردی جارێکی تر زیندوو ده‌بێته‌وه،) په‌شیمان بووبێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا سه‌روه‌ختی کۆکردنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانی له دووتوێی به‌رگێکدا، ئه‌و چیرۆکه‌ی فه‌رامۆش نه‌ده‌کرد. د. مارف خه‌زنه‌دار، ئه‌ڵه‌مان کوردی جارێکی تر زیندوو ده‌بێته‌وه، لاپه‌ڕه‌کانی 75 تا 80 ی چیرۆکی هه‌ڵبژارده‌ی ڕۆژی کوردستان 1976 به‌غدا. وێڕای ئه‌و چیرۆکانه‌ی ئاماژه‌م بۆ کردن، د. مارف خه‌زنه‌دار چیرۆكێکی دیکه‌ی هه‌یه، ناوی لێ ناوه، سڤێتلانه، که له دووی کانوونی یه‌که‌می 1967 دا له لینینگراد نووسیویه‌تی و بۆ یه‌که‌م جار 5/ 6/ 2009 له (ڕامان)ی ژماره (145)دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه. تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م چیرۆکه‌ی به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی دیکه‌یدا، له‌م خاڵانه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه: کاره‌کته‌ره‌کان خه‌ڵکی ڕووسیان، ڕووداوه‌کان له‌وێ ڕوویان داوه و هیچ هێمایه‌کیش بۆ ئه‌وه نییه، نووسه‌ره‌که‌ی کورد بێت. سڤێتلانه که ناوی ژنێکی جوانه و به مانای ڕووناک دێت، چ وه‌ک سه‌ره‌تا، چ وه‌ک گه‌شه‌سه‌ندنی ڕووداوه‌کان و چ وه‌ک کۆتایی، یه‌کێکه له چیرۆکه هه‌ره جوانه‌کانی نووسه‌ر. (نه‌مزانیبوو، د. مارف ئه‌م چیرۆکه‌یشی هه‌یه، سوپاس بۆ کاک سه‌باح ڕه‌نجده‌ر که دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی باسه‌که‌م، ئاگاداری کردمه‌وه.)
(***) crisisته‌نگانه :
(****) به شه‌و چه‌می گه‌وهه‌ربه‌ندی پشتوێنت
لێم ئه‌بێته ئاوێنه‌ی باڵانوێنت. شیعری مۆسکۆی جوان، دیوانی گۆران، ل304 کۆڕی زانیاری کورد 1980 به‌غدا.
(*****) که شێخ مه‌حموودی حه‌فید (1881 _ 1956) له ده‌ربه‌ندی بازیان، له 9 ی حوزه‌یرانی 1919 دا، ڕێ له له‌شکری ئینگلیز ده‌گرێت، له پاڵ گاشه‌به‌ردێکدا به برینداری به دیل ده‌گیرێت، ئیدی ئه‌و به‌رده ناوی وه‌ک به‌رده‌قاره‌مان، ده‌چێته نێو دیرۆکی کورده‌وه.