خهیاڵ بەدەم ڕێگاوە … توانا ئەمین
بەدەم ڕێگاوە، كە دەچووم بۆ ئۆفیسی کارهکهم له(پهیک)، لە خەیاڵمدابوو ئەو جێگایەی كە ئێستا پڕكراوەتەوە، بەتاڵە… سەیری بڕێك لەو بابەتانم كرد كە چەند هەفتەیەكە خۆمیان لێدەدزمەوە، هیچیان هی ئەوە نەبوون ئاوی دڵم بدەن و ئەم جێگایەیان پێ ڕەوا بفەرمووین… ناچار هەندێ سەرەقەڵەم كە نوسیبووم و بڵاو نەبووبووەوە لەگەڵ چەند ئایدیایەكی بچووكی نوێدا دام لەیەك و ئەم وتارە كورتەی بەردەستتانی لێ پێكهات، هەر خوێنەرێكیش بە دڵی نەبوو گلەیی خۆی بنێرێت.
***
باوەڕێكم هەیە لەوەی ئێمە هەموومان لەم شارە تەنگانەدا دەبێت شتێك هەبێت بمانخڵافێنێت، بە خۆیەوە قاڵمان بكات، ئەگەر نا ڕۆژێك لەپڕ زرمە دەكەین و سێ چوار نەفەری گێژووێژی دەوروبەری خۆمان دەبەین بە ئاسماندا… بۆ من لەگەڵ ژیانی تەنیایی شتێكە لەو بابەتە؛ بازیچەیەكە لە وێنەی تۆپێكی فشەوەبوو، بووكێكی بێ ڕۆح، سەیارەیەكی باغە… یاریی پێ دەكەم، كە تاقەتیشم لێی دەچێ، لە دوورەوە سەیری ئەو و خۆشم دەكەم، ڕێك وەكو ئەو وەرەقەی “بیستویەك”ە دێتە بەرچاوم، كە نازانرێت خاوەنەكەی یاریی بەو دەكات، یان ئەو بە خاوەنەكەی…
هاوڕێكانم جاربەجار گلەییەك وەك بزمار بە سەرمدا دەچەقێنن؛ “ئەو هەموو ڕەشبینییە چییە؟!” من سەرم سووڕدەمێنێت، پرسیاری سادە دەكەم و وەڵامی گەورە ڕازیم دەكات؛ ئینسان چۆن دەتوانێت ئەو هەموو ناعەدالەتییە لەسەر ئەم زەمینی خوایە ببینێت و “گەشبین”یش بێت، چۆن دەتوانێت مردنی منداڵێك بە دەم ئازارەوە و گیاندەرچوونی ببینێت و ”گەشبین”یش بێت، چۆن دەتوانێت دوا ئیفادەی كچێكی سووتاو ببیستێت، كە دەڵێت «ئەمجارەش چاكببمەوە و هەستێمەوە، خۆم دەكەمەوە بە قەرەبرووت…!» چۆن دەتوانێت هەڕەشەی شەڕی “ئەتۆم” بەسەریدا بێ و بڕوات و “گەشبین”یش بێت، بونیام چۆن دەتوانێت بەرگەی ئەو هەموو ئەحـمەقییەی دنیا بگرێت و “گەشبین”یش بێت، چۆن دەتوانێت بە بەرچاوی خۆیەوە نزیكترین دۆستەكانی لە دڵییەوە، بمرن و ئەم نەتوانێت هیچیان بۆ بكات و “گەشبین”یش بێت.
لە ڕاستیدا، دیدی غەمگینان بۆ دنیا، دیدێكە كە هەڵبژاردە نییە، كەس ئەم هەموو مەلوولییە لە كۆڵ خۆی نانێت، شۆپنهاوێر واتهنیی “ئهمه خراپترین دونیایهکه که دهبێ ههبێ”. له دونیایهکی ئاوهادا غەمگینیی شتێكە لەنێو ئینساندا، دەنگێكە لە وجوودیدا… لە وتارێكی كورتی ئەم ساڵانەدا نووسیبووم؛ غەمگینیی تاریكیی نییە، نـــا، تەواو بە پێچەوانەوە، غەمگینیی شتێكە لە ئیشراق، تێكەڵەیەكە لە نوور، مەقامێكی ڕۆحییە، كە پێگەیشتنی ئاسان نییە، ئینسان عومرێك ڕەنج و زەحمەتی دەوێت، تا دەتوانێت كۆمەك لەم پاژە گەورە و قووڵەی ناو وجوودی خۆی وەردەگرێت…
هیوادارم ئەم بارە ڕۆحییە ناو نووسین شۆڕبووبێتەوە. ئەگەر وابوو، ئەمە شتێك نییە بە خواستی نووسەر، بەڵكو شتێكە جەبرێك فەرزی دەكات؛ جەبری زبری دنیا… نووسین خۆی هەوڵی هەڵاتنە لەو بارە، بەڵام هەوڵێكی شكستە، وێنەی بە داوەبوونی مێروویەك لە تەونی جاڵجاڵۆكەدا، ئەو چەند خۆی ڕاپسكێنێت و خەیاڵی دەربازبوون لنگەفرتێی پێ بكات، ئەوەندە زیاتر تاڵی تەونەكە لە خۆیەوە دەپێچێت… نووسینیش هەر وایە؛ شتێكە وەك قوم… وەك لیتەیەكی خەست، چەند تۆ كاتی تێدا بەفیڕۆ بدەیت، ئەو، ئەوەندە زیاتر تۆ هەڵدەلوشێت… چاری ئەوەڵ و ئاخیرت ئەوەیە لێی بێیتە دەرێ، بەڵام تازە كێ ئەمەلی هاتنەدەرەوەی لە لیتەیەك لێ دەكرێت، كە هاتبێتە قوڕقوڕاگەی…! بەداخەوە، ئیتر درەنگە…
***
لە نووسینی ئەو نەوە نوێیەو منیشدا “تەنیایی” تێمایەکی سێنتراڵه، لهڕاستیدا ئهوهی مهسیح لهسهر خاچهکهی گوتبووی؛ “باوکه.. بۆ بهجێتهێشتم؟” شتێکی تازه نهبوو، بهڵام ئهوهی هێزێک لهسهرهوه ناچاربکات گوێێ لێبگرێ و حهیقهتێکی تاڵ و قورس بدات بهڕوویدا ئهوه “دووڕی یهتیم”ی ڕستهکه بوو، که ئێستاش دوای دووههزار ساڵ مرۆڤ نازانێ سهر بۆ ئاسمان یا بۆ زهوی شۆڕبکات و با کامه شت و کامه هێز بڵی ئـــــــاخر بــــــــۆ بهجێتهێشتم…؟!
بە باوەڕی چكۆلانەی من، تەنیایی تۆ، وەڵامی تۆیە بۆ ژیان، ئیدی تۆ دەیكەیت بە نووسین، یەكێكی دی دەیكات بە خۆتەقاندنەوە، بەڵام هەردووكتان لەوەدا هاوبەشن، كە تووڕەن لە دنیا، كە غەمگینن… مێژووی فەلسەفە لە سۆفیستاییەكانەوە تا سەر “ڤاتیمۆ” و “ژیژەك” بخوێنەرەوە، تێدەگەیت كە مرۆڤایەتیی قەرزاری پیاوە غەمگینەكانی خۆیەتی… باوەڕم وایە هەركەس لە ئێمە كە تەشریف دێنێتە ئەم دنیا خراپەوە، خاچی خۆشی لەگەڵ خۆی دەهێنێت، من سی ساڵێكە بە شانمەوەیە، نازانم ئاخۆ كەی ڕۆژێ ئەو بارە دەخەم و ئینجا من دەچمە شانی…
باسەكە بۆ ژیانی تایبەتیی شتێكی ترە… نازانم! بۆمن ئەوەندە شتێكی خۆش نییە، مەحوی وتەنی “سێبەری لێ بارە هەركەس مەیلی تەنیایی دەكا”، تەنیایی لەسەر كاغەز و تەنیایی لە ژیانی تایبەتییدا دووشتی جیاوازن… دووتەنیایین كە چارەی یەكتریان ناوێت، كارەكە سەختە، تۆ تووشی ئەم ئایرۆنییە دەبیت؛ لەمەی دووەمیاندا پێوەندیی یەك دنیا گرێبەستی كۆمەڵایەتییت، لێ لەسەر كاغەز، خۆتی. ئەو كاتەشی لای تۆ نووسین دەبێت بە شەڕی بێ حورمەتیی، ئیتر ئەم ئایرۆنییە دەتەقێت… شەڕێكی ئاوا خاڵی نابێت لە موفرەدە و دەستەواژەی نائەدەبیی (بەو پێوەرەی تا بە حاڵ ئێمە لە “دەستەواژی ئەدەبیی” حاڵیبووین)، تا دەگات بە جوێن و قسەی بازاڕییش… من كە ئەمە دەڵێم، لایەنگری ئەو ڕەوتە نیم كە لە دنیادا پێی دەوترێت (ئەدەبیاتی پۆخڵ). بڕوانە “لۆدیڤ شانسكا”ی شاعیری بولگاریی، لە شیعرێكدا تێكەڵەیەك لە تانە و تەنز بۆ كچەهاوڕێكەی دەنووسێت «جگە لەوەی ئەندامی نێرینەم بخمە زەرفی نامەیەكەوە… چیتر پێویست دەكا بۆت بنێرم؟ تا خۆشەویستیم سەری گومانت بخوا…»! دەبینی شەڕەكە وا دەخوازێت و سەرنج بدە دواییش ئەم پەرتییە، ئەم پچڕپچڕییە، ئەم ناشوێن و نائاراستەییە، ئەم نابەردەوامیی و هەڕەمەكگەراییە… تا دەگات بەم دژەخودێتییە و لە ناویشیاندا بە ئامادەیی بەردەوامی تەنیاییەوە، لە تایبەتمەندییە سەرەتاییەكانی ئەدەبی پۆستمۆدێرنن… چوون بەبڕوای من ئینسانی تازە ناتوانێت وەك چۆن شەكسپیر لە سەدەی شانزەدا سەیری خۆشەویستی كردووە، ئێستا بێت لە تویتەر و فەیسبووكدا ئاوا بیر لە ڕۆمێو و جولێت-بوون بكاتەوە… نــــا، دڵنیام شەڕی ئەم هەموو ناشیرینییەی دنیا بە موحتەرەمی ناكرێت… جارێك كچێكی باش و میهرەبانی هاوڕێم، كۆمێنتێكی لەسەر تێكستێكم دابوو، كە كارەكەی زۆر پێ جوان و لەبەر دڵ بووە، بەڵام نەدەبا دەستەواژەی “سانتی پیس” بەكاربهێنم… دڵگران بووم، بۆم نووسیی: خانم، من دەتوانم لەسەر شەقام، لە كافێ و ئۆفیس و لەناو میترۆدا، كوڕێكی موحتەرەم بم، بەڵام لە نووسیندا هەرگیز ئەو خیانەتەم لە خۆم پێ ناكرێت… نووسین شەڕی ڕاستەقینەی ئینسانە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خوداش.
***
ئەوەی نووسەر دەبێت خاوەنی بێت، ئەوە نییە لە تێكستەكانی بچێت، لەهەر سوچێكی ئەم دنیایە سەرنج بدەیت، نووسەر و كارەكەی یەك شت نین، بەدەگمەن ئارسەر ڕامبۆ و جان دەمۆ و حەمە عومەر عوسمان-ێك دەبینیت خۆیان دروست پیاوی تێكستەكانی خۆیان بن. وەزیفەی نووسەر ئەوە نییە ببێت بە كاراكتەری چیرۆكێكی خۆی، بەڵكو ئەوەیە ڕاستگۆبێت لەگەڵ تەواوی ئایدیا گشتییەكانی پشتی نووسینەكەیدا… نەك بەتەنها نووسەر و خوێنەر، تەواوی كاراكتەری كۆمەڵایەتیی ئێمە، پشكێكی لەم پارادۆكسە بەركەوتووە… من ڕۆژێك لێرە لەناو تاكسییدا بووم، لەپڕ هەستم كرد لە شانۆیەكدام هەمووی ماسكە، دەبێت عومرێك خەسار بكەیت تا دەتوانیت ئەم هەموو ماسكە لەسەری ئەم هەموو خەڵكە داكەنیت! دواییش بیرتدەكەوێتەوە ئەمە ئیشی تۆ نییە، وەهمێكی گەورەیە لات وابێت كتێب دنیا دەگۆڕێت، بەتایبەت دنیای نوێ، ئاشێكی نەزانە كە لە چاپە “نیچە”ییەكدا خوداش دەستبەرداری بووە…