Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
گۆڕانێكی نه‌گۆڕاو، چی رۆشت‌و چی مایه‌وه‌؟

گۆڕانێكی نه‌گۆڕاو، چی رۆشت‌و چی مایه‌وه‌؟

Closed
by August 11, 2011 گشتی

من به‌ته‌واوی هاوڕای ئه‌وه‌م، كه‌ دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ پانتایی سیاسه‌تی كوردستاندا، بۆ خۆی روداوێكی سیاسی دیار‌و كاریگه‌ربووه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ مۆركی خۆی له‌سه‌ر چه‌ندان ره‌وتی سیاسی تر داناوه‌‌و بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش ئیلهام به‌خشی كاركردن‌و بیركردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی فراوانی هاونیشتمانیانی ئێمه‌ بوو، بۆ جیلێكی دیاریكراویش سه‌ره‌تای كاری سیاسی بووه‌‌و بۆ نه‌وه‌یه‌كی گه‌نجیش گه‌رمیبه‌خشێكی به‌ به‌ها بووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ رووی مێژوویشه‌وه‌ گۆڕان هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌توانین بڵێین، كه‌ لانیكه‌م دیارده‌یه‌كی سیاسی هاوشێوه‌ی دروستبوونی چه‌ندان پارت‌و بزووتنه‌وه‌ی وه‌ك پارتی، جه‌لالیه‌كان، دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌‌و یه‌كێتی، ئاڵای شۆڕش‌و له‌ جۆری ئه‌وانه‌ بووه‌، كه‌ له‌نێویاندا هه‌ندێكیان بوونه‌ هێز‌و میحوه‌ری سیاسه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ندێكیشیان خرانه‌ ئه‌رشیفه‌وه‌‌و ناوبردنشیان قۆناغێكی دیاریكراومان بیر ده‌خه‌نه‌وه‌‌و بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر ئێمه‌ مابێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌و دیارده‌ سیاسی‌و رێكخراوه‌ییانه‌ی ناویانبرا، جیا ده‌كاته‌وه‌، چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كییه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌هه‌مان راده‌ بۆ ئه‌وان مه‌یسه‌ر نه‌بووبێت‌و له‌ سه‌رده‌مێكی جیاوازدا فرسه‌تی بوونیان هه‌بووبێت. گۆڕان وه‌ك په‌رچه‌كردارێك به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی سه‌ریهه‌ڵدا، میحوه‌ری خۆناساندنه‌كه‌ی له‌ناوبردنی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بووه‌ كه‌ به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ دروست بووه‌‌و گۆڕانكاری له‌ ژیان خستۆته‌ جێگای ئه‌و ئازادییه‌ی هێزه‌كانی تر وه‌ك مژده‌یه‌ك داویانه‌ به‌ خه‌ڵك، جیا له‌وانه‌یش گۆڕان له‌ قۆناغێكی تایبه‌تی وه‌های كوردستان دروستبووه‌ كه‌ جیا له‌ بوونی چه‌ندان زانكۆ‌و په‌یمانگا‌و رێكخراوی ناحكومی‌و لێشاوێك له‌ میدیا‌و ناوه‌ندی رۆشنبیری هه‌بووه‌، كه‌ ده‌كرێت له‌ماوه‌ی یه‌ك سه‌عاتدا مه‌به‌ست‌و ئامانجی خۆی به‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵك بگه‌به‌نێت‌و هێز بگرێت…
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ده‌بێت ئه‌وه‌یشی بۆ زیاد بكه‌ین، كه‌ پێش ئه‌وه‌ی گۆڕان دروست بێت، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی به‌هێز له‌ناو شاره‌كاندا هه‌بووه‌، كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كادێرانی سه‌ره‌كی ئه‌مڕۆی گۆڕان ئه‌ركی سه‌ركوتی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو.
ئێستا ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌چاوی دوو ساڵی رابردوویدا هه‌ڵبسه‌نگێنین، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ردوو رێگاكانی كاری په‌رله‌مانی‌و كاری سه‌ر شه‌قامه‌كان ئه‌زموونكرا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆڕان له‌ هیچ یه‌ك له‌و دوو رێگایانه‌دا نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت. له‌ئاستی په‌رله‌ماندا، جیا له‌وه‌ی كه‌ هه‌رایه‌كی په‌رله‌مانی دروستبووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیووه‌ یه‌ك یاسایش به‌ قازانجی خه‌ڵك یه‌كلایی بكاته‌وه‌، سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی گۆڕان له‌ په‌رله‌ماندا زیاتر هه‌رایه‌كی ناو كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌. ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك چاوی بڕیبووه‌ كاری په‌رله‌مانی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌متریش پشتیوانی شه‌قامیان بۆ كاری فراكسیۆنه‌كه‌یان دروست نه‌ده‌كرد‌و ئه‌و كاته‌ش شه‌قامه‌كان جمه‌یان ده‌هات له‌ خه‌ڵك، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی گۆڕان بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانیان ده‌كرد‌و له‌بری ئه‌وه‌ی له‌مه‌یدانی ئازادی شیعریان ده‌خوێنده‌وه‌ . ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ده‌رده‌خست كه‌ گۆڕان‌و سه‌رجه‌م پۆزیسیۆنیش 49% ی په‌رله‌مانیشیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووبێت ناتوانن هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ یاساكان‌و لێپرسینه‌وه‌كاندا بكه‌ن‌و ئه‌و كاته‌یش ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی شاره‌كانیش بكه‌وتناته‌یه‌ ناو خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌وه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان نه‌یده‌توانی هیچ زیاده‌یه‌ك بخاته‌ سه‌ر بارودۆخه‌كه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌نه‌ دیاره‌ ده‌ره‌كییه‌كه‌ی گۆڕان (له‌كاتێكدا كه‌ ئێمه‌ ناتوانین دیوی ناوه‌وه‌ی ببینین) ئه‌و دوو دیارده‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كرا، پێوانه‌ بێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌، ، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شێوه‌ی كاری گۆڕان ئاراسته‌یه‌كی به‌ره‌و لاوازی وه‌رگرتووه‌‌و هاوتای ئه‌و حه‌ماسه‌یه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ 25/7 دا ژماره‌یه‌كی فراوانی خه‌ڵك بۆ ده‌ربڕیوه‌.
له‌رووی كاركردنی ته‌شكیلاتییه‌وه‌، گۆڕان له‌ قه‌ره‌باڵخییه‌كی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ بۆ جۆرێك له‌ رێكخراوه‌یی ته‌شكیلاتی رۆیشتووه‌. ئه‌و گردبوونه‌وه‌به‌ی له‌ده‌وری گۆڕان دروست ببوو به‌تێپه‌ڕبوونی كات گۆڕا بۆ بازنه‌كان‌و له‌ غیابی سه‌ركردایه‌تیشدا ته‌نیا كه‌سێَك سه‌رچاوه‌ی بیركردنه‌وه‌‌و بڕیاردان بووه‌‌و لێره‌ به‌ دواوه‌ سیفه‌تی حزبی بوون جێگای به‌ سیفه‌تی بزووتنه‌وه‌یی بوون لێژكرد‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و رایه‌ی كه‌ رووداوه‌كان به‌ پێوانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دیاریكراوه‌كانی خۆیان لێكبده‌ته‌وه‌، واتا به‌هه‌مان ئه‌و پێوانانه‌ی كه‌ پارتی‌و یه‌كێتی هه‌یانه‌، بێ‌ شاردنه‌وه‌یش رایانده‌گه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ شێوازه‌ ئاسییه‌كه‌ی سیاسه‌تی ماكیاڤیلانه‌یه‌.
له‌رووی راگه‌یاندنیشه‌وه‌، ده‌توانین ئه‌و ئاماژانه‌ به‌ رووی ببینین كه‌ چۆن راگه‌یاندنێكی هه‌واڵسازیانه‌ ده‌گۆڕێت بۆ راگه‌یاندنێكی حزبی‌و چۆن لیستی ره‌ش‌و لیستی بایكۆتكراو بۆ كه‌سانێك دروست ده‌كرێت كه‌ گومانی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر بێت هاوشێوه‌ی گۆڕان بیرنه‌كه‌نه‌وه‌‌و كار نه‌كه‌ن. له‌م لایه‌نه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ روونی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا پێڕه‌و كرا، كه‌ده‌ستیان به‌هێشتنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ گرتبوو، له‌ لیستی هه‌واڵ‌و ریپۆرتاژه‌كانیشدا خه‌تی سور به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا ده‌هێنرێت كه‌ نابێت له‌ كه‌ناڵه‌كانی ئه‌و حزبه‌وه‌ ناویان بهێنرێت، واتا هه‌مان ئه‌و شتانه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ حزبی دایكدا ساڵانێكی دوورودرێژ كاریان له‌سه‌ر كردووه‌، بۆ كه‌ناڵه‌كانی ئه‌وان كه‌مپینی دوو كه‌سی‌و سێ‌ كه‌سی ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كان‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی 400 كه‌سی له‌ بارودۆخێكی ئه‌منی‌و سه‌ركوتی وه‌ك سلێمانی به‌ هه‌ند وه‌رناگرن بۆ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌نجومه‌نێك یان كه‌سێك نه‌به‌ن.
گۆڕان له‌ سه‌ره‌تادا‌و به‌ پشتیوانی راگه‌یاندنه‌كه‌ی، بووه‌ته‌ جێگای ئومێدێكی گه‌وره‌ بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، به‌ڵام له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، وه‌ك سه‌رجه‌م دیارده‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان، قسه‌ له‌لایه‌ك كه‌وت‌و كردار به‌ لایه‌كی تردا رۆیشتووه‌، ئێستا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ سیما سه‌ره‌كییه‌كانی حزبێكی وه‌رگرتووه‌. رۆژگارێك ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ باسی له‌ نه‌مانی گه‌نده‌ڵی ده‌كرد، به‌ڵام كه‌یسی گه‌نده‌ڵی كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌ پارێزگای سلێمانیدا تا ئێستا به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌، باسی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام گه‌وره‌ترین سۆپه‌رماركێت له‌سه‌ر پانتایی‌و قه‌ڵمڕه‌وی ئه‌ودا دروست كراوه‌‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه‌ ده‌وترا گه‌نجه‌كان رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، ئێستا كۆمه‌ڵێك خاوه‌ن سه‌رمایه‌‌و پاره‌دار قورساییه‌كانی ناوه‌ندی بڕیاردانیان خستۆته‌ ژێر كاریگه‌ری خۆیان‌و ئه‌وانی تر كه‌ هیچ قورسیاییه‌كی وه‌هایان نییه‌، به‌گاڵته‌وه‌ پێیان ده‌وترێت “بێكاره‌كانی گرده‌كه‌”. ئێستا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ كادێر‌و رۆشنبیره‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كات، كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی موڵكی گشتی ناگێڕێته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌ویش گرده‌كه‌ لای خۆی گل بداته‌وه‌‌و به‌م شێوه‌یه‌ ناشیرینترین دیمه‌نی ئه‌و دزانه‌مان بۆ نمایش ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ماڵ‌و موڵكی خاوه‌نماڵ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی یه‌كتر ده‌بن، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ هه‌میشه‌ باس له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌و سه‌روه‌رێتی نیشتمانی ده‌كات ئێستا ئاماده‌یه‌ به‌ ناوبژی ده‌وڵه‌تانی چوارده‌ور له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دابنیشێت، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ باس له‌ ماف‌و داواكاری ده‌كات، رۆژێك به‌ شه‌قام ده‌ڵێت ئاژاوه‌چی‌و رۆژێكی تریش پێیان ده‌ڵێت نوێنه‌رایه‌تیتان ده‌كه‌ین. له‌بێ‌ ئاسۆیدایه‌ كه‌نه‌خشه‌داڕێژه‌رانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌نرخی رۆژ نان ده‌خۆن‌و باش‌و خراپ به‌ ته‌رازووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ خۆییه‌كان پێوانه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه‌ به‌ ئومێدی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ 25 ئه‌ندامی گه‌یانده‌ په‌رله‌مان، ئێستا ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان سه‌رقاڵی رۆژ ژماردنن تا ته‌مه‌نی ئه‌ندامبوونیان شمولی خانه‌نشینی بكات، یان له‌دوای كۆتایی ده‌وره‌ی ئه‌ندامێتیان بوجه‌یه‌كی زۆر‌و ژماره‌یه‌ك حیمایه‌یان به‌دواوه‌ بێت. زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌شیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دۆڕان، یه‌ك به‌دوای یه‌ك كه‌وتنه‌ سه‌ركۆنه‌ی لیسته‌كه‌ی خۆیان‌و به‌ بزه‌وه‌ باسیان له‌ كۆتایی گۆڕان ده‌كرد، له‌و حاڵه‌تانه‌دا به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وت چۆن نوێنه‌رایه‌تی گۆڕان كه‌وتبووه‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێك كه‌سی به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست‌و له‌یه‌كه‌م شكستیشیاندا پشتیان له‌خۆیان‌و به‌ڵێن‌و بزووتنه‌وه‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌ژێر ناوی گۆڕان‌و گۆڕانخوازیدا ده‌چوو به‌ڕێوه‌.
گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌ك بۆ گۆڕانكاری كۆتایی پێهات، ئێستا قه‌واره‌یه‌كه‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كۆنه‌ سیاسییه‌كانی ناو یه‌كێتین كه‌ چاوه‌ڕوانی مردنی تاڵه‌بانی ده‌كه‌ن تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حزبی دایك‌و به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك پاره‌داره‌وه‌ن كه‌ به‌هۆی گۆڕانه‌وه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند بوون‌و بوارێكی زۆری ئابوورییان بۆ خرابووه‌ سه‌ر پشت، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌ پێكهاتێكه‌ له‌ قاڵبی حزبێكی ته‌قلیدیدا. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزیش بمێنێته‌وه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌ره‌و شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌كانی كاری حزبایه‌تی بڕوات‌و ئیتر بۆ داپۆشینی شێوازی نه‌خوازراوی كاره‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت ده‌رسی ژماره‌یه‌ك كادێر دابدات تا پاكانه‌ی بۆ بكه‌ن‌و سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌ی حه‌كیم بناسێنن‌و له‌و لایشه‌وه‌ به‌هۆی وشه‌ به‌تاڵه‌كانی وه‌ك هاوپه‌یمانی‌و گۆڕانكاری‌و دابن‌و نه‌ریتی كورده‌وارییه‌وه‌ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و ره‌خنانه‌ی به‌ره‌و روویان ده‌كرێت بده‌نه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا، كۆتاییه‌كان تراژیدین، شكستی گۆڕان وه‌ك جوڵه‌یه‌كی ره‌خنه‌گر، كاریگه‌رییه‌كی خراپ له‌سه‌ر پانتایی سیاسه‌ت‌و گیانی ره‌خنه‌گرانه‌ی كۆمه‌ڵگا داده‌نێت، بۆشاییه‌ك دروست ده‌كات كه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م پارتی‌و به‌ پله‌ی دووه‌م ئیسلامییه‌كان قازانجی لێده‌كه‌ن‌و هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌یش مایه‌ی مه‌ترسییه‌. به‌دڵناییه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵات كۆتایی پێدێت‌و زیانلێكه‌ووتوویی سه‌ره‌كیش ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌یه‌ كه‌ ده‌مێك ساڵه‌ له‌ شاروشارۆچكه‌كانی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌ڵام بێ‌ ئاسۆ، بێ‌ به‌رنامه‌‌و په‌رته‌وازه‌یه‌‌و هه‌ر جاره‌ی شه‌پۆلێك له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبات.
ئێستا‌و له‌م دۆخه‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا ده‌كرێت ئه‌م بۆشاییه‌ به‌سیناریۆیه‌كی باشتر پڕ بكرێته‌وه‌.

 

سه‌لام مارف

Previous
Next