ئه‌كته‌ری نه‌بینراو، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئاشنابوون به نواندن
له كتێبخانه‌ی شانۆی كوردیدا ده‌گمه‌نن ئه‌و به‌رهه‌م و تێكستانه‌ی له بواری تیۆریدا خزمه‌ت به ناوه‌ند و دامه‌زراوه ئه‌كادیمییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی تیۆریستی شانۆیی و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی وه‌رگێڕی پسپۆر له بواری شانۆدا، چونكه وه‌رگێڕانی تێكستی شانۆ و بابه‌تی شانۆیی كاری هه‌موو وه‌رگێڕێك نییه، به‌ڵكو پێویسته كه‌سی وه‌رگێڕ ئاگاداری بنه‌ما و خاسێته‌كانی هونه‌ری شانۆ و تێكستی شانۆیی و تیۆره جیاوازه‌كانی شانۆ بێت، تاكو بتوانێت له كاتی وه‌رگێڕاندا به‌ئاسانی چه‌مك و زاراوه شانۆییه‌كان بگوێزێته‌وه بۆ زمانی دووه‌م، ئه‌مه‌ی ئێمه ده‌یڵێین نائومێدی نییه به‌رامبه‌ر بوونی كاری جددی و زانستی له بواری وه‌رگێڕانی بابه‌ت و به‌رهه‌مه شانۆییه‌كاندا، چونكه ده‌بینین لێره و له‌وێ كه‌سانێكمان هه‌ن تا ڕاده‌یه‌ك خۆیان بۆ بواری وه‌رگێڕانی شانۆیی ته‌رخان كردووه‌و به هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانیان بڕێك له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی دونیان بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه.
كتێبی (ئه‌كته‌ری نه‌بینراو) كه كتێبێكی تیۆریی بواری شانۆیه، یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌م دواییانه له‌لایه‌ن (تیپی شانۆی سالار)ه‌وه چاپ كراوه و وه‌ك دیاری له‌گه‌ڵ ژماره (21)ی گۆڤاری (شانۆ)دا بڵاوكرایه‌وه، له‌لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێر(فاروق هۆمه‌ر)ه‌وه له زمانی ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
ئه‌م كتێبه نووسینی(یۆشی ئۆدیا و لۆڕنا ماڕشه‌ڵ)هو به قه‌ڵه‌می شانۆكاری هاوچه‌رخی جیهانی(پیته‌ر بروك)پێشه‌كی بۆ نووسراوه، له باره‌ی ئه‌م كتێبه‌وه (پیته‌ر بروك)ده‌ڵێت: یۆشی ئۆدیا له ڕێی ئه‌م كتێبه ناوازه‌یه‌ی خۆیه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌خاته ڕوو كه چۆن نهێنی و ته‌لیسمه‌كانی نواندن هێزێكی جیانه‌كراوه‌یه له‌و زانسته كۆنكرێتی و پڕ كارامه‌یی و هه‌مه لایه‌نه‌ی كه له ڕێی ئه‌زموونه‌وه فێری ده‌بین، ئه‌و وانه گرنگ و زیندووانه‌ی كه ئه‌و ده‌یگه‌ێنێته ئێمه ئه‌وه‌نده به ڕۆشنی و ناسكییه‌وه باسیان لێوه ده‌كات كه له ئاستیا هه‌ست به هیچ بارگرانی و دژوارییه‌ك ناكه‌ین.
ئه‌م كتێبه له پێنج به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت كه له ژێر هه‌ریه‌ك له‌م ناوانهدان (تێهه‌ڵچوون، جووڵه، نواندن، ئاخاوتن، فێربوون)، له نێو هه‌ر بهشێكیشدا تایتڵی لقی هه‌یه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌كه‌ی به‌شه‌كه له‌سه‌ری ده‌دوێت، ئێمه لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین گه‌شتێكی خێرا به نێو سێ به‌شیاندا بكه‌ین و شتێك له باره‌یانه‌وه بخه‌ینه ڕوو،
له به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌دا باس له سه‌ره‌تای ده‌ستكردن به پرۆسه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان ده‌كات له كارێكی شانۆیدا، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ڕێكخستن و گونجاندنی شوێنی پڕۆڤه و دواتر مه‌شقێك كه ده‌كرێت به مه‌شقی پیتی (ڤی)هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی ئینگلیزی ناوی به‌رین، چونكه ئه‌كته‌ر ئه‌ژنۆی له‌سه‌ر زه‌وی دانانێت، به‌ڵكو ته‌نیا پێیه‌كانی و هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر زه‌وییه و له ڕێگه‌ی پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆ به ده‌ستییه‌وه ده‌ڕوات بۆ پێشه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ به‌هێزبوونی لاكهلهكانی جه‌سته و لێوردبوونه‌وه‌و خاوێنكردنه‌وه‌ی شوێنی پڕۆڤه‌یه، واته ئه‌م مه‌شقه له یه‌ك كاتدا سێ سوود ده‌گه‌ێنێت، 1- به‌هێزبوونی لاكهلهكانی جه‌سته، 2- لێوردبوونه‌وه، 3- خاوێنكردنه‌وه.
پاشان هه‌ر له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌دا باس له بایه‌خی پاك و خاوێنی ده‌كرێت له ئایینه جیاوازه‌كانی دونیادا، دواتر دێته سه‌ر باسی چه‌ند ئه‌ندامێكی له‌شی مرۆڤ، كه به (نۆ چاڵی سه‌رجه‌سته) ناویان ده‌برێت، ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له (هه‌ردوو چاڵی چاو، هه‌ردوو كونی لووت، هه‌ردوو په‌ڕه‌ی گوێ، چاڵی ده‌م و دوو چاڵی دیكه كه یه‌كیان بۆ ده‌رهاویشتنی ته‌ڕایی و ئه‌ویدییان بۆ ده‌ركردنی پیساییه).
هه‌روه‌ها بۆ هه‌ریه‌ك له‌و چاڵانه مه‌شقی تایبه‌ت دیاری ده‌كات، كه له‌ڕێگه‌یانه‌وه ده‌توارێت وا له‌و ئهمدانه بكرێت له كات و شوێنی پێویستدا كاری خۆیان به ڕێك و پێكی ئه‌نجام بده‌ن، وه نوسه‌ری پێی وایه هه‌ركات توانیمان ئاگامان له‌و نۆ چاڵه بێت كه ده‌كه‌ونه سه‌ر جه‌سته‌مان، ئه‌وه بۆمان ده‌لوێ به‌ره‌و ئه‌ندامه گرنگه‌كانی تری جه‌سته په‌لبهاوین.
له به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌دا نوسه‌ر دێته سه‌ر باسی (جووڵه)كه ئه‌ویش كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی كرده‌ی نواندنه و به‌بێ ئه‌و ئه‌سته‌مه پرۆسه‌ی شانۆ ڕووبدات. له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا نوسه‌ر ده‌ڵێت: (یه‌كه‌مین شتێك كه ئه‌كته‌ر پێویستی به‌فێربوونی هه‌یه جوگرافیای جه‌سته‌یه‌تی)لێره‌وه ئیدی ده‌چێته نێو چونێتی ناسینی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه هۆكارن بۆ دروستبوونی (جووڵه) وه چونێتی دۆزینه‌وه و ههستپێكردنیان له ڕێگه‌ی به‌گه‌ڕ خستنی هۆشیاریی و هه‌ستی ناوه‌كییه‌وه، له میانه‌ی باسكردنی هه‌ریه‌ك له (ڕاوه‌ستا، پراكتیك، ئاراسته‌كانی جووڵه، دانیشتن، خاوبوونه‌وه، ڕۆیشتن، چێژ) ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك بتوانین جوگرافیای جه‌سته‌مان بناسین و چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین تاكو بتوانین له ژێر كۆنترۆڵ و ویستی خۆماندا بێت وه‌ك پێویست له كاتی خۆیدا به‌كاریبهێنین، ئه‌مه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ كه‌سی ئه‌كته‌ر تاكو بتوانێت له ڕێگه‌یه‌وه نواندنێكی گونجاو پێشكه‌ش بكات، چونكه تاكو به ته‌واوی جه‌سته‌ت ئاشنا نه‌بیت، ئه‌وا هه‌رگیز نا‌توانیت وا له بینه‌ر بكه‌یت به چاوێك ته‌ماشات بكات كه تۆ خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی ئێسته‌تیكی و مانابهخشیت و ده‌كرێت ته‌ماشات بكرێت.
له به‌شی سێیه‌می كتێبه‌كه‌دا نوسه‌ر له ژێر ناوی نواندندا دوای ئه‌وه‌ی كه‌مێك باس له ئه‌زموونی خۆی ده‌كات له چونێتی كۆكردنه‌وه‌ی گروپێك، دواتر دێته سه‌ر باسی ساتی یه‌كه‌م یان یه‌كه‌مین به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ بینه‌ردا، له‌و باره‌یه‌شه‌وه ده‌ڵێت: یه‌كه‌م چركه‌ساتی شانۆییه‌كه زۆر گرنگه بۆ، بۆ ده‌رهێنه‌ر گرفته‌كه له‌وه‌دایه چۆن نواندن ده‌ست پێبكات، بۆ ئه‌كته‌ریش گرفته‌كه له‌وه‌دا خۆی حه‌شارداوه كه چۆن بۆ یه‌كه‌مجار بگاته به‌رده‌م بینه‌ر، له كاتێكدا ئه‌وه‌ش ڕاسته كه جێهێشتنی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆش كه‌مێك كارامه‌یی ده‌وێت، به‌م شێوه‌یه نوسه‌ر له ڕێگه‌ی چه‌ند به‌شێكه‌وه بیر و ڕاو سه‌رنجه‌كانی خۆی له‌باره‌ی هونه‌ری نواندنه‌وه ده‌خاته ڕوو.
ناكرێت لێره‌دا باس له ته‌واوی ڕه‌هه‌ند و توخمه‌كانی ئه‌م كێبه بكه‌ین، به‌ڵكو به‌پێویستی ده‌زانم خوێنه‌ر خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كتێبه‌كه‌دا بكات و مه‌شق و ڕاهێنانه جیاوازه‌كانی پراكتیزه بكات.
چونكه ئه‌م كتێبه ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه تاكو ئه‌كته‌ری كورد لێوه‌ی بتوانێت زیاتر به هونه‌ری نواندن و ئه‌زموونی شانۆكارانی گه‌وره‌ی جیهانی ئاشنا بێت.
داستان به‌رزان
ئه‌م نوسینه له ژماره (273)ی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاوبۆته‌وه
Dastan.barzan@gmail.com