خنكاو … ئه‌نتۆن چیخۆف
له‌یه‌كێك له‌شه‌قامه كه‌ناریه‌كانی به‌نده‌ری ده‌ریاچه‌یه‌كدا ، ژاوه‌ژاوێكی زۆر ده‌بیسترێ – له‌و جۆره ژاوه‌ژاوانه‌ی كه زۆر جاران له‌كاتی گه‌رمای نیوه‌ڕۆیاندا ، ده‌بیسترێن.
ده‌نگه ده‌نگ و ژاوه‌ژاوی داگرتن و باركردنی باری به‌له‌م و كه‌شتیه بچوكه‌كان و ده‌نگی فیشك و هۆڕی كه‌شتیه هه‌ڵمیه‌كان و نركه و هاڕه‌ی چڕهسهقیل و جۆره‌ها جوێن و پرته‌وبۆڵه و هاتوهاوار ، ده‌بیسترێ.
هه‌وا ، سیخناخ بوه له‌بۆنی ماسی وشك و ڕۆنی قه‌تران …
كه‌سێكی كورته‌باڵا ، به‌ڕوخسارێكی ژاكاو و ههڵمساوهوه ، چاكه‌تێكی شڕ و په‌ڕپوت و پانتۆڵێكی پهراوێزداری خه‌تخه‌تی له‌به‌ردایه ، ورده ورده له‌كابرای كارگوزاری كۆمپانیای كه‌شتیڕانی (شچڵۆكۆپهر) ، – كه له‌كه‌ناری ئاوه‌كه دانیشتوه و چاوه‌ڕوانی خاوه‌نی باره‌كه‌یه – نزیك ده‌بێته‌وه.
كابرا ، كڵاوێكی كۆنی په‌ڕپوتی – كهلێوارهكانی شۆڕ بونه‌ته‌وه – و به‌شوێنی نیشانهههڵكهندراوهكهی پێشه‌وه‌ی كڵاوه‌كه‌وه دیاره كه‌ڕۆژێك له‌ڕۆژان هی كارمه‌ندێكی ده‌وڵه‌ت بوه ، له‌سه‌ردایه. بۆیمباخهكهی لهیهخهیهوه هاتۆته ده‌رێ و به‌سه‌ر سینگیه‌وه دێت و ده‌چێ … چه‌شنی سه‌ربازان ، به‌ده‌نگێكی پڕ له ڕێز و هاوكات نوساوه‌وه ، ڕودهكاتهكارگوزارهكه و ده‌ڵێ: سڵاو له بازرگانباشی! گه‌وره‌ی پایهبڵندم حه‌ز ناكه‌یت كه‌سێك له‌حاڵی خنكاندا ببینی؟ مه‌به‌ستم خنكاوێكه.
كارگوزاره‌كه له‌وه‌ڵامدا ده‌پرسی: كام خنكاو؟
: له‌ڕاستیدا كه‌س نه‌خنكاوه ، به‌ڵام من ده‌توانم ڕۆڵی كه‌سێكی خنكاو ببینم ، خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه نێو ئاوه‌كه و به‌ڕێزیشت له‌بینینی دیمه‌نی كه‌سێك كه‌خه‌ریكه ده‌خنكێت ، به‌هره‌مه‌ند ده‌بیت. ئه‌م نمایشه به‌رله‌وه‌ی خه‌م و خه‌فه‌ت بداته مرۆڤ ، به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی و لایه‌نه كۆمیدیهكهیهوه ، زیاتر جێگای گاڵته‌جاڕی و پێكه‌نینه … به‌ڕێز بازرگانباشی ، ئێستا بۆم هه‌یه ده‌ست به نمایشه‌كه‌م بكه‌م؟
: من بازرگانباشی نیم.
: ببوره … له‌م سه‌رده‌مه‌دا بازرگانه‌كانیش جل و به‌رگی ڕۆشنبیره‌كان له‌به‌ر ده‌كه‌ن ، ته‌نانه‌ت وای لێ هاتوه حه‌زره‌تی نوحیش نه‌توانێ پاك و پیس له‌یه‌كتر جیا بكاته‌وه. ئێستاش كه به‌ڕێزت ڕۆشنبیری ، باشتر! … ده‌توانین باشتر له‌زمانی یه‌كتر بگه‌ین … من نهجیبزادهیهكم … باوكم ئه‌فسه‌ری سوپا بو ، خۆشم دیاری كرابوم بۆ كارمه‌ندی ده‌وڵه‌ت … وه‌ئێستاش … پایه‌بڵندی به‌ڕێز! ئه‌م خزمه‌تكاره‌ی دونیای هونه‌ر له‌خزمه‌ت تۆدایه … زهرگهیهك بۆ ناو ئاوه‌كه و بینینی دیمه‌نی ڕاسته‌قینه و زیندوی كه‌سێك كه‌خه‌ریكه ده‌خنكێت …
: نا ، سوپاس …
: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر پارهكهته ، پێمخۆشه له‌ئێستاوه خه‌یاڵت ئاسوده بكه‌م … زۆرت لێ وه‌رناگرم … بهپێڵاوهوه دو ڕۆبڵ و بێ پێڵاو یه‌ك ڕۆبڵت لێ وه‌رده‌گرم …
: ئه‌م جیاوازیه زۆره له‌به‌ر چیه؟
: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێڵاو گرانبه‌هاترین به‌شی پۆشاكی مرۆڤه و ئه‌گه‌ر ته‌ڕیش بێت ، وشك كردنه‌وه‌ی كاتێكی زۆری ده‌وێ ، ده‌ڵێی چی! ده‌ست پێبكه‌م؟
: نا گیانه‌كه‌م ، من بازرگان نیم و ئاره‌زوی بینینی ئه‌و جۆره دیمه‌نه ترسناكانهشم نیه.
: هم … پێده‌چێ به‌ڕێزت باش له شته‌كه حاڵی نه‌بوبیت … تۆ پێتوایه من ده‌مه‌وێ دیمه‌نی نمایشێكی ترسناك وكارهساتبارت نیشان بده‌م؟ به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وپه‌ڕی جێگای پێكه‌نین و شادی به‌ڕێزت ده‌بێ. دیمه‌نی مرۆڤێك ، كه به‌جل و به‌رگه‌كانی به‌ریه‌وه مه‌له ده‌كات و ده‌یه‌وێ به‌سه‌ر شه‌پۆله‌كاندا زاڵ بێت و خۆی ڕزگار بكات ، به‌ڕاستی دیمه‌نێكی جێگای پێكه‌نینه. منیش له‌و نێوه‌دا شتێكم ده‌سده‌كه‌وێ.
: له‌بری ئه‌نجامدانی ئه‌م نمایشانه ، باشتر نیه به‌دوای كار و كاسبیه‌كی ڕاسته‌قینه بكه‌وی؟
: ده‌فه‌رموی كار و كاسبی؟ كام كار و كاسبی؟ به‌هۆی زۆر خواردنه‌وه‌وه كارێكم وه‌گیر ناكه‌وێ كه له‌شان و شكۆی نه‌جیبزاده‌یه‌كی وه‌ك من بوه‌شێته‌وه و باوه‌ڕیشم نیه پشت و پهنایهكت نه‌بێ كارت بده‌نێ. جگه له‌وه‌ش به‌هۆی پێگه‌ی به‌رزی بنهماڵهییمهوه ناتوانم كاری ئاسایی وه‌ك كرێكاری و ئه‌مانه بكه‌م.
: چاره‌ی ده‌ردی تۆ ئه‌وه‌یه واز له (پێگه‌ی به‌رزی بنه‌ماڵه‌یی) بهێنیت و له‌بیر خۆتی به‌ریته‌وه.
كابرا ، به‌شانازیه‌وه سه‌ری بڵند ڕاده‌گرێ و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك ده‌دا به‌ڕوی كارگوزارهكهدا و ده‌پرسێ: گوتت واز له‌پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌یی خۆم بێنم و له‌بیر خۆمی به‌رمه‌وه؟ ئه‌ویش له‌كاتێكدا باڵنده‌یه‌ك ناتوانێ واز له ئه‌سڵ و نه‌سه‌بی خۆی بێنی و له‌بیر خۆی به‌رێته‌وه! نه‌جیبزاده‌یه‌كی وه‌ك من چۆن ده‌توانێ ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆی فه‌رامۆش بكات؟ ڕاسته هه‌ژار و جل و به‌رگ دڕا‌و و شڕم ، به‌ڵام غر… و… رم هه‌یه غرور! … شانازی به‌خوێنی ڕه‌سه‌نی خۆمه‌وه ده‌كه‌م.
: پێم سه‌یره كه غرورت نابێته ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه ئه‌م نمایشانه وه‌ڕێ نه‌خه‌ی؟
: ئیدی له‌مه‌یاندا شه‌رمه‌نده‌م! ئه‌م وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ی به‌ڕێزت نیشانده‌ری ڕاستیه‌كی تاڵه. نیشانه‌ی ئه‌وه‌شه كه كه‌سێكی زرینگ و خوێنده‌واری ، به‌ڵام تاوانبارێكیش به‌رله‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا بچه‌سپێنن ، ده‌بێ گوێ له‌قسه‌كانی بگرن … به‌ڵێ ڕاسته كه زۆر كه‌س هه‌ن عیزه‌تی نه‌فسیان خستۆته ژێر پێوه و بۆ به‌خێرهێنانی هه‌ندێك بازرگان ئاماده‌ن خه‌رته‌له له سه‌ر و كه‌لله‌یان هه‌ڵسون ، یان ڕوخساری خۆیان بهتهنوی حه‌مام ڕه‌ش بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی وه‌ك شه‌یتان بنوێنن ، یان ده‌چن جل و به‌رگی ژنانه ده‌كه‌نه به‌ریان و هه‌زار و یه‌ك كرده‌وه‌ی بێ تام ده‌كه‌ن و خۆیان سوك و چروك ده‌كه‌ن ، به‌ڵام من … له‌م كار و كرده‌وه سوكانه بێزارم! به‌هیچ نرخێك ئاماده نیم بۆ به‌خێرهێنان و دڵخۆش كردنی بازرگان و كه‌سانی له‌م بابه‌ته ، بچم خه‌رته‌له ، یان ته‌نانه‌ت شتێكی له خه‌رته‌له باشتریش ، له‌سه‌ر و كه‌لله‌ی خۆم ههڵسوم! من ئه‌نجامدانی نمایشی كه‌سێكی خنكاو به‌كارێكی ناپه‌سند و نه‌شیاو نازانم … ئاو ، ماده‌یه‌كی پاك و خاوێنه … كاتێ مرۆڤ خۆی له‌نێو ئاودا نقوم ده‌كات جه‌سته‌ی پاك ده‌بێته‌وه. زانستی پزیشكیش ڕاستی ئه‌م تێڕوانینه‌ی من ده‌سه‌لمێنی … به‌هه‌رحاڵ زۆرت لێ وه‌رناگرم … بهپێڵاوهوه دو ڕۆبڵ و بێ پێڵاو یه‌ك ڕۆبڵ …
: نا گیانه‌كه‌م ، پێویست ناكا …
: ئاخر له‌به‌رچی پێویست ناكا؟
: پێمگوتی پێویست ناكا و ته‌واو …
: ئه‌ی خۆزگه ده‌تبینی چۆن خۆم ده‌خه‌مه ئاوه‌كه‌وه و چۆن ئاو قوت ده‌ده‌م و نقوم ده‌بم! … له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری ئه‌م ده‌ریاچه‌یه بگه‌ڕێی ، كه‌سێكی ترت دهسناكهوێ وه‌ك من خۆی نقوم بكات … ئه‌و كاته‌ی كه خۆم ده‌مرێنم ، ته‌نانه‌ت دكتۆره‌كانیش ده‌كه‌ونه شك و گومانه‌وه ئاخۆ ماوم یان نا! … باشه كاكه بێنه شه‌ست كۆبیكم بده‌رێ ، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ هیچم دهسنهكهوتوه گه‌رنا له‌سێ ڕۆبڵ كه‌متر له هیچ كه‌سێك وه‌رناگرم. به‌ڵام تۆ له‌قه‌د و قیافه‌ته‌وه دیاره كه كه‌سێكی باشیت … له‌به‌رئه‌وه كه‌متر له به‌رێزت وه‌رده‌گرم …
: تكایه لێم گه‌ڕێ با بۆخۆم بڕێك ئاسوده‌بم!.
: كه‌یفی خۆته! … خۆت به‌رژه‌وه‌ندی خۆت باشتر ده‌زانی … به‌ڵام ده‌ترسێم دواتر به ده ڕۆبڵیش نه‌توانی دیمه‌نی نقوم بون و خنكانی كه‌سێك له‌نێو ئاودا ببینی.
دوای ئه‌م قسانه ، بڕێك له كارگوزاره‌كه دور ده‌كه‌وێته‌وه و داده‌نیشێ و بهشپرزهیییهوه ده‌كه‌وێته گه‌ڕان به‌نێو گیرفانهكانیدا …
: هم … شه‌یتان به‌نه‌فره‌ت بیت … باشه توتنهكهم چی به‌سه‌رهات؟ ده‌ڵێی له‌بیرم چوه! … له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكدا كه‌وتمه مشتومڕی سیاسه‌ته‌وه و له‌توڕه‌ییان قوتوی جگه‌ره‌كه‌م له‌بیر چو … نازانم تۆ ئاگاداری باردۆخی ئینگلتهرایت! خه‌ریكن قسه له‌باره‌ی گۆڕینی كابینه‌ی حكومه‌ته‌وه ده‌كه‌ن … خه‌ڵكیش قسه‌ی سه‌یر سه‌یر ده‌كه‌ن! ئه‌رێ به‌ڕێزم جگه‌ره‌ت پێنیه؟
كارگوزار ، جگه‌ره‌یه‌ك ده‌داته كابرا.
له‌م كاته‌دا بازرگانی خاوه‌ن بار – ئه‌و كه‌سه‌ی كه كارگوزاره‌كه چاوه‌ڕوانی ده‌كرد – به‌ره‌و لای ئه‌مان دێت.
كابرای ڕۆڵگێری خنكان ، به‌په‌له له‌جێگای خۆی بڵند ده‌بێ و جگه‌ره‌كه‌ی له‌قۆڵی چاكه‌ته‌كه‌یدا ده‌شارێته‌وه و سڵاوێكی سه‌ربازی ده‌كات و به‌ده‌نگێكی كه‌رخ و نوساوه‌وه ده‌ڵێ: سڵاو له گه‌وره‌ی به‌ڕێزم.
كارگوزارهكهش ڕو ده‌كاته بازرگانه‌كه و ده‌ڵێ: سه‌ره‌نجام هاتی؟ ماوه‌یه‌كی زۆره چاوه‌ڕوانتم! تا تۆ هاتی ئه‌م كابرایه گۆڕی ئهژدادمی ده‌رهێنا! به‌و نمایشانهیهوه ده‌س له سه‌ره كهچهڵهكهم هه‌ڵناگرێ! ده‌ڵێ شه‌ست كۆبیكم بده‌نێ ده‌چمه ناو ئاوه‌كه و ڕۆڵی كه‌سێكتان بۆ ده‌گێڕم كه خه‌ریكه ده‌خنكێت …
: شه‌ست كۆبیك؟ ده‌ترسێم زیاد بكات برا! پێموایه هه‌قی ئه‌م جۆره كارانه هه‌ر بیست وپێنج كۆبیكه! … دوێنێ سی كه‌س به‌شێوه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ ڕۆڵی نقوم بونی گه‌شتیارانی نێوكهشتیهكیان گێڕا و ته‌نیا په‌نجا كۆبیكیشیان وه‌رگرت … ته‌ماشا! … شه‌ست كۆبیك! به‌خوا برا من له‌سی كۆبیك زیاترم پێنادرێ.
كابرا ، هه‌ردو گوپی خۆی پڕ له‌هه‌وا ده‌كات و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك ده‌كات و ده‌ڵێ: سی كۆبیك؟ … به‌نرخی تۆپه كهلهمێك نمایشی خنكانتان بۆ بكه‌م؟ … واز بێنه كاكه …
: دهكهوایه لێی گه‌ڕێ … حه‌وسه‌له‌ی ئه‌و جۆره شتانه‌م نیه …
: باشه قهیناكا … ئه‌مڕۆ هیچم نه‌كردوه گه‌رنا … به‌س توخوا لای كه‌س باسی مه‌كه‌ن و مه‌ڵێن سی كۆبیكم وه‌رگرتوه!
دوای ئه‌م قسانه ، پێڵاوه‌كانی داده‌نێ و خۆی هه‌ندێك گرژ ده‌كات و سه‌ری خۆی بڵند ده‌كا و به‌ره‌و ده‌ریاچه‌كه ده‌چێ و زهرگهیهكی نه‌زانانه بۆ نێو ئاوه‌كه لێده‌دا … شڵپهیهكی گه‌وره لهئاوهكهوه هه‌ڵده‌ستێ … ساتێك دواتر دێته‌وه سه‌ر ڕوی ئاوه‌كه و نه‌زانانه ده‌ست و پێ ده‌كوتێ و ده‌یه‌وێ لاسایی كه‌سێك بكاته‌وه كه خه‌ریكه ده‌خنكێ و خۆی وه‌ك مرۆڤه ترساوه‌كان نیشان بدا … به‌ڵام له‌جێگای نیشاندانی ترس و تۆقین ، له‌سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزێ …
كابرای بازرگان هاوار ده‌كا: خۆت نقومكه! خۆت نقومكه! ده‌ی خۆت نقومكه! …
كابرا ، نیگایه‌ك ده‌كات و قۆڵه‌كانی لێك بڵاو ده‌كاته‌وه و له‌ئاوه‌كه‌دا نقوم ده‌بێ. ئه‌مه هه‌مو نمایشهكهیهتی!
دواتر ، دوای نقوم بون ، له‌ئاوه‌كه دێته ده‌رێ و سی كۆبیك وه‌رده‌گرێ و به‌له‌رزه له‌رز له‌وێ دور ده‌كه‌وێته‌وه.
له‌فارسیه‌وه ئازاد نجم
—————————————–
سه‌رچاوه / مجموعه اسار چخوف / داستانهای كوتا / ترجمه سروژ استپانیان / انتشارات توس.