
ژیان دەمامك دەپۆشێت
لە نیشتمانێك دەگەڕێم
بە بوونم ئاشناكاتەوە
سارایەك نیگا
كەمە بۆ ئاشنابوونمان
دەریایەك كینە
ناتوانێ بەر لە چاوشاركێی ئەوین و ئەندێشەی
ناخمان بگرێت
كە ژیان دەمامك دەپۆشێ
ڕوخسارێك چوون خۆی نانوێنێ
دەمامكی خەندە لەسەر خەمەكانم دەنێم
دەمامكی میهرەبانی
سەراپا جەستەت دەپۆشێت
وەرە تێكڕا دەمامكەكانمان داماڵین
بەڵكو تاوێ سروشت چەشنی خۆی بنوێنێ
شوێن ترپەی پێی خیانەتی با نەكەوتم
كە لەنجەی بە تاڵەكانی پرچم دەكرد
بڕوام بە تیشكی خۆر نییە
دەمێك تێكەڵ بە مژووڵەكانم دەبێ و
رەش و سپی رەنگی پەلكەزێڕینە دەگرێت
ئەو دەمەی هێشتاكە ژیان
دەمامكی نەدەناسی
تەرزی خەیاڵێكی نامۆم
دەئاڵاند لە بەژنی سپێدەیەكی عاشق
لە نێو درزی دیوارەكانی تەمەوە
ڕۆدەچمە نێو دیوارەكانی ناخت
لە وێڕا بەدووی
ئەندێشەی قووڵی بابردوومدا دەگەڕام
ساڵانێكە
بێ چرپە شوێن پێی وەرزەكانت هەڵدەگرم
شەونم ئاسا دەڕژێمە سەر لێوەكانت
درەختانە گەڵای سەوزی خەندە دەگری و
لێم بێئاگایت
وەرە تێكڕا دەمامكەكانمان داماڵین
بەڵكو درەخت
لە دەمامكی گەڵا و
ئاسمان
لە دەمامكی ئەو ئەستێرە عەیارانەی
ناز بەسەر شەودا دەفرۆشن
روتبێتەوە
چنار نامق