![سه‌رنجێک له‌سه‌ر ڕاپۆرتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی! سه‌رنجێک له‌سه‌ر ڕاپۆرتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی!](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/jihadmuhamadHamakarim_834765128.jpg)
سه‌رنجێک له‌سه‌ر ڕاپۆرتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی!
به ساڵاچوویه‌ک: پڕ به دڵ چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌م کچه‌که‌م بێت و بڵێ باوکه ده‌تبه‌مه ماڵه‌وه و له‌سه‌ر چاوانم داتده‌نێم!
ئه‌م سه‌ردێره‌ی سه‌ره‌وه، سه‌ردێڕی ڕاپۆرتێکی دوو خوێندکاری زانکۆیه، که بۆ هاوڵاتی کار ده‌که‌ن له پشووی هاویندا، به دواچوونێکیان کردوه له‌سه‌ر ڕه‌وشی گه‌وره ساڵان و خانه‌ی گه‌وره ساڵان له شاری هه‌ولێر. ده‌ستیان خۆشبێت.
من وه‌ک مرۆڤێک ئه‌م ڕاپۆرته‌و موعاناتی ئه‌و گه‌وره ساڵه به‌ڕێزه زۆر کاریتێکردم و چه‌ند جارێکی تریش له‌سه‌ر بێ مافی گه‌وره ساڵان و خانه‌ی گه‌وره ساڵانی شاری سلێمانی ڕاپۆرته‌کانم خوێندۆته‌وه، بۆیه ئه‌م سه‌رنجه‌ی خۆم تۆمارکرد و ئێستاش ده‌یخه‌مه به‌رده‌م خوێنه‌رانی به‌ڕێز.
لای من وایه که پێویسته بۆ هه‌ریه‌که له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان هه‌وڵبده‌ین به گوێره‌ی سه‌لیقه و توانای خۆمان هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی بخوێنیینه‌وه و قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، ڕه‌نگه قسه‌کردن و نووسین و سه‌رنجدان له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لێكی وا گرنگی کۆمه‌ڵایه‌تی که کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ناو کۆمه‌ڵگای کوردییه، باش بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رکردن و ڕه‌خنه‌گرتن به شێوه‌یه‌کی زانستیانه، ره‌نگه ئه‌م سه‌رنجانه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان خراپ نه‌بێت و سوودێکی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر گوێ بگرن! که ده‌زانم گوێ ناگرن.
تا ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌بێت، تا ئاراسته‌کان هه‌میشه بیرکردنه‌وه له خانوبه‌ره و زه‌ویوزار و باخ و باخات بێت، پێ به پێی ئه‌م هه‌ڵکشانی چاوچنۆکییه‌ی که کۆمه‌ڵگای کوردی گرتۆته‌وه، ویژدان و خۆشه‌ویستی و ئاکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داده‌به‌زن. ئه‌م دوو کێرڤه هه‌میشه کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتری هه‌یه. به به‌رز بوونه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان، واته کێرڤی خۆ په‌رستی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن، له گه‌ڵ کێرڤی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئه‌ویتریان له نزمبوونه‌وه‌دایه. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند کولتوری سیاسسی و کولتوری مه‌عریفی و کولتوری په‌روه‌رده‌کردن کاریگه‌ریی هه‌یه هێنده‌ی ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حکومڕانی کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه بۆ به‌رزبوونه‌وه و نزمبوونه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێک له‌و کێرڤانه. ناشبێت بیرمان بچێت هه‌موو ئه‌و کولتورانه‌ی که ئاماژه‌م پێدا دیسان ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه لێی. ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت کولتوری سیاسیی و مه‌عریفیی و په‌روه‌رده‌یی به جۆرێک ئاراسته بکات که به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رزبکاته‌وه، ده‌شتوانێت به جۆرێک ئاراسته‌یان بکات که کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و وێرانکردن و تێک‌شکاندن به‌رێت. لێره‌شدا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی دروست و نادروستی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا، یان حوکمڕانیی ده‌رده‌که‌وێت.
ئه‌م نزمبوونه‌وه‌ی ئاکاری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که خۆشه‌ویستی و ڕێز‌و حورمه‌تی به نزیکترین که‌س نه‌هێشتۆته‌وه، کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و کاره‌ساتی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره ده‌بات. ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و پاره‌په‌رستییه‌ی ئه‌مڕۆ باوه، ئه‌و هه‌موو جیاوازییه‌ی له ژیانی خه‌ڵکی کوردستاندا باوه، ئه‌و هه‌موو بێ سه‌روبه‌رییه‌ی بازاڕه‌کان و بازرگانیی و بزنسکارییه‌ی له کوردستاندا باوه، ئه‌و هه‌موو چڕبوونه‌وه و چه‌قبه‌ستنه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر خۆ ده‌وڵمه‌ندکردن باوه. که له پڕ که‌سێک ده‌بێت به کوڕێک! ئه‌و کوڕه‌ی که پێناسه‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێتییه‌که‌یه‌تی، باخ و باخاته‌که‌یه‌تی، سه‌یاره مۆدێل به‌رزه‌که‌یه‌تی، یان چه‌ندین ده‌فته‌ر دۆلاره‌که‌یه‌تی که به ئاسانکاریی ئه‌م حیزب یان ئه‌و حیزب و شه‌ریکایه‌تیان له‌گه‌ڵیدا پێی ده‌گات، یان به گه‌نده‌ڵکاریی و بێ ویژدانی له کاری بازرگانێتییدا پێیده‌گات، له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵکێکی ڕه‌ش و ڕووت، که هه‌رچی که‌رسته‌ی خراپ و نزمترین کوالیتییه‌ت هه‌یه له سین و وڵاتانی تره‌وه ده‌هێنێته ناو بازاڕه‌کانی کوردستانه‌وه، به بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ک و به بێ هیچ کۆنترۆڵکردنێک، له‌سه‌ر حسابی ته‌ندروستی خه‌ڵکی گشتی کوردستان، له‌سه‌ر حسابی زه‌ره‌رمه‌ندیی خه‌ڵکی گشتی کوردستان، ئه‌م کوڕه، ده‌بێت به‌و پیاوه‌ی که له ناو کۆمه‌ڵگادا حسابی تایبه‌تی بۆ ده‌کرێت و ده‌بێت به پیاو ماقوڵ. ئه‌م هه‌موو بێ سه‌روبه‌رییه به داخه‌وه تێشکانێکی گه‌وره‌ی تاکه‌کانی به‌دواوه‌یه که خۆی له که‌مبوونه‌وه‌ی ئاکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌بینێته‌وه. خراپرترین نه‌خۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆی کوردستان تێشکانی تاکه‌کانه، که هه‌موو بیرکردنه‌وه‌ی ته‌نیا چڕبۆته‌وه له‌سه‌ر ده‌فته‌ره دۆلار. له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی حورمه‌تم بۆ ئه‌وانه‌ی که به ڕه‌نجی شانی خۆیان خۆیان ده‌ژیه‌نن و چاویان له گه‌نده‌ڵیی و خۆ هه‌ڵواسینه‌وه نییه بۆ ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب تا له په‌نایدا ده‌وڵه‌مه‌ند بن و ڤێلاو سه‌یاره‌ی مۆدێل به‌رزیان هه‌بێت، یان ویژدانی خۆیان نه‌فرۆشتوه و هه‌میشه له‌سه‌ر ئاکار و به‌ها به‌رزه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تیی کار ده‌که‌ن.
به بڕوای من له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا، به‌رپرسی یه‌که‌م له به‌ره‌وپێشه‌وه چوون و به‌ره‌ودواوه گه‌ڕانه‌وه، له نزمبوونه‌وه‌ی ئاکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، له به‌رزبوونه‌وه‌یاندا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌رپرسیاره. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خاوه‌نی هه‌رچ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسیی بێت، خاوه‌نی هه‌رچ ئاکارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، خاوه‌نی هه‌رچ بارێکی سایکۆلۆژی بێت ئه‌وه‌ش داده‌به‌زێته خواروه بۆ ناو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا. به تایبه‌تی له ناو کۆمه‌ڵگایه‌کدا که کرابێت به مێگه‌ل، که کرابێت به بخۆری تاکه‌کان، تاک له ناو ئه‌م جۆره کۆمه‌ڵگایانه‌دا به‌هایه‌کی نییه، جگه له به‌های ده‌وڵمه‌ند بوون و پڕیی گیرفان، هه‌رچ تاکێک خاوه‌نی پاره و پول نه‌بێت حسابی بۆ ناکرێت و ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا، بووه به فێرگه‌ی گه‌نده‌ڵی، فێرگه‌ی پاره په‌یداکردن به هه‌رچ شێوه‌یه‌ک بێت، گرنگ نییه کێ زیان ده‌کات له چاوچنۆکیی و ده‌وڵمه‌ندییه‌که‌یدا، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ که‌سێکی لێهاتوو بییت بۆ پاره په‌یداکردن به پێی پێوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ که ته‌نیا خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن ئامانجه، نه‌ک به‌هایی مرۆیی.
من هه‌رچه‌نده بڕوام نییه به‌وه‌ی که به ئامۆژگارییکردن ئاکار و به‌ها به‌رزه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه جێگه‌ی خۆیان، وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م پرسیاره به‌ره‌و ڕووی هه‌موو تاک و کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌که‌مه‌وه. ئاگاتان لێیه به‌رپرسه‌کان له کاتی مردنی دایک و باوکیاندا کارێک ده‌که‌ن که ده‌بێت هه‌موو کۆمه‌ڵگا له پرسه‌کانییاندا بێت؟. ده‌تۆش بیرێک بکه‌ره‌وه و دڵنیابه دایک و باوکی ئه‌وی به‌رپرس هیچی زیاتر نییه له دایک و باوکی تۆی هاوڵاتی. شوره‌ییه بچیت بۆ پرسه‌ی دایکی ئه‌وی به‌رپرس و ڕێز له دایک و باوکی خۆت نه‌گریت.
به گوێره‌ی شیکارییه‌کانی ئه‌م رۆژنامه دانمارکییه، که مکارم ابراهیم کردویه‌تی به عه‌ره‌بی. http://www.information.dk/275470 زۆربه‌ی زۆری نووسه‌ر و باسکار و پرۆفیسۆره‌کان له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌م دواییه‌ی به‌ریتانیا، ڕایان وایه که ئه‌وه له ئه‌نجامی ڕسواکردن و به چاوی نزم ته‌ماشاکردن و په‌راوێزخستنی خه‌ڵکی ڕه‌ش و ڕووت بوو ئه‌و په‌لاماردان و هێڕشه‌نای کرایه سه‌ر بازاڕه‌کان، که چه‌ندین که‌س تیاییدا کوژرا و بیرندار بوون، چه‌ندین شوێن سوتێنران و کاولکران. زۆرێک له‌و نووسه‌رانه که شاره‌زاییان هه‌یه له ڕه‌فتاری حکومه‌تی به‌ریتانییدا، ده‌ڵێن، به کارهێنانی وشه‌ی chave بۆ خه‌ڵکی بێکار و که‌م ده‌رامه‌ت گه‌وره‌ترین سوکایه‌تییه پێیان، ئه‌م وشه‌یه جیگه‌ی وشه‌ی Prejudice گرتۆته‌وه که ئه‌م وشه‌یه‌ش به مانای قینێکی کوێرانه و بڕیارێکی کوێرانه دێت له‌سه‌ر خه‌ڵکانی بێ ده‌رامه‌ت و بێ کار، که به چاوێکی سوک ته‌ماشایان ده‌که‌ن و پێیان ده‌ڵێن( خۆیان به‌رپرسن له بێده‌ره‌تانیی و بێکاریی خۆیان! ئه‌وانه خۆیان هیچ له‌باره نه‌بوو و ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل و له‌ش قورس و ناقۆڵاو نارێکن ته‌نانه‌ت له قسه‌کردن و جل و به‌رگیشیاندا ئه‌مه‌یان پێوه دیاره! له قسه‌کردن و ده‌نگی به‌رزیشیاندا نیشانه‌ی که‌سانی ناله‌بار و نابه‌جێن)!.
ئه‌وه‌تا له وڵاتی خۆشمان‌دا، به‌رپرسه گه‌وره‌کان، به بێ شه‌رمانه ده‌ڵێن: (گه‌لی ئێمه گه‌لێکی ته‌مه‌ڵه، یان ده‌ڵێن، گه‌لی ئێمه وه‌ک سه‌گ وایه تا نانی بده‌یتێ کلکت بۆ ڕاده‌وشێنێت، که نانت لێ‌بڕی پێت ده‌وه‌ڕێت). ئه‌م بێ ئابڕوویه‌یی که ده‌کرێت به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی بێ ده‌ره‌تان و ڕه‌ش وڕووت و بێ کار، یان که‌سانی که‌م ئه‌ندام گه‌وه‌ره‌تین کاره‌ساتی کۆمه‌ڵایه‌تی به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، چوونکه له ناو کۆمه‌گای کوردی‌دا که له‌و جۆره کۆمه‌ڵگانه‌یه که وه‌ک منداڵ ڕه‌فتار ده‌کات، گه‌وره هه‌رچی بکات ئه‌م لاسایی ده‌کاته‌وه. مه‌سه‌له‌ی ئه‌م لاسییکردنه‌وه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه که کولوتوری خۆ په‌رستی و ته‌نیا بیرکردنه‌وه له خۆت و ده‌ستگرتن به کڵاوه‌که‌ی خۆته‌وه تا با نه‌یبات به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، ئیتر لێره‌وه خه‌ڵک فێری ئه‌وه ده‌بێت که ته‌نیا بیر له خۆی بکاته‌وه، بیرکردنه‌وه له که‌سێکی تر ده‌بێت به ئه‌رک و ماندووبوونێک که کاتی پێویسته، کاتیش به‌شی پاره په‌یدا کردن ناکات، ده‌نا به جێ ده‌مێنێت له هاوسێکه‌ی له خزمه‌که‌ی، له هاورێکه‌ی و ئه‌وان زیاتر په‌یدا ده‌که‌ن! هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کولتوره سه‌قه‌ته دزێوه‌ش به‌و مه‌به‌سته به‌ربڵاوده‌کرێت، که تا خه‌ڵک له ناو خۆیدا پارچه پارچه بێت، تا خه‌ڵک له ناو خۆیدا بێ ئاگا بێت له یه‌کتری، تا خه‌ڵک له‌ناو خۆیدا بێ هه‌ستبێت به‌رامبه‌ر به یه‌کتری، تا خۆشه‌ویستی و ڕێز که‌مبێته‌وه له ناو خه‌ڵکدا، تا ته‌بایی و ڕێکی که‌مبێته‌وه، ده‌سه‌ڵاته خۆسه‌پێنه‌کان زیاتر ده‌توانن درێژه به حکومی خۆیان بده‌ن له کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ هه‌ست و نه‌ستدا، بێ ویژدانی مرۆیی‌دا، بێ بێباک له ئازاریی به‌رامبه‌ردا.
جیهاد موحه‌مه‌د