ڕه‌خنه له به‌رنامه‌ی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان
با له بارودۆخی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسه، بکۆڵینه‌وه، که تیایاندا بزاڤی سۆشیالیستی بووه‌ته هێزێکی که‌تواریی…. پارتی کرێکارانی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان (S.D.W.P) و یەکێتی گشتی کرێکارانی ئاڵمان (G.A.G.W) که فێردیناند لاساڵ دایمەزراندوون، هه‌ردووك سۆشیالیستن، به‌و واتایه‌ی که ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندی نێوان کرێکار و سه‌رمایه‌دار به شێوازی سۆشیالیستیی بگۆڕن [هەڵوەشاندنەوەی سه‌رمایه‌داری]. هه‌م لاساڵییه‌کان و هه‌م پارتی ئایزناخ [نێوه‌که‌ی له کۆنگره‌ی 7-9ی ئۆگوستی 1869 وه‌رگیراوه، که له ئایزناخ Eisenach به‌رپا کرا] به ته‌واوی له‌ته‌ك یه‌کدی هاوڕان، که بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ها گۆڕانێك، بێچه‌ندوچوون پێویست ده‌بێت، که سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌ت ڕیفۆم بکرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره له ڕێگه‌ی پاگه‌نده‌ی به‌رفراوان و بزاڤێکی کرێکاری یاسایی ئاشتیخوازه‌وه نەتوانرا ئه‌نجام بدرێت، له‌و باره‌دا ده‌بێت ده‌وڵه‌ت به زۆر ڕیفۆرم بکرێت، واته لە ڕێگەی شۆڕشێکی ڕامیارییەوە.
گشت سۆشیالیسته‌کانی ئاڵمان له‌و باوه‌ڕه‌دان، که ده‌بێت شۆڕشی ڕامیاریی پێش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی بکەوێت. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه. هه‌ر شۆڕشێك که پێش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕوو بدات، به‌ناچاری شۆڕشێکی بۆرجوازیی نوێ و بەتواناتر ده‌بێت – که ته‌نیا ده‌توانێت به سۆشیالیزمی بۆرجوازی کۆتایی بێت- واتە شێوازێکی فرە زیرەکانەتری پەردەپۆشکراوی بەهره‌کێشیی پرۆلیتاریا لەلایەن بۆرجوازییه‌وه. [بە هۆی ”سۆشیالیزمی بۆرجوازییەوە”، بەو جۆرە باکۆنین و هەروا مارکس دەریدەبڕن، واتە هاوکاریی نێوان سەرمایەدار و کرێکار، ”جەماوەر” و دەوڵەت. – لە ئا‌ڵمانیا لە سەردەستی بیسمارك، لە سەردەمی ئێمەدا لەلایەن باڵی ڕاستی سۆشیال دێمۆکراتەکان ”سەرمایەدارە ڕۆشنبیرەکان” و لیبراڵەکانەوە بە گشتی بانگەوازی بۆ دەکرێت].
ئه‌م بنچینە درۆزنانه‌یه – ئەو بۆچوونه‌ی که شۆڕشی ڕامیاریی ده‌بێت پێش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی بکەوێت-، لە ڕاستیدا بانگه‌وازێکی کراوه‌یە بۆ گشت ڕامیارانی بۆرجوا لیبراڵی ئاڵمان بۆ چوونە ناو پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان( S.D.W.P). ئه‌م پارته له زۆر بۆنەدا لەلایەن ڕابه‌رانییه‌وه – نه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئاسایی خاوه‌ن بیری ڕادیکاڵییه‌وه– خرایه ژێر فشار تاوه‌کو له‌ته‌ك دێمۆکراته بۆرجواییه‌کانی پارتی گه‌ل(Volkspartei) بچێته به‌ره‌وه، پارتێکی هه‌لپه‌رست، که ته‌نیا سه‌رقاڵی ڕامیارییه و به توندی دژی بنچینەکانی سۆشیالیزمه. ئه‌م دژایه‌تییه، بە ڕۆشنی له ڕێگه‌ی هێرشی دڕندانه‌ی قسه‌گه‌رانی نیشتمانپه‌روه‌ریی و چاپه‌مه‌نییه فه‌رمییه‌کانه‌وه دژی سۆشیالیسته شۆڕشگێڕه‌کانی ڤییەنا به فراوانی بەرپا کرا.
ئه‌م په‌لاماره دژی سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانه، توڕه‌یی و نه‌یاریی زۆرینەی ئاڵمانییه‌کانی به‌رزکرده‌وه و لیبکنێخت (Liebknecht) و ڕابه‌رانی دیکەیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانی به شێوه‌یه‌کی په‌یگیرانه شه‌رمه‌زار کرد. ئه‌وان ده‌یانویست کرێکاران ئارام بکه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی کۆنترۆلی خۆیان به‌سه‌ر بزاڤی کرێکاری ئاڵمان‌دا بپارێزن و له هه‌مان کاتدا، له‌ته‌ك ڕابه‌رانی بۆرجوا دێمۆکراتی پارتی گه‌ل دۆستایه‌تییان هه‌بێت؛ که ڕابەرانی پارتی ناوبراو زوو تێگه‌یشتن، بە وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر بزاڤی کرێکاری ئاڵمان، که به‌بێ پشتیوانی ئه‌و نه‌یانده‌توانی به ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری بگه‌ن، هه‌ڵه‌یه‌کی تاکتیکی گه‌وره‌یان کردووه.
له‌م باره‌وه، پارتی گه‌ل، ڕیسای بۆرجوازیانه‌ی گرتەبەر، که هیچ کات خۆیان نه‌که‌نه شۆڕشگێڕ. هەرچەندە تاکتیکه‌کانیان بەشێوەیەکی لێزازانه جێبەجێ دەکەن، هه‌میشە به‌م بنه‌مایه پشتئه‌ستوورن: ڕاکێشانی پشتیوانی کارای خه‌ڵك بۆ ئه‌نجامدانی شۆڕشی ڕامیاریی، به‌ڵام چنیننه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی بۆ خۆیان [پارتە ڕامیارەکان،و.ک]. تێڕوانینێکی لەو جۆرە بوو، که پارتی گه‌لی ناچار کرد تاکو پاشەکشە لە ڕێوشوێنی دژه-سۆشیالیستیی خۆی بکات و ڕای بگه‌یێنێت، که هه‌نووکه ئه‌ویش پارتێکی سۆشیالیسته…. پاش ساڵێك له دانیشتن و گفتوگۆ، ڕابه‌رانی پایه‌به‌رزی پارته کرێکاریی و بۆرجوازییەکان به‌رنامه‌ی (ئایزناخ)یان په‌سه‌ند کرد و به هێشتنه‌وه‌ی ناوی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان (S.D.W.P.)، تاکه پارتێکیان پێكهێنا. ئه‌م به‌رنامه‌یه لە ڕاستیدا تێکەڵەیەکی سەیر بوو لە به‌رنامه‌ی شۆرشگێڕانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرێکاران (ئینته‌رناسیونالی یەکەم،و.ک) و به‌رنامه‌ی هه‌لپه‌رستانەی ناوسراوی دێمۆکراسی بۆرجوازیی….
به‌شی(1)ی به‌رنامه‌که له ڕاستیدا له‌ته‌ك ڕامیاریی بنچینه‌یی و گیانی نێونه‌ته‌وه‌یی ناکۆکه. پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێکی ئازادی گه‌لی دابمەزرێنێت. به‌ڵام واژه‌کانی ئازاد و گه‌ل، به واژه‌ی ده‌وڵه‌ت، پوچ دەکاتەوه؛ ناوی نێونەتەوەیی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دەگەیێنێت. ئایا ڕێکخه‌رانی به‌رنامه‌کە له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی یا گەردووییه‌وه قسه ده‌که‌ن، یا ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك دابمەزرێنن، کە تەنیا هەموو وڵاتانی ئەوروپای خۆراوایی بگرێته‌وه – ئینگلاند، فه‌ره‌نسه، ئاڵمان، وڵاتانی ئه‌سکه‌ندیناڤی، هۆڵه‌نده، سویسرا، ئیسپانیا، پۆرتوگال و وڵاتانی سلاڤی ژێرچەپۆکی نه‌مسا؟ نه‌خێر. گه‌ده‌ی ڕامیارییان ناتوانێت هاوکات ئه‌م هه‌مگه وڵاتانه هەرس بدات. سۆشیال دێمۆکراته‌کان به شەیداییه‌که‌وه که ته‌نانه‌ت هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ناده‌ن، ڕایده‌گه‌یێنن، که ده‌یانه‌وێت وڵاتی باوکیان ئاڵمانی گەورە دامەزرێنن. هەروەها ئه‌مه ئەو هۆکارەیە، که تاکە ئامانجی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان، دروستکردنی ده‌وڵه‌تی گشت ئاڵمان، لە یه‌که‌مین به‌شی به‌رنامه‌که‌یاندا دێت. ئه‌وان پێشی گشت نیشتمانپه‌روه‌رانی ئاڵمانییان داوه‌ته‌وه.
کرێکارانی ئاڵمان له بری ئه‌وه‌ی خۆیان بخه‌نه پێناو دروستکردنی ده‌وڵه‌تی گشت ئاڵمان، پێویستە به هاوچینە چەوساوەکانیانەوە له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا په‌یوه‌ست بن، تاوه‌کو پشتیوانی له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان بکه‌ن. هەروەها پێویستە بزاڤی کرێکاریی هه‌ر وڵاتێك ته‌نیا پشت بە بنه‌ماکانی هاوپشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی ببەستێت. … ئه‌گه‌ر له ناکۆکی نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا، کرێکاران به‌پێی بەشی (1)ی به‌رنامه‌ی سۆشیالی دێمۆکرات کار بکه‌ن، ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و بەرژەوەندی چینایەتییانەوە، له دژی هاوڕێیانی کرێکاریان له وڵاتانی دیکە، به بۆرجوازی خۆییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن. به‌و جۆره، هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌نه قوربانی نیشتمانپه‌روەری نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه ڕێك هه‌ر ئەو کاره‌یە، که هەنووکە کرێکارانی ئاڵمان له جه‌نگی فه‌ره‌نسه (Franco-Prussian) پروسدا ده‌یکه‌ن. تا کاتێك کرێکارانی ئاڵمان لە هەوڵی دامەزراندنی ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌دا بن – ته‌نانه‌ت ئازادترین ده‌وڵه‌تی گه‌لی- ئه‌وا به‌ناچاری و بەتەواوەتی ئازادی خه‌ڵك دەکەنە قوربانی شکۆداری ده‌وڵه‌ت، سۆشیالیزم دەکەنە قوربانی ڕامیاری، دادپەروەری و هاوڕێیەتی نێونەتەوەیی دەکەنە قوربانی نیشتمانپه‌رستی. ئەستەمە لە یەك کاتدا بە دوو ئاراستەی جیاواز ببزوێی. سۆشیالیزم و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بەرەو وردوخاشکردنی دەوڵەت ملدەنێن:- سەرەنجام. ئەوانەی کە دەوڵەتیان دەوێت، دەبێت قوربانی بەڕزگاری ئابووریی جەماوەر بۆ چەپاوڵی ڕامیارییانەی پارتی بەرتەر بدەن.*
پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمان، قوربانی بە ڕزگاری ئابووریی و له‌ته‌کیشیدا ڕزگاری ڕامیاریی پرۆلیتاریا دەدات– یا ڕاستر بوترێت، دەربازبوون له ڕامیارییەکان و ده‌وڵه‌ت – لەپێناو سه‌رکه‌وتنی دێمۆکراتی بۆرجوازی. ئه‌مه به ڕوونی له‌بەشی دووه‌م و سێیه‌می به‌رنامه‌ی سۆشیال دێمۆکراسی دێت. سێ بەندی یه‌که‌م له بەشی دووه‌م له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له‌ته‌ك بنه‌ماکانی نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیوناڵ)دا گونجاون: له‌ناوبردنی سه‌رمایه‌داری؛ یه‌کسانی ته‌واوی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی؛ هه‌ر کرێکارێك ده‌بێت ته‌واوی به‌رهه‌می کاره‌که‌ی وه‌ربگرێت. بەڵام بەندی چواره‌م، ڕایدەگه‌یێنێت، کە ڕزگاری ڕامیاریی پێشمه‌رجی ڕزگاری ئابووریی چینی کرێکاره، به‌وه‌ی که چاره‌سه‌ری پرسە کۆمهڵایەتییەکان، ته‌نیا له سایه‌ی ده‌وڵه‌تێکی دێمۆکراتیکدا چارەسەر دەبن، بەم جۆرە ئەو بنه‌مایانه پوچه‌ڵ دەکاتەوە و کرده‌ییکردنه‌وه‌یان ئەستەم ده‌کات. خاڵی چواره‌م به‌گشتی ئه‌مه ده‌ڵێت :
„ کرێکاران، ئه‌نگۆ کۆیله و قوربانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌دارین. ئایا ده‌تانه‌وێت خۆتان له‌و کۆتوبەندە ئابوورییانە ڕزگار بکه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ته که ده‌تانه‌وێت و بێگومان مافی خۆتانه. به‌ڵام بۆ بەدیهێنانی داخوازییه‌کانتان، سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌نگۆ یارمەتی ئێمە بدەن تاکو شۆڕشی ڕامیاریی بکه‌ین. پاشان، ئێمه‌ش یارمه‌تی ئێوه ده‌ده‌ین، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ن. بوارمان بدەن سه‌ره‌تا، به هێزی ئێوه ده‌وڵه‌تی دێمۆکراتی دابمه‌زرێنین، ده‌وڵه‌تێکی دێمۆکراتی باش وه‌ك ئەوەی لە سویسرا: ئەو کات، ئێمه به‌ڵێنتان ده‌ده‌ینێ، که هه‌مان ئەو دەستکەوتانە به ئه‌نگۆ بده‌ین، که هەنووکە کرێکارانی سویسرا لێیان به‌هره‌مه‌ندن ….” (سه‌رنجی مانگرتنه‌کان له باسل و جنێڤ(Genève) بده‌ن، که به شێوه‌یه‌کی دڕندانه له‌لایه‌ن بۆرجوازییه‌وه سه‌رکوت ده‌کرێن.)
بۆ خۆیەکلاییکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم فریوە باوه‌ڕنه‌که‌رده‌نییه، ڕێك ڕەنگدانەوەی ئاراستە و گیانی سۆشیال دێمۆکراسیی ئاڵمانییه، ناچار دەبێت له‌بەشی 3 بکۆڵدرێته‌وه، که ته‌واوی ئامانجه ده‌ستبه‌جێیەکانی ڕیز ده‌کات، تاوه‌کو ببێتە پێشەکی پاگه‌نده‌ی یاسایی و ئاشتیخوازیی و کەمپەینە هەڵبژاردنییەکانی پارت. ئه‌م داخوازییانه ڕێك کۆپیکردنی به‌رنامه‌ی ناسراوی دێمۆکراسی بۆرجوازییه: مافی ده‌نگدانی گشتی له‌ته‌ك یاسادانانی ڕاسته‌خۆ لەلایەن گەلەوه؛ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت بەرتەرییە ڕامیارییه‌کان؛ جێگرتنەوەی سوپای هه‌میشه‌یی جێگر به میلیشیای خۆبه‌خش و هاووڵاتیی؛ جیاکردنه‌وه‌ی کلیسا له ده‌وڵه‌ت و فێرگه‌گان له کلیسا، خوێندنی سه‌ره‌تایی به خۆرایی و هەمووانی، ئازادی چاپه‌مه‌نی و کۆبوونه‌وه و پێکهێنانی کۆمەڵەکان، جێگرتنەوەی گشت باجوخەراجە ناراستەوخۆکان بە یه‌ك سیسته‌می باجوخه‌راجی ڕاستەخۆ له‌سه‌ر داهات و بەرزبوونەوەی بەپێی بەرزبوونەوەی قازانجەکان.
ئایا ئه‌م به‌رنامه‌یه ئەوە ناسه‌لمێنیت، که سۆشیال دێمۆکراته‌کان – بەتەواوی گرنگی بە ڕیفۆرمی ڕامیاریی لەمەڕ ده‌زگه‌کان و یاساکانی دوڵه‌ت دەدەن و سۆشیالیزم بۆ ئه‌وان خەونێکی پوچە، که له باشترین باردا له داهاتوویه‌کی زۆر دووردا دێتەدی؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاستییە نه‌بووایه، کە ئاره‌زوو و هه‌ستە ڕاسته‌قینه و ڕادیکاڵەکانی ئه‌ندامانیان، واته کرێکارانی ئاڵمان، زۆر واوه‌تر له‌م به‌رنامه ده‌ڕۆن، ئایا دەماندەتوانی پاساوی ئەوە بکەین، که بڵێن پارتی سۆشیالی دێمۆکراتی ئاڵمان، ته‌نیا به مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له جه‌ماوه‌ری کرێکاران وه‌ك ئامرازی ناهوشیارانە بۆ پتەوکردنی پێگه‌خوازیی ڕامیاریی بۆرجوا دێمۆکراته‌کانی ئاڵمان په‌یدا بووه؟
له‌م به‌رنامه‌دا ته‌نیا دوو به‌ش هه‌ن، که ناسەرمایەگوزارییین و سه‌رمایه‌داران حەزیان لێناکەن. یه‌که‌میان، له نیوه‌ی کۆتایی خاڵی 8 ی بەندی3 دایه، که خوازیاری دیاریکردنی ڕۆژانه‌کارێکی ئاسایی (سنووردارکردنی کاتژێره‌کانی کارکردن)، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کاری منداڵان و سنووردارکردنی کاری ژنانه؛ پێوەرگەلێك که کۆمپانییە تایبەتەکان ده‌خه‌نه له‌رزه‌وه. سەرمایەداران ئەوینداری شه‌یدای هەموو ئازادییکن، کە دەتوانن به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان سوودی لێ وه‌ربگرن، ئه‌وان خوازیاری مافی به‌هره‌کێشی بێسنووری پرۆلیتاریان و به توندی له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت هه‌راسانن. سه‌ره‌رای ئه‌وه، سه‌رمایه‌دارانی بێچاره، که‌وتوونه‌ته ڕۆژگارێکه‌وه، ناچار بوون تا ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت ته‌نانه‌ت له ئینگلاند، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سۆشیالیستی نییه، په‌سه‌ند بکه‌ن.
به‌شی دووه‌م، – بەندی 10 له‌بەشی 8– ته‌نانه‌ت له‌وه گرنگ تر و سۆشیالیستی تره. خوازیاری یارمەتی، پشتیوانی و پارێزگاری و بایەخدانە بە هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کان، بەتایبەت هه‌ره‌وه‌زییەکانی به‌رهه‌مهێنه‌ران ( به گشت دابینکارییه پێویسته‌کانه‌وه، بۆ نموونە ئازادی پەرەسەندن) لەلایەن دهوڵهتەوه بووه. سەرمایەگوزارانی ئازاد (تایبەت)، ترسیان له کێبركێ له‌ته‌ك هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کاندا نییه، چونکه سه‌رمایه‌داران ده‌زانن، که کرێکاران، به داهاتی که‌می خۆیانه‌وه، هیچ کات به‌خۆیان ناتوانن، به ڕاده‌ی پێویست سه‌رمایه کۆبکه‌نه‌وه، تاوه‌کو بتوانن ببنه ڕکه‌به‌ری سه‌رچاوه گه‌وره‌کانی چینی خاوه‌نکار … به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ره‌وه‌زییه کرێکارییه‌کان له‌لایه‌ن دەسەڵاتەوە بایەخیان پێبدرێت و لە پشتیوانی بەرفراوانی دەوڵەت بەهرەمەند بن، ده‌ست به خه‌بات دەکه‌ن و بەرە بەرە سه‌رمایه‌ی تایبه‌تی و کۆمپانییە (پیشه‌سازیی و بازرگانییەکان) دەگرنەدەست، بەم جۆرە بارودۆخه‌که پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه …. بۆیە سه‌رمایه‌داران بە کردەوە له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تدا دەکەونە ڕکەبەری و بێگومان ده‌وڵه‌ت لە هەموو سەرمایەداران به‌هێزترە. [ لە دووتوێی پەرەگرافی داهاتوودا دەردەکەوێت، کە باکونین یارمەتی دەوڵەت بۆ هەرەوەزییە کرێکارییەکان وەك بەشێك لە گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزمی دەوڵەتی دەبینێ.]
کرێکار له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دادەمەزرێت- ئه‌مه بنچینەیە، بنه‌مای کۆمونیزمی ده‌سه‌ڵاتگەرایە، بنەمای سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تییه. کاتێك کە ده‌وڵه‌تێك دەبێتە تاکە خاوەن (مالك)– له کۆتایی سه‌رده‌می ڕاگوزاریی پێویست بۆ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه و به‌بێ ئاڵوگۆڕێکی وەها له ڕێکخستنی هه‌نووکه‌یی بۆرجوازی له ده‌سه‌ڵاتدا، به ڕێکخستنی ئاییندەی یه‌کسانی فه‌رمی بۆ هه‌مووان – دەگۆڕێت به تاکە بانکدار، تاکە سه‌رمایه‌دار، تاکە بەرنامەداڕێژەر و تاکە به‌ڕێوه‌به‌ری گشت کاروبارە نیشتمانییەکان و بەخۆی تاکە دابه‌شگه‌ری ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کان ده‌بێت. ئەمەی نموونەی باڵای بنچینه‌ی سەرەکیی کۆمونیزمی هاوچه‌رخه.
سەرچاوەی وەرگێڕانە فارسییەکەی : سایتی( کاوشگر) :
http://www.kavoshgar.org/Translations/Bakunin_SD.htm
ئەم وەرگێڕانە لەتەك دەقە ئینگلیزییەکەی بەراورد کراوە:
* دوو دێری دوایی ئەم پەرەگرافە لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا ناهاتوون.