بۆچی باوک و دایک و خوشکه‌که‌ی خۆم کوشت؟
بێگومان ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌ر له چه‌ند ڕۆژێک له گه‌ڕه‌کی به‌ختیاریی شاری سلێمانی ڕووی دا یه‌که‌م ڕووداو نییه له‌م شێوازه‌دا و دوا ڕووداویش نابێت، ئه‌م شێوه ڕووداوانه ته‌نها له کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ڕوو ناده‌ن، به‌ڵکو ئه‌گه‌ری ڕوودانی له‌ناو پێشکه‌وتووترین کۆمه‌ڵگاکانی جیهاندا هه‌یه. ئه‌وه‌نده‌مان به‌سه که چاوێک بخشێنین به ڕووداوه‌کانی ده ساڵی ڕابردووی ئه‌وروپا و ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی لێمان ڕوون بێت، که ئه‌م جۆره کاره‌ساتانه گه‌لێک کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕابردوویه‌کی دوورتریش ئه‌وا به هه‌مان شێوه لێره و له‌وێ ئه‌م تراجیدییایه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌دی ده‌که‌ین، به‌ڵام جیاوازییه‌که له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، که له ڕابردوودا خێرایی گه‌یاندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵ وه‌ک ئێستا نه‌بووه.
بێگومان هۆکاری کوشنی ئه‌م سێ که‌سه له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه هه‌رچییه‌ک بووبێت، ئه‌وا له سنووره‌کانی گریمانێک ده‌رناچن، چونکه ته‌نها ئه‌و کوڕه هه‌رزه‌کاره ده‌زانێت هۆکاری سه‌ره‌کی چی بووه و هه‌روه‌ها بار و دۆخی ساتی ڕووداوه‌که‌ش له هه‌موومان باشتر ده‌زانێت. له‌سه‌ر ئه‌وه‌شه‌وه هه‌ر یه‌که له ئێمه بیری بۆ هۆکارێک ده‌چێت و به شێوه‌یه‌ک تابلۆیه‌کی له مێشکی خۆیدا بۆ ئه‌م ڕووداوه کێشاوه.
ئایا پاڵنه‌ر و هۆکاره‌کان چی بوون؟ ئایا هۆکاری ئه‌و کاره‌ساته له ڕووداوه‌کانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا کۆبوونه‌ته‌وه یاخود مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه له پێکهاته‌ی که‌سایه‌تیی و په‌روه‌رده‌ی ئه‌و هه‌رزه‌کاره؟ ئایا دایک و باوکه‌که ده‌یانتوانی کارێک بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کوڕه‌که‌یان له‌و هه‌ڵه کوشنده‌یه ڕزگار بکه‌ن؟ ئایا ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی هاوشێوه هه‌یه له کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا؟ ئایا چی ده‌توانرێت بکرێت؟
سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه ڕاده‌کێشم:
1. کڕینی چه‌که‌که له لایه‌ن ئه‌و هه‌رزه‌کاره‌وه یاخود بوونی چه‌که‌که له‌ناو ئه‌و ماڵه‌دا، که خاوه‌نی منداڵێکی شه‌ڕه‌نگێز و سه‌رنه‌که‌وتووه له ژیاندا شوێنی پرسایرێکه. ئایا ده‌توانرێت بازرگانی به چه‌که‌وه بخرێته ناو قاڵبێکی یاسایی به‌رجه‌سته‌کراوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌سێک ده‌ستی نه‌گاته چه‌ک به‌بێ بنه‌مایه‌کی یاسایی و مۆڵه‌تپێدان؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌که کوشنده‌یه هی باوکی بووبێت، ئه‌واهه‌ڵه‌یه‌کی یه‌جگار گه‌وره بووه، که باجه‌که‌ی بریتیی بووه له ژیانی سێ که‌سی خێزانێک. بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌ک له ناو کۆمه‌ڵگادا هه‌میشه کاره‌ساتی هاوشێوه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
2. بێگومان هه‌موو مرۆڤێک به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌ی خێزان، کۆمه‌ڵگا، قوتابخانه، هاوڕێ و سه‌رشه‌قامه. ئه‌مانه هه‌مووی کاریگه‌ری خۆی هه‌یه له په‌روه‌رده‌ی منداڵدا. له‌پاش پرۆسه‌ی ئازادی و ڕژانی بڕێکی زۆر پاره له هه‌رێمدا خێزان زیاتر که‌وته ناو ڕه‌وتێکی چه‌وتی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ، که زیاده‌ڕۆیی له تێرکردنی داواکارییه‌کانی منداڵ بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی منداڵ وه‌ک تاکێک مافه‌کانی خۆی به هه‌ڵه تێ بگات و درکیش به ئه‌رکه‌کانی سه‌ر شانی خۆی نه‌کات. جا هه‌روه‌ک ده‌ڵێن: منداڵه‌که له ناز و نیعمه‌تدا ده‌ژی. به‌ڵام ئه‌مه “ناز و نیعمه‌ت” نییه به‌ڵکو ئه‌مه سه‌رلێشێواندنی ڕه‌وتی ژیانی ئه‌و منداڵه‌یه هه‌تا هه‌تایه.
3. قوڵبوونه‌وه‌ی منداڵ و هه‌رزه‌کار و لاو له که‌ره‌سته ئه‌له‌کترۆنییه‌کان وه‌ک پله‌یسته‌یشن، کۆمپیوته‌ر، ئینته‌رنێت، مۆبایل و ته‌له‌فزیۆن. هه‌موو ئه‌مانه بواری گه‌شه‌ی که‌سایه‌تی منداڵ و لاو ته‌سک ده‌کاته‌وه و فشار له‌سه‌ر مێشک و رۆح زیاتر ده‌کات. ئالوده‌بوون به یه‌کێک له‌م که‌ره‌ستانه هۆکارێکی ئاشکرایه بۆ هه‌ندێک له دیارده ده‌رونییه کێشه‌داره‌کانی وه‌کو تێکه‌ڵکردنی واقیع و خه‌یاڵ، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و خه‌یاڵه‌ی که ئه‌و که‌سه به واقیع تێی ئه‌ڕوانێت. هه‌ندێک جاریش ئه‌و “خه‌یاڵه” که‌سایه‌تییه‌کی شه‌ڕه‌نگێز بنیات ده‌نێت.
4. باوکودایکه‌کان به‌شێکن له‌و کێشه‌یه‌ی که له نه‌وه نوێکه‌دا به‌دی ده‌کرێت، چونکه زۆرینه‌ی دایک و باوکان هێنده‌ی باس له ئاڵتون و ئۆتۆمۆبیل و خان‌و و ده‌فته‌ره‌کان ده‌که‌ن، هێنده باس له ته‌وه‌ره کلتووریی و ڕۆشنبیریی و زانستی ناکه‌ن. واته دایکوباوکه‌کان کێبڕکێ کوێره ماددییه‌که‌ی ده‌ری خێزان به ده‌ستی خۆیان ده‌هێننه ناو خێزانه‌که‌وه و وه‌کو به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه بیر و ڕه‌وته ماددیه‌که زاڵ ده‌که‌ن به‌سه‌ر ژیانی خێزانییه‌که و دوور له هه‌موو گه‌شه‌یه‌کی ڕۆحیی و هزریی و ده‌رونیی.
5. خێزانی ئێستا خۆی ئالوده‌ی ته‌له‌فزیۆنه و ئه‌م دیارده‌یه‌ش بووه به په‌تایه‌کی گران له‌ناو کۆمه‌ڵگادا. دایک و باوک هه‌میشه وێنه نموونه‌ییه‌که‌ن بۆ منداڵه‌کان. جا گه‌ر ئه‌وان هه‌میشه له به‌رده‌می ته‌له‌فزیۆنه‌که‌دا ژیانی خێزانییان ببه‌نه سه‌ر، ئایا منداڵه‌کان چۆن ده‌بن؟ ئایا وتووێژ و چاره‌ی کێشه‌کان چۆن به‌رجه‌سته بکرێت؟ ئایا “په‌یوه‌ندی” له نێوان ئه‌ندامانی خێزان چ ئاراسته‌یه‌ک بگرێته به‌ر؟
6. هه‌روه‌ک هه‌واڵه‌کان ڕایده‌گه‌ێنن، ئه‌م هه‌رزه‌کاره هه‌میشه خاوه‌نی کێشه بووه و چه‌ند جارێک هه‌تا ئێستا له حه‌وشه‌که‌ی ماڵی خۆیاندا ته‌قه‌ی کردووه و کێشه‌ی زۆری هه‌بووه له‌گه‌ڵ دایک و باوکی‌دا. ئایا باوک و دایکه‌که بیریان له‌وه کردۆته‌وه که کوڕه‌که‌یان له‌وانه‌یه کێشه‌یه‌کی ده‌روونی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌ێننه لای کۆمه‌ڵناسێک یان ده‌رووناسێک؟ یاخود خێزانی ئێمه هه‌تا ئێستا بوێری ئه‌وه‌ی تێدا نییه خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و کێشانه بدات و هه‌ندێک خێزان به که‌میی داده‌نێن، گه‌ر دان به کێشه ده‌روونییه‌کانی منداڵه‌کانیاندا بنێن.
7. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی من بێت بریتییه له سیستمی خوێندن و په‌روه‌ردی کوردستان له باخچه‌ی ساوایان هه‌تا پاش زانکۆش، که زۆر ڕاشکاوانه ده‌توانم بڵێم، ئه‌م سیستمه‌مان هه‌موو شتێکی تێدا به‌دی ده‌که‌ین ته‌نها سیستم نه‌بێت. به داخه‌وه که ئێمه پاش بیست سال نه‌مانتوانیوه سیستمێکی پته‌و و مۆدێرن بنیات بنێین، که بتوانێت له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه نێوده‌وڵه‌تیی، زانستیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابورییه‌کاندا خۆی بگونجێنێت. سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی کوردستان له‌ناو یه‌ک چوارچێوه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که قوتابخانه “شوێن”ێکه بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی ته‌نها فێری “خوێندنه‌وه و نووسین” بکات. ئه‌و خاڵه‌ی که ڕۆڵێک نه‌بینێت بریتییه له په‌روه‌رده کۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونییه‌که‌ی قوتابیان.
8. فشار و شه‌ڕه‌نگێزی: گه‌ر سه‌رنجێک له ژیانی ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی بده‌ین، تێبینی ئه‌و فشاره ده‌رونیی و شه‌ڕه‌نگێزه ئاستبه‌رزه ده‌که‌ین له کۆمه‌ڵگاکه‌دا. هۆکاره‌کانیش زۆرن که له بواری بابه‌تێکی بوار ته‌سکدا ناتوانرێت باس بکرێت، به‌ڵام کێشه ته‌نها له بوونی ئه‌و دوو کێشه‌یه‌دا نییه، به‌ڵکو کێشه‌که له‌وه‌دایه که لایه‌نی به‌رپرسیار کارێکی زۆر که‌می له‌سه‌ر توێژینه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو کێشه‌یه کردووه و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییانه.
9. هه‌ر هۆکارێک له هۆکاره‌کانی سه‌ره‌وه پاڵنه‌ر بووبن بۆ ئه‌م هه‌نگاوه، ئه‌وه‌ی که ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه ساتی ڕوودانی کاره‌ساته‌که ئه‌و هه‌رزه‌کاره له‌ناو هزر و ده‌رونی خۆیدا گه‌شتووه‌ته به‌رده‌م ده‌رگایه‌کی داخراو، که بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه هیچ ڕێبازێکی دیکه‌ی به‌دی نه‌کردووه ته‌نها به نه‌مانی ئه‌و سێ که‌سه نه‌بێت له ژیانی خۆیدا. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له کێشه گه‌وره‌کانی جیاوازینه‌کردنه له‌نێوان بابه‌ت (Object) و خود (Subject).
هیوادارم لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا ئه‌م کاره‌ساته بکات به ته‌وه‌رێک بۆ توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به خاڵێکی سه‌ره‌تا بۆ ڕێگه چاره‌یه‌کی به‌شێک له‌و کێشانه‌ی، که کۆمه‌ڵگاکه‌ی پڕ کردۆته‌وه.
کامه‌ران چروستانی
chrostani@hotmail.com