جه‌میل ئه‌مین: له‌به‌رده‌ركی سه‌را ئازارم كه‌متر ده‌بێته‌وه!
ئه‌و دڵه گه‌وره‌یه‌ی كه هه‌موومانی تێدا بووین، له‌لێدان كه‌وت !
ئه‌و چاوه‌ی كه هه‌موومانی ده‌بینی، بۆ هه‌میشه نووست !
به‌داخوكه‌سه‌رێكی زۆره‌وه ڕۆژی 17ئابی 2011 هاوڕێ وخۆشه‌ویستی23 ساڵه‌م(جه‌میل ئه‌مین) له‌كاتێكی ناوه‌ختو زوودا بۆ هه‌میشه به‌جێیهێشتین. ئه‌و دڵه گه‌وره‌یه‌ی كه هه‌موومانی تێدا بووین، له‌لێدان كه‌وت. ئه‌و چاوه‌ی كه هه‌موومانی ده‌بینی، بۆ هه‌میشه لێكنرا و نووست. به‌ڕاستی په‌نجه‌و قه‌ڵه‌م ده‌سته‌وه‌ستانه له وێناكردنی ئینسانیه‌ت وشۆڕشگێڕی و په‌یگیری ئه‌م ئینسانه عه‌زیمه كۆمۆنیسته، كه به‌درێژایی نزیكه‌ی چوار ده‌هه بۆیه‌ك ساتێكێش و تا دوا هه‌ناسه‌ی لێیدانه‌بڕا.
هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئینسانی تێكۆشه‌رو شۆڕشگێڕی هاوشێوه‌ی (جه‌میل ئه‌مین)ی زۆر بێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه له ئینسانیه‌تدا ده‌وڵه‌مه‌ندتره، له‌شۆڕشگێڕیدا به‌ئه‌زمونتره، به‌ره‌ی ئازادیخوازی وسۆسیالیسته‌كه‌ی مه‌حكه‌متره. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی (مه‌نسورحیكمه‌ت) بین كه ، “بناغه‌ی سۆسیالیزم ئینسانه، وسۆسیالیزم بزووتنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌یه بۆ ئینسان”. ئه‌وا (جه‌میل ئه‌مین) نموونه‌ی ئینسانیه‌ت و سۆسیالیست بوو و كێوێك بوو له ئیراده‌و ئومێد پێدان به‌حزبه‌كه‌ی وهه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌یانناسی. به ڕاستی مه‌رگی ناواده‌ی ڕابه‌ری كۆمۆنیست وسۆسیالیست (جه‌میل ئه‌مین) زیانێكی ئێجگار گه‌وره بوو له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان وحزبی كۆمۆنیست وبه‌ره‌ی ئینسانیه‌ت وپێشكه‌وتووخوازی كۆمه‌ڵگه كه‌وت وبه‌هیچ شتێك پڕ نابێته‌وه.
ساڵی 1988 من بۆ یه‌كه‌مینجارو له‌ڕێگه‌ی (ڕێبوار ئه‌حمه‌د)ه‌وه، له‌شاری كه‌ركوك شه‌هامه‌تی ناسینی(جه‌میل ئه‌مین)م پێ‌بڕا. له‌یه‌كه‌مین دیدارمدا كه هێشتا به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مده‌زانی كه ئه‌و كۆمۆنیسته وبیروباوه‌ڕی ماركسیستی هه‌یه، به‌ڵام قسه‌كانی ، ساده‌ییه‌كه‌ی ، میهره‌بانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ، به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی بێوێنه‌ی ، بوێری و چاونه‌ترسی و ئینسانیه‌تی قووڵی ، ده‌موده‌ست به‌یانی گه‌وره‌یی و شۆڕشگێڕی ئه‌و ئینسانه‌ی بۆ كردم. من وجه‌میل ئه‌مین ساڵێك له په‌یمانگای ته‌كنیكی كه‌ركوك پێكه‌وه بووین. هه‌ركاتێك له هه‌ر سووچێكی په‌یمانگادا (جه‌میل ئه‌مین) م بدیایه. پۆلێك خه‌ڵكی له‌گه‌ڵدا بوون وپێكه‌وه قسه‌یان ده‌كرد. هیچ كه‌سێك نه‌بوو ئه‌و نه‌ناسێ ، كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحی هه‌موو خۆشیان ده‌ویست.
من ده‌مزانی كه (جه‌میل ئه‌مین) كۆمۆنیسته، به‌ڵام دوای ساڵی 1993 ئه‌وه‌م بۆ ئاشكرابوو، كه (جه‌میل ئه‌مین) یه‌كێك بووه له كادره به‌رجه‌سته‌و لێبڕاوه‌كانی (ڕێكخراوی تێكۆشانی كارگه‌ران)ی ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و دواتریش یه‌كێك بووه له ڕابه‌رانی ڕێكخراوی (ڕه‌وتی كۆمۆنیست) كه یه‌كێك بوو له ڕێكخراوه سه‌ره‌كیه‌كانی دامه‌زاندنی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق له ته‌مووزی1993 دا. (جه‌میل ئه‌مین) له پێناو یه‌ك هه‌نگاو چوونه‌پێشه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی كرێكاری له عێراق وكوردستان، یه‌ك چركه دوودڵی له له ئه‌ستۆگرتنی هیچ كارێكدا نیشان نه‌ده‌دا. سه‌روماڵی خستبووه پێناو حزب وبزووتنه‌وه‌كه‌ی. به‌رله‌وه‌ی حزبی كۆمۆنیست باره‌گای ئاشكرا له‌شاره‌كانی كوردستاندا بكاته‌وه، بۆماوه‌ی نزیك به ساڵێك ته‌واوی ڕابه‌رایه‌تی ڕێكخراوی كوردستان بۆ هیدایه‌تی هه‌ڵسوڕانی حزب له كوردستان له ماڵه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه ده‌كراو من خۆم هه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌و بووم. بۆ ته‌نیا یه‌ك جاریش ڕووخسارێكی ناڕه‌زایه‌تی و ناڕه‌حه‌تیم له سیمای (جه‌میل و له‌یلا)ی هاوسه‌ریدا نه‌بینی، به پێچه‌وانه‌وه هه‌موو ڕۆژێك له ڕۆژی پێشوو زیاتر نووقمی میهره‌بانی و خۆشه‌ویستیان ده‌كردین. باوه‌ڕناكه‌م له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كورتی (55)ساڵه‌ی ئه‌م ئینسانه عه‌زیمه‌دا دڵی هیچ ئینسانێكی بریندار كردبێ. ئه‌و هه‌رچه‌نده بێئه‌ندازه تیژ بوو له‌باری سیاسیه‌وه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازشی له‌سه‌ر بیروڕای خۆی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یارانی خۆی بریندار نه‌ده‌كرد. بۆیه ته‌نانه‌ت نه‌یارانیشی خۆشیان ده‌ویست وئیحترام و ڕێزیان لێده‌نا.
من له‌و بڕوایه‌دام (جه‌میل ئه‌مین) له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ری ئایدیۆلۆژیه‌وه نه‌بووه به ماركسیست و كۆمۆنیست، به‌ڵكو ئینسانیه‌تی قووڵی ئه‌و، ئه‌وی به‌ره‌و سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم پاڵپێوه‌ناوه. چونكه ئینسان و ئینسانیه‌ت له‌لای ئه‌و پێش فه‌رزی هه‌ر قه‌وم ودین وئایدیۆلۆژیا وسنوور وووڵات و ڕه‌گه‌زێك بوو. ئه‌و هه‌موو شتێكی بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بوو. ده‌ستی به‌ڕووی داوای هیچ كه‌سێكه‌وه نه‌ده‌نا. ته‌نانه‌ت له كاتی نه‌خۆشیه‌كه‌شیدا ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه كه‌سوكارو هاوڕێیانی له ئه‌وروپاوه بۆ ئه‌ویان ده‌نارده‌وه بۆ كوردستان، كه‌سانێك كه له جۆری نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئه‌ویان هه‌بوو وداوای ده‌رمانیان لێده‌كرد، هه‌رچه‌نده هێشتا بۆی مه‌علوم نه‌بوو، كه به‌شی خۆی ده‌كات یان نا، له‌گه‌ڵی ده‌كردن به دوو به‌شه‌وه.
(جه‌میل ئه‌مین) له ململانێی پێنج ساڵه‌یدا له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه سه‌خته‌كه‌یدا، نموونه‌ی به‌رزی ئیراده بوو. هیچ كاتێك نه‌بوو من یان هاوڕێیان لێیان پرسیبێت ئێستا چۆنی، ئه‌و ووتبێتی خراپم. نه‌ك هه‌ربه‌وپه‌ڕی عه‌زمو ئیراده‌و ده‌م به‌خه‌نده‌وه باشی خۆی نیشان ده‌دا, به‌ڵكو به هه‌واڵپرسینی وه‌زعیه‌تی حزب‌و هاوڕێیانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستان، مه‌وزوعه‌كه‌ی ده‌گۆڕی.
عه‌زیمترین سه‌حنه كه هه‌تا له‌ژیاندا مابم له‌بیرم ناچێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه ڕۆژی 6/4/2011 له‌ڕێگای (له‌یلا)ی هاوسه‌ری (جه‌میل ئه‌مین)ه‌وه له‌وه ئاگادار بووین، كه دووباره جه‌میل براوه‌ته‌وه بۆ خه‌سته‌خانه. ئێمه‌ش ووتمان ئێواره ده‌چین بۆ خه‌سته‌خانه. هه‌رئه‌و ئێواره‌یه كاتێك من له‌سه‌رای ئازادی له‌سه‌ر مینبه‌ر بووم و قسه‌م بۆ خۆپیشانده‌ران ده‌كرد، له‌به‌شی دواوه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌وه بینیم (جه‌میل ئه‌مین) ماسكێكی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌و به‌گۆچانه‌كه‌یه‌وه (له‌یلا) ده‌ستی گرتووه‌و گوێ بۆ من ڕاده‌گرێت. موچڕكه‌یه‌ك له بنی پێمه‌وه هه‌تا ته‌وقی سه‌رم ڕایوه‌شاندم. دوای ته‌واو بوونی قسه‌كانم چوومه لای (جه‌میل ئه‌مین) و گرتمه باوه‌شم و پێم ووت: جه‌میل گیان بۆچی به‌م وه‌زعه‌وه هاتوویت بۆ ئێره، ئێمه نیازمان بوو ئه‌م ئێواره‌یه بێین بۆلات بۆ خه‌سته‌خانه. كه‌چی به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه ووتی: من ئازاره‌كانم لێره كه‌م ده‌بێته‌وه، ئێره له خه‌سته‌خانه بۆ من باشتره، چی بكه‌م له ناو جێگه‌دا.
ڕۆژی 19ی ئا‌پریل ،كاتێك هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی یه‌كێتی نێشتیمانی كوردستان هێرشیان كرده سه‌ر سه‌رای ئازادی ، (جه‌میل ئه‌مین) سه‌رباری ئازار‌و باری خراپی ته‌ندروستی خۆی، كه‌چی ته‌له‌فۆنی بۆ ئێمه ده‌كرد و وێڕای هه‌واڵپرسی سه‌لامه‌تی هاوڕێیان و خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران، ڕێنماییه‌ك كه‌له‌و كاته‌دا به پێویستی ده‌زانی به ئێمه‌ی ده‌دا!.
له‌ده‌ستدانی ئینسانێكی ئاوها عه‌زیم و به ئیراده خه‌ساره‌تێكی ئێجگار گه‌وره‌یه له كۆمه‌ڵگه. كۆمه‌ڵگه‌ی نایه‌كسان وسه‌ره‌و خواری سه‌رمایه به (جه‌میل ئه‌مین) ه‌كانه‌وه، قابیلی ته‌حه‌مولتره. من شانازی به خۆم وحزبه‌كه‌م و بزووتنه‌وه‌كه‌مه‌وه ده‌كه‌م ، كه له‌مێژووی ژیانی شه‌خسی و حزبی و خه‌باتی خۆم وحزبه‌كه‌مدا له‌كه‌نار (جه‌میل ئه‌مین)ه‌وه بووم.
له قووڵایی دڵمه‌وه سه‌ره‌خۆشی له (له‌یلا) ی ئازیز و منداڵه‌كانی (جه‌میل ئه‌مین) ده‌كه‌م وله‌ئامێزی خۆشه‌ویستیان ده‌گرم. هاوكات سه‌ره‌خۆشی له ته‌واوی خێزان وكه‌سوكار وهاوڕێیانی هه‌ردوو حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق و كوردستان و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م.
(جه‌میل ئه‌مین) هه‌رچه‌نده ئیتربه جه‌سته له‌نێوماندا نیه، به‌ڵام ئه‌زموون و ئینسانیه‌ت و خه‌باتكاری وپه‌یگیری شۆڕشگێڕانه و ئیراده‌ی بێوێنه‌ی هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی به‌خشینی عه‌زم و ئێراده ده‌بێت بۆمان و بۆ هه‌میشه له‌نێو دڵ وژیانماندا ده‌مێنێته‌وه.
یادی به‌رزو به‌ڕێز بێت.
تاهیر حه‌سه‌ن
21 ئابی 2011