چه‌ند ڕاستییه‌کی مێژوویی له پشت ڕه‌مه‌زانه‌وه
ئاراس وه‌هاب
ئەو شتەی له کاتی بۆنه دینییه‌کاندا و به تایبه‌ت لە بۆنه ئیسلامییه‌کاندا زۆر سه‌رنجم ڕاده‌کێشی ئه‌وه‌یه، داموده‌زگا و ڕاگه‌یاندنی حیزبه ئیسلامییه‌کان مه‌کینه‌ی ترس و تۆقاندنی خۆیان بەرانبەر به موسوڵمانانی کوردستان ده‌خه‌نه گه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه‌ی عه‌زاب و ئاگری دۆزه‌خیان لێ ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌و ده‌ریایه له‌و ناکۆکی و گفتوگۆیانه بده‌ن، كه له لایه‌ک له‌نێوان لقه‌کانی ئیسلام خۆی و له لاکه‌ی تریشه‌وه له نێوان ئیسلام و مه‌سیحییه‌تدا هه‌یه.
ئه‌م کورته نووسینه هه‌وڵێکی ساده و سه‌ره‌تاییه بۆ بزوواندنی هه‌ستی ئه‌و مامۆستا و زانا ئاینیانه‌ی به‌رده‌وام میمبه‌ری مزگه‌وت و مایکی ڕادیۆ و شاشه‌ی که‌ناڵه ئاسمانییه‌کانیان قۆرغ کردووه و ئامۆژگاریی موسوڵمانان ده‌که‌ن، ده‌یانخه‌نه گریان و لوشكاننه‌وه بێئه‌وه‌ی تۆزقاڵێكیش له‌و ناكۆكیانه ئاگاداریان بكه‌نه‌وه!
مانگی ڕه‌مه‌زان نۆهه‌م مانگی (التویم الهجری) ڕۆژمێری کۆچیه‌٭، که له ٢٩ ڕۆژ پێک هاتووه. ئه‌م مانگه ته‌رخان کراوه بۆ گرتنی ڕۆژوو و ڕوکنی سێهه‌می ئیسلامه له‌و پێنج ڕوکنه‌ی، که خوا به سه‌ر موسوڵماناندا فه‌رزی کردووه. بڕوانن سوره‌ی البقرة، ئایه‌تی١٨٣ { يا أيها الذين آمنوا کتب عليکم الصيام کما کتب على الذين من قبلکمل علکم تتقون }.
ڕه‌مه‌زان له ساڵی دووهه‌می کۆچییه‌وه بە سەر موسوڵماناندا فه‌رز کراوه و پێغه‌مبه‌ر خۆی توانیویه‌تی ته‌نها ٩ ڕه‌مه‌زان بگرێت. مانگی ڕه‌مه‌زان ئه‌و مانگه‌یه قورئانی تێدا دابه‌زیوه، بڕواننه ئایه‌تی ١٨٥ی سوره‌ی البقرة [شهر رمضان الذي أنزل فيه القرآ‌ن هدى للناس،،،] و هه‌ر ئه‌و مانگه‌یشه، که شه‌ڕی (بدر) تێیدا ڕوویداوه. به پێی ئایه‌ته قورئانییه‌کان پیرۆزترین شه‌وی ئیسلام له‌و مانگه‌دایه و به شه‌وی له‌یله‌توالقه‌در ناسراوه، گوتراوه، خێری ئه‌و شه‌وه له خێری هه‌زار مانگ زیاتره. پێغه‌مبه‌ر ده‌ڵێت له ڕه‌مه‌زاناندا ده‌رگاکانی ئاسمان ده‌کرێنه‌وه، ده‌رگاکانی دۆزه‌خ دادەخرێن و تێیدا شه‌یتان کۆتوزنجیر ده‌کرێت تاکو شه‌وی ٢٧ ی ڕه‌مه‌زان به‌ره‌ڵا ناکرێت. به جۆرێک گوزارش له ڕه‌مه‌زان ده‌کرێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی ته‌نها له‌و مانگه‌دا خواپه‌رستی ڕه‌وایه و خوا ئاگای له موسوڵمانانی خۆیه‌تی، وه‌ک ئه‌وه‌ی، كه گوایه له یانزه مانگه‌كه‌ی ساڵدا چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن، به‌ڵام له‌و مانگه‌دا ده‌بێت خۆتان پاک بكه‌نه‌وه و تۆبه بكه‌ن!
له ڕه‌مه‌زاندا موسوڵمانان هه‌ر له کازیوه‌ی به‌یانیانه‌وه تاکو شه‌فه‌قی خۆرئاوابوونی هه‌مان ڕۆژ خۆیان له خواردن و خواردنه‌وه و سێکس قه‌ده‌غه ده‌که‌ن. دیارده‌کانی خواپه‌رستی وه‌کو نوێژ و دوعاخوێندن و ته‌راویح و چوونه مزگه‌وت زۆر زیاد ده‌کات. بڕی به‌رهه‌مهێنان و کاتژمێری کاری ڕۆژانه روو له دابه‌زین ده‌کات و ڕێژه‌ی به‌کاربردن به پێچه‌وانه‌وه به‌ڕێژه‌ی ٥٠ تاکو ١٠٠ له سه‌د زیاد ده‌کات. ئاماره‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن، که ڕێژه‌ی توڕه‌یی، ده‌مه‌بۆڵه و شه‌ڕی خێزانی ڕوو له هه‌ڵچوون ده‌کەن و باری ده‌روونیی موسوڵمانان و ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌ریان ده‌ژین به‌ره‌و تێکچوون ده‌چێت. شه‌واره‌کان ژماره‌یان له‌و مانگه‌دا زیاد ده‌کات، به هۆیه‌وه ڕیگا بۆ فه‌ساد و جادووگه‌ری زیاتر خۆش ده‌بێت. له‌و مانگه‌دا سیما و ڕه‌وشی ژیان له وڵاته ئیسلامییه‌کاندا گۆڕانێکی ته‌واو ڕیشه‌یی بە سەردا دێت، تێیدا شه‌و جێگه‌ی ڕۆژ ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕۆژووانان له ڕۆژدا لێی مه‌حروم بوون له شه‌ودا هه‌قی بۆ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م دیارده‌یه به جۆرێک زه‌ق ده‌بێته‌وه، زۆرجار له‌گه‌ڵ خۆیدا کۆمه‌ڵگا ده‌کات به دوو به‌شه‌وه، به‌شێکیان ئیمانداران و ڕۆژووانان به‌شه‌که‌ی تریش بێئیمانان. زۆر کات ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌و دوو به‌شه زۆر ڕقیان له یه‌کتر ده‌بێته‌وه و هه‌ریه‌که‌یان واده‌زانێ گروپه‌كه‌یتر ڕێگره له به‌رده‌م ژیان و ئازادیی خواپه‌رستیدا.
ئێستا بابزانین ئایا ڕه‌مه‌زان ته‌نها دیارده‌یه‌ک و ڕوکنێکی ئسلامه، یاخود پێش ئیسلامیش بوونی هه‌بووه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌بووه چۆن بووه و کێ پیاده‌ی کردووه!
(ابن الندیم) له (فهرست)دا لاپه‌ڕه‌ی ٦٨٣ باس له تایه‌فه‌یه‌ک به ناوی (الجندريهکينية) ده‌کات، که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێش ئیسلام ژیاون. ئه‌مانه یه‌که‌م که‌س بوون ڕه‌مه‌زانیان هه‌بووه و ڕۆژویان گرتووه. دواتر، هیشتا ٤ تاکو ٥ سه‌ده‌یه‌ک پێش ئیسلام تایه‌فه‌یه‌ک به ناوی صابئییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی (ئوردون)ه‌وه کۆچیان به‌ره‌و باکوور و باشووری عیراق کردووه. ئه‌وانه‌ی ڕوویان كردۆته باکوور، له شارێک به ناوی (حاران)ه‌وه جێگیر بوون و ژیاون، ئه‌وانیتریش له باشوور له شارێک به ناوی (اور)ه‌وه، که ده‌که‌وێته باشووری رۆژئاوای دۆڵی فوراته‌وه گیرساونەتەوە. ئه‌وانه‌ی باکوور به ناوی (الصابئیین الحارانیین) ناسراون. ئه‌م تایه‌فه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی مانگیان زۆر خۆش ویستووه و به سه‌رچاوه‌ی خێروبه‌ره‌که‌تی خۆیانیان زانیوه، خواوه‌ندێکیان به ناوی (سین)ه‌وه بۆ درووست کردووه و به خواوه‌ندی مانگ ناویان بردووه، سیمبوڵه‌که‌شی هیلال بووه. کاتێک ئه‌م تایه‌فه‌یه مانگیان لێ گوم بووه، بووه‌ته خه‌می گه‌وره‌یان، خواردن و خواردنه‌وه‌یان له خۆیان قه‌ده‌غه کردووه، نوێژیان بۆ خواوه‌ندی مانگ کردووه و له سه‌ر گالیسکه‌ی تایبه‌تی گێڕاویانه. کاتێکیش، که مانگ ده‌رکه‌وتووه‌ته‌وه بۆی چوونه‌ته سه‌ربانه‌کان، خۆشی و شادییان ده‌ربڕیوه، خواردنیان بۆ خۆیان و خواوه‌نده‌که‌یان داناوه. (ابن الندیم) له (فهرست)ه‌که‌یدا باس له‌وه ده‌کات که (حارانیین)ه‌کان نزیک به ٣٠ ڕۆژ ڕۆژوویان گرتووه و جه‌ژنه‌که‌شیان ناوی (عیدالفطر) بووه، واته هه‌مان ئه‌و ناوه بووه، که ئیسلام به کاری هێناوه. (ابی الفداء) له (المختصر في تاريخ)دا ده‌ڵێت (الصابئة له‌م صلاة على الميت بلا رکوع ولا سجود ويصومون ثلاثين يوماً). به بۆچوونی زۆرێک له مێژوونووسان محه‌ممه‌د سوودێکی زۆری له خووه دینییه‌کانی یه‌هوود وه‌رگرتووه و بە سەر موسوڵماناندا فه‌رزی کردووه. ئه‌و جۆره له نوێژ له‌سه‌ر جه‌نازه هه‌مان ئه‌وه‌یه، که موسوڵمانان پیاده‌ی ده‌که‌ن. جگه له‌وه (ابی الفداء) له هه‌مان شوێندا ئاماژه به‌وه‌یش ده‌کات، که به سه‌ربڕینی نێچیر و به‌خشینه‌وه‌ی خێر کۆتای‌یان به ڕۆژوو گرتنه‌کانیان هێناوه، كه دیسان هه‌مان فه‌ریزه‌ی موسوڵمانه‌کانه. ده‌رباره‌ی ڕۆژی هه‌ینی (الجمعه) لای (حارانیین)ه‌کان (ابن الندیم) له (فهرست)ه‌که‌یدا باس له‌وه ده‌کات، که ئه‌وان ئه‌و ڕۆژه‌یان بۆ نوێژکردن بۆ ئه‌ستێره‌ی (الزهرة) ته‌رخان کردووه و خواوه‌نده‌که‌ی ناوی (بلثى) بووه، که زۆر لایان پیرۆز بووه. به پێی زۆرێک له مێژوونووسانی کۆن، دابه‌شکردنی هه‌فته بە سەر ٧ ڕۆژدا بریتی بووه له دابه‌شکردن بە سەر ئه‌و ٧ ئه‌ستێره گه‌ڕۆکه‌ی له کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژدا هه‌ن، بۆ هه‌ریه‌كێكیان خواندێك هه‌بووه که به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه بۆ (خۆر)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (ایلیوس) بووه
ڕۆژی دووشه‌ممه بۆ (مانگ)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (سین) بووه
ڕۆژی سێشه‌ممه بۆ (المریخ)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (اریس) بووه
ڕۆژی چوارشه‌ممه بۆ (العطارد)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (نابق) بووه
ڕۆژی پێنج شه‌ممه بۆ (مشتري)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (بال) بووه
ڕۆژی هه‌ینی بۆ (الزهرة)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (بلثى) بووه
ڕۆژی شه‌ممه‌ش بۆ (الزحل)، خواوه‌نده‌كه‌ی ناوی (قرنس) بووه.
لێره‌دا پرسیارێک دێته پێشه‌وه: چۆن و له چ ڕێگایه‌که‌وه ئه‌م خووه دینیانه گوازراونه‌ته‌وه بۆ نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی؟
له سه‌ده‌کانی پێنجه‌م و شه‌شه‌می پێش زایندا پاشای بابل (نبوخذ نصر) له (کهنه)ی مانگ به ناوی (سین)ه‌وه زۆر نزیک بووه. ئه‌م (کهنه)هیه که ناوی (اشودوبال)بووه، له‌سه‌ر به‌رده نه‌خشینه‌کانی (حاڕان) ناوی هاتووه و ئاركۆلۆجه‌كان پاراستویانه. هه‌ندێک له مێژوونووسان ده‌ڵێن گوایه (نبوخذ نصر) له خۆیشی ماره کردووه و کچێکی لێی بووه. کاتێک ده‌مرێت کچه‌زاکه‌ی به ناوی (لاباشی مردوخ)ه‌وه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره ده‌بێت کوڕه‌که‌ی به ناوی (لابونیددس)ه‌وه ده‌کاته پاشای بابل. ئه‌م پاشایه ڕووبه‌ڕووی کهنهی مردوخ ده‌بێته‌وه، که گه‌وره‌ی هه‌موو خواوه‌نده‌کانی بابل بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازادیی ئه‌وه‌ی نابێت دینی باپیرانی (الصابئه الحارانیه) له‌وێ بڵاو بکاته‌وه، ناچار کوڕه‌که‌ی خۆی له نێوان ساڵای ٥٥٠ تاکو ٥٤٠ ی پێش زاینی دەنێرێتە ناوچه‌ی (سیناء) ی نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب و دەیخاته سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی، تاکو له‌وێوه ده‌ست به بڵاوکردنه‌وه‌ی دینی باپیرانی بکات. له‌وێ دەکه‌وێته بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌مان سیمبولی مانگه‌که‌ی باپیرانی، که (هیلال) بووە، دواتریش شاره‌کانی (حیجاز) زۆربه‌یان داگیر ده‌کات، جگه له مه‌ککه. به پێی مێژوونووسە دێرینەکان مه‌ککه ئه‌و کاته له‌سه‌ر نه‌خشه، هه‌ر بوونیشی نه‌بووه. به‌و پێیه هه‌ندێک له زانایانی میژوو سه‌ره‌تای په‌رستنی خواوه‌ندی مانگ و به‌پیرۆززانینی مانگ له نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا دەگەڕێننەوە بۆ ئه‌وكاته و ڕه‌مه‌زانیش به سه‌رده‌می (لابونیددس) دەبەستنەوە. (قلقشندی) له (مه‌عریفة أنساب العرب)دا ده‌ڵێ [خه‌ڵکانی نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی بیروباوه‌ڕی جیاجیان هه‌بووه، هه‌ندێک لەو ماڵانە باوه‌ڕیان به‌و ٧ ئه‌ستێره گه‌ڕۆکه هه‌بووه، که له ئاسماندا سوڕاونته‌وه، گوایه خێر‌و سه‌ده‌قه‌یان بۆ ده‌بارێنین، خواوه‌ندیان بۆ دروست کردوون و په‌رستوویانن]. به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌کان ئه‌مانه (حاڕانی) بوون. له هه‌مان سه‌رچاوه‌دا هاتووه و ده‌ڵێ [هه‌ندێکیشیان مه‌لائیکه‌تیان په‌رستووه]، كه ئه‌مانه‌یان (مه‌ندائیی)ه‌کان بوون. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه پێش ئیسلامە و مانای وایه، که ڕه‌مه‌زان پێشتر بوونی هه‌بووه. لێره‌وه مێژوونووسان بۆیان ده‌رکه‌وتووه، که ڕه‌مه‌زان له نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا له لایه‌ن سائیبییه‌کانه‌وه له سه‌رده‌ستی لابونیددسدا، ئه‌وانه‌ی مانگ و ئه‌ستێره‌یان په‌رستووه، بڵاو بووەته‌وه.
ده‌رباره‌ی ناوی مانگی (رمضان) هه‌ندێک له زانایانی مێژوو له‌و باوه‌ڕه‌دان، که ئه‌مه ناوێکی ئه‌عجه‌مییه و به هیچ شێوه‌یه‌ک عه‌ره‌بی نییه. (جواد علی) له (المفصل في تاريخ العرب)دا ده‌ڵێت[ زانایانی عه‌ره‌ب ناوی ئه‌و مانگانه‌ی به کاری ده‌هێنن له گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکی مانگه‌کان خۆیدا ناگونجێت، بۆ نموونه (رمضان) دێنێته‌وه، که له وشه‌ی (الرمض)ه‌وه هاتووه و به‌مانای تاوی گه‌رمی دێت]. له‌و بۆچوونه‌ی (جواد علی)دا ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، که مانگی ڕه‌مه‌زان تێیدا گه‌رمی هاوین تاو ده‌سێنێت، كه مه‌به‌ستی گه‌رمترین مانگی ساڵه‌كه‌یان بووه، به‌ڵام ڕه‌مه‌زانی ئیسلام مانگێکی گه‌ڕۆکه و به هه‌موو وه‌رزه‌کاندا تێده‌په‌ڕێت. ته‌نانه‌ت (مجاهد) پێی وایه (الرمض) یه‌کێکه له ناوه‌کانی خوا، هه‌ر وه‌کو له ته‌فسیره‌که‌ی (طبری)دا هاتووه.
له سه‌رده‌می پێش ئیسلامدا، کە بە سەردەمی جاهیلی ناسراوە، ڕه‌مه‌زان به (ناتق) ناسراوه، به مانای قسه‌نه‌کردن دێت، واته مرۆڤ زمانی خۆی ده‌به‌ستێت و هیچ قسه‌یه‌ک ناکات. (زبیدی) له (تاج العروس)ه‌که‌یدا ئه‌مه پشت ڕاست ده‌کاته‌وه. ڕۆژوو له قسه‌کردن له قورئانیشدا باسی لێ کراوه و ددانی پێدا نراوه، بڕواننه سوره‌ی مریم ئایه‌تی ٢٦. به پێی تفسیری (طبری) [فإن رأيت من بني آدم أحدا يکلمک أو يسائلک عن شي‌ء أمرک وأمر ولدک وسبب ولادتکه فقولي إني نذرت للرحمن صوما]. له بڕگه‌ی دووهه‌می ئه‌م ئایه‌ته‌دا، خوا به مریم ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر به‌نی ئاده‌م هاتن و ده‌رباره‌ی خۆت، یاخود کوڕه‌که‌ت پرسیاریان لێ کردیت پێیان بڵێ، که تۆ به‌ڕۆژوویت له قسه‌کردن و ناتوانی قسه بکه‌یت.
(المقدسي) له (البدأ والتاريخ)دا باس له‌وه ده‌کات، که قوڕه‌یشییه‌کان له ڕه‌مه‌زاناندا پێش هاتنی ئیسلام، وه‌کو ڕێزگرتنێک بۆ مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌چوونه (حاراء)، مۆڵیان ده‌به‌ست و نوێژیان بۆ مانگ ده‌کرد، ده‌ڵێن، گوایه له‌و نوێژانه‌دا پێغه‌مبه‌ریشیان له‌گه‌ڵدا بووه. دکتۆر (رأفت العماري)ی ئاماژه به‌وه ده‌کات، که له‌و کاتانه‌دا له که‌عبه‌ی قوڕه‌یشییه‌کاندا (هبل)، خواوه‌ندی مانگ هه‌بووه و ڕێزیان لێ گرتووه، ئه‌و نوێژه بۆ ئه‌و خواوه‌نده بووه.
هه‌رچی ده‌رباره‌ی (عاشورا)یه، مێژووناسان هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن، که (یهودیه صابئی)ه‌کانی مه‌دینه ڕۆژووی عاشورایان گرتووه، که بریتی بووه له ده‌هه‌مین ڕۆژی مانگی محرم. کاتێک پێغه‌مبه‌ری ئیسلام کۆچ ده‌کات بۆ مدینه و ده‌بینێت یه‌هودییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، لێیان ده‌پرسێت بۆ ڕۆژوو ده‌گرن، ئه‌وانیش وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن ئه‌و ڕۆژه ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه، که خوا فیرعه‌ون و سه‌ربازه‌کانی له ئاودا نقوم کردووه. پێغه‌مبه‌ریش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت (نحن أحق بموسى منکم)، واته ئێمه له له پێشترین بۆ (مو‌سا) وه‌ک له ئێوه. ئیتر له دوای ئه‌وه‌وه پێغه‌مبه‌ر ڕۆژووی عاشورای گرتووه و فه‌رمانی داوه به موسوڵمانانیش، که بیگرن، هه‌رچه‌ند ساڵێ دواتر بڕیاری دا، که ڕۆژی ٩ ی مانگی محرم بگرێت له جیاتی ١٠ محرم، تاکو له هی یه‌هوودیه‌کان جیاواز بێت.
یه‌کێکی تر له لێکچوونی مه‌رجه‌کانی ڕۆژووگرتن له نێوان (اهل لکتاب) و یاسای ئیسلامدا ئه‌وه‌یه، له تلموددا، که تفسیری یه‌هودییه‌کانه هاتووه و ده‌ڵێ [ کاتی ڕۆژووگرتن ئه‌و کاته‌یه، که مرۆڤ بتوانێ ئاسۆی سپی و ئاسۆی شین له‌یه‌ک جیا بکاته‌وه]، به‌ڵام له ئایه‌تی ١٨٧ ی سوره‌ی (البقره) دا هاتووه [وکلوا واشربوا حتى يتبين لکم الخيط الأبيض من الخيط الأسود من الفجر ثم أتموا الصيام إلى الليل،،،]. به‌و مانایه‌ی، که جیاوازییه‌که ته‌نها ڕه‌نگی ئاسۆ ڕه‌شه‌که‌یه له بری (شین)ه‌که‌ی تلمود. توێژه‌رانی دژ به ئیسلام ئه‌مه وا لێک ده‌ده‌نه‌وه، که محه‌ممه‌د زۆر سوودی له یاساوڕێساکانی یه‌هوودییه‌ت وه‌رگرتووه، به‌ڵام له قورئان و فه‌رمووده‌کانیشیدا ئاماژه‌ی پێ نه‌کردووه.
ڕۆژووگرتن له سه‌ره‌تاوه لای موسوڵمانان ته‌نها (٣) ڕۆژ بووه له مانگێکدا، پێغه‌مبه‌ری ئیسلام خۆی له سه‌ره‌تاوه به‌و شێوه‌یه ڕۆژووی گرتووه. به پێی ئایه‌تی ١٨٣ له سوره‌ی البقره هاتووه و ده‌ڵی[ ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی به‌ڕۆژوو بووه و ئه‌وه‌شی نه‌یتوانیوه خواردنی هه‌ژارێکی گه‌وره‌ی داوه]. دواتر ئه‌و ئایه‌ته نسخ کرا و ئایه‌تی تر دابه‌زیوه [شهر رمضان الذي أنزل فيه القرآ‌ن هدى للناس وبينات من الهدى والفرقان فمن شهد منکم الشهر فليصمه ،،،،]، تێیدا ڕه‌مه‌زان بە سەر موسوڵماناندا فه‌رز کرا. به پێی به‌ڵگه مێژوویه‌کان زیاتر له دوو ساڵی خایاندوه، تاکو ڕه‌مه‌زان توانیویه‌تی شێوه و فۆرمێکی جێگیر به خۆیه‌وه بگرێت، وه‌ک ئه‌و فۆرمه‌ی ئێستا تێیدایه.
صابئییه مه‌ندائییه‌کان ئه‌وه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، که له ئایه‌تی ١٨٣ داهاتووه و ده‌ڵێت [يا أيها الذين آمنوا کتب عليکم الصيام کما کتب على الذين من قبلکم،،،]. ئه‌وان پێیان وایه ڕه‌مه‌زان و ڕۆژووگرتن له‌سه‌ریان فه‌رز نه‌کراوه، به‌ڵکو ئه‌مه تەنها په‌یوه‌سته به صابئییه حاڕانییه‌کان، که بتپه‌رست واته (وثنی) بوون.
—————————————–
په‌راوێز:
٭: ڕۆژمێری کۆچی ڕۆژمێرێکی مانگیشه، که له‌سه‌ر بنه‌مای سوڕاندنه‌وه‌ی مانگ به ده‌وری زه‌ویدا له دوانزه مانگی ساڵدا دامه‌زراوه. ئه‌و ماوه‌یه‌ی مانگ پێویستی پێیه‌تی بۆ ١٢ جاره سوڕانه‌وه‌ی به ده‌وری زه‌ویدا بریتییه له (354.367056) ڕۆژ. ئه‌مه‌یه وای کردووه (10.875) ڕۆژی که‌متره له ساڵی ڕۆژی، که ڕۆژمێری زاینی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه مانگه‌کانی ساڵی کۆچی له ٢٩ ڕۆژ و چه‌ند کاتژمێرێک پێکهاتووه و هه‌موو سالێکی زاینییش مانگه کۆچییه‌کان ١٠ ڕۆژ کورت ده‌هێنێ، یاخود بۆنه دینییه‌کان وه‌کو ڕه‌مه‌زان و قوربان ئه‌وانی تر هه‌موو ساڵێک نزیک به ١١ ڕۆژ کورت ده‌هێنێ و بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
/الفهرست لأبن ندیم.
/ تفسیر ابن الکثیر.
/ المختصر في تاريخ البشر ابي الفداء.
/ الملل والاهواء لأبن حزم الأندلوسی.
/ نهاية الارب في انساب العرب لقلقشندی.
/ مروج الذهب لمسعودي.
/ فتح الباري شرح صحيح البخاري للحافط ابن حجر العسقلاني.
/ تاج العروس لزبیدي.
/ لسان العرب لأبن منظور.
/ نبوخذ نصر..عظمة بابل واحراق نينوى لغبریال هانوتو، الترجمه العربیه.
/ المختصر في تاريخ لأبی فیداء.
/ وێكیپێدیا.
/ تێبینی: سوودێكی زۆرم له وتار و چاوپێكه‌وتنه ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی دكتور رأفت العماري وه‌رگرتووه.
٢٠/ ٨/ ٢٠١١