
وێنه‌ی قوربانیه‌كان له نۆڤلێتی (خاك‌و خۆڵه‌مێش) دا
ئایا ده‌كرێت ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا رووده‌دات، وه‌ك بابه‌ت له‌ناو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیدا ته‌وزیف بكرێت؟ یاخود ئه‌وه‌ی له‌ناو تێكستێكدا ده‌یخوێنینه‌وه تاچه‌ند بڕوا ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ناو واقیعدا روویبدایه ده‌بوویه شتێكی باوه‌ڕ پێنه‌كراو ؟ به‌رده‌وام له‌ناو كایه‌ی ئه‌ده‌بیدا رووداو و كاره‌ساته واقیعیه‌كان بوونه‌ته بابه‌تی داهێنان و جێگای سه‌رنجی نووسه‌ران، به‌تایبه‌ت رۆمان كه به‌سرووشتی خۆی نزیكایه‌تیه‌كی زیاتری له‌گه‌ڵ واقیعی مرۆڤدا هه‌یه و له‌توانایدایه بابه‌تێكی واقیعی تێكه‌ڵ به‌خه‌یاڵ و دنیابینی و فه‌نتازیای خۆی بكات، هه‌میشه‌ش له‌نێوان فه‌نتاسیای نووسه‌رو حاڵه‌ته واقیعیهكاندا پردێك یان رایه‌ڵێك هه‌یه شته‌كان لێوه‌ی به‌یه‌كده‌گه‌ن و هامووشۆ ده‌كه‌ن، دوواجار به‌قه‌ولی ( ره‌زا به‌راهه‌نی) نووسه‌ر ئه‌و كاته‌ی ده‌نووسێت هیچ شتێك له‌گۆڕێدا نییه، جگه له خه‌یاڵ و قه‌ڵه‌مێك و پارچه كهغهزێك، بێگومان ئه‌و وته‌یه درووسته و خه‌یاڵی نووسه‌ریش پڕیه‌تی له‌وه‌ی كه له‌واقیعدا روویداوه یاخود ده‌شێ رووبدات.
جه‌نگ و داگیركاریه‌كان جۆره ئهدهبیاتێكیان به‌رهه‌مهێنا و تائه‌ندازه‌یه‌ك نووسه‌رانیان خسته به‌رده‌م ئه‌مری واقیعێكهوه كه نه‌توانن په‌ره به‌م جۆره ئه‌ده‌بانه بده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌دووای جه‌نگه جیهانییه‌كان و ئه‌و شه‌ڕه سارده‌ی له‌نێوان دوو بلۆكه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی دونیادا هه‌بوو، ئه‌م ئه‌ده‌به زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندوو بوویه جێگه‌ی سه‌رنجی دنیا، ته‌ماشای ئه‌ده‌بیات به‌تایبه‌ت رۆمانی زۆربه‌ی ئه‌و ولاتانه بكه‌ین كه له‌بڕگه‌یه‌كی مێژوویدا دووچاری شه‌ڕ و وێرانه‌یی یاخود داگیركاری بوون، ده‌بینین شه‌ڕ و كوشتار و داگیركاری بوونه‌ته بابه‌تی سه‌ره‌كیی داهێنانه‌كانیان، ئه‌م فۆڕمه له‌ئه‌ده‌بیات ته‌نانه‌ت له زۆرێك له وڵاته عهرهبیهكانیشدا ده‌ركه‌وتووه كه جه‌زائیر نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه، ئه‌ڵبه‌ت وڵاتی ئه‌فغانستانیش كه بهسرووشی ره‌وته مێژوویه‌كه‌ی له‌و ولاتانه بووه كه جه‌نگ و داگیركاری به‌شێكی زۆری ئه‌و مێژووه پێكده‌هێنێت، بۆیه له‌م دووایه‌دا و له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا له‌سه‌رده‌ستی چه‌ند نووسه‌رێكی ئینگلیزی نووسی مه‌نفی وه‌ك ( خالید حوسه‌ینی و عه‌تیق ره‌حیمی) به‌ر ئه‌و ئه‌ده‌به كه‌وتین كه له‌هه‌ناویدا هاواری ئه‌نتی شه‌ڕ و داگیركاری تێدایه و تژییه له په‌یامی ئاشتی و خۆشه‌ویستی.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به‌قوڵی له‌ناو ئێش و ئازار‌و موعاناتی ئینسانهكاندا ده‌ژین، هێزێكی له‌راده‌به‌ده‌ریان هه‌یه بۆ تێكه‌ڵكردنی خه‌یاڵ و فهناتزیای خۆیان له‌گه‌ڵ رووداوه بهرجهستهكاندا، ره‌نگه ( عه‌تیق ره‌حیمی) نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری ئه‌فغانی یه‌كێك بێت له‌و نووسه‌ره ده‌گمه‌نانه‌ی كه شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه له‌نووسینی رۆمان و نۆڤلێتدا، ئه‌و به ساده‌یی له وشه‌و ده‌ربڕیندا، به‌لام به‌ته‌كنیكێكی به‌رز و به‌هۆشیارییه‌وه ده‌نووسێت، شێوازی گێڕانه‌وه‌ی به‌ناوی راناوی كه‌سی دووه‌مه‌وه‌یه و ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستێك و هۆشیارییهكهوه ئه‌نجام ده‌دات كه خۆی بڕوای پێیه‌تی، بۆ نمونه گێڕه‌ره‌وه له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا لایه‌نی ده‌روونی كاره‌كته‌ره‌كان نیشانده‌دات و زۆرجاریش خودی گێڕه‌ره‌وه دێته ناو گفتوگۆكانه‌وه و قسه بهكارهكترهكان ده‌بڕێت یاخود سه‌رزه‌نشتیان ده‌كات و لێیان توڕه ده‌بێت، گێڕه‌ره‌وه له‌لای ره‌حیمی زیاد لهوهزیفهیهكی هه‌یه بۆ ئاشكراكردنی رووداوه‌كان.
(خاك و خۆڵه‌مێش) نۆڤلێتێكی كورتی عه‌تیق ره‌حیمییه و له‌ماوه‌ی پێشوودا له‌لایه‌ن وهرگێری به‌توانا ( ئازاد به‌رزنجی) ییه‌وه سه‌ركه‌وتوانه وه‌رگێڕدرایه سه‌رزمانی كوردی، دیاره كاك ئازاد پێشتریش رۆمانێكی تری ئه‌فغانی به‌ناوی ( هه‌زار خۆری دره‌وشاوه) ی ( خالید حوسه‌ینی) وه‌رگێڕا و پێشوازیه‌كی باشی لێكرا له‌لایه‌ن خوێنه‌ران و نێوه‌ندی ئه‌ده‌بییه‌وه، خاك و خۆڵه‌مێش ساڵی 1996 و له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا نووسراوه به‌لام نزیكه‌ی ساڵێك كاری لهزمانهكهیدا كردووه، وه‌ك نووسه‌ر خۆی له‌دیمانه‌یه‌كدا باسیده‌كات كاتێك نووسیویه‌تی كه ده‌مێك نه‌بووه تاڵیبان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، نۆڤلێته‌كه وهستانهوهیكی ئاشكرایه له‌دژی داگیركاری سۆڤیه‌ت وشه‌ڕ و ماڵوێرانی و توندوتیژی هێزه ده‌سه‌لاتداره‌كان له‌دژی خه‌ڵك.
به‌گوته‌ی عه‌تیق ره‌حیمی له‌م به‌رهه‌مه‌یدا هه‌وڵیداوه سێ جۆر نه‌وه له‌و ولاته‌دا نیشانبدات ( داستاگیر) كه پیرهمێردێكه و ره‌مزی رابردووی ئه‌فغانستانه، كوڕه‌كه‌ی كه ناوی ( موراده) نه‌وه‌ی ئێستایه واته نه‌وه‌ی شه‌ڕ و ده‌سه‌ڵاتی موجاهیدین و توندوتیژی، ( یاسین) یش كه كوڕه‌زای پیرهمێردهكهیهو كوڕی موراده، وه‌ك دووا ِۆژ ناساندوویه‌تی.
نۆڤلێته‌كه به سه‌ره‌تایه‌كی غه‌مگین ده‌ست پێده‌كات، سه‌ره‌تایه‌ك كه ئیدی خوێنه‌ر تێده‌گات سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره‌یه كه له‌ماوه‌ی كه‌مترین كارهكتهرو كه‌مترین وشه‌و رسته‌وه وێنای ولاتێك نیشان ده‌دات كه شه‌ڕ و كاولكاری و كێشمه‌كێشی هێزه سیاسییه‌كان هه‌رچی سیمای شارستانی هه‌یه له‌رووی مرۆڤ و خاك و سرووشتهكهیان سڕیوه‌ته‌وه، هێزگه‌لێك كه مرۆڤ به‌سه‌ر به‌رژوه‌ندیه‌كانی خۆیاندا ده‌به‌ش ده‌كه‌ن و ئازادی و رۆحیان لێزه‌وت ده‌كه‌ن.
داستاگیری پیهرمێرد له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی كه ده‌یگه‌یه‌نێته لای كوڕه‌كه‌ی سێوێك ده‌داته ده‌ست یاسینی كوڕه‌زای،باوكی یاسینی منداڵ لهكانهكان كار ده‌كات و ئه‌مان به‌نیازن بڕۆن بۆ لای بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵه ترسناكه‌كه‌ی پێ رابگه‌یه‌نن، هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی ژن و دایك و براكه‌ی، به‌هۆی بۆمبارانكردنی گونده‌كه‌یانه‌وه، به‌لام پیره‌مێرد كه گومان و دوودڵی ته‌واو هیلاكیان كردووه، چۆن بتوانێ ئه‌م هه‌واڵه به كوڕه‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێ؟ ئه‌دی بیر له‌وه‌ناكاته‌وه كوڕه‌كه‌شی له‌حه‌یبه‌تا رۆحی ده‌رچێت و بمرێت؟ ئاخر ئه‌و كوڕه‌كه‌ی خۆی باش ده‌ناسێت به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌واڵه ناگرێت و ره‌نگه شێت ببێت.
پیره‌مێرده‌كه به‌م هۆیانه‌وه تووشی كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تی ده‌روون شێواوی ده‌بێت، گومان له‌هه‌موو شتێك ده‌كات و په‌له‌یه‌تی زوو بگاته كوڕه‌كه‌ی، داستااگیر ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و پرده چاوه‌ڕوانی هاتنی ماشێن ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته كوڕه‌كه‌ی، ئه‌م پیره‌مێرده غه‌رقی خه‌یاڵات و بیركردنه‌وه بهرش و بڵاوه‌كانی خۆی بووه، یاسینی كوڕه‌زای كه هێشتا منداڵه هه‌ستی بیستنی به‌هۆی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كانه‌وه له‌ده‌ستداوه، ئه‌مه‌ش خه‌مێكی زیاتره بۆ داستاگیر.
منداڵه‌كه پێش چه‌ند رۆژێك هه‌مووشتێكی ده‌بیست، به‌لام ئێستا نازانێت بۆچی گوێی له‌هیچ شتێك نییه، له‌سه‌ر ئه‌و خاكه ره‌قه دانیشتووه‌و دوو به‌ر له‌یه‌ك ده‌دات، ئه‌و ده‌پرسێت باپیره بۆچی ئه‌م به‌رده بێده‌نگ و نهرمانهت دواه بهمن؟ بۆچی ئه‌م به‌ردانه ده‌نگیان نایه‌ت؟ ئه‌و منداڵه‌و تێگه‌یشتنی تایبه‌تی بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌و پێی وایه بۆمبه‌كان ته‌قینه‌وه‌كان ده‌نگی ههمووشتهكانیان بردووه بۆیه هیچ شتێك ده‌نگی لێوه نایه‌ت.
له نۆڤلێته‌كه‌دا چه‌ند كاره‌كته‌رێك هه‌ن ئه‌گه‌رچی هه‌موویان خه‌ریكی گێڕانه‌وی حیكایه‌تی كاره‌ساته‌كانی شه‌ڕ و نائومێدییه گه‌وره‌كانن، به‌لام یه‌ك ره‌هه‌ند كۆیان ده‌كاته‌وه ئه‌ویش ره‌هه‌ندێكی ئینسانییه و بوونی ئه‌و گیانی هاوكاریی و هاوخهمییهیه كه بۆ پیرهمێردهكهو كوڕه‌زاكه‌ی هه‌یانه، ته‌نانه‌ت سه‌ربازه پاسه‌وانه‌كه‌ش به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان قوربانی ئه‌و ههلومهرجهیهو ئاماده‌یه هاوكارییان بكات.
كه‌سێتی میرزا كه له‌و سه‌ره‌ڕێ چۆڵه و نزیك پرده‌كه دووكانی داناوه، ده‌بێته ده‌روویه‌كی خێر بۆ داستاگیر و یاسین، ئاخر پیره‌مێرده‌كه ده‌مێك بوو له‌ناو زاتی خۆیدا ده‌ژیا و خه‌مه‌كانی له‌ناو دڵیدا قه‌تیس كردبوو و كه‌سێك نه‌بوو داخی دڵی خۆی و عهزابهكانی بۆ هه‌ڵڕێژیت، میرزای دوكاندار ده‌بێته هاوكارێكی باش بۆ ئه‌و پیره‌مێرده بۆ ئه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی خۆی له‌لا بهتاڵبكاتهوه.
سه‌ره‌نجام لۆریه‌ك دێته سه‌ر ڕێگاكهو داستاگیر سه‌رده‌كه‌وێ و یاسین له‌لای میرزای دووكاندار جێده‌هێڵێت، لۆریه‌كه رێك بۆ ئه‌و كانه ده‌ڕوات كه كوڕه‌كه‌ی داستاگیر كاری لێده‌كات، به‌درێژایی ئه‌و ڕێگایه پیره‌مێرده‌كه بهعهتفی باوكێكی باشه‌وه ده‌ڕوات و مه‌به‌ستیه‌تی دابه‌زێ ته‌اووی خاك و خۆڵی ئه‌و رێگایه ماچ بكات چونكه كوڕه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا رۆیشتووه، به‌رده‌وامیش له‌خه‌می ئه‌وه‌دایه چۆنچۆنی ئه‌م هه‌واڵه ناخۆشه به‌كوڕه‌كه‌ی بڵێت، كه ده‌گاته جێ به‌سه‌رۆكی كرێكاره‌كان ده‌ڵێت من باوكی فلانه كه‌سم و هاتووم هه‌واڵی كوژرانی خێزانه‌كه‌م به كوڕه‌كه‌م بڵێم، پیره‌مێرده‌كه نا ئومێد ده‌بێت له‌وه‌ی كه سه‌رۆكی كرێكاره‌كان پێی ده‌ڵێت كوڕه‌كه‌ت ئه‌و هه‌واڵه‌ی بیستووه، نیگه‌رانبوونی داستاگیر له‌وه‌یه كه چۆن كوڕه‌كه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ی بیستووه و نه‌گه‌ڕاوه‌ته بۆ گونده‌كه؟ ئیدی له‌ڕیگای هاوڕێیه‌كی مورادی كوڕیه‌وه تێده‌گات كه كوڕه‌كه‌ی له‌ناو كاركردندا قاڵ بووه سه‌په‌رشتیارانی كانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌توانی جه‌سته‌یی موراد وه‌ربگرن و كاری زیاتری پێبكه‌ن رێگایان نه‌داوه موراد بچێته‌وه به‌ده‌م خێزانه‌كه‌یه‌وه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی جێنه‌هێڵێت پێیان وتووه كه باوكیشت كوژراوه، ئه‌م حاڵه‌ته له‌ره‌هه‌نده چینایهتیهكهوه ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه خاوه‌ن كار‌و سه‌رمایه‌كان مرۆڤ ته‌نها وه‌ك هۆیه‌كی به‌رهه‌مهێنان بۆ گه‌شه‌ی ئابووری خۆیان چاو ده‌كه‌ن و هیچ به‌هایه‌كی به‌رز و پیرۆزی مرۆڤایه‌تییان له‌لا نییه.
نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته‌دا گرنگییه‌كی زۆری به‌لایه‌نی ئینسانی داوه، بۆی گرنگ نییه چاره‌نوسی كاره‌كته‌ركان به‌چیی ده‌گه‌ن بۆ نمونه یاسینی منداڵ كه لای میرزای دووكاندار جێیده‌هێڵێت، ته‌نانه‌ت نازانرێت خودی پیره‌مێرده‌كه‌ش كه لهكانهكه ده‌رده‌چێت كوێوه ده‌چێت و چیی رووده‌دات؟ ئه‌و ته‌نها له‌رووه ئینسانییهكهوه لایه‌نی دزێوی و ئاكامه خه‌ته‌رناكه‌كانی شه‌ڕ و داگیركای نیشانداوه و ئاماژه‌ی به‌و ره‌هه‌نده ده‌روونیه شێوا و ئاڵۆزانه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی كردووه و وه‌ك قوربانی ناساندوونی، ئه‌وه‌ی پێوتووین كه چۆن شه‌ڕ و بۆمباكان جگه لهكوشت و وێرانكاری، په‌یوه‌ندییه ئینسانییهكانیش له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و رۆح وێران ده‌كه‌ن و هه‌رچی مه‌فاهیم و مانای جوانی ژیان هه‌یه ناشرینی ده‌كات.
لایه‌نێكی دیكه‌ی جوانی ئه‌م نۆڤلێته، ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر كه‌شێكی ته‌واو شیعری و سینه‌مایی پێبه‌خشیوه و خۆی به‌دوور گرتووه له درێژ دادڕی و درێژكردنه‌وه رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست ده‌كه‌ین ته‌ماشای ملمێكی غه‌مگین ده‌كه‌ین، عه‌تیق شاره‌زایانه سكێچی حاڵه‌ته ده‌روونیه‌كانی كاره‌كته‌ركانی كێشاوه‌و حسابێكی درووستی بۆ هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه، كاره‌كته‌ركان كه‌سانی كه‌م دوون و حه‌ز به‌زۆر بڵێیی ناكه‌ن،دوواجار نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته‌دا په‌یامێكی روون و ئاشكرای هه‌یه كه له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك ره‌مز و سومبولهوه نیشانی داون، به‌بڕوای من هه‌ر یه‌ك له‌و ره‌مز و سومبولانه مانا‌و ده‌لالات و ره‌هه‌ندی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی تایبه‌ت به ژیان و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی خۆیان هه‌یه.
هه‌ر یه‌ك لهكارهكتهرهكان خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك حیكمه‌تی خۆیانن كه به‌هۆی ئه‌زموونی ژیانی تاكه كه‌سێتی خۆیانه‌وه پێی گه‌یشتوون، بۆ نمونه له‌ژێر زه‌برو كاریگه‌ری رۆژگاره تاڵ و ره‌شه‌كاندا پێناسه‌ی زۆر چه‌مكیان كردووه‌ته‌وه كه له‌گه‌ڵ حاڵه‌تی تایبه‌تی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی خۆیاندا ده‌گونجێت، ئه‌وه‌تا میرزای دووكاندار له‌وه‌سفی ( فاتیحی) پاسه‌واندا به داستاگیر ده‌ڵێت: ده‌زانیت باپیره خه‌م یان ده‌بێت به ئاو و له‌چاوه‌وه ده‌ڕژێت، یان ده‌بێت به شمشێر و ده‌كه‌وێته سه‌ر زمان، یاخود ده‌بێته بۆمبێكی تهوقیتكرا و له‌ناختدا رۆژێك دێت ده‌ته‌قێته‌وه و وێرانت ده‌كات.
ئه‌م نۆڤلێته كورته، لێكۆڵینه‌وه‌و راڤه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و له‌م ناساندنه كورته‌دا ته‌نها ده‌توانین گۆشه‌یه‌ك له‌لایه‌نه جوانه‌كه‌ی نیشان بده‌ین، به‌و مه‌به‌سته‌ی كه خوێنه‌ری ئێمه خۆی له‌چێژی خوێندنه‌وه‌ی نزیك بكاته‌وه،
ئیدریس عه‌لی