واتا له شیعردا … به‌شی یه‌كه‌م …. زانا خه‌لیل
1- واتا و واتاسازی.
یه‌كێ له‌و گرفتانه‌ی كه تا ئێستا له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردی به گشتی و شیعر به تایبه‌تیدا بوونی هه‌یه، نه‌بوونی تێگه‌یشتنه بۆ تێگه‌یشتن له (واتا) له شیعردا، تێنه‌گه‌یشتن له مانا و فره‌مانایی و (بێ مانایی = ئاڵۆزیی نائێسته‌تیكی) له شیعردا پۆلێن نه‌كراوه و به‌ربڵاوی و تێنه‌گه‌یشتنێكی به‌رچاویش له‌و ڕووه‌دا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بچینه ناو ئه‌و تێمه‌یه ده‌بێ سه‌ره‌تا له واتاسازییه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، واتاسازی وه‌ك قۆناغ و ئاستێكی زانستی زمان‌ناسی دوا به دوای زانستی ده‌نگسازی و وشه‌سازی و رسته‌سازیدا دێ، لێره‌دا له پێناسه‌كردنی واتا و واتاسازی ده‌ستپێده‌كه‌ین و ئینجا ده‌چینه سه‌ر مه‌رامی سه‌ره‌كیمان.
((-واتا- زۆر لایه‌نی زمان داده‌پۆشێ و تاكو ئێستاش رێكه‌وتنێكی ته‌واو له‌سه‌ر سروشتی واتا‌و لایه‌نه‌كانی نییه، بۆیه به‌چه‌ندین شێوه‌ی جیا پێناسه ده‌كرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێناسه‌ی واتاسازی كه به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك پێناسه‌كراوه وه‌ك:
لێكۆڵینه‌وه‌یه له واتا.
زانستێكه‌و له واتا ده‌كۆڵێته‌وه.
لقێكه له زمانه‌وانی و باس له بیردۆزه‌كانی واتا ده‌كات.
لقێكه له زمانه‌وانی و له‌و مه‌رجانه ده‌كۆڵێته‌وه كه ده‌بێ له هێمادا هه‌بێ تاكو هه‌ڵگری واتا بێت.
هه‌موو پێناسه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه واتاسازی (لێكۆڵینه‌وه‌یه له واتا) كه له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی یه‌كه‌مدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه، كه پێناسه‌كه‌ی (جون لاینز)ه و هه‌ر خۆشی ده‌ڵێت: (ئه‌م پێناسه‌یه كاتییه به‌ڵام له‌م پێناسه‌یه گونجاوترمان نییه، نه‌بوونی پێناسه‌ی واتاسازی بۆ چه‌ند هۆیه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه:
واتا شتێكی به‌رجه‌سته نییه.
بوونی چه‌ند جۆرێكی واتا.
بوونی چه‌ند بۆچوونێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی واتا.
جا بۆ هه‌ر پێناسه‌یه‌كی (واتا) ده‌بێ له چوارچێوه‌ی بۆچوونه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی واتا بێت، چونكه هه‌ر بۆچونێك به‌جۆرێك پێناسه‌ی ده‌كات، ئه‌م بۆچوونانه‌ش تاڕادیه‌ك له پێناسه‌ی واتا نزیكبوونه‌ته‌وه، كه‌واته پێناسه‌یه‌كی نموونه‌یی بۆ واتا نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بڵاوترین پێناسه‌ی واتا بریتییه له تێگه‌یشتنی كه‌س له وشه و گرێ و رسته))(1).
له پێناسهیهكیتری واتاسازیدا هاتووه كه (واتاسازی زانستی رێكخستنی ئه‌لفاز و گوزارشتكردنه به شێوازێكی دیاریكراو)(2).
كه‌وابێ واتاسازی لقێكی زانستی زمانه و له واتا ده‌كۆڵێته‌وه، (واتا) هه‌ر له كۆنه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه له هه‌موو ئاسته‌كانی ئاخافتن و ئه‌ده‌بیاتی نووسراو و ئاماژه و هێما و زیگنالهكان و ..تاد، ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین له ده‌ستپێكدا بزانین كه له شیعری كوردی چۆن باسی واتا كراوه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش (نالی) وه‌ك نمونه وه‌رده‌گرین..
2- چۆنیه‌تی باسكردنی واتا له دیوانی (نالی)دا.
باسكردن له تێنه‌گه‌یشتن و تێگه‌یشتنی ئه‌ویدی یا لای وه‌رگر له دیوانی (نالی)دا، دۆكومێنتێكه له‌سه‌ر بوونی كێشه‌ی واتا له دیوان و سه‌رده‌می دیواندا، به‌و مانایه‌ی شیعری نالی خاوه‌ن كێشه‌یه‌كه كه ئه‌ویش كێشه‌ی تێگه‌یشتن و تێنه‌گه‌یشتنه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به‌لای ئێمه‌وه گرنگه لێره‌دا وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه كه تێنه‌گه‌یشتن له دیوانی نالی‌دا له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و نالی چۆن ته‌ماشای مانای كردووه و چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ تێنه‌گه‌یشتن له واتای شیعری كردووه؟
A- تێنه‌گه‌یشتن له واتا:
عومرێكه به میزانی ئه‌ده‌ب توحفه فرۆشم
زۆرم وت و كه‌س تێنه‌گه‌یی، ئێسته خه‌مۆشم
ئه‌گه‌ر له‌و به‌یته و به‌یتی دوای ئه‌وه‌ش كه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، له زمانی نالی وردبینه‌وه ئه‌وا ده‌بینین، زمانێكی خیتابی راسته‌وخۆیه و ئامانج تێیدا گه‌یاندنی په‌یامه، په‌یامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه له‌گه‌ڵ سرووشت و كه‌شی گشتی دیوان یه‌كانگیر نابێته‌وه، چونكه ئه‌و به‌یته هه‌ڵگری په‌یامێكی دیاریكراوی به‌ده‌ره له ئامانج و په‌یامی شیعر له پێناوی هونه‌ر.. مه‌به‌ست له شیعر له پێناوی هونه‌ر ئه‌وه‌یه: كه شیعر له پێناوی ئێسته‌تیك و قووڵی و فره‌وانی هونه‌ره‌كانی شیعر و زمان به گشتی و واتا به تایبه‌تی و ..تاد دابێ.
هۆی نووسین به‌و شێوازه له‌و به‌یته‌دا، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به (بۆنێردراو=وه‌رگر)ێكی دیاریكراوه‌وه هه‌یه كه ره‌نگه له یه‌ك و چه‌ند یه‌كێكیش زیاتر بن، (كه‌س تێنه‌گه‌یی) به واتای كۆمه‌ڵه وه‌رگرێكی زۆر دێت، بۆیه لێره‌دا زمان به‌ره‌و ئاستێكیتر نزم ده‌بێته‌وه كه له وێستگه‌ی كۆتاییدا دابه‌زینی ئاستی شیعر و شیعرییه‌ت و زمانی لێده‌كه‌وێته‌وه.
(ئه‌م شیعره‌ی نالی هاوارێكی ناڕه‌زاییه له روی كۆمه‌ڵدا ده‌ری ئه‌بڕێ، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی كه چینی بنه‌وه‌ی له‌به‌ر به‌دبه‌ختی و كوێره‌وه‌ری و دواكه‌وتن نه ئه‌توانێ له هونه‌ری جوان بگا و نه له ئاستی ئه‌وه‌شدایه قه‌دری هونه‌رمه‌ند بگرێ، چینی سه‌ره‌وه‌شی تا بینه‌قاقه‌ی نوقمی رابواردن و ئاره‌زوبازی و خه‌ڵك چه‌وساندنه‌وه‌ی خۆیه‌تی ..تاد)(3).
به‌و شێویه بۆمان ده‌سه‌لمێ شیعره‌كانی نالی كێشه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه خه‌ڵك تێینه‌گه‌یشتوون، خه‌ڵك به مانای وه‌رگر دێ، بۆیه لێره‌دا ده‌بێ بپرسین وه‌رگر كێیه؟
((وه‌رگر: ئه‌و كه‌سه‌یه كه هوشیاركهرهوهكه وه‌رده‌گرێت، له رێگای (چاو) و (گوێ) و له مێشكدا شییان ده‌كاته‌وه، جا ئه‌گه‌ر په‌یامه‌كه راسته‌وخۆ و ئاسان بوو ئه‌وا خێرا تێی ده‌گات ئه‌گه‌ر ناڕاسته‌وخۆش بوو ئه‌وا ئه‌ركی مێشك قورس‌تر ده‌بێت، پێویستی به تێگه‌یشتنی قووڵا ده‌بێت كه زۆر گرانه و له‌وانه‌شه ئه‌سته‌م بێت بۆیه (وه‌رگر) په‌ناده‌باته به‌ر ئه‌م سێ قۆناغه:
1- لێكدانه‌وه‌ی واتای فه‌رهه‌نگی، له رێگای واتای وشه‌و لێكدانیان.
2- به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵا ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی كه تیایدا گوتراوه تا بزانێت ده‌گونجێت یان نا.
3-ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌ی نه‌گه‌یاند ئه‌وا ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ندێ زانیاری كه‌سی و كه‌لتوری.))(4).
تێگه‌یشتنی خوێنه‌رانێك كه بێ باكگراوندێكی مه‌عریفه‌ی شیعری دێنه سه‌ر خوان و خوێندنه‌وه‌ی شیعر كارێكی ئاسان نییه، به تایبه‌تیش بۆ شیعره‌كانی نالی، وه‌رگری دانا ده‌زانێ كه نالی به كۆشش و زانایێكی زۆره‌وه نه‌خشه‌ی درووستكردنی ته‌لاره باڵاكانی داڕشتووه و ئاستی زمان و مه‌عریفه و رۆشنفكری ئه‌و له كوێ دایه، له به‌شه‌كانی دواتر به وردی باس له‌وه ده‌كه‌ین كه شیعری نالی خاوه‌ن چ فه‌زایه‌كی واتاییه و خۆی چۆن باسی كردووه.
له جگه‌رگۆشه‌یی شیعرم مه‌ده مه‌عنایی خراپ
بێ خه‌تا كه‌س نییه رازی كه له ئه‌ولادی درێ
هه‌مدیس به هه‌مان ئاست و به هه‌مان زمان گوتارێكی لاواز بۆ وه‌رگرێكی ئاست نزم له رووی شیعر و مه‌عریفه‌ی شیعرییه‌وه ده‌نێرێ، كه ئه‌وه‌شیان رێفلێكسی كاتێكی دیاریكراوه بۆ (كه‌س = كه‌سان)ێكی دیاریكراو، ئه‌و كێشه‌ی بوونی مه‌عنا و تێنه‌گه‌یشتن له واتادا حه‌قیقه‌تێكی چه‌سپاوه له شیعردا له هه‌موو قۆناغه‌كانی به‌ر له نالی و له چاخی نالی و تا به ئێستایش ده‌گات، ئه‌وه‌ی كه له ئاستی گوزارشتكردنی ئه‌و دوو به‌یته ده‌ستمان ده‌كه‌وێت بریتییه له نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی شیعری لای نالی ئه‌وه‌شیان له‌به‌ر ئه‌و چوار هۆیانه‌یه:
1. نالی له گرنگی وه‌رگر و رۆڵی وه‌رگری زانیوه، زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك دوای نالی (رۆلان بارت 1980 –1915) (وه‌رگر- خوێنه‌ر) به پڕۆدوكتهری تێكست داده‌نێ و به ئه‌ندامێكی كارای داده‌نێ له به‌شداریكردن له تێكست، به تایبه‌تیش له سیاغه‌ی ده‌ق ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش بێت، وه‌رگر لای بارت ئامانجی سه‌ره‌كییه، دابه‌شكردنی سێیانی بارتی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه له سێ رووه‌وه خۆی ده‌بینێته‌وه، چه‌مكی تێكست و چه‌مكی نووسین و چه‌مكی خوێنه‌ر، ئه‌وه‌ی سێیه‌میان كه خوێنه‌ره، پێویستی به رۆشنبیری و باكگراوندێكی یه‌كجار فراوان و قووڵ هه‌یه بۆ ئه‌و به‌شداریكردنه(5).
2. له‌و دوو به‌یته‌دا به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی بارت كه پێی وایه بۆ به‌ژداریكردن له تێكست وه‌رگر ده‌بێ كه‌سێكی ئاست به‌رزی مه‌عریفی بێ، وه‌رگر كه‌سێكی ئاست نزم و بێ باكگراونده، ته‌نیا له پێناوی گه‌یشتنی واتای گوتار، ده‌قنووس ئاستی خۆی هێناوه‌ته ئاستی وه‌رگر، لێره‌دا نێنهر بۆته قوربانی بۆنێردراو.
3. به گوێره‌ی بۆچوونێكی رۆلان بارت، تێكست بریتییه له چنینێكی زمانی كه ئه‌وه‌ش راگه‌یانراوێكی تۆمارییه بۆ پۆلێنكردنی ئاماژه‌كانی زمان، تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو دوو شێوه یا رووی هه‌یه، روو یا شێوه‌ی (دال) كه بریتییه له پیت و وشه و ده‌سته‌واژه و شێوه‌ی دووه‌می (مه‌دلول)ه كه ئه‌ویش لایه‌نی وێناكردنه له زه‌ین(6). بێگومان بۆ خوێنه‌رێك كه كه‌رسته‌ی كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی تێكستی پێ نه‌بێ یا له ئاست فره‌وانی مه‌عریفه‌ی نالی‌دا خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌كی نزمی شیعری بێ، ئه‌وا وای له نالی كردووه كه شێوازی گوتاری خۆی بۆ وه‌رگرێكی له‌و جۆره بگۆڕێ.
4. هاوبه‌شییه‌ك له هه‌ردوو به‌یته‌كه‌دا د‌رك پێده‌كرێ كه ئه‌ویش بریتییه له په‌یوه‌ست بوونی نالی به خوێنه‌ره‌وه، نالی له هه‌ردوو به‌یتدا به ئاشكرایی گوتارێكی نه‌رم و خه‌فه‌تئامێز ئاراسته‌ی خوێنه‌ر ده‌كات، (كه‌س تێنه‌گه‌یی، ئێسته خه‌مۆشم) له‌گه‌ڵ (له جگه‌رگۆشه‌یی شیعرم مه‌ده مه‌عنایی خراپ..تاد) ئه‌و گوزارشتكردنه به‌و شێوازه نه‌رم و نیان و پڕ له خه‌مه په‌یوه‌ست بوون و به گرنگ و به هه‌ند زانینی خوێنه‌رمان بۆ ده‌سه‌لمێنێ لای نالی.
جگه له‌و دوو به‌یته له شوێنیتریشدا وه‌ك نێرهرێك كه وه‌ڵامی هه‌ندێ ره‌خنه ده‌داته‌وه كه له ئاستی پێویستدا نین، نالی ده‌كه‌وێته‌وه هه‌مان حاڵه‌ت و هه‌ر به هه‌مان زمانی ئه‌وان وه‌ڵام ده‌داته‌وه، كه ئه‌وه‌شیان یه‌كێكه له‌و هۆیانه‌ی كه له‌و چه‌ند به‌یته به‌های به‌رز و ئێسته‌تیكی حه‌قیقی بۆ ئاستێكیتر داببه‌زێ:
كه‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆ كردییه
هه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مه‌عنا ده‌كا
(واته:…. شیعر به‌ر له هه‌رچی ناوه‌ڕۆكی ورد و مه‌عنای قوڵه و دانایان له شیعردا به دوای ئه‌وه‌دا ئه‌گه‌ڕێن و ئه‌وه‌ش ده‌ستی كۆلكه شاعیره‌كان ناكه‌وێ بیخه‌نه شیعره‌كانیانه‌وه)(7).
وه‌ك له به‌یته‌كانی پێشووتریش باسمان كرد، ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌و به‌یته‌ش پێمان ده‌ڵێن: كه ئه‌و به‌یته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه نووسراوه، وه‌ڵامی (وه‌رگر- وهرگرانێك) ده‌داته‌وه كه پرسیاری ئه‌وه‌یان له نالی كردووه، ئایا بۆچی به كوردی ده‌نووسێ؟ “هه‌ركه‌سێ نه‌زان نه‌بێ ئه‌وه به خۆی له مه‌عنای ئه‌وه تێده‌گات كه بۆچی به كوردی ده‌نووسێ” ئه‌وه وه‌ڵامی نالییه، لێره‌دا كێشه‌كه به ته‌نیا ئه‌وه نییه كه وه‌رگر له شیعری نالی تێنه‌گه‌یشتووه به‌ڵكو كێشه‌كه لای نالیش درووستبووه له لایهكیترهوه كه به زمانێك وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه دووره له ئه‌تمۆسفێر و باڵاده‌ستی و زانایی خۆی له شیعردا، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خاڵی سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌ریی كه تێنه‌گه‌یشتنه له شیعره‌كانی نالی، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسیاره‌كه ئه‌وا دایرێكت زه‌ینی پرسیاركهرمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، دیاره كه پرسیاره‌كه‌ی له ئاستێكدا نییه په‌یوه‌ندی به قووڵی شیعر و دنیای ئێستاتیكاوه هه‌بێ، به‌ڵكو له روانگه‌یه‌كی رووكهشانهوه ئه‌و پرسیاره‌ی ئاراسته كراوه و ئه‌ویش به هه‌مان هه‌ناسه و زمان و جۆره شێوازێك بۆ گه‌یاندن و تێگه‌یشتنی ئه‌ویدی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه.
ئه‌نجام ئه‌وه‌یه، كه نالی له‌و چه‌ند به‌یته له‌به‌رده‌م گرفتێك دایه كه ئه‌ویش گرفتی وه‌رگره، هه‌وڵی داوه به زمانێكی نزیك له زمانی ئه‌وان وه‌ڵامیان بداته‌وه، له‌و حاڵه‌ته خۆی كه‌وتۆته چاڵه‌وه، چونكه شیعره‌كانی نالی پڕن له واتا، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: به‌قه‌د قووڵایی ده‌ریا قووڵن، به‌ڵام وه‌كو ئاو شه‌فافن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌نگییان نییه.
B- شه‌فافییه‌ت و ئاڵۆزیی له واتا.
پێشتر نالی كێشه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه تێیناگه‌ن، لێره‌دا پێمان ده‌ڵێ كه شیعره‌كانی ئه‌و شه‌فاف و سافن، واتا شیعره‌كانی وه‌ك ئاوێنه رۆشهنن و وێنه‌كان تێیدا دیارن، به‌ڵام به‌ر له‌وه ده‌بێ بزانین شه‌فافییه‌ت له شیعردا چییه؟ پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌و چییه كه ئاڵۆزییه؟
شه‌فافییه‌ت هه‌رگیز به مانای واقیعیه‌ت نایه‌ت، به مانای زمانێكی رووتی بێ هێما و ئاماژه‌ش نایه‌ت، (شه‌فافیه‌ت و ئاڵۆزیی له شیعردا كێشه‌یه‌كی كۆنه و خودی شیعر ئه‌و كێشه‌یه‌ی ناوه‌ته‌وه، ره‌گی ئه‌و بابه‌ته له ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بیدا بۆ ئه‌ده‌بی جاهیلی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به شێوه‌یه‌كی گشتی مه‌یلی وه‌رگر بۆ لای ئه‌ده‌بیات شه‌فاف بوو، به حوكمی سرووشتی فكری به‌ده‌وی ئه‌و كاته، هه‌روه‌ها ئاسانی ژیان و رۆشهنیی و ئاشكرایی سروشتی به‌یه‌كه‌وه ژیان هۆیه‌ك بوو بۆ ئه‌و رۆشهنییه له شیعر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له قۆناغێك بۆ قۆناغێكیدی هه‌ندێجار شیعر ئاڵۆزیی تێكه‌وتووه)(8).
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان تا ئه‌و راده‌یه كار له ناوه‌وه‌ی شاعیر ده‌كه‌ن و له‌وێوه‌ش له شیعردا ره‌نگده‌داته‌وه، بۆیه به گوێره و ئاستی گۆڕانكارییه هه‌مه لایه‌نه‌كان له ژیاندا ئه‌وا شیعر و زمانی شیعریش گۆڕانی به‌سه‌ردادێ، ئه‌گه‌ر جارێكی‌تر بۆ شیعری عه‌ره‌بی بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌وا له‌گه‌ڵ گۆڕان له هه‌موو ئاسته‌كان له سه‌رده‌می عه‌باسیدا شیعریش ده‌گۆڕێ و به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوا، ئه‌بو ته‌مام(حبیب بن أوس بن الحارپ الگائی 803 – 845 م ) یه‌كێكه له پێشه‌واكانی ئه‌و بواره، بۆیه چاخی عه‌باسییه‌كان به وێستگه‌ی له دایكبوونی شیعری ئاڵۆز داده‌نرێ، كرانه‌وه‌و تێكه‌ڵ بوون به كولتوریدی له‌و سه‌رده‌مه یه‌كێك بووه له هۆیه‌كان، شیعره‌كانی ئه‌بو ته‌مام به قووڵیی و بیری نامۆ و ئیستیعاره به ناوبانگن، له پرسیارێكی(أبی العمیپل) كه سه‌باره‌ت به لێڵی له شیعردا له ئه‌بو ته‌مامی كردووه ده‌ڵێ: بۆچی ئه‌وه ده‌ڵێی كه ناتوانرێ فه‌هم بكرێ؟ ئه‌بو ته‌مام وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: بۆ ئه‌وه فه‌هم ناكه‌ی كه ده‌گوترێ؟))(9).
وه‌ك گوتمان شیعر ته‌واو په‌یوه‌سته به ژیان یاخود هه‌ر خودی ژیانه، شیعر كاریگه‌ریی ریتم و مۆسیقای چاخی به‌سه‌ره‌وه‌یه، بۆیه شیعریش به پێی قۆناغه لێكجیاكان كاریگه‌ر ده‌بێ به‌و ریتم و مۆسیقا و رووگه فه‌لسه‌فیانه‌ی كه ژیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن..ئه‌گه‌رچی له بابه‌تی سه‌ره‌كیمان ده‌رده‌چین كه په‌یوه‌سته به (شه‌فافیه‌ت و ئاڵۆزیی له واتا) به‌ڵام جێی خۆیه‌تی لێره‌دا ئاماژه‌یه‌ك به‌و هۆكارانه بكه‌ین كه بوونه‌ته هۆی گۆڕانی شیعر له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكیدی له‌و چاخه‌دا:
ـ گۆڕانی شیعر.
ئێستا ڕووگه‌ی شه‌پۆلێكی جیا له ڕووی ڕێكبه‌ندی كردنی ژیان به‌ڕێوه‌یه كه ئه‌ویش ئاسانكردنه‌وه‌ی شته‌كانی نێو ژیانه له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه به شیعریشه‌وه، بێگومان پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا به ده‌ستپێكی ئه‌و شه‌پۆلی ئاسانكردن و سادهییكردنی ژیانه داده‌نرێ.
ڕۆشنه كه ڕووگه‌ی فه‌لسه‌فی مرۆڤی هاوچه‌رخ بریتییه له باش ژیان و خۆش ژیان دوور له ئاڵۆزییه‌كان، دوور له كلێشهبهندی رۆح به قانونه‌كانی ماتماتیك، كه‌وابێ هه‌وڵی گۆڕین ده‌درێ، مرۆڤ ده‌یه‌وێ ئه‌و ئیتاژه بگۆڕێ و روو له ئیتاژی سه‌رووتر بكا.
ئیتاژی سه‌رووتر چییه؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی تا ئێستا گه‌یشتبێته ئه‌وه‌ی كه له‌ناو ئیتاژێكدا ژیانێك بۆ خۆی درووستبكا، ئه‌و ژیانه ته‌نیا و ته‌نیا عه‌قڵ و ئاڵۆزییه‌كانی عه‌قڵ به‌ڕێوه‌ی ببا، ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی تا ئێستا گه‌یشتبێته ئه‌وه‌ی كه له‌ناو ئیتاژێكدا ژیانێك بۆ خۆی درووستبكا ئه‌و ژیانه بریتیی بێ له‌وه‌ی ئێسته‌تیك له ئاڵۆزییه‌كان ببینێته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌لاره‌كانی نێو ئه‌و ئیتاژه هه‌مووی به په‌یكه‌ر و نهققاشییێكی ئاڵۆز رازابێته‌وه و ….تاد ئه‌وا ئێستا به‌شێكی زۆری مرۆڤه‌كان ده‌یانه‌وێ له ئیتاژێكدا ژیان ببه‌ن به‌ڕێوه، كه ساده‌یی دوای بڕینی قۆناغی عه‌قڵ و عه‌قڵانییه‌ت ده‌یبا به‌ڕێوه.
به كورتی: ڕووگه‌ی فه‌لسه‌فی وڵاتانی پێشكه‌وتوو ڕوو له ئاسانكردن و ساده‌ییه، ڕوو له ئاسانكردنی ئاڵۆزییه‌كان و كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێیانه‌یه كه ئێستا (مه‌به‌ست له چاخی نوێیه) به‌بێ هۆكار هێشتا هه‌ر كۆد و گرێن.
ئه‌و شه‌پۆلی به‌ره‌و ئاسانكردن و ساده‌ییه هه‌موو ڕووه‌كانی ژیانی گرتۆته‌وه، ژیانی ڕۆژانه، به نمونه: بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵێ، دوای چه‌ندین ساڵی‌تر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێ ماركێت نه‌مێنێ له دنیادا، تۆ له ماڵه‌وه به ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆن داوای هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیانی خۆت ده‌كه‌ی.. ئه‌و ئاسانكاریی و ساده‌ییه هه‌موو ڕووهكانیتری ژیانی گرتۆته‌وه، به نمونه: ته‌لارسازی، ته‌شكیل، ئه‌ده‌بیات و چۆنیه‌تی درووستكردن و دانانی مۆبیلی ناو ماڵ و …..تاد.
– كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی شیعر (شیعری ئه‌وروپی) به نمونه.
1- كاریگه‌ری بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفان:
وه‌كو هه‌ر ئه‌ده‌بیاتێكی تر له هه‌ر كیشوه‌رێكی تردا شیعری نوێی ئه‌وروپیش درێژكراوه‌یه، درێژكراوه‌ی سه‌ده‌كانی به‌ر له خۆی، درێژكراوه‌ی ئه‌و تیۆر و داهێنانه‌ی كه داهێنه‌ره‌كانی زووتر خولقاندوویانه، (ستانلی هایمه‌ن)كه ره‌خنه‌گرێكی ئه‌وروپییه له كتێبی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ده‌ڵێ: بێ ده‌ست نیشانكردنی كاریگه‌ری هه‌ر یه‌ك له ( داروین و ماركس و فرێزه‌ر و فرۆید) ئه‌سته‌مه ئێمه بتوانین شیكردنه‌وه‌ی ته‌واو سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكاریانه ئه‌نجام بده‌ین كه به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی نوێی ئه‌وروپی داهاتوون.
كاریگه‌رییه‌كانی داروین دوای دانانی كتێبی (ره‌چه‌ڵه‌كی جۆره‌كان) و كتێبی دووه‌می (ده‌ركه‌وتنی مرۆڤ) كه دواتر به تیۆری داروین ده‌ناسرێ به سه‌ر مرۆڤ و ئه‌ده‌بیاتدا له دوو خاڵ ره‌نگده‌داته‌وه:
A – به ئاژه‌ڵبوونی مرۆڤ كه هه‌موو هه‌سته مرۆڤایه‌تییه‌كان لای مرۆڤ پشتگوێ ده‌خات و وا له مرۆڤ ده‌كات كه ببێته پاژێ گۆشتی بێ ئیحساس، وه‌ك هه‌ر ئاژهڵێكیتر.. به‌و كاریگه‌رییه شیعری ره‌ش و روئیا و تێڕامانی ره‌ش ده‌بێته تێمهیهك بۆ شیعری نوێی سه‌رده‌می جه‌نگه گه‌وره‌كان.
-B هه‌ستكردن به بێكه‌لكی ژیان و نه‌بوونی هیچ ئامانجێك بۆ ژیانی مرۆڤ.
لێره‌دا ئه‌ده‌بیاتی عه‌به‌سیه‌ت و رهشعاشقی دێته بوون و له تێكستدا ته‌نیا گوزارشت له بێئومێدی و بێخه‌ونی ده‌كرێ.. “عه‌به‌سیه‌ت رێبازێكی ئه‌ده‌بی فكرییه، مرۆڤی له‌لا پێ بوونه‌وه‌رێكی له ده‌ستچووه و هیچ مانایه‌ك نییه بۆ ره‌وشت و ئه‌خلاقیاتی مرۆڤ.. سامۆئیل بێكت وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبل 1969 به دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و رێبازه داده‌نرێ”.
ئه‌وه‌ی به كاریگه‌رییه‌كانی فرۆیده‌وه په‌یوه‌ست بێ، په‌یوه‌ندی به ده‌ركه‌وتنی ئه‌و تیۆره‌یه كه سێكس به وه‌سیله و ئامانج ده‌زانێ، كاریگه‌رییه‌كانی فرۆید به چه‌ندین شێواز و له چه‌ندین شوێنزهمهنی جیا له‌نێو ئه‌ده‌بیاتدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش له نووسینی ئهوتۆماتیكی لای دادایی و سوریالییه‌كان.. یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ی كه كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار زۆری به‌سه‌ر ره‌وتی نووسینی شیعردا هه‌بووه له ئه‌وروپادا سیگموند فرۆید 1856-1939 بووه، كه كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر ته‌واوی سوریالییه‌كان به گشتی و ئه‌ندرێ برێتۆن به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه.
بێگومان به‌ر له فرۆید، دانانی تیۆری سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزمی زانستی له لایه‌ن كارل ماركس (5مایۆی 1818-14مارسی 1883)ه‌وه یه‌كێكیتره له‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه له‌نێو شیعری ئه‌وروپی ره‌نگده‌داته‌وه، به تایبه‌تیش ئه‌و كاریگه‌رییه له‌وێوه به ده‌رده‌كه‌وێ كه ره‌خنه‌ی سۆسیالیزمی زانستی و ئه‌ده‌بیاتی واقیعی دێته كایه‌وه.
له لایهكیترهوه له به‌رگی سێیه‌می كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵمانی)دا هاتووه: یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ی كه گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی بیسته‌می ئه‌وروپادا هه‌یه (فریدریش نیتچشه)یه و تا ئێسته‌یش ئه‌و كاریگه‌رییه هه‌ر به‌رده‌وامه..
به كورتی بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوف و شاعیران به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان و به پێی قۆناغه لێكجیاكان كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر گۆڕینی ڕه‌وتی تێڕامان و فۆرمی تێكست و تێمه و زمان و ستایلی شیعری ئه‌وروپی نوێ، به واتایێكیتر ئه‌وانه هه‌مووی هۆكار و فاكتۆر و زه‌مینه‌خۆشكه‌ری هاتنه كایه‌وه‌ی جیهانێكی نوێن، جیهانی شیعری نوێی ئه‌وروپی.
2- كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ردوو جه‌نگی گه‌وره‌ی جیهانی..
جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی 1916-1918 و جه‌نگی دووه‌می جیهانی له. 7 ی یولیۆی 1937 له ئاسیا و 1ی سپتێمبه‌ری 1939 له ئه‌وروپا تا 1945 كاریگه‌ری ته‌واوی هه‌بوو به‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی سه‌رزه‌مین له هه‌موو رووه‌كانه‌وه.
زۆر له بیرمه‌ندان گوتوویانه كه ئه‌ده‌بیات ده‌رهاوێشته‌ی ژیانی مرۆڤه، یاخود ئه‌ده‌بیات خودی ژیانه، بۆیه ئه‌ده‌بیاتیش دوور نابێ له‌و كاریگه‌ریانه‌ی كه جه‌نگ ده‌یهێنێ، دوای كۆتایهاتنی جه‌نگ وه‌ك دژبوون و ڕوو به ڕووبوونهوهیهك بۆ ئه‌و كاره‌سات و كاتهسترۆفانه چه‌ندین گروپ و رێبازی ئه‌ده‌بی لێره‌و له‌وێ سه‌ریان هه‌ڵدا.. گروپی 47 ی ئه‌ڵمانی نمونه‌یه‌كی دیاره له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵمانیدا.
3- ریتمی چاخ
چونكه مرۆڤه‌كان له یه‌كتری جیان ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانرێ پێناسه‌ی ره‌ها بدرێته هه‌موو ئه‌و وشه و زاراوانه‌ی كه سه‌ر به یه‌كێ له پۆلی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانن.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی كه‌سانێكه‌وه (داهێنان) ته‌ماشاكردنی شتگه‌لێكی مه‌ئلوف بێت به شێوه‌یه‌كی نامه‌ئلوف، ئه‌وا لای كهسانیدی پێناسهیدی بۆ كراوه‌و بۆشیدهكرێ.
شیعر لای پۆل ڤالیری: ( زمانێكه له نێو زمان).. ئه‌دۆنیس شیعری نوێ به روئیا پێناسه ده‌كا، روئیاش به‌وه دیاری ده‌كا كه قهفزهیهكه له ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكه جێگیره‌كان.
به درێژایی مێژوو تا ئێستا هه‌زاران و هه‌زاران پێناسه‌ی جیا جیا بۆ شیعر كراوه، كه‌چی كۆكییهكی جێگیر و گشتگیر نییه بۆ پێناسه‌كردنی شیعر، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه واده‌كات شیعر به زیندوویه‌تیی بمێنێته‌وه.
یه‌كێ له هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی شیعر به زیندوویه‌تی بریتییه له خۆنوێكردنه‌وه و خۆگونجاندنی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ریتم و موزیكی چاخه‌كان.. هه‌ندێجار بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به ریتمی له یه‌ك نزیك و به هه‌ناسه‌ی لێكچوو شیعره‌كان ده‌خوێنینه‌وه، كه‌چی له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانێكی نوێ كه ڕوو به ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه ئیقاعی شیعریش ده‌گۆڕێ، به نمونه: له پاش هه‌موو جه‌نگه گه‌وره‌كان خاسیه‌ت و سیماكانی شیعر گۆڕاوه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و هه‌ژده، په‌خشانی ئه‌وروپی به ریتمی سیمفۆنیا ده‌نووسرا، هه‌ناسه‌ی درێژ و كتێبی قه‌باره گه‌وره و وردبینی و درێژدادڕی له گێڕانه‌وه.
له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی ئه‌ده‌بیات شێوه ره‌شبینی و دژایه‌تیكردنی واقیعی به خۆیه‌وه بینی.. ئه‌مه جگه له‌و هه‌موو رێبازه ئه‌ده‌بیه‌ی كه پێویستییه‌كانی چاخ درووستی كردوون.
ئه‌و 10-20 ساڵه‌ی ئه‌خیری گۆڕانێكی گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆژی هه‌موو دنیای داگیركردووه، هه‌ر بۆیه شیعری ئێستای ئه‌وروپی به ئیقاعی نزیك له(هاوزموزیك و تهشنۆموزیك) ده‌نووسرێ، ریتمی ژیان خێرایه، تێكقژقژانێك له واقیعی ژیانی مرۆڤه‌كاندا هه‌یه، مرۆڤه‌كان هه‌ڵپه هه‌ڵپی ژیانیانه، شتگه‌لێكی زۆر و بێ‌سنوور له سه‌ده‌كانی رابردوو بوونیان نه‌بوو، به درووستبوون و داهێنانیان سه‌رقاڵی مرۆڤه‌كان زیاتربووه، زۆر له‌و پێداویستیانه‌ی كه له چاخه‌كانی زووتردا گرنگیان پێنه‌دراوه ئێستا له پێشینه‌ی حه‌ز و خواسته‌كانی مرۆڤی چاخن، ئه‌وه جگه له راكردن به‌دوای ژیان، هه‌موو ئه‌و هۆكارانه وا له زۆرینه‌ی تاكه‌كان ده‌كه‌ن كه كاتی خوێندنه‌وه‌ی تۆلستۆ و بهلزاكیان نه‌مێنێ.. (ئایا تاكوو ئێستا كه‌س وشه به وشه پرۆست، به‌لزاك، شه‌ڕ و ئاشتی خوێندۆته‌وه؟ پڕۆست شانسێكی باش و به‌رزی هه‌یه كه له هه‌موو جارێكدا كه ده‌یخوێنینه‌وه كۆمه‌ڵێك به‌شی جۆراوجۆری لێ فڕێ ده‌ده‌ین)(10).
به پێچه‌وانه‌وه تێكستی كورت و چڕ شوێنی ئه‌و به‌رهه‌مه درێژانه‌ی گرتۆته‌وه، كه ئیدی هی ئه‌و چاخه نین، راسته تێكستی ئیبداعی شوێنزهمهن ناناسێ و هه‌موو هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و ئاسته‌نگه‌كان ده‌بڕێ، به‌ڵام مرۆڤی هاوچه‌رخی ئێمه له قه‌یرانی بێكاتیدا ده‌ناڵێنێ.
ئه‌ده‌بیات دیارده‌یه‌كی سه‌د ده‌ر سه‌د ئیندیڤدوێلی نییه، به‌و واتایه‌ی ده‌بێ پردێك هه‌بێ له‌نێوانی نێره‌ر و وه‌رگر، هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌یش كه ئه‌ده‌بیاتی جددی به‌رهه‌مده‌هێنن چاوه‌ڕوانی فراوانتركردنی ئه‌و پرده ده‌كه‌ن كه له‌نێوانی خۆیان و وه‌رگردا هه‌یه:
عومرێكه به میزانی ئه‌ده‌ب توحفه فرۆشم
زۆرم وت و كه‌س تێنه‌گه‌یی، ئێسته خه‌مۆشم
له‌م سه‌رده‌مه‌یشدا كۆمه‌ڵێ نووسه‌ر و رۆماننووسی وه‌ك پاولۆ كۆیلۆ یا فێرمین یا گارده‌ر ته‌نیا بۆ كه‌سانێكی جددی و گۆشه‌گیر نانووسن، ئه‌و پێشوازییه‌ی كه له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وان ده‌كرێ به‌ڵگه‌ی ته‌واوه بۆ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی ئێمه.
وه‌ك گوتمان گۆڕانی شیعریش به كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه په‌یوه‌سته، ئه‌و هۆكارانه‌ش له‌سه‌رده‌مێك بۆ سهردهمێكیترهوه ده‌گۆڕێن، ئه‌گه‌ر بێت و مه‌رامی قسه‌كان چڕبكه‌ینه‌وه ده‌بێ بڵێین: ئه‌و چاخه‌ی ئێستا ئێمه تێیدا ده‌ژین چاخێكه خاوه‌ن ریتم و ئیقاعێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی كه جیاتره له هه‌موو چاخه‌كانی رابردوو، ئه‌گه‌ر تێكستی جددی موڵكی هه‌موو چاخهكانیش بێ، ئه‌وا هێشتایش هه‌ندێ سیما و خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ن كه ئه‌ده‌بیاتی قۆناغێك له‌گه‌ڵ قۆناغێكیتری مێژوو له یه‌كتری جیاده‌كه‌نه‌وه.
جا بۆیه گه‌یشتن به پرۆسه‌یه‌كی نوێ و ده‌گمه‌ن و هاوئیقاعی چاخ كارێكی سانا نییه، به‌ڵكو جێهێشتنی هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانه و ده‌رچوونیشه له‌نێو بازنه‌كانی ئاڵۆزیی، ئه‌گه‌ر ئاڵۆزیی به تونێَلێك دابنێین بۆ گه‌یشتن به نوێ و شه‌فافیه‌ت له ستایلدا ئه‌وا ده‌بێ شاعیر ئه‌و تونێله ئاگراوییه ببڕێت تا پێیبگات.
نوێ درێژكراوه‌ی كۆنه، نوێ داهێنراوی خۆڕسكیانه نییه، له شیعردا وه‌رچه‌رخان هه‌یه، رامبۆ زه‌وقی شیعری كۆن و باوی به ئاراسته‌یه‌كیتر برد، (رامبۆ 1854 ـ 1891 تا ئێستا له مێژووی شیعر ڕووینه‌داوه گه‌نجێك له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیدا نه‌خشه‌ی شیعری كۆن به‌و شێوه‌یه بگۆڕێ كه ئه‌و گۆڕی، كاریگه‌ری سه‌رده‌می خۆی وایكرد كه زمانی شیعری به ته‌واوی بگۆڕێ و هێشتا نه‌ببووه بیست ساڵیش كه بۆ هه‌میشه‌یی شیعری جێهێشت، پاش تێپه‌ڕبوونی 117 ساڵ به‌سه‌ر مردنی هێشتا به‌شێك له شاعیر و نووسه‌ران به‌و شێوه لێیده‌ڕوانن: سوریالییه‌كان به ئیلهامبه‌خشی داده‌نێن.. په‌راوێزییه‌كان به وته‌بێژی خۆیانیان ده‌زانن.. مه‌سیحیه‌كان به قهدیسییان داناوه.. شیوعیه‌كان به هاوڕێی خۆیانیان داناوه.. فاشییه‌كان به سیمبۆلی بزووتنه‌وه‌ی داهاتووی خۆیان ته‌ماشایان ده‌كرد.. ئه‌ڵمانه‌كان پێیان وابوو به هه‌ڵه له فڕه‌نسا له دایكبووه، ده‌بووایه ئه‌ڵمان بووایه..وجودییه‌كان له‌نێو خۆیانیان دانابوو، ئانارشیی و عهدهمیهكانیش به پێشه‌وا و نوێخوازهكانیش به ئیمامی داده‌نێن)(11).
ئیلیۆت به هه‌مان شێوه، به‌ڵام دوای ئیلیۆتیش له ناوه‌ڕاست و كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و له كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌سلێكی نوێ ئه‌و زه‌وقه‌ی كه ئیلیۆت درووستی كردبوو به ئاراسته‌یه‌كیتر بردرا، داداییه‌كان و سوریالییه‌كان و دواتر گروپی 47ی ئه‌ڵمانی و ….تاد نمونه‌ی دیاری ئه‌و قسه‌یه‌ن.
ئێستای شیعری نوێ به‌و رێڕه‌وه‌دا ده‌ڕوا كه نه‌سڵی شاعیرانی دوای جه‌نگ هێناویانه‌ته پێش له گۆڕینی ئه‌و زمانه‌ی كه ئیلیۆت پێیدهنووسی، له گرینگی نه‌دان به ئه‌فسانه و هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه له چاخی ئه‌مڕۆدا خوێنه‌ر تووشی سه‌رئێشه ده‌كه‌ن.
تێكستی ساده و تێكستی شه‌فافی ئێستهتیكئامێز و هه‌ڵگری روئیا باشتر و رێكتر ده‌گاته زمانه‌كانیتر، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه له‌ناو لێكسیكۆن و فه‌رهه‌نگ و مۆرفۆلۆژیا و گه‌مه‌ی ئیقاعی كارده‌كه‌ن.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێكستی ساده و تێكستی شه‌فافی ئێسته‌تیكی، هه‌ڵگری هه‌مان چێژه له هه‌موو زمانه‌كانیتردا، به پێچه‌وانه‌ی شیعری ئاڵۆز كه ته‌نانه‌ت به زه‌حمه‌ت ته‌رجه‌مه‌ی نزیكترین زمان (ئه‌و زمانانه‌ی سه‌ر به هه‌مان خانه‌وادی زمانیشن) ده‌كرێ، خۆ ئه‌گه‌ر وهریشبگێڕدرێ ئه‌وا زۆربه‌ی تایبه‌تمه‌ندی و خاسیه‌ت و جوانییه‌كانی خۆی (ئه‌گه‌ر هه‌یبێ) له ده‌ستده‌دا.. دیاره گوزارشتكردن له كه‌سێكه‌وه بۆ كهسێكیتر و له حاڵه‌تێكه‌وه بۆ حاڵهتێكیتر له گۆڕاندایه، هه‌موو ئه‌و گۆڕانانه‌یش په‌یوه‌ندی به شێوازی نێره‌ره‌وه هه‌یه، بۆیه لێره‌دا پێویسته بپرسین، شێواز چییه: (شێواز ئه‌و رێگایه‌یه كه سلوكی مرۆڤ ده‌رده‌خات له گوزارشت كردنی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه له زه‌ینی مرۆڤدا هه‌یه.. پێناسه‌كردنی شێواز لای جان كوهن هێنده جیا نییه له پێناسه‌كه‌ی شارل برۆنو كه ده‌ڵێ: هه‌موو شتێكی نائاسایی كه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره گشتییه‌كان یه‌ك ناگرێته‌وه پێی ده‌گوترێ شێواز، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كه شێواز بریتییه له لادان، به‌و شێوه‌یه ئه‌و شته دیاریی ناكه‌ین كه تێیدایه، به‌ڵكو ئه‌و شته ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه تێیدا نییه)(12).
له ئه‌نجامی ئه‌و قسانه ده‌مانه‌وێ بڵێین كه شیعر هه‌میشه له گۆڕاندابووه، له كاتێكه‌وه بۆ كاتێكی‌تر و له كه‌سێكه‌وه بۆ كهسێكیتر، ئه‌وه‌یه ده‌بینین كه خودی نالی له حاڵه‌تێكه‌وه زمانی گۆڕاوه بۆ حاڵهتێكیتر، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی له شیعری كلاسیكی كوردیدا شاعیر شه‌فاف بووه له ده‌ربڕینی واتا دا، كه‌چی له به‌كارهێنانی وشه و ده‌سته‌واژه لێڵ و ته‌ماویی و پڕ له ئاڵۆزیی بووه، به پێچه‌وانه‌وه له شیعری نوێ‌دا واتا ئاڵۆزه و زمان شه‌فافه، به‌و شێوه‌یه:
شیعری ئازاد، په‌خشانه شیعر………..ئاڵۆزیی له واتا…..شه‌فافی له وشه و زمان.
شیعری كۆن…. شه‌فافی له واتا….ئاڵۆزی له وشه و مه‌دلولاتی مێژوویی و ئه‌فسانه‌یی كۆن.. ئه‌م تێڕوانینه‌ش هه‌موو شیعره‌كان ناگرێته‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتیی به‌و شێوه‌یه ده‌بینرێ..
له وتاره‌كانی داهاتوومدا كه ته‌واوكه‌ری ئه‌و وتاره‌مه هه‌وڵده‌ده‌م باس له شه‌فافیه‌ت له شیعری (نالی) و واتا له شیعری نوێ‌دا و فره‌واتایی و گۆڕینی واتا له ئاسته‌كانی زماندا بكه‌م به شێوه‌یه‌كی كورت و چڕ.
سه‌رچاوه:
1- ره‌هه‌ندی ده‌روونی له بواری راگه‌یاندندا، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی سیمانتیكی و پراگماتیكیه، د.عبدالواحد مشیر دزه‌یی..ده‌زگای ئاراس
2- http://www.alfaseeh.com/vb/showthread.php?t=2086
3- دیوانی نالی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان – ئێران1979،ل280
4- ره‌هه‌ندی ده‌روونی له بواری راگه‌یاندندا، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی سیمانتیكی و پراگماتیكیه، د.عبدالواحد مشیر دزه‌یی. ..ده‌زگای ئاراس
5- http://www.diwanalarab.com/spip.php?article8324
6- هه‌مان سه‌رچاوه.
7- نالی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان – ئێران1979، ل 107
8- http://www.al-jazirah.com/culture/13022006/fadaat17.htm
9-الموازنه بین أبی تمام والبحتری: الحسن بن بشر اڵامدی، ص 10-11، ت. محمد محیی ا‌لدین، الناشر المكتبه العلمیه، د.ت بیروت
10 –چێژی ده‌ق، رۆلان بارت،وه‌رگێڕانی ئیسماعیل زارعی،چاپخانه‌ی مناره2007،ده‌زگای وه‌رگێڕان.
http://ahmedradhi.maktoobblog.com/-11/
http://membres.lycos.fr/abedjabri/n58_07kasimi.htm-12