Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ڕۆژنامەی  ڕووبەر  و ماڵێکی خنجیلانە بۆ داهێنان

ڕۆژنامەی ڕووبەر و ماڵێکی خنجیلانە بۆ داهێنان

Closed
by August 23, 2011 گشتی

 

ڕۆژنامەی ڕووبەر یەکێک لەو ڕۆژنامانە بوو ، دەتوانین بڵێین ” ماڵێکی خنجیلانە بوو بۆ داهێنان ” . ماڵێکی جوان بوو بۆ هەموو ئەوکەسانەی لە خەمی داهێنان دابوون . هەڵسووڕێنەرانی ڕۆژنامەی ڕووبەر بە ستایلێکی نوێ ، ستایلێکی جودا ، ستایلێکی سەرنجڕاکێش کاریان دەکرد .. لە ماوەیەکی کەم توانیان ، زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندانی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ڕووبەرەکەیان کۆبکەنەوە و هاوکات ببنە جێگەی ڕەزامەندی خوێنەرانێکی زۆر و بەرچاویش . کۆمەڵە کەسانێکی گەنج و بەهرەدار لەم ڕۆژنامەیە کاریان دەکرد ، زۆر بە ڕۆشنی ئەوەمان دەخوێندەوە کە ئامانجیان خزمەتکردن بوو ، بە داهێنان و بە ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و بردنەسەری ئاستی وشیاری و مەعریفی کۆمەڵگەی کوردەواریمان  . لە ماوەی کارکردنیان ، توانیان حەفتاوسێ ژمارەی یەکبەدواییەک دەربکەن . وە ژمارە لەدوای ژمارە کاریان لەسەر ئەوە دەکرد . چ لایەنی هونەری چ لایەنی فکری ڕۆژنامەکە بگەینە ئاستێکی سەرووتر . من بۆ خۆم چ وەکو نووسەرێک چ وەکو خوێنەرێک بە بەردەوامی موتابەعەی ئەم ڕۆژنامە ڕەنگینەم دەکرد و بە شیعر و بابەتی جۆراوجۆر بەشداریم لە گەڵدا دەکردن .. بەڵام بەداخێکی زۆرەوە ، ئەوە بۆ چەند هەفتەیەک دەچێت ڕووبەر دەرناچێت . لە ڕاگەیاندنێک لە ماڵپەڕی ڕووبەر نێت و لە ئیمەیلێکی تایبەتی سەرنووسەر ، ئەوەم بینی کە ڕۆژنامەکەیان کێشەو گرفتی بۆ هاتۆتە پێش .. هەرچەندە تەواوی گرفتەکان ڕانەگەیاندراون جگە لە گرفتی دارایی نەبێت ، بەڵام گرفتەکان هەرچیەک بن من لێرەوە بە پەرۆشەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم کە بەشێوەیەکی تەندروست و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕۆژنامە ئازیزەمان بکەن ، وەکو خزمەتێک بە داهێنان ، لە هەوڵی ئەوەدابن گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکەن و کۆمەک و کارئاسانیان بۆ بکەن ، بە خاتری ئەوەی بۆ یەکجاری ئەم ڕووبەرە جوانەمان لە هەناسەدان نەکەوێت .. من بۆخۆم پڕ بە دڵ ئومێدی ئەوە دەکەم و هیوای ئەوە دەخوازم ڕۆژنامەی ڕووبەر دووبارە دەربچێتەوە .. وە هەرکارێکیش بە توانا و قەڵەمەکەی من چارەسەر بکرێت من لە خزمەتیان دا دەبم .. وە بە پێویستیش دەزانم ئەوە بڵێم ، لە ئاکامی گۆڕینەوەی دوو ئیمەیل لەگەڵ کاک ئیبراهیم ی سەرنووسەر ، ئەوەم خوێندەوە چ سەرنووسەر و چ تەواوی ستافەکان توانا و گڕووتینێکی درەخشانیان تیادایە ، بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت بەسەر گرفتەکان دا زاڵ ببن و دووبارە ڕووبەر دەربچێتەوە ، کەئەمەش زۆر جێگەی خۆشحاڵیم بوو .. منیش لێرەوە زۆر بە گەرمی هاودڵی و هاوسۆزی خۆمیان بۆ دەردەبڕم ، پڕ بەدڵ ئومێدی ئەوە دەکەم بەم نزیکانە چاومان بە ڕووبەر و ڕووبەری داهێنان ڕۆشن بێتەوە . 

ئیدی سڵاو لە داهێنان و سڵاو لە هەموو هەوڵێکی جوان .

        ناڵە حەسەن

         کەنەدا 

          ٢١ ی ئۆگستی ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.