
خانووی ژمارە ١٩ … بەختیار حەمەسوور
له‌به‌ر ده‌رکی ماڵه‌که‌مدا وه‌ستاوم، ده‌ستان له گيرفانهکانم وه‌رده‌ده‌م، له دووی کۆکلیلی خانووه‌که ده‌گه‌ڕێم، نییه. به‌هێواشی، ده‌ستێک له درگه‌ی حه‌وشه ده‌ده‌م، ده‌کرێته‌وه. ترس و دوودڵی دامده‌گرن، ئاخیر هه‌مووکات تا ته‌واوی درگهکان کڵۆم نه‌ده‌م، ناچمه ده‌ره‌وه. دێمه حه‌وشه، قاپیی جامخانه و ژووره‌کانیش له‌سه‌ر پشتن. ترس و دوودڵییهکهم زێتر ده‌بن. وه‌ژوور ده‌که‌وم، نێوماڵ شپرزه‌یه. تف له گه‌روومدا نامێنێت. په‌رداخێک ده‌به‌مه کن به‌لوعه‌ی سه‌ر ده‌ستشۆره‌که، به‌لوعه ده‌که‌مه‌وه، له جێگه‌ی ئاو، خوێناو دێ. دهپهشۆکێم. چه‌ند به‌لوعه‌ی دی باده‌ده‌م، هه‌مووان خوێناو ده‌رده‌ده‌ن.
له دوایی مردنی دایک و باوکم، ته‌نیا له‌م کۆنهخانووهدا مامه‌وه. گه‌ر به قسه‌ی خوشک و براکانم بووایه، پاش مه‌رگی دایک و باوکم، منیش وه‌ک وان، خێرا ژیانی هاوبه‌شیم پێکهێنابا، به‌ڵام من زوو به‌م ژیان و تهنیایییه ڕاهاتم. پاش ئه‌وه‌ی چوار ساڵی زانکۆ کچێکم خۆش ویست، به‌ڵام له کۆتاییی قۆناغی چواردا، ئه‌و کچه، به ڕسته‌یه‌ک له خۆیی و هه‌مووشت، نائومێدی کردم:{بمبووره، من و تۆ گونجانیین بۆیه‌ک، له ئێسته‌وه تۆ وه‌کوو برام واییت، تکایه هه‌رچی ڕوویداوه له نێوانمان، له بیریان بکه.} ئه‌و کچه‌ی بۆ یه‌که‌مجار به قژهخورمایییهکهیی و خاڵهڕهشهکهی سهرگۆنایهوه خهیاڵگر و فریوی دام، ساڵانێکی زۆر نه‌مدیته‌وه، تا دواجار بینیمه‌وه، چ بینینهوهیهک!
دڵم خه‌ریکه له‌سه‌ر خۆی ده‌چێت، ئاوی گهرماوهکهیش، خوێناوییه. کاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌م له گه‌رماوه‌که، وێنه‌یه‌کی تیژتێپه‌ڕ: کۆکلیلێک له‌نێو سیفۆنی ئاوده‌سته‌که‌دا. بیرێکی خێرا: سه‌رچاوه‌ی ئاوی خانووه‌که‌م: ته‌نکی سه‌ربان. به‌خێرایی به پلیکانه‌کاندا سه‌ر ده‌که‌وم. سه‌ری ته‌نکییه‌که لاده‌به‌م، ئافره‌تێک به ملبڕاوی، سه‌ری سه‌ر خوێناوهکه که‌وتووه، ده‌ست ده‌ده‌مه قژی، له ڕووخساری سووربووی ده‌نۆڕم، له‌به‌ر لینجیی خوێنه‌که و سستیی ده‌ماره‌کانم، سه‌ری له ده‌ستم ده‌خزێته‌وه بۆ نێو ته‌نکییه‌که. به‌هه‌مان خێرایی سه‌رکه‌وتن، به پلیکانه‌کاندا دێمه‌وه خوار، به‌ده‌م هه‌نگاونانه‌وه: شوێنبڕینی بۆری هه‌ناسه‌ی ژنه‌که، دێته‌وه به‌رچاوم. ڕشانه‌وه‌م، پێش گه‌یشتنی قاچه‌کانم به دواپله‌ی پلیکانه‌که، ده‌گات. ژماره‌ی ئاسایش ده‌گرم:
– ….
– بڵێ فه‌رموو
– خوووێن … کوشششتن … ئئافرهت …
– کاکه له‌سه‌ره‌خۆ، ناونیشانهکهتمان پێبڵێ
– گه‌ڕه‌کی سێسهدوچوارده … خخانووی.. ژژژماره نۆززده…
سه‌روه‌ختی دانانه‌وه‌ی تێلیفۆنهکه، سرنجی جێپه‌نجه‌یی خوێناوییم ده‌ده‌م به بیسته‌ری تێلیفۆنهکهوه، له فڵچه‌ی نیگارکێشێکی لاو ده‌چێ، له تابلۆیه‌کی ناهونهرییدا.
ئێسته، به‌دروستی نازانم ماوه‌ی چه‌ندێکه له‌م گرتووخانه‌یان خستووم، هه‌مووان وه‌ک بکوژی سه‌ره‌کی تێم ده‌ڕوانن، که‌س گوێ به‌م سه‌رهات و ڕاستگۆیییهی من نادات، گشت به‌ڵگه و وته‌کان، به‌رگومانی زێتری من ده‌سه‌لمێنن. داوا ده‌که‌ن: ددان به تاوانه‌که‌دا بنێم. پاش چه‌ند جارێک دانیشتن، بڕیاره هه‌ووه‌ڵی حه‌وتووی داهاتوو، دوایین دانیشتنی دادگه‌ییم بکرێ، ئه‌وان تێم ناگه‌ن، ئاخیر من، ده‌ستم ناچێته کوشتنی مێرووله‌یه‌ک، چجایی بگات به کوشتنی که‌سێک، که به‌درێژایی چوار ساڵ خۆشم ویستووه.