
ئه‌سه‌د و ئۆغلو و منداڵانی سوریا
به‌رزان فه‌ره‌ج
ئایا به‌هاری عه‌ره‌ب روو له خه‌زان ئه‌کات، یان دیکتاتۆره‌کان ئه‌یانه‌وێت دوا ڕۆژه‌کانی خه‌زانی خۆیان، به خوێناوی کردنی گوڵه‌کانی شۆڕشی که‌رامه‌ت کۆتایی پێ بێنن؟ دوا ڕۆژانێک که ئاوابوونی خۆری نیو سه‌ده زیاتر له ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکاری و هه‌ڵهاتنی تیشکه‌کانی خۆری خه‌فه‌کراوی نه‌وه‌یه‌که که شۆڕشێکی بێ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی هه‌ڵگیرساندووه.
شۆڕشێک که نماییش کردنی ئیراده‌و خواستی گهلانێکه له به‌رده‌م دنیادا، بۆگێرانه‌وه‌ی که‌رامه‌ت و هاونیشتمانێتی ئه‌تککراویان و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌یان ساڵ له پێشێلکردنی ئیراده‌یان، ده‌یان ساڵ له چه‌وساندنه‌وه‌و پلیشاندنهوهیان له ژێر پۆستاڵی سته‌مکاری سیسته‌مه دیکتاتۆریه‌کان و بێده‌نگی دنیای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کاندا.
تاکه‌ی دیکتاتۆره‌کان خوێن ئهڕیژن ؟ تاکه‌ی به دیمه‌نی ترس و پڕ کردنی شه‌قامه‌کان له تارمایی مه‌رگ و جه‌سته‌ی قوربانییه‌کان، وا هه‌ست ئه‌که‌ن ئه‌توانن بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تریش هاونیشتمانیه‌کانی خۆیان به تۆقاندن و لێ سه‌ندنه‌وه‌ی که‌رامه‌تیان حوکم بکه‌ن؟
دوا دیکتاتۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، دواهه‌مین ئه‌و باوکسالارو میراتگرانه‌ی که خۆیان له نێو قه‌ڵای سه‌ختی ده‌وڵه‌ت منمدا قاییم کردووه، پێیان وایه، له‌و دیو نیشتمانه تاریکانه‌دا که بوونه‌ته زیدانێکی گه‌وره‌ی هاونیشتمانیان، که‌س له دیمه‌نی خوێن ڕشتن و مه‌رگی مناڵه‌کان و خنکاندنی ده‌نگه‌کان به ئاگا نییه . ئه‌وان له‌و ڕاستییه تێناگه‌ن که ئه‌مڕۆ نیشتمانه‌کانی ئه‌وان، شورا‌و دیواری زیندانه گه‌وره‌کانیان له‌به‌رده‌م دنیادا ڕووخاوه‌و دیمه‌نی خوێن، ته‌رمی ئه‌و منالانه‌ی بێ تاوان ئه‌کوژرێن و ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی داوای ئازادی ئه‌کات له‌به‌رده‌م نیگای دنیادا ههڵئهخرێن . ئه‌وان نازانن که ئێستا هه‌موو جیهان له سه‌ر شاشه‌کانی میدیا‌و تۆڕه‌کانی ئه‌نته‌رنێت ڕووتکراوه‌ته‌وه، هیچ شتێک شاراوه نییه، ئه‌وان ئه‌و ڕاستیانه نازانن که دوا ڕۆژه‌کانی خوێن ڕشتنی ئه‌وان گوڵه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌ب له نێو نابات . ئه‌شێت ڕه‌وتی ئه‌م نه‌وه‌یه به جه‌سته‌یه‌کی بریندار‌و خوێناوییه‌وه پێ بنێته به‌هارێکی خه‌مناکه‌وه، به‌ڵام مه‌حکومه به‌وه‌ی له بههاراد ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنی خۆی بگێڕێت و چوونه‌ناوه‌وه‌ی خۆی بۆ مێژوو ڕابگه‌یه‌نێت. ئه‌شێت هێشتا زوو بێت که به‌شێکی زۆری ئه‌م دنیایه پێ بنێته مێژووه . به‌لام ئه‌وه‌ی جێی گومان نییه ئه‌وه‌یه که ئێستا ئه‌م نه‌وه‌یه بۆته به‌شێک له جیهان و به شێک له مێژوو که بۆ مانای خود بوونی خۆی به به‌شێک له مێژووی جیهاندا ئه‌گه‌ڕێت.
ئێستا بوونی ئه‌م ڕژێمانه له دنیای ئازاد‌و دیموکراسیدا، شه‌رمه‌زاری بۆ ڕۆژائاوا دروستکردووه که خۆی پێشتر له دروستکردنی شکۆمه‌ندی سهپێنراویاندا، له به قوربانی کردنی به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقیه‌کاندا به‌شدارو بڕیارده‌ر بووه. ئێستا ته‌نها پیاوانی سیاسه‌ت، ده‌سه‌ڵاتداران، سه‌رۆکه‌کان، تاکه کاراکهتهری بڕیارده‌ر و ئاراسته‌که‌ری رووداوه‌کان نین له‌جیهانی ئه‌مڕۆدا . به‌ڵکوهێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، میدیاکان، ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان، ته‌نانه‌ت تاکه‌که‌سان خۆیان کاراکته‌رێکی چالاک و ئاراسته‌که‌ری رووداوه‌کانن، سه‌رده‌می دیبلۆماسیه‌تی نهێنی و کۆبوونه‌وه‌ی پشت په‌رده‌کان به‌سه‌رچووه، ئه‌مڕۆ هه‌موو ڕووداوه‌کان ئاشکران، کوشتنی تاکه‌که‌سێک له چرکه‌یه‌کدا به دنیادا بڵاو ئه‌بێته‌وه،سه‌رده‌می ئه‌وه به‌سه‌ر چووه که سه‌دام حسێن له پاڵ بێده‌نگی جیهان و شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانیدا میلله‌تێک ئه‌نفال بکات.
تاوانه‌کان ناشاردرێنه‌وه‌و هیچ تاوانێکیش بێ سزا تێ ناپه‌ڕێت. مانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ڕژێمه سته‌مکارانه‌ی که ڕۆژانه له یه‌مه‌ن و سوریا‌و لیبیا خوێن ئه‌ڕێژن . شه‌رمه‌زاری بۆ وڵاتانی دیوکراسی دروستکردووه که چیدی ناتوانن به‌رگری لێ بکه‌ن،چونکه له پێش هه‌موو که‌سێکدا له به‌رده‌م ڕای گشتی خۆیاندا به‌رپرسیارن،به‌رپرسیارن له‌و به‌ها مرۆڤگه‌رایی و جیهانگیریه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌که‌ن و چیدی ناتوانن به‌شێک له لێپرسراوێتی له تاوانه‌کان له خۆیان دوورخه‌نه‌وه .
هه‌ر ڕۆژێک تێ ئهپهڕیت و به‌شار ئه‌سه‌د خوێنێکی زیاتر ئه‌خاته سه‌ر تاوانه‌کانی، وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی تر ی شاگه‌شکه و بزر بوو له وه‌همی خاوه‌ندارێتی و ئه‌به‌دیه‌تی ده‌سه‌ڵاتد ، باوه‌ڕ به کۆتایی و ئاوابوونی خۆری عه‌رشه‌که‌ی ناکات و خوازیاره پاش درێژ کردنه‌وه‌ی ڕووبارێک له خوێنی قوربانییه‌کان، له هاونیشتمانیانی له ئیراده داماڵراو، هێشتا تاریکبوون و کوژانه‌وه‌ی عه‌رشی سته‌می خۆی نه‌بینێت . وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی تر هێشتا باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه که سته‌م کۆتایی به هه‌موو یاخی بوون و وه ده‌نگ هاتنی ئیراده ڕاپه‌ڕیوه‌کان دێنێت . زه‌نگه‌کان بۆ دوا دیکتاتۆری خاوه‌ن چه‌مکی ده‌وڵه‌ت منم که میراتگری پیره پاتریارکی باوکیه‌تی، لێدران، به‌لام هێشتا به‌شار ئه‌سه‌د به‌رده‌وامه له خوێن ڕشتن، به بێ تێگه‌ییشتن له‌وه‌ی که ڕشتنی هه‌ر دڵۆپه زیاترێکی خوێن، ئه‌و زیاتر له پلیکانه‌کانی عه‌رشی ده‌سه‌ڵات دێنێته خوارێ و له مه‌رگێک نزیکی ئه‌کاته‌وه که شه‌ره‌فمه‌ندانه نابێت . ئه‌و هه‌رگیز شه‌ره‌فمه‌ندانه ناچیته ناو مێژووه‌وه. کاتێک میدیاکان دیمه‌نی ئه‌و وێنه تراژیدیانه‌مان نیشان ئه‌ده‌ن که به‌شار ئه‌سه‌د منالانی وڵاته‌که‌ی خۆی ڕاو ئهنیت و له سنووری نیشتمانی خۆیان وه‌ده‌ریان ئه‌نێت، کاتێک مناڵانی بێ تاوانی خۆی به دوا خه‌نده‌ی پاکژیهوه له سه‌رشه‌قامه‌کان ئه‌کوژێت، کاتێک هاونیشتمانیانی خۆی به ریسوایی و ترسه‌وه له سنووره‌کان ئه‌کاته ده‌ره‌رێ و له که مپی په‌ناهه‌نده‌کانی تورکیادا ئهیانبین که داود ئۆغلۆی تورکیا له باوه‌شیان ئه‌گرێت، له خاکێکدا که پێش چه‌ندین سه‌ده ئیمپراتۆریه‌تی بێزراو‌و داگیرکه‌ری ئه‌م ولاتانه بوو، دووباره نازی هاونیشتمانی بوونی لێسهندراویان پێ ئه‌به‌خشێته‌وه، ئه‌و وێنانه دووباره ڕسته گرنگه‌که‌ی مارکسمان بیر دێنیته‌وه که ئه‌شێت مێژوو ته‌نها له دوو حاڵه‌تدا خۆی دووباره بکاته‌وه، جارێک به کۆمێدیاو جارێک به تراژیدیا.
ئایا ئێمه ئێستا له‌به‌رده‌م چ تراژیدیا‌و کۆمێدیایهکداین، له‌لایه‌که‌وه به‌شار ئه‌سه‌د له به‌رچاوی بێ ده‌نگی وڵاتانی عهرهبو هاوزمان وهاودیندا، جه‌هه‌نمێکی بۆ ڕۆله‌کانی خۆی داناوه ، که وا له خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی سوریا بکات، به کۆمکاری عه‌ره‌بی بڵێن ( جامعة العار العربیة ) ؟ له‌به‌رده‌م چ کۆمیدیایهکداین که خه‌ڵکی سوریا له هه‌ینی ڕه‌مه‌زاندا به برا عه‌ره‌به‌کانیان بڵێن ( بێده‌نگی ئهمانکوژێت ) و ته‌نها تورکیای ئیمپراتۆریه‌تی دێرینی داگیرکاری عه‌ره‌ب، ئێستا ببێته فریادڕه‌سی گه‌لێک که له دیکتاتۆره‌کانیان ڕاپه‌ڕیون و له پاڵ ئه‌ستانه‌ی عوسمانلیدا ئارامی ئه‌بیننه‌وه؟
هه‌رچۆنێک بێت زه‌نگه‌کانی کۆتایی بۆ به‌شارو دیکتاتۆره هاوشێوه‌کانی لێ دراون، ئیتر مرۆڤایه‌تی و دنیای ئازاد ناتوانێت له پاڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ندا بژی که ڕۆژانه قه‌تڵ و عامی مرۆڤه‌کانی تێدا ئه‌کرێت . کۆمه‌ڵگه‌ی نیو ده‌وڵه‌تی ناتوانێت چاو له‌و تاوانانه بپۆشیت که چیتر شاراوه نین . دوا په‌یامی کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی له‌و دوا هۆشیاری دانه‌دا کورت ئه‌کرێته‌وه که بۆ به‌شار نێردرا. پێشتر ئالان ژوپێی وه‌زیری ده‌روه‌ی فه‌ره‌نسا ووتی: چیی‌تر ئه‌وروپا ناتوانێت بێ ده‌نگ بێت له‌و تاوانانه‌ی له دژی ئه‌و گه‌لانه ئه‌نجام ئه‌درێت که داوای ئازادی ئه‌که‌ن . دواجار ئۆباما که ووتی ئه‌بێت به‌شار ئه‌سه‌د ده‌سه‌ڵات جێ بهێڵیت چونکه توانای جێبه‌جێ کردنی چاکسازی و دیموکراتیزه کردنی وڵاتی نییه، په‌یامه‌که‌ی بۆ ئه‌و ڕژێمانه ڕوونتر کرده‌وه که هێشتا له مانای ئه‌م شۆڕشانه‌و حه‌تمه‌یه‌تی گۆڕان تێنگه‌یشتوون . ئێستا هه‌موو هێزه مه‌زنه‌کانی دنیای ئازاد کۆکن له‌سه‌ر ڕۆشتنی ئه‌م ڕژێمانه . ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌وه هێناوه که ئیتر ئه‌بێت ڕێگه به ئیراده‌یه‌کی نوێ بدرێت بۆ چوونه ناو مێژووه‌وه، بۆ خوڵقاندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مۆدێرن . ئه‌و ئیراده‌یه‌ش لای نه‌وه‌ی نوێ و گه‌لانی ئه‌م وڵاتانه ئاماده‌یه . تورکیاش ئێستا تاکه هێزێکی له‌بارو تاکه مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو گونجاوه که له نێو شارستانیه‌تی دنیا‌و بوون به به‌شێک له مێژوو جێی بۆته‌وه، به‌وه‌ی مۆدێلێکی تێکه‌ڵه له سیسته‌می دیموکراسیه‌تی ڕۆژئاوایی و که‌لتوری ڕۆژهه‌ڵاتی و تێکه‌ڵ کردنی ئیسلامێکی مۆدێرن و میانڕه‌و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا . ئه‌م مۆدێله ڕۆژئاوا نیشانی ئه‌م گه‌لانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌دات بۆ کۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هاو ده‌وڵه‌ت منمی ئه‌م وڵاتانه یه که ئیدی له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئێستای جیهانگیری و سیسته‌مه‌که‌یدا یه‌کناگرێته‌وه‌و ناگونجێت .
له‌لایه‌که‌وه چه‌نده مۆدێلی تورکیا خه‌ریکه ببێته تاکه ڕێگه چاره‌یه‌کی ده‌رچوونی گه‌لانی عه‌ره‌ب له دۆزه‌خی ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هاو دیکتاتۆریه‌کانیان، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له‌وانه‌ش سوریا بریتیه له گۆڕینی سیناریۆکان، له لایه‌که‌وه بۆ جه‌نگێکی ناوخۆیی‌و زیندوو کردنه‌وه‌ی کێشه‌و پێکدادانی تایه‌فی و خێڵه‌کی ناوخۆ‌و تێوه‌گلانی سوپا له‌و جه‌نگه‌دا، له‌لایه‌کی دیه‌وه به هه‌ڕه‌شه‌ی گڕتێبه‌ردانی ناوچه‌که به جه‌نگێکی ئێقلیمی و گواستنه‌وه‌ی کێشه‌کانی ناوخۆ بۆ ده‌روه . به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه‌ی له ئایینده‌دا چاوه‌روان ئه‌کرێت، وه ئه‌وه‌ی شوێنی هه‌ستیاری وڵاتێکی وه‌کو سوریا و پێگه‌ی ئیقلیمی و په‌یوه‌ندی به هێزه ئیسلامییه توندڕهوو هێزه تیرۆریسته‌کان و په‌یمانی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئێرانداو مه‌سه‌له‌ی کۆتایی نه‌هاتووی ململانێی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، که ئه‌مانه هه‌ڵگری قوڵ کردنه‌وه‌ی کێشه‌و ململانێکانن به ئاراسته‌ی ده‌رچوونی پێکدادانه‌کان له سنوری وڵاتێکه‌وه بۆ ده‌روه، ئه‌م هه‌وڵانه هیچ له‌وه ناگۆڕێت که ئه‌وه‌ی له‌م شۆڕشانه‌دا گرنگه‌و په‌یامی سه‌ره‌کی به‌هاری عه‌ره‌به، بریتیه له کۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها وتۆتالیتاری و تاکحیزبی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌تاهه‌تایی وباوکی هه‌رگیز نه‌مرو کۆتایی چه‌مکی ده‌وڵه‌ت منم که مه‌حکومه به‌وه‌ی بێته دی . بۆیه خۆری قه‌زافی و ساڵح و به‌شار ئاوابووه، ئه‌وان له تاریکیدا ئه‌ژین و هیچ نابینن ته‌نها خوێنڕشتن نه‌بێت . ئه‌شێت خوێنی زیاتر بڕژێت، ئه‌فسوس، ئه‌شێت ڕۆژانه دیمه‌نی ته‌رمی چه‌ندین مناڵی بێ تاوانی تر ببینین، کۆڕه‌وی گه‌لێک ببینین له سته‌م، به‌ڵام دواجار ئه‌م تراژیدیایه کۆتایی دێت . ئازادی نرخی خۆی هه‌یه، رۆژێک زیاتر له به‌رده‌وامبوونی ژیانی دیکتاتۆره‌کان، نرخی ئازادی زیاتر ئه‌کات.