که گیرفانی با پڕ ده‌بێت له چرپه
نیشتمان تاقه شوێنێکه، هه‌تا وه‌ک جه‌سته لێی دوورتر بکه‌وینه‌وه، وه‌ک ڕۆح لێی نزیکتر ده‌بینه‌وه.
باسکردنی جه‌سته، بریتی نییه له باسکردنی پێداویستییه سێکسییه‌کان، نووسینه‌وه‌ی جه‌سته، گیرخواردن نییه له بازنه‌ی ئێرۆتیکادا، داگیرسان و کوژانه‌وه‌ی ئاره‌زووه سێکسییه‌کان نییه، ئاخر جه‌سته دابڕاو نییه له ژینگه‌ی ئایینی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. جه‌سته له ئه‌ده‌بدا، جه‌سته‌یه‌کی بۆ سێکس تینوو نییه، چونکه ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، جه‌سته به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه نووسینمان ناکه‌وێته خانه‌ی داهێنانه‌وه. جاکلین سه‌لام گوته‌نی، (جه‌سته ته‌نیا ژوورێکی داخراو و جێخه‌وێکی سوور نییه.) قه‌تیسکردنی جه‌سته‌ی ژن له ژووری نووستندا، بریتییه له کوشتنی خه‌ونه‌کانی، که شتێکه وه‌ک زینده‌به‌چاڵکردنی. کوشتنی خه‌ون، چونکه زینده‌به‌چاڵکردنێکی مه‌عنه‌وییه، له زینده‌به‌چاڵکردنی جه‌سته‌یی دژوارترێکیشه.
(به پێش ژانی دووگیانبوونی مندا دایکم
دوعای ده‌کرد کوڕم ببێ،
کچه‌که‌م به خوشکی برا و
وه‌جاخم پیاوێکی تیابێ.) (1)
جێی حه‌سره‌ته گه‌لێک جار، ئه‌وه ژن خۆیه‌تی، سووک سه‌رنجی جه‌سته‌ی خۆی ده‌دات و ڕۆڵێکی پاسیڤی پێ ڕه‌وا ده‌بینێت. هه‌ندێک جار، ئه‌وه‌ی نووسه‌ری ژن له واقیعدا لێی بێبه‌شه و توانای به‌دیهێنانی نییه، له ده‌قدا جێبه‌جێی ده‌کات. دڵسۆز حه‌مه یه‌کێکه له‌و ژنه‌شاعیره ده‌گمه‌نانه‌ی به ئاگایییه‌کی باڵاوه جه‌سته به‌سه‌ر ده‌کا‌ته‌وه و وه‌ک هه‌ندێک ژنه‌شاعیری دیکه، ناچێت له ڕێی ورووژاندنه‌وه، خوێنه‌ری ساکار ڕاو بکات.
(گوڵدانێکی چینی نه‌بوو،
ئه‌وه‌ی شکاندت ڕۆحم بوو،
زه‌ویم بۆ هه‌ڵکێشی له گوڵ،
کۆ نابنه‌وه پارچه‌کانی.) ل174
ڕامبو هێشتا ته‌مه‌نی بیست ساڵێک بوو که جوانترین شیعری نووسیبوو. سیحری جوانیی شیعره‌کانی، بریتی‌بوو له‌وه‌ی له گوڵی کێوی ده‌چوون نه‌ک گوڵی ناو ئینجانه. ئه‌و وه‌ک هه‌ڵسوکه‌وتیش که‌سێکی مه‌یله و کێوی بوو. سه‌یره که‌سێک له نووسینی شیعره‌وه، ده‌ست بداته بازرگانی به چه‌که‌وه کردن، له‌وه‌یش سه‌یرتر ڕه‌نگه ئه‌وه بێت، که‌سێک له تافی لاوی‌دا، شیعری وه‌ها نه‌مر بنووسێت. جۆره خۆڕسکییه‌ک به شیعری (دڵسۆز حه‌مه)یشه‌وه دیاره که زاده‌ی هه‌ستێکی ڕاسته‌قینه‌یه و له تێکستی ئه‌و شاعیرانه‌دا بوونی هه‌یه، که ده‌ستپاکانه خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی خودی خۆیانن، نه‌ک هی ئه‌وانه‌ی ڕۆڵی شاعیر نمایش ده‌که‌ن.
(هێشتا برینێکی کاڵ و
چڵێ گریانی خه‌ڵفه بووم،
عیشق نه‌یکردبوومه پووش،
هێلانه‌ی تیا نه‌کردبووم.) ل120
ڕه‌نگه بایه‌خی فه‌رووغ فه‌رووخزاد (1935 _ 1967) به‌وه‌وه به‌ند بێت، یه‌که‌مین ژنه‌شاعیری ئێرانییه، وه‌ک مێیینه‌یه‌ک شیعری نووسیبێت، ئاخر پێش ئه‌و، ژنه‌شاعیره ئێرانییه‌کان هه‌ر به هه‌وای پیاوانه و به زمانی باوی نێر ده‌یاننووسی. ئه‌وه فه‌رووغ بوو زمانێکی ژنانه‌ی داهێنا که ژیانی لێ ده‌چۆڕا و هیچ دیوارێکی له نێوان شیعر و ژیاندا نه‌هێشته‌وه، ئاخر ئه‌و هێنده بوێرانه هه‌ست و سۆزی خۆی ده‌رده‌بڕی، ئه‌و سه‌روه‌خته نه‌ک ژن، ته‌نانه‌ت پیاویش زاتی نه‌ده‌کرد، وه‌ها ڕاشکاوانه بنووسێت. فه‌رووغ شتێکی جیاوازی به شیعری فارسی که زێتر له ده‌وری عیرفان ده‌سووڕایه‌وه، به‌خشی، ئه‌وه ئه‌و بوو بۆ یه‌که‌مین جار، هات باسی له ئازادیی ژنان و ته‌نانه‌ت باسی له پێوه‌ندییه سۆزدارییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ژنومێردایه‌تیی خۆیشی کرد که ئه‌وه له تابووشکاندنیش ئه‌سته‌متر بوو. ئاسیا جه‌بار ده‌ڵێت: (له دژی دواکه‌وتوویی، کۆنه‌پارێزی و دیدی پیاوانه‌ی زاڵ، ده‌ستم دایه نووسین و ئه‌وه نووسین بوو، هه‌م به‌ره‌و یاخیبوونی بردم و هه‌م وایشی کرد بۆ کن ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆم بگه‌ڕێمه‌وه.) له ده‌ستپێکدا فه‌رووغ فه‌رووخزادیش هه‌مان ڕێگه‌ی تاقی کرده‌وه، وه‌لێ مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا، به‌ره‌و ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆی بگه‌ڕێته‌وه.
(له‌وه ده‌کات هێشتا دڵسافیی منداڵیی
له چه‌په‌ری په‌راسووه‌کانما جێ مابێ،
ده‌نا ده‌بوو پێش ئه‌وه‌ی لێم جوێ بیته‌وه،
مه‌لی ڕۆحم له قه‌فه‌زی په‌نجه‌کانتا ده‌ربێنایه.) ل49
دڵسۆز حه‌مه یه‌کێکه له‌و ژنه‌شاعیرانه‌ی خاوه‌نی زمانی شیعریی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و لایه‌نێکی گه‌شی شیعری وی، ڕاستگۆیییه، ئه‌وه بۆیه هه‌ر شیعرێکی ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ر زوو هه‌ست ده‌که‌ین، بنووسه‌که‌ی ژنه، ( ژنێک که چارۆکه‌ی خه‌یاڵی بێ منه‌ته له ڕه‌شه‌با، ژنێک له عه‌تر و له خه‌م و له ڕامنه‌بوون، ژنێک له ته‌نیایی، ژنێک که بێباکانه مه‌حاڵی خۆش ده‌وێت) و سه‌رسه‌ختانه به‌ڵام به شیعری ناسک، به گژ بابسالاریدا ده‌چێته‌وه. ئه‌و به زمانێکی ڕوون ده‌نووسێت که هه‌ر ده‌ڵێیت له سه‌رچاوه‌ی دڵییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، زمانێک به هۆیه‌وه خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات، هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان شاعیر و شیعره‌کانیدا نییه، چونکه خودی شاعیر بێ ئه‌وه‌ی هانای بۆ ماسک بردبێت، له هه‌موو ده‌قێکیدا ئاماده‌یه.
(بوصیری) گوتوویه‌تی:
فلولا زفیری أغرقتنی أدمعی
ولولا دموعی أحرقتنی زفرتی.
نالی ده‌ڵێت:
ناری سینه‌م گه‌ر نه‌بێ، غه‌رقم ئه‌من
ئاوی چاوم گه‌ر نه‌بێ، سووتاوم ئه‌ز.
له به‌یته‌که‌ی نالی‌دا، تا نیوه‌دێڕی دووه‌م نه‌خوێنیته‌وه، له نیوه‌دێڕی یه‌که‌م تێناگه‌یت، که نیوه‌دێڕی دووه‌میش ده‌خوێنیته‌وه، ئه‌وسا ڕوونتر ده‌رک به مه‌به‌ستی نیوه‌دێڕی یه‌که‌م ده‌که‌یت. ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و هونه‌ره‌ی نالی نواندوویه‌تی، گه‌له‌ک له هی شاعیره عه‌ره‌به‌که باڵاتره،(2) هه‌رچه‌نده سوودیشی له شیعره‌که‌ی ئه‌و بینیوه، ئاخر له شیعره عه‌ره‌بییه‌که‌دا، له هه‌ر نیوه‌دێرێکدا، هه‌م هۆ ئاشکرایه و هه‌م ئه‌نجامیش، به‌مه‌یش سیحری شیعره‌که به‌تاڵ بووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌توانین بڵێین نالی له بواری سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی دێریندا، داهێنانی کردووه. ژنه‌شاعیری سوێدی کارین بۆیه (1900 _ 1941) که له شیعره‌کانیدا، به شێوه‌یه‌کی ئاسان، باس له‌وه ده‌کات، ئینسان پێویستبوو چۆن ژیابا و له واقیعیشدا چۆن ده‌ژی، له هۆنراوه‌ی (له کچێکی لاساره‌وه)دا که ته‌نیا دوو چوارینه‌یه، ده‌ڵێت:
(هیوادارم هه‌رگیز باشت بۆ نه‌ڕه‌خسێ
هیوادارم تۆیش وه‌کوو من
خه‌و له چاوانت بتۆرێ،
هه‌میشه جێی پێکه‌نین بی،
هه‌میشه هه‌ر ورووژاو بی،
وڕ و بێزار و ترسا‌و بی.)(3)
نازانم دڵسۆز حه‌مه ئه‌و شیعره‌ی کارین بۆیه‌ی دیتوه یان نا؟ وه‌لێ ئه‌وه ده‌زانم، وه‌ک چۆن نالی له بوصیری تێپه‌ڕاندووه، دڵسۆز حه‌مه‌یش گه‌له‌ک له کارین بۆیه جوانتر، هه‌مان هه‌ستی ده‌ربڕیوه:
(چ ده‌که‌ی چی؟
چراکان داده‌گیرسێنی؟
یان گوڵه‌کانت ئاو ده‌ده‌ی؟
هیوادارم حه‌وسه‌ڵه‌ی هیچیانت نه‌بێ.
خۆت ده‌شۆی یان
ڕیش و سمێڵت ده‌تاشی؟
یان شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کانت
له ته‌م خاوێن ده‌که‌یته‌وه؟
هیوادارم قه‌ت شووشه‌کانت پاک نه‌بن،
خۆر نه‌که‌وێته ماڵه‌که‌ت.) ل71 تا 74
هه‌ر له‌و بواره‌دا که ده‌قه‌کان ئاوێزانی یه‌کدی ده‌بن، شاعیری ئه‌ڵمانیایی، ئیریش فرێد (1921 _ 1988) ده‌ڵێت:
منداڵه‌کان
به گاڵته‌وه به‌ردیان ده‌گرته بۆقه‌کان،
بۆقه‌کان به ڕاستی ده‌مردن.
(دڵسۆز حه‌مه)یش ده‌ڵێت:
(ئه‌و به گاڵته چراکانی ده‌کوژانده‌وه،
من به ڕاستی تاریک ده‌بووم.) ل68
ئه‌وه (گۆران) بوو، کارێکی کرد، زمانی شیعری کوردی، خۆڕسکانه هه‌ڵبقوڵێت، سروشتییانه ڕێڕه‌وی خۆی بگرێته به‌ر و بێ ئه‌وه‌ی کۆسپ بێته ڕێی، درێژه به ڕه‌وتی خۆی بدات، وه‌ک چۆن شه‌راب هه‌تا کۆنتر ببێت، ڕوونتر ده‌نوێنێت، گۆران زمانی کوردیی وه‌ها ڕوون کرده‌وه و به‌و زمانه ڕوونه شیعری کوردیی گه‌یانده لوتکه، ئه‌و کاره له شیعری ئینگلیزی‌دا (ئۆدن) کردی. شاعیر هه‌یه، توانای نووسینی شیعرێکی کێش و سه‌رواداری نییه و بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌کات که خه‌ریکی نوێکردنه‌وه‌ی شیعره، ته‌واو وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی به کۆمه‌کی ڕه‌وتی ڕووباریش مه‌له‌ی پێ ناکرێت و باس له‌وه ده‌کات که به پێچه‌وانه‌ی ڕێڕه‌وی ڕووباره‌وه خه‌ریکی مه‌له‌یه. گۆران که نوێکرنه‌وه‌ی له شیعردا کرد، له بواری نووسینی شیعری دێرینیشدا، لوتکه‌یه‌کی بڵند بوو. ناڵێم دڵسۆز حه‌مه، شۆڕشی له زمانی شیعریدا به‌رپا کردووه، وه‌لێ توانای هه‌یه به زمانێک که به ڕوواڵه‌ت ته‌نکه، شیعری قووڵ بنووسێت. قووڵنووسین له شیعردا ئه‌وه نییه، تێکسته‌که پڕ بێت له حیکمه‌ت، ئه‌وه‌یه شیعربوونی خۆی بسه‌لمێنێت، به چاوپۆشین له‌وه‌ی به کام فۆرم ده‌نووسین.
ئه‌و ژنه نیم که بتوانم به ئاسانی بڕیار بده‌م،
که‌چی منداڵی لاسار و چه‌توونی ئه‌م عیشقه سه‌یره،
به ئاسانی بۆ کوێی بوێ،
په‌لکێشی دوای خۆیم ده‌کا. ل54
20. 01. 2010
ستۆکهۆڵم
(1) دڵسۆز حه‌مه، له‌پاییزێکدا ده‌مخوازێت، ل147 (ناوی چاپخانه‌ی له‌سه‌ر نییه.) 2009 سلێمانی.
(2) مه‌سعوود محه‌ممه‌د، ده‌سته‌ودامانی نالی، ل68 ده‌زگای ئاراس 2007 هه‌ولێر.
(3)Karin Boye, från en stygg flicka, Händarna 1927 Albert Bonniers Förlag, Stockholm.
(*) ناونیشانی باسه‌که، ده‌ربڕینێکی دڵسۆز حه‌مه‌یه.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن