Skip to Content

Wednesday, August 17th, 2022

ناتۆ، نەوت، شۆڕش

Closed

بە پێچەوانەی شۆرش لە تونس و لە میسر ، لە لیبیا بە خۆپیشاندانی جەماوەر دەستی پێکردو بە بۆردومانی فڕۆکەکانی ” ناتۆ ” کۆتایی هات . ناتۆ لە شۆڕشەکانی میسر و تونس هیچی لە دەست نەهات بێجگە لە فشار هێنان بۆ مەجلیس عەسکەری لە میسر کە ڕێک بکەوێ لە گەڵ ” ئیخوان موسلمین ” و مل نەداتە داخوازیەکانی جەماوەر کە دواترگەڕانەوە بۆ مەیدانی تەحریرو ووتیان شۆڕش کۆتایی نەهاتووە .
لەم چەند مانگەی دوایی ، هەموو بەرەکان لە دەوڵەتە ئیقلیمیەکان و زلهێزەکانەوە بگرە ، تا حکومەتەکان و خۆپیشاندەران ی دژ بە وان ، بە یەک زمان قسە دەکەن لە سەر بەرژەوەندو پراکتیکی زۆر ناکۆک بەیەک : ئێران و حیزبواللەی لوبنانی بە خۆپیشاندانی شیعەکانی بەحرێن دەڵێن ” بەهاری عەرەبی ” بە خۆپیشاندانی سوریا دەڵێن موئامەرەو بەکرێ گیراوی دەرەوەن .
سعودیە بە گلۆپی سەوزی ئەمریکاو ناتۆ هێز دەنێرێ بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی بەحرێن و یارمەتی یەمەن دەدا بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان ، لە هەمان کاتیشا یارمەتی بزوتنەوەی ئیسلامیەکان دەدا لە سوریا بۆ ” بەهاری عەرەبی ” نا بەڵکو بۆ زیاد کردنی دەوڵەتێکی تری موسڵمانی سونی . ئەوروپا و ناتۆ فریودەرانە هەمان زمانی ” بەهاری عەرەبی ” بەکار دەهێنن بۆ کەڤەری ستراتیژو بەرژەوەندە ئابوری – سیاسیەکانیان ، کە لە باری عەمەلیەوە ئەوروپا و رۆژئاوا چوون چوارچێوەی شۆڕشگێڕانەی ڕاپەڕینی خەڵکی لیبیایان لەبەرەی (خەڵك دژ بە حکومەت)گۆڕی بۆ بەرەی (ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی دژ بە حکومەت ) و بە یارمەتی تازەترین تەکنەلۆژیای سەربازی ، بە بۆردومانی خەستی پایگا سەربازیەکانی قەزافی تەوازنی سەربازیان یەک لا کردو و ئۆپۆزسیۆنی چەکدارو گوێڕایەڵی ناتۆ هاتنە ناو پایتەخت .
موعمەر قەزافی ، یەکێکە لە نەوەی دیکتاتۆرە سەربازەکان ، کە وەکو مۆدیلی باوی نیوەی دووەمی سەدەی بیست لە زۆربەی ووڵاتانی جیهانی سێیەم لە ڕێگەی کۆدەتای سەربازیەوە هاتە سەر دەسەلات و نزیک لە نیو سەدە لەسەر کورسیەکە دانیشت . وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر لە غیابی ئازادی و نوزەیەک لەوەی پێ دەوترێ پلورالیزمی سیاسی لە زۆربەی ئەم چل ساڵەی ڕابردوو چارەنوسی وولات لە موغامەرە بوو بە دەستی پڕۆژە کورت بین وئەجێندا سیاسیەکانی یەک مێشک و میزاجی سیاسی . بەڵام ، لە نەگبەتی مێژوو یان لە بەدبەختی دانیشتوانی ئەم جۆرە وڵاتانەی کە لە دوای کۆتایی پێهاتنی کۆلۆنیالیزمەوە بوون بە دەوڵەت ، بە پێ ی بارودۆخی ئەوسا ، کە دونیا دابەش ببوو بۆ دوو قوتب ، زۆربەی ئەم وڵاتانە بەو جۆرە پێک هاتن کە تەدەخولی دەزگای ” دەوڵەت ” لە ژیانی ئابوری وکۆمەڵایەتی جێگیر بوو . بە مانایەکی تر مەسئول بوونی دەزگای ” دەوڵەت ” لە ژیانی ئابوری و لە دیاریکردنی ڕێڕەوی داهات و لە کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕ و لە دابین کردنی خزمەت گوزاریە گشتیەکان وەکو خوێندن و خەستەخانە هەمووی پێکهێنەری سەرەکین لە ستراکتۆری ئەم دەوڵەتانە .
 بە چاو پۆشین لەوەی ئەم جۆرە لە خزمەت گوزاریانە چەندە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵک نەبوونەو چەندە دەکرا باشتر بێ ، بە چاو پۆشین لەوەی کام دیکتاتۆری سەربازی لەسەر حوکم بوو ، بودجەیەکی گەورەی ئابوری بۆئەم ڕۆڵەی دەوڵەت تەرخان دەکرا . لیبیا لە پارەی نەوت بودجەی تەدەخولی دەولەتی لە کۆنتڕۆڵی بازارو لە دابین کردنی خزمەتگوزاری تەرخان دەکرد . لە ئەمڕۆی دونیادا تەدەخولی دەوڵەت لە ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی گەورەترین دوژمنی لیبرالیزمی نوێیە کە ئەوروپا وناتۆ لە باری سیاسی و سەربازیەوە زۆر جدیتر لە دەیەی ڕابردوو(بە حوکمی فشاری قوڵی قەیرانی ئابوری ئەمڕۆی دونیا )نوێنەرایەتی حەسم کردنی ئەم دژایەتین لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە پارچەیەک و نیوە فۆرمێکی ئەم مۆدیلە هێشتا بەکار بهێنن ، بە تایبەتی کە ئەم دەوڵەتە سەرچاوەی سامانی سروشتی بێت وەکو لیبیا ، یان جێگەوڕێگەی جیوپۆلیتیکی حەساسی هەبێ لە بابەتی میسر .
ئەوروپاو رۆژئاوا دەیانەوێ  ڕژێمەکانی ناوچەکە بە جۆرێک ئۆرگانەیز بکەن کە گوێرایەڵ بن و رۆژائاوا پشکی گەورەی لەو توانا ئابوریانە دەست بکەوێ ، زۆر هەرزانتر ، زۆر ئازادتر لەو پڕۆتۆکۆلانەی کە دەوڵەتێکی دیاریکراو خۆی فرۆشتنی سامانەکانی خۆی بەڕێوە ببا . ” بەهاری عەرەبی ” لە لایەن رۆژئاوا تەفسیرێکی زۆر جیاواز و عەمەلی هەیە لەو فرمێسکە حەماسیانەی کە لەبەردەم پەیکەری روخاوی دیکتاتۆرەکان خەڵکی وڵاتەکە یان بینەرانی دونیا لەبەردەم شاشەی تی ڤی لە چاویان دێتە خوار . تەفسیرێکی زۆر سادە لەوە دەست پێدەکا کە لە دوای گرتنی تەرابولس نرخی نەوت یەکسەر دابەزی .
لیبیا دوانزەهەم ووڵاتە لە ناردنە دەرەوی نەوت ، یەکەم ووڵاتی ئەفریقیایە لە ئیحتیاتی نەوت و نۆیەم ووڵاتی دونیایە . گرنگترین تایبەتمەندی بەرهەمهێنانی نەوت لە لیبیا ئەوەیە : کە ئەگەر ڕۆژانە 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەردەوامی دەربهێندرێ ، ئەوا تا 23 ساڵیتر بەش دەکا تەنیا لەو بیرانەی تا ئێستا بەرهەمهێنانی لیدەکرێ . بەڵام ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە زۆربەی کێڵگە نەوتیەکانی لیبیا بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت $ 1 یەک دۆلاری تێدەچێ . ساڵانێکی زۆرە چەند کۆمپانیایەکی زلی ئەوروپی و رۆژئاوا لە بابەتی :-
1-Reposol YPE of Spain
2-Basf of Germany
3-ENI of Italy
4-Conoco Phillips
5-Marathon and Hess
دوور لە سیاسەت و میدیاو کێشەکانی قەزافی لە گەڵ ئەوروپا کاری دەرهێنانی نەوتیان کردووە ڕەوانەی ئەروپایان کردووە . بە پێ ی دوا راپۆرت لە 3 مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا دەکەوێتەوە کار . کۆمپانیەکانی ڕۆژئاوا لە ئێستاوە ، دوای تێپەڕبوونی 48 سەعاتێک تەئکید لەسەر ئەوە دەکەن  کە حکومەتی تازەی لیبیا وکۆمپانیای نیشتیمانی لیبیا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ئەبێ دەستکاری یاساکانی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن !
ئەو سیناریۆیەی رووخانی لیبیای پێ بە ڕێوەچوو ، کە تێدا شۆڕش شێویندراو کرا بە شەڕی ئۆپۆزسیۆنێکی گوێڕایەلی ناتۆ لەگەڵ پاشماوەی سوپای قەزافی لە پلاندایە دایە بۆ بارودۆخی سوریاش . ڕاپەرینی جەماوەری لە سوریاو گیان بەخت کردنی نزیکەی 2000 قوربانی بە دەستی سوپای سوریا وحیزبی بەعس زوو یان درەنگ دەبێتە شەڕی بەرەی سەربازی بە پاڵپشتی ناتۆ . بەڵام ، لەباری عەمەلی وستراتیژیەوە نەدەکرا سیناریۆکە لە یەک کاتدا بەسەر هەردوو وڵات جێ بە جێ بکرێ ، دوای تەواو بوونی لیبیا سەرەی سوریا نزیک دەبێ .
لە ڕێگەی پاڵاوتن و ناردنە دەرەوەی 148,000 بەرمیل لە رۆژێکدا ، سوریا سەرچاوەیەکی گرنگە لە خاڵی کردنەوەی بەرهەمی نەوتی ووڵاتەکانی درواسێ و ناردنە دەروەی بۆ ئەورپا ، بە ڕێژەیەک کە ناردنە دەرەوەی نەوت ¾   داهاتی گشتی پێک دەهێنێ . لە ڕابردوو ئەمریکاو ئەوروپا هاورا نەبوون لەسەر دانانی گەمارۆی ئابوری لەسەر سوریا بە تایبەتی کە دەهاتە سەر پیشەسازی نەوت ، تەنانەت کۆمپانیای Golf Sand Petroleum ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە ئەمریکا گواستەوە بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی ناچار نەبن پابەند بن بە یاساکانی ئەمریکا بۆ دانانی گەمارۆ لەسەر سوریا .
پاش دانانی گەمارۆی ئابوری لەسەر سوریا ، دوو زلهێز ، دوو رەقیبی ئابوری وسیاسی دژ بە ئەوروپاو ئەمریکا ( چین وڕوسیا) بوونە کڕیاری نەوت لە سوریا و ئێستاش ئەوانن کە نا‌هێڵن لە UN بڕیاری کاریگەر دەربچێ دژ بە حکومەتی سوریا . بەڵام ، هەروەک لە کەیسی ئەفگانستان وعێراق بینیمان هەڵوێستی ئەم دوو دەوڵەتە بەوە بەندە کە ئەوان چیان دەست دەکەوێ ئەگەر شەڕ ڕووبدات . کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا لە سوریا لە بابەتی :
1-    Golf Sand Petroleum
2-    Tanganyika
3-    Suncor
4-    Petro Canada
تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە کارەکانی خۆیان و خۆیان دەرناخەن کە ئەوان چ چاوەڕوانیەکیان هەیە لەم ئاڵ و گۆرانە . ڕوخاندنی حکومەتی سوریا بەدەر لەوەی یەكێک لە سەرچاوەکانی گەیشتنی ووزە بە بازاڕو داگرتنی نرخی دابین دەکا ، لە هەمان کاتدا بۆتە پڕۆژەیەکی قوڵی بەرژەوەندی هاوبەشی ئیقلیمی و دەولی .
 ئەمریکاو ئیسرائیل ئەوروپا دەیانەوێ ئەو قەوسە لە دەسەڵات ونفوزی ئێران تێک بشکێنن کە لە ئێرانەوە دەست پیێدەکاو بە عێراق تێدەپەڕێ و دەگاتە سوریا و حیزبواللەی لوبنانی ، ڕوخاندنی بەشار ئەسەد بە عەمەلی ڕوخاندنی حیزواللەو گۆشەگیر کردنی ئێرانە. بۆ سعودیە ڕوخانی ئەسەد بزمارە لە نەعشی ناسیۆنالیزمی عەرەب کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕوخسارێکی تەنکی سیکۆلاریزمی پیادە دەکرد .
 لە نێو حەماسەت و بریق باقی ” بەهاری عەرەبی ” یەک گۆڕانکاری مێژوویی قوڵتر ڕودەدات و لە زەینی گشتیدا گرنگی تەنیا بە ڕوخسارە ئاسان و بینراوەکان دەدرێ . موعەمەر قەزافی ڕوخاو لە ئایندەیەکی نزیکیش بەشاریش دەڕوخێندرێ نەک بە خۆپیشاندانی خەڵک بەڵکو بە تەدەخولی ناتۆ کە دوور نیە ئەو تورکیایە مۆڵەتی 72 سەعاتی دەداتە سوریا ! ئەو نوێنەرایەتی سەرەتاکانی ئەم تەدەخولە بکاو سنوری تورکیا و سوریا بکرێتە بەرەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ( بە سعودی کراوەی) کە هێرشە سەربازیەکانی بە یارمەتی تۆپبارانی ناتۆ بەرەو دیمەشق دەست پێبکا .
بۆ کۆتایی پێهێنان بە  دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم لە سەدەی بیستدا لەو دەوڵەتە عەرەبیانە چەندین شۆڕش و بە ملیۆنان کەس گیانی خۆی کردە قوربانی و ئەو کاتیش بە نێوی” بەهارەکانی ” سەدەی بیست بە ڕێوەچوون . ئێستاش لە ژێر ناوی  ” شۆڕش ”  و فریاکەوتنی مرۆ دۆستانەی قوربانیانی ” بەهاری عەرەبی ” هەمان نفوزە کۆلۆنیالیستەکە ، هەمان تەماحی کاپیتالیستی لە دزین و بە تاڵان بردنی سامانی سروشتی دێ تەنانەت ” شۆڕش ” یش لە خەڵک دەدزێ وبە ئاراستەیەکی تری دەبات ، ئەوەی ڕووی دەدات تەنیا یەکەم فارگۆنێ گۆڕانکاریەکی گەورەیە ، فارگۆنەکانیتر پڕە لە مەینەتی .

ڕزگار عومەر
orezgar@yahoo.ca

Previous
Next