Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
وەهمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی

وەهمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی کوردیی

Closed
by August 25, 2011 گشتی

ئەگەر بڕیارە ئەرکی رۆشنبیران و ئەوانەی خەریکی فیکرن، رۆشنکردنەوەی لێڵییەکان و بەرهەمهێنانی فیکری نوێ بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە رۆشنبیرانی کورد بەگشتیی و ئەوانەی باشتر ناسراون، لەسەر شێرپەنجەی ئایدیۆلۆژیاکان زۆر کەمیان نووسیوەو زۆر بەکەمییش رەهەندەکانی ئایدیۆلۆژیایان بەرباس و لێکۆڵینەوە داوە. کارم بەوانە نییە کە خەریکی پی هەیچ دین ( PHD)  ، بۆ تەرفیع و پرۆفایل دەیخوێنن. بەداخەوە زۆربەی ئەمانە سەرئەنجام خاشاکی بیر بەرهەم دەهێنن. قسەم لەسەر ئەو نووسەرو رۆشنبیرانەی کوردە لە کوردستانی عێراقدا، نەوەی نوێ گوێیان لێ دەگرن و شتەکانیان دەخوێننەوەو بۆچوونەکانیان بەهەند وەردەگرن. لێرەدا زۆر بەدیارییکراویی مەبەستم لە بەختیار عەلیی و مەریوان قانیع و فاروق رەفیق و ئاراس فەتاح ورێبین هەردیی….تاد ..ە. ئەو رۆشنبیرانە چەندین تەوەرەو رەهەندی زۆر گرینگ هەیە، دەبووایە قسەی جیدییان لەسەر بکردایەو نووسینی زۆریان لەسەریان هەبووایە. بەتایبەت ئەو بابەتانەی  گرینگن، بۆ نموونە کێشەی عاسییبوونی کەرکوک، ئەو کوردایەتییەی تا ئاستی شۆڤینیزم خۆی پاراو کردووە، مەسەلەی ژنان، تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیستیی و ئیسلامی سیاسیی…تاد
دەکرێ بڵێم یەکێک لەباشترین نووسینەکانی ئەم دواییەی بەختیار لەئاوێنەدا ( رۆحە گەردوونگەراکان و ناسیۆنالیزم ) بوو. ئایدیۆلۆژیاکانی ئیسلامیی وکۆمۆنیستیی و ناسیۆنالیزم………. هەرسێکیان وەک خۆرە، گیانی تاکی کورد و رۆشنبیری کورد و سیاسییەکانی کوردی هەنجن هەنجن کردووە. بەختیار هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتیی قسە لەسەر هەلومەرجی ناسیۆنالیزمی کوردیی و مەترسییەکانی دەکات. بەوردیی و راستەوخۆ نایات ئەو گرووپ و حیزب و رۆشنبیرانە بداتە بەر رەخنە کە تا هەنووکەش ئاو بەئاشی ناسیۆنالیزمی کوردیی و کوردایەتییدا دەکەن و بە حەماس و عاتیفەسازیی مێشکی گەنجانی کورد دەشۆرنەوە. لە هەموویشی مەترسییتر، مەیدانی رمبازێنی ئایدیۆلۆژیاکان ئازاد کراوەو ئەو سێ ئایدیۆلۆژیایە بەئاوەزی موفەکیرەکانی خۆیان، یەکتری گل دەدەن.
قسە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردییە، سەرگەردانییەکە لێرەدایە، تا هەنووکە ئەم رەهەندە فیکریی و ئایدۆلۆژییە بۆ ئیسلامییەکان و کۆمۆنیستەکان جێهێڵراوە کە قسەی ئایدۆلۆژیی خۆیانی لەسەر بکەن. ئەوەش مەعلومە، هەردوو ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی وکۆمۆنیستیی ئەوەندە رووتوڕەجاڵن لەڕووی فیکریی و مەعریفییەوە کە جگە لە دروشم و فەتوای سیاسیی و شیعری ئایدیۆلۆژیی، نەیانتوانیوە بچووکترین رەهەندە فیکرییەکانی ناسیۆنالیزم بەگیر بهێنن. بەپێچەوانەوە، ناسیۆنالیزمی کوردیی بەهۆی هەژاریی ئەو دووانەوە تا هاتووە گەشەی کردووە. لەهەموویشی خراپتر لە ناو کورددا، تا کۆمۆنیزم و ئیسلامی سیاسیی، رەخنەگری ناسیۆنالیزم بن، ئەوە گومانی تێدا نییە کە ناسیۆنالیزمی فەناتیک گەشە دەکات.
هەروەک ئەنسرۆپۆڵۆجیست، گێڵنەر دەڵێ” ناسیۆنالیزم داهێنانێکی دەستکردەو بەخەبەرهێنانەوەی نەتەوە نییە بۆ خود ئاگایی، بەڵکو داهێنانی نەتەوەیە لەشوێنێکدا کە بوونی نییە” . راستە نەتەوەی  کورد بوونی هەیە، بەهەموو کاتەگۆرییەکانیەوە، لەوانە خاک، نیشتمانێکی ژێردەست، زمانێکی شەق و پەق( چوار پێنج پارچە زمان)، کولتوورێکی نیمچە هاوبەش…تاد. بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردیی وەک هایپەر(هایپە- بەرزە- Hyper  ) ناسیۆنالیزمێک هەمیشە ویستوویەتی گیانی حەشوەلێبەستن و خۆگەورەکردنەوەو رقلێبوونەوە وەک بەرچەکردار بەرامبەر ناسیۆنالیزمی نەتەوەکانی تورک و عەرەب و ئێرانیی پێڕۆ بکات.
رەگی ناسیۆنالیزم بۆ عەقڵی مرۆڤ ئەوەندە سامناکە، تەنانەت پیاوێکی وەک ئاینشتاینیش کە سەروسەکوتی زیاتر لەگەڵ ئەتۆم و بیردۆزی رێژەیی و کوانتەمدا هەبووە، سەبارەت بە ناسیۆنالیزم  لە کتێبی کۆکراوەی وتارەکانیدا” ئەو جیهانەی وەک من دەیبینم” دا، دەڵێ” ناسیۆنالیزم نەخۆشییەکی منداڵانەیەinfantile . بۆ مرۆڤایەتییش سوورێژەیە”. ئاینشتاین بەمەبەستەوە سوورێژە بەکار دەهێنێ، چونکە نەخۆشییەکە زیاتر تووشی منداڵان دەبێ و لە مێژووی مرۆڤایەتییشدا، بووە بەهۆی کوشتنی سەدان میلیۆن مرۆڤ، تەنیا لە 150 ساڵی رابردوودا پتر لە 200 میلیۆن مرۆڤی کوشتووە. هەنووکە ئەم نەخۆشییە کەم تا زۆر کۆنترۆڵکراوە.  لەهەمان شوێندا  دەڵێ” قارەمانییەتیی  لە رابەرایەتییدا جگە لەتوندوتیژییەکی بێمانا هیچیتر نییە، هەموو ئەم شتە قێزەونە loathsome بێمانایانە بەناوی نیشتمانییوونەوە دەکرێ، ئای چەند رقم لێیانە “. ئاینشتاین، لەسەر چەمکی  نیشتمانییبوونیش رەخنەی هەیە، بەڵام نیشتمانییبوون بەمانای چەمکی هاوڵاتییبوون نا، بەڵکو لەسەر تێرمە ( نیشتمانییە ناسیۆنالیستەکان) رەخنەی هەیە.
لەناو کورددا، ناسیۆنالیزم وەک سوورێژە تووشی کۆمەڵێ منداڵ و تەواڵی نەتەوەیی بووە. بەدڵنیاییەوە لە ناو کورددا  جگە لەهەندێ شاعیری کۆنی کورد نەبێ( بەتایبەت خانیی و حاجی قادری کۆیی) یەک تاکە نەفەر لە هەنووکەدا نییە، کە ناسیۆنالیست بێت و داری لەسەر بەردێک دانابێ لە بواری فیکرو مەعریفە و هەر داهێنانێکدا بێت، جگە لەسەفسەتەو فشەی ئەکادیمیی وناسیۆنالیستیی. مەسەلەکەش ئەوەیە تۆ خۆت نەخۆش بیت وپەتایەکی کوشندەی وەک ناسیۆنالیزمت هەبێ، تۆ خۆت دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی بیت، نەک خێرت بۆ نەتەوەو گەلەکەی خۆت نابێ، بەڵکو زیانیشی لێدەدەیت. هەندێ لە سیاسییە لاساییکەرەوەکانی کورد لە سەدەی رابردوودا، ئەم سوورێژەیەیان لە ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و پانتۆرانیی ئیتیحادوتەرەقی تورکیاوە گواستەوە بۆ ناو کولتووری سیاسیی کوردیی، ئەوەی بە ” کوردایەتیی” ناوی دەرکردووە. کوردایەتیی هەر سوورێژەی ناسیۆنالیزمەکەیە بەزمانێکی خۆماڵیی، کوردایەتیی جگە لە ڤایرۆسێک بۆ دەستکەوتە سیاسیی وکولتوورییەکانی کورد، جگە لە رەد فیعلی پانعەرەبیزم و پانتورکیی و دواتریش پانئێرانیی، یەک  دانە خاڵی پۆزەتیڤ چییە بۆ سیاسەتی کوردیی (Kurdish Politic)، و کولتووری کوردیی و پێشکەوتنی کورد نەیبووە.
هەندێک پێیانوایە ناسیۆنالیزم لە کوردستانی عێراقدا وەک بزوتنەوە و فیکر بوونی نەبووە، بەڵام پەکەکەو هێزە پرۆکسییەکانی لەچەشنی پژاک بە ناسیۆنالیزم لە قەڵەم دەدەن. ئەمە رەنگە راستییەکی رووکەشیی تێدا بێت، لە شۆڕشی ئەیلول و ئەوەی بەشۆڕشی نوێ و گوڵانیش ناسراوە، ناسیۆنالیزم وەک فیکر رۆنەچووەتە  ناو بیری سەرکردەو و دامودەسگا حیزبییەکانەوەو بە ئایدیۆلۆژیا نەبووە. بەتایبەتیی بارزانیی یەکەم و تاڵەبانیی بە پراگماتیای خێڵ مامەڵەیان لەگەڵ چەمکی ناسیۆنالیزمدا کردووە. تۆ سەیرکەن، گەلی کوردیان کرد بەگژی رێژێمێکدا( قاسم) کە ئەو سەردەم ریفۆرمخوازبوو. مەلا مستەفا، دواتر برایم ئەحمەد و مام جەلالیش دایانە پاڵ ئاغاو دەرەبەگەکانی ئەو سەردەمەو شەڕێکی ماڵوێرانکەریان بەوەکالەت کرد و کوردیان کرد بە سووتەمەنی شەڕی ساردی ئەو سەردەمە. تۆ یاخییبوونێکی خێڵەکیی و دەرەبەگییت هەبێ، چۆن دەتوانی فۆرمەڵەی فیکری ناسیۆنالیزم بکەیت، ئاخر ناسیۆنالیزم جۆرێک لە تێگەیشتنی باڵای فیکریی و سیاسیی و کولتووریی دەوێ. ئەوەش لای ئەو سەرکردانەی کورد، قاتیی بوو. دوای ئاشبەتاڵ و  لەسەردەمی کۆمەڵەی رەنجدەراندا، ئەو باڵەی نەوشیروان مستەفا رابەرایەتیی دەکرد، دەکرێ بگوترێ جۆرێک لە رەفتارو ئایدیای ناسیۆنالیستییان هەبوو،  ئەمەش لەهەڵسوکەوت و فیکرو چالاکییە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی ئەوسادا، دژ بەسوپای بەعس و خەڵکی عەرەب و تەنانەت بەرامبەر بە نەیارەکانی خۆیشیان لە ناو ریزەکانی خۆیاندا ناسیۆنالیزمبوونەکەیان بەوپەڕی رادیکاڵییەوە تەسویق دەکرد. بەدڵنیاییەوە ئەو باڵەی کۆمەڵە، گەورەترین زیانی لە خەباتی سیاسیی و مەدەنیی و کولتووریی کورد دا و بیانوویەکی زۆری دا بەدەست ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە بۆ قەتڵوعامکردنی کورد.
جیاوازییەکانی نێوان ناسیۆنالیزم و نیشتمانییبوون( پارتریۆتیزم) فرە مەودان، بەڵام ئەگەر نیشتمانییبوونیش بە خولیای باڵادەستیی رەگەز و نەتەوەو زمان و ناوچەو ئێسنیکەوە بێ، ئەوە گومانی تێدا  نییە ئامۆزای ناسیۆنالیزمە. هەروەک هانا ئارێنت Hannah Arendt لە کتێبێ “بنەماکانی تۆتالیتاریزمدا” دەڵێ” سیاسییانە قسە بکەین، ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی( پاتریۆتیزم)، هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە، خەڵکەکەی خۆی بە’جیهانێک لە دوژمن’ دەورە دراوە و ……………..جیاوازییەکی فەندەمێنتاڵیی لەنێوان خەڵکی خۆیان خەڵکانی تردا دروست دەکەن. هاوکات ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی،بانگەشەی ئەوە دەکات کە خەڵکەکەی خۆی نایابن، پوختن وبەراورد ناکرێن بە کەسانی تر و نکۆڵیی لەوە دەکەن لە رووی تیۆرییەوە، مرۆڤایەتیی شتی کۆمۆنی زۆربووە …”. ئارێنت، پاتریۆتیزم دەخاتە ناو کەوانەکەیەوەو لەبەردەم ناسیۆنالیزمی خێڵەکییدا دایدەنێ. لێرەدا دەکرێ جەخت لەکوردستانی عێراق بکەینەوەو بڵێین لە پەنجا شەست ساڵی رابردوودا، ناسیۆنالیزم بەشێوە خێڵەکییەکەی(کوردایەتیی) تانوپۆی (بزوتنەوەی رزگارییخوازیی کورد)ی تەنیوەو هەردوو بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانییش لە شێوەی دوو خێڵ و دوو بنەماڵەدا ئەم پاتریۆتیزمەی هانا ئارێنت باسی دەکات، بازاڕی کوردایەتییان پێ گەرم کردووەتەوە و بە نیشتمانییبوونیش بە خەڵکی کوردستانیان فرۆشتووەتەوە.
ئێستا ئەگەر نموونەیەک لەسەر پەکەکە بهێنینەوە، هەزاران گەنجی کوردیان لەو شاخ و داخانە راگرتووە، گوایە داکۆکیی لە بەرژەوەندیی و دەستکەوکانی کورد بەگشتیی و کوردەکانی تورکیا بەتایبەتیی دەکەن، لەکاتێکدا هەزاران جار درا بەگوێیاندا کە خەباتی چەکداریی و چەمکی شۆرش و پەلامارو ئەکشنی گەریلایی و هاوپشتیی گیڤارایی سەردەمی بەسەرچووەو ماڵوێرانی  یەکەم کوردە و باشترە دەستبەرداری بن. ناکرێ بڵێی خەباتی چەکداریی پەکەکە، بەس خزمەتی بەگەلی کورد کردووە و زیانی نەبووە، ئەمە خۆدزینەوەیە لە قەبارەی کارەساتەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەسەر کوردستانی تورکیادا هاتووە. هەموو ئەو دەیان ساڵە لە کوشتوکوشتار ناکاتە یەک هەفتە مانگرتنی سەرتاسەریی شارەکانی کوردستان دژی دەوڵەتی تورکیە. هەموو ئەو رابەرە قارەمانانەی پەکەکە، هەروەک ئاینشتاین باسی دەکات، جگە لە توندوتیژییەکی بێمانا چییان بەرهەم هێناوە؟ راستە دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرە لە توندوتیژیی و سەرکوتکردنی مافی کوردەکانی تورکیادا، بەڵام تا هەنووکە عەقڵێک لەکورددا مابێت بە چەک و تەقەمەنیی مافە زەوتکراوەکان بەدی بهێنێت، دەبێ چ کارەساتێک بێت ! ئەو بەئایکۆنکردنەی ئۆجەلان و ئەو بەئایدیالکردنەی ئەو پیاوە، تا ئەو رادەیە رۆیشتووە، کە لە زیندانەوە دەڵێ، بە هەفتەیەک دەتوانێ چەک بە پەکەکە دابنێ، ئاخۆ ئەو وەهمەی بە ئۆجەلان هەیە لەگەڵ ئەوەی بە بارزانیی هەبوو کە بەچەند دەقیقەیەک ئاشبەتاڵی بەمیللەتێک کرد لەسەردەمێکی زووتردا، چ جیاوازییەکیان هەیە؟
مایکڵ پارێنتی Michael Parenti وەک مێژوونووس و شارەزایەکی سیاسیی، پێیوایە ئەگەر نەتەوەپەرستیی و نیشتمانپەروەریی ( لەکوردییدا بە کوردپەروەریی رۆیشتووە)، مانای ئەوە بێت، کوێرانە دوای سەرکردە بکەویت و ئاڵاکەی بۆ بشەکێنیتەوە، ئەو جۆرە فۆرمەڵەیە دیکتاتۆرییەت بەرهەم دەهێنێ. سەرکردەی حیزبەکان لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا ئەم جۆرە فۆرمەڵەیەیان بەرهەم هێناوە، قاسملو تا ئەوسای مابوو رەئی خۆی بەهەموو شێوەیەک فەرز دەکرد و تەنانەت کاتێ تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی، تێرۆریشیان کرد، بەشێکی زۆری سەرکردایەتی حیزبەکەی پێیان نەدەزانی، چونکە حیسابی بۆ رای ئەوان نەکردبوو، بەڵام حیسابێکی حیسابیی( بەقەولی کوردەکانی ئێران) بۆ پاسدارێکی تێرۆریست کردبوو کە چووبوو لەگەڵی موزاکەرە بکات. ئۆجەلانیش ئەوەتا دیلە، بەڵام بەهەفتەیەک نەخشەی سیاسیی کوردستانی تورکیا و قەندیل دەگۆڕێ، رای گەلی کوردیش هەمووی بەخاتری کاریزمایی و شۆڕشگێڕی ئەو دەخرێتە لاوە. پەنجا ساڵە کوردەکانی کوردستانی عێراق، راکەراک و تەق و تۆق دەکەن، ئەنفال و کیمیاویی و جینۆساید کران، بەرهەمەکەی بۆ دوو بنەماڵە بوو کە قاچاغچییەتیی بە سامانی نیشتمانییەوە (  بەتایبەت نەوت و گاز) دەکەن. ئایا ئەم فۆرمەڵە جیاوازانەی پارچە جیاوازەکانی کوردستان، هەموویان دیکتاتۆرییەت دروست ناکەن. مەگەر قەزافیی و ئەسەد و سەدام و بەشیر و موبارەک و ساڵح بە شۆرش و خوێن و کودەتای سەربازیی ( شۆڕشی نەتەوەیی) نەهاتن!
گومانی تێدا نییە، ئەو تۆپبارانەی دەوڵەتی ئێران دەیکات، دژ بە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوپەڕی بێمۆڕاڵیی و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئێرانی ئیسلامیی و سیاسەتە تێرۆریستییەکانیەتی، بەڵام بەتەنیاش تاوانبارکردنی ئێران و سیاسەتە چەوتەکانی ئێران بەس نیین، پژاکیش بەشێکە لە کێشەکە و نابێ بەهۆی کوردەنامووسیی و ئەخلاقیاتی سیاسییەوە رەخنەیان لێ نەگیردرێ. سەردەمی گیڤارا شۆڕشگێڕەکان تەواوبوو، هەنووکە گیڤاراییزم تەنیا لای گرووپە چەپ و رادیکاڵەکانی دنیا، وەک ( خەیاڵ مەستیی و دڵفڕێنیی ) {فاسینەیشن-fascination } ماوەتەوە، چوونی گەنجە کوردەکانی تورکیاو سووریا بۆ کوردستانی  ئێران و شەڕکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامییدا لەژێر چەتری پژاکدا، هەمان عەقڵیەتیی شۆڕشگێڕیی و گیڤارایی پەنجاو شەستەکانی سەدەی رابردووە. ئەم ناسیۆنالیزمە گیڤاراییە، جگە لە ئەجێندای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی حیزبێکی سیاسیی مێنتاڵ شاخیی، چ پێوەندییەکی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی کوردەوە هەیە؟ قەندیل سەرکەش بێت یان بنکەش، چیی لەمەسەلەکە دەگۆڕێ؟ قەندیلی سەربەرز گەریلا لەباوەش بگرێ یان لەکۆڵی بگرێ، قازانجی بۆ کورد بەگشتیی و دانیشتووانی سەر سنوورەکان بەتابیەتیی چییە؟ ئاخر بەڕاست سیاسەت تاکەی بە شیعر و تفەنگ و حەماس و فەناتیزمی نەتەوەیی لەلایەن کوردەوە درێژەی پێ بدرێ؟ ئایا دەکرێ تاسەر لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی تورکیە دژایەتی خواستەکانی کورد دەکەن و تاکەکانی کورد دەکوژن، ئیتر ئەخلاقییانە لەهەموو رەخنەگرتنێک لە حیزبە کوردییە چەکدار و میلیشیاییەکان، خۆمان هەڵاوێرین.
راستە ناسیۆنالیزمی تورکیی مەودایەکی زۆر لە فەناتیزمی ئایدیۆلۆژییدا خوساوەتەوە و ئەم خوسانەوەیەش بەناو زۆرینەی تاکی تورک لە دەوڵەتی تورکیەدا شۆڕ بووەتەوە. گرنگ نییە ناسیۆنالیزمی تورکیی سەرچاوەکەی تۆرانیزم ( یاخود پانتۆرانیزم) بێ یان ئەنادۆڵیزم بێ، گرینگ ئەوەیە سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ئەگەر هەبێ،  رەدفیعلی سیاسەتە ستەمکارەکانی وڵاتانی تورکیە و ئێران و سووریاو عێراق نەبێ. هەندێک ئارگیومێنتی ئەوە دەکەن، ناسیۆنالیزمی سیڤیک پێویستییەکی سەردەمییانەیە. هەندێ سکۆلار، ناسیۆنالیزمی مەدەنیی و ناسیۆنالیزمی لیبراڵیی وەک یەک دەبینن. هەرچەندە ناسیۆنالیزمی لیبراڵیی جەخت لە بەهای ئایدێنتیتیی”ناسنامە” و ئازادیی و تۆلێرانس و یەکسانیی تاکەکان لە مافدا دەکاتەوە، بەڵام ناسیۆنالیزمە باوەکەی کوردیی، ئەو کوردایەتییەی بە عەقڵی شاخ و خێڵ بەڕێوە دەچێ، ناسیۆنالیزمی ئێسنیکیی و ناسیۆنالیزمی خێڵەکییە، کە خراپترین و چەپەڵترین جۆری ناسیۆنالیزمی رادیکاڵە.
کورد، وەک گەلێکی دابەشکراو، ناسیۆنالیزمەکەی ناتوانێ یەکی بخاتەوە، چونکە ناسیۆنالیزمەکەی لەباری فیکرییشەوە ئەوەی لەباردا نییە، تا بە کردەوە مەیداندار بێ و عەقڵی بە سیاسەتی نێودەوڵەتیی بشکێ. کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، خەباتی نیشتمانیی بە چەمکی هاوڵاتییبوونی راستەقینە بۆی گرینگە نەک دەوڵەتی ئێسنیکیی لەسەر چەمکی نەژادیی، بە پێناسەکەی فەیلەسووفی فڕانسیی، ئێرنست رێنان Ernest Renan  لەسەر نەتەوە، وەک  پرەنسیپێکی رۆحیی، قاچێکی لە هەنووکە داو قاچێکیشی لە رابردوودا بێ، ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ!. ناسیۆنالیزمی کوردیی لە دروستکردنی نەتەوەدا لەڕووی دیرۆکیی و کولتوورییەوە دواکەوتووە، قاچێکی لە ئێستادا دەگێڕێ و قاچەکەی تری لە خەیاڵی سەروەریی رابردوودا، وەک هەودژی نەتەوەکانی تر خۆی بنیات دەنێ. چەمکی کۆمۆنی هاوڵاتییبوون ئەو رۆحە شەرعییەیە کە مافی هاوڵاتییبوونێکی مۆدێرین دەبەخشێ نەک ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و ئەو  ناسیۆنالیزمە ئێسنیکییەی سیاسیی و رۆشنبیرە رووکەشییەکانی کورد، لەگەڵ قەندیلدا دەکوڵێن و لەگەڵ کەرکوکیشدا ئاگروخوێن بە دەمارەکانیاندا فوارە دەکات.
دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد جگە لەوەی رادیکاڵیزمێکی کوێرانەی نەتەوەیی درەنگوەختە، بگرە خۆکوژییەکی سیاسیی گەمژانەشە، کە قوربانییەکانی گەلی کورد بەخۆراکی کۆمەڵێ ناسیۆنالیستی خێڵەکیی  و ئێسنیکیی دەکەن و ڤایرۆسی ناسیۆنالیزم بڵاو دەکەنەوە. هەرچەند باشترین چارەسەر تا هەنووکەش لە سەربەخۆیی کوردستانی عێراقدا دەبینرێنتەوە، بەڵام بەهەوای ناسیۆنالیستیی نا، بەڵکو بە عەقڵانییەت، ئەو حەقیقەتەی کە زۆرینەی خەڵکی کورد لە کوردستانی عێراق دەیەوێ جیاببێتەوەو ریفراندۆمەکە دەکرێ بە سەنگی مەحەک، جۆرە خۆشباوەڕییەکی ناسیۆنالیستانەی تێدایە. ئەوکات هیچ حیزب و رێکخراو و تاکێکی کورد، چ وەک دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن( کەنەشبوو) نەک رەخنەیەکیان نەبوو، بەڵکو قسەیەکیشیان نەبوو. جڵەوی حەماسەت و عاتیفە تەواو شلکرابوو. پارتیی و یەکێتییش دەیانویست وەک وەرەقەیەکی گوشار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای حیزبەکانیان ئەو مۆتیڤە زیاتر بگەشێننەوە. ئێستا تاکی کورد دەبێ لەو حەقیقەتە تاڵە بگات، ئایا ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکیی دەسەڵاتدار و ناسیۆنالیزمێکی ئێسنیکیی و گەریلایی ، تا چەند بابەتی سەربەخۆیی، یان گەڕانەوەی کەرکوکیان بۆ ئەجێندا بنەماڵەیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان بەکارهێناوە، تا چەندیش وەک بابەتێکی نیشتمانیی مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. ئێستا پاش ئەو هەموو ماڵوێرانییەی بەهۆی کەرکوکەوە بەسەر کورددا هاتووە ئایا جگە لە ناعەقڵانییبوونی ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و کوردپەروەریی! و ناسیۆنالیزمی ئێسنیکیی وکوردایەتیی، کەسی تر تاوانبارە کە دۆخی کەرکوک بەو عاسییبوونە گەیشتووە؟
ئەگەر گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا وەک رێنان لەسەر چەمکی نەتەوە دەڵی” ئیرادەی بە نەتەوەبوون هەبێ” تێیدا، دەوڵەتێکی کوردستانیی ( بە چەمکە نیشتمانییەکەی و لەخۆگرتنی  ئەو نەتەوانەی لە کوردستاندا دەژین ) دروست بکات، چ پێویستییەکی بە شۆڤینیزمی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردە وەک دەوڵەتێکی چەتوون، تا ناسیۆنالیزمی رادیکاڵی دەوڵەتەکانی دەوروبەر لەهەموو لایەکەوە دایدڕێنن. رێنان لە 1882 بۆ یەکێک لە وانە گوتنەوەکانی ئەوەندە بە تۆلێرانس و بیرێکی فراوانەوە وتارێکی بەناوی” نەتەوە چییە” نووسیوە، کە پرۆفێشناڵترین شارەزای بواری ناسیۆنالیزم ( بێنەدیکت ئەندەرسن) نەک هەر پێی ئیعجاب بووە ، بگرە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیروبۆچوونەکانی رێنانیشەوە. ئەی ئێمە بۆ نەکەوینە ژێر کاریگەریی فیکرە تۆلێرانس و ئازادییخوازە پێشکەوتووخوازەکان، بۆچیی بکەوینە ژێر کاریگەریی  هەندێ نەتەوەپەرست و ناسیۆنالیست و شۆڤینیست و رادیکاڵەکانی تورک و عەرەب و ئەمێریکای لاتیینیی ………….تاد….ەوە؟
بێدەنگیی لەئاست کەمپەینی نەتەوەپەرستانی کورددا، لە ئاست ئەوانەی کوردایەتیی بەهەستی بەرزی نەتەوەیی دەفرۆشنەوەو هزری نەوەی نوێ بە ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و ئێسنیکیی دەسمن، زۆر مەترسییدارە. ئاخر بێدەنگیی رۆشنبیران و ئینتێلێکچوواڵەکانی ئاڵمان و لەڕوودامانی خۆیشی بوو، کە هایدیگەری لە ریزی حیزبی نازییدا( حیزبی کرێکارانی سۆشیالیستی نەتەوەیی ئاڵمان) بۆ ماوەی 12 ساڵ هێشتەوە. بێدەنگیی و سەرکزکردنی رۆشنبیرانی کوردە، کە ئێنێرژی هەزاران گەنجی بێ ئومێد لەژیان، رەوانەی لابرۆتەری( تاقیگە-laboratory ) ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و ئێسنیکیی لە قەندیل دەکرێ. ئەم بێدەنگیی و خۆدزینەوەیەی رۆشنبیری کورد لەئاست ئەو هەموو گەمە ئایدیۆلۆژییەی بە داهاتووی میللەتێکەوە دەکرێ، بەداهاتووی نەوەی نوێ و نەوەی پاشەڕۆژەوە دەکرێ، ئاشی ناسیۆنالیزمی فەناتیک و رادیکاڵ لە ناو کورددا باشتر دەگێڕێ.
ئەوە ئەرکی رۆشنبیری جدیی کوردە، کە نەوەی نوێ لە مەترسییەکانی دەستبردن بۆ چەک و یاخییبوونی چەکداریی ئاگادار بکاتەوە، نەوەی نوێی کورد کە لەفەراغێکی فیکریی و سیاسیی و ئابوورییدا بەدەست ستەمکاریی دەوڵەتانی تورکییەو ئێران و سوریاو دەسەڵاتی بنەماڵەیی  هەرێمی کوردستانەوە گیرۆدە بوونە، پێویستە لە بەدبەختییەکانی شەڕی پێشمەرگایەتیی و چەمکی شۆڕشە گەریلاییەکان ئاگادار بکرێنەوە. تەنیا مێژووی ئەو وڵاتانەی لە ئەفریقا و ئەمێریکای لاتین و ئاسیادا، بەسە بۆ ئەوەی هەر وڵاتێک شەڕو یاخییبوونی سەربازیی تێدا بووبێت( جگە لە دەوڵەتی چین) چەند گرفتاری دەیان کێشەی گەندەڵیی سیاسیی و ئابووریی و ناهەمواری ژیان بوونەتەوە. ناسیۆنالیزم تازە کورد بەهیچ شوێنێک ناگەیەنێت جگە لە ماڵوێرانی و کاولکاریی و هەژاریی و بێئاسۆیی زیاتر نەبێ. کورد تەنیا و تەنیا بە خەباتی مەدەنیی و جەماوەریی و گوشاری سیاسیی و لۆبییکردن دەتوانێ مافەکانی لە پارچەکانی کوردستاندا درێژە پێ بدات. تەنیا لە کوردستانی عێراقدا پێویستی بەچەکە، ئەویش لەدەست دەسەڵات و حکومەتێکی نیشتمانییدا بێت نەک میلیشیایی و خێڵەکیی و بنەماڵەیی بێت. لەکۆتاییدا وەک بەختیار لە زمانی نووسەروشاعیری ئەرجەنتینیی خۆرخێ لویس بۆرخیسەوە ( Xorxe Lwis Borxes)   دەگێڕێتەوە، “ئەوەی ئامادەبێت ببێتە شەهید، دەشێت بشبێتە جەلاد”، ئایا ئەو سەرکردە قارەمانانەی کە گەنجی کورد بەوەهمی نەخۆشی ناسیۆنالیزم بەرەو شەهیدبوون دەبەن، ئامادە نیین ببن بەجەلاد و شەهیدەکانیش بکەن بە شورای قەڵای دیکتاتۆریی و گەندەڵیی خۆیان. ئەمەمان بەچاوی خۆمان لە دەسەڵاتی کوردیی لەهەرێمی کوردستاندا بینی، ئەرکی رۆشنبیری کوردە، ئەم ئەزموونە فاشیلەی شەهیدبوون و قوربانییدانەی ناسیۆنالیستەکان، بۆ پارچەکانی تری کوردستان نەگواسترێتەوە و کۆمەڵێ قارەمانی سیاسیی و عەسکەریی ئەمڕۆ ببن بە جەلاد لەسبەی رۆژدا.

 

کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.