Skip to Content

Friday, September 20th, 2024

که‌رکوک ئه‌مجاره‌ش لێمان ببووره‌ !

Closed
by March 20, 2008 گشتی

عامر باجه‌لان….
مێژووی دابه‌ش کردنی کوردستان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ شه‌ڕی  چالدێران  1514 نێوان سه‌فه‌ویه‌کان و عوسمانیاکان ، واته‌ تورک و فارس دوو داگیر که‌ری میلله‌تی کوردن ، له‌ کۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م،  ئینگلیز داگیرکه‌رێکی تری پێناسه‌ی‌ میلله‌تی کورد  کرد، ئه‌ویش عه‌ره‌ب .

کوردستانی باشوور خاوه‌ن خه‌باتێکی دوورو درێژه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، له‌پێناو مافی ڕه‌وای خۆی، سه‌دان هه‌زار قوربانیی داوه‌ ، جینۆساید‌ کراوه‌ .
کێشه‌ی  که‌رکوک  هه‌رده‌م گه‌وره‌ترین کێشه‌ بووه‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد و ڕژێمی به‌غدا .
سه‌رده‌می حوکمرانی شێخ  محمود حفید تا ساڵی 1934 . کێشه‌ی نێوان حوکومه‌تی به‌غدا و پارتی دیموکراتی کوردستان  ئه‌نجامه‌که‌شی شه‌ری  1974 . مفاوه‌زاتی  1984 نێوان یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و ڕژێمی به‌عس ، کێشه‌ی سه‌ره‌کی چاره‌نووسی که‌رکوک بوو . مفاوه‌زاتی 1991  نێوان به‌ره‌ی کوردستانی و ڕژێمی به‌عس ناکۆکی سه‌ره‌کی له‌سه‌ر کوردستانییه‌تی شاری کورکوک بوو .

له‌ هه‌لومه‌رجی ڕووداوه‌ گه‌وره‌کان و جه‌نگه‌ جیهانییه‌کان بۆشاییه‌ک دروست ئه‌بێت ، له‌و بۆشاییه‌ چه‌ند ده‌سه‌ڵات و ده‌ست که‌وتێکی نوێ په‌یدا ئه‌بێت  ،  چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێکیش له‌ناو ئه‌چێت ، بۆنمونه‌ ، بۆشایی ئه‌نجامی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م  ئیمپراتۆریه‌تی  قه‌یسه‌ریه‌کان و عوسمانیه‌کان ڕووخا ،سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی به‌لشیفیه‌کان به‌سه‌رۆکایه‌تی لینین  1917 له‌دوایش در‌وست بوونی چه‌ند ووڵاتێکی تری کۆمه‌نیستی ،  که‌مال ئه‌تاتورک  کۆماری تورکیا ی دامه‌زراند  . ئینگلیز وهاوپه‌یمانانی ده‌یان ووڵاتی نوێیان دروست کرد له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست . له‌ هه‌لو مه‌رجی بۆشایی جه‌نگی جیهانی دووه‌میش له‌گه‌ڵ بۆشایی گۆڕانی حوکمرانی  ئێران نێوان  ڕه‌زا شا و محمدی کوڕی  کۆماری کوردستان دامه‌زرا به‌سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازی محمد  هه‌رچه‌ند به‌ ته‌مه‌نێکی  11 مانگ جوانه‌مه‌رگ کرا . هه‌ر له‌بۆشایی جه‌نگی جیهانی دووه‌میش  دروست بوونی کیانی ئیسرائیل دوایش بوو به‌ ووڵاتی عیبری .

دوای شه‌ڕی که‌نداو 1991 بۆشایی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ هه‌رێمی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ دروس بوو . دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام وبه‌عس  2003  ئه‌و بۆشاییه‌ مێژووییه‌ دروست بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان بۆ باوه‌شی کوردستان ، به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کورد که‌ به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر مێژوو ،ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ی چاوه‌ڕی نه‌کراوه‌ی له‌ده‌ست دا . ( که‌رکوک به‌ قانون ئه‌گه‌ڕێنینه‌وه‌  نه‌ک به‌ قووه‌ت ) !!!

گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی مێژوویمان کرد چاره‌نووسی که‌رکوکمان خسته‌ مادده‌ی  140 له‌ده‌ستووری عێراق .  ( خاوه‌ن ماڵ به‌ دراوسێ  بڵێت ؟ ئایا ماڵه‌که‌م ئه‌گه‌ڕێننه‌وه‌ ؟ )
ئه‌و مادده‌یه‌ که‌ ناوه‌رۆکه‌که‌ی زیاد له‌  نیوه‌ی پاریزگاکانی عێراق ده‌گرێته‌وه‌ ، زۆر ئاڵۆزی  و گریه‌کوێره‌ی تیایه‌ کاتی جێبه‌جێ کردنی مادده‌که‌ .

 ڕۆژ به‌ڕۆژ نه‌یارانی جێبه‌جێ کردنی  مادده‌که‌ ‌ زیاتر ئه‌بێت له‌ ووڵاتانی  جیهانی ، ئیقلیمی و ناوخۆیی . بۆیه‌ تا ئێستا دوای زیاد له‌ چوار ساڵ هیچ قۆناغێکی مادده‌که‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ .
هیچ فشارێکی ئه‌وتۆمان نه‌هێناوه‌ته‌ سه‌ر لایه‌نه‌کانی تر دژ به‌ مادده‌که‌ ، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان هۆی مانه‌وه‌یان بووه‌  و چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کانیان بووه‌ .
 هیچ په‌یمانێکمان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌ ئه‌مریکا و ئۆرۆپا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی و شاری که‌رکوک به‌تایبه‌تی .  به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ئیتیفاقیه‌ی نێوان  بۆش و مالیکی  که‌ له‌ حوزه‌یران ئاشکرا ئه‌کرێت و ئیتیفاقیه‌ی نێوان مالکی و تورکیا ، هه‌موو کارتی فشارن بۆ سه‌ر کورد .

ماوه‌ی  3 مانگی داهاتوو ئایا هه‌ر 3  قۆناغه‌کانی مادده‌ی 140 ‌ (ئاسانی کردنه‌وه‌ ، ئامار، ریفراندۆم ) جێبه‌جێ ئه‌کرێت؟ ئه‌گه‌ر نه‌  ؟ ئه‌ی دوای ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی سه‌رکرده‌ی سیاسی کورد چییه‌ ؟
هاتنی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ ناو کێشه‌که‌ به‌ قه‌راری 1770 ئایا له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌ ؟

که‌رکوک ئه‌مجاره‌ش لێمان ببووره‌ ،  چاوه‌ڕێی ڕووداوێکی گرنگی تر بکه‌ و به‌ڵکو به‌ هه‌لو مه‌رجی ئه‌و ڕۆژه‌ دیاری نه‌کراوه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ باوه‌شی کوردستان !!!

 – سوید

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.