Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
چه‌ند خۆزگه‌یه‌ک … کامه‌ران چروستانی

چه‌ند خۆزگه‌یه‌ک … کامه‌ران چروستانی

Closed

خۆزگه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد خۆیان له‌ هه‌ستی برابچوکیی ڕزگار بکردایه‌ و بیانتوانیایه‌ به‌ هه‌مان ئاستی چاو ته‌ماشای دۆست و دوژمنی ئه‌م گه‌له‌یان بکردایه‌، نه‌ک هه‌میشه‌ خۆیان و سه‌رتاپای ئه‌م گه‌له‌ به‌ برا بچوکی گه‌لانی دیکه‌ دابنێن.
خۆزگه‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ چۆن بۆ کۆبوونه‌وه‌ و بۆنه‌یه‌کی خۆیان ده‌یه‌ها و سه‌ده‌ها هه‌زار ده‌توانن کۆبکه‌نه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م کوردکوژییه‌ش هێنده‌ له‌ توانایاندا بووایه‌ لایه‌نگرانی خۆیان کۆبکردایه‌ته‌وه‌.
خۆزگه‌ هێنده‌ی به‌رامبه‌ر یه‌کتر له‌ ناوه‌وه‌دا بۆ یه‌کتر ئازاین و هیچ هێزێک نییه‌ ده‌می مێدیا حیزبییه‌کانمان دابخات، به‌رامبه‌ر دوژمنان و ئه‌و ناحه‌قییه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌ ده‌کرێت له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی وڵات خاوه‌نی  هه‌مان ئازایه‌تیی و هێزی مێدیا بووینایه‌.
خۆزگه‌ سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ به‌خاک سپاردنی قوربانی ده‌ستدرێژییه‌کانی ئێران و تورکیادا بکردایه‌، وه‌ک ڕێزلێنانێک له‌ قوربانییه‌کان و له‌ خودی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ خۆیان. ئه‌و قوربانیانه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌ر به‌ لایه‌نێک نه‌بن، به‌ڵام بێگومان مرۆڤی پله‌ دوو نین.
خۆزگه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌ پێشدا چاوی سوور و هه‌ڕه‌شاویمان پیشانی تورکیا ده‌دا، ئێستاش نیوه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بوێریمان تێدا بووایه‌ ئه‌گه‌رچی به‌ دوو وشه‌ی ڕه‌قیش بێت ڕووبه‌ووی ڕاستییه‌کان ببوینایه‌ و ئه‌و ڕاستیانه‌شمان پێشانی هه‌موو جیهان بدایه‌.
خۆزگه‌ پلاندانه‌رانی ڕێبازی سیاسه‌تی کوردی هێنده‌ له‌ سیاسه‌ت ده‌گه‌شتن، که‌ بتوانن پێگه‌ی خودی خۆیان و ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یان له‌ ناو عێراق و ده‌ره‌وه‌یدا بسه‌لمێنایه‌، نه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بن به‌ داوای به‌زه‌یی  و سفره‌ چه‌وره‌کان و وته‌ شیرینه‌کان هه‌نگاوه‌کانی خۆیان به‌ره‌و پێش به‌رن.
خۆزگه‌ په‌رله‌مانی کوردیش وه‌کو ئۆرگانێکی حکومی هه‌ڵوێستێکی هه‌بووایه‌ و وانه‌یه‌کی وه‌ربگرتایه‌ له‌ مێژووی هه‌ڵوێستی ئۆرگانه‌‌ جیاوازه‌کانی وڵاتانی دیکه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ی لوبنانیان له‌ کاتی تۆپبارانه‌کانی تورکیادا دوا بخستایه‌، چونکه‌ هه‌ڵوێستێکی وا له‌ نانخواردنه‌ چه‌وره‌کانی ئێوارانی لوبنان گرنگتره‌.
خۆزگه‌ سه‌رکرده‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌کان فێری ئه‌وه‌ ده‌بوون له‌ ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا هاوهه‌ڵوێست و هاوبیر و هاوکاری یه‌کتر ده‌بوون و له‌و کاتانه‌دا کێبڕکێکانی نێوان خۆیان وه‌لا ده‌نا.
خۆزگه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی کورد دوا خاڵ له‌وه‌ ده‌گه‌شتن، که‌ کورد له‌م ناوچه‌یه‌دا نه ‌برای هه‌بووه‌، نه‌ هه‌یه‌تی و نه‌ ئه‌یشیبێت، به‌ڵام چه‌ند گه‌لێک هه‌ن، که‌ دراوسێمانن و ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ دوژمن یان برامان بن یاخود به‌رژه‌وه‌ندیمان یه‌ک بێت.
خۆزگه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌دارانمان وانه‌یه‌کیان له‌ مێژووی دوور و نزیک وه‌رده‌گرت و ئاوڕێکیان به‌ دوو چاوی واقیعییه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌کان ده‌دایه‌وه‌.
خۆزگه‌ کورد له‌ ساتێکدا ده‌ژیا، که‌ تیایدا هێنده‌ خۆزگه‌ی نه‌خواستایه‌.

Previous
Next