
وێنه سیحراویه‌كه‌ی وه‌رداش
كورته چیرۆك
له نێوه‌راستی بازاڕی شار، ناونیشانه‌كه‌ی به ئاسانی ده‌دۆزریته‌وه ، دوكانێكی درێژ ، پڕ له كه‌ل و په‌لی كاره‌بایی . له كۆتایی دوكانه‌كه‌ش، كۆگایه‌كی بچووك و قه‌ڵه‌باڵغ له كارتۆن و كه‌ل و په‌لی یه‌ده‌گ ، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك كتێب و گۆڤار له نێو كارتۆنه‌كان به‌رچاوده‌كه‌ون ، كه هی كۆمه‌ڵه‌ی هاوڕێیانی كتێبن . گه‌نجێكی جوان و ده‌ستره‌نگین ، راستر بڵێین په‌نجه زێرین ، چونكه ده‌سته‌كانی كار ناكه‌ن و ته‌نها په‌نجه‌ی گه‌وره‌ی ده‌ستی راستی ده‌جولێته‌وه . زۆر جار له نێو تاریكایی دوكانه‌كه ، چاوه جوانه‌كانی وه‌ك هه‌لۆ ده‌بریسكێنه‌وه. هه‌موو ته‌مه‌نی له سه‌ر ئه‌م عاره‌بانه‌یه، ئه‌و به‌ناچاری هۆگری ئه‌و عاره‌بانه‌یه بووه، هه‌رگیز ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری بێت . رۆژانه كاته‌كانی خۆی له به‌رامبه‌ر كۆمپیوته‌رێكی داگیرساو له سه‌ر ئه‌م عاره‌بانه‌یه به‌سه‌ر ده‌بات وپه‌نجه تاقانه‌كه‌ی ده‌خاته سه‌ر ماوسه‌كه‌ی و خه‌ریكی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێته. كاتێ جه‌سته‌كه‌ی ده‌بینیت ، ته‌نها سهرێكهو له سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌ك داندراوه ، سۆز‌و ویژدانت ده‌جوڵێنێ و به‌زه‌یت پێدادێته‌وه ، به‌ڵام كاتێ كار و پڕۆژه و به‌هره‌و داهێنان و كاره هونه‌ریه‌كانی ده‌بینیت ، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مه مرۆڤێكی چه‌ند مه‌زنه ، ئه‌وسا ئیره‌یی پێده‌به‌یت وله به‌رامبه‌ر ئه‌و خۆت به بچووك و كه‌مزان دێته به‌ر چاو.تابلۆی سه‌ر دوكانه‌كه‌و كه‌لوپه‌له‌كانی نێو دوكانه‌كه پێتده‌ڵێن ئه‌مه دوكانێكی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی كاره‌بایه، به‌ڵام ئه‌و وێنه جوان و سه‌رنجڕاكێش و نایابانه‌ی له دوكانه‌كه‌ی ههلواسراوون ، زیاتر له گه‌له‌رییه‌كی هونه‌ری ده‌چێت . كه‌لوپه‌له جۆراوجۆره‌كانی دوكانه‌كه‌و وێنه جوانه‌كان هارمۆنیایهكیان دروستكردووه و چێژ له بینینیان ده‌بینی . وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌و پارتیزانه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه ، كه وه‌ك هه‌لۆ له سه‌ر تاشه بهردهكانن ، كۆنترین وێَنهی شار كه ته‌مه‌نی له سه‌ده‌یه‌ك زیاتره، وێنه‌ی پیاوه قسهخۆشهكان و كه‌سایه‌تیه ناسراوه‌كان و وێنه‌ی ئه‌و مرۆڤه خۆشه‌ویستانه‌ی ، كه خه‌ڵك ناویان لێناون شێت ! كه‌چی ئه‌و به فریشته‌ی شار ناویان ده‌بات ، له‌م دوكانه به‌رچاو ده‌كه‌ون. كاتێ روو ده‌كه‌مه بازاڕ، ده‌بێ سه‌رێكی له‌م دوكانه بده‌م ، وه‌ك بڵێی خووم پێوه‌گرتووه ، ئه‌گه‌ر كورسیه سووره‌كه‌م ده‌ستنه‌كه‌وێت له ته‌نیشتی دابنیشم ، ئه‌وا له سه‌ر تۆپه وایه‌رێكی سپی كه شێوه‌ی بازنه‌ی وه‌رگرتووه ، جێگای خۆم ده‌كه‌مه‌وه. ئه‌ویش به ماوسه‌كه‌ی خه‌ریكی جوانكردنی وێنه‌ی خه‌ڵكه ، هه‌ندێك جاریش خه‌ریكی كاری كۆڵاژه ، چونكه وه‌ك جاران ناتوانێ وێنه بكێشێت ، ئیدی به كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی، به هۆی ره‌نگ و هێڵ و بیرۆكه جوانه‌كانی خۆی ، كارێكی هونه‌ری دێنێته به‌رهه‌م . ئه‌و زۆر هۆگری وێنه‌یه ، هه‌ر له به‌ر ئه‌مه‌شه كامێرایه‌كی له پشته‌وه‌ی عاره‌بانه‌كه‌ی داناوه ، به‌ڵام خۆی وێنه ناگرێت و هه‌ر كاتێك دیمه‌نێك یان شتێكی سه‌ره‌نجراكێش ببینێت ، ئه‌و هاوڕێیه‌ی لای ئه‌وه، ئه‌و به‌خته‌ی به‌ر ده‌كه‌وێت وێنه‌كه‌ی بۆده‌گرێت . به‌م شێوه‌یه ، ئێستا خاوه‌ن زۆرترین وێنه‌یه ، كه خاوه‌ن ده‌سته‌كان ناتوانن شان له شانی بده‌ن. وێنه‌ی پیرهمێرهكان و پێشمه‌رگه‌كان و چالاكی هونه‌ری و رۆشنبیری و وه‌رزیشی و مامۆستایان و شه‌هیده‌كان و وێنه‌ی شار به كۆن و نوێ كۆده‌كاته‌وه ، ئیدی نه‌ك هی شاره‌كه‌ی ، به‌ڵكو هه‌ر له سه‌ر ئه‌م عاره‌بانه‌یه ده‌ستی بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریش درێژكردووه ، ئه‌وانیشی له‌لا ده‌ست ده‌كه‌وێت. زۆر كه‌سیش كاتێ وێنه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن ده‌دۆزنه‌وه ، خۆی ده‌كاته دوكانه‌كه‌ی و مزگێنی ده‌ستكه‌وتنی وێنه‌كه‌ی پێده‌ڵێت ، كه‌چی ئه‌و به زه‌رده‌خه‌نه‌وه ، رووی تێده‌كات “له‌مێژه ئه‌م وێنه‌یه‌م هه‌یه و مۆرم لێداوه! ” ئه‌گه‌ر وێنه‌كه‌شی نه‌بینیبێ ، وه‌ك بڵێی زێری دۆزیبێته‌وه ، به‌زووترین كات ده‌یكاته نێو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی . رۆژانه ئه‌گه‌ر هیچ كه‌ل و په‌لێك نه‌فرۆشێت ، به ده‌یان و سه‌دان وێنه‌ی دێنه به‌ر ده‌ست و ئه‌ویش له نێو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ ئه‌ویش كارێكی باشه. گه‌ر وێنه‌یه‌كی جوانیش له رۆژنامه‌و گۆڤار بڵاوكرابێته‌وه ، تایبه‌ت به شاره‌كه بێت ، ئه‌رشیفی ده‌كات. ئێستا له نێو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی ، به سه‌دان فۆلده‌ر هه‌یه ، هه‌ریه‌ك تایبه‌ته به بوارێك ، دیسان ئه‌وانیش چه‌ندین لق و پۆپی لێده‌بێته‌وه . زۆر جاریش بۆ دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك ، كاتێكی زۆری ده‌وێت ، تا په‌یدای ده‌كات و هه‌ندێك جاریش هه‌ر خۆی لێ ون ده‌بێت و به ئاره‌قه‌ی شین و مۆر له نێو فۆڵده‌ره‌كان دێته ده‌ره‌وه. ئێستا كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی، وه‌ك پایته‌ختی لێهاتووه جه‌نجاڵ و ئاڵۆز ، به ئاسانی ناگاته ئه‌و شته‌ی ده‌یه‌وێت . ئه‌و له‌م شاره بویته میری فۆتۆیان و شانازیش به نازناوه‌كه‌ی ده‌كات كه له رێگای وێنه‌كان خزمه‌تی شار ده‌كات.كاری رۆژانه‌ی هه‌ر خه‌ریكی چاككردن و جوانكردن و رێكخستنی وێنه‌كانه ، بویته گۆگڵی ئه‌م شاره‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ش دێنه‌وه ، روو ده‌كه‌نه دوكانه‌كه‌ی میری فۆتۆیان و به ده‌ست به‌تاڵی ناگه‌رێنه‌وه ، ئه‌گه‌ر وێنه‌ی خۆشیان نه‌بێت ، چه‌ند دانه‌یه‌كی هی بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت، كه له ئه‌لبومی خۆیان دانیه و بگره هه‌ر بیریشان نیه كه‌ی ئه‌م وێنه‌یان گرتووه. ئه‌و به په‌نجه‌یه‌ك ، هه‌موو خه‌ڵكی هۆگری هونه‌ره‌كه‌ی خۆی كردووه . ئه‌مه بێجگه له‌و پێشانگایانه‌ی ساڵانه له بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كان ده‌كاته‌وه. ئه‌و وه‌ك مێرووله‌یه‌كی دڵسۆز ، به‌یانیان له ماڵ دێته ده‌ر و بۆدوكانهكهی دێت و له‌وێش له سیله‌ی دوكانه‌كه له سه‌ر ئه‌م عاره‌بانه‌یه ، كارده‌كات و راناوه‌ستێ . شه‌ویش به هه‌مان هه‌ناسه‌و حه‌زه‌وه له سه‌ر ئینته‌رنیت ده‌بێت و كارێك بۆ هاوڕێیه‌كانی خۆی ده‌كات ، یاخود وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه . ماوه به ماوه‌ش له ئینته‌رنیت، چه‌ند وێنه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن، تایبه‌ت به شار‌و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه. ئه‌و له سه‌ر دروشمی لویس پاستۆری زانا (كار و كار و كار)ی كردۆته پیشه و به‌رده‌وام له سه‌ر ئه‌م دروشمه ده‌روات..
ئه‌و كاتانه‌ی ده‌چمه لای ئه‌و ، وزه‌و توانا وبه‌هره‌ی زۆرم پێده‌به‌خشێت. ئاسووده ده‌بم ، كه بچووكترین كاری بۆبكه‌م و یان ئه‌و كریاڕانهی شتێك ده‌كرن ، ئاسانكاریان بۆ بكه‌م و كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ بخه‌مه نێو عه‌لاگه و پاره‌یان لێ وه‌ربگرم و به‌هێمنی بخه‌مه ژێر رانه‌كانی . ناوه ناوه‌ش به‌شه‌رمه‌وه ، بانگت ده‌كات ” وه‌ره ئه‌و باسكه‌م بڵند بكه!” ده‌بێ چه‌ند جارێك به زانایی و هوشیاری باسكهكهی بۆ سه‌ره‌وه بڵند بكه‌یت ، نه‌بادا جێیه‌كی بشكێت، ئه‌و به‌و كارهیی ئاسووده ده‌بێت و وه‌ك فۆرماتكردن بۆ ئه‌و وایه. ئیدی له ته‌نیشت ئه‌و له سه‌ر كورسیه سووره‌كه داده‌نیشم. زۆر جاریش، ژه‌نه‌ڕاڵی هونه‌ر به زه‌رده‌خه‌نه‌وه دێته ژووره‌وه ، به هاتنی ئه‌و ، كه‌ش و هه‌وای دوكانه‌كه زیاتر ده‌گۆرێت و هه‌ست ده‌كه‌یت دوكانه‌كه ده‌بێته گه‌له‌رییه‌كی گه‌وره‌ی پڕ هونه‌ر ، باس و خواستی هونه‌ر دێته گۆرێ و گفتوگۆ گه‌رم ده‌بێت. جاری واش هه‌یه ، ده‌كه‌ومه نێوه‌راستی هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده‌كه ، كه یه‌كێكیان گه‌نج و ئه‌ویتریان پیر ، تا ئێستاش هه‌ردووكیان زگورتین و هونه‌ریان كردۆته هاوسه‌ری ژیانیان. كه‌س وه‌ك ئه‌وان له خۆشه‌ویستی و گه‌وره‌یی و پاكی هونه‌ر و ژیان تێناگه‌ن. هه‌ردووكیان به خوێن وگیان ، ئاوێزانی هونه‌ر بوینه‌و بۆ ساتێكیش ناتوانن بێ هونه‌ر بژن . زۆر جاریش گوێمان له قسه‌كانی ئه‌وان ده‌بێت ، كه شه‌ویش خه‌ون به هونه‌ره‌وه ده‌بینن!
له نێو ئه‌م هه‌موو وێنه جوانانه‌ی ، دوكانه‌كه‌ی رازاندۆته‌وه ، وێنه‌یه‌كی سهرنجركێشی (وه‌رداش)ه. هه‌رگیز له تێڕوانینی ئه‌م وێنه‌یه تێرنابم . وێنه‌یه‌كی گه‌وره ، به شێوه‌یه‌كی ستوونی ، ئه‌و له نێویدا به وه‌ستانێكی جوان ، پێڵاوه ئهدیداسهكهی پێی چه‌پی خستۆته سهرپڵاوهكهی پێی راستی.گۆپاڵێكی كهوهتی ئه‌ستوور ، به‌ده‌ستی راستی گرتووه و سه‌ره‌كه‌ی تری گۆپاڵهكهش ، بستێك سۆنده‌ی پێوه هه‌ڵكێشاوه.ده‌ستی چه‌پیشی له قه‌ده دارێكه‌وه گرتووه ، كه له سه‌ر شه‌قامه‌كه روواوه. كلێتێكی چڵكنی له سه‌ره ، وه‌ستانه‌كه‌ی زۆر له وه‌ستانه‌كه‌ی چارلی چاپلین ده‌چێت . ده‌می لێككردۆتهوه وه‌ك بیه‌وێت فیكه‌یه‌كی لێ بدات ، ته‌نها ریشه‌كه‌ی به سپی ده‌رده‌كه‌وێت ، جل و به‌رگیشی له پیسایی ره‌نگی قاوه‌یی گرتووه. ئه‌و له‌و وێنه‌یه له جیاتێ پشتێنێك چواری پشتێنی به‌ستووه ، ههریهكی له ره‌نگێكه و زۆر درێژن ، ئه‌مه‌ش بۆ زگی وه‌رداش ، بویته تۆپه قوماشێكی گه‌وره . به هۆی ئه‌م پشتێنه‌وه له وێنه‌ی به‌گ و ئاغا و ده‌سترۆیشتووه‌كانی كۆنی شار نزیك ده‌بێته‌وه ، كه‌جاران به‌مه‌به‌ستی به‌ستنی ده‌مانچه‌و خه‌نجه‌ر و فیشه‌كدان ، پشتێنه‌كانیان چه‌ند مه‌ترێك درێژ بوون ، تا نزیك ملیان له خۆیان ده‌پێچا. منیش رۆژانه خووم داوه به‌و وێنه‌یه ، ده‌زانم سه‌رگوشته‌ی پاڵه‌وانی ئه‌م وێنه‌یه چۆنه ! چۆن عه‌شق و راستگۆیی ئه‌و بۆلای شێتی بردووه! به ته‌نیایی و بێكه‌سی له شه‌قام و كوچه‌و كۆڵان و بازاڕی شار ده‌سورێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌زانێت ، سه‌رده‌مێك ئه‌و مهم بووه و ئێستاش زینه‌كه‌ی ئه‌و له گه‌ڵ مه‌مێكی تره. له‌وانه‌یه له لای ئه‌و زینه له مێژه ئه‌م عیشقه مردبێت و ئه‌گه‌ر جار و باریش چاوی پێبكه‌وێت به شێتێكی گه‌وره‌ی له قه‌ڵه‌م بدات ، كه‌چی وه‌رداش هه‌میشه ئه‌و عیشقه‌ی له دڵدا ده‌ژێت و رۆژ به رۆژ گه‌وره‌تر و جوانتر و پاكتر ده‌بێت و له نێو خه‌ڵكیش وه‌ك عاشقێك خۆشه‌ویستر ده‌بێت. له نێو چوارچێوه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌دا ، مرۆڤێكی عاشق وه‌ستاوه ، له به‌رامبه‌ر خه‌م و ناخۆشیه‌كانی رۆژگار، بێكه‌سیش ریشی كردووه به به‌فر.ئه‌و خاوه‌ن دڵێكه بێرق و قینه ، پڕ له سۆزوبه‌زه‌یی و خۆشه‌ویستی . منیش هه‌ر به‌و پاكیه‌ی ئه‌و مرۆڤه هه‌یه‌تی ، له پاكی وێنه‌كه ڕاده‌مینێم و ئۆشۆیانه ده‌روانمه مرۆڤ و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی تیدا شیده‌كه‌مه‌وه. وێنه‌كه، گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی مر‌ۆڤم پێده‌به‌خشێت و ئاسووده‌م ده‌كات.زنجیره‌یه‌ك تێڕامانی قۆڵ به هزرو خه‌یاڵم دێت و ئاڵۆزم ده‌كات. ئیدی هه‌ر ئه‌وه ده‌زانم پاڵه‌وانی نێو وێنه‌كه ده‌نگی دێت ، به‌ڵام له نێو چوارچێوه‌ی وێنه‌كه نا ، بگره وێنه‌كه‌ش هه‌روه‌ك خۆیه‌تی ، به‌ڵكو به‌زیندووی ده‌بینم له دوكانه‌كه به ژووردهكهوێت و به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی مۆنالیزیانه، سه‌یری هه‌مووان ده‌كات و دوای به بێده‌نگی ده‌چێته ده‌ره‌وه. جیاوازی له گه‌ڵ وێنه‌كه ئه‌وه‌یه ، له‌وێ وه‌ستاوه و لێره‌ش مرۆڤێكه سندوقێكی ره‌شی له سه‌ر خۆی ناوه . رۆژانه حه‌ز به‌وه ده‌كات كۆنه ته‌په‌دۆر و كارتۆن و سندوق و تۆپی دڕا‌و و شتی له كار كه‌وتوو بكاته كڵاوه‌كه‌ی خۆی .ئه‌مه‌ش دیمه‌نێكی پێكهنینناوی پێده‌به‌خشێت و هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ،به نێو بازاڕ دێت و ده‌چێت. به‌زۆری له نزیك كۆنه گه‌رماوه و هه‌ندێك جاریش بۆ لای (بهرباخچان) و (شیمردێر) و گۆرستانی شار، پیاسه ده‌كات. ئه‌و كاته‌ی له نێو بازاڕیشه ، هه‌رچی كارتۆن و كاغه‌زی پێش دوكانه‌كان هه‌یه هه‌ڵده‌گرێته‌وه و ده‌خاته نێو ئه‌و سه‌به‌تانه ، كه شاره‌وانی له رۆخی شه‌قامه‌كان دایناوون.كاتێ مرۆڤه ئاقڵهكانیش ، ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی بڕوانامهشن ، شتێك فرێ ده‌ده‌ن ، ئه‌و هه‌ڵیده‌گرێته‌وه. زۆر جار تا دره‌نگانی شه‌و خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌یه و ده‌خاته نێو سه‌به‌ته‌كانی زبڵ . به‌یانییانیش به‌ده‌م گۆرانی (ئامین تاقانه‌و مریه‌م بۆكانی) حه‌سه‌ن زیره‌ك دێته ده‌ر و هێدی هێدی كۆپله گۆرانیه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌ڵێته‌وه و ده‌نگه‌كه‌ی خۆی زیادو كه‌م ده‌كات وجاران چۆن گوێی له‌و گۆرانیه بووه به‌هه‌مان شێوه ده‌یڵێته‌وه ، جاری واش هه‌یه هه‌ر منگه‌منگی لێوه دێت و كه‌س نازانێ باسی چی ده‌كات. دواتر له به‌رده‌م چایخانه‌كه‌ی نێو بازاڕ ده‌وه‌ستێت و هه‌ندێك جاریش وه‌ك وتاربێژ ، وتار ده‌دات و قسه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره ده‌كات له ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك ، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی له ده‌وری خۆی كۆده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه ده‌بینی واده‌زانی كه‌ل و پهڵێك ، هه‌راج كراوه ، كه نزیكی ده‌بیته‌وه به ده‌نگه‌كه‌ی و ئه‌و كه‌ل و په‌له سه‌یرانه‌ی له سه‌ر سه‌ری خۆی داناوه ، ده‌زانی به‌زمه‌كه‌ی وهرداشه. هه‌ندێك جاریش، ده‌بێته ژینگه پارێزێك هه‌ر مه‌پرسه ، به دوبهیهكی ئاو ، نه‌مام و داره‌كانی رۆخ شه‌قام ، ئاو ده‌دات و چه‌ندجارێك ئه‌مه دوباره‌ده‌كاته‌وه . ئه‌و به سه‌رماو گه‌رما له ده‌ره‌وه‌یه ، دڵسۆزانه‌و خۆبه‌خشانه خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی شاره ، وه‌ك كرێكاره دڵسۆزه‌كانی شاره‌وانی كارده‌كات . بۆ مرۆڤ و عه‌شق و جوانی و خاوێنی مرۆڤه‌كانی تر ده‌ژێت. ئه‌و ده‌بێته مرۆڤێكی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست ، خۆشه‌ویست له نێو خه‌ڵك . له لای منداڵ و كچ و كوره‌كانی شار ناسراوه‌و بویته سومبولی مرۆڤه پاكه‌كانی شار.
ئه‌وه‌ی له‌م دوكانه ئه‌م وێنه‌یه ده‌بینێت، قسه‌ی خۆی بۆ وێنه‌كه هه‌یه و راڤه‌یه‌كی نوێ ده‌دۆزێته‌وه . میری فۆتۆیانیش ، كه ده‌بینێت له وێنه‌كه ڕاماون .ئه‌ویش چه‌ندین مانای جیاواز‌و نوێ له‌سه‌ر وێنه‌كه ده‌رده‌برێت و ئیستاتیكای ئه‌م وێنه‌یه ده‌خاته روو. زۆر جاریش به زه‌رده‌خه‌نه‌وه باسی وه‌رداش ده‌كات و كاتێ خۆی دێت و سه‌یری وێنه‌كه‌ی خۆی ده‌كات.له به‌رده‌م وێنه‌كه پێده‌كه‌نێت ، كه‌سیش نازانێ پێكه‌نینی ئه‌و بۆ وێنه‌كه چیه! كه ده‌زانێ وێنه‌یه‌كی شازی ئه‌وه.هه‌ندێ جاریش ، گۆپاڵه‌كه‌ی به ئاڕاسته‌ی وێنه‌كه درێژ ده‌كات و ده‌ڵێت”ماڵی قه‌حپه ! ده‌تناسم ، ده‌تناسم ، هجوومۆۆۆۆۆۆك !”. به بێ ئه‌وی خۆی گیرۆ بكات و ده‌چێته ده‌ر.له‌وانه‌یه ناوی هجووم بۆ وه‌رداش زۆر خۆشه‌ویست و گه‌وره بێت ، بگرهخۆشهویسترین هاوڕێی ئه‌و بێت .سه‌یریش له‌وه‌دایه ، له هه‌مووكه‌س زیاتر جنێو به ئه‌و ده‌دات، چونكه ئه‌و وه‌ك گه‌نجێكی دڵسۆز و خه‌مخۆر، هه‌موو مانگێك ،له گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی خۆی وه‌رداش ده‌باته گه‌رماو .له‌وێ ده‌سته‌كانی كه‌له‌مچه ده‌كه‌ن و سه‌ری ده‌شۆن و ریشی ده‌تاشن و جووته پێڵاوێكی باش و ده‌سته جلێكی كوردی نوێی له به‌ر ده‌كه‌ن و گوڵاو پرژێنی ده‌كه‌ن. هه‌ر كاتێ وه‌رداش به جل و به‌رگی نوێوه له بازاڕ ده‌ركه‌وت ، گۆرانی گوت ، خه‌ڵكی شار ده‌ستخۆشی له هجووم ده‌كه‌ن و دوعای خێری بۆده‌كه‌ن.چه‌ندین ساڵه ، نه‌ك هه‌ر وه‌رداش ، خزمه‌تی هه‌موو شێته‌كانی شار ده‌كات و ده‌یانشوات ، كهنهخۆشیش ده‌بن ده‌یانباته نه‌خۆشخانه . ئه‌گه‌ر له به‌ر ئه‌و نه‌بێت له‌وانه‌یه له‌مێژ بوو وه‌رداش له ژیاندا نه‌مابوایه. كاتێ ناوی وه‌رداش دێته گۆری ، ئیدی وه‌ك خه‌مخۆرێك و كارگوزارێكی شار باس ده‌كرێت ، ئه‌و نازناوه‌ی پێبراوه لاده‌چێت و ده‌بێته مرۆڤێكی ئاقڵمه‌ند، كه خزمه‌تی شار ده‌كات . زۆر جاریش ، ژه‌نه‌ڕاڵی هونه‌ر ، كه زیاتر له نیو سه‌ده‌یه ، تێكه‌ڵ به دونیای هونه‌ر بووهوجێ په‌نجه‌ی گه‌وره‌ی له هونه‌ری ئه‌م شاره دا هه‌یه .دێته سه‌ر باسی وه‌رداش ، به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌ی كه گوێی له وشه‌ی خه‌مخۆری شاره‌وانی ده‌بێت . باسه‌كه‌ی وه‌رداش به ده‌رفه‌ت ده‌زانێ و تێكه‌ڵ به باسێكی هونه‌ری گه‌وره‌ت ده‌كات و ده‌گه‌رێته‌وه رابردووه. به شێوه‌یه‌كی جوان و زیره‌كانه ، شاره‌وانی و هونهرتێكهڵ ده‌كات و تابلۆیه‌ك له مێشكت چه‌سپ ده‌كات ودیمه‌نی شانۆیه‌كی سه‌ر شه‌قامت نیشان ده‌دات و مۆسیقاژه‌نێكی بڵیمه‌تی شارت پێده‌ناسێنێت . له نێو ئه‌و به سه‌ر هاته‌و گێڕانه‌وه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی هونه‌ر ، ئه‌وه‌نده هونه‌رت لا شیرین و گه‌وره ده‌بێت ، تا له نێویدا عاشقی ده‌بیت . خۆت ده‌بیت به یه‌ك پارچه له هونه‌ر.به‌م شێوه‌یه كامیرایهكت ده‌داته ده‌ست و وه‌ك خۆت وێنه‌كه بكێشیت وایه. ئه‌وها باسی خهمخۆرهكهت بۆ ده‌كات”له‌مێژه ، له‌م شاره، حاجیله هه‌بوو ، ده‌روێشێكی گه‌وره‌ی سافی هیرانی بوو ، ده‌ستی شیعریشی هه‌بوو ، زۆر له خه‌می پاك و خاوێنی شار دابوو ، نه‌یده‌هێشت شار پیس بێت و چاودێری به سه‌ر دوكاندارو فرۆشیاره‌كان ده‌كرد.كاتێ ده‌هاته شار ، خه‌ڵك نه‌ده‌وێرا له به‌رامبه‌ری كه‌مترین هه‌ڵه بكات” ئه‌و به‌م چه‌ند وشه‌یه لێت ناگه‌رێت و ده‌بێت تۆش گوێی بۆ شل بكه‌یت ، چونكه ئه‌و ژیان به مۆسیقا ده‌زانێت و ئه‌گه‌ر مۆسیقا نه‌بێت ژیان لای ئه‌و مانای نامینێت .بۆیه بۆ لای مۆسیقات ده‌بات و به‌م شێوه‌یه درێژه به حاجیله ده‌دات” زۆر جار حاجیله له نێو بازار ، یان له به‌رده‌م مزگه‌وتی ته‌كیه ، ده‌فی لێده‌دا، دواتر ده‌فه‌كه‌ی چه‌ندی مه‌ترێك بڵند ده‌كرد بۆ ئاسمان و له‌سه‌ر په‌نجه‌ی خۆیی ده‌سوراند و خۆی نزم ده‌كرده‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی و دواتر هه‌ڵده‌ستایه‌وه ، تا هێزی هه‌بوو رهمبهی له ده‌فه‌كه‌ی ده‌هێنا و ده‌فێكی ئه‌وه‌نده خۆش ، هه‌موو بازاری دێنایه جۆش و خرۆش . له ماوه‌یه‌كی كورت به ئه‌سته‌م حاجیله له نێو خه‌ڵك دیار ده‌بوو ده‌كه‌وته نێو بازنه‌یه‌كی گه‌مارۆدراو له خه‌ڵك . چه‌ند جارێك ئه‌م نمایشه سه‌یره‌ی ده‌كرد و ده‌روێشانه سه‌ری باده‌دا ، له ناكاویش به ده‌نگێكی گه‌ورۆنه هاواری ده‌كرد : محه‌مه‌د سهڵهوااااااااات!” . دواتر په‌نجه بۆ وێنه‌كه‌ی وه‌رداش درێژ ده‌كات و تێر به چاوه‌كانی لێ ده‌روانێ ، ئه‌و چاوانه‌ی به هه‌زارن وێنه‌و تابلۆی جۆراوجۆری بینووه ، ئێستاش به‌ره‌و لاواز ده‌چێت و ئه‌گه‌ر له به‌ر چاویلكه‌كه‌ی نه‌بێت ، نه‌ك هه‌ر وێنه‌كه بگره رسته‌یه‌كی نوسراویش ناتوانێ بخوێنێته‌وه. سیفه‌تێكی جوانی ئه‌م وێنه‌یه‌ی وه‌رداش ده‌خاته روو ، گه‌وهه‌رێك له نێویدا ده‌دۆزێته‌وه نه‌ك له نێو جل و به‌رگه چڵكنه‌كه‌ی، به‌ڵكو دیوی ناوه‌وه‌ی وه‌رداش ، كه‌خاوه‌نی دڵێكه له چه‌شنی تاڤگه ، سپی و جوان ، دڵێك كه خۆشه‌ویستی زۆری بۆخه‌ڵك به‌رهه‌م هێناوه.ئه‌و دڵه‌ی رق و كینه‌ی تیدانیهو خزمه‌ت به مرۆڤه‌كان ده‌كات . ئه‌وانه‌ی له نێو خه‌ڵكدا ده‌ژن و له نێو خه‌ڵكدا بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌مینێنه‌وه، ئه‌وانه‌ن . مرۆڤه مه‌زنه‌كانیش ، به‌و سه‌ربه‌رزییه ده‌ژن له پێناو مرۆڤه‌كان ، نه‌ك بۆ خۆیان ، ئه‌مه‌ش راستییه‌كه به ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت .ئه‌مه‌ش له لای ژه‌نه‌ڕاڵی هونه‌ر دروشمێكهو چه‌ندین ساڵه هه‌ڵیگرتووه‌و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی خۆی له سه‌ر بنیات ناوه.هه‌میشه چێژ له خزمه‌تكردنی خه‌ڵك ده‌بینێت و ئێستاش به‌و ته‌مه‌نه رێگا بۆ منداڵه‌كانی شار رووناك ده‌كات و فێری وانه‌ی هونه‌ریان ده‌كات ، تا ژیانیان له لاجوانتر و خۆشه‌ویستر بێت .
ئێستا له دوكانه‌كه‌ی میری فۆتۆیان ، بینه‌ره‌كانی وێنه‌ی وه‌رداش له‌زیادبووندایه ، ههركهسهكیش ، بۆیه‌كه‌م جار وێنه‌كه ده‌بینێ ، خۆی لێ نزیك ده‌كاته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خۆی بۆده‌كات.ئیدی وێنه‌كه رۆژ به رۆژ مانای زیاتر و قۆڵتر به‌رهه‌م ده‌هێنێ وجوانی زیاتر ده‌به‌خشێت. وهرداشیش ، له نێو وێنه‌كه سه‌ر به‌رزانه به‌رامبه‌ر ژیان وه‌ستاوه. له ده‌ره‌وه‌ی وێنه‌كه‌ش هێدی هێدی گه‌وره ده‌بێت و ململانێ له گه‌ڵ پیری و مردن ده‌كات ، تا ئه‌و رۆژه‌ی چاوه جوانه‌كانی لێك ده‌نێت ، له لای خه‌ڵك خۆشه‌ویسته. له دوای مردنیش، وێنه‌كه و هه‌ڵوێسته جوان و قسه‌خۆشه‌كانی وه‌رداش ، بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌نێو دڵی خه‌ڵكی شار زیندوو ده‌بێت و له لاپه‌ڕه‌كانی مێژووش، ناوی به جوانترین شێوه تۆمار ده‌كرێت.
یاسین برایم