Skip to Content

Monday, December 9th, 2024

ئه‌رێکردنی له‌شکرکێشی دادی ئه‌ردۆغانی نه‌دا

Closed
by March 20, 2008 گشتی

هیوا عه‌بدوڵا- به‌لجیکا……
دوای ئه‌وه‌ی داواکاری گشتی تورکیا، دۆزێکی له‌سه‌ر داخستنی پارتی ده‌سته‌ڵاتداری دادوگه‌شه‌پێدان و قه‌ده‌غه‌کردنی چالاکی سیاسی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ که‌ له‌ ناویاندا عه‌بدوڵا گولی سه‌رۆک کۆمار و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رجه‌م 71 که‌سی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و پارته‌ ده‌گرێته‌وه‌ پێشکه‌ش به‌ دۆزگه‌ری کۆماری تورکیا کرد، په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان پارتی دادوگه‌شه‌پیدان و ده‌وڵه‌تی قوڵی تورکیا که‌ به‌رای زۆرکه‌سه‌وه‌ وه‌ک به‌ره‌ی ئیسلامی و عیلمانی یان ئیسلامی و سوپا ده‌ناسرێن تابڵۆیه‌کی ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه‌ بینی.
وادیاره‌ ئه‌وه‌ جاری یه‌که‌مین نیه‌، پیاوه‌ بنه‌ره‌تیه‌کانی تورکیا که‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ڵوێستێکی وا نیشان ده‌ده‌ن ئه‌وان تا ئێستا نزیکه‌ی 26 پارتی سیاسی و ڕێکخراویان به‌ بڕیاری دۆزگه‌ری ئه‌و وڵاته‌ داخستوه‌، چاودێرانی سیاسیش ئه‌و بڕیارانه‌ وه‌ک بڕیارهایه‌کی سیاسی نه‌ک یاسایی لێکده‌ده‌نه‌وه‌.
له‌ داوایه‌که‌ی داواکاری گشتیدا باس له‌ کۆمه‌ڵێک پێشێلکاری و سنوربه‌زاندنی ده‌سته‌ڵاتی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان ده‌کرێ که‌ هه‌وڵی بنبڕکردنی ده‌وڵه‌تی سیکۆلاری که‌مالی تورکیا ده‌دات و ده‌یه‌وێ پێوانه‌و نه‌ریته‌کانی ئیسلامی له‌ داموده‌زگا سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌وڵه‌تدا به‌جی بکات، ئه‌گه‌رچی به‌شێک له‌و هه‌وڵانه‌ ڕاستیش بن چاودێرانی سیاسی ئه‌و هه‌وڵه‌ی دۆزگه‌ری تورکیا، به‌ کارێکی مه‌ترسیدار ده‌زانن و پێیان وایه‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و داوایه‌ واتای له‌سێداره‌دانی دیموکراسیه‌ته‌. چونکه‌ پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌کانی دوایی ئه‌نجومه‌نی تورکیادا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و سه‌رجه‌م گۆڕانکاریه‌ یاسایی و ده‌ستوریه‌کانیش له‌ ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌نجامدراون.
ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ له‌و ململانێیه‌ سیاسیا‌نه‌ بگه‌ین که‌ له‌ پشته‌وه‌ی په‌رده‌ی شانۆگه‌ریه‌که‌دا ساز ده‌کرێن به‌و ئه‌نجامه‌ ده‌گه‌ین که‌ پارتی دادوگه‌شه‌پێدان هه‌روا له‌ خۆیه‌وه‌ گه‌وره‌ نه‌بوو و نه‌گه‌یشت به‌و ڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی بنچینه‌یی تورکیا بهه‌ژێنێ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ چه‌ند هۆکارێکی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵومه‌رجی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی تورکیا هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ش ئه‌کرێ له‌ چه‌ند خاڵێکدا چڕبکرێنه‌وه‌.
– کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیا به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئێتنیکه‌کانی دیکه‌یه‌وه‌ جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ناموسوڵمانه‌کان، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئیسلامیه‌، ئه‌کرێ بووترێ کاروکرده‌وه‌و سیاسه‌ته‌کانی کۆماری به‌ناوسیکۆلاری تورکیا زیاتر بۆته‌ هۆی زه‌مینه‌ خۆشکردن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ که‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ کۆمارێکی به‌و شیوه‌یه‌ ناگونجێ ڕقی له‌ ووشه‌و ناوو به‌هاکانی سیکۆلاریزم ببێته‌وه‌و به‌ره‌و کاردانه‌وه‌ی دژ به‌ عیلمانیه‌ت هه‌نگاو بنێ، نمونه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ له‌ میسریش هه‌یه‌، هه‌روه‌ها نمونه‌ی پێچه‌وانه‌شمان له‌ ئێران هه‌یه‌ که‌ کارو ڕه‌فتارو کاره‌ساته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژ به‌ ڕۆژ خه‌ڵکه‌که‌ هان ده‌دا نه‌فره‌ت له‌ ئیسلامو به‌هاکانی بکه‌ن.
– سیاسه‌تی کۆماری تورکیا له‌ ماوه‌ی نزیکه‌ی 80 ساڵی ته‌مه‌نیدا که‌ به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن پیاوه‌ به‌ناو سیکۆلاره‌کان و پارته‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستو، سۆسیال و ناسیۆنالیسته‌کان به‌ڕێوه‌براوه‌ نه‌یتوانیوه‌ کێشه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی تورکیا وه‌ک هه‌ژاری، ناکۆکیه‌ ئێتنیکی و جوگرافی و ئایینیه‌کان و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ن، کۆماری تورکیا به‌ سازکردنی ناکۆکی و کێشه‌یه‌کی دروستکراو به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ خه‌ڵکه‌که‌ی چه‌واشه‌ بکات و کێشه‌و پێداویستیه‌ ڕۆژانه‌ییه‌کانی له‌بیر به‌رێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داڵه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی له‌ نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیا به‌ هه‌موو چیبن و توێژه‌کانیه‌وه‌ سازکردوه‌ و نوخبه‌یه‌ک که‌ سه‌رباز و کارمه‌ندی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌تن هه‌موو ده‌سته‌که‌وته‌کانیان له‌سه‌رخۆیان تاپۆ کردوه‌و به‌شێکی زۆریش له‌ کۆمه‌ڵگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ناکۆکی و دڵڕه‌قی دروستکردوه‌،  ئیسلامیه‌کانیش توانیان ئه‌و هه‌ڵه‌ بقۆزنه‌وه‌ که‌ پێشتر پارتو ڕێکخراوه‌ چه‌په‌کانی کوردو تورک به‌ حوکمی هه‌ڵوێستی ئایدیۆلۆژیانه‌ نه‌یانتوانیبو جێگای پێویستی خۆیان له‌ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ماونه‌ته‌وه‌.
– دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و ڕوخانی کۆمۆنیزم، ئه‌و گرنگیه‌ی تورکیا وه‌ک وڵاتێکی له‌ شێوه‌ سه‌رمایه‌داری و سیکۆلار بایه‌خی جارانی بۆ ڕۆژئاوا و ئه‌مریکا نه‌ما، به‌تایبه‌تی دوای گۆڕانکاریه‌کانی 11ی سێپتێمبه‌ر، پیویستی ئه‌مریکا به‌ ده‌سته‌ڵاتێکی نیمچه‌ ئیسلامی میانڕۆ له‌ ناوچه‌که‌دا زیاتربوو، بۆ ئه‌وه‌ش کادره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی ئێستا به‌ ئه‌زمون وه‌رگرتن له‌ پارت و ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی تورکیا که‌ به‌رده‌وام به‌ توندی ڕوبه‌ڕوی ده‌وڵه‌ت ببونه‌وه‌و له‌ ئه‌نجامدا قه‌ده‌غه‌ کرابوون، که‌ له‌ پارتی ڕه‌فای قه‌ده‌غه‌کراو جیاببونه‌وه‌ توانیان بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ڕوبه‌رێکی گه‌وره‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیا به‌ کوردیشه‌وه‌ قازانج بکه‌ن و بێنه‌ سه‌ر ده‌سته‌ڵات.

پارتی دادوگه‌شه‌پێدان وه‌ک سه‌رجه‌م ڕێکخراوه‌ ئیسلامیه‌ میانڕه‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان خاوه‌نی مه‌بده‌ئی گۆڕانی بنچینه‌یی کۆمه‌ڵگه‌ نیه‌، وه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی پشتی خۆی قایم بکات وه‌ک هه‌موو پارته‌کانی دیکه‌ی ئیسلامی دروشمی برایه‌تی و یه‌کێتی نێوان گه‌ڵانی تورکیای به‌رزکرده‌وه که‌ له‌ ئیسلامدا پێی ده‌گوتری "ئومه‌میه‌ت". به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا بینیمان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و توڕه‌ییه‌ی سه‌ربازان و پیاوانی ده‌وڵه‌تی بنچینه‌یی بڕه‌وێنێته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م پارته‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی پێشوی خۆی زیاتر دوژمنایه‌تی گه‌لی کوردی کردو، توانی هه‌موو شتێک ته‌رخان بکات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕازی بکات و ڕێگای پێ بدات تاکو سنوری باشوری کوردستان ببه‌زێنێ. پارتی داد له‌ سه‌رجه‌م پارته‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی پێشخۆی زیاتر هه‌وڵی داوه‌ ده‌ست وه‌ربداته‌ ناو کاروباری وڵاتێکی دراوسێی وه‌ک عیراق و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سوریا، ئێران وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کانی دیکه‌دا له‌ په‌یوه‌ندی دابوه‌ بۆ له‌قاندنی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی گه‌لی باشوری کوردستان که‌ دوای ڕاپه‌رینی ساڵی 1991 به‌ده‌ستی خستوه‌. ئه‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ی دوایی حکومه‌تی دادوگه‌شه‌پێدان وه‌ک ڕێگادان به‌ سوپا بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێک بکاته‌ سه‌ر خاکی باشوری کوردستان به‌ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی دژ به‌کوردان نه‌بووم، به‌ڵکو له‌ بنچینه‌دا هه‌وڵێک بوو بۆ ڕازیکردنی ئه‌و پیاوانه‌ی که‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، له‌ هه‌مان کاتدا پارتی دادو گه‌شه‌پێدان به‌ شیوه‌یه‌ک ناراسته‌خۆ سازشی له‌گه‌ڵ پیاوه‌ شاراوه‌کانی پشت په‌رده‌ی ده‌وڵه‌ت کرد و گوتی من پشتگیریتان لێ ده‌که‌م ئۆپه‌راسیۆنێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنور ئه‌نجام بده‌ن، ئێوه‌ش ڕێگام بده‌ن چه‌ند گۆڕانکاریه‌ک له‌ ده‌ستوردا بکه‌م وه‌ک ئازادکردنی پێچه‌ک "حیجاب" له‌ هه‌ندێک داموده‌زگای تورکیادا که‌ پێشتر قه‌ده‌غه‌ بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ دوو لاوه‌ زیانی به‌ پارتی ناوبراو گه‌یاند، یه‌که‌میان ئه‌و پارته‌ دڵی ئه‌و کوردانه‌ی له‌ خۆی ساردکرده‌وه‌ که‌ پێشتر ده‌نگیان بۆ دابوو، دوه‌میان بازرگانی کردن به‌ کارتی کوردی له‌ نێوان ئه‌وان و سوپای تورکیادا دادی نه‌دان.

قه‌ده‌غه‌کردنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان تورکیا به‌ره‌و کوێ ئه‌بات؟

که‌مالیزم که‌ سیسته‌مێکی ئایدیۆلۆژیه‌ هه‌روه‌ک سه‌رجه‌م سیسته‌مه‌کانی نازیزم، به‌عسیزم و کۆمۆنیزم له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا باوی نه‌ماوه‌و جگه‌ له‌ سه‌رئێشه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ هیچی دیکه‌ی لێ شین نابێ، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو ڕۆژانی ته‌مه‌نی خۆیدا زیاتر له‌ مه‌رگ نزیک بۆته‌وه‌. هه‌وڵی دوایی داواکاری گشتی نیشانه‌ی شڕوپه‌ککه‌وته‌یی و په‌له‌قاژه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌ ئاشکرا ده‌رده‌خا، هه‌رچه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ربکه‌وێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ریشکه‌وت، ئه‌وا تورکیا به‌ته‌واوی ئه‌بێته‌ وڵاتێکی په‌راوێزکراو له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاو یه‌کێتی ئه‌وروپاوه‌، چونکه‌ ئه‌وڕۆ ئه‌وروپاو ئه‌مریکا پارتی دادو گه‌شه‌پێدان به‌ نزیکترین هێزی خۆیان به‌بینن که‌ ئاسانکاری ده‌کات بۆ له‌یه‌کتر تێگه‌یشتنی نێوان تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها ئه‌و جێبه‌جێ کردنی داواکانی داواکاری گشتی تورکیا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌شی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ له‌ ناوخۆی تورکیادا ئیسلامی ڕادیکاڵ ساز ببی و ره‌وایه‌تی به‌ تورندوتیژی ئیسلامی بدرێ، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌وروپا و ئه‌مریکایه، چونکه‌ ئه‌وان ده‌یانهه‌وێ ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامی میانڕۆ بکه‌نه‌ نمونه‌یه‌ک بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ ڕێگای ئه‌وه‌وه‌ شه‌ڕی ئیسلامی ڕادیکاڵ بکه‌ن. بۆیه‌ هه‌و وا ئاسان نیه‌ له‌ جیهانی ئه‌مڕۆماندا که‌مالیه‌کان هه‌ڵسن پارتێک له‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکه‌که‌ی هاتۆته‌ سه‌ر ده‌سته‌ڵات و سه‌رۆک کۆماری و حکومه‌تی به‌ده‌سته‌ له‌ ماوه‌ی شه‌وو ڕۆژێکدا له‌سه‌ر کاره‌که‌ی لایبه‌رن، بۆیه‌ پێده‌چێ ئه‌وه‌ به‌ته‌نیا هه‌وڵێک بێ بۆ چاوترساندنی ئه‌و پارته‌و ڕێگه‌ گرتن له‌ داخوازیه‌کانیان بۆ گۆڕینی ده‌ستوری بنچینه‌یی به‌ شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵانه‌ و نه‌گونجانیان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌زگاو دامه‌زراوانه‌ی که‌ 80 ساڵه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ پشت په‌رده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

Hiwa.Abdullah@gmail.com

Previous
Next