
سایكۆلۆژیای دهسهڵاتو جه‌ماوه‌ر8
به‌شی ههشتهمو كۆتایی
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د*
به‌عسیزم وه‌كو كه‌لتوور
به‌عسیزم ته‌نها سیستمێكی سیاسی، یان ده‌سه‌ڵاتێكی توندوڕهوانهی ناسۆسیالیستی نه‌بوو كه ماوه‌ی زیاتر له 30 ساڵ حوكمی عیراقی كرد‌و هه‌وڵیدا چاره‌نووس و ئایندهی تاكه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت دیاری و ئاراسته بكات، به‌ڵكو به‌عسیزم وه‌كو هه‌ر رژێمێكی تۆتالیتاری تر جۆرێك لهئاكارو كه‌لتووری تایبه‌ت به‌خۆی به‌رهه‌مهێنا كه له‌دوای خۆشی سێبه‌ری ئه‌و ئه‌خلاق و كه‌لتووره له‌ره‌فتارو بیركردنه‌وه‌ی تاكی عیراقی‌دا به‌جێهێشتووه.
كێشه‌ی گه‌وره‌ی توێژه‌ران بۆ موتاڵاو تێگه‌یشتن لهبهعسیزم وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بوو و كردی ئه‌وه نییه كه بزانین ئه‌م رژێمه تۆتالیتاره چۆن هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و چۆن توانی ئه‌وه‌نده ساڵه له‌سه‌ر حوكم بمێنێته‌وه‌و به چ میكانیزمێك هه‌وڵیداوه نه‌یاری بكات له‌گه‌ڵ هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه‌ی له‌مانه‌دا، گه‌وره‌ترین كێشه نه‌بوونی میتۆدێكی زانستیی ئه‌وتۆیه كه له رێگه‌یه‌وه بتوانرێت بزانین به‌عسیزم چییه؟ پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی چۆن بوو؟ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بۆ تێگه‌یشتن له‌كه‌لتووری به‌عسیزم، ناچار ده‌بین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ زانسته‌كانی سۆسیۆلۆژی سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌پاشخانی فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م سیستمه تێبگه‌ین، بگه‌ڕێینه‌وه بۆ زانستی سایكۆلۆژی بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رۆك و كاره‌كته‌ره گه‌وره‌و بچووكه‌كانی به‌عسیزم له جه‌ماوه‌ری به گمێگهلكراوی عیراقی تێبگه‌ین، زانستی زمانمان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زمانه تایبه‌ته‌ی كه به‌عس له‌ڕووی كه‌لتووری و سیاسیه‌وه دروستیكرد تێبگه‌ین، زانستی په‌روه‌رده‌مان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌ڕووی ره‌فتارو بیركردنه‌وه‌و مامه‌ڵه‌وه چ مرۆڤێكی به‌رهه‌مهێناوه، زانستی ئه‌نسرۆپۆلۆژیمان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی له‌په‌یوه‌ندیی نێوان تاك و خێزانی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی تێبگه‌ین، زانستی راگه‌یاندنمان پێوسته بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕاده‌ی درۆ‌و چه‌واشه‌كاری و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كانی به‌عسیزم تێبگه‌ین.
هه‌موو ئه‌م زانستانه‌مان پێویسته، چونكه ئه‌گه‌ر چی به‌عسیزم وه‌كو ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌و له‌به‌ین چووه، به‌ڵام وه‌كو كه‌لتور هێشتا زیندووه‌و وبوونی هه‌یه، چونكه له‌ئێستادا هه‌ڵه‌یه گه‌ر وابزانین به‌عسیزم بووه به مێژوو و بووه به رابردووز
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین راڤه‌ی كه‌لتووری به‌عسیزم بكه‌ن، ده‌بێت له‌سروشت و پێكهاته تایبه‌تییه‌كه‌ی به‌عسیزم تێبگه‌ین.
(ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ده‌سه‌ڵاتێك بوو له‌سه‌ر قه‌به‌بوونی هه‌رچی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و حزب و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و له‌سه‌ر لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه‌و تاكه‌كه‌س و خێزان و سه‌رجه‌م هێزه ناده‌وڵه‌تی و ناحزبی و نائهمنییهكان كاریده‌كرد، ئه‌وه‌شی ئه‌م هه‌نده‌سه تایبه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌ده‌برد، دیكتاتۆرێك و نوخبه‌یه‌كی نه‌خوێنده‌وار بوو كه پێیه‌كیان له‌ناو كه‌لتووری خێڵ و بنه‌ماڵه‌و گونندا بوو، پێیه‌كی تریان له‌ناو ئابووری نه‌وتدا كه هێزو ده‌سه‌ڵات و توانایه‌كی ماددی وا گه‌وره‌ی پێده‌به‌خشین، بتوانن خه‌یاڵ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری خۆیان بكه‌ن به‌واقیع، واقیعێكی تۆتالیتاری ترسناك.
ئه‌و مه‌یله تۆتالیتارییانه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه لهئایدۆلۆژیاو چاوه‌ڕوانی و خه‌ونه‌كانی به‌عسدا ئاماده‌بوون، پێویستی به ده‌ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له خه‌ون و ئه‌گه‌رو ئایدۆلۆژیاوه بیانكات به واقیع، یان له‌بوونێكی هێزهكییهوه بیانگۆڕێت بۆ بوونێكی كرده‌كی به‌مانا ئهرستۆییهكهی.
گۆڕانی به‌عس به‌هێزێكی تۆتالیتا‌ر، هاوكات بوو به‌سه‌رۆك بوونی سه‌دام حوسه‌ینه‌وه له‌عیراق. له‌ده ساڵی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتیدا، به‌عس خاوه‌نی سه‌ركرده‌یه‌ك بوو ئه‌حمه‌ق.. به‌ڵام له‌دوای ئه‌وه‌وه بوو به‌خاوه‌نی سه‌ركرده‌یه‌ك دڕنده، گه‌رچی له‌زۆر كاتدا ئهحمهقبوونی ئه‌م سه‌ركرده دڕنده‌یه هیچی ئه‌وتۆی له ئهحمهقبوونی سه‌ركرده‌كه‌ی به‌رخۆی كه‌متر نه‌بوو، تێكه‌ڵبوونی حه‌ماقه‌ت، به‌دڕنده‌یی نه‌خوێنده‌واری به‌ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرنی دیسپلین و كۆنتڕۆڵ و له‌ناوبردن، تێكه‌ڵبوونی عه‌قڵیه‌ت و خه‌یاڵ و سایكۆلۆژیای گوندنشینه كۆچكردووه‌كان بۆ ناو شاره گه‌وره‌كان به داروینیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆمانسیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، موتوربه‌كردنی به‌رزنرخاندنی توندوتژی شۆڕشگێڕانه‌ی ناو عه‌قڵییه‌تی چه‌پگه‌رایی ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاكان، به رۆحیه‌تی هێزپهرستی به‌عس له مۆدێله بسماركییهكهیدا، تێكه‌ڵبوونی سایكۆلۆژیای شێواوی سه‌دام حوسه‌ین و نوخبه داخراوه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری، به‌و ترسه ئایدۆلۆژیانه‌ی كه ئایدۆلۆژیا باڵاده‌سته‌كان له كۆتایی ساڵانی شه‌سته‌وه تا ئه‌مڕۆ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رهه‌مهێنا، مه‌به‌ست له فۆبیای ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و رۆژئاوا‌و دوژمنه ناوه‌كیی و ده‌ره‌كییه گریمانكراوهكانه.. ئه‌م تێكه‌ڵه ئاڵۆزه له ئایدۆلۆژیا‌و سایكۆلۆژیاو ته‌ماحی سیاسی و ته‌كنه‌لۆژیا ئه‌و پێكهاته ئاڵۆزه پێكهدههێنێت كه له‌پشتی به‌شێكی زۆری رووداوه تراژیدییه‌كانی مێژووی عیراقه‌وه‌ن له‌هاتنی به‌عسه‌وه تا كه‌وتنی له‌ساڵی 2003دا بوونی سه‌دام حوسه‌ینیش به‌تاقه پیاوی به‌هێزی وڵاته‌كه، بوونی به‌وكه‌سه‌ی كه ئیراده‌و ویستی ئه‌و چووه جێی ئیراده‌و ویستی ده‌وڵه‌ت و سایكۆلۆژیای ئه‌و بووه سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات له وڵاته‌كه‌دا، دۆخێكی دروستكرد راده‌ی به‌ربه‌ریه‌تی له‌مێژووی هاوچه‌رخی عیراقدا به‌ئاستێكی خه‌یاڵی گه‌یاند..)( ).
به‌عسیزم كه ئه‌مه سروشت و پێكهاته‌و مێژووی بێت ده‌بێت چ كه‌لتوورێكی به‌رهه‌م هێنابێت؟
ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێنه‌یی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه.
كه‌لتوری توندوتیژی تێكه‌ڵه به ئایدۆلۆژیا دیارترین سیمای به‌عسیزم پێكده‌هێنێت، ئه‌گه‌رچی ئایدۆلۆژیاش وه‌ك ئامڕازێك بۆ شه‌رعییه‌تدان به توندوتیژی به‌كارده‌هێنرا.
به‌عسیزم و توندوتیژی سێبه‌ری یه‌ك جه‌سته‌بوون و به‌درێژایی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان یه‌كتریان به‌دوای خۆیاندا راكێشاوه.
(توندوتیژی كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌زموونی سیاسی و ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوو، بۆیه به‌رده‌وام پێویستی به قوربانی هه‌بوو، واتا پێویستی به‌كه‌سانێك هه‌بوو توندوتیژییان به‌رامبه‌ر به‌كاربهێنێت و بیانكاته بابه‌تی زه‌بروزه‌نگه سه‌ربازیی و سیاسی و ئه‌منییه‌كانی، پێویستیشی به‌قوربانی راستهوخۆو پێویستی به جه‌للاد ده‌هێنێته ئاراوه، به‌عس هێزێك بوو چه‌ند له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وامی قوربانی ده‌ژیا، به‌هه‌مانشێوه جهلادیشی هه‌ڵده‌هێنا.. ئه‌وانه‌ی ده‌بوونه قوربانی ته‌نها كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی حزبی به‌عس نه‌بوون، ته‌نها كورد‌و كۆمۆنیست و هێزه دینییه شیعییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌سانی ناو ریزه‌كانی به‌عس خۆشیان بوون، هاوڕێكانی دوێنێ و خزمه نزیكه‌كانی سه‌دام خۆشی بوون، ئه‌وانه‌شی كه ده‌كرا رۆڵی جه‌للاد ببیینن هه‌موو ئه‌و به‌عسییانه بوون كه پێویست بوو هاوڕێكانی خۆیان ئازار بده‌ن، بهگرتییان بده‌ن و ته‌نانه‌ت به‌شدارییش بن له كوشتنیاندا، یان لانیكه‌م چه‌پڵه بۆ كوشتن‌یان لێبده‌ن و هه‌ڵهه‌ڵه بۆ مردنیان بكێشن و له‌سه‌ر لاشه‌ی كوژراویان ئاهه‌نگ بگێڕن)( ).
بێگومان دڵڕه‌قی و دواجاریش بێده‌نگی دوو خه‌سڵه‌تن و له‌پزدانی توندوتیژییه‌وه له‌دایك ده‌بن.
دڵڕه‌قی كه پێچه‌وانه‌ی سۆز‌و به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستییه، یه‌كێكی تره له‌و كهلتوورانهی به‌عسیزم به‌رهه‌می هێناو له‌دوای خۆشی كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر تاكی عیراقییه‌وه به‌جێهێشتووه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه به‌عسیزم له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌ی كه ده‌كه‌وتنه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئاره‌زوو و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وه‌وه چه‌ند دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌یی بووه، مرۆ ماندوو نابێت، چونكه مێژووی به‌عسیزم بۆخۆی یه‌كسانه به‌دڵڕه‌قی و لیپاولیپه له‌بێ به‌زه‌یی و توندوتیژی.
وه‌ك به‌ڵگه بۆ راستی ئه‌م قسانه ده‌كرێ ئاماژه به‌دوو ره‌فتاری دڵڕه‌قانه‌ی به‌عسیزم بكه‌ین، ئه‌وانیش په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد له‌ساڵی 1988 كه به‌هه‌شت قۆناغ ئه‌نجامیداو تیایدا زیاتر له (182) هه‌زار مرۆڤی كورد تیایدا بوونه قوربانی و زیاتر له (5) هه‌زار گوندی كوردستان خاپوورو وێرانكران.
ئه‌نفال كه به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی گشتیی، جگه له جینۆساید هیچی تر نه‌بوو، چونكه ئه‌نفال ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵێك بوو بۆ قڕكرنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌وه‌نده كاردانه‌وه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری نه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر دوژمن‌دا، به پێچه‌وانه‌وه قوربانییه‌كانی ئه‌نفال هه‌موویان كه‌سانی مه‌ده‌نی و زۆربه‌ی هه‌ره زۆریشیان ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته بوون.
دووه‌م ره‌فتاری دڵڕه‌قانه‌ی به‌عس كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه بوو كه هه‌ر له‌ساڵی 1988دا روویدا، كه تیایدا زیاتر له (5)هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی بوونه قوربانی و شه‌هید بوون، كه زۆربه‌ی ئه‌م قوربانییه‌ش هه‌ر ژن و منداڵ بوون.
هه‌ڵه‌بجه كاره‌ساتێكی خێرابوو له‌چه‌ند ساتێكی كه‌مدا هه‌زاران مرۆڤ تیاچوون، رووداوێكه له سروشتی كاره‌ساته سروشتییهكاندایه وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌و لافاو، به‌عس زۆر مه‌به‌ستی بوو جێده‌ستی له‌سه‌ر زه‌وی له جێده‌ستی ئاده‌میزاد نه‌چێت، به‌ڵكو له جێده‌ستی خودا، یان سروشت بچێت.. وه‌ك نه‌فره‌تێكی ئیلاهی و تووڕه‌بوونێكی له‌ناكاوی سروشت وابێت، كوشتنی زۆرترین ژماره له‌خه‌ڵك له‌كه‌مترین كاتدا، ئه‌مه لای به‌عس نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو.. به‌عس له مێژووی دوور درێژی خۆیدا به‌رده‌وام خه‌ڵكی كوشتووه، ژماره‌ی قوربانییه‌كانی به‌عس سه‌دان هه‌زار جار له ژماره‌ی قوربانییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه زیاترن، به‌ڵام وێنه‌ی هه‌ڵه‌بجه وێنه‌یه‌كی ئیدیالی قودره‌ته كه به‌عس پێویستی پێی بوو… به‌عس نایه‌وێت ته‌نیا تێبگه‌ین كه ئه‌و ده‌توانێت بمانكوژێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت تێبگه‌ین كه ئه‌و هێزێكی كوتوپڕو خێرایه…
به‌عس له هه‌ڵه‌بجه‌دا دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی هه‌بوو، یه‌كه‌م، سه‌ركه‌وتنێك به‌سه‌ر كورددا تۆماربكات هێنده كوشنده‌و جهرگبڕبێت ئاسان له‌یاد نه‌چێته‌وه، سهركهوتنێكیشی ته‌واوی خه‌یاڵی سادییانه‌ی به‌عس تێربكات.. هه‌ڵه‌بجه له سایكۆلۆژیای به‌عسدا به‌ره‌نجامی ترسێكی ناوه‌كی و دێرینه‌ی ناو عه‌قڵی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بییه له شكست، به‌ره‌نجامی ساتێكی سایكۆلۆژییه كه تیایدا به‌عس نێره هێزی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی لهدوودڵییهكی قوڵدایه به‌رامبه‌ر تواناكانی خۆی، ئه‌م گومانه له‌عورفی سایكۆلۆژیدا وه‌ك گومانی نێرێك وایه له پیاوه‌تی خۆی، كه هه‌ڵبه‌ت به‌جۆرێك له جۆره‌كان فۆبیایه‌كی ناوه‌كی ترسناك دروستده‌كات كه له‌ماوه ریزێك میكانیزمی به‌رگری گه‌وره ده‌خاته كار، سه‌ركه‌وتن له‌لای به‌عس هیچكات گرێدراوی ئه‌نجامه‌كانی ناو گۆڕه‌پانی جنگ و سیاسه‌ت نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌میشه یه‌ك پێوه‌ری هه‌بووه ئه‌ویش پێوه‌ری پشكنینی توانای خۆی له‌سه‌ر له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی دی له‌سه‌ر زه‌وی، هه‌ڵه‌بجه ده‌رفه‌تێكی گرنگ بوو بۆ به‌عس، تا له دوودڵییه‌كانی خۆی رابكات..
توندوتیژی له‌لای به‌عس كرده‌یه‌كی سه‌مبولییه، به‌بێ توندوتیژی ناتوانێت دڵنیابێت، ساته‌وه‌ختی هه‌ڵه‌بجه ساته‌وه‌ختێكه به‌عس به‌دوای دڵنیاییدا ده‌گه‌ڕێت)( ).
ترس له ده‌سه‌ڵات یه‌كێكی تره له‌و كهلتوورانهی كه به‌عسیزم دایهێناو زۆر به‌چڕی كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، به‌عسیزم به‌سوود وه‌رگرتن له تیۆریای مه‌كیاڤیللی هه‌میشه خه‌ڵكی راهێنابوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سڵ له ده‌سه‌ڵات و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بكه‌نه‌وه، زات نه‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت (ئیتر هه‌رچییه‌ك بێت) ده‌نگ هه‌ڵبڕن، یان ره‌خنه‌بگرن، یان ناڕازی بن.
مه‌كیاڤیللی له‌كتێبی (میر)دا پرسیارێك له میره‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: (ئایا چاكتر وایه خۆشه‌ویست بیت زیاتر له‌وه‌ی به‌هه‌یبه‌ت و ترسێنه‌ر، یان خه‌ڵكی لێت بترسن زیاتر له‌وه‌ی خۆشیان بوێیت؟) هه‌رخۆشی ئاوها وه‌ڵام ده‌داته‌وه… پێویسته خه‌ڵكی هه‌م لێت بترسن و هه‌م خۆشیان بوێیت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته بتوانییت هه‌ردووكیان پێكه‌وه له‌خۆتدا كۆبكه‌یته‌وه، چاكتر وایه لێت بترسن)( ).
به‌عسیزم به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م دیده، هه‌میشه هه‌وڵیداوه كه‌خه‌ڵكی بگه‌یه‌نێته حاڵه‌تی ماسیۆشیزم، واتا له‌زه‌ت له‌ئازاری خۆیان و نهفرهتهكانی ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن و هه‌رواش به‌سزاكانی رازی بن، بۆیه ده‌بێت له‌لایه‌ك له‌ده‌سه‌ڵات بترسن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه خۆشیان بوێت! به‌ڵام خۆشویستنی ده‌سه‌ڵات، هه‌ر قسه‌یه‌ك نییه مرۆڤ بیكات و ببڕێته‌وه، به‌ڵكو پێویستی به‌كرده‌وه‌و سه‌لماندن هه‌یه، باشترین سهلماندیش بریتییه له خزمه‌تكردنی ده‌سه‌ڵات، له‌مه‌ش زیاتر دڵسۆزی نواندنه بۆ حزب، له‌مانه‌ش زیاتر قوربانی دانه به‌سه‌رۆك.. هه‌ر كه‌سێك بتوانێت ئه‌م قۆناغانه ببڕێت، ئینجا ده‌توانێت متمانه‌و خۆشه‌ویستی حزب و سه‌رۆك به‌ده‌ستبهێنێـت یان لایه‌نی كه‌م نهكهوێتـه به‌ر نهفرهتهكانی حزب و سه‌رۆك.
به‌پێی كه‌لتووری به‌عسیزم ته‌نها ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن بگه‌ن به‌م قۆناغه كه هه‌موو ئیعتیبارێكی زاتی و خێزانی و ئه‌خلاقی و ئاینی و پیشه‌یی و… هتد له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و حزب و سه‌رۆكدا بنێنه لاوه، گه‌رنا، نه‌ك ناتوانێت خۆشه‌ویستی و متمانه‌و سۆزی سه‌رۆك به‌ده‌ستبهێنێت به‌ڵكو به‌ر نه‌فره‌تی ده‌كه‌ون و خۆیان و خێزانیان تیاده‌چن.
نێوانی خۆشه‌ویستی و نه‌فره‌تی حزب و سه‌رۆك نه‌ك مه‌ودایه‌كی زۆری نییه، به‌ڵكو مه‌سافه‌یه‌كی ئێجگار كه‌م هه‌یه، ئه‌وه‌نده به‌سه كه‌سێك به‌درۆ، یان به‌راست ئه‌وه به‌ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا ئه‌منی و ئیستیخباراتییهكان بگه‌یه‌نێت كه تۆ كه‌سێكی دژ به سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت جوڵاویتهتهوه، ئیدی له‌چاو تروكانێكدا خۆشه‌ویستی ده‌گۆڕێت به‌ره‌ق و به‌زه‌یی ده‌گۆڕێت به‌دڵڕه‌قی و ده‌بێت سزا بدرێت.
به‌شێك له ئه‌ندامه گه‌وره‌كانی به‌عس له 22ی ته‌مووزی 1979 كه پێشتر خۆشه‌ویستی و متمانه‌ی حزب و سه‌رۆكیان به‌ده‌ستهێنابوو، له‌چاو تروكانێكدا خۆشه‌ویستیان له‌ده‌ستداو كه‌وتنه به‌ر نه‌فره‌تی سه‌رۆك، (ئه‌و رۆژه كادیره گه‌وره‌كانی حزب كۆبوونه‌وه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاروباری ده‌وڵه‌تی به‌عس، كۆبوونه‌وه‌كه به وتارێكی ئیرتیجالی له‌لایه‌ن ته‌ها یاسین ره‌مه‌زانه‌وه ده‌ستیپێكرد… ته‌ها یاسین ده‌ستیكرد به باسكردن له‌بوونی كوده‌تایه‌ك دژی حزب و شۆڕش، ئه‌م ناپاكانه كه كۆكرابوونه‌وه، ته‌نانه‌ت ئاگاداریش نه‌كرابوونه‌وه له‌سه‌ر بابه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه. له‌سه‌ر بنچینه‌ی تاوانباركردن و شایه‌تی هه‌ندێ به‌عسی، سه‌دام حوسه‌ین له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌ستیكرد به خوێندنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و ناپاكانه كه (66) كه‌س بوون و له‌هۆڵه‌كه كرانه ده‌ره‌وه. ئه‌و ئهندامنهی كه مابوونه‌وه ده‌ستیان كرد به چه‌پڵه‌لێدان و ستایشكردنی سه‌رۆك بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی كه دای.. له 28ی تهمووز مهحكهمهیهكی تایبه‌تی پێكهێنراو (55) كه‌سیان تاوانباركران به ئه‌نجامدانی كوده‌تا، له‌م ژماره (22) یان له‌سێداره دران، كه پێنجیان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بوون، كه بریتیبوون له موحی عه‌بدولحسێن مه‌شهه‌دی، محه‌مه‌د عایش حه‌مه‌د، عه‌دنان حوسێن ئه‌لحه‌مدانی، محه‌مه‌د مه‌حبوب مه‌هدی، غانم عه‌بد ئهلحجالی، (33) كه‌سیان خرانه زیندانه‌وه‌و (13)كه‌سیان ئازاد كران..
له‌هه‌مانكاتدا حكومه‌ت ده‌ستیكرد به خرۆشاندنی هه‌ستی میللی و سه‌ده‌ها هه‌زار له هاووڵاتی پاڵ پێوهنران بۆ خۆپیشاندان له‌شه‌قامه‌كانی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی وای ده‌رخه‌ن كه له‌سێداره‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه بریتیبووه له هه‌ڵوێستێكی دادوه‌رانه، رادیۆی به‌غداش له‌ناوبردنی ئه‌و خائینانه‌ی وه‌ك هێمایه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی حزب و شۆڕش وسه‌رۆك و پاڵه‌وان سه‌دام حوسه‌ین ناوزه‌دكرد)( ).
مرۆڤ بۆ خۆ رزگاركردن لهنهفرهت وپارێزگاریكردن له‌و خۆشه‌ویستی و متمانه‌یه‌ی كه له‌لای حزب و سه‌رۆك به‌ده‌ستیهێناوه، ده‌بێت له‌لایه‌ك متمانه‌ی به‌كه‌س نه‌بێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه زۆر به‌وردی چاودێری ده‌روروبه‌ری بكات و ببێته سیوخوڕ له هه‌موو شوێنێك.
نه‌بوونی متمانه به‌كه‌س و سیخوڕیكردن به‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێكه‌وه ئه‌و كه‌لتووره بوو كه به‌عس دایهێناو هه‌تا ما زۆر به‌جددی كاری له‌سه‌رده‌كرد.
ئه‌م كه‌لتووره له‌خێزان و لهبازاڕو له‌فه‌رمانگه‌و… هتد. ره‌نگیدابووه‌وه. ترس و خۆشه‌ویستی بۆ حزب و بۆ سه‌رۆك له‌سه‌رووی خۆشه‌ویستی هاوڕێیه‌تی و ئه‌ندامانی خێزانه‌وه بوو، به‌عسیزم وه‌ك به‌شێك له كه‌لتووری خۆی منداڵی ده‌كرد به‌گژ دایك و باوكدا، باوكی ده‌كرد به‌سیخوڕ به‌سه‌ر منداڵ و ئه‌ندامانی خێزانی خۆیدا، هاوڕێ و دراوسێی كرد به دوژمنی یه‌ك، ماڵ و خوێنی كورد‌و شیعه‌و سونه‌و توركمانی بۆ یه‌كتری حهڵاڵكرد.
به‌كورتی بڵێین: ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت ئه‌خلاقی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی، له‌ناوبردن، چونكه له‌ئه‌سڵدا ئه‌مانه به‌شێك نه‌بوون له كه‌لتووری به‌عس.
(سه‌دام حوسه‌ین و رژێمه‌كه‌ی له‌هه‌ر هه‌نگاوێكدا كه ده‌یاننا دوودڵی به‌كارو كردهوهیانهوه دیاربوو، وه‌لێ له‌ئاست كوشتندا هه‌رگیز دوودڵ نه‌بوو، به‌عسییه‌كان بهزهحمهتێكی زۆر ملیان بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانی ده‌دا، كهتهنكهرێكی ئاویان دابمه‌زراندایه، یاخود قوتابخانه‌یه‌كیان بكردایه‌ته‌وه، یان بهكۆبوونی شهكرو چا بژێوێكی بچوكیان بدایه‌ته خه‌ڵك وه‌ك منه‌ت و وه‌فای حزب بۆ خه‌ڵك پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و به‌عسییانه كه هێند به‌زه‌حمه‌ت شته بچووكه‌كانی ژیانیان دابیندهكرد، كه دوودڵ بوون له جێبه‌جێكردنی بچووكترین پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی، یان پیشه‌سازی، پتر له‌سه‌دا هه‌شتای ده‌رامه‌تی عیراقیان ده‌خسته خزمه‌ت كڕینی چه‌ك و گه‌شه‌دان به پیشه‌سازی جه‌نگ، هه‌رگیزیش لهكوشتندا دوودڵ نه‌بوون)( ).
له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌مانه‌وێت بڵێین: راسته له‌ساڵی 2003دا رژێمی به‌عس له‌ناو چووه‌و په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دامیش هێنرایه خواره‌وه‌و شكێنرا، به‌ڵام له‌ڕه‌گ هه‌ڵكێشانی كه‌لتووری به‌عس وه‌ك شكانی په‌یكه‌ره‌كه ئاسان نییه… بۆیه ئه‌و شمشێره‌ی كه به‌عسیزم زیاتر له (30) ساڵ خستبوویه سه‌ر ملی عیراقییه‌كان جۆرێك له كه‌لتووری به‌عسییانه‌ی به‌رهه‌مهێنا، له‌دوای خۆشی هه‌تا چه‌ندین ساڵ كاریگه‌ریی هه‌ر ده‌مێنێت.
• مامۆستا له زانكۆی سلێمانی.
سه‌رچاوه‌كان:
(1) حسن علوی: العراق دوله المنڤمه السریه، دار نشر بیروت، 1990، ص40.
(2) مه‌ریوان وریا قانع: هه‌مان سه‌رچاوه.
(3) به‌ختیار عه‌لی: خوێنه‌ری كوشنده، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی، 2005، ل 52-53-55.
(4) نیوقولو میكیافیللی: الامیر، ترجمه خیری حماد،ـ دار الافاق الجدید، بیروت، گ11، 1981، ص 143-144.
(5) د. ئه‌لبێرت عیسا: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل 72-73.
(6) به‌ختیار عه‌لی: هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو. ل 57-58.