Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
دەنیز لێڤەرتۆڤ و شیعری سیاسی

دەنیز لێڤەرتۆڤ و شیعری سیاسی

Closed
by September 2, 2011 ئەدەب

 سیاسەت لەنێو شیعر وەک فۆڕمێکی جیا          

دەنیز لێڤەرتۆڤ ژنە شاعیری ئەمریکی بە ڕەچەڵەک بەریتانی ، یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی ئەمریکا ، بە تایبەت لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە .. یەکێکە لە ڕیزی شاعیرانی ( قوتابخانەی چیای ڕەش ) .. لە پاڵ ولیەم کارلۆس ولیەم و ڕۆبەرت کریلی و چارلس ئۆلسن و ڕۆبەرت دانکان ناوی دێت . دیارە لەم دەورانەدا قوتابخانەی چیای ڕەش وەک قوتابخانەیەکی ئەدەبی و هونەری ڕۆلی سەرەکی بینیوە لە نوێبوونەوەو بەرە و پێشەوەچوونی شیعر و ئەدەبیاتی ئەمریکی .. هاوکات لەگەڵ شاعیرانی تری هاوچەرخ گەشەیان بە بیری نوێ و بیری مۆدێرنیزم داوە ، وە هەمیشەش لە پێشبڕکێ و ململانێدا بووینە لەگەڵ ستایلی کۆن و نەوەکانی پێش خۆیان . لێڤەرتۆڤ یەکێک لەو شاعیرە نوێخوازانە بوو کە هەمیشە ، بیری نوێخوازی و پێشکەوتنخوازی لەنێو شیعرەکانی دەبیندرا . لە هەمانکاتیش لە گۆشەکانی جوانی و مرۆڤدۆستیەوە لە ژیانی دەڕوانی .. چونکە لێڤەرتۆڤ باوەڕی وابوو ، ( هیچ ڕووبەرێک یان سنوورێک لە نێوان ژیان و هونەردا نیە ) .. لەلای ئەم خانمە شاعیرە شیعر و ژیان  هیچ سنوورێکیان لە نێواندا نەبووە .. شیعر نەیتوانیوە هیچ پێناسەیەک و مانایەک لە خۆ بگرێت جگە ، لە هاوشان و هاوتاکردنی بە ڕووبەری بەرینی ژیانەوە .. لێڤەرتۆڤ لەنێو ئەم ڕووبەرە بەرینەوە کاری لەسەر شیعر و داهێنان و زمان و چەمکی جوانی دەکرد .. بەو پێیەی شیعر لەم ڕووبەرە فراوانە کاردەکات ، بۆیە دەتوانێت هەموو بابەتێک لە خۆبگرێت . بەڵام پێویستە لەژێر دەسەڵاتی شیعر و زمانی شیعری دا بێت . لەنێو شیعرەکانی لێڤەرتۆڤ سیاسەت ڕووبەرێک و شوێنێکی بەرچاوی بووە . بەڵام سیاسەت دەنگ و ڕەنگ و جوانیەکانی شیعری نەشێواندووە . لەگەڵ ئەوەی شیعری سیاسی زۆر نووسیوە بەڵام بە چڕی ئیشی لەسەر زمانی شیعر کردووە .. چونکە لەلای ئەو زمان تەنها ئامرازێک نەبوو بۆ گەیاندن ، بەڵکو زمان ئامرازێک بوو بۆ داهێنان و نوێبوونەوە هاوکات سەرچاوەکیش بوو بۆ جوانی . بۆیە لێڤەرتۆڤ لە نووسینی شیعرە سیاسیەکانی هیچ دوودڵیەکی نەبوو ، چونکە لە ڕوانگەی ئەودا ، چەمکی سیاسەت مانایەکی تری هەبوو . ڕەنگە ئەمەش کڕۆک و مەبەستی ئەم نووسینەمان بێت . بە مانای پێشاندانی دیوێکی تری چەمکی سیاسەت لەنێو پانتایی ئەدەب و هونەردا . ئەوەتا لێڤەرتۆڤ لە دیمانەیەک لەگەڵ ئێ گی بڕۆوس لە ساڵی ١٩٦٨ دا ، زۆر بە ڕۆشنی دەڵێت ( من وا هەست دەکەم شیعر منی بەرەو سیاسەت برد ، نەک سیاسەت وای لەمن کرد بێت شیعر بنووسم ..! ) کەواتە لێڤەرتۆڤ لە ڕێگەی شیعرەوە بە سیاسەت ئاشنا بووە ، لە ڕێگای شیعرەوە لە دەرگای سیاسەتی داوە .. واتە پێشوەخت نە کەسێکی سیاسی و نە هەڵگری هیچ بیروباوەڕێک و ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی بووە . لەگەڵ ئەوەش سیاسەت لەنێو شیعرەکانی ئەم ڕووبەرێکی بەرینیان داگیرکردووە . بەڵام بە ئاگاهانە کاری لەسەر ئەم تێزە شیعریانە کردووە ، شیعرەکانی خۆی نەخستۆتە خزمەت هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاری کراوەوە . کەواتە سیاسەت لەنێو شیعرەکانی ئەو فۆڕمێکی تر و مانایەکی تریان هەبووە . دەتوانین بڵێین / سیاسەت لەنێو شیعرەکانی ئەو ( هاواری ویژدانی مرۆڤایەتی بووە بۆ جوانکردنی ژیان ، وەستانەوە بووە بە دژی هەموو شەڕو کاولکارییەکان و شتە ناشیرینەکان ) کە ئەمەش ئامانجێکی بنەڕەتی شیعر و ئەدەبە . چونکە زۆربەی شیعرە سیاسیەکانی بە دژی شەڕ بوون .. هاوارێک بوون بۆ نیشاندانی ئافاتەکانی شەڕ و کوشتنی مرۆڤی بێتاوان و توندوتیژیەکان و وێرانبوونی بنەماکانی مەدەنیەت و ژیان .. ئەم هەوڵانەش لەبەرگێکی ئێستەتیک و هونەریدا .. لەوکاتەشدا شەڕ و هێرشەکانی ئەمریکا بە دژی ڤێتنام لە ئارادا بوو .. شەڕی ئەمریکا بە دژی ڤێتنام لە سەرتاسەری دونیا ویژدانی مرۆڤایەتی هێنابووە هاوار و هەژان ، نووسەران و ڕۆشنبیران لە ئەمریکا و شوێنەکانی تری دونیا هاتبوونە دەنگ ، لێڤەرتۆڤیش یەکێک لەو دەنگە دیار و بەرچاوانە بوو .. چونکە ئەو لە نەوەی دوای جەنگی جیهانی دووەم بوو وە لە ساڵەکانی جەنگدا ، دەچێتە خولی بریبپێچی و دوای تەواوکردنی ماوەی ڕاهێنان ، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان کاری برینپێچی دەکات ، بۆیە لە نزیکەوە کاریگەریەکان و تراژیدیای شەڕی بینیبوو .. وە لە هەمووکەس زیاتر ئەوەی لەلا ڕۆشن بوو ، کە شەڕ چ ماڵوێرانیەک و ئافاتێکی بە دواوەیە ..! نووسینی شیعری سیاسی و وەستانەوە بە دژی شەڕ لەلای ئەم شاعیرە تەنها هەستێکی بەرزی مرۆیی بوو . دوور لە هەر مەبەست و مەرامێکی مادی و تاکە کەسی ..! بۆیە سیاسەت لێرەدا ، فۆڕمێک نیە هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بێت و بۆ بەرژەوەندی و خۆزگە تاکەکەسیەکان بەکار بێت ..!خودی لێڤەرتۆڤ خۆی بەوە گەیشت بوو کەوا ( سیاسەت و جوانی و شیعر ) ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن ، بەومانایەی ، ناتوانن بەیەک ئاراستە بڕۆن . بەمانای ناتوانین سیاسەت وەک خۆی یان سیاسەت لە بەرگە گشتیەکەیدا بهێنینە نێو شیعر ! بە مانایەکیتر ، تەنها دەتوانین ئیش لەسەر دیوە جوانەکەی سیاسەت بکەین لەنێو شیعر و ئەدەبدا ..! لێرەدا دەتوانین بڵێین ( سیاسەت لە شیعردا یان فۆڕمی سیاسەت لەلای شاعیر جیاوازە لەگەڵ  فۆڕمی سیاسەت لەلای ئاکتیڤیستێک یان ئایدیۆلۆژیستێکی سیاسی ..! سیاسەت لە شیعردا / جێگای درۆ و فێڵ و تەلەکەبازی و یاریکردن بە چارەنووسی کۆمەڵگە و سەوداو مامەلەکردن بە مەسەلە چارەنوسسازەکان و کوشتنی مرۆڤ و زەوتکردنی ئازادیەکانی تیا نابێتەوە ..! سیاسەت لە شیعردا / جێگای خەونە پیسەکانی بوون بە کارێزمای تیا نابێتەوە ..! سیاسەت لە شیعردا ، لەگەڵ جوانی و بەها مرۆییەکان بە هێڵێکی تەریب دەڕۆن .. لەگەڵ ئومێد و خەون بینین بە دونیایەکی جوانتر و باشتر تەریب دەڕۆن ..! سیاسەت لە شیعردا / فۆڕمێکە تیایدا ، مرۆڤ پڕ بەهاترین و پیرۆزترین بوونەوەرە ..! ) ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی ترەوە لێڤەرتۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەشی زۆربەی کاتەکانی خۆی تەرخان کردبوو لە پێناو دەستەبەربوونی ئازادی و ڕزگاری ژنان و لە زۆربەی چاڵاکی و ڕێپێوانەکانی بە دژی شەڕ بەشداری دەکرد ، تا ئەو ئاستەی ئامادەبوو قوربانی بە ژیان و هەموو شتێکی خۆی بدات .. لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ مێردەکەی لە نێوەندی چاڵاکیەکاندا لێڤەرتۆڤ وەک سومبوڵی ناڕەزایەتیەکان ناسرابوو . تەنانەت تووشی زیندانی کردنیش ببوو . لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا ، ڕوانگە و بیرکردنەوەکانی لێڤەرتۆڤ چ بۆ ئەدەب و داهێنان و چەمکی ئیستاتیکا و تەنانەت سیاسەتیش ، لە ئێریش فرێدی شاعیرەوە زۆر نزیکە ، بەتایبەت هەردووکیان لە نەوەی دوای جەنگی جیهانی دووەمن .. هەردووکیان خاوەن داهێنانی جوانن ، شیعری سیاسییان نووسیوە ، بە دژی شەڕ هاتوونەتە دەنگ ، لەم پێناوەدا زیندانی کراون زۆرێک لە بیرکردنەوە و هەولەکانیان لەیەک دەچێت ،
لێڤەرتۆڤ شیعرە سیاسیەکانی خۆی لە سێ کتێب بە چاپ گەیاندوون .
١-/ The sorro dance
٢/ To stay alive
٣ / Life in the forest
لێڤەرتۆڤ یەکەم شیعری سیاسی خۆی بە دژی شەڕ لە ساڵی ١٩٦٦ بە ناوی ( ژیان لە شەڕدا ) نووسیوە . لەم شیعرەی دا ، لەنێو وێنە و خەیاڵەکانی ژیانی دوکەڵاوی شەڕی کێشاوە . لەنێو ئەم ڕووبەرو سپەیسە دوکەڵاوی و خۆڵەمێشیەدا ، باس لە هەناسەدان دەکات ، هەناسەدان لەم ڕووبەرەدا مانای ژیان دەگەیەنێت ، واتە ژیان لەژێر سابات و چەتری شەڕدا چەندە نا تەندروست و نامۆ دەردەکەوێت ؟ بە زمانێکی زۆر چڕ ئەم شیعرەی نووسیوە ، واتە لەنێو پانتایی زمان زۆر چڕ بۆتەوە .. لە پشت کۆدو وێنەکان تراژیدیایەکی زۆر خەمناک ئامادەیی هەیە ، هەموو ئەو شتانە دەبینی کە بەهۆی شەڕەوە جوانیەکانیان لەدەست دەدەن ، ژیان بەهۆی شەڕەوە چەندە ناشیرین و قێزەوەن دەردەکەوێت ؟! لە دێرەکانی کۆتایی ئەم شیعرە دەڵێ ( ناتوانین ئەو شتانە بڵێین کە ئاشتی هەیەتی یان ئاشتی دەیڵێ ) بەمانای لە کاتی شەڕدا ئاشتی ناتوانێت ئەو ئارامیە ڕۆحیە و ئەو بەختەوەریەمان پێببەخشێت .. ناتوانین بە زمانی ئاشتی قسە بکەین .. ئاشتی لە کاتی شەڕ لە قسەیەکی تووڕەهات هیچیتر نیە بەمانایەک هیچ ئامادەییەکی نیە .. ئاشتی و شەڕ لە دوو ڕووبەر و لە دوو وەرزی جیاوازن .. ئاشتی و شەڕ هەمیشە بە دوو ئاراستەی پێچەوانە ئاراستە وەر دەگرن .. دەبینین لەگەڵ ئەوەی بە زمانێکی چڕ دەنووسێت بەڵام لە هەمانکاتیش هێندە پڕ سۆز و کاریگەرانە دەنووسێت دەیەوێت خوێنەر بهێنێتە نێو خەیاڵ و هەست و شعورەکانی خۆی .. لە ئاکامدا وا دەکات هەر تاکێک کاردانەوە و وەڵامی هەبێت . بەمانایەکی دی ، دەیەوێت خوێنەرەکانی بهێنێتە قسە ..! لەم شیعرە و لە زۆربەی شیعرە سیاسیەکانیدا، ڕاناوی ئێمەی کۆ زۆر بەکار دەهێنێت .. ئەمەش دەلالەت لەو ڕەهەند و دەنگە مرۆییەی دەکات کە لەنێو شیعر و بیرکردنەوەکانی بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێن .. خۆی بەشێک لە کۆمەڵگە وبەشێک لە تەواوی مرۆڤایەتی دەبینێت ..! هەرچەندە دەنیز لێڤەرتۆڤ شیعری سیاسی زۆر نووسیوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، داوا ناکات هەموو کەسێک شیعری سیاسی بنووسێت .. ئەو پێی وایە شاعیران چۆن ئارەزوو دەکەن با وا بنووسن .. ئەوەتا لە ساڵی ١٩٩٥ لە دیمانەیەکدا دەڵێ ( من داوا ناکەم هەموو شاعیرێک دژ بە شەڕ بنووسێت ، وەک ئەوەی ” وات ئۆتمان ” لە شەڕی ئەهلی نووسیویەتی لە هەمانکات ” ئیمیلی دیکنسۆن ” نەینووسیوە ..) چونکە لێڤەرتۆڤ هەر ئەوە نیە شیعری سیاسی نووسێبێت ، بەڵکو شیعری ڕۆمانسیشی زۆر نووسیوە .. بابەتەکانی عەشق و جوانیەکانی سروشت  و داب و نەریت و خێزان و ئایین و باوەڕی بە خودا و .. زۆر بابەتی تر کاریگەری زۆریان بەسەریەوە هەبووە و لە نێو شیعرەکانیدا ئەم کاریگەریانە بە تۆخی ڕەنگیان داوەتەوە .. هەر بۆیە پێیان وابووە کە لێڤەرتۆڤ ئەو شاعیرەیە کە تێکەڵاوییەکە لە نێوان ( مۆدێرنیزم و نیۆ ڕۆمانسیزم ) . لێڤەرتۆڤ خۆی شاعیرێکی بە توانا و توانایەکی خۆڕسکی هەبووە بۆ شیعر و داهێنان بەڵام لە هەمانکات ، سوودی زۆریشی بینیوە لە شاعیرەکانی تر ، هەمیشە سەرسام بووە بە داهێنانەکانیان . هەر لە تەمەنی ١٢ ساڵیەوە چەند شیعرێکی خۆی بۆ ” ت س ئیلیۆت ” دەنێرێ و ئەویش زۆر گرینگی بە شیعرەکانی دەدا و لە وەڵام نامەیەکی دوو لاپەڕەیی دا ئامۆژگاری و تێبینی زۆر جوان و پڕ بەهای بۆ دەنێرێتەوە .. کاریگەری ئەم نامەیە لەسەر تەواوی تەمەنی شاعیرێتی دەمێنێتەوە . دوای ئەوەی ژیانی هاوسەرێتی پێکدەهێنێ و دەچێتە ئەمریکا ، لە ڕێگەی هاوسەرەکەیە زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەوسەردەمە دەناسێت و لە پەیوەندیەکی دۆستانەی نزیک دادەبێت لە گەڵیاندا .. بەتایبەت لەگەڵ ویلیەم کارلۆس ویلیەم ، زۆر سەرسام دەبێت بە شیعرەکانی تا ئەو ئەندازەیەی دەڵێت ( ویلیەم کارلۆس یەکێک لەوانەیە کە زمانی ئەمریکی پێبەخشیم ..! ) وە هەمیشە لەسەر شیعر و بابەتە ئەدەبیەکان نامە دەگۆڕنەوە ، لە دواییشدا نامەکانیان کۆدەکرێنەوە و لە کتێبێکدا چاپ دەکرێن . لێڤەرتۆڤ لە ساڵانی ١٩٥٠تا ساڵی ١٩٦٠ دەبێتە یەکێک لە شاعیرە هەرە دیارەکانی ئەمریکا  ، شیعر و داهێنانەکانی زۆر جێگەی بایەخی لێکۆلەرەوان و ڕەخنەگران دەبێت ، تا ئەو ئەندازەیەی گۆلد کلایمێتی ڕەخنەگر دەڵێت ( لێڤەرتۆڤ و ئەدەبی ئەمریکی وێنەیەکن ناتوانین لە یەکتری جیایان بکەینەوە ..! ) بەو مانایەی ، شیعر و داهێنانەکانی لێڤەرتۆڤ تا ئەو ئەندازەیە کاریگەری بەسەر ئەدەبی ئەمریکیەوە هەیە .


– سەما وەک دەقێکی شیعری

لێڤەرتۆڤ جگە لە کاری نووسین و شیعر ، سەماکارێکی لێهاتوو و بە تواناش بووە . بە قووڵی و تامەزرۆییەکی زۆرەوە خەریکی ئەم هونەرەش بووە . حەز و ئارەزوویەکی بێوێنەی بۆ سەماکردن هەبووە . لەکاتی سەماکردن ، وەک نووسینی شیعر ڕۆدەچوو بە نێو دونیای خەیاڵ و تێکەڵ بە خەم و خولیا و دەستلەملانێی غەریزەکانی دەبوو .. سەما بۆ ئەو ئەو شتە ڕوحیە بوو وەکو شیعر دەیگەیاندە ڕووبەرە نادیارەکان و بە هۆیەوە لە نێو خەون و حەزەکانی دەتوایەوە .. بە عەشقەوە سەمای دەکرد و خۆشەویستیەکەشی بۆ سەما ، خۆشەویستیەکی ئەفسووناوی بووە ..! ” هێنری جەیمس ” پێیوابوو ( نووسین لە تێرمی نیگارکێشانە ) لێڤەرتۆڤیش پێیوابوو ( نووسین لە تێرمی سەمایە ) .. بۆ لێڤەرتۆڤ نووسین و سەما نزیکایەتیەک و تێکەڵاوییەکی زۆریان هەیە بەیەکەوە . لەنێو نووسینیش بە تایبەت شیعر .. یان سەمای وەک دەقێکی شیعری چاولێدەکرد .. لە دیمانەیەک باس لەوە دەکات ( کەوا شیعر بیرکردنەوە و هەستکردنە وەکو سەما ) یان پێیوابوو ، وەک چۆن ڕامانێکی قووڵ و خەون وخەیاڵ پێکهاتەی کاران لە شیعر ، سەماش بە هەمان شێوە ..! یان دوورکەوتنەوە لە چرکەساتەکانی ئاگایی و مانەوە لەنێو ڕووبەرەکانی خەیاڵ .. لێڤەرتۆڤ پێیوابوو / ئەگەر شیعر لە ڕیگەی زمانەوە ئەم ڕووبەرە پڕ دەکاتەوە ئەوا سەماش بەهۆی ڕۆیشتن و خۆبادانەوە ، واتە بەهۆی ( جەستە و جووڵەوە ) .. واتە ” خۆبادان و جووڵەی جەستە ” زمانی سەمایە ..! جوولەی جەستە ، وەک وشە یان کۆدێک تەعبیر لە شتێکی دیاریکراو دەکات . یان جوولە و خۆبادانەکان وەک وێنەی شیعری پێویستیان بە شیکردنەوە و ڕامان و بە دواداچوون هەیە . هەر بۆیە لێڤەرتۆڤ دەیگووت ( سەما مەعریفەی نێوان وشەکانە ..! ) . دیارە هەموو دەقێکی ئەدەبی خۆیلەخۆیدا ، بریتیە لە دەقێکی مەعریفی ، کۆمەڵێک خەیاڵ و بیرکردنەوە و ڕامانی مەعریفی لە خۆ دەگرێت . لێڤەرتۆڤ بەم هەست و نەستەوە سەیری سەمای کردووە و هەروەک دەقێکی شیعری مامەڵەی لەگەڵدا کردووە . وە هەردەقێکیش لە بەرگە گشتیەکەیدا هەروەک ” جولیا کریستیڤا ” دەڵێت ( ئامرازێکی زمانەوانیە یان لە ژێر سیستەمێکی زمانەوانی بە ڕێوە دەچێت ..) لێڤەرتۆڤ سەمای بەم ئامرازە زمانەوانیە چاولێکردووە .. جوولە و خۆبادانی جەستەی بە ئامرازی زمان لێکچواندووە . لەلای ئەو سەما وەکو هەر دەقێک لەژێر سیستەمێکی زمانەوانی بەڕێوەدەچێ و  پڕیەتی لە وێنە و کۆد و دیمەنی ناڕۆشن . ئەم بەرئەنجام و ڕوانینانەش هەمووی لە ئاکامی قووڵبوونەوە دەستەبەر دەبوون .. وەک چۆن ڤانکوخ لە کاتی ئیشکردندا ، هێندە لە ڕەنگەکان ڕادەما تا ئەو ئاستەی وایدەزانی ڕەنگەکان دەنگیان هەیە ..! بەمانایەک لەلای ڤانکوخ ڕەنگەکان وەقسە دەهاتن .. لای لێڤەرتۆڤیش بە هەمانشێوە ، لەکاتی سەما جەستەکان قسەیان دەکرد ، زمانی جەستە زمانی تەعبیر لە خەون و خولیاکان بوو ، زمانی ناسینەوە و دەربڕینی ناوەوە بوو .. وەک چۆن شاعیران خۆیان دەنووسنەوە ، سەماکارەکانیش لەکاتی سەماکردندا بە جەستە و جوولەکانیان خۆیان نمایش دەکەن ، ناوەوەی خۆیان و تەعبیریان لە حەز و غەریزەکان وپێکهاتەی دەروونی وتەنانەت کەسایەتی خۆیان دەکەن ، بەمانایەک ، حەقیقەتی خۆیان نمایش دەکەن ..!

– کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی دەنیز لێڤەرتۆڤ ( ١٩٢٣ – ١٩٩٧ )

لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٣ لە ئینگلاند لە دایک بووە . باوکی جولەکەیەکی ڕوسی بووە ، ئەوکاتانەی لە ئەلمانیا کە لە زانکۆ دەیخوێند چۆتە سەر ئایینی مەسیحی . لێڤەرتۆڤ بە منداڵی نەچۆتە قوتابخانە هەر لە ماڵەوە فێری نووسین و خوێندنەوە بووە . دایکی لە ماڵەوە کتێبەکانی وێلا کاسێر و جوزێف کۆنراد و چالز دیکنز و لیۆ تۆلستۆی بۆ دەخوێندنەوە . هەر لە منداڵیەوە دەست بە خوێندنەوەی شیعر و نووسینی شیعر دەکات .. لە نێوان تەمەنی حەڤدە و بیست و یەک ساڵیدا  یەکەم بەرهەمە شیعری خۆی لە دیوانێک بە ناوی ( The double image  ) کۆدەکاتەوە وە لە ساڵی ١٩٤٦ بە چاپی دەگەیەنێت . ئەوکاتە هێشتا هەر لە ئینگلاند دەژیا . لە ساڵی ١٩٤٧ شوو بە نووسەر و ڕۆشنبیرێکی ئەمریکی دەکات بە ناوی میشێل گودمان . ساڵێک دوای هاوسەرێتیەکەیان دەڕۆنە ئەمریکا لە شاری نیۆرک ژیان بەسەر دەبەن . لێڤەرتۆڤ لە ساڵ ١٩٥٥ ستیزنی ئەمریکی وەردەگرێت و دەبێت بە هاولاتیەکی ئەمریکی . هەر لە ڕیگای داهێنانەکانیەوە بۆ ماوەیەکی کورت ئیمیرسۆن و ئەزرا پاوەند و ولیەم کارلۆس ولیەم دەناسێت .. لە ڕێگای مێردەکەشیەوە ڕۆبەرت کریلی و زۆربەی شاعیرانی قوتابخانەی چیای ڕەش دەناسێت و لە پەیوەندیەکی نزیکدا دەبێت لە گەڵیاندا . لەو سەردەمانە زۆربەی شیعرەکانی خۆی لە گۆڤاری ( Black Mountain Review ) بڵاو دەکردەوە ، کە گۆڤارێکی سەرەکی نووسەرانی قوتابخانەی چیای ڕەش بوو ، سەرنووسەرەکەشی ڕۆبەرت کریلی بوو .  لێڤەرتۆڤ هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی نووسین ، ئومێد و خۆزگەی گەورەی دەبێت بۆ داهێنان ، بە خولیا و عەشقێکی بێوێنەوە شیعرەکانی دەنووسی ، بۆیە هەر زوو ئەو مەبەستەی خۆی دەپێکێت و لەقەبی شاعیرێکی داهێنەر و نوێخواز بۆخۆی بەدەست دەهێنێت . بۆیە دەبینین لە ساڵی ١٩٥٠ تا ساڵی ١٩٦٠ یەکێک لە شاعیرە هەرە ناسراوەکانی ئەمریکا دەبێت . لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٦ کتێبی ( Here and Now ) بڵاودەکاتەوە ،
لە ساڵی ١٩٦٨ کتێبی ( Overland to the Islans  ) ، لە ساڵی ١٩٦٨ کتێبی ( With Eyes at the back of Our Head  ) بڵاو دەکاتەوە .. لێڤەرتۆڤ بەم سێ کتێبە یەکبەدوایەکە ، لە ئاکامی ئیشکردن لەسەر ستایلی نوێ و گرینگیدان بە زمان و ڕەگەز و پێکهاتەکانی تری شیعر ، توانی مۆری داهێنان و نوێخوازی خۆی لە شیعر و ئەدەبی ئەمریکی بدات وە بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی ئاڤان گرەید و مۆدێرنیست ناوی بهێندرێ . لێڤەرتۆڤ لە پاڵ شیعری خۆشەویستی و لیریکی و شیعری بەرگری و سیاسی زۆر نووسیوە ، لە سەرەتای ئەم لێکۆلینەوەمان باسی شیعرە سیاسیەکانمان کردووە . وەکو ئاکتیڤیستێک هەمیشە لە ناوەندی ناڕەزایەتیەکان ئامادەیی هەبووە بە تایبەت ناڕەزایەتیەکانی دژ بە شەڕی ڤێتنام . وەکو شاعیرێک یارمەتی زۆری ژنە شاعیرە فیمینیستەکان و ژنە شاعیرە ئاکتیڤیستەکانی تری دەدا ، سەپۆرتی دەکردن و یارمەتی دەدان لە بڵاوبوونەوە و چاپ کردنی کتێبە شیعرییەکانیان . وەهەروەها زۆر بە قووڵی لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی ئایینی بووە ، بەتایبەت باوەڕی بە بوونی خوا ، لەمبارەوەش شیعری نایابی نووسیوە ، یەکێک لەوانە لە شیعری mass سەرسامی خۆی نیشان داوە ، لە بەرامبەر گەورەی و بەخشندەیی و داهێنانەکانی خودا .. لێڤەرتۆڤ لەپاڵ نووسینی شیعر ، بۆ بژێوی ژیانی خۆی ئیشی جوراوجۆری کردووە وەکو بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری برین پێچی لە نەخۆشخانە ئەهلیەکانی لەندەن ، ئیشکردن لە بازاڕێک بۆ فرۆشتنی شتی کۆنی گرانبەها ، کتێب فرۆشتن .. بۆ ماوەی سێ مانگ گووتنەوەی وانەی ئینگلیزی لە هۆلەندا ، یان لە هەندێک لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ئەمریکا وەک پرۆفیسۆر و مامۆستا دەرسی شیعر و گرافیکی دەگووتەوە ، هەندێک لەوانە زانکۆی سیتی لە نیۆرک ، زانکۆی کالیفۆرنیا ، کیرکلاند کۆلیج و زۆر شوێنی تر .. لێڤەرتۆڤ لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە بیست کتێبی شیعری بە چاپ گەیاندووە ئەوە جگە لە پەخشان و لێکۆلینەوە و هەندێک کاری وەرگێڕانیش .. وە هەروەها لە بەرامبەر داهێنانە شیعرییەکانی و وەک ڕێزلێنان ، ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە . خەڵاتی شیلی میمۆریەل ، مەدالیای ڕۆبێرت فرۆست ، کینۆر مارشەل پرایز ، خەڵاتی لانان . کاسرین لوک میمۆریەل ، دواهەمین خەڵاتیش لەلایەن پەیمانگای هونەر و نامەکان پێی بەخشراوە . وە لە ساڵی ١٩٩٧ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدابۆ یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان کردووە ، لە گۆڕستانی ( لەیک ڤیو ) لە واشنگتۆن نێژراوە .

  ناڵە حەسەن

سەرچاوەکان :-

١ / Under Discussion
  Denise Levertov  
Edited, with on Introductio by Albert Gelpi

٢ / Conversation With
    Denise Levertove  
  Edited by Jewel spears brooker

٣ / چەند سەرچاوەیەکی تری ئینتەرنێت .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.